Home / ناوداران / نیشتمان پەروەری خەباتگێری كورد عەبدولكەریم تۆفیق 1922- 1983

نیشتمان پەروەری خەباتگێری كورد عەبدولكەریم تۆفیق 1922- 1983

يي

19668042_1479223815493060_1385158040_n

ئا: كەریم شارەزا

نیشتمان پەروەری پێشكەوتخوازی كورد عەبدولكەریم تۆفیق لەسالی 1922 دا لەشاری كۆیە چاوی ژیانی هەڵێناوەولەتەمەنی حەوت سالیدا چۆتە بەرخوێندن لەقوتابخانەی سەرەتایی كۆیەو ئەو قۆناغەی بەراییەی لەسالی 1936 دا تەواو كردووەوخوێندنی ناوەندیشی هەر لەشارەكەی خۆی لەسالی 1939 كۆتایی پێ هێناوە، چونكە لە یەكەمەكانی قوتابخانەكەی بووە بۆیە چۆتە كۆلێژی مەلیك فەیسەل لەبەغداو دووسال خوێندنی ئامادەیی بەزمانی ئینگلیزی تەواوكردووە.
هەر چەند بەهەژاری و بەبێ‌ باوكی گەورە بووە، بەڵام لەپێناوی بەدیهێنانی هیواو ئاواتی بەهەزار كوێرەوەری و نەبوونی ڕووی كردۆتە كۆلێژی حقوق و لەسالی 1942 دا كەوتۆتە سەر خوێندنی وانەكانی بۆ دابینكردنی ژیانیشی لەسالی 1944 دا بۆتە نووسەر لەبەڕێوبەرایەتیی گشتیی ئینحیساری تووتن لە بەغداو لەهەمان كاتیشدا درێژەی بەخوێندنەكەی داوە تاكو لەسەرەتای هاوینی 1947 دا خوێندنی حقووقی تەواو كردووەو بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لەیاسا وەرگرتوەو بووەتە پارێزەرو لەدواییدا دەكرێت بەمولاحیزی فەرمانگەی ئینحیساری توتن لەشاری كۆیە و لە 24/9/1953 دەگوێزرێتەوە بۆ هەڵەبجە لەسالی 1959 دا دەكرێت بەسەرپەرشتكاری تووتن لەناوچەكانی سلێمانی و هەولێر؛ بەڵام لەدوای كودەتا شومەكەی 8 ی شوباتی 1963 لە 13/6/1963 تاكو 21/8/1963 لەسلێمانی دەگیرێ‌ ، لەمانگی تشرینی دووەمی 1963 دەكرێت بە بەڕێوبەری ئینحیساری تووتن لەسلێمانی و لەدوای ڕێككەوتننامەی 11ی ئاداری 1970ش بەمەرسومێكی كۆماری دەكرێت بەبەڕێوبەری گشتیی ئینحیساری تووتن لەبەغداو لەهەمان كاتیشدا دەبێتە سەرنووسەری گۆڤاری (تووتن) تاكو لە 12/2/1972 دا خانەشین كراوە ودوای ژیانێكی 61 سالی لەرۆژی 16/6/1983 دا لەشاری بەغدا كۆچی دوای كردووە .

ژیانی سیاسیی عەبدولكەریم تۆفیق :
مامۆستا عەبدولكەریم تۆفیق لەبنەماڵەیەكی هەژار و نەدار پەروەردە بوو بوو، كە چالاكیی هەندێ‌ ڕێكخراوی سیاسی گەیشتە كۆیە، بەپێی هەستی نیشتمانیی خۆی و گونجانی لەگەل ئەو ڕیكخراوانەدا هەڵسوكەوتی لەگەڵدا كردوون و لەو دەمەی كە ڕێكخراوی ماركسی(یەكێتیی تێكۆشین) لەسەرەتای چلەكاندا دامەزراوە چووەتە پال ئەو حزبە و كاتێكیش كە ئەندامە چالاكەكانی ئەو حزبە ماركسییە ، حزبی شیوعیی كوردستانیان لە 1944 دامەزراند مامۆستا عەبدولكەریم تۆفیق بووەتە ئەندامێكی گەورەوچالاكیی ئەو حزبە كە ئۆرگانەكەی پەخشنامەی (شۆڕش) بووە، بۆیە ناوی هەر بە(حزبی شۆرش) ڕۆیشتووەو سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیی حزبەكەش لەم زاتانەی خوارەوە پێكهاتبوو :
1- سالح حەیدەری ؛ سكرتێر
2- نافیع یونس ؛ ئەندام
3- عەلی عەبدوڵڵا ئەمین ؛ ئەندام
4- عەبدولكەریم تۆفیق ؛ ئەندام
5- رەشید عەبدولقادر ؛ ئەندام
6- عەبدولصەمەد محەمەد بەننا ؛ ئەندام
7- نووری محەمەد ئەمین ؛ ئەندام
ئەم حزبەی شۆرش لەپێڕەوی ناوخۆی و بەرنامەكەی دا جیاوازییەكی وای نەبوو لەگەڵا پێڕەوو بەرنامەی هەر حزبێكی شیوعیی تر ؛ بەلام لەهەمان كاتیشدا لایەنە نەتەوەییەكەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردی فەرامۆش نەكرد ، بەلكو داوای دەكرد حزبێكی نەتەوەیی جەماوەری پێشكەوتنخواز بەناوی (رزگاری) كورد دابمەزرێ‌ و لەئەنجامدا لەساڵی 1945 دا دامەزراو ئەو دوو حزبەی (شۆرش) و(رزگاری) یش لەپێناوی بەرژوەندیی باڵای نەتەوەی كورد لە 1946 دا خۆیان هەڵوەشاندەوەو زوربەیان چوونە پاڵا حزبێكی تازەی نەتەوەیی دیموكراتی كورد كە لەگۆنگرەی دامەزراندنی لەڕۆژی 16/8/1946دا لەبەغدا لەماڵی سەعید فەهیم حەوێزیدا بەسترا ناونرا (پارتی دیموكراتی كورد) و لەدواییدا لەسالی 1953 دا لەگۆنگرەی سێیەمدا بووە (پارتی دیموكراتی كوردستان) و ئەم زاتانە لەكۆنگەرەی یەكەمدا بەسەرۆك و جێگری ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی ناوەندیی پارتی هەڵبژێردران:
1- مەلا مستەفای بارزانی ؛ سەرۆك
2- شێخ لەتیف شێخ مەحمود ؛ جێگری یەكەمی سەرۆك
3- كاكە زیاد ئاغای غەفووری ؛ جێگری دووەمی سەرۆك
4- هەمزە عەبدوڵڵا ؛ سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی
5- عەبدولكەریم تۆفیق و دوكتۆر جەعفەر محەمەد كەریم و عەلی عەبدوڵڵا و رەشید عەبدولقادر بوون بەئەندامی مەكتەبی سیاسی و (میرحاج ئەحمەد و صالح یوسفی و رەشید باجەلان و مەلا حەكیمی خانەقینی و عەونی یوسف و تەها محێدین مەعرووف و مستەفا خۆشناو) بەئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردران.
لێرەدا بۆمان دەردەكەوێت كە مامۆستا عەبدولكەریم تۆفیق سەبارەت بەدڵسۆزی‌و هۆشیاریی سیاسی و ئاگەداریی لەكاروباری ڕێكخستنی حزبایەتی، لەسەركردایەتی حزبی شۆرش و پارتی دیموكراتی وەك ئەندامێكی چاڵاكی مەكتەبی سیاسی ئەو دوو حزبە هەڵبژێردراوەوخەباتی سیاسی سەركەوتوانە كردووە.

* * * * *

سەرچاوە:
1- صاڵح الحیدری – (مژكرات ولمحات من تاریخ الحركە الوگنیە الپوریە فی كوردستان العراق) – كە د.عەبدولسەتار تاهیر شەریف پشتی پێ‌ بەستووە لەنووسینەكانی دا.
2- د. عەبدولسەتار تاهیر شەریف – گۆڤاری بەیان ژمارە (172) سالی 1991، بابەتێكی بەناوی (كۆمەلەو رێكخراوو حزبە كوردییەكان لەنیو سەدەدا).
3- كەریم شارەزا – ناودارانی كورد تۆماری (18) دەسنووس

About دیدار عثمان

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …