Home / ناوداران / پیرەمێرد لە نێوان بەرداشی‌ دژەکاندا ‌

پیرەمێرد لە نێوان بەرداشی‌ دژەکاندا ‌

پیرەمێرد لە نێوان بەرداشی‌ دژەکاندا ‌

peramerd206

د.ئاراس محەمەد ساڵح
كاری‌ هونه‌ری‌: ئاكۆ غه‌ریب
پیرەمێردی‌ شاعیر دوای‌ مانەوەی‌ بۆ چارەکە سەدەیەک لە دەڵەتی‌ عوسمانی‌ و ئەو ڕۆژگارەدا و بەدەستهێنانی‌ بڕوانامە و بەشداری‌ کردنی‌ لە کاری‌ ڕۆشنبیری‌ و رێکخراوەییدا، بۆ دواجار بڕیار دەدات بگەڕێتەوە کوردستانی‌ نیشتمانی‌ دایک، بەڵام گەڕانەوەیەکی‌ بێبەرنامە و بێمەبەست نابێت و بە پرۆژەو بەرنامەیەکی‌ نوێوە دەگەڕێتەوە، هەروەکو خۆی‌ دەڵیت:
چیم کردووە جارێ هێشتا لە کوێمە…میللەت لەمەودوا ئاواتی‌ پێمە
پیرەمێرد کە گەڕاوەتەوە کوردستان بە بیر و پرۆژەیەکی‌ ڕیفۆرمخوازیەوە گەڕاوەتەوە، زانیویەتی‌ میللەتەکەی‌ گیرۆدەی‌ دەردی‌ نەزانی‌ و نەخوێندەواریە، هەر بۆیە لەیەکەم ڕۆژی‌ گەڕانەوەی‌ بۆ کوردستان دەکەوێتە هەوڵی‌ هۆشیارکردنەوەی‌ میللەتەکەی‌ چاپخانە پەیدا دەکات و ڕۆژنامە دەردەکات، کاری‌ ڕۆژنامەنوسی ڕۆڵی‌ گەورەو کاریگەری‌ هەبووە لە هۆشیارکردنەوەی‌ گەلاندا، پیرەمێرد لە شارێکی‌ فەرهەنگی‌ وەک ئەستەمبوڵی‌ ئەو ڕۆژگارەدا چاوی‌ کردووەتەوەو بینیویەتی‌ ڕۆشنبیرانی‌ گەلە جیاوازەکان و ئازادیخوازان لە ڕێگەی‌ کاری‌ ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسییەوە لە هەوڵی‌ خزمەتکردنی‌ میللەتەکانیاندان، کەسێکی‌ هۆشیاری‌ وەک پیرەمێرد ئەو بارودۆخەی‌ ئەوکاتی‌ ئەستەمبوڵی‌ بینیوە، بریار دەدات لە پێناوی‌ گەلەکەیدا ژیانی‌ ئەوکاتی‌ ئەستەمبوڵ و پۆست و ژیانی‌ خۆی‌ وازلیبێنێت و بگەڕێتەوە خۆی‌ تەرخان بکات بۆ خزمەتی‌ گەل و نیشتمانەکەی‌ و بەگژ هەموو ڕێگرەکانی‌ بەردەم پرۆژە نوێخوازیەکەیدا بچێتەوەو کۆڵ نەدات هەتا دوا ساتەکانی‌ تەمەنی‌.
پیرەمێرد لە یەکەم هەوڵیدا چاپخانەی‌ شارەوانی‌ بەکرێ دەگرێت و ڕۆژنامەی‌ (ژیان) دەردەکات، دەرکردنی‌ ڕۆژنامە بە زمانی‌ کوردی‌ لە بیستەکانی‌ سەدەی‌ ڕابردووداو پەیداکردنی‌ چاپخانە کارێکی‌ گەورەو گرنگ بووە، لە هەمان کاتدا کارێکی‌ زۆر قورس و گران و وەک مەحاڵ وابووە، بەڵام پیرەمێردی‌ دانا توانیویەتی‌ هەموو بەربەستەکانی‌ بەردەم پرۆژە چاکسازییەکەی‌ لابەرێت و درێژە بەکارەکانی‌ بدات و لەو پێناوەشدا قوربانی‌ و بەخششی‌ زۆری‌ بەخشیوە.
 پیرەمێرد لە ڕۆژنامەکەیدا بەردەوام بانگەشەی‌ بۆ خوێندن و خوێندەواری‌ کردووە، لە هەمان کاتدا بیری‌ کوردایەتی‌ بڵاودەکردەوەو خەڵکی‌ هاندەدا داوای‌ مافە نەتەوەییەکانیان بکەن، پیرەمێرد لەو رۆژگارەدا یەکێک بوو لەو ڕۆشنبیر و خوێندەوارانەی‌ لە ئەستەمبوڵەوە گەڕابووەوە بە ئاسانی‌ دەیتوانی‌ ببێتە فەرمانبەرێکی‌ پلە باڵای‌ دەوڵەت، بەڵام خۆی‌ دەڵێت لەگەڵ ئەوەشدا کاربەدەستان داوایان لێکردووە پۆستی‌ حکومی‌ وەربگرێت، بەڵام ئەو کاری‌ ڕۆژنامەنووسی لەهەموو شتێک بەلاوە گرنگتر بووە بۆ خزمەتی‌ گەلەکەی‌ و ئەو کارەی‌ هەڵبژاردووە.
هەر بەهەوڵی‌ پیرەمێرد و خەمخۆرانی‌ ئەوکاتی‌ میللەت (ئەنجومەنی‌ زانستی‌) دادەمەزرێن کە ئامانجی‌ سەرەکی‌ نەهێشتنی‌ نەخوێندەواری‌ بووە، ئەم ئەنجەمەنەو خوێندنگەی‌ زانستی‌ ڕۆڵی‌ سەرەکیان بینیوە لە پێشخستنی‌ خوێندەواری‌ و هۆشیارکردنەوەی‌ خەڵکیدا، بەری‌ هەوڵی‌ کاری‌ ڕۆژنانەنووسی پێرەمێرد و مونەوەرەکانی‌ ئەوکاتی‌ سلێمانی‌ دوای‌ چەند ساڵێک خەباتی‌ مەدەنی‌ شاری‌ لە کۆمەڵگەی‌ کوردیدا گەشە دەکات و ڕوداوەکانی‌ شەشی‌ ئەیلولی‌ 1930 لێدەکەوێتەوە،هەرچەندە ئەو ڕوداوە بە ڕەش ناودەبرێت و ڕاستە قوربانی‌ زۆری‌ لێدەکەوێتەوە، بەڵام یەکەم خۆپیشاندانی‌ مەدەنیانەی‌ شارییە لە کۆمەڵی‌ کوردیدا بۆ داواکردنی‌ مافە نەتەوەیی و نیشتمانیەکانی‌ کورد، ئیتر لەدوای‌ ئەو ڕوداوانەوە خەباتی‌ کوردایەتی‌ لە ناو خێڵ و سەرۆک هۆزو لادێکانەوە گواسترایەوە بۆ شارو قۆناغێکی‌ گەورە بیری‌ کوردایەتی‌ و نیشتمانی‌ هاتە پێشەوە.
پیرەمێرد خاوەنی‌ پرۆژەی‌ بیری‌ کوردایەتی‌ و هۆشیارکردنەوەی‌ میللەت و نەهێشتنی‌ بیری‌ دواکەوتوو بووە، لەم بوارانەشدا تووشی‌ دژایەتی‌ و تۆمەت بەخشینەوەی‌ زۆر بووە، لە ڕووی‌ بیری‌ کوردایەتی‌ و سیاسیەوە پیرەمێرد بەلایەوە باش نەبووە کورد و سیاسیەکانی‌ ئیعلانی‌ دوژمنایەتی‌ و بەرەی‌ ڕۆژئاوا بکەن و تەنها بەرەی‌ ڕۆژهەڵات بە دۆست و فریادەڕەسی‌ خۆیان بزانن، لە نیوەی‌ یەکەمی‌ سەدەی‌ بیستەمدا بزوتنەوەی‌ سیاسی کورد بەهۆی‌ باڵادەستی‌ بیری‌ چەپەوە کوێرانە دوژمنایەتی‌ بەرەی‌ ڕۆژئاوای‌ سەرمایەداریان دەکردو تەنها بەرەی‌ ڕۆژهەڵاتیان بە دۆستی‌ بزوتنەوەی‌ کوردایەتی‌ دەزانی‌، هەرکەسیش بیوتایە هەڵەن، دەیان تۆمەتی‌ کۆنەپەرستیان و بەرکرێگیراوی‌ ئینگلیزو شتی‌ لەو بابەتەیان دەدایە پاڵ، ئەو هەڵە کوشندە یەک سەدە بزوتنەوەی‌ کوردایەتی‌ پیادەی‌ کرد، دەبوو بزوتنەوەی‌ کوردایەتی‌ بەپێی‌ بەرژەوەندی‌ سیاسی و نیشتمانی‌ خۆی‌ دۆستایەتی‌ دوژمنایەتی‌ بەرەی‌ ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵاتی‌ بکردایە نەک ئایدۆلۆژی‌ کوێرانە، دوا یەک سەدە بۆچوونەکەی‌ پیرەمێرد ڕاست دەرچوو کاتێک بزوتنەوەی‌ کوردایەتی‌ لەسەرەتاکانی‌ سەدەی‌ بیست و یەکدا بە یەکجاری‌ ڕووی‌ کردوە ڕۆژئاوا.
پیرەمێردی‌ بلیمەت لە ساڵی‌ 1940دا کتێبی (ئاوە ڕەشەی‌ ڕوسی سوری‌) دەرکرد و لە چاپخانەی‌ (ژیان) لە سلێمانی‌ چاپی کردو بڵاوی‌ کردەوە، بەڵام هەر ئەوکات تووشی‌ دژایەتی‌ زۆر و تۆمەتی‌ ناشیرین بووەوەو کتێبەکەیشی‌ دێزە بە دەخۆنەکراو نەیانهێشت کاریگەری‌ و کاردانەوەی‌ هەبێت لەسەر خەڵکی‌.
 لە ڕووی‌ بیری‌ کوردایەتیەوە پیرەمێرد هەوڵی‌ دەدا هەموو کەناڵەکان بەکاربهێنێت بۆ ئەو مەبەستە، یەکێک لەو هەنگاوانەی‌ بەکاری‌ دەهێنا بۆنەی‌ ئاگری‌ نەورۆزو کۆبوونەوەی‌ گەورەی‌ جەماوەری‌ و ڕازاندنەوەی‌ بوو بە کەلتوری‌ کوردی‌ لە گردی‌ مامە یارە لەسەر ئەرکی‌ خۆی‌ ساڵانە ئەو بۆنە جەماوەرییە گەورەی‌ ساز دەکرد، هەر لەو پێناوەشدا دەیان تۆمەتی‌ وەک ئاگرپەرستی‌ و شتی‌ لەو بابەتەی‌ تووش بووە لەلایەن ناوەندە داخراو بێفکرەکانەوە.
پیرەمێرد وەک کەسێکی‌ بیرمەند و دووربین و دڵسۆزی‌ میللەت و نیشتمانەکەی‌ هیچ یەکێک لەو بەرداشانە نەیانتوانیوە بیهاڕن و وازی‌ پێبهێنن لە پرۆژە ڕۆشنبیری‌ و نوێخوازی‌ و نیشتمانیەکەی‌، ئەم بیرمەندە گەورەی‌ کورد زانیویەتی‌ پرۆژەکەی‌ بەرهەمی‌ گەورەی‌ دەبێت و نەوەی‌ داهاتووی‌ کورد چاوەڕێی‌ بیرو بەرهەمی‌ کەسانی‌ وەک پیرەمێردن، لە کاتی‌ ئێستادا کە 67 ساڵ بەسەر کۆچی‌ دوایی پیرەمێردا تیپەڕ دەبێت (19/6/1950) هەموو کۆچەو کۆڵانێکی‌ شار و هەموو بستەخاکێکی‌ کوردستان و پڕە لە ناوی‌ پیرەمێرد و هەروەها ناوی‌ پیرەمێرد لەسەر هەموو مناڵ و تاکێکی‌ کوردە بەهۆی‌ ئەو هەموو خزمەتە گەورەی‌ پیرەمێرد لە بواری‌ ڕۆژنامەنووسی و خوێندەواری‌ و ئەدەبدا پێشکەشی میللەتەکەی‌ خۆی‌ کردووە، درود بۆ گیانی‌ پیرەمێرد و هەموو دڵسۆزانی‌ وشەی‌ کوردی‌ و بزاڤی‌ ڕۆژنامەنووسی و نیشتمانی‌ کوردستان.

About زريان احمد

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …