Home / ناوداران / شاعیری كورد (نووری) شێخ جەلال شێخ جەمیل 1912 – 1995

شاعیری كورد (نووری) شێخ جەلال شێخ جەمیل 1912 – 1995

19244450_1362852353821785_2036987863_n

نورمى

ئا: كەریم شارەزا
نووری نازناوی شاعیری كورد شێخ جەلال كوڕی شێخ جەمیل كوڕی شێخ شاكری نەقشبەندیی هەولێرییە ، لە ساڵی 1912 دا لە شاری هەولێری دێرین چاوی ژیانی هەڵهێناوە، لە تەمەنی حەوت ساڵیدا چۆتە بەر خوێندن و قۆناغی سەرەتایی و ناوەندیی لە شارەكەی خۆیدا تەواو كردووە، ئینجا چووەتە بەغدا و خوێندنی ئامادەیی لە كۆلێجی ئەمریكیەكان تەواو كردووە . لە ساڵی 1936 دا بە فەرمانبەر لە فەرمانگەی كارەبای هەولێر دامەزراوە و لە دواییدا كراوە بە یاریدەدەری ژمێریاری لە شارەوانی هەولێر. لە ساڵی 1959 شدا كراوە بە چاودێر لە فەرمانگەی ئینحیساری تووتن لە شاری هەولێر لە ساڵی 1963 شدا كراوەتە بەڕێوەبەری بەرژەوەندیی گواستنەوەی هاتوچۆكاران لەو شارەدا ، تاكو لە ساڵی 1971 دا لە سەر داوای خۆی خانەنشین كراوە. لە سالی 1975 دا بۆ ماوەی سێ‌ ساڵ كراوە بە ئەندام لە ئەنجومەنی بەرێوەبردنی پارێزگای هەولێر و ئەم زاتە لە تەمەنی 83 سالیدا لە 1995 دا كۆچی دوایی كردووە .
نووری و شیعر : نووری لە تەمەنی 18 ساڵییەوە لە رێگەی خوێندنەوەی دیوانی شاعیرە مەزنەكانی وەك نالی، سەلیم، كوردی، حاجی قادری كۆیی و شێخ رەزای تاڵەبانی چۆتە نێو دنیای شیعر و ئەدەبیاتی كوردی، بەهرەی شاعیری چەكەرەی كردووە و وردە وردە شیعری داناوە، لە سەرتادا بە غەزەل دەستی پێ‌ كردووە، ئینجا شیعری نیشتمانی و خوا پەرستی داناوە. چەند دیوانێكی بە چاپ گەیاندووە . نووری (مەپنــەوی)ی جەلالەددینی رۆمی كردووە بە كوردی و بەمەیش كارێكی بە نرخی لە مەیدانی وەڕگێران بۆ زمانی كوردی كردووە، لە دواییشدا بە چاپی گەیاندووە، ئەو زاتە زۆر ئاشقی شیعرەكانی سافی هیرانی بوو ، بۆیە هەندێك لە غەزەلەكانی كردووەتە پێنج خشتەكی و لە شاعیرەكانی سەردەمی خۆیشی هاو رێبازی ناسیح حەیدەری و كانی و محەمەد شەریف میهری بووە . نووری وەكو هەموو شاعیرێكی كلاسیكی پێش خۆی و سەردەمی خۆی گرنگیەكی تایبەتی بە یعری دڵداریی داوە و هۆنراوەی پتەوی داڕشتووە وەكو ئەم یەك دوو نموونانەی خوارەوەی :
هەڵستاوی لە خەو چاوت خومارە ،
دڵت كردم بە غەمزەت پارە پارە !
كەرەم فەرموو بە میم و ئەلف و چیمێ‌
ئەوەی دەیدەی زەكاتی ماچی پارە
لەبی لەعلت هەمە یاقووتە یا قووت ؟
كە قووتە بۆ دڵی من وا دیارە !!

تاكو لە كۆتایی غەزەلە ناسكەكەی دەڵێ‌ :
بكە رەحمێ‌ بە حاڵی ((نووری)) قوربان
فەقیری دەرگەتە جاری نە چارە !
شاعیر لە هۆنراوەیەكی دیكەی دڵداری بە ناوی ((ئەم پەرچەمە)) بەم جۆرە وەسفی پەرچەم و روخساری یارەكەی دەكات و دەڵێ‌ :
ئەم پەرچەمە لادە ، لە سەر ئەو روومەتە لاچێ‌
ماڵ و سەر و رۆحم كەمە بۆ قیمەتی ماچێ‌ !
شەمعی روخی تۆ شوعلەیی داوە وەكو لالە
سووتاوە دڵم خوایە بە سووتانی چرا چێ‌
عاشق بە مەیی عێشقی تۆ سەرخۆش و خورمان
هەرچی سەری بێ‌ عیشقە حەیاتی بە هەبا چێ‌ .
تاكو لە كۆتایی غەزەلە ناسكەكەیدا دەڵێ‌ :
چاو و روح و ئەبرۆتە لەگەڵا چاهی زەنەخدان
ئەم صوورەتە نەقشە لە دڵم زەحمەتە لاچێ‌
پێم خۆشە سەر و جان و بەدەن بیكەمە قوربان
بۆ ژێر قەدەمت حازرە ((نووری)) بە فیدا چێ‌ !!

نووری لە شیعری نیشتمانیدا سەركەوتنی بە دەست هێناوە. با سەرنجێك بدەینە ئەم هۆنراوەیەی كە بە بۆنەی جاڕدانی رێككەوتننامە مێژووییەكەی 11ی 1970 دایناوە و دەڵێ‌ :-
خاكی پاكی كورد زمان یەعنی خەریتەی نیشتمان
هەر لە دەرسیم و مەهاباد تا چیای حەمرینان
ئەو دلێرانەی شەهید بوون هەر لە پێناوی وەتەن
قەت لە بۆ مردن نەژین و بەڵكو مردن بۆ ژیان !!
چەند خەباتكەین و بكوژرێین هەر كەمە بۆ نیشتمان ،
چونكە وەك ئەقوامی عالەم هەیتی كورد مافی ژیان !!

نووری لە شیعری ویژدانی فەلسەفە ئامێزیش نموونەی باشی هەیە لەوانە بەراوردییەك لە نێوانی ئازاری دڵ و چیژی خوشی چاو دەكات و دەڵێ‌ :
جەور و ئەزیەت دڵ دەكێشێ‌ ،
چاو دەبینێ‌ ماهی رووت
نیعمەت و لەززەت لە بۆ چاو
غەم لە بۆ دڵ بۆتە قووت !!

لە دێڕە شیعرێكی دیكەیدا ئامۆژگاری مرۆڤ دەكات تاكو لەو ژیانە كورتەی كە هەیەتی تا پێی بكرێ‌ بە خۆشی و شادی بژێ‌ و دەڵێ‌:
لە ژیانێكی پێنج و دوو رۆژی
هەتا پێت دەكرێ‌ بە خۆشی بژی !

ئەم تابلۆ شیعرییەش لە سەر ژیانی نەتەوەی كوردی دابەشكراو داناوە و دەڵێ‌ :
گەه لەدەس فورس ، گەه لە دەست رۆم
گەه لە دەس چەندانی وا
حەیفە بۆ ئەم قەومی كوردە
وابووە كە بشی فیدا .

18643809_1425642914184484_1740998318_n

About دیدار عثمان

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …