Home / ناوداران / بەیادی 20 ساڵەی تیرۆری د. قاسملوو و هاورێیانی – كورتە بیرەوەریەك – لەئاسمان یەكتریمان ناسی..!!

بەیادی 20 ساڵەی تیرۆری د. قاسملوو و هاورێیانی – كورتە بیرەوەریەك – لەئاسمان یەكتریمان ناسی..!!

قاسملؤ19244450_1362852353821785_2036987863_n

مومتاز حەیدەری

من بەش بەحاڵی خۆم، وەكو مێرد منداڵێكی چاوكراوەی باشی خێزانێكی رۆشنبیری‌و نیشتمان پەروەرو وڵات پارێز، ناوەڕاستی چلەكانی سەدەی رابردوو، هەر زوو: (وشەو، دەستەواژەی وەك خەبات، بەندیخانە، خۆپیشاندان، زاراوی، كۆماری كوردستان، حزبی دیموكرات، پێشەوا قازی، شەهیدانی 19ی حوزەیران، مەلا مستەفای بارزانی، مامۆستا هەمزە عەبدوڵڵا، كارەساتی تەڵبەبەندكردنی خێزانە گەراوەكانی بارزانییان لەمەهابادەوە كە لەرۆژئاوای شاری هەولێر نیشتەجێ‌ كرابوون .. هتد).
ئەو شتانەی بەجۆرێك لەجۆرەكان، بەرگوێم كەوتبوون، بەتایبەتی پاش شۆڕشی 14 تەمووزی ساڵی 1958، ئەو ساكە ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان ــ ی عێراق بووم.. رۆژێكییان لەبارەگای لاوانی كوردستان بووم ــ چاپخانەكەی تێكۆشەری ناسراو سەید مەجید بەرزنجی زەلامێك بەجل‌و بەرگێكی تایبەتی كوردی، هەروەها گۆرەوی و بەلەك پێچێكی توندوتولی لەپێ‌ بوو..!!
خۆی بەناوی : (ئەحمەد تۆفیق) و حزبی دیموكرات ناساندو گوتی میوانی پارتیم،منیش یەكسەر ئاگاداری برادەرانی لێژنەی ــ پێی دەگوترا لێژنەی محەلی ــ پارتیم كرد.. ئەوانیش گوتییان: بگەینە ماڵی هەڤاڵا شەمسەدین موفتی لەقەڵات.. منیش لەگەڵا خۆم بۆماڵێ‌ بەرێز كاك شەمسەدین موفتی بردو گەرامەوە، ئەوەی جێی وەبیرهێنانەوەیە، ئەو برادەرە ــ واتە كاك ئەحمەد تۆفیق- پێمان زۆر عەتنیكە بوو ــ ئەنتیكە ــ تورەگەیەكی گەورەی بەسەر شانەوە بوو.. دیاربوو هەندێ‌ – وەكو جانتە- كەل‌و پەلی تێدا بوو، بۆم دەركەوت لەنێو ئەوكەل‌و پەلانەدا، ژمارەیەك كارتی وێنەدار ــ رەش‌و سپی ــ هەبوو.. كەوێنەی پێشەوا قازی و سەیفی قازی‌و سەدری قازی لەخۆ گرتبوو، كارەتەكانیش بۆ ئەوە درووست كرابوون پیتاك ــ یارمەتی ــ بۆ حەدەكا كۆبكرێتەوە، بەهای كارەتەكانیش بەم جۆرە بوون: (250 فلس، 500فلس، یەك دینار- هەزار فلس) پاشدان، بەبڕیاری پارتی كارتی پیتاكەكان دابەشكران بۆ ئەوەی پارەكۆبكرێتەوەو ئەنجامیش درا.
شایانی باسە، من ساڵی 1960 یەكەم نووسینم بەزمانی عارەبی لەرۆژنامەی (الحچارە) ی شاعیری بەناوبانگی عێراقی (كاڤم السماوی) لەبارەی یادی كۆماری كوردستان بڵاوكردەوە.. ئەوەی راستی بێ‌، كە پاش بڵاوبوونەوەی زۆر دڵخۆش بووم وقاچم عەردی نەدەگرت..!!
ئیتر لەوساوە، بەپێی زیادبوونی هۆشی سیاسی‌و هەستی نەتەوەیی زانیاری زیاتر لەبارەی حزبی دیموكراتی كوردستان ــ بەتایبەتی بەهۆی كاك ساڵح حەیدەری برا گەورەمەوە وەدەست دەهێنا.
لەكۆتایی شەستەكانی سەدەی رابردوو بوو، لەمۆسكۆ بووم كتێبێكم دەسكەوت لەبارەی كوردو كوردستان بەقەڵەمی عەباس ئەنوەری نوسرابوو. بە وردی خوێندبوومەوە، هەر ئەوەندم دەزانی ئەو (عەباس ئەنوەرییە) یەكێكە لەتێكۆشەرە رۆشنبیرانی كوردستانی-ئێران- بەرێكەوت مانگی رەشەمە ــ شووبات ــ ی ساڵی 1968، من لەمۆسكۆوە بەنهێنی دەگەرامەوە نیشتمان، یەكەم ویستگە لەشاری پراگ ــ پایەتەختی ئەوسای دەوڵەتی یەكگرتووی چیكۆسلۆفاكیا بوو- لەئۆتێلی حزب دا یانبەزاندم، چەند رۆژێ‌ لەوێ‌ مامەوە، لەپاشندان بەرێگەی هێلی ئاسمانی چوومە سوریا..
ئەو رۆژانەی لەئۆتێلەكە بووم، كەسم نەدەناسی! بەرێكەوت لەگەڵا هاوڕێ (عەرەبی بوهالی) سكرتێری حزبی شیوعی جەزائیر یەكتریمان ناسی، رۆژانە پێكەوە دادەنیشتین.. هاوكات یەكێكی باڵا بەرزی گەنم رەنگ ‌و قژرەش دەمدی هاتووە چووی ئۆتێلەكەی دەكرد، چالاك دیاربوو.. ئەوە بوو لەرۆژی دیاری كراودا، بەرپرسانی حزب منیان بردە فرۆكەخانەیەك، نازانم ناوی چی بوو..؟! لەفرۆكەدا لەشوێنی دیاری كراودا، دانیشتم، سەیرم كرد، پیاوە باڵا بەرزەكە لەتەنیشتم دانیشتووە..!! نەئەو دەنگ .. نەمن دەنگ، بەتایبەتی كەمن بەنهێنی دەگەڕێمەوە لەمەسەلەی پەیوەندی‌و قسەكردن هەستیار بووم.. پاش نیو سەعاتێك لەئاسمان دەفرین، بەزمانی رووسی پرسی: خەڵكی كوێی، بۆ كوێ‌ دەچێت.. منیش لەسەر خۆ وەڵامم داوە، گوتم خەڵكی عێراقم، خەڵكی كوردستانم (ئیز ئیراكا، ئیزكوردستانا)!! دەچمە سوریا، نەمگوت بۆ عێراق دەگەڕێمەوە ، چونكە گەرانەوەم بۆ عێراق نهێنی بوو.. یەكسەر فەرمووی تۆ كوردی..؟! بەڵێ كوردم..!!
ئیتر وەردە، وردە دەستمان بەقسە كردن كرد.. ئەو پرسیاری دەكرد، منیش بەئەسپایی وەڵامم دەدایەوە.. بێ ئەوەی بزانم ئەوەكێیە..!؟ پاشدان كەزیاتر باسی كوردمان دەكرد، من گوتم لەم دواییە، لەمۆسكۆ كتێبێكی چاكم لەبارەی كوردەوە خوێندوومە (بەتایب و رۆنیو بەزمانی عەرەبی چاپ كرابوو). فەرمووی دانەرەكەی كێ بوو..؟
گوتم: (عەباسی ئەنوەری) بەپێكەنینەوە فەرمووی: دانەری كتێبەكە عەباسی ئەنوەری دەناسی..؟! گوتم نەخێر نایناسم..!!! فەرمووی دیسان بەپێكەنینەوە فەرمووی حەز دەكەی بیناسی..؟! گوتم، بەڵێ حەز دەكەم بیناسم! فەرمووی ئەو – ناو- ە واتە (عەباسی ئەنوەری) گۆراوە، خاوەنی كتێبكە ناوی د. عەبدولڕەحمان قاسملووە..!! حەز دەكەیت بیناسی..؟!.
دیسان گوتم بێ گومان حەز دەكەم بیناسم، چونكە كتێبەكەیم زۆر بەدڵا بوو..!؟!
فەرمووی بێ‌ ئەوەی من بناسی ئەو یەكسەر گوتی من د. عەبدولرەحمان قاسملووم، من پێموایە لەنێوان قسەكانمان متمانەی پەیدا كردبوو، چونكە زۆر هۆشیارانە قسەی دەكرد. هاوكات فەرمووی تۆ كێی؟، منیش خۆم ئاشكرا كرد، چونكە من بەناوێكی دیكە سەفەرەكەم دەكرد. گوتم مومتاز حەیدەری كۆمۆنیستم بەنهێنی دەگەڕێمەوە وڵات.!!
فەرمووی برای شەهید جەمال حەیدەریی؟ گوتم بەڵێ یەكسەر هەردووكمان زۆر بەپەرۆش‌و گەرمەوە بێ‌ ئەوەی هەست بكەین لەنێو فرۆكەداین‌و لەئاسمان دەفرین، لەجێێ‌ خۆمان لەراست هەڵساینە سەرپێ‌‌و دەستمان لەملی یەكتری كردو یەكتریمان ماچ كرد.. !!! سەرنیشینەكانی فرۆكەكە سەرسام بوون، بەسەرسورمانەوە تەماشای ئێمەیان دەكرد..!! نەیاندەزانی مەسەلە چیە..؟! ئیتر پاش تەواو بوونی دەست لەملانەگەرمەكە، دانیشتینەوە، دووبارە زۆر بەراشكاوانە پێم گوت گەرانەوەم لەسوریاوە بۆ عێراق نهێنی دەبێ.. جانازانم لەرێگا بەسەلامەتی دەرباز دەبم؟!.. پێم گوت: بێگومان سەردانی مامۆستا هەمزە عەبدوڵڵا دەكەیت- چونكە ماڵی مامۆستا هەمزە عەبدوڵڵا هەردەم بارەگەیەكی كراوەی سیاسی بوو، هەموو لایەنەكانی سیاسی هاتووچوویان دەكرد، فەرمووی مامۆستا هەمزە، دۆستێكی نزیكمە پیاوێكی گەورەیە، زۆریش هاتوچووی دەكەم..
منیش بەدكتۆرم گوت: دوو بتل فودگای چاكم بۆ مامۆستا كڕیوە، ئەگەر دەكرێ‌ تۆ لەگەڵا خۆت بۆی بەریی‌و پێشی بڵێی ئاگاداری هاورێ‌ عەزیز محەمەد سكرتێری حزب بكات، كەبەرێگاوەم، ئەگەر نەگیرم ئەوە پاش چەند رۆژی دیكە دەگەمە بەغدا.. هتد.. بەزووترین كات سەردانی مامۆستا هەمزە عەبدوڵڵا دەكەم..!!
فەرمووی زۆر باشە.. دووبتل فودگا لەناو جانتكەی بەردەستم بوون، یەكسەر وەریگرت خستیە ناو جانتاكەیەوە.
پاشماوەیەك گەیشتینە فرۆكەخانەی ئەستەمبوول بۆ ماوەی (45) دەقیقە لەوێ‌ ماینەوە، لەوكورتە ماویەەشدا دكتۆر باسی ئەستمبول‌و كوردو توركیای بۆ دەكردم.. بەهەر حاڵا گەیشتینە دیمەشق ئەو بەجیا لەئۆتێلێكی گەورە دابەزی، منیش لەئوتێلێكی بچكۆلانە دابەزیم.. ئەودیسان بەفرۆكە رووی لەبەغدا كرد، منیش پاش چەند رۆژێك چوومە وڵاتی كوێت لەوێش بەئۆتۆموبێلی گەورەی كرێ‌، بەسەلامەتی بەشەو گەیشتمە شاری بەسراو،هەر بەوشەوە، نیوە شەوبوو دیسان بەئۆتۆمبێلێكی گەورە واتە نەفەرەكانی زۆربوون بۆ رۆژی دوایی گەیشتمە شاری بەغداو بەسەلامەتی لەگەڕەكی ــ وەزیریە ــ بەكەس‌و كارم شادبووم.
رۆژی پاشتر سەردانی جەنابی مامۆستا هەمزە عەبدوڵڵام كرد ‌و زۆر، زۆر كەیف خۆش بوو، بەڕاستی ئێمەی زێدە خۆش دەویست مامۆستا هەمزە فەرمووی دیاریەكەت گەیشت بتلێكیشمان نوش كرد!! كاك عەزیز ئەم شەو بۆئێرە دێت! بەپرۆشەوە بیستنی هەواڵی بەسەلامەتی گەرانەوەتانە..! هەر ئەو شەوە، بەجەنابی كاك عەزیز محەمەد لەماڵی مامۆستا هەمزە شادبووم.
ئیتر پاش گەرانەوەم، ناوە ناوە هەندێ‌ جار بەرێكەوت لەماڵی مامۆستا هەمزە، یان لەشوێنێكی دیكە بەخزمەت د. قاسملوو دەگەیشتم .. بەڕاستی پیاوێكی زۆر خۆش مەحشەرە قسەزان‌و زیرەك ‌و دەم بەپێكەنین‌و كۆمەڵا پەروەر بوو..!!
یەكێ‌ لەو دەرسانەی لەجەنابییان فێربووم ئەوەبوو، رۆژێكیان لەشەقامی (النهر) شەقامێكی جوان‌و پڕ كۆگای جل‌و بەرگی مودرێنی ژنانەبوو، پیاسەم دەكرد، هەر ئەوەدەم زانی یەكێ‌ بانگی كردم، گوتی كاك مومتاز ئەوەندە سەیری ئاسمان مەكە، پیاوی فەقیریش ببینە، منیش ئەوە لێرەم…..!! ڕاستییەكەی سەیری باڵا خانە جوانەكانی ئەو شەقامەم دەكرد..! هەڵبەت فەرموودەكەی ، وەك پەندێكی سووبەخش وەرگرت، لەوە فێربووم، كەمرۆڤ هەردەم لەگەڵا خەڵك دابێ‌و خەڵك ببینی ــ لووت بەرزو بەفیزنەبێ..!!
بەڵێ، شەهید د.قاسملوو، بەیەكێ‌ لە سەركردە رووناكبیرو تێكۆشەرە گەورەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ونزیك دەژمێرێ‌. سەد حەیف ‌و مخابن بۆ ئەوكۆستە گەورەی جوولانەوەی رزگاریخوای گەلی كوردستان بەتایبەتی رۆژهەڵاتی نیشتمان، كوردستانی گەورە بەگشتی.
* گیانی شادو رەوانی ئەو رووناكبیرە سوركردەیە هەردەم زیندووبێت
6/6/2009- هەولێر – كوردستان

18643809_1425642914184484_1740998318_n

About دیدار عثمان

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …