Home / ناوداران / گوڵا بژێری ڕەوتی ژیان‌و خەباتی شێرەژن فەتحیە مەلا محەمەد مەلا مستەفا

گوڵا بژێری ڕەوتی ژیان‌و خەباتی شێرەژن فەتحیە مەلا محەمەد مەلا مستەفا

19244450_1362852353821785_2036987863_n

فةتحية
شەماڵ عادل سەلیم

فەتحیە مەلا محەمەد ناسراو بە (دایكی شوان) لەپێشەكی بیرەوەرییەكانی نووسیویەتی‌و دەڵێ‌: (ڕۆڵەكانم من ئەو تەتەرە ڕەشپۆشەم كەتا ئەمڕۆ لەكەناری دەریا‌و لەپاڵا یادگاریەكانم خەون بەڕۆژگاری سەركەوتن‌و گەیشتن بەئاوات‌و ئامانجەكانمان دەبینم‌و لەگەڵیان بەشورێكی ترسناك‌و منی ڕێژكراو بۆ نەجاتی گەڵە چەوساوەكەم هەنگاو دەنێم، ترس‌و ماندووبوون لەفەرهەنگی من نەبووە، چەند كۆنە بزگورێك‌و عەبایەكی كۆن‌و سۆڵێكی دراوم لەپێ‌ كردووە‌و كۆشك‌و تەلاریشم بەقوربانی ئەشكەوت‌و كەپڕ خێوەتی پێشمەرگایەتی‌و ڕۆژانی مقاوەمات‌و بەرەنگابوونەوە كردووە.
من لەپێناو بەرژەوەندی میللەتەكەم‌و بۆ كێشەی ڕەوای گەلەكەم ژیاوم نەك بۆ خۆم.
ڕۆڵەكانم، ئێمە نەك هەر تەنیا بەرژەوەندی تایبەتی خۆمان، بەڵكو بەرژەوەندی سەرجەمی بنەماڵەكەشمان كردۆتە قوربانی بەرژەوەندییە گشتییەكان‌و هەردەم لەناو جەریانی خوێناوی‌و توندوتیژی‌و تۆقان‌و ترساندا دڵسۆزانە بەرگریمان لەحزب‌و مافی ڕەوای گەلەكەمان كردووە‌و تۆسقاڵێك لەڕێگای خەبات‌و تێكۆشان لامان نەداوە…، دەی باشە… قەیناكە جاتوخوا ژیان لەپێناو گەل‌و نیشتمان‌و نەتەوە نەبێت بەكەڵكی چی دێت؟
من تۆسقاڵێك پەشیمان نیم لەوەی كەكردوومە ئەو شەرەفەی ئێمە وەرمان گرت بەهەر هەموو سەروەت‌و سامانی ئەم جیهانە ناكردڕێ‌، جائەگەر بمرم‌و جارێكی تر زیندوو ببمەوە بەبێ‌ دوودڵی هەر ئەو ڕێیە‌و ڕێبازە دەگرم كەگرتوومە‌و ژیانم لەپێناوی بەخت كردووە).
(دایكی شوان) نازناوی ئافرەتی بەهرەداری كورد فەتحیەی مەلا محەمەدی مەلا مستەفایە لەسەرەتای مانگی ڕەزبەری ساڵی 1933 دا لەشاری هەولێر، شاری قەڵا‌و منارە، شاری ئەدەب‌و هونەر‌و كوردایەتی لەدایك بووە‌و چاوی بەدیمەنی قەڵا‌و منارە‌و سەیرانگاكانی ئەو شارە مێژووییە‌و دێرینە كراونەتەوە‌و گوێچكەی بەئاوازی مقام‌و قۆریات‌و گۆرانی ڕەسەنی كوردی گۆش كراوە، هەر لەو شارە دێرینەشدا لەبنەماڵەیەكی تێكۆشەر‌و ئاینپەروەر‌و زانستی مەلای هەولێر (مەلا محەمەد مەلا مستەفا) گەورەبوو، كەبەمەلا محەمەدی دوازدە عیلم ناسراوە، دایكی ناوی (مەڕال حاجی داود)ی دەباغچییە‌و لەبنەماڵەیەكی كۆنی ناسراوی قەڵاتی شاری هەولێرن، (حاجی سەلیم مەلا مستەفا شێخ زادە مەلا حەسەن)ی مامی یەكێك بووە لەبازرگانە دیارەكان‌و ناندەر‌و ڕیش سپییەكانی شاری هەولێر‌و مرۆڤێكی ئاینپەروەری ناسراوی ئازا‌و زیرەكی شاری هەولێر بوو، بەكەسایەتییەكی لێهاتوو لەقەڵەمدەدرا‌و فرەنەترس‌و قسەلەڕوو بوو، لەمناڵییەوە لەگەڵا مەلا مستەفای باوكی لەنێو هەولێر‌و ناوچەی خۆشناوەتی‌و دێهاتە ناوچە شاخاوییەكانی باشووری كوردستان خەریكی بازرگانی تووتن‌و كوتاڵا بوون، جالەبەر ئەوەی لەمناڵییەوە كاری بازرگانی تووتنی بەدەستەوە گرتبوو، شارەزاییەكی تەواوی لەپەروەردە‌و جۆرەكانی تووتن پەیدا كردبوو، هەربۆیە نازناوی تووتنچی پێوە لكابوو‌و بەپسپۆرێكی كارامە ناوی دەركردبوو، حاجی سەلیم تووتنچی لەساڵی 1956 كۆچی دوایی دەكات، لەگۆڕستانی شێخەڵڵا لەناو جەرگەی شاری هەولێر دەنێژرێت.
فەتحیە مەلا محەمەد مەلا مستەفا خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندی‌و دواناوەندی لەهەولێر تەواو كردووە‌و دواتر لەیەكێك لەقوتابخانەكانی شاری هەولێر بەلێپرسراوی بەشی (خۆراك‌و تەندروستی) دامەزراوە، هەر لەسەرەتای پەنجاكاندا، لەكۆڕی خەبات‌و تێكۆشاندا بەگشتی‌و خەباتی بزووتنەوەی ئافرەتان بەتایبەتی هەمیشە ڕۆڵێكی گەلێ‌ دیار‌و مەزنی هەبووە‌و لەم ڕووەوەش بەدەیان جار دووچاری ئازار‌و ئەشكەنجە‌و ڕاونان‌و برسیەتی هەبووە، هەمیشەش بێگوێدانە هیچ ترس‌و لەرز‌و هەڕەشەیەكی دوژمنانی، لەسەخترین ڕۆژگاردا، پەرەی بەخەبات‌و نەسرەوتن‌و تێكۆشانی خۆیداوە‌و بۆ ساتێكیش مانای ساردبوونەوە‌و بێزاری نەزانیوە، ئەم تێكۆشەرە یەكێك بووە لەدامەزرێنەرانی (كۆمەڵەی بەرگری لەمافی ئافرەتان/ لقی هەولێر) لەتەك ئافرەتە تێكۆشەرەكانی ئەو سەردەمە، لەوكاتەی كەهەولێر ئەوڕۆشی لەگەڵدابێ‌ بەژیانێكی كۆمەڵایەتی سنووردار‌و پارێزراو ناسراوە، بەتایبەتی سەبارەت بەژیانی كۆمەڵایەتی ئافرەتاندا، بەڵێ‌ سەرەڕای ئەو دەستوور‌و نەریتە كۆمەڵایەتییە سەختە، دیارە دایك‌و خوشكانمان لەم ڕووە‌و هەنگاوی خۆیان هەرناوە‌و بەپێی توانا جێگای شایستەی خۆیانیان لەڕێزی تێكۆشاندا كۆدۆتەوە كەلێرەدا بەپێویستی دەزانم ناوی هەندێ‌ لەو ئافرەتە دڵسۆزانە بێنم، لەوانە: (ساكینە سلێمان، سامیە شاكر چاوشلی، فەریدە‌و نەجیبە یونس خوشكی شەهیدی پارێزەر نافع یونس‌و خوشكانی شەهیدی سەركردە جەمال حەیدەری)‌و چەندانی تر.
سەربانی ماڵی شەهید نافع یونس، دیمەنێكی ئاهەنگێڕانی ژنان لەجەژنی نەورۆزدا لەكۆتی چلەكانی سەدەی ڕابردوودا، لەڕاستەوە: ساكینە سلێمان، فەریدە یونس، بەستی سابیر، نەسرین عومەر ئەمین، پەروین عومەر ئەمین، ڕەمزیە عەدلی، غەریبە نادر، فەتحیە مەلا محەمەد.
ئەوەی شایانی باسە هەر لەهەمان ساڵدا ئەم شێرەژنە چۆتە ڕیزی حزبی شیوعی عێراق لەتەك عادل سەلیمی ئامۆزای درێژەی بەخەبات داوە، لەساڵی 1959 بەشداری لەیەكەمین كۆنگرەی ئافرەتانی عێراق كردووە‌و كەلەبەغدای پایتەخت بەسترا‌و بەئامادەبوونی خوالێخۆشبوو پێشەوا (عەبدولكەریم قاسم)ی سەرۆك كۆماری ئەوسای عێراق، لەهەر هەمان ساڵا ڕێك لە 6/9/1959 ژیانی هاوسەری لەتەك كوڕی مامی‌و هاوڕێی خەباتی عادل حاجی سەلیم پێك دێنێ‌ دەبێتە هاوبەشی ژیانی‌و پێكەوە‌و بەدڵسۆزییەوە لەماڵە حزبییەكاندا‌و لەگەڵا هاوڕێیانی دیكەدا دەژین‌و لەهەلومەرجی زۆر دژوار‌و سەخت‌و نەبوونیدا درێژە بەخەبات دەدەن، لەسەرەتای ژیانی هاوسەریاندا.
فەتحیەی شێرەژن وەك پەیامبەری نێوان شارەكان‌و ڕێكخراوی لقی حزب لەهەرێمی كوردستان كاردەكات، هەروەها یەكێك بووە لەو ئافرەتانەی بوێرانە چەك‌و پێداویستییەكانی تری گەیاندۆتە هاوڕێیانی، بەتایبەتی لەنێوان شاری موسڵا‌و كەركووك هەولێر‌و بەردەوام ئەم كارە‌و چەندین كاری حزبی تری ئەنجام داوە.
فەتحیەی تێكۆشەر لەچەندان چالاكی هەمەجۆر بۆ پشتیوانی شۆڕشی 14ی تەمموز بەڕێكخستنی خۆپیشاندان‌و مانگرتن بەشداری بەرچاوی كردووە‌و ئەندامێكی چالاك‌و دیاری بەرگری میللی بووە، هەروەك لەسەرەوە ئاماژەمان بۆ كرد كەئەم ئافرەتە لەڕۆژانی ڕەش‌و مەینەتی‌و ڕاوەڕاو‌و بەیەك نەفەس لەسەر كاری حزبی‌و ڕێكخراوەی كاری كردووە‌و تۆسقاڵێك ساردنەبۆتەوە.
كاتێك كەحكوومەتی عەبدولكەریم قاسم لەڕێبازە دیموكراتییەكەی شۆڕشی 14ی تەمموز لادەدات‌و دەست بەگرتن‌و لێدان‌و ڕاوەدوونانی ئاندامانی حزبی شیوعی دەكات، لەسەرەتای ساڵی 1963 دا هاوڕێی عادل سلیم لەیەكێك لەشەقامەكانی شاری كەركووك لەلایەن دەورییەكی ئاسایشی عێراقی دەگێڕی تاكو ساڵی 1965 لەبەندیخانەكانی كەركووك‌و حیللە‌و بەغدا دەمێنێتەوە، لەساڵی 1965 لەبەندیخانە ڕزگاری دەبێت‌و لەگەڵا هاوسەر‌و مناڵە وردیلەكانی خۆیان دەگەیەننە پێشمەرگەكانی حزبەكەیان لەچیاكانی كوردستان‌و ناوچە ڕزگاركراوەكانی دا‌و هەردەمە كاروباری حزبیان لەناوچەیەك پێ‌ دەسپێردرا، جێگای ئاماژە پێ‌ دانە كەئەم شێرەژنە یەكێك بوو لەو ئافرە شیوعیانەی كەلەگەڵا مناڵا‌و هاوسەرەكەی چوونە پاڵا شۆڕشی ئەیلوولی كوردستان‌و وەك خێزانێكی تێكۆشەر درێژەیان بەخەبات داو لەژیانی سەختی پێشمەرگایەتی دا كۆڵیان نەداوە‌و لەئاستی بەرگەگرتنی ئەوهەموو نەهامەتییە‌و چەرمە سەرییەدا بوون.
دوای ڕێكەوتننامەی 11ی ئاداری 1970، چالاكییەكانی حزبی شیوعی لەكوردستاندا بەئاشكرا جێبەجێ‌ دەكران، هاوڕێ‌ عادل سەلیم كرا بەنوێنەری حزب لەلێژنەی پەیوەندییە نیشتمانییەكان لەگەڵا هێزە نیشتمانییەكانی كوردستان‌و كاربەدەستانی حكوومەت‌و فەتحیەی هاوسەریشی ئەركی لەماڵە حزبییە نهێنییەكان كۆتایی هات‌و بەشێوەیەكی ئاشكرا كەوتە بواری تێكۆشان شانبەشانی هاوڕێیانی، هاوڕێ‌ فەتحیە نموونەی كادیرێكی بەجەرگی حزبی شیوعی‌و ڕووناكبیرێكی تێگەیشتووبوو، لەڕەخنەگرتن دا قسە لەڕووبوو، شێرەژنێكی ڕاستەقینەی تێكۆشەر بوو، لەناوەڕاستی حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا ماڵی بوو بەبارەگای حزب‌و لەبارودۆخێكی زۆر نالەبار‌و ئاڵۆزدا لەگەڵا منداڵە وردیلەكانی لەتەك كۆمەڵێك پێشمەرگە لەئازاترین كوڕانی دەشتی هەولێر ژیانیان دەگوزەراند‌و خۆیشی چێشتی بۆ لێدەنان‌و زۆركاری تۆی پێ‌ سپێردرابوو كەبەئەو نەبوایە بەكەسی تر ئەنجام نەدەدرا، لێرەدا جێگەی خۆیەتی ئاماژە بەخۆڕاگری‌و ماندوونەناسی ئەم شێرەژنە بكەین‌و بڵێین كەبەهەقیقەت (دایكی شوان) پێشمەرگەیێكی ڕاستەقینەی تێكۆشەر‌و قارەمان بوو، جانفیدای حزب‌و گەلەكەی بوو، ئەم شێرەژنە نەك تەنها قارەمانی ڕۆژانی سەخت‌و لێقەوماوان بوو، بەڵكو دایكێكی میهرەبان‌و دڵسۆزیش بوو، بەتایبەت لەدوای شەهیدكردنی عادل سەلیمی هاوسەری كەئەركی بەخێوكردنی مناڵەكانی كەوتە ئەستۆ‌و خۆشەویستی حزب‌و گەلی لەدڵداچاندن‌و هەردەم ڕێنیشاندەر‌و مامۆستا بووە.
دەبێت لێرەوە وەكو وەفا‌و ئەركی سەرشانم، باسی ئەم ئافرەتە مەزنە بكەم، بەتایبەتیش دوای شەهیدكردنی هاوسەرەكەی عادل سەلیم، كەلەساڵی 1978 بەدەستی فاشیستەكانی بەعس شەهید كرا، فەتحیە مەزن لەهەولێر ژیا لەگەڵا مناڵەكانی‌و وەكو پێشمەرگەیەكی بەجەرگیش هەمیشە دەرگای ماڵی بۆ هەموو هاوڕێیان‌و خانەوادەكانیان‌و هەتا پێشمەرگەكانی حزب لەسەر گازەرەی پشت بوو، لەڕۆژگارە ڕەشەكاندا هەمیشە ڕێنیشاندەر‌و ڕێبەرمان بوو، لەهەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا چەندین پێشمەرگەی لەماڵی خۆی حەواندبووەوە‌و ئەركی گرنگ‌و گەورەی بۆ هاوڕێیان‌و ڕێكخراوە حزبییەكانی موسڵا‌و بەغدا‌و سەرجەمی عێراق ڕادەپەڕاند.
لە (26/7/1985) فەتحیەی تێكۆشەر‌و هەردوو جگەرگۆشەی (شەماڵا‌و هەڤاڵا) كەوتنە بەر شاڵاو‌و هێرشی فاشیستە بەعسییەكان‌و بەبڕیاری لێژنەی ئاسایشی شاری هەولێر شەماڵی كوڕی دەگرن‌و ماڵەكەشیان حیجز دەكەن‌و لەسەر دار‌و دیوار‌و دەرگای ماڵەكەشیان دەنووسن ماڵی (تاوانباران‌و تێكدەران)، دوای دوو ساڵا لەگرتن‌و ئازار‌و ئەشكەنجە‌و نەهامەتی، بەبێ‌ دادگایی كردن‌و بەبڕیاری ئاسایش بەعسییەكان شەماڵا عادل سەلیم ئازاد دەكرێت‌و بەڵام خانووەكەیان هەر حیجز‌و كەلوپەلەكانی ناو ماڵیشیان هەر هەمووی تاڵان دەكرێت.
لەكۆتایی ساڵی (1987) فەتحیەی پێشمەرگەی دێرین جارێكی تر ڕێگای شاخ‌و پێشمەرگایەتی دەگرێتەبەر‌و پەیوەندی بەلقی كۆییەی حزبی شیوعی عێراق دەكات‌و لەناوچەی (كرۆژ‌و دواتر سماقوڵی) لەگەڵا هەردوو كوڕەكەی دەبێتە پێشمەرگە‌و شان بەشانی هاوڕێیانی بۆ نیشتمانێكی ئازاد‌و گەلێكی بەختیار خەبات دەكات.
لەساڵی 1988 دا لەگرمەی مەرگەساتی ژەهرباران‌و (الانفال) دا، فەتحیەی شێرەژن وەك هەزاران پێشمەرگەی تری ووڵاتە سوتێنراوەكەی دووچاری ڕاوەدوونان دەبێتەوە‌و بەهەزار دەردەسەری شەونخونی دەگاتە سەرسنوور‌و لەوێش ژیانێكی كۆڵەمەرگی بەسەر دەبات‌و دواتریش بەبڕیاری حزب ڕەوانەی هاندەران دەكرێت، لەساڵی 1992 دەگاتە ووڵاتی سوید‌و بۆیەكەم جار لەدوای چل‌و چوار ساڵا لەژیانی ناسەقامگیری‌و كاری ژێرزەمینی‌و ڕاكەڕاك‌و چاودێری پۆلیس ئەوماڵا‌و ئەوماڵی نهێنی‌و ژیانی سەختی پێشمەرگایەتی كۆتایی پێ‌ دێت.
ئەوەی شایەتی باسكردنە كەئەم شێرەژنە لەسەر داوای دۆست‌و هاوڕێیانی هەندێ‌ لەوەختی خۆی تەرخان كرد بۆ تۆماركردنی یاداشت‌و بیرەوەرییەكانی، كەخۆشبەختانە توانی سەركەوتوانە ڕووداو‌و باسە بایەخدارەكانی ژیانی خۆی‌و هاوسەری‌و سەرجەمی باسە گرنگ‌و بایەخدارەكانی ژیانی خەڵك تۆمار بكات، ئەوەی ماوە بڵێم كەئەم شێرەژنە لە 20/9/1994 كرا بەنوێنەری كۆمەڵەی ئافرەتانی كوردستان- عێراق لەوڵاتی سوید‌و تادواڕۆژی ژیانی لەكاری حزب‌و چالاكییەكانی كۆمەڵەی ئافرەتان دەورێكی دیاری هەبوو.
بەم جۆرە فەتحیەی شێرەژن بەدڵسۆزی دەوری خۆی لەسەر شانۆی ژیان‌و لەنێو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی‌و لەبزووتنەوەی ئافرەتان بینی‌و بەپەرێز پاكی ڕۆژی 8/5/2009 ماڵئاوایی لێ‌ كردین بەرەو دنیای نەمری كەوتەڕێ‌…
هەزاران سڵاو لەگیانی پاكی فەتحیەی شێرەژن‌و نیشتمان پەروەر‌و جانفیدا.

تێبینی: ماوەیەكە لێرە‌و لەوێ‌ بابەت‌و گوتار دەربارەی ژیان‌و خەباتی فەتحیە مەلا محەمەد‌و عادل سەلیمی هاوسەری لەلایەن دۆست‌و هاوڕێیانییان بڵاودەكرێتەوە كەبەداخەوە كەموكوڕی‌و هەڵەی زۆری تێدایە، بۆیە تكا لەو بەڕێزانە دەكەین بەر لەبڵاوكردنەوەی هەر زانیارییەك دەربارەی ئەم دووزاتە، پەیوەندی بەئەرشیفی فەتحیە مەلا محەمەد‌و عادل سەلیم بكەن، بۆ ئەوەی بابەتەكانیان باوەڕپێكراو‌و ئەكادیمی‌و زانستی بێت‌و وەك سەرچاوەیەك پشتی پێ‌ ببەسترێت.
شەماڵا عادل سەلیم لەبەرگی یەكەمی بیرەوەرییەكانی نووسیویەتی‌و دەڵێ‌:
فەتحیەی شێرەژنی دایكم یەكێكە لەو ئافرەتە تێكۆشەرانەی كەهەر لەزووەوە چۆتە پاڵا بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی‌و لەسەرەتای پەنجاكانی سەدەی ڕابردووشدا دەورێكی دیاری هەبووە لەبزووتنەوەی ئافرەتان‌و یەكێك بووە لەدامەزرێنەرانی كۆمەڵەی ئافرەتانی كوردستان، هەروەها جێگای ئاماژە پێدانە كەئەم شێرەژنە لەگەڵا چەندین كچی ڕۆشەنبیر‌و خوێن گەرمی شاری هەولێر لەكرتانی چلەكانی سەدەی ڕابردوودا یادی نەورۆزییان كردۆتەوە‌و بەنهێنی لەماڵی شەهیدی سەركردە پارێزەر نافع یونس كۆبوونەتەوە‌و ئاهەنگیان گێڕاوە، لێرەشدا بەپێویستی دەزانم ناوی هەندێ‌ لەو كچە شۆڕشگێرانە بێنم لەوانە: ساكینە سلێمان، فەریدە‌و نەجیبە مەلا یونس، بەستی سابیر، نەسرین عومەر ئەمین، ڕەمزیە عەدلی، پەروین عومەر‌و چەندانی تر…
عادل حاجی سەلیمی باوكم ئەو كەسایەتییە ناسراوەی هەولێرەو لەساڵی 1926 لەگەڕكی خانەقا چاوی بەم دنیایە هەڵێناوە‌و لەسەرەتای چلەكانی سەدەی ڕابردوودا تێكەڵی كاری سیاسی بووە‌و ئەندامێكی چالاكی حزبی شیوعی عێراق بوو، لەكۆنگرەی سێیەمی حزبی شیوعی عێراقدا كەلەمانگی ئایاری 1979 دا بەسترا، بەئەندامی یەدەگی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا، شایەنی باسكردنە ئەو كەڵەپیاوە لەدوای ڕێكەوتننامەی (11ی ئاداری 1970) كەئەوكاتەی چالاكییەكانی حزبی شیوعی لەكوردستاندا بەئاشكرا جێ‌بەجێ‌ دەكران باوكم كرا بەنوێنەری حزب لەلێژنەی پەیوەندییە نیشتمانییەكانی كوردستان‌و كاربەدەستانی حكوومەت كاتێك كەئەنجوومەنی یاسادانان لەكوردستان دادەمەزرێ‌، (10) ئەندام بۆ حزبی شیوعی تەرخان دەكرێت‌و باوكم یەكێك دەبێت لەو (10) ئەندامە‌و لە (13ی شوباتی 1974)یش دا كرا بەئەندامی لێژنەی بەرەی نیشتمانی لەپارێزگای هەولێر‌و هەر لەهەمان ساڵیش دا بوو بەئەندام لەئەنجوومەنی ڕاپەڕاندنی ناوچەی ئۆتۆنۆمی كوردستان‌و بەئەندامینداری گشتی گواستنەوە‌و گەیاندن دامەزرا تاكو ساڵی (1977) ئینجا حكومەتی بەعس لەكارەكانی لای دا چونكە زۆر ڕاشكاوانە‌و زۆر ڕاستەوخۆ لەكۆبوونەوەی لێژنەی باڵای بەرە، بەرامبەر صدام حسێنی خوێن مژ هەموو داخوازییەكانی حزب‌و خرووقاتی بەعسی باس كرد زۆر بوێرانە هەموو ڕاستییەكانی پێ‌ ڕاگەیاندن‌و سەدامیش یەك یەك وەڵامی ڕەخنە‌و پرسیارەكانی دایەوە، جارێكی تریش صدام حسێن هاتە شاری هەولێر‌و لەگەڵا ئەنجوومەنی ڕاپەڕاندنی ناوچەی كوردستان كۆبووەوە‌و دیسان باوكم لەجیاتی نوێنەرانی حزبی شیوعی لەو ئەنجومەنەدا بەرەو ڕووی صدام حسێن هەموو كردارە دزێو‌و ناڕەواكانی حزبی بەعسی خستەڕوو، بەرامبەر بەشاندێكی ئاشتیخوازی بەلگاریش بەڕاستی هەموو هەڵوێستی چەوتی بەعی فاشی دەربڕی، لەسەر ئەو هەڵوێستە مەردانەی صدام حسێن نەخشەی لەناوبردنی لەو ڕۆژەوە بۆدانا، تاكو لە ڕۆژی (12/9/1978) دا، لەو كاتەی چووبووە شاری كەركووك بۆ بەردانی چەند قوتابییەكی سەر بەحزبەكەی، لەكاتی میوانداری كردنی لەبارەگای بەعسدا چایەكی تایبەت پێشكەش دەكەن‌و لەكاتی گەڕانەوەدا باوكم لەنێوان پردێ‌‌و هەولێر شەهید دەبێت‌و دواتریش ئاشكرا دەبێ‌ كەباوكم ژەهر خواردوو كرابوو، وەك هەزارەها قوربانی دیكەی میللەتی كورد كەبەدەستی چەپەڵی دوژمنانی ئازادی كوردستان‌و بەختیاری میللەتی خەباتگێڕمان لەناوچوو، دیارە باسكردنی ئەم كارەساتە، پەیوەندی بەسەرجەم ژیان‌و گوزەرانی من هەبووە وەك كوڕە شەهیدێكی بەناوبانگ لەسەر ئاستی كوردستان‌و بگرە عێراقیش، هەربۆیە لەدوای شەهیدكردنی باوكم، ئێمە وەك بنەماڵەی كەوتینە بەر هێرش‌و ڕقی دڕندە بەعسییەكان‌و هەمیشە لەژێر چاودێری سیخوڕانی بەعس بووین تاڕۆژی هەینی كەدەكاتە (26/7/1985) بەبڕیاری لێژنەی ئاسایشی شاری هەولێر منیان گرت‌و ماڵەكەشمانیان حیجز كرد لەسەر دار‌و بەرد‌و دەرگای ماڵەكەشمان نووسرا ماڵی تاوانباران‌و تێكدەران، من بەبڕیاری لێژنەی ئاسایشی صدامییەكان بۆماوەی دووساڵا لەئاسایش لەهەولێر مامەوە، دووچاری گەلێك ئەشكەنجە‌و نەهامەتی بووم، دوای دووساڵا لەگرتن بەبێ‌ دادگایی كردن بەبڕیاری ئاسایش ئازاد كرام، بەڵام خانووەكەمان هەر حیجز بوو، كەلووپەلەكانی ناو ماڵیشمان هەرهەمووی تاڵان كرا، لەدوای ئازاد بوونم لەزیندانە ترسناكەكانی بەعس، بڕیارم دا كەشار بەجێ‌ بهێڵم‌و ببمە پێشمەرگە، ئەوەبوو لەكۆتایی ساڵی (1987) پەیوەندیم بەلقی كۆیەی حزبی شیوعی عێراق كرد لەناوچەی (كرۆژ دواتر سماقوڵی) من‌و دایكم‌و برا بچووكەكەم بووین بەپێشمەرگە‌و شانبەشانی هاوڕێیانمان خەباتمان كردووە‌و كۆڵمان نەداوە، لەمەرگەسانی ژەهرباران‌و (الانفال)، ئێمەش وەك هەزاران ڕۆڵەی بنەماڵەی ئەم ووڵاتە سوتێنراوە دووچاری ڕاوەدوونان‌و ڕاكەڕاك بووین‌و تا سەر سنوور ئۆقرەمان نەگرت‌و لەوێش ژیانێكی كۆڵەمەرگیمان بەسەر دەبرد‌و دواتریش بەبڕیاری حزب ڕەوانەی هاندەران كراین.
18643809_1425642914184484_1740998318_n

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About didar othman

Check Also

1516611239wefayi

وه‌فایی

جام کوردی: میرزا عەبدوڕە‌حیم سابڵاغی ناسراو به وەفایی شاعیری به ناوبانگی کورد، ساڵی ١٢٦٤ی ھەتاوی …