Home / مێژووى جیهان / شارستانیەت / چەند ڕۆچنەیەک بۆ تێگەشتن لە مێژوو

چەند ڕۆچنەیەک بۆ تێگەشتن لە مێژوو

ilts-social-science-history-test-practice-and-study-guide_118504_large

د.عوسمان محه‌مه‌د غه‌ریب

مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوە تۆمارکراوەکانی مێژوو وەک مامەڵەکردن لەگەڵ چەند بۆمبێکی ئامادەکراو بۆ تەقینەوە وایە، گەر بە وشیاریی مامەڵەیان لەگەڵ نەکرێن دەبنە هۆکاری وێرانکاریی و ئاژاوە نانەوە و، هەڵگیرساندنی ئاگرێکی وا کە بە هەزارەها زانا و دانا نەکوژێتەوە. بۆیە بە پێویستی دەزانم لەم چەند ڕۆچنەوە سەیری ژووری تاریک و ڕوونی مێژوو بکەین:

یەکەم ڕۆچنە: تێگەشتن لە مێژوو وەک تێگەشتن لە ماتماتیک نیە کە ئەنجامەکانی بێ کێشە و گرفت بن.

کەس ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات کە یەک کۆ یەک و، یەک جاران دوو و، چوار دابەش دوو، دەکەنە دوو، بەڵام لە یەک ڕووداودا دەیەها شرۆڤە و خوێندنەوە و تێگەشتنی جیاجیا دەبیسترێن و دەخوێنرێنەوە و،  دوای هەزار ساڵيش بە بەردەوامى خوێندنەوەی نوێی بۆ دەکرێت، زۆر جاریش دەستەوسان و مایەپووچ دەبین و، ناگەینە دوا شرۆڤە و خوێندنەوەی یەکلاکەرەوە. لەم دەلاقەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە نابێت بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتێک پشت بە زۆرێک لە ڕووداوە مێژووییەکان وەک بەڵگەی حاشا هەڵنەگر ببەستین.

دووەم ڕۆچنە: پێوەر بۆ هەڵسەنگاندن و بڕیاردانی دروستیی و نادروستیی ڕووداوەکانی مێژووی مسوڵمانان، دەقە پیرۆزەکانی قورئانی پیرۆز و فەرموودەی ڕاست و درووستی پەیامبەرە(د.خ)، هەر هەڵوێست و ڕووداوێک پێچەوانەی قورئانی پیرۆز و فەرموودەی ڕاست و دروست بێت هەڵەیە و درووست نیە.

سێیەم ڕۆچنە: زۆربەی ڕووداوە مێژووییە تۆمارکراوەکان بێ سەنەدن و، تەنها قسەی وتی وتیان نەبێ شتێکی دیکە نین، بۆیە کەم مێژوونووس دەبینین تەنها ئەو ڕووداوانە تۆمار بکات کە بە چاوی خۆی بینیبنی، یان خودی خۆی بەشێک بووبێت لە ڕووداوەکان.

بەشێک لە گرفتی مێژوونووسان لەوەدایە کە قسە لە هەموو بابەتێک دەکەن، دەم لە گشت ڕووداوێک دەدەن با چەند هەزار ساڵ نێوانیان بێت، بەڵکو باسی دەستپێکی گەردوون و، ژیانی ئیبلیس و فریشتە و جنۆکەی پێش ئادەم دەکەن، لەکاتێکدا بەوشێوازە لە دەقێکی پیرۆزدا نەهاتووە و، پەی بردن بە زۆرێک لەو جۆرە زانیارییانە تەنها لە ڕێگای سرووش و نیگاوە دەبێت. بۆ نموونە طبری لە (ب1، ل٨١) باس لە ئیبلیس دەکات کە گەنجینەوانی بەهەشتەکان و، پاشای ئاسمان و زەویی  بووە.!!

دواتر دێتە سەر باسکردنی ڕووداوەکانی سەردەمی ئادەم و حەوا و باس لە کوشتنی قابیل و هابیل دەکات، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە بڕیار وابووە قابیل خوشکی هابیل بخوازێت و، هابیلیش خوشکی قابیل، بەڵام قابیل ئەوینداری خوشکی خۆی بووە و، بەوە قایل نەبووە هابیل خوشکەکەی بخوازێت، دواتر پەلاماری هابیلی داوەو کوشتویەتی، ئیتر تائێستاش زۆرێک لە وتاربێژان دووبارەی دەکەنەوە و وەک تووتیی بێ خۆماندووکردن لە لێکۆڵینەوە لەسەر دروستیی و نادروستی دەیڵێنەوە، لەکاتێکدا ئەمە حیکایەتی بەرئاگردانە و هیچ بەڵگەیەکی لەسەر نیە.

هەروەها زۆر لە مێژوونووسان و ڕاڤەنووسانی قورئان باس لە پەڕجووی ساڵح پەیامبەر دەکەن، کە بێبڕوایان داوایان لێ کردووە لە گابەردێک حوشترێکی دووگیان دەربێنێ، ئەویش ئەو کارەی بۆ ئەنجامداون، لەکاتێکدا ئەم کارە ئەفسانەیەکی درۆ و هەڵبەستراوە و نە لە قورئانی پیرۆز و نە لە دەقی فەرموودەدا باس نەکراوە، بەڵام بەداخەوە تائێستاش بانگخوازان و زانایانی ناوداری جیهانی ئیسلامیی وەک: أحمد الکبیسی و عمر عبد الکافی و طارق السويدان و صالح المغامسي و عمرو خالد  و محمد العريفي و نبيل العوضي دەیڵێنەوە و باسی دەکەن، پێگەی “ویکیبیدیا”ش وەک ڕووداوێکی حاشا هەڵنەگر بڵاوی دەکاتەوە.

زانایاکی وەک (ابن عثیمین) کاتێک ئەم ئەفسانە ڕەتدەکاتەوە، دەڵێت: لە ڕیوایاتی ئیسرائیلیەکانە، ئەم مامۆستا بەڕێزە نازانێت لە پەرتووکی پیرۆزی جولەکە و گاورەکاندا بە هیچ شێوەیەک ناوی ساڵح پەیامبەر نەهاتووە، چونکە پەیامبەرێکی عەرەبە و، پەیوەندیی بە ئیسرائیلیيەکانەوە نیە.

چوارەم ڕۆچنە: ڕووداوەکانی مێژوو جگە لەو ڕووداوانەی تایبەتن بە ژیانی پەیامبەرانەوە- ڕەنگدانەوەی کار و هەڵسوکەوتی مرۆڤن، هەڵسوکەوتی مرۆڤیش نابێتە بەڵگەی شەرعیی، لە ئیسلامیشدا کەس یەکسان نیە بە پەیامبەر(د.خ)، بۆیە کاری هەڵەی هیچ کەسێک – با ئه‌بوبه‌کر و عومه‌رـ یش بێت نابێتە ماڵ بەسەر خودی ئیسلامەوە.

لە لایەکی دیکەوە ئەو کەسانەی ڕووداوە مێژووییەکانمان بۆ دەگێڕنەوە وەک ئێمە مرۆڤن و تووشی هەڵەی زۆر دەبن و، تەنها گێڕانەوەیان بەڵگە نیە لەسەر ڕاستیی و دروستیی ڕووداوەکان.

سرووستی مرۆڤ بەشێوەیەکی گشتیی لەکاتی جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازییدا لە باسکردنی ژمارەی کوژراوانی لایەنی بەرامبەر حەزی لە زیادەڕەویی کردنە. بۆ نموونە ژمارەی کوژراوانی (بنی قریظه) لە ژمارەیەکی کەمەوە دەسپێدەکات تا دەگاتە چل کەس و، بەرە بەرە زیاد دەکات و دەگاتە پێنج سەد، دواتر حەوت سەد، دواتر نۆسەد، ئیتر نازانم چۆن ئەو ژمارە زۆرە لە یەک خانووی بچووکی ئەو سەردەمەدا جێیان بووەتەوە وەک ڕیوایەتەکان باسی لێوە دەکەن!

هەروەها مێژوونووسانیش لەبەرئەوەی سەرنجی خوێنەر زیاتر بۆ لای خۆیان ڕاکێشن بە ئارەزووی خۆیان ژمارە و داتای سەیر سەیر ڕیز دەکەن، بۆ نموونە سەیری ژمارەی ئەو سەربازانە بکە کە لەگەڵ فیرعەوندا هێرشیان کردووەتە سەر موسا و بڕواداران، طبری (ب١: ل٤١٩) دەڵێت: شەست سەد و بیست هەزار چەکدار بوون، ئیدی نازانم کێ هەڵساوە بەم داتا وردە و کێ بۆی گێڕاوەتەوە!!

هەروەها لە (ب٩، ل١٣٦) دا دەڵێت: حجاج بن یوسف الثقفی سەدوبیست هەزار کەسی کوشتووە.!! باوەڕناکەم لە مێژوودا هیچ ستەمکارێک-ستەمی لەڕادەبەدەر بووبێت- توانیبێتی بە داتای ورد ژمارەی قوربانیانی دەستی چەپەڵی دیاری بکات.

پێنجەم ڕۆچنە: مێژووی نوسراوەی مسوڵمانانمان نیە، ئەوەی هەیە مێژووی شەڕ و جەنگ و کوشتن و بڕینە، بەڵام مێژووی شارستانییەت و زانست و پێشکەوتن و باری ماریفیی و کۆمەڵایەتیی و بەها بەرزەکان-بە دەگمەن نەبێت بوونیان لە کتێبە مێژووییەکاندا نیە.

کتێبەکانی سیرە لە ژیانی پڕ شکۆی پەیامبەریشماندا تەنها جەختیان لەسەر باری سیاسیی و مێژووی جەنگەکان کردووەتەوە، وەک ئەوەی سیرە یەکسان بێت بە جەنگ، ئیتر زۆربەی ئەو هەموو فەرموودە جوانانەی کە باس لە ڕووداوەکانی ژیانی ڕۆژانەی پەیامبەر دەکەن، لە کتێبەکانی سیرەدا دیار نامێنن و باسیان نیە.

شەشەم ڕۆچنە: گێڕانەوەی مێژوو وەک عه‌لی وه‌ردی دەڵێت: وەک ڕووماڵکردنی خۆپیشاندان و ئاپۆڕایەکیی جەماوەرییە، چاودێرانی ئەو ئاپۆڕایە هەریەک لە لایەکەوە لێی دەڕوانن. پارتە سیاسیيەکان سەیری دروشم و پەرچەم و ئاڵاکان دیکەن تا بزانن کام لایەن و چ پارتێک جەماوەری زیاترە، پەرچەم و ئاڵای زەرد یا سەوز یا ئاڵایەکی دیکە باڵایە. ڕۆژنامەنووسان هەڵپەی زوو بەدەسهێنانی هەواڵی نوێن و بە هەڵەداوان هەوڵدەدەن پێش هاوپیشەکانیان بکەون. زمانەوانان سەرقاڵی ڕاستکردنەوەی هەڵە زمانەوانیيەکانی درووشمە نووسراوەکانن. هێزەکانی ئاسایش و دژە تیرۆر هەرچاوێکیان بۆ بینینی دیمەنێکی نامۆ و گومانلێکراو دەکەنە دە چاو.

هەرزەکارانیش سەرقاڵی تەماشا کردنی ئەگریجەی خاون و،  وەک ڕاوچیی هەوڵی ڕاوکردنی نێچیرن،

مامۆستایەکی ئایینیش لە دوورەوە تێبینی خۆی لەسەر بەزاندنی هێڵی سوری شەریعەت تۆمار دەکات، شرۆڤەکارانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیش هەریەک لە دیوێکەوە دەڕوانێتە ئاپۆڕا جەماوەریيەکە و لە گۆشەنگایەکەوە شرۆڤە و تاوتوێی ڕووداوەکان دەکات. ڕووداوە مێژووییەکانیش بەهەمانشێوە لە یەکلاوە بۆ ئێمە دەگوێزرێنەوە، ئیتر هەقیقەتی هەمەلایەنەی تەواو لە نێوان دێڕدێڕی نووسراوکاندا حەشار دەدرێت و لە خوێنەر و بیسەر ون دەکرێت.

حەوتەم ڕۆچنە: پەرتووکە مێژووییەکان تەنها ڕووداوەکانمان بۆ دەگێڕنەوە و-بە شێوەیەکی گشتیی- کاریان بە هۆکارە دەروونیی و کۆمەڵایەتیی و ڕامیاریی و ئابووریی و هزرییەکانەوە نیە و شرۆڤەی گشگیرانە بۆ ئەو ڕووداوانە ناکەن. بەم کارەش دیوێکی تری ڕووداوەکان ون دەبێت.

بۆ نموونە کاتێک کوشتنی کەسێک-بەبێ باسکردنی تەواوی هۆکارەکان و ئەو تاوانانەی ئەنجامیی داون- تۆماردەکرێت و بۆنەوەی داهاتوو دەگوێزرێتەوە، خوێنەر و بیسەر هاوسۆزیی خۆیان بۆ تاوانبار دەردەبڕن و زۆر جار لە بری دەستخۆشی لە بکوژ با لەسەر هەقیش بێت فرمێسک بۆ کوژراو ـ با شایستەی کوشتنیش بێت ـ- دەڕێژن و بە قوربانیی ڕێگەی هەق و ئازادیی ناوی دەبەن.

هەروەها زۆرجار هۆکارەکانیش باس دەکرێن، بەڵام چونکە لەلایەک پچڕ پچڕ باس دەکرێن، لە لایەکی دیکەوە ئەو هۆکارانە لەکاتی خوێندنه‌وە و بیستنی ئەنجامدانی سزادا لە مێشکی خوێنەر و بیسەردا ئامادەییان نیە، ئەو کاتە عاتیفە و سۆز لەبری هۆش و عەقڵ بڕیار دەدات و، ڕاست و چەوت تێکەڵ دەبن و، ستەمکار بە قوربانیی و قوربانیی بە ستەمکار دەخوێنرێنەوە.

بۆ نموونە لەسێدارەدانی ستەمکارێکی وەک سەددام بووە هۆکاری هاوسۆزیی بوونی خەڵکێکی زۆر بۆی تەنانەت لەنێو کوردی ستەمدیدەشدا، چونکە ئەنجامدانی سزای لەسێدارەدانی لە بەرەبەیانی یەکەم ڕۆژی جەژنی قورباندا بوو، لەلایەکی دیکەوە ئەوانەی بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرکرد و هەستان بە جێبەجێکردنی ئەو سزایە، لە سەددام باشتر نەبوون، تاوانەکانی سەددامیش لەکاتی لەسێدارەدانیدا لە هزر و بیری بینەردا ئامادەییان نەبوو.

هەشتەم ڕۆچنە:  ئەوانەی مێژوومان بۆ دەگوێزنەوە مرۆڤن، مرۆڤیش لە ژێر فشار و کاریگەریی دەرەکیی و ناوەکییدا ڕووی ڕاستی ڕووداوەکان بە شێواویی تۆمار دەکات و دەگوێزێتەوە.

خۆشەویستیی کەسێک، ئایین و ئایینزایەک، قەومییەتێک، یان ڕ‌قلێبوونیان کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لەسەر شاردنەوەو شێواندنی بەشێکی زۆر لە ڕاستییەکان. گەر کەسێکت خۆشبووێ هەوڵدەدەیت جوانییەکانی بخەیتە ڕوو، دیوی دزێو و قێزەونی بشاریتەوە، بەپێچەوانەوە گەر ڕقت لە کەسێک بێت هەوڵدەدەی تەنها دیوی قێزەونی دەرخەیت، چاوت بەرایی نادات جوانییەکی ببینیت و ویژدانت ئازارت نادات لە شاردنەوەی دیوە جوانەکەی.

دیارە خزمایەتیی و هاوڕایی و هاوئایینیی و هاوئایینزایی و هاوقەومیەتیی و هاووڵاتیی بوون، یاخود جیاوازیی بوون لە هەر یەکێک لەو خاڵانە ڕۆڵی خراپی خۆی لە سەر شێواندنی ڕاستييه‌كان بینیوە و دەبینێت. بە دەگمەن مێژوونووسێک دەبينیت بە ویژدانەوە باسی ئایین و ئایینزا و قەومییەتی بەرانبەر بکات بەتایبەت لەکاتی خوڵقانی کێشە لە نێوانیاندا. بۆیە گەر کەسێکی مسوڵمان باسی دیوێکی  جوانی نامسوڵمان بکات،-یاخود بە پێچەوانەوە دەدرێتە بەر هێرشی توند و بە خۆفرۆش و شلگیر ناوزەد دەکرێت. هەروەها لە نێوان شیعە و سوننە، کوردو عەرەب و تورک … هتد ئەم دیاردە زشتە بەدی دەکرێت و لە واقیعی ژیانماندا ڕەنگيداوەتەوە.

بۆ نموونە کاری خۆکوژیی و خۆتەقاندنەوە لە دیدی زۆرێک لە ڕۆشنبیران و مامۆستایانی ئایینیی کورددا بە کارێکی قێزەون و نامرۆڤانە دەدرایە قەڵەم، بۆیە کاتێک گەنجێکی فەلەستینیی بۆ بەرگریی کردن لە خاک و ئایین و نامووس خۆی بە داگیرکەرێکی ئیسرائیلیدا دەتەقاندەوە، لە کوردستانی ئازیزمانەوە دەنگی ناڕەزایی دژ بەو کارە بەرز دەبوویەوە، بەڵام کاتێک خانمە گەریلایەکی کورد بۆ بەرگریی لە خاک و وڵات و شەرەفی کورد کارێکی خۆکوژیی ئەنجامدا، کەس دەنگی ناڕەزایی لێ بەرز نەبوویەوە، بەڵکو بە کارێکی فیداکاریی و شەرعیی  باسکرا.

من لێرەدا مەبەستم هەڵسەنگاندنی ئەو جۆرە کارانە نیە، بەڵکو مەبەستم ئەوەیە نابێت لە بڕیاردان و هەڵسەنگاندنی کار و ڕووداوەکاندا سیاسەتی بانێکە و دوو هەوامان هەبێت. گەر کاری خۆکوژیی بۆ کوردی ستەمدیدە دروست و ڕەوابێت، دەبێت بۆ گشت ستەمدیدەیەک ڕەوا و دروست بێت، گەر بۆ فەلەستینییەک ڕەوا نەبێت، دەبێت بۆ کوردیش ناڕەوا بێت.

ڕووداوەکانی ژیان و سەردەمی خۆمان وەک خۆیان ڕووماڵ ناکرێن، وەک دەبینیین ڕووداوێک ڕوو دەدات بەڵام هەر میدیا و شرۆڤە کارێک بەلایەکیدا دەبات، چۆنیان بوێت ئاوا شرۆڤە و خوێندنەوەی بۆ دەکەن. تائێستاش هەقیقەتی گرووپە تیرۆریستیەکان بۆ خەڵک باس ناکرێت، لە پشت پەردەوە کێ درووستی کردوون؟ کێ یارمەتیان دەدات ، لە کوێوە چەکیان بۆ دەڕوات؟ کێ هاوپەیمانە لەگەڵیاندا؟

ئایا ڕاستە گشت وڵاتانی جیهان بە تایبەت ئەمریکا و ڕووسیا و بەریتانیا- بەو هەموو تەکنۆلۆژیا و دەستگای سیخۆڕیی و هەواڵگیریی و پێشکەوتنە سەربازییەوە دوژمنی داعشن، بەڵام داعش لە هەموویان بەهێزترە و ناتوانن پشتی بشکێنن، یاخود بەکرێگرتەی خۆیانن و یاری بۆ جەنابیان دەکەن؟!

کێ هەیە هەقیقەتی مەرگەساتی هەڵەبجە و شەنگال شەڕی براکوژیی نەوەدەکان وەک خۆیان بەبێ ڕتووش تۆمار کردبێت و، ڕیزبەندیی بۆ گشت تاوانباران و کەمتەرخه‌مکاران کردبێت؟، ئەوەی کراوە بریتیيە لە دیاریکردنی تاوانبارە دیارەکانی وەک سەدام و عەلی کیمیاویی و داعش، ئیتر تاوانبارانی دیکە و تێوەگلاوان و ڕێخۆشکارانی ئەو تاوانانە دەشاردرێنەوە و ناویان لە لیستی تاواندا ون دەبێت.

ئایا تەنها ئەوانە تاوانبارن، یاخود دەستیی چڵکنی ناوەکیی و دەرەکییش هەیە، کوان ناوی ئەو کەسانەی هەڵەبجەیان ڕووتکردەوە و بانقەکانیان فەرهوود کرد و دەس و مەچەک و گوێی خانمە شەهیدەکانیان بۆ دزینی بازن و گوارە بڕیيه‌وه‌؟

(طارق محمد رمضان) ئەو فڕۆکەوانەی هەڵەبجەی کیمیاباران کرد و، دوای زیندانیکردنی لە ئاسایشی سلێمانی چۆن هەڵات؟ کێ لە پشت هەڵاتنیەوە بوو، ئێستە لە کوێیە؟ بۆ حکوومەتی هەرێم لەو کەیسەدا بێدەنگە و بەدواچوونی بۆ ناکات و، داوای ڕادەستکردنەوەی بە حکومەتی هەرێم ناکات؟

پەرتووکێکم بۆ بێنە بە ویژدانەوە باسی سەدامی دیکتاتۆرى کردبێت، ئەو پەرتووکانەی چاپکراون لەلایەن دوو جۆر نووسەرەوە نووسراون:

جۆری یەکەمیان بریتین لە هەوادار و دۆست و یاری سەدام و کەسانی دۆڕاو و فاشيست، سەدامیان گەیاندوەتە کەشکەشان و کەشکەڵانی فەلەک، یەک ڕەخنە و هەڵە و تاوانی سەدامیان تۆمار نەکردووە.

بەشی دووەمیان نەیار و دوژمن و ستەمدیده‌ و کەسوکاری قوربانیانی دەستی سەدامن، جگە لە تاوان و زوڵم و ستەم بە وشەیەکیش باسی کردەوەیەکی باشی ئەو زاڵمەیان نەکردووە، بەم شێوەیەش تەنها دیوێکی ڕووداو و کەسەکانمان بۆ دەردەکەوێت ئەویش بە شێواویی.

جا ئەگەر لە ڕووداوە سەردەمییەکاندا نەتوانین بگەینە هەقیقەتی تەواو، ئیتر چۆن دەتوانیین ڕووماڵی ڕووداوەکانی پێش سەد و دوو سەدو هەزار و دوو هەزار ساڵ بکەین و ئەنجامەکان یەکلایی بکەینەوە؟!!

نۆیەم ڕۆچنە: هەروەک چۆن ناکرێت بە عە‌قڵییەتی دوێنێ ڕووداو و کار و هەڵسوکەوتی ئەمڕۆ هەڵبسەنگێنیت، بەهەمانشێوە ناکرێت ڕووداوە مێژووییەکان -گەر دروست و حاشا هەڵنەگریش بن- بە عەقڵییەت و نەریتی ئەمڕۆ هەڵبسەنگێنرێن، بەڵکو دەبێت بە پێوەر و عەقڵییەتی سەردەمی خۆیان خوێندنەوەیان بۆ بکرێت و هەڵبسەنگێنرێن، چونکە مەرج نیە ئەو کارەی دوێنێ بە کارێکی باش زانرا بێت، ئەمڕۆ لە دیدی خەڵکیدا باش بێت، مەرجيش نیە ئەو کارەی ئێستە بە خراپ دەزانرێت، لە ڕابردوودا هەمان بۆچوونیان دەربارەی هەبووبێت، لەبەرئەوەی عەقڵییەتی مرۆڤەکان بەپێی شوێن و سات و کات و داب و نەریت دەگۆڕدرێن و لە ئەنجامدا هەڵسەنگاندنیشیان دەگۆڕدرێت.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …