Home / مێژووى جیهان / ئەزموونی دامەزرانی ئیسرائیل و چەند وانەیەک

ئەزموونی دامەزرانی ئیسرائیل و چەند وانەیەک

ئەزموونی دامەزرانی ئیسرائیل و چەند وانەیەک

 

ئەلبۆرز ڕووئین تەن

کەس ناتوانێ نکۆڵی لە هەبوونی ئیسرائیل وەکو وڵاتێکی بەهێز لە ڕۆژئاوای ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات. ئەو هەبوونە بە مێژووی کورت و هێزی زۆری ئابووری و سەربازی هەیەتی زۆر سەرنجڕاکێشتر دەبێت. ئیسرائیل هەشت میلیۆن‌ونیو ڕێژەی دانیشتوانیەتی بە ڕووبەرێکی کەمەوە لەگەڵ ئۆردۆن، سووریە، لوبنان و میسر دراوسێیە و لە سەر دەریای مدیترانە هەڵکەوتووە.

ئیسرائیل لەلایەک بە هۆی نەبوونی ئاشتی و کێشە لەگەڵ بەشێک لە ڕێکخراوەکانی فەلستینی و هەبوونی ژمارەیەک فەلستینى کە لە فلستین بۆ ئۆردن و سووریە و لوبنان و هەموو دونیا ئاوارە بوون و چارەسەر نەبوونی ڕیشەی ئەو گرفتانە وەک سەرچاوەی یەکێک لە گرفتەکانی دونیا دەناسرێت. لەلایەکی دیکەوە وەک وڵاتێکی پێشکەوتوی دونیا کە لە ڕوی ئابووری و تێکنۆلۆژی و هەروەها هەبوونی چەکی ناوکی بە نمونەیەکی دێموکراتیکی نێوخۆیی بێ‌گرفت لە ناوچەی ئاڵۆز و پڕ لە قەیرانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناوی دەرکردووە.

ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنجە، زیاتر لە بارودۆخی سیاسیی ئێستا و دروست یا هەڵە بوونی سیاسەتەکانی چۆنیەتیی دروست بوونی ئەو وڵاتەیە کە دەتوانێ سەرنج ڕاکێش بێت، بەتایبەتێ بۆ ئێمەی کورد کە خولیای سەربەخۆیی و بەدەستهێنانی مافی چارەنووس و مافە زەوتکراوەکانمانین. هەر بۆیەش بە چاو خشاندنێکی کورت بە مێژووی دامەزاندنی ئیسرائیلدا و هەڵسەنگاندنێکی کەم لەگەڵ کوردستان، دەتوانین هێندێک خاڵی بەسوود هەڵێنجێنین. بێگومان مەبەست ئەوە نییە هەڵسەنگاندنێک یا لێکچواندن بکەین، بەڵکوو مەبەست خوێندنەوەیەکی ورد بۆ ڕەخساندنی دەرفەت و کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتەکانە دەتوانێ هەندێک بابەتی پێویست تەنانەت بۆ ئەوڕۆی کوردی لێ‌دەربکرێت.

باوکی سەهیونیزم و دەوڵەتی یەهوود، تێئۆدۆر هێرتسێل بوو کە دەرچووی بەشی یاسای زانکۆی ڤییەن بووە و وەکو ڕۆژنامەوان کاری دەکرد. سەرچاوەی دروستبوونی ئەو بیرۆکەیە کە دەبێ دەوڵەتی یەهوود بۆ یەهوودییەکانی دونیا دروست بکات، لە نێوئاخنی بەڕێوەچوونی دادگای ئەفسەرێکی یەهوودی-فەڕانسەیی لە ساڵى ١٩٨٤کە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئەڵمانەکان دادگایی دەکرا دروست بوو.

لەو دادگایەدا تێئۆدۆر هەستی بە ستەمی سەر یەهوودییەکان کرد و بە جۆرێک بە کەم زانینی یەهوودییەکان دەبینرێ. هەر بۆیەش ئەو ستەم و بە کەم زانینە وایکرد کە تێئودۆر هەست بەوە بکات لە بەر ئەوەی یەهوودییەکان دەوڵەتێکیان نییە، ئاوا دەکەونە ژێر ستەم و بێ‌ڕێزی و بە کەم زانین. ئەو بیرۆکەیە دواتر بە شێوەی کتێبێک لەژێرناوی “the jewish state” واتە دەوڵەتی یەهوود، چاپ و بڵاو کرایەوە.

بەکورتی ئەو کتێبە ئاماژە بە نەتەوەیەکی بێ وڵات دەکات و هەروەها شوێنێک کە دانیشتوانی نییە، کەواتە دەبێ لەو شوێنە وڵاتی یەهوود دابمەزرێت بۆ ئەوە کۆتایی بهێنێ بەو چەوساوەییە.

دوای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبە، پێشوازیی زۆری لێکرا، هەر بۆیەش لە ساڵی ۱٨۹۷ لە شاری پازلی سوویس بە بەڕێوەبەریی تێئودۆر هێرتسێل کۆنفڕاسێک بۆ یەهوودییەکان پێکهێنرا کە دواتر بە دەستپێکی ڕێبازی سەهیونیزم زانرا و لەوێدا لەسەر بیرۆکەی تێئۆدۆر و دامەزراندنی دەوڵەتی یەهوود پێکهاتن.

ئەو بابەتە لە نوسینێکی تێئۆدۆردا باش دەردەکەوێ کە دوای کۆنفڕانسەکە ئاماژە دەکات و دەڵێ: ئێستا زۆر ماندووترم لەوەی شتێک بنووسم، بەڵام لە هەموو کات زیاتر پێویستە، چوونکە ئێستا بناغەی دەوڵەتی یەهوودم دامەزراند، ئەگەر ئەو پرسە بەئاشکرا بڵێم، لەوانەیە بە شێتم بزانن کە دوای پێنج یا پەنجا ساڵی دیکە ئەو دەوڵەتە دادەمەزرێت.

بەڵێ ئەو پرسەی کە تێئۆدۆر بە ئاشکرا هاواری نەکرد، بەڵام بە نووسین ئاماژەی پێکرد، لە ساڵی ۱۹٤٨ بە بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتوەکان لە فلستینی ئەو کات و ئیسرائیلی ئێستا دامەزرا.

بەڵام دوای دروست بوونی بیرۆکە و کۆکردنەوەی یەهوودییەکان بەدەوری ئەو بیرۆکەیەدا، لە ماوەی ئەو پەنجا ساڵەدا تێکۆشانێکی زۆر لەلایەن بەشێکی بەرچاوی یەهوودییەکانی دونیا کرا کە ئاکامەکەی دروستبوونی ئیسرائیل بوو. ئەو تێکۆشانە ئەگەر بەکورتی بخرێتە بەرباس، لە سێ بەشی پشتگیری بەهەموو شێوەیەکی یەهوودییان و کاریگەرییان لەسەر وڵاتە زلهێزەکان لە ڕێگەی لۆبیگەری و هەروەها دامەزراندنی بناغەی هێزی ئیسرائیل لەلایەن بریتانیاوە بوو .

سەرەتا ئەو پشتگیرییە لەلایەن بەشێکی بەرچاوی یەهوودییەکانی دونیا گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چوونکە ئەو پەرتەوازەیی یا دور بوون یا هەبوونی پلە و پایە و باری ئابووریی باش، نابێتە هۆی ئەوەی کە یەهوودییەکان دامەزرانی دەوڵەتی یەهوود بە پێویست نەزانن، چوونکە ستەمی بێ‌ئەملاوئەولای هەندێک وڵات و بە کەم زانینیان ببووە هۆکاری ئەوەی دامەزراندنی دەوڵەت بە تەنیا ڕێگەی ڕزگاریی خۆیان بزانن، بۆیە بە شێوەیەکی گشتی ئەوەی لە دەستیان دێت بۆ خزمەت کردن بەو بیرۆکەیە ئەنجامیان دا، هەر بۆیەش لە ماوەیەکی کەمدا توانیان بە لۆبی کاریگەری لەسەر وڵاتانی وەکو بریتانیا و ئەمریکا دروست بکەن. بۆ خۆشیان ببن بە بەشێک لەو هەوڵانە لە گواستنەوەی یەهوودییەکان بۆ ئیسرائیل. بگرە تا دروستکردنی خانوو و زەویی جوتیاریی و زۆر بابەتی دیکە، ئەو پرسە بووە هۆکاری ئەوەی لە ماوەیەکی کورتدا ژمارەی دانیشتوانی یەهوودی بە شێوەی بەرچاو بەرزبێتەوە.

ڕێکخستنی یەهوودییەکان لەنێو سوپای بریتانیا وەک تیم و دواتر هێزی تایبەت کە تا ساڵی ۱۹٤٨ ژمارەیان گەیشتە نزیک چل هەزار کەس، هۆکارێکی دیکەی سەرکەوتنی ئیسرائیل بوو. لێرەدا دەبێ ئەو خاڵە گرنگەی پاراستن و پێشخستنی نەتەوەیەکی ژێر ستەم بە هێزی خۆی ناو ببەین. ئەو هێزە بەو ژمارە کەمەوە توانیی تەنیا یەک ڕۆژ دوای دامەزراندنی ئیسرائیل لە بەرانبەر هەموو هێزەکانی عەرەب کە هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل بە هاوکاریی بریتانیا و وڵاتانی دیکە بەرگری بکات و عەرەبەکان ببەزێنێت و بنەڕەتی حکوومەتی خۆیان دوای ئەو شەڕە زۆر پتەوتر بکەن کە لە هەموو شەڕەکانی دیکەش دژی عەرەبەکان، بتوانن سەرکەوتن بەدەست بێنن.

هەروەها لە ماوەی زیاتر لە نیو سەدەی ڕابردوودا، هەبوونی دێموکراسییەکی باش و هەبوونی حکوومەتێکی سێکۆلار توانیویەتی ئیسرائیل لە نێوخۆیدا بەهێز بکات بۆ ئەوەی بتوانێت لە دەروە زۆر بەهێز بێت و ئێستا وەک وڵاتێکی بەهێزی جیهان لەسەر پێ ڕابوەستێت.
بە چاوخشاندنێکی زۆر کورت بەو مێژووەدا دەکرێ بەراورد بکرێ کە بۆچی کورد نەیتوانیوە خاوەنی دەوڵەت بێ، بەڵام ئیسرائیلییەکان خاوەنی دەوڵەتێکی بەهێزن.

سەرەتای دروستبوونی بیرۆکەی دەوڵەت، بە هەست کردن بە چەوساوەیی و هەبوونی دەوڵەتە بۆ پێشگیری لە چەوساوەیی، یەهوودییەکان بە باشترین شێوە کەڵکیان لەو بابەتە وەرگرتووە، بەڵام نەتەوەی کورد بە درێژایی سێ سەدەی دوایی، بەردەوام کۆمەڵکوژ کران و بە دڕەندەیی پاکتاو کران و هەموو مافەکانیان پێشێل کران و تەنانەت وەک کوێلە سەیر کراین، بەڵام نەمانتوانیوە ئەو ستراتیژییە بکەینە بنەمای خەبات و تێکۆشانمان کە دەبێ ئێمەی کورد ویستی هەبوونی دەوڵەت و مافی چارەنوسی خۆمان بکەینە هەوێنی کار و تێکۆشانی هەموو لایەکمان. ڕاستە بەردەوام شۆڕش و فیداکاری هەبووە، بەڵام هەموو کۆمەڵگای لەخۆ نەگرتووە تا بتوانین خەباتێکی چڕوپڕ بەڕێوە بەرین بۆ ڕزگاریی یەکجارەکی وەک ئەوەی لە ئیسرائیل کرا، ئەو بیرۆکەیە لە کۆنفڕانسێکدا و لە وڵاتێکی دوور بیچمی گرت کە تەنانەت لە سەر خاکی خۆیان نەبوون، بەڵام ئیرادەی ئەو ویستەیان هەبووە.

بابەتی دووەم دوای دروست بوونی بیرۆکەی دەوڵەتی یەهوود، هەموو پێکهاتەکانی یەهوودی لە هەر شوێنێکی دونیا بن، بە هەر ڕێکارێک بە پێویستی بزانن و بتوانن، پشتیوانییان لە دۆزەکەیان کرد. ئێمەی کورد لەو بوارەشدا زۆر لاوازین. بە بەراوردی ژمارەی ئەو کەسانەی خزمەتی دۆزەکەمان دەکەن، ژمارەیەکی زۆرمان هەیە کە بێ‌خەمن یا تەنانەت بۆیان گرنگ نییە چارەنووسی نەتەوەکەیان چی بەسەر دێ.

بابەتی سێیەم کە ئیسرائیلییەکان لەچاو ئێمە کاریان ئاسانترە، ئەویش دوژمنانی ئیسرائیلی ئەوکات واتە ئیمپراتوریی عوسمانییە کە لاواز و دواتر تا سنووری ئێستای تورکیە دەکشێتەوە. هەروەها عەرەبەکان کە لە نێو خۆیاندا یەکگرتوو نەبوون. بەپێچەوانە دوژمنەکانی کورد لەهەمبەر پرسی نەتەوەی کورد هەمووکات یەکگرتوو و بەهێز بوون.

بابەتی چوارەم پشتیوانیی نێونەتەوەیی لە ئیسرائیل بە هۆی هەبوونی یەهوودییەکان لە هەموو شوێنێکی کاریگەر، زۆر زیاتر بووە لە ئێمەی کورد. بەڵام بابەتی یەکەم و دووهەم ئەگەر لە نێو کورددا هەبا، ئێمەش دەمانتوانی ئەو پشتگیرییە بەدەست بێنین.

بێگومان هەر وەک لە سەرەتادا باس کرا، لێکچواندنی تەواو دروست نییە، بەڵام کەڵک وەرگرتن لە ئەزمونی گەلان بۆ سەرخستنی دۆزی گەلەکەمان پێویستە. لەو نێوەدا ئێمەی کورد خاوەنی توانای زۆرین، ئەگەر ئیرادە و ڕێکاری پێویست بگرینەبەر دەتوانین ئێمەش لە ماوەیەکی کورتدا دەوڵەتێک بۆ پێشگیری لە چەوساوەیی بێوێنەمان دروست بکەین.

About زريان احمد

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …