Home / ناوداران / نووسەرو مامۆستای پەروەردەكارو تێكۆشەری كورد عەزیز پشتیوان1912- 2001

نووسەرو مامۆستای پەروەردەكارو تێكۆشەری كورد عەزیز پشتیوان1912- 2001

18644583_1425642930851149_738808580_n
aziz
ئا: كەریم شارەزا

مامۆستای پەروەردەكارو تێكۆشەری بە جەرگی كوردی عەزیز پشتیوان كوڕی نوور محەمەد یاروەیسی جافی نەوڕۆڵی، لە ساڵی 1912دا لە گوندی (پیران)ی سەر بە خانەقین هاتۆتە دنیاوەو دوای پێنج ساڵی ماڵەكەیان چووەتە گوندێكی تری ئەو ناوچەیە بەناوی (سەوبڵاغ)‌و لە پاش سێ ساڵی دیكەش چوونەتە ناو شاری خانەقین‌و لە گەڕەكی (كۆردەرە) نیشتەجێ بوون.
ئەو زاتە خوێندنی سەرەتایی لەو شارەی خانەقین تەواو كردووە ئینجا لە پایزی 1928دا چووەتە بەغداو لە قوتابخانەی پیشەسازی وەرگیڕاو كە تەواوی كردووە چووەتە خانەی مامۆستایان‌و لە ساڵی 1932دا بەیەكەم دەرچووە، بۆیە هەر لەو قوتابخانەیەدا كردوویانە بە مامۆستاو دوای دوو ساڵی خزمەتكردنی لەسەر هەڵوێٍستی كوردایەتی گوێزراوەتەوە بۆ قوتابخانەی (الفالجیە) لە پارێزگای عەمارە‌و تاكو ساڵی 1937 لەو دوورە وڵاتیەدا ماوەتەوە، ئینجا گوێزراوەتەوە بۆ شاری خانەقین‌و لە قوتابخانەی (قوڵە)ی سەرەتایی دانراوە.
مامۆستا عەزیز پشتیوان لەتەمەنی شازدە ساڵیەوە چووەتە بەغداو لەو شارەی پایتەختدا لە سییەكانەوە لەگەڵ دامەزراندنی (یانەی سەركەوتن)ی كوردان لە 30/5/1930دا، پەیوەندی بە باوەڕپێكراوی یانەكە مامۆستا (مەعروف جیاووك)ەوە كردووە‌و هەموو پشتگیرییەكی خۆی دەربڕیوە بۆ چەسپاندن‌و پێشخستنی ئەو مەڵبەندە كۆمەڵایەتی‌و ڕۆشنبیرییەی كورد‌و لە نزیكەوە تێكەڵ بە كۆڕو كۆبوونەوەكانی وەزیرو كەسایەتیە كوردییەكانی وەك محەمەد ئەمین زەكی بەگ‌و تۆفیق وەهبی بەگ‌و جەمالەدین بابان لەناو ئەو یانەیەدا بووە.
لە ئەنجامی هۆشیاری سیاسی‌و هەستی كوردایەتیەوە لەگەڵ هاوەڵەكانی وەك مامۆستا كورد پەروەرەكانی نیشتەجێی بەغدا مستەفا شەوقی‌و ئەمین ڕەواندزی‌و میرحاج ئەحمەد‌و محەمەد ئەمین كاكە فەندی حەوێزی‌و عەبدولمەجید لوتفی خەڵووزی ‌و هی دیكە دەورێكی زۆری بووە لە دامەزراندنی رێكخراوی (كۆمەڵی پشتیوان) بۆ پشتگیری كردنی كێشەی كورد لەدوای لێدانی شۆڕشەكانی شێخ مەحموودی مەلیكی كوردستان.
بۆیە لەوساوە عەزیز نوور محەمەد بە(عەزیز پشتیوان) ناسراوە كاتێكیش كە حیزبی هیوا لە 17/5/ 1939 دا بەسەرۆكایەتی مامۆستا رەفیق حیلمی لەسەر هەیكەلی (كۆمەڵەی داركەر) دامەزرا، مامۆستا عەزیز پشتیوان بووە ئەندامێكی دیارو چاڵاكی ئەو حزبە نەتەوەییە جەماوەرییەی كوردو كاتێكیش كە پارتی دیموكراتیی كوردستان لە ڕۆژی 16/8/ 1946 دا بەنهێنی لە بەغدا دامەزرا، مامۆستا عەزیز پشتیوان‌و مەلا سەید حەكیمی خانەقینی چوونە بەغداو چاڵاكییەكی زۆریان بە ڕێزەكانی ڕێكخستنەكانی ئەو حزبە نەتەوەییە دیموكراتیەدا نواندووە.
مامۆستا عەزیز پشتیوان تاكو ساڵی 1950 وەك مامۆستایەكی پەروەردە كاری خەباتگێر، چالاكی حزبی‌و پەروەردەیی خۆی نواند، كەچی دوای ئەو ساڵە لەسەر هەڵوێٍستی سیاسی لە فرمانەكەی دەركراو‌و بێ كار مایەوە. بەڵام لە خەباتی نیشتیمانیی خۆی نەوەستا، تاكو بەرپابوونی شۆڕشی 14ی تەمموزی 1958‌و دەركەوتنی ئاسۆیەكی ڕووناك بۆ ژیانێكی تازەی گەلانی عێراق بەكوردو عەرەبەوە، ئینجا گەرێنرایەوە سەر كارەكەی پێشووی وەك مامۆستایەكی پەروەردەكاری كورد پەروەر دەستی دایەوە پێگەیاندنی نەوەی نوێی كورد‌و بەردەوامبوونی لە سەر خەباتی كوردایەتی خۆی.
مامۆستا عەزیز پشتیوان وەك مامۆستایەكی خاوەن ئەزموون بەشداریی لە كۆنگرەی یەكەمی مامۆستایان لە هاوینە هەواری شەقڵاوە دا كرد كە لەڕۆژانی 10-13 ی ئەیلوول بە چاودێری پارێزگاری هەولێر عەلائەدین بەسترا. ئەو زاتە گەلێك پێشنیاز‌و ڕاسپاردەی بە نرخی پێشكەش بە كۆنگرەكرد‌و زۆربەیان پەسەندكران كە هەموویان لە دەوری خوێندنی زمان‌و مێژووی كوردەوە دەسووڕانەوە.
لەو كاتەی كە ئەم تێكۆشەرە دەورێكی زۆر ی بوو لە بڵاوكردنەوەی بیروباوەڕی پارتی دیموكراتیی كوردستان لەگەرمیاندا، لەهەمان كاتیشدا دەورێكی زۆریشی بوو لە دامەزراندنی (یەكێتی مامۆستایانی كوردستان)، بۆیە لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولی رزگاریخوازیش لە 11/9/ 1961 بە سەركردایەتی بارزانی نەمر گوشارێكی زۆر خرایە سەر چاڵاكیەكانی‌و لەئەنجامدا دوورخرایەوە بۆ پارێزگاكانی ناوەڕاست‌و خوارووی عێراق‌و لە فرمانەكەی دەركراو تاكو 1964 ئینجا ڕێگەی درا بگەڕێتەوە خانەقین.
مامۆستا عەزیز پشتیوان لەساڵانی 1967، 1968، 1969دا كرا بە بەرپرسی لقی(5)ی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەغدا، بەڵام لە 4/ 8/ 1969 دا گیراو لە (بەندیخانەی كۆشكی نیهایەت) توندكرا. تاكو دوای ڕاگەیاندنی ڕێككەوتننامە مێژووییەكەی 11ی ئاداری 1970ی نێوان سەركردایەتی شۆڕشی ئەیلوول‌و حكومەتی عێراق ئینجا ئازادكراو لەدوای دەستپێكردنەوەی شەڕیش لەكوردستان لەبەهاری 1974 دا جارێكی تر گیرایەوەو ماڵ‌و منداڵەكەیشی لە(خانەقین)ەوە دوور خرانەوە بۆهەولێر.
ئەو زاتە مەزنە نموونەیەكی بەرزی خەباتگێڕی سیاسی كورد بوو، رەمزی كۆڵنەدان‌و بەرخودان بوو بۆیە مایەی شانازیی هەموو میللەتی كوردە، تاكو ساڵی 1976 درێژەی بە خەباتی حزبایەتی داو هەموو كاروبارێكی حیزبی بەڕێوەبرد. بەڵام دوای ئەو تەمەنەی لەبەر پیریی چی تر ئەو كارە پیرۆزەی پێ هەڵنەسووڕا. بەڵام تاكو لە 7/8/2001 دا كۆچی دوایی كرد هەر خۆی بە خەباتگێری ڕێبازی كوردایەتی دادەنا.
سەرچاوە:
1-ڕۆژنامەی برایەتی- ژمارەكانی 2648ی 16/8/ 1998، 3456 ی 9/8/2001.
2- (گوڵان العربی- العدد 50 فی 31ی تمووز/ 2000 مقال بقلم عمر علی شریف. بعنوان(شخصیات خالدە من ربوع گرمیان).

18643809_1425642914184484_1740998318_n

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About didar othman

Check Also

1516611239wefayi

وه‌فایی

جام کوردی: میرزا عەبدوڕە‌حیم سابڵاغی ناسراو به وەفایی شاعیری به ناوبانگی کورد، ساڵی ١٢٦٤ی ھەتاوی …