Home / ناوداران / خەباتێگڕی كورد شێخە شەل 1927-2002

خەباتێگڕی كورد شێخە شەل 1927-2002

18644583_1425642930851149_738808580_n

شيخة

ئا: كەریم شارەزا

شێخ محەمەد كوڕی محەمەد عەلی ناسراو بە شێخە شەل لە ساڵی 1927 دا لە قەڵای هەولێری دێرین چاوی ژیانی هەڵێناوەو لەتەمەنی 7 ساڵیدا چووەتە بەرخوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی سەرەتایی هەولێر‌و چەند ساڵێك خوێندوویەتی تاكو بووەتە خوێندەوارێكی هۆشیارو فێری زمانەكانی كوردی‌و عەرەبی‌و توركمانی بووەو لەگەڵ پەرەسەندنی ڕێكخستنەكانی حزبی شیووعی عێراق‌و گەیشتنی لق‌و پۆپی چاڵاكییەكانی بەشاری هەولێرو دەڤەرەكەی لە سەرەتای چلەكانی سەدەی بیستەمدا چووەتە ناو ڕێزەكانی ئەو حزبە ماركسییە، چونكە خۆی لە چینێكی هەژارو چەوساوەی كورد پەروەردە بوو بوو، بۆیە ئەو ڕێبازە پێشكەوتنخوازەی لە ژیانی حزبایەتی‌و تێكۆشاندا هەڵبژاردو لەگەڵ دەستەیەك لە خەباتگێڕان كەوتە كاروانی خەبات.
رێكخستنی شانەكەی ئەوان لە ماركسیەكانی ئەو شارە بە سەرەتای دروستبوونی ڕێكخراوی حزبی شیووعی عێراق لە هەولێر دادەنرێ‌و شان بەشانی خەباتگێڕە پێشەنگەكانی ڕێبازی ماركسی وەك تێكۆشەران جەمال حەیدەری‌و نافیع یونس‌و صالح حەیدەری‌و هاشیم عەبدوڵڵاو عادیل سەلیم خەباتی سیاسیی كردووە، ئەو خەباتگێڕە بە جەرگە لەهەموو بۆنەو یادەوەریە ئایینی‌و نیشیتمانی‌و میللیەكاندا ئاهەنگی گێڕاوەو ئەو بۆنانەی بەكارهێناوە بۆ هۆشیاركردنەوەی چینی هەژار بۆ داواكردنی مافەكانیان‌و دەنگی ناڕەزایی دەربڕین لە دژی چەوسێنەرانیان. بۆیە زۆر جار لەسەر هەڵوێستی سیاسی‌و بیروباوەڕی پێشكەوتنخوازی گیراوەو ئەشكەنجە دراوەو بەندیخانەكان شاهێدی ئەوەن كە شێخە شەل خۆڕاگرو خەباتگێڕێكی چاونەترس بووە.
ئەو زاتە لەگەڵ هاوڕێ (فەهد)ی پێشەوای حزبی شیووعی عێراق لە یەك لەو بەندیانەدا بەندكراون‌و لەگەڵیدا ژیاوەو جێگەی باوەڕو متمانەی ئەو سەركردەیە بووەو چەند جار كراوەتە نوێنەری شیووعیەكان لە بەندیخانەكاندا بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ نوێنەرانی بزاڤی نەتەوەییەكانی عەرەب، كە نیازیان وابوو پەیوەندیی نیشتیمانی لەگەڵ حزبی شیووعی عێراق بەهێز بكەن.
شێخە شەل كە لە بەندیخانە ئازاد كراوە، لەناوەڕاستی چلەكانی سەدەی ڕابردووەوە كتێبخانەیەكی لە یەكێك لە دوكانەكانی بن قەڵات بەناوی (كتبێخانەی هەولێر) كردۆتەوەو كردوویەتی بە مەڵبەندێكی حزبی شیووعی لە شارەكەو جێگەی یەكتر بینینی ڕووناكبیرو كەسایەتیە سیاسیەكانی شارەكەو دەورو بەری.
ئەم خەباتگێڕە شیووعیە تێكۆشەرە لە دوای كودەتا شوومەكەی 8ی شوباتی ساڵی 1963ی حزبی بەعسی فاشی دا، تووشی گرتن‌و ئەشكەنجەدان بۆتەوەو زۆر نەمابووە لەژێر داركاریی‌و ئازاردان بكوژرێ، كەچی كۆڵی نەداوە‌و خۆی لەبەر زەبرو زەنگی ئەشكەنجەدان ڕاگرتووەو هیچ نهێنیەكی حزبەكەی نەدركاندووەو بووەتە نموونەیەكی بەرزی خۆڕاگری كادیرێكی بە هەڵوێٍستی ئەو حزبە تێكۆشەرە.
ئەو زاتە خەباتگێڕە تا دوا هەناسەی ژیانی پڕ كڵۆڵی هەر دڵسۆزی وەفاداری ڕێبازە ماركسییەكەی خۆی بووە‌و تۆز قاڵێك لێی لانەداوەو لەكاتی نەخۆشی ئەو خەباتگێڕە هاوڕی َ دڵسۆزەكانی لەبیریان نەكردووەو هەموو دەم سەردانیان دەكردو دوكتۆرە ناسیاوو دۆستەكانی هەموو دەم لەپشت سەری بوون‌و خەریكی چارەسەركردنی بوون، تاكو لە ڕۆژی 30ی تەمووزی ساڵی 2002 دا لەشاری هەولێر گیانی پاكی لە تەمەنی 75 ساڵیدا سپاردو چووە ڕێزی خەباتگێڕە نەمرەكانی كوردو كوردستان.

* * * * * *
سەرچاوە:
*ڕۆژنامەی –ڕێگای كوردستان- ژمارە (514) ی ڕۆژی 5/8/2008. هەولێر
*تۆماری خزمەتگوزارانی كورد-كەریم شارەزا، ژمارە (23) (دەستنووس).

18643809_1425642914184484_1740998318_n

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About didar othman

Check Also

122532018_zryaab2

چی لە بارەی گەورە موزیکژەنی جیهانی زریاب کوردیی دەزانیت؟

نوسینی: توانا حه‌مە كورد وه‌ك یه‌ كێك له‌ دێرینترین نه‌ته‌وه‌كانی سه‌ر زه‌وی ,ده‌ستی داهێنه‌رانه‌ی له‌سه‌رجه‌م …