Home / ناوداران / سەركردەی شۆڕشگێڕی كورد شێخ سەعیدی پیران 1868- 1925

سەركردەی شۆڕشگێڕی كورد شێخ سەعیدی پیران 1868- 1925

18644583_1425642930851149_738808580_n

سةعيد

ئا: كەریم شارەزا

سەركردەی شۆڕشگێری كورد شێخ سەعیدی پیران كوڕی شێخ مەحموودی كوڕی شێخ عەلی نەقشبەندی، لە ساڵی 1285ی كۆچی بەرانبەر بە 1868ی زایینی دا لەگوندی (پاڵۆ) كە یەكێكە لە گوندەكانی سەر بە ناوچەی (منشی كورد)ی ویلایەتی (گەنج) لەدایك بووە.
شێخ عەلی باپیری مەلایەكی گەورەو زانابووە، تەریقەی تەسەوفی نەقشەبەندیی لە مەولانا خالیدی نەقشەبەندیی شارەزووری (1776-1826) وەرگرتووەو شێخ مەحموودی باوكی جێ نیشنی ئەوەبووەو كە باوكیشی كۆچی دوایی دەكات لە ساڵی 1316ی كۆچی بەرانبەر بە 1898 ی زاینی شێخ سەعیدی لەجێی ئەو دەبێتە شێیخی ڕابەری نەقشەبەندی‌و زانایەكی ئایینی ناوداری لێهاتوو.
ئەم زاتە لەپاڵ شێخایەتییەكەشیەوە، شاعیرێكی بەهرەدار بووە، هۆنراوەی بە كوردی‌و فارسی‌و عەرەبی‌و توركی دادەناو كەوتبووە بەر كاریگەریی شیعرەكانی مەلای جەزیری‌و ئەحمەدی خانی‌و لەوانەوە هەستی نەتەوەیی لەپاڵ هەستی ئایینی لەلا خوڵقاوە.
شێخ سەعید مەلایەكی دوازدە عیلمی بە تواناش بووەو گەلێك مەلای زانای لەبەر دەستی خوێندنیان تەواو كردووەو شێخێكی ڕابەربووەو هەشتا هەزار خەلیفەو مریدی هەبوەو ئەمانە گشتیان لەژێر فەرمانی ئەودا بوون‌و لە قسە‌و ڕاسپاردەكانی دەرنەچوون.
شێخ سەعید لەو كاتەی كە زانایەكی ئایینی‌و شێخێكی گەورەی ڕێبازی نەقشەبەندی بووە لە تەسەوفدا، لە هەمان كاتدا سیاسییەكی مەزنی كوردیش بووە. بۆیە ڕێكخراوە سیاسیەكانی ئەو سای كوردی وەك(كۆمەڵەی هێڤی)‌و(ڕێكخراوی كۆمەلایەتی كورد)‌و (حزبی میللەتی كورد)‌و (كۆمەڵی خۆییبوون) ئەویان، دەست نیشان كرد بۆ سەركردایەتی شۆڕشێكی نەتەوەیی كورد لەناوچەی (گەنج)، ئەو خۆی كۆكردەوەو داوای لەهەموو سەركردەكانی كوردو سەرۆك هۆزەكانی كرد خۆیان ئامادە بكەن بۆ شۆڕش بەرپاكردن لەدژی حوكمی توركیای كەمالی.
شێخ دوای هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتی عوسمانی كە سوڵتانەكان بەناوی هەموو ئیسلام حوكمیان دەكرد، یادداشتێكی بەناوی خۆی‌و سەرۆك هۆزەكانی كورد پێشكەش بە مستەفا كەمال كردو تێیاندا نووسی، كورد بەناوی خەلافەتی ئیسلامەوە لەسایەی ئەم دەوڵەتەدا ژیاوە، بەڵام كە ئەو پەیوەندییە نەماو بووە مەسەلەی نەتەوەیی، ئەوا كوردیش وەك تورك‌و عەرەب‌و نەتەوەكانی تر مافی چارەنووسی خۆی داوادەكات.
بۆ ئەو مەبەستەش شێخ سەعید لەشكرێكی گەورەی بە سەركردایەتی خالید بەگی جوبرائیلی پێكەوەناو لەو لاشەوە مستەفا كەمال لەشكرێكی گەورەی چەكدار بە چەكی قورس‌و شەستیر ئامادەكرد كە تازە ئەو چەكە نوێیانەی لە فەڕەنسا وەرگرتبوو. (شێخ سەعید)یش لەلای خۆیەوە لەگەڵ خالید بەگ‌و سەركردەی دیكەی كوردی شوێنی بەرپاكردنی شۆڕشەكەیان دەستنیشان كرد كەشاری (گەنج) بوو تاكو لە ڕۆژی نەورۆزی ساڵی 1925 دا شۆڕشەكە هەڵگیرسێنن، كەچی هەندێك لە مریدەكانی لەناو خۆیاندا تێكچوون‌و لە 7/3/ 1925 دا شۆڕشەكەیان دەستپێكردو پلان‌و نەخشەی شۆڕشەكە ئاشكرا بوو.
كە حكومەتی توركیای كەمالی بەم بزووتنەوە شۆڕشگێرییەی زانی هەستا بە یارمەتی فەڕەنسا هێرشی كردە سەر كوردستانی ڕاپەڕیوو‌و دوای چەند شەڕو پێكدادانێكی توند، توانی بەهۆی چەكە نوێییەكانی بەسەر شۆڕشەكەی كوردا زاڵ بێ‌و شێخ سەعیدی نەمرو سەركردەكانی كوردی لەو ناوچەیە گرت‌و دوای دادگایی كردنێكی ڕووكەش بەدوو وەجبە ئەو پێشەوا‌و سەركردە فیداكارانەی كوردی لەسێدارە دران.
دەستەی یەكەمی لە سێدارە دراوەكان بریتی بوون لە شێخ عەبدولقادری شەمزینی‌و دكتۆر فوئاد ‌و 89 كەسی شۆڕشگێری دیكەو لە 27/5/ 1925 دا لە سێدارەدران‌و دەستەی دووەمیش بریتی بوون لە شێخ سەعیدو جەنەڕال ئیسماعیل‌و یۆزباشی فەخری‌و چەندان شۆڕشگێری تر، لە ڕۆژی 27/6/1925 دا لە سێدارەدران‌و هەروەك هەندێ لە ڕۆژنامەكانی لوبنان لەو سەردەمەدا بڵاویان كردبووەوە، حكومەتی توركیای كەمالی لە كوژاندنەوەی ئەو شۆڕشە نەتەوەییەی كورد پتر لە 300 گوندی لە دەورو بەری چوڵەمێرگ‌و هەكاری وێران كرد‌و نزیكەی 400 گوندی ئاوەدانی دیكەشی لە دەوروبەری ئاگری داغ‌و تەندەرەك‌و شوێنی تر وێران كردو كۆمەڵێكی زۆریشیان لەخەڵك‌و كەس‌و كاری شۆڕشگێڕەكان بە زیندووەتی خستە ناو گۆڵی (وان)‌و خنكاندنیان!!
بەم جۆرە ئەو شۆڕشە مەزنەی كورد ماوەیەك خەفەكرا بەڵام زۆری نەبرد هەر لە كوردستانی باكوور بە بڕیاری (حزبی خۆییبوون) كە لە ساڵی 1927 دا دامەزرا، شۆڕشی ئاگری داغ لە ساڵانی 1928-1930 بەسەركردایەتی جەنەڕال ئیحسان نوری پاشا هەڵگیرساو داستانێكی دیكەی لە خەباتی شۆڕشگێری كوردی ڕاپەریووی تۆمار كرد.
سەرچاوە:
1-گۆڤاری ڕۆژی نوێ- ژمارە (2) مایسی 1960، ل 59، 60.
2-بنوارە- ژیناوەری زانایانی كورد لەجیهانی ئیسلامدا- ئەویش پشتی بە ڕۆژنامەی (الاحوال البیروتیە)ی ڕۆژی 13/8/ 1925 بەستووە، ژیناوەری لە: 274-276.

18643809_1425642914184484_1740998318_n

About دیدار عثمان

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …