Home / ناوداران / لە ڕەوتی خەباتی كوردایەتیی هاوچەرخدا ئامینەخان نموونەی قارەمانێكی كوردستان

لە ڕەوتی خەباتی كوردایەتیی هاوچەرخدا ئامینەخان نموونەی قارەمانێكی كوردستان

18644583_1425642930851149_738808580_nئامينة

مومتاز حەیدەری

لەڕەوتی ژیانی مرۆڤایەتی بەگشتی، كۆمەڵەی دواكەوتوو و ووڵاتە داگیركراوەكان بەتایبەتی، باری قورسی چەوساندنەوەی كۆمەڵایەتی، سیاسی، نەتەوەیی، ئابوری، بەدوو سەرە زیاتر ئافرەتان دەهاڕێ‌، تووشی دەیان، مەینەتی و ماڵ وێرانی‌و نەخۆشی و نەخوێندەواری و كاری قورسی ڕۆژانەی ژیان دەبن، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو چەوساندنە هەمە جۆرەو، ئەنجامە زێدە دژوارەكەی، تا ڕادەیەكی زۆر پەردەپۆش كراوە…!؟! سەرەڕای ئەوەی لەلایەن پیاوەوە، بەچاوێكی ڕاستەقینەو مرۆڤ پەروەرانە تەماشا ناكرێ‌…! وەك بڵێی لە ئەزەلەوە، وا لە نێوچەوانی ژن نووسراوە (!) (!) (؟) هەڵبەت، كۆمەڵی كوردەواریش، بەشێكی زیندوو لە كۆمەڵی مرۆڤایەتییە، كە قەبارەو قورسایی چەوساندنەوەكە، باری ئێجگار ژیانی ڕۆژانەی ئافرەتی كورد زیاتر ئاڵۆزو پڕ مەینەت كردووەو لەئاستی پێویست سەرنجی بۆ ڕانەكێشراوە…! بگرە هەندێ‌ جار، بگرە زۆر جارانیش-لەلایەن هەندێ‌ خەڵكانەوە- هەندێ‌ جارلەلایەن خەڵكانێ‌ گوایە نیشتمانپەروەرو پێشكەوتنخوازن- بەهەستێكی مرۆڤپەروەری و كۆمەڵایەتی خواز هەڵنەسەنگێندراون..؟!؟ لەوەش ڕۆشنتر، ئافرەتی كوردستانن لەئەنجامی ڕەوتی زێدە دژواری خەباتی دڕێژخایەنی كوردایەتی هاوچەرخ، تووشی دەیان چەشنە ئێش و ئازارو دەربەدەری و بەندیخانەو برسییەتی و ماڵ وێرانی بوون…! زۆر ڕۆشنە، لەو ڕەوتە پڕ شكۆدارەی خەباتدا، بەدەیان، بگرە بەسەدان، ئافرەتی ئازاو چاونەترس و تێكۆشەر، كە قارمانی كەم وێنەی سەردەمی خۆیان بووینە، چالاكانە هاوبەشی ئەو خەباتەیان كردووە. یەكێ‌ لەو ئافرەتە دیارانە: ئامینەخانی كچی حەمە ئاغای ئەمین ئاغای شاعیری بەناوبانگی كورد كە ناسراو بە ئەختەر، هاوسەری نیشتمانپەروەری ناسراوی كورد- رەئیس- بەكر حەوێزییە… ڕووداوەكانی ڕۆژانەی سەرەتا و ناوەڕاستی چلەكانی سەدەی بیست لەهەردوو بەشەكەی كوردستان- خواروو و ڕۆژهەڵات- بۆمان دەگێڕنەوە كە ئامینەخان ژنێكی كۆمەڵخوازو تێكۆشەری ناسراوی ڕێگەی خەباتی كوردایەتییە، بەتایبەتی لەسەردەمی شۆڕشی بارزان و لەڕەوتی دروستبوونی كۆماری كوردستان لەمەهاباد..هتد. بەداخەوە، تائێستا پێموایە، زۆر كەم لە بارەی ئەم ئافرەتە قارەمانەی كوردستان نووسراوە…؟! من لەلای خۆمەوە، پاش كۆچكردنی لە 2/1/1975 داوام لەهەرسێ‌ كچە بەڕێزەكانی كرد كورتەیەك لەبارەی ژیانی ئامینەخانی دایكیانم بۆم بنووسن، بۆ ئەوەی ڕۆژێ‌ دادێ‌ شتێ‌ لەبارەیەوە بنووسم… ئەوە نووسینەكەیانە، كەنزیكەی (27) ساڵە پاراستوومە وەكو خۆی، بەشانازییەوە، لە گۆڤاری شاووشكای تایبەت بەڕەوشی ئافرەتان بڵاودەكەمەوە… هیوام وایە، ئەم كورتە نووسینە و زانیارییە لەبارەی ئامینەخانی قارەمان، دەرگایەكی نوێ‌ بكاتەوە، بۆ ئەوەی زیاتر لەبارەی ئەو ژنە مەزنە و دەیانی دیكە ووتار و زانیاری بڵاو بكرێتەوە… بەواتایەكی دیكە، بۆ ئەوەی نەوەی نوێ‌ زیاتر بەمێژووی خەباتی كوردایەتیمان ئاشنابێت. هەڵبەت، ئەو جۆرە نووسین ولێكولینەوەو زانیارییانە، وەك كەرستەیەكی سەرەتایی باوەڕپێكراو و بەكەڵك نووسینەوەی مێژووی هاوچەرخی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان دێت… شایانی باسە، مامۆستا كەریم شارەزا، لە قەسیدەیەكی دڕێژ كە لەبارەی ئافرەتە قارەمانەكانی كوردستان نووسیوییەتی، دەوری نیشتمانی و ئازایەتی ئامینەخانی بەم جۆرە دەستنیشانی كردووە:
ئامینەخانی حاجی حەمە ئاغا
شۆڕە ژنێك بوو، دلێرو ئازا
ئەمەش، دەقی ئەو نووسراوەیە، كەكچەكانی ئامینەخان (گەڵاوێژ، ئەریوان، ئەرخەوان) بەر لە (27) ساڵ بۆ منیان نووسیوە، وەكو خۆی بڵاودەكەمەوە، تەنیا لایەنی زمان و شێوازو ڕێنووسی نووسینەكە كەمێك دەستكاری كراوە چونكە ئەوان كاتی خۆی بەشێوەیەكی ساكار نووسیویانە…

ئافرەتێكی نیشتمان پەروەری كورد
ئامینەخان كچی حەمە ئاغای ئەمین ئاغای شاعیری بەناوبانگی كورد، ناسراو بەئەختەر، لەبنەماڵەی حەوێزییانە، ساڵی 1929 هاتۆتە دونیاوە… پێش لە دایك بێت، باوكی كۆچی دوایی كردووە… لەتەمەنی شەش ساڵیشدا، دایكی كۆچی دوایی كردووە… سێ‌ برای هەبووە… ئەم ئافرەتە هەر لە منداڵییەوە، بەرچاو بوو، بگرە لەناو خزمەكانی خۆشەویست و خاوەن كەسایەتی و ڕەوشت بەرزبووە… لەساڵی 1945 لەكاتێكدا شوو بە بەكر عەبدولكەریم حەوێزی دەكات، كە ئەو- واتە بەكر حەوێزی ئەفسەرێكی ڕاكردووی بەخنكاندن لەلایەنی حكوومەتی نوری سەعید حوكم كراوە. بۆیە بەنهێنی ئامینەخان لە شاری كۆیە بۆ گوندی شیواشان لە ناوچەی تەق تەق گۆزراوەتەوە. پاش ماوەیەكی كورت، لەناوچەكەدا، ناوبانگی بلاَِوبۆتەوە، كەئافرەتێكی زۆر بەڕێز و هۆشیار و دەستكراوە و ڕەوشت بەرزو و جوامێرانەیە… لە دیوەخان دادەنیشت، وەك هەموو خاوەن دیوان و قوناغ و مێوانداری. جلوبەرگی ڕەنگاو ڕەنگی لەبەر نەدەكرد، هاوكات مرۆیەكی زۆر سادەو چاوی لە زۆری و دەوڵەمەندی نەبووە، بگرە لەگەڵ هەژارو لێقەوماوان، هەردەم دڵۆڤان و پشتیوان بووە… دیارە هەر بەخۆی وەكو جووتیارەكانی (فەلاح)، خەریكی كشتوكاڵ و فەلاحەتی بووە، بەكورتی هەموو كارەكانی زەویوزارەكانی خۆیان، بەخۆی ڕۆژانە بەڕێوەی دەبرد… سوارچاك و تفەنگ بەشان بوو،… شەوانە، لەبەر ترسی پۆلیسەكانی میری بۆ سەر ڕەشوەكەی (كێشكی) نۆبەتی گرتووە، چەند جار ڕووبەڕووی پۆلیسەكانی میری بووە، شەڕ ڕووی داوە. پۆلیسەكانی میری زۆر ڕەئیس بەكر عەبدولكەریمییان تەنگەتاو دەكرد، لەوەش زیاتر موڵك و ماڵی زۆری ڕەئیس بەكر تاڵان كرا، بەڵام ئامینەخانی هاوسەری هەردەم، وەك شێرەژنێكی چاونەترس بەرامبەر ئەو هەموو دەستدڕێژیانە دەوەستا. هاوكات زۆر شانازی بەوە دەكرد، كە هاوسەرەكەی لە ڕێگای نیشتمانپەروەریدا، بڕیاری خنكاندنی بۆ دەرچووە، بگرە لەوەش زیاتر هەردەم لەهەڕەشەی میری سڵی نەدەكردەوە جوامێرانە بەڕەنگاری ئەو بارە ناخۆش و ئاڵۆزە دەبووەوە. لەساڵی 1946 ئامینە خان بەنهێنی بەناوچەی پشدەر بۆ گوندی ڕەبەت بۆ لای هاوسەرەكەی ڕۆیشت…كە ئەوساكە بە (ڕوتبەی نەقیب) سەرهەنگ بەفەرماندەیی پێكهێنانی سەردەشت و بانە لە كۆماری میللی كوردستان دامەزرابوو. دوای سێ‌ ڕۆژ پاش گەیشتنی ئامینەخان بۆ گوندی ڕەبەت، شەڕێكی زۆر قورس لەنێوان هێزی دەوڵەتی ئێران و لەشكری كوردستان ڕووی دا، كە شەڕەكە بە (شەڕی چەژنی قوربان) ناوزەد كرا… لەبەر ئەوەی لە ڕۆژی جەژنی قوربان، شەڕەكە ڕووی دابوو. مایەی سەرنجە ئامینەخان، وەك هەموو سەربازێكی كورد چووە ناو سەنگەرەوە، بەئازایانە بەشداری شەڕەكەی كرد، كە لەم شەڕەدا بەهێزێكی زۆر كەم سێ‌ لیوای دەوڵەتی ئێرانی، كە هێرشیان بەتانك و فرۆكەوە نەك تەنیا شكاندرا، بەڵكو بۆ سەردەشت ڕاوەنرا…دیارە كوشتارێكی زۆریش لە دوژمن كەوت.. دوای ئەم شەڕە ئامینەخانی شۆڕشگێر لەشاری مەهاباد جێنشین بوو، شایانی باسە، لەلایەن سەركۆمار قازی محمدی نەمر، زۆر ڕێزی لێ‌ گیراوە، هەروەها خەڵكی بەشەرەفی مەهاباد بەچاوێكی پڕ لە ڕێزەوە تەماشایان دەكرد… هەردەم بەنموونەی ئافرەتێكی كوردی قارەمان تەماشایان دەكرد…! هەر چوار شەهیدەكەی 19ی حوزەیرانی 1947، عیزەت عەبدولعەزیز، مستەفا خۆشناو، خیرالله عەبدولكریم و و محمد قودسی، دەیان گووت، ئەو كاتەی كورد بەتەواوی خاوەن دەسەڵات دەبێ‌، دەبێ‌ ئامینەخان یەكەم وەزیری ئافرەت بێ‌… لەوەش زیاتر دەبێ‌ پەیكەری بۆ دروست بكرێ‌…!! پاش ڕووخانی كۆماری كوردستان، ماوەیەك لەشاری شنۆ مایەوەو لەكاتی شەڕەكانی نێوان هێزی بارزانی و هەموو ئەو كوردە نیشتمانپەروەرانەی كە چوونە پاڵ كۆماری كوردستان گەڕایەوە عێراق، چەند مانگێك لە دەشتی دیانا – ناوچەی ڕەواندز- بەند كرا پاشان ئازاد كرا، گەڕایەوە شاری كۆیی، لەوێوەش چووە گوندی شیواشان… هاوكات كۆڵی نەدا بۆ یاریدەی ڕەئس بەكر عەبدولكەریمی هاوسەری كە خۆی بەدەستەوە نەدابوو، واتە هەر بە (فیراری) لە دەوروبەری سلێمانی بوو… تاكو ساڵی (1956) بەهەوڵ و كۆششی شێخ مەحموودی نەمر، بڕیاری خنكاندنی لەسەر لاچوو… شایانی باسە، شێخ مەحموودی مەزن، زۆر ڕێزی ئامینەخانی دەگرت و وەك كیژیكی خۆشەویستی خۆی تەماشای دەكرد… دوای گەڕانەوەی بەكر عەبدولكریم بۆ سوپای عێراق تا ساڵی 1959 لەشاری كۆیە نیشتەجێ‌ بوون…لەساڵی 1962، بەكر عەبدولكریم، پەیوەندی بەشۆڕشی كوردستان- شۆڕشی ئەیلوول- كرد، هەمدیسان ئامینەخان، تووشی ئەشكەنجەی ژیان بووەوە… لەوەش ڕۆشنتر هەرچی پارەو پوول و زێری هەبوو، چەك و فیشەكی پێ كڕی و بۆ شۆڕشی كوردستان- هێزی سەفین- ڕەوانەی كرد. ئەوكات بەكر عەبدولكریم فەرماندەی ئەو ناوچەیە بووە. لەساڵی 1964، ڕوویان لە ناوچەی ڕانیەو پشدەر كردووە، لە گوندی هێرۆ جێنشین بوون، هەمان كات، چەند خێزانی دیكە، نموونەی ماڵی كاكە عەونی یوسف و شێخ حوسێن بۆسكینی و چەند خزمانی دیكە … لەساڵی 1967 لەبەر نەخۆشی بەنهێنی بۆ شاری هەولێر لەگەڵ هەر حەفت (7) منداڵەكانی گەڕاوەتەوە، لەگەڕەكی تەیراوە بەناوی خواستراوە- مستعار- نزیك ماڵی براكەی دانیشتوون. بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە، ڕۆژی 2ی مانگی كانوونی دووەمی ساڵی 1975 لەگەڕەكی ئازادی لە هەولێر گیانی پاكی بەخوا سپاردو تەرمەكەی بۆ كۆیێ‌ بردرایەوە، لەنزیك گۆری باپیری خوالێخۆشبوو (ئەختەری) شاعیری ناسراو ئەمین ئاغا، لە گۆرستانی حەوێزیان نێژرا.
شاعیری میللی كورد، ڕۆستەم حەوێزی، پاش مردنی ئامینەخان، بەشیعرێكی 16 نیودێری دەهۆنێتەوە:

عومری لەمەرگی بەستراوە ئینسان( )
بۆ ئەوانەی كە هەن كەس نادرێ‌ ئامان
گەلێ بەخەفەت ژین بەسەر دەبەن
كەمیش بەخۆشی و ئاهەنگ وسەیران
ئەوەی ڕێی چاكە بگرێتە پێش خۆی
ناوی دەمێنێ‌ وەك ئامینەخان
دایكی جەمیلە، باوكی حەمەئاغا
لە ڕەچەرەگی حەوێزی نیشاندا
بەهەشتی بۆ خۆی كردە دوا هەوار
بەقسەو كردەوەو ڕەوشتی جوان
ئاسمان مەلوولی خۆی نیشاندا
فرمێسكی حوزنی باراند لە تاوان
ئێواریی دووكانوونی دووەم
شەشەمین ڕۆژی دوا جەژنی قوربان
ساڵی نۆ سەدو حەفتاو پێنج بوو
لەدوای هەزاری چوو بۆ عارەبیان( )
لەكۆتاییدا، هەزارویەك چەپكە گوڵی ڕەنگین بۆ گیانی پاكی ئامینەخانی حەمە ئاغای ئەمین ئاغای ئەختەرو تێكرایی ژنە تێكۆشەرەكانی
كوردستانی گەورە، كەنموونەی ئامینەخان گەڵی زۆرن، بەڵام زۆر كەم لەبارەیان نووسراوە…هیوام وایە، درەنگ وەختە، واتا ڕۆژێك زووتر، مێژووی پڕ لەسەروەری و شكۆداری خەباتی سەختی هەمەلایەنی ژنانی كوردستان بەتایبەتی تێكرای تێكۆشەرە مەزنەكانی كورد تۆمار بكرێ‌… دیارە ئەم نامەیەش (27) ساڵ لە پاراستن، لەم دەرفەتەدا (درەنگ وەختە) بڵاو دەكەمەوە… خوازیارم سود بەخش بێ‌.
سەرچاوە : گۆڤاری شاووشكا ژمارە (7).

18643809_1425642914184484_1740998318_n

About دیدار عثمان

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …