Home / ناوداران / خەباتگێڕی پێشكەوتنخوازی كورد عاصم حەیدەری 1921-1971

خەباتگێڕی پێشكەوتنخوازی كورد عاصم حەیدەری 1921-1971

18644583_1425642930851149_738808580_nعاصم

كەریم شارەزا

خەباتگێری پێشكەوتنخوازی كوردو نووسەری خامە رەنگین عاصیم كوڕی حەیدەری كوڕی عاصیم حەیدەری، لە رۆژی 19/6/1921 دا لەشاری هەولێری دێرین لە دایكبووەو چاوی بەدیمەنی دڵگیری قەلای مێژوویی‌و منارەی دێرینی شارەكە كراوەتەوە ‌و لە بنەماڵەیەكی زانست‌و ئەدەب پەروەرو خەباتگێر سەری هەڵداوەو لە تەمەنی 7 ساڵیدا چووەتە قوتابخانەی سەرەتایی هەولێرو قۆناغی سەرەتایی‌و ناوەندی لە شارەكەی خۆیدا تەواو كردووە، ئینجا چووەتە بەغدا‌و لە”دار العلوم” لەئەعزەمیە وەرگیراوە بەڵام لەبەر نەخۆشی خوێندنی پێ تەواو نەكراوە، چونكە لەسەدەمی هەرزەكارییەوە تووشی نەخۆشی تەنگەنەفەسی بووەو گەڕاوەتەوە هەولێر‌و ماوەیەك بێ كاربووە تاكو لەساڵانی 1944‌و 1946 كراوە بە فەرمانبەر لە فەرمانگەی(تەموین) لەشاری هەولێر‌و نموونەی فەرمانبەری راست‌و دەست پاك بووە لەگەڵ سەرهەڵدانی رێكخراوی ماركسی كورد”شۆڕش” لەنیوەی یەكەمی چلەكانی سەدەی رابردوودا،بووەتە ئەندامێكی چاڵاكی ئەو رێكخراوە شۆڕشگێرەو بەچاكی فێری بیرو باوەرو فەلسەفەی ماركسی بووە، هۆشیارییەكی سیاسی باشی لەو مەیدانەدا پەیداكردووە.
لە یەكەم ئاهەنگی ئاشكرای نەورۆز لەشاری هەولێر لەساڵی 1946 دا وتاری رێكخراوی(حزبی شۆرش)ی خوێندۆتەوەو ئەم زاتە تێكۆشەرە لەگەڵ هەڵوەشانەوەی ئەو حزبە ماركسیە لەساڵی 1946 دا چووەتە رێزی حیزبی شیوعی عێراق‌و وەك ئەندامێكی دڵسۆزو چاڵاك كاری ژێرزەمینی لەوحزبە تێكۆشەرەدا كردووە.
كەراپەڕینە نیشتیمانیەكەی گەلی عێراق بەكوردو عەرەبیەوە لەكانوونی دووەمی ساڵی 1948دا هەڵگیرسا، ئەم تێكۆشەرە لە خۆپیشاندان‌و كۆبوونەوەكانی جەماوەری هەولێردا رابەرو ووتاربێژی ئەو راپەڕینە بووە، بەڵام كاتێك كەحكومەتی عێراق لە 15/5/1948 حوكمی عورفی راگەیاند دەستەیەك لەخەباتگێرە ماركسیەكانی هەولێری وەك عاصیم حەیدەری‌و جەمال حەیدەری‌و عادل سەلیم‌و هاشم عەبدوڵڵاو شێخەشەل‌و چەندان تێكۆشەری دیكەی هەولێرو كۆیەو رەواندز گیران‌و دران بە دادگای عورفی عەسكەری لەبەغداو لەئەنجامدا عاصیم حەیدەری تێكۆشەر بۆماوەی 7 ساڵا زیندانی‌و 3 ساڵ دوورخستنەوە لەهەولێر‌و خستنەژێرچاودێری پۆلیس حوكم دراو ئەمیش وەك خەباتگێرێكی ورە بەرز خۆی لەبەر ئەو حوكمە ناڕەوایە گرت تاكو بەر لە بەرپابوونی شۆڕشی 14ی تەمووزی 1958 بەماوەیەكی كەم ئازاد كراو گەڕایەوە هەولێر بۆ بەردەوام بوونی لەكاروانی تێكۆشان لەرێزی حزبە تێكۆشەرەكەی، حزبی شیوعی عێراق دا.
كە شۆڕشی 14ی تەمموزی 1958 هەڵگیرسا، كاك عاصیم بیر لە پێكەوەنانی شاندێكی نیشتیمانی كردەوە، تاكو بەناوی جەماوەری شاری هەولێرەوە بچێ بۆ بەغدا بۆ پیرۆزبایی كردن لە سەرانی شۆڕش‌و پێشكەش كردنی داخوازییەكانی جەماوەری كورد، بۆیە لەگەڵ بەرێزان پارێزەر عەونی یوسف‌و شەمسەدین موفتی‌و چەند نیشتیمانپەروەرێكی دیكە بەرەو پایتەخت بەرێكەوتن، لەوێ لەگەڵ شاندێكی دیكەی كوردستان یەك دەگرن‌و داخوازییەكانیان یەك دەخەن‌و لە رۆژی 27ی تەمموز دەچنە وەزارتی بەرگری‌و سەركردەی شۆڕش زەعیم عەبدولكەریم قاسم پێشوازیان لێ دەكات‌و مامۆستا ئبراهیم ئەحمەد بەناوی شاندی هاوبەشی كوردستان هەموو داخوازییەكانی كورد لەگەڵ وتارێكی رێك‌و پێكدا پێشكەش بە سەركردەی شۆڕش دەكات.
مامۆستا عاصیم حەیدەری لەدوای شۆڕشی 14ی تەمووز رێبازێكی نەتەوەیی پێشكەوتخواز دەگرێ‌و دەچێتە نێو ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و دەبێتەئەندامی لێژنەی محەلی هەولێر، تاكو لەكۆنگرەی چوارەمی پارتی دا كە لە نێوانی رۆژانی 4-7ی تەمووزی 1959 لەبەغدا بەستراو لە خەتی چەپڕەوی (هەمزە عەبدوڵڵا-صالح حەیدەری) درا لەو ساوە لەپارتی كشایەوەو وەكو كوردێكی پێشكەوتخوازی ماركسی هەڵس‌و كەوتی دەكردو لەساڵی 1960دا لەگەڵ ئەو كەسانەبوو كە دەیانوویست حزبی جمهوری عێراقی دابمەزرێنن‌و كاتێك كە دەستەی دامەزرێنەری حزبەكە داوای مۆڵەتی فەرمیان كرد بۆ ئیش كردن ئەم لەو كەسانەبوو كە پشتگیری داواكەیان كرد‌و بۆ ئیمزاكردن.
مامۆستا عاصیم لەدوا دوای(ساڵی 1963)وەتاكو 1971 فەرمابنەر بووەتاكو لەر ۆژی 20 ی تەمووزی 1971 لەتەمەنی 50 ساڵیدا ماڵئاویی لە كوردو كوردستان كردو لاپەڕەی ژیانی‌و خەباتی تێكۆشەرێكی كورد تا هەتا هەتایە پێچراویەوە.
كاك عاصیم حەیدەری هەر تێكۆشەرێكی بەجەگری دڵسۆز نەبوو بەڵكو لەهەمان كاتدا نووسەرێك خامەرەنگینیش یەكێك بوو، لەنوسەرانی گۆڤاری گەڵاویژو بابەتی وەرگێڕداروی تێدا بڵاو دەكردەوە تەنانەت جارێكیان لەسەر وتارێكی لەبارەی دەوری كورد لەشۆڕشی 1920 دا دراوە بەدادگاو سێ مانگ بەندكراوە.
سڵاو لەگیانی مامۆستا عاصیم حەیدەری خەباتگێرو نووسەر بەجەرگی كورد.

سەرچاوەكان:
1-گۆڤاری هەولێر-ژمارە (2) ئەیلولی 1971، نووسینێكی كاك مومتاز حەیدەری.
2-دانیشتێك لە گەڵ خوالێخۆشبوو صالح حەیدەری‌وممتاز حەیدەری لە رۆژی 5/6/1995دا.
3- ناودارانی كورد نووسین‌و ئامادەكردنی كەریم شارەزا، تۆمارە(15) دەست نووس

نن

21/3/1946 – هةوليَر

يةكةم ئاهةنطى نةورؤز بةئاشكرا

شاعیرێكی جەنگاوەر
هەولێر: عاصم حەیدەری
گۆڤاری گەڵاوێژ
ژمارە (8) ساڵی (4)
ئابی 1943
چلەی هاوینە، قرچە قرچی هەتاو دونیا ئەسوتێنێ، زەوی لەبەر گەرمای هەتاو سور هەڵگەڕاوە، دەشتێكی ووشك‌و بێ ئاو، تەنانەت دڕك‌و پوشیش لێَی نەڕواوە، لەم دەشتەدا جەنگاوەرێكی دلێر تفەنگێكی بەسەر شانەوەیە، قەبارەیەكی بەدەستەوە، ماتەرەیەكی بێ ئاو بەلاقەدەویە، لەبەر تێنوێتی‌و ماندوێتی زمانی كەوتۆتە لا لیوی بەجارێ لە پەل‌و پۆكەوتووە، ئەم جەنگاوەر ئەوا لە دوا دوایی ژیانیایەتی، جار جار خۆی ئەدا بەدەست مردنەوە، جار جار لەسەر گازی پشت خۆی ئەدا بەزەویدا، هێندێ‌ جاریش تەكان ئەدا دەست ئەكا بەرۆشتن بەڵكو بەئاوێك بگات و تێری لێ بخواتەوەو بەدارێك لە سێبەری بحەسێتەوە، كتوپڕ لە دوورەوە شینایەكی بەرچاو كەوت، گایە بەدەر ئەكەوت، گایە وون ئەبوون هێزێكی تێكەوت، هۆشێكی پێهاتەوە، خۆی گەیاندێ، سەیر كرد لەسەر گۆڕێكی بەدیمەن روواوە، جوگەلە ئاوێك: ئەڵێی چاوی قرژانگە بەناوەڕاستیا رەت ئەبێ، چوار دەوریشی دیسان داری گەڵاداری گەردەن بەرزە، مەلەكان لەسەر چلەكانیانەوە ئەچریكێنن، بەبێ پەروا نووسا بە جوگە ئاوەكەدا، ها ئێستە ووشكی كا ها ساتێكی تر، تێرو پڕی لێ خواردەوەو چوو لە سێبەری دارەكانا راكشا دەستی كرد بە گفتوگۆ:
ئەی جەنگاوەری شاعیر!! لەكوێوە بۆ كوێ؟
لەخاكی نیشتیمان بۆ وڵاتی دوور: لەخزم‌ودۆستەوە بۆ لای دوژمن‌و بێگانە،! لە باغ‌و باغچەوە بۆ دەشتێكی رووت‌و ووشك، لەدەشتە كە رووباری ئاسمانی تێئەرژی بۆ صەحرایەكی دیمەكاری لەناو ئاوازی عودو نەی ساز بۆ دەنگی تۆپو تفەنگی ناساز، لەژیانەوە بۆ مردن.
ئەمانە بۆچی وە لەبەرچی؟ بۆ كوشتنی ئادەمیزادی هاوشكلم: بۆچی؟ تا باسی نیشتمان‌و میللەتم بكەم! ئاخ بەلا كوا نیشتمانم؟ ئایا دنیا سەرا سەر نیشتمانم نییە؟ ئایا ئادەمیزاد هەموو براو هاوخوێنم نییە؟ لەبەرچی ئەیانكوژم‌و بۆچی؟

ئاگری بن كا چییە؟
ئاه.. زەوی لەبەرچاوم تەنگ‌و تاریك بوو، ووریابە ئەی مەرگ وەرە بۆ لام لەم ئازارە رزگارم كە…!
ئاه….بالندەكان هەموو بفرن، ئەی با راكە، ئەی ئاو تو گوم بە، هەموو بچن شكات لە جەوری ئادەمیزاد بكەن…!
ئاه…ئەی گیان لەبەرەكان؛ گوێم لێ راگرن، ئاگاداربن لەمەزارستانی كوژراوانی بەناهەق راوەستاوم، سەیرم كردن ئەمانە ئەوانەن كە لەراهی ئێوەدا خۆیان بەكوشت داوە! تەماشام كردن بەڵام چیم بەر چاوكەوت؟
دیم مەزارەكان هەموو دەركییان كرایەوە كوژراوەكان بە سەرو روومەتێكی خوێناویەوە بەدەردەكەوتن، ئێسقانەكانیان هەر پارچەیەك بەلایەكدا كەوتووە، سەر لەنوێ، سەیرم كردنەوەی كە دیم یەكێكیان راست بووەوە‌و بانگی كرد، ئەی ئەو كوژراوە بەشەرەفانەی كە خوێنە گەشەكەتان ئێستەش دڵۆپ، دڵۆپ دەمرماندی دەردی بریندارانە، راست بنەوە نەمردوون، نەكوژراون، نەپیكراون، كە سەیرم كرد هەموو ئەم كەلەشە بێ گیانانە كەوتنە جولە ، جولە، ئەم ئێسكە –ئێسقان-بڵاوانە هەموو پێكەوە نووسانەوە، ئەم مێشكە پژاوانە هەموو كۆبوونەوەو هەریەكە لە عاستی خۆی راست بوەوەو بەدڵ گوێ دایە ئەم خوگبهیە كەلە قەلافەتێكی بێ روحەوە دەرئەچێ! كە ئەم دیمەنە بەسامەم دی، ووتم چی بكەم، تەمەشام كرد چیم دی؟

دیم كە ئەم خوتبەیە بەرزە بانگ ئەكا ئەڵێ:
وەرن ئەی كوژراوەكانی دەستی جەوری زەمانە، تابچینەوە لای زیندوەكان، بە شوێنم كەون تاكردەوەی خراپیان بژمێرین، بەشوێنم كەون تا سەیرێكیان بكەن بزانین لەپاش ئێمە چی ئەكەن؟ بە شوێنم كەون تا بزانین ئەم كردەوەیەمانیان بەچاك زانیوە؟ بەشوێن كەون هەتا بزانن چیە گوناهكاریمان، ئەوان لە باغ‌و باغچەو كۆشك‌و سەردا بەزم‌و ئاهەنگ‌و شادی‌و پارە كۆكردنەوە گاڵتە بەگەردوون بكەن، ئێمەش لەژێر ئەم خاكەو بەردی گرانباوی بێ دەرەتانا بتلێینەوە، بەشوێنم كەون، تا ئەم هەقەبستێنین،‌و بزانین لەپاش ئەمەی كە تووشمان بووە بە تووشی ئەم رۆژەوە ئەم زیندوانە مەبدەْ و كردەوەی ئێمەیان بۆچ ئەوەندە تر گران كردووە…؟

دیسان سەیرم كرد چیم دی….؟
دیمەنێكی زۆر بەترسترم دی، بەهەزاران بۆ ئەو ئێسقانی ئادەمیزادم دی، كە بۆ لای من گڵ ئەبوونەوە، ئەوا منیش بەهەلەداوان بۆ لای ئێوەهاتم، وا ئەوانیش بەشێوینمەوەن، وریابن، ئامادەبن بۆ وەڵامییان، گیان لەبەرەكان، ئادەمیزادەكان، ئەی ئەوانەی كە ئەژین بەكەیف، ئەوانەی بۆ شكات هاتوون، وەكو چوونتان پێ ئەڵێم، بەڵام داخەكەم كێ هەواڵ ئەپرسی..؟

تێبینی:
ئەم نووسینە- وەرگێرانە- كە 65 ساڵ لەمەوبەر گەنجێكی هەولێر، واتا كاك عاصم –ی برا گەورەمان بەو زمانە رەوان‌و پاراوی ئەدەبی بڵاوكردۆتەوە…كەئەوسا زمانی كوردی لەشاری هەولێر زۆر لاواز بووە.
شایانی باسە، پێش چەند ساڵێك مامۆستا كەریم شارەزا، بەزمانی عەرەبی لەبارەی كەسایەتی رووناكبیر عاصم حەیدەری نووسیبووی بۆ رۆژنامەی خەبات، چاپی عەرەبی، پاشدان بۆ گۆڤاری زاگرۆس، هەر دووكیان نووسینەكەی مامۆستا شارەزا لەبارەی عاصم حەیدەری یەوە رەتیان كردبووەوەو لەجیاتی ئەوەی شەقامێك بەناوی عاصم حەیدەری ، یان براكانی: صالح حەیدەری‌و جەمال حەیدەری بكەن، كەچی لەهەولێر شەقام بەناوی زوورگەزراووهی دیكە كراوە!!…نەخێر چونكە كورد پەروەرێكی پێشكەوتنخواز بووە، بڵاوكردنەوەی لە بانگی مەلاكە، بۆ پەزی خرابتر بووە…!؟!

___________________________________________________
* 71 ساڵ / 2014

18643809_1425642914184484_1740998318_n

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About didar othman

Check Also

1516611239wefayi

وه‌فایی

جام کوردی: میرزا عەبدوڕە‌حیم سابڵاغی ناسراو به وەفایی شاعیری به ناوبانگی کورد، ساڵی ١٢٦٤ی ھەتاوی …