Home / ناوداران / خەباتگێڕی نەتەوەیی كورد د.جەعفەری محەمەد كەریم 1910-2000

خەباتگێڕی نەتەوەیی كورد د.جەعفەری محەمەد كەریم 1910-2000

18644583_1425642930851149_738808580_n

د جعفةر

كەریم شارەزا

خەباتگێڕی نەتەوەیی كورد دكتۆر جەعفەر محەمەد كەریم لە ساڵی 1910 دا لەناحیەی (زورباتیە) ی سەر بە قەزانی (بەدرە) ی پارێزگای كووت لەخێزانێكی نیشتیمانپەروەری كوردی فەیلی لەدایك بووەو لەشاری بەغدا گەورە بووەو دوای تەواوكردنی خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندیی‌و ئامادەیی لە كۆلیجی پزیشكی هەر لەشاری بەغدا وەرگیراوەو لەساڵی 1936دا بڕوانامەی دەرچوونی وەرگرتووەو بووەتە پزیشكێكی مەعلان‌و خێرخواز‌و هەفتەی دوو رۆژ لە عیادەكەی خۆی لە گەڕەكی (باب ئەلشیخ) بەخۆڕایی سەیری نەخۆشی هەژارو نەداری دەكرد، بۆیە بوو بووە كەسایەتێەكی خۆشەویست لەناو كوردە فەیلیەكان‌و هەموو كوردو زۆربەی دانیشتوانی شاری بەغدا.
ئەم پزیشكە نیشتیمان پەروەرە دڵسۆزەی كورد لە ساڵی 1939 وە چووەتە نێو رێزەكانی رێكخراوە نەتەوەییەكانی كوردو بووەتە ئەندامێكی چاڵاكی (حیزبی هیوا) بەسەرۆكایەتی مامۆستا رەفیق حیلمی‌و لە ساڵی 1942دا كە لە هەولێر پزیشك بووە لەسەر چاڵاكی سیاسی لەناو حیزبی هیوادا گیراوەو ناردراوە بۆ عەمارە لەخوارووی عێراق‌و كاتێكیش كە چاڵاكی سیاسی ئەو حزبە كزبوو و بەرەو هەڵوەشاندنەوە چوو، لە سەر هەیكەلی ئەو رێكخراوە سیاسیە دوو رێكخراوی سیاسی كوردی دامەزراند، ئەوانیش رێكخراوی (شۆرش) بوو لە 1944‌و (رزگاری) لە شوباتی 1945‌ودكتۆر جەعفەر بووە یەكێك لە سەركردەكانی حیزبی رزگاری كورد)‌و كاتێكیش كە لەسەر راسپاردەی بارزانی نەمر لە كوردستانی عێراق حزبێكی نەتەوەیی دیموكراتی پێشكەوتنخواز ی كورد بەناوی پارتی دیموكراتی كورد، لە 16/8/1946دا دامەزرا‌و كۆنگرەی یەكەمی لەو رۆژەدا بەسترا ‌و دەستەی سەرۆكایەتی لێژنەی مەركەزی بەم جۆرە هەڵبژێردران:
1-بارزانی مستەفا / سەرۆكی پارتی دیموكراتی كورد
2-شێخ لەتیف شێخ مەحمود/ جێگری یەكەمی سەرۆك
3-كاكەزیاد ئاغای غەفوری / جێگری دووەمی سەرۆك
دوای هەڵبژاردنی لێژنەی مەركەزی ئەندامانی بەم جۆرە ئەندامانی مەكتەبی سیاسییان هەڵبژارد.
1-هەمزە عەبدوڵڵا: سكرتێری لێژنەی مەركەزی.
2-جەعفەر محەمەد كەریم، 3- عەلی عەبدوڵڵا ئەمین ، 4-عبدالكریم توفیق 5-رەشید عەبدولقادر بوون بەئەندامی ئەو مەكتەبە سیاسی یەی پارتی، دكتۆر جەعفەر دیاترین ئەندامی رووناكبیری سیاسی پارتی بوو. لەگەڵ دورست بوونی كۆماری دیموكراتی كوردستان سەردانی مەهابادی كردبوو، پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵ پێشەوا قازی محەمەد سەركۆماردا بووەو دوای گەرانەوەی بۆ عێراق چاڵاكیەكی باشی چ لەناو پارتی‌و چ لەگەڵ سەركردەكانی حزبی(وەتەنی دیموكراتی)ی عێراقی دابووە‌و پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵیاندا بەستووە، بەتایبەتی لەگەڵ سەركردەكانی مامۆستا كامیل چادرچی دا.
دكتۆر جەعفەر لەسەر چاڵاكی سیاسی‌و كوردایەتی دڵسۆزانەی لە ساڵی 1948 بەو بیانووەی(تەبەعەی ئێرانییە)، حكومەتی عێراق رەگەزنامەی لێ سەندۆتەوە ئەگەر چی لەدایك‌و باوكیش لە عێراق لەدایكبوون. بەڵام سەبارەت بە هەڵوێستی سیاسی‌و خەباتی كوردایەتی ئەو بیانووەیان بۆ دۆزیوەتەوەو رەوانەی ئێرانیان كردووە ئەویش چووە لەتاران دانیشتووە، كەچی لەوێش 3 ساڵان بەند كراوە بەو ناوەی بەشداری لەكۆماری دیموكراتی كوردستان كردووەو كە بەریش دراوە دوای ماوەیەك بەو بیانووەی كە لایەنگری حكومەتەكەی دكتۆر محەمەد موسەدەق بووە دەستگیر كراوە‌و ماوەیەك بەندیخانەی شاهەنشاهی بەندا كراوەو كاتێك كە شۆڕشی 14ی تەمووزی 1958 لەعێراق هەڵگیرسا، حكومەتی شۆڕش رەگەزنامەی پێدایەوە كەچی ئەم دكتۆرە نەفس بەرزە متمانەی بە پیاوانی عەسكەری حوكمڕانی عێراق نەبوو كە تاسەر لەسەر یەك هەڵوێست بمێنێنەوە‌و ئازاداییە دیموكراتییەكانی میللەت بپارێزن بۆیە نەهاتەوە عێراق‌و باوەڕی بە سیستەمێكی سیاسی نەبوو كە عەسكەری هەڵیسوڕێنن.
بۆیە وای پێ پەسەند بوو كەهەر لەتاران بمێنێتەوە‌و لەو شارەدا عیادەكەی بۆ كوردو بۆ هەژاران هەمیشە كراوەبوو بەبێ پارە نەخۆشی هەژاری فەحس دەكرد‌و لەهەمان كاتیشدا ئەوعیادەیەی بوو بووە شوێنی بەیەكگەیشتنی هەر كوردێكی لەهەر پارچەیەكی كوردستان چووبێتە ئەو شارەی تاران.
بەم جۆرە ئەو تێكۆشەرە كوردە لە دوور وڵاتیدا ژیا، بەڵام هەردەم دڵی لەكوردستانی مەزندا بوو، تاكو لە رۆژی 1/8/2000دا لەتەمەنی 90 ساڵیدا كۆچی دوایی كردو لە گۆڕستانی (بەهەشتی زەهرا)بەخاك سپێردراو لاپەڕەی ژیانی خەباتگێرێكی مەزنی كورد پێچرایەوە.

سەرچاوە:
1- نشرە(العودە=گەڕانەوە) العدد 6تشرین الاول2000.
2- برایەتی –ژمارە 2938 لە 5/10/1999-پانۆڕامای كۆنگرەی پارتی ئامادەكردنی –كەریم قادر.

18643809_1425642914184484_1740998318_n

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About didar othman

Check Also

Screen Shot 2017-01-31 at 8.19.52 PM

شێخ محه‌ممه‌د عوسمان سیڕاجه‌دینى نه‌قشبه‌ندیى دووه‌م پێشه‌وایه‌كى ئایینیى نیشتمانپه‌روه‌ر و ڕابه‌رێكى سۆفیگه‌ریى میانڕه‌و

دواى هاتنى مه‌ولانا خالیدى نه‌قشبه‌ندى و بوژاندنه‌وه‌ى ڕشته‌ى ته‌سه‌وف ‌و عیـرفان له‌ كوردستاندا، خه‌ڵكانێكى زۆر …