Home / ناوداران / ئافرەتی كارگێڕی ناودارنی كورد عادیلە خانم 1859 – 1924

ئافرەتی كارگێڕی ناودارنی كورد عادیلە خانم 1859 – 1924

18644583_1425642930851149_738808580_n

عاديلة خانم

كەریم شارەزا

ئافرەتی كارگێری ناوداری كورد، (عادیلە خانم)ی هاوسەری وەسمان پاشای جاف، كچی عبدالقادر بەگی ساحێبقرانە. بنەماڵەكەی لەدوای تێكچوونی فەرمانڕەوایی میرنیشنی بابان لە ساڵی (1851)دا لە سلێمانییەوە چووەتە وڵاتی ئەردەلان لە كوردستانی ڕۆژهەڵات و، عادیلە خانم لە ساڵی(1859) لە شاری سنەی پایتەختی ئەردەڵان لە دایك بووەو لەناو گەورەو سەردارەكانی ئەو شارو دەڤەرە چاوی كراوەتەوە. بنچینەی خوێندن و فێربوونی قورئانی پیرۆزی لەسەر دەستی مامۆستای تایبەتی وەرگرتووە تاكو بووەتە خوێندەوارێكی هۆشیار. ئەو ئافرەتە تێگەیشتووە لەساڵی (1895)دا شووی بە وەسمان پاشای جاف كردووەو لەشاری هەڵەبجەدا ژیاوەو بووەتە دایكی شاعیری ناوداری كورد ئەحمەد موختار جاف (1898 – 1935)و ئەو ڕۆڵەیەی بە جۆرێكی وا پەروەردە كردووە كە لە دوا ڕۆژدا ببێتە رابەری كۆمەڵگاكەی و دڵسۆزی نیشتمانەكەی. لەدوای مەحموود پاشای جاف، سەرۆكایەتی ئەو هۆزە مەزنەی جاف كەوتە ئەستۆی وەسمان پاشای مێردی عادیلە خانم، ئەو ئافرەتە لێهاتووە هۆشیارە بووە بە یارمەتیدەرێكی كارای هاوسەرەكەی و كە وەسمان پاشا زیاتر دەچێتە ناو ساڵانەوە، عادیلە خانم هەموو كارو باری هۆزی جاف سەركەوتووانە بەڕێوە دەبات و ناوبانگی لە هەموو ناوچەی شارەزوورو هەورامان و شوێنەكانی دیكەی كوردستانی باشوور بڵاو دەبێتەوەو ڕێزێكی زۆری نەك هەر لەناو هۆزەكەی خۆی بەڵكو لەناو عەشیرەتەكانی دیوی كوردستانی (ئێرانیش) دەبێ‌ و فەرمانی جێبەجێ دەكرێ‌ و هەموو كێشەیەكی كارگێری و كۆمەڵایەتی لە دوای كۆچی دوایی وەسمان پاشا چارەسەر دەكردو بەندیخانەی تایبەتی دروست كردبوو بۆ بەندكردنی ئەو تاوانبارانەی كە حوكمی دەدان. ئەو ئافرەتە مەزنەی كورد زۆر حەزی بە ئاوەدانی و پێشخستنی زانست و خوێندەواری دەكرد. قوتابخانەو بازاڕێك و چەند باڵەخانەی گەورەی لە هەڵەبجە بنیات نا و لە گوندێكی بچووكەوە كردیە شارێكی ئاوەدانی بەهات و بات و گەلێك باخ و سەیرانگای جوان و دڵگیری لێ‌ دروست كرد. بەكورتی عادیلە خانم ژیانێكی شارستانی لەو شارە خنجیلانەی هەڵەبجەدا پێكەوەناو وەك ئافرەتێكی بەدەسەڵات و فەرمانڕەوا لەو ناوچەیەو لەناو هۆزی جافدا ژیا تاكو لەتەمەنی (65) سالیدا لەبەهاری ساڵی (1924)دا كۆچی دوایی كردو لە گۆرستانی (عەبا بەیڵا)ی نزیك هەڵەبجە بە خاك سپێدرا و سڵاو لە گیانی ئەو شێرە ژنەی كورد.

عادیلە خانم لەدیدی مێژوونووس و سیاسەتمەداراندا:
* ئەمین زەكی بەگی مێژوونووسی ناوداری كورد لە بارەیەوە گوتوویەتی:-
(ئەو ئافرەتە لێهاتووە دەستی بەسەر كاروباری وەسمان پاشای هاوسەریدا گرت و جڵەوی كاروباری شارەزوورو هۆزی جافی بەتەواوی گرتە دەست و خۆی هەر كێشەیەكی روویدابایە چارەسەری دەكرد، دێی هەڵەبجەی كردە شارێكی خجیلانەی بەهات و بات و ڕازاوەی ئاوەدان و نامەی بۆ هەموو لایەك دەناردو فەرمانی لە ئەردەلانیش جێبەجێی دەكرا)
* ستیڤن هەمیسلی لۆنگریك لە كتێبەكەی (عێراق لە نێوان (1900- 1950)دا لە بارەی عادیلە خانمەوە گوتوویەتی:-(خاتوو عادیلە خانم سەرۆكایەتی هۆزی جافی لەم دیوو لەو دیوی سنوری عێراق و ئێران لەگەڵ وەسمان پاشای هاوسەری گرتە دەست و زۆرجار لە رووی حكومەتی عوسمانی دەوەستان و باج و خەراجیان پێ‌ نەدەدان. كاتێك وەسمان پاشای هاوسەری لە مانگی مارتی ساڵی (1910)دا كۆچی دوایی كرد، دەسەڵاتەكەی لە هەڵەبجەو ناوچەكەی هەرما، تەنانەت كاتێك كە شێخ مەحموودی حەفید لە مانگی مایسی (1919)دا لە دژی بەریتانیا ڕاپەری، حاكمی سیاسی بەریتانیا لە هەڵەبجە بە هۆی عادیلە خانم توانی ڕابكات)
* مەیجەر سۆن لە بارەیەوە گوتوویەتی: عادیلە خانم سەركردەیەكی لێ‌ هاتوو بوو، رێ‌ نیشاندەری ڕۆلەكانی ناوچەكە بوو. بۆیە لەناو خەڵكەكەدا زۆر بەڕێز بوو، ئافرەتێكی ڕەوشت بەرزو لێوەشاوەبوو)
* (ئەدمۆندس)ی كارگێری سیاسی بەریتانیش لەبارەی عادیلە خانمەوە دەیگوت:
(ئەو ئافرەتە شاژنی تاج لەسەر نەنراوی شارەزوورە، چونكە وەك شاژنێكی ڕاستەقینە حوكمرانیی ناوچەكەی و هۆزە گەورەو گرانەكەی جافی دەكرد و خەڵكەكەش مل كەچی حوكمەكەی بوون و لەفەرمانی دەرنەدەچوون)
لێرەدا بۆمان دەركەوت كەئافرەتی كورد لە رووی كارگێریی و بەڕێوەبردنی كاروباری كۆمەڵایەتی و سیاسی كۆمەڵگاكەیدا چی لە پیاوان كەمتر نیە، بەڵكو هەندێ جار سەركەوتووانە تر ئەو ئەركانە جێبەجێ دەكەن كە یەكێك لە وانە عادیلە خانم بووە.
سەرچاوە
1- میر بعدی – اعلام الكرد- گ1 لەندن 1991.
2- جەبار محەمەد جەباری – ئافرەتە ناودارەكانی كورد – كەركوك 1969.

18643809_1425642914184484_1740998318_n

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About didar othman

Check Also

82320257_2547783742103904_4025367109293834240_n

پ.د. جەبار قادر غەفور زەند – كورتەیەك لە ژیان و بەرهەمەكانی

نووسینی: ئامانج نازم بیجان خوێندكاری دكتۆرا–ڕووسیا(شاری ڤارۆنێژ) زانكۆی دەولَەتی  ڤارۆنێژ–كۆلێجی مێژوو یەكەم: (كورتەیەك لە ژیان …