Home / مێژووی ئیسلام / شۆڕشگێڕەکەی دیمەشق غه‌يلانی ديمه‌شقی (١٠٦كۆ _ ٧٢٤م)

شۆڕشگێڕەکەی دیمەشق غه‌يلانی ديمه‌شقی (١٠٦كۆ _ ٧٢٤م)

شۆڕشگێڕەکەی دیمەشق
غه‌يلانی ديمه‌شقی
(١٠٦كۆ _ ٧٢٤م)

 

غه‌يلانی كوڕی موسليم، يان كوڕی مه‌ڕوان ياخود كوڕی يونس كه‌ له‌سه‌ر ناوی باوكی ڕاجودايی هه‌يه‌، له‌ بنه‌چه‌دا خه‌ڵكی ميسڕه‌. باوكی مه‌والی عوسمانی كوڕی عه‌ففان بوو. غه‌يلان وانه‌ی فيقهی لای شێخ حه‌سه‌نی به‌سڕايی (٢١ _١١٠كۆ) خوێندووه‌.

غه‌يلان له‌ ديمه‌شقدا وه‌ك ڕێبه‌ری گرۆی (الغيلانيه‌) ناوی ده‌ركرد بوو، هه‌رده‌م بانگه‌شی بۆ ئازادی و سه‌ربه‌ستیی مرۆڤ ده‌كرد، گوتاری ئه‌و به‌و ئاراسته‌يه‌ بوو كه‌ مرۆڤ له‌ ئيراده‌ و كرداری خۆيدا ئازاد و سه‌رپشك (مخير)ه‌ و غه‌يلان و پێڕه‌كه‌ی له‌ به‌رايی ئه‌وانه‌ بوون كه‌ له‌نێو پێته‌ختی ئومه‌وييه‌كاندا، ڕێچكه‌ی موخه‌يه‌ريان ڕاگه‌ياند دژ به‌ ڕێبازی جه‌بریی خێڵی ئومه‌ييه‌.

غه‌يلان له‌ ئاخاوتندا خاوه‌ن ڕه‌وانبێژييه‌كی بێ وێنه‌ بووه‌، خه‌ڵكێكی زۆری سه‌رسامی وتاره‌كانی خۆی كردووه‌. هه‌روه‌تر له‌ نووسيندا ده‌ستێكی باڵای هه‌بووه‌، مێژوونووسان و شاره‌زايان له‌ ڕێزی (ابن المقفع و سهل بن هارون و عبدالحميد الكاتب) هه‌ژماريان كردووه‌، هێندێ نامه‌ و په‌يامی نووسيون، به‌ڵام ونكراون كه‌ ئين نه‌ديم له‌ كتێبی فه‌هره‌ستدا ده‌ڵێت: نێزيكی هه‌زار په‌ر ده‌بوون.

ميره‌كانی خێڵی ئومه‌ييه‌ بره‌ويان به‌ بيری جه‌برييه‌ت ده‌دا، ئاخر هه‌رچی زوڵم و تاوانی خۆيان هه‌بوو، ده‌يانخسته‌ ملی قه‌ده‌ر و ده‌يانگوت خودا وه‌های له‌ چاره‌دا نووسيون، وه‌هاشی داناوه‌ كه‌ ئێمه‌ ببين به‌ مير و فه‌رمانڕه‌وای ئێوه‌، هه‌رچييه‌كيش بكه‌ين له‌ له‌وحی مه‌حفوزدا نووسراوه‌. غه‌يلان ڕه‌وتی دژه‌جه‌برييه‌تی ڕاگه‌ياند، گوتاری ئازادی مرۆڤ و خولقێنه‌ری كرده‌وه‌كانی (خالق الافعال)ی ده‌رخست.

كه‌ هيشامی كوڕی مه‌ليك دوای عومه‌ر بن عه‌زيز خيلافه‌تی گرته‌ ده‌ست، كۆری خۆی لە غه‌يلان دەرکرد و تۆڵه‌ی لێ سه‌نده‌وه‌، ئه‌وه‌بوو دوای ده‌ستبه‌سەركردنی، كوشتی… به‌ هێنده‌ش وازی نه‌هێنا، به‌ڵكه‌ له‌ يه‌كێك له‌ ده‌روازه‌كانی شاری ديمه‌شق له‌ خاچی دا.

مه‌لا ده‌رباره‌كانی به‌نی ئومه‌ييه‌، دڵيان به‌م كوشتنه‌ خۆش بوو، له‌نێو خه‌ڵكی هاواريان ده‌كرد: “كوشتنی غه‌يلان له‌ كوشتنی دووهه‌زار ڕۆميان چاكتره‌ _ ان قتله افضل من قتل الفين من الروم!

غه‌يلان له‌ بابه‌تی خيلافه‌ت هه‌مان ڕای خه‌واريجی هه‌بوو، كه‌ هه‌ر كه‌سێ مه‌رجه‌كانی بوون به‌ خه‌ليفه‌ی لێ هاته‌جێ، بۆی هه‌يه‌ ببێت به‌ ميری موسڵمانان، نه‌ك ته‌نيا له‌ خێڵی قوڕه‌يشييه‌كان قۆرخ بكرێت.

ژێدەرەکان:
_مسلمون ثوار، محمد عماره‌، ط١٩٩٨
_ شخصيات لها تاريخ، محمد عماره‌، ص٢٣

ڕۆشنگەرانی ئیسلام ـ بەشی ٤
ئامادەکردنی: عەبدوڵڵا عاڵایی

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About زريان احمد

Check Also

23920192143600_71641661_1607631806039427_7445105278225219584_n

له‌ دایك بوونی و ئه‌و كه‌سانه‌ی شیریان پێداوه‌ و پێگه‌یشتنی

پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه‌ وسلم له‌ ڕۆژی دووشه‌م له‌ مانگی ره‌بیع الأول له‌ دایك …