Home / بەشی مێژووی كورد / هاودیان لە سەرچاوە مێژووییەكاندا…

هاودیان لە سەرچاوە مێژووییەكاندا…

هاودیان لە سەرچاوە مێژووییەكاندا…

FB_IMG_1495617038172
فازل هاودیانی
رەگ‌و ریشەی ناوی (هاودیان)، لێكدانەوەو بیروڕای جیاواز لەخۆ دەگرێت، لە سەرچاوە مێژووییەكاندا بە
(حەفت خوان، حەفتیان، خەفتیان، هەودیان، هاودیان) لەسەر نەخشەی كۆنی عێراقدا ناوی هاتووە، لە سنووری پارێزگای هەولێر بەرچاوترین گوندە، لەبەر ئەم هۆكارانە شوێنێكی ستراتیجی لە هەموو لایەنێكەوە بە تایبەتی سەرچاوەی ئاوێكی زۆرو بەهێزی هەیەو بەفرو بارانێكی زۆری لێدەبارێت، ئاو و هەوایەكی سازگاری هەیە. مێژووی دروستبوونی هاودیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەكانی (14)، كە (میركەلۆس) باپیرە گەورەی میرانی سۆران لەم گوندەدا خۆی و كوڕەكانی (عیسا، ئیبراهیم، وەیسی) حكومیان كردووە، هەر ئەوەش بووە هۆكارێكی سەرەكی، كە ( هاودیان) زیاتر لە سەرچاوە مێژووییەكاندا بەرچاو بكەوێت، چ لە بوونی قەڵای سەربازی و ئاش و كانیە بەهێزەكانی و هەڵكەوتنی مرۆڤی دەستڕۆیشتوو بەدەسەڵات، وەك (میر عیسا) دامەزرێنەری میرنشینی سۆران بوو. مارخۆی هاودیانی یەكەمین سەركردەی (میر محەمەد) میری سۆران بووە . دوای ئەوان (تەمەر خان بەگ) فەرمانڕەوایی هاودیانی پێ‌ سپێردراوە، فتوای مەلای خەتێ‌ لە هاودیانێ‌ دراوە، كە ( مەلا محەمەدی خەتێ‌ ) زانای بەناوبانگی سەردەمی پاشای گەورە، كە باوەڕپێكراوی زانای ئایینی میر محەمەد پاشای رواندز بوو، كە هەردووكیان قوتابی (ئیبن ئادەم ) بوونە، واتە قوتابی ئایینی. فتواكە مێژوویەكی دوورو درێژی هەیە، هەر یەكەو بە جۆرێ‌ باسی لێوە دەكەن، فتواكەش هەر لە ساڵی (1836) بوو، كە ساڵی شەهیدكردنی (میر محەمەد پاشا ) بوو لە (سێواس) بە دەستی عوسمانییەكان. زۆربەی سەرچاوەكان لەسەر ئەوە كۆكن، كە هاودیان مەڵبەندێك بوو ژیانی فرە ئایینی تێدا بووە وەك (جولەكە، مەسیحی، موسولمان ) كە ئێستا موسوڵمان و مەسیحی تێدایە، سێ‌ مزگەوت و یەك كەنیسە، كە پێكەوە ژیانی برایانەیە، چونكە هاتنی مەسیحیەكان لە ساڵی (1927) ساڵانێكی دورو درێژە توانیویانە گەڕەكێك دروست بكەن و ئازادی تەواوی خۆیان هەیە، هەمان كولتووری موسوڵمانەكانە (هاودیان ) بەڕەچەڵەك
(بەگزادەن)، واتە خۆجێی و خانەدان و نەجیب زادە، گەرچی عەشیرەتی تر هەن وەك عەشیرەتی سورچی، عەشیرەتی باڵەكی، عەشیرەتی هەركی، بەڵام هیچ جیاوازییەكی عەشیرەتگەری نابینرێت،
بەبێ‌ جیاوازی هەموویان وەك یەك خانەوادە وان. لە شۆڕشی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد، هەمیشە مەڵبەندێكی شۆڕشگێڕی و لانەی شۆڕش بووە، لە ساڵی 1943سووتاوە، لە ساڵی1963 و 1974جارێكی تر سووتاوە، لە ساڵی گرانی، واتە ساڵی 1914 هاودیان سووتاوە، ئەو گوندە خاوەنی 32 شەهیدی قارەمانە لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد، چەندین سەركردەو فەرماندەی لێ‌ هەڵكەوتووە. بەهێزترین شەڕ، كە شەڕی (مەیدان مۆڕیك) لە ساڵی 1945بەناوبانگە، سوپای عێراق تێیدا شكستی هێنا،
لە ساڵی 1974چەندین هێز هەبوون، لەوانە (هێزی خەبات، هێزی زمناكۆ، هێزی بالەك ) بە سەرپەرشتی فەرماندەكانی وەك (عەریف یاسین، تەیمەز، كەكشار، حاجی بێرۆخی) ئەمانە قارەمانیەتی چیای گۆڕەزیان تۆمار كرد.
لە شانامەی فردۆسی (ئەبو قاسم حەكیم فیردۆسی ) باسی هاودیان دەكات، كە دێتە سەر ( رۆستەمی پاڵەوان) دەڵێت، لە حەفت خوانەوە تا مازندەران، پاكم كردەوە لە جادوگەران، دیارە ئەو كات سەردەمی جادوگەری بووە، بۆیە ئێستاش خەڵكی بە تەمەن دەڵێن (مەرجاشی جادوو ) لە هەودیانێ‌ بووە، لە دوای نەمانی خەلافەتی عوسمانی لە كوردستان ساڵی 1923، تەواوی قەڵاو ئاشەكان‌و شوێنە مێژووییەكانیان رووخاند، چونكە قەڵاتی پاشای گەورە، كە بە قەڵاتی (میركەلۆس) بەناوبانگ بوو رووخاندیان، كە ئێستا تەنها شوێنەكەی ماوە. لە ساڵی 1917 یەكەمین شەهید لە شەڕی دژی رووسەكان كە خەڵكی هاودیانە، بەناوی (سەید حەمەدەمین) بووە. بوونی (جووەكان) لە هاودیانێ‌ مێژووەكەی نەزانراوە، بەڵام جووەكان زۆر ئاقڵمەندبوونە‌و توانیویانە بە درێژایی مێژوو لەگەڵ موسوڵمانەكان بگونجێن، داب‌و نەریت‌و كولتووری جوانیان هەبووە، كە بەناوبانگترینیان (كەپرە شینە )بوو، لە هاوین و پایز ماڵئاوایان لە یەكتری دەكرد، رۆژانی شەممە ئاگریان نەدەهێنا، لەم رۆژە هەموو مالێك كفتەیان لێ‌ دەنا، ئەم رۆژە بە كفتە شەممە بەناوبانگ بوو، ئاگریان لە ماڵە موسوڵمانەكان دەهێنا ، ئێستاش كەسێ‌ ئاقڵ بێ‌ پێی دەڵێن ئاقڵ . جووەكان لە ساڵی 1948 كۆچیان كرد بۆ زێدی باب و باپیرانیان.
هاودیان لە نەخشەی كشتوكاڵی سۆران، نەخشەی ژمارە (10)یە، كۆی گشتی 3029 دۆنم لە رووبەری زەوی بەراو و دێمی هەیە، لە هاودیان 40% سەوزایی هەیە، گوزەرانی خەڵكەكە لەسەر كشتوكاڵە، رووبەرێكی كشتوكاڵی بەرفراوانی هەیە. زمانی قسە پێكردنی خەڵكەكەی شێوە زاری كرمانجی خوارووە، تێكەڵاویەكی بەهێزی هەیە لەگەڵ شێوە زاری كرمانجی سەروو، كە دەتوانن بە هەردوو شێوەزار بدوێن، یەكەمین قوتابخانە لە هاودیان مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1957 ئەو كات ژمارەی ماڵەكان تەنیا 30 ماڵ بووە، یەكەمین مامۆستای بە ناوی (عەبدوڵلا فەندی ) خەڵكی رواندز بوو، كە لەو قوتابخانەیە مناڵەكانی فێری خوێندن‌و نووسین كردووە، لە بەیانی 11ئازاری 1970 چەندین كاری خزمەتگوزاری و گرنگ لەم گوندە كراوە، لەوانە دروستكردنی قوتابخانە، هێنانی تۆڕی ئاوی خواردنەوە، دروستكردنی مزگەوت، كەنیسە بە ناوی (مار ئیبراهیم )، لەلایەن وەستا ( وەستا حاجی محەمەد حاجی قادر )، هەروەها سەید جەعفەر، كە دەكاتە باوكی سەید رەشید ئەویش وەستا بووە، یەكەمین مەلای گوند (مەلا حەسەن ) بووە، ئەگەر چی مەلایەتی تەواو نەكردبوو، بەڵام مرۆڤێكی زانای ئایینی بووە، ئەم دەستكەوتانە لەسەر دەستی (مەلا مستەفای بارزانی ) بووە، كە ئەم گوندەی خۆش دەویست، چونكە هەردەم بیرێكی نەتەوایەتیان هەبووە. لە ساڵەكانی هەشتاكان وێنەگری شاری هەولێر (ئەبو سەباح ) خەڵاتی جوانترین وێنەی ساڵی وەرگرتووە، لەسەر گرتنی وێنەی (ئەشكەوتی میر كەلۆس ) لە هاودیان، كە مێژوونووس ( زبیر بیلال ئیسماعیل) لە نووسینە بەنرخەكانی خۆی باسی لێوە دەكات.
رالف سێرلۆكی، كە لە زانكۆی شیكاغۆی ئەمریكی لە ساڵی 1952 كە كاری هەڵكۆڵین و شوێنەواری ئەنجام دەدا، سەردانی هاودیانی كرد، ئەم شوێنانەی دەستنیشان كردبوون، (ئەشكەوتی بێستون، ئەشكەوتە دیان، ئەشكەوتی میر) لە ئەنجامی هەڵكۆڵین چەندین پارچە شوێنەواریان دۆزیوەتەوە، وەك ( داس، مەنجەڵ، ملوانكە، خەنجەر)، كە ئەمانە پێ‌ دەچێ‌ هی سەردەمی چاخی بەردین بن، ساڵی 1957 جارێكی تر هاتەوە، لەگەڵ شاندێك تەنها سەردانی (ئەشكەوتە دیان )ی كرد، كە پیاوێكی مەسیحی بەناوی (ریحانە شیخۆ) كە زمانی ئینگلیزی دەزانی، لەگەڵ خۆی بردو دوو شەو مانەوە، بەڵام دۆزینەوەی هیچ پارچە شوێنەوارێكی ئاشكرا نەكردووە، تەنها دوو كەللە سەری مرۆڤیان ئاشكرا كردبوو، ئەوانیشان لەگەڵ خۆیان بردبوو، لە هەمان ساڵدا سەردانی ئەشكەوتی شانەدەریان كرد، كە پێشتریش سەردانی كردبوو.
لە ساڵی 1948 ئەندزیار (هاملتون) كە بە رەگەز نیوزلەندی بوو، سەردانی (هاودیانی) كرد، لەگەڵ خەڵكی باسی رێگەی گەلی عەلی بەگی كرد، كە كێ‌ پێشنیاری باشی هەیە، خەڵكێكی شارەزاو بە ئەزموونی بردن‌و بەشداریان لە رێگەی هاملتۆن كرد، تا ساڵی 1932 كۆتای هات. لە شەرەفنامەی بەتلیسی ( 1543-1606)م باس لە دامەزرێنەری میرنشینی سۆران دەكات، لەسەر دەستی (میركەولۆس) بۆچوونی زۆری نووسەران وایە لەسەر هاتنی (كەولۆس) لە بەغداد یان شارەزوور، بەڵام پەرتوكی مێَژوویی ( كوردو كوردستان) لە نووسینی ( د. فریج ) كە ناوی كەلۆس هیچ ناوێكی عەرەبی شك نابات، واتە كوردەو وشەیەكی كوردییە. لە هەمانكاتدا چەندین كەس فەرمانڕەوایان لە هاودیان كردووە، وەك (میر تەمەرخان) (ئۆغز بەگ) دوای (خانزادی سۆران)، كە پایتەختەكەی لە هاودیان بووە، پێشتر لە ئاڵانە، هەریر‌و خۆشناوەتی پایتەختی بوو، دوای هاتۆتە هاودیان‌و لەگەڵ میر سلێمان ئەم خانمە گرنگی زۆری بە رێگەو بان و خوێندەواری دەدا، جل‌وبەرگی مرۆڤانەی دەپۆشی، كە بە سەردەمی زێڕین ناودەبرێت، لە كاتی هاتنی لەشكری (روس) بۆ سنووری رەواندز و دیانا واتە ناودەشت، لە ساڵی 1917 قات و قڕیەكی زۆر پەیدا بوو، ماڵ و حاڵی خەڵكیان تێك دابوو، چونكە لەشكرەكە برسی بوو، خەڵكی (هاودیان) گوندەكەیان چۆل كرد، لەشكری (روس) (هاودیانیان) سووتاند، لەو سەردەمە خوێ‌ كەمبوو زۆربەی خەڵك لەم ساڵەدا دەمردن، كە بە ساڵی گرانی ناوبانگی دەركردبوو. لەشكرەكە لە رێگەی ئێرانەوە هاتنە دەشتە دیان، كە ئەمەش بە كارەساتێكی مێژوویی لە قەڵەم دەدرێت، لە راپەڕینە مەزنەكەی بەهاری (1991)، توانرا تەواوی سوپای عێراقی لە چیای برادۆست بگرن و كەلوپەلی سەربازی بدەنە دەست هێزی پێشمەرگەكان، ئەمە وەك داستانێك بووەو شانازی پێوە دەكرێ‌. هەر لە هاودیان جێگەو شوێنەكانی میرانی سۆران ماون، كە جێگەی مانەوەیان بووە لەمانە (كانیە میر، جۆگەی میران، قەڵا تامیری) (گۆرا مەحمود بەگی، ئەو شوێنەی میر تەمەر خانیان لێ‌ شەهید كردوو )، دوای بردیانە گوندی جۆلەمێرگ، ئەمانە ئەم شوێنانە بوون، كە جێ‌ پەنجەی میرانی سۆران بوونە. پەرتووكی (لیریەك لە گەنجینەی نەتەوەی كورد) باسی پەلاماردان‌و سوپای میرانی سۆران بۆسەر ئێزدیان، سەر لەشكری (مارخۆی هاودیانی، عەزیز بەگی روستی، میر بەیداغ) توانیان (علی بەگی ) ئێزدی بە زیندوویی بگرن و رادەستی میرانی سۆران بكەن، كە سەردەمی (میر محەمەد) هەر لە هەمان ساڵدا لە پردی (كاولۆكان) لە سێدارە درا، هەر بۆیەش ناو لەو پردە نرا پردی عەلی بەگ.
دوای لە سێدارەدانی (عەلی بەگی داسنی) ئەسپی زینی ( علی بەگ ) و خەنجەری پشتی (میر محەمەد )، وەك دیاری پێشكەش بە (مارخۆی هاودیانی ) كرا. لە پەرتووكە مێژوویەكەی (أبن أپیر) باسی رۆلی (سەلاحەدینی ئەیوبی ) دەكات، كە هاوینان دەهاتە (هاودیانێ‌-خەفتیان ) بۆ حەسانەوە دەچووە ئەشكەوتی (میركەلۆس)، زستانانیش (هاودیانی) جێ‌ دەهێشت‌و دەچووە خوارووی عێراق، ئەو وڵاتانەی كە ئازادی كردبوون. هاودیان گوندی میرنشینیەتە نەك عەشیرەت، ئەم گوندە میراتگری لە گوندەكانی (دەگەرڵە، بادلیان، باپشتیان، ئاڵانە) دەگرێت، كە وەك نەریتی ئەوكات خۆیان بە خزم و میراتگر ناسیووە، ئێستاش ئەو پەیوەندیە ماوەو بەردەوامە.
سەرچاوەكان:
1-أتلسی المواقع أسریە – محافزە اربیل
2-اماراتی سۆران
3-ممدوح مزوری –مێژووی رواندوز
4-شەرەف نامە
5-شانامەی فردەوسی
6-اڵامیر كردی (میرمحمد) د.جمال نەبەز
7-سلاح الدین ئەیوبی
8-مێژووی هاودیان

About كه‌یفی عمر

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …