Home / بەشی مێژووی كورد / مێژوو و جوگرافیای سلیمانی

مێژوو و جوگرافیای سلیمانی

شاری سلێمانی
تەوەرەی یەکەم/
لایەنی جوگرافیەکەی:
سلێمانی شارێکی گەورەو گرینگی کوردستانی باشوورە کەوتووەتە خۆرئاوای دەشتی شارەزوورەو لەنێوان شاخی گۆیژەو گڵەزەردە تا تاسلوجە بەرزیەکەی لە ڕووی دەریاوە ٨٥٣م مەڵبەندی پارێزگای سلێمانیە دانیشتوانەکەی لە٦٠٠٠٠٠ کەس پترە شارێکی جوان و دڵگیرەو شوێنی گەشت و گوزارە.١
ناوچەی سلێمانی دەکەوێتە بەشی ژووروی عیراق بەلای ڕۆژھەڵاتدا وەبەشی ڕۆژھەڵاتی ڕۆژھەڵاتی خوارووی ناوچە شاخاویەکانەوە لای ژووروی ناوچەی ھەولێرەو لای خوارووی ناوچەی دیالی یەو لای ڕۆژھەڵاتی ئێرانەو بەلای ڕۆژئاواشیدا ناوچەی کرکوک و تکریتە.٢
شوێنی سلێمانی بەگوێرەی ھێڵی درێژی دەکەوێتە نێوان ھێڵی درێژی (٤٦،٢٠،٤٤،٣٢)پلەی خۆرھەڵاتی ھیڵی پانی(٤٤،٣٢،٣٦،٣١)پلەی باکور لەسەرچاوەیەکی تردا دەڵێت سلێمانی دەکەوێتە نێوان ھێڵی درێژی (٣٧،٢١،٤٥)پلەو (٣٣،٨،٤٥)پلەی ڕۆژھەڵات وبازنەی پانی (١١،٣٢،٢٥)پلەو(٤، ٣٥،٣٥)پلەی باکور.٣
پانتایی نلوچەی سلێمانی (١٣٣٦٨)کم٢ کەواتە ٣،٦ لەگشت پانتایی عیراق پێک دەھێنێت کەھەمووی (٤٣٨٣١٧)کم٢. ٤

١-ئینسایکلۆپیدیای گشتی:یاسین سابر سالح،سلێمانی٢٠٠٥،ل٦٠٤.
٢-سلێمانی شارەگەشاوەکەم:ل١٢.
٣-کتێبی سلێمانی:توێژینەوەی خوێندکارانی بەشی جوگرافیای زانکۆی سلێمانی،ل١٥.
٤-سلێمانی شارە گەشاوەکەم:ل١٢.
٣٠
سلێمانی بەشێوەیەکی گشتی لێژایی یەکی تاڕاددەیەک زۆری ھەیە لەنێوان باکوورو باشوور،ڕۆژھەڵات بۆ ڕۆژئاوای بەرزایی و گردو گردۆڵکەو شیوو دۆڵی زۆری تیادایە شوێنی شار دەڕوانێت بەسەر دەشتێک کە لەبەر دەم شاخی ئەزمەڕەوە کە(١٧٠٢)م بەرزە دەست پێ دەکات کە یارمەتیی داوە بۆ گەشت کردن وگرنگیی زیاتر کردووە لەڕووی بازرگانیەوە.١واتە دەکەوێتە بناری چیای (گۆیژەو ئەزمەڕ).٢
بەرزی ونزمی لە سلێمانی دەکرێت بە دوو بەشەوە:
یەکەم/ناوچەی چیای نزم و گردو تەپۆڵکە، کە ئەمەش بریتیە لە دەشت و شیوو دۆڵ تا دەگاتە چیاو بەرزایی لە نێوان (٢٠٠-١٠٠٠)م دایە.
دووەم/ناوچەی چیا سەرکەشەکان:دەکەوێتە نزیک ئێران و بەرزایی یەکەشی(١٠٠٠-٣٦٠٠)م دایە چیاکان بە زنجیرەیەک بەیەک کشاون لەژوورووی خۆرئاواوە بەرەو خوارووی خۆرھەڵات ونێوانیانیشیان دەشت و دۆڵە وە تاوەکو لەسنووری ئێران نزیکتر ببینەوە زیاتر لوتیان بەرز دەکەنەوە.٣

١-کتێبی سلێمانی:ل١٥.
٢-کردستان جنوبیە فی قرن السابع عشر والپامن عشر:ل٦٣.
٣-سلێمانی شارە گەشاوەکەم:ل١٢-١٣.
سلێمانی ناوچەیەکی زۆر دەوڵەمەندە بەبەرھەمھێنانی گەنم بە ئاراستەی باکوری خۆر ئاوا وەھەروەھا شوێنێکی بە ئاوە ،سەرەڕای ئەمەش شوێنێکی ستراتیجیش بووە بۆ لایەنی سەربازی و دەکەوێتە دەکەوێتە ڕۆژئاوای ئەو زنجیرە چیاکانەوە.١
ئاوو ھەوای ناوچەی سلێمانی بە زۆری لەئاوو ھەوای دەریای سپی ناوەڕاست دەکات تەنھا دەشتی کەلار نەبێت کە جیاوازە.وە پلەی گەرمای لەھاوین دەگاتە (٣٩)پلەی سەدی و بەرەو خوار دەبێتەوە تا(٢٤)پلە. ڕێژەی بارانیش لە ساڵێکدا ھەشت مانگ دەبارێت تەنھا چوار مانگ نەبێ کە حوزەیران و تەمموزو ئاب و ئەیلولن.٢
دەتوانین بڵێین ئەو گەشە کردنە خێرایەی سلێمانی دەگەڕیِتەوە بۆ شوێنی شارەکە کە ڕێڕەوی (بغداد-کرکوک)لە نێو ڕێڕەوی (بازیان)دا دەڕوات بۆ بانی ئێران لە ڕێگەی (کرماشان وھەمەدان و سنە وبانە ) بە ڕێڕەوێکدا کە پێیدا تێپەڕ دەبێت.٣

١-کردستان جنوبیە فی قرن التسع عشرو الپامن عشر:ل٦٣.
٢-سلێمانی شارە گەشاوەکەم :ل١٣.
٣-کتێبی سلێمانی :ل١٦.

ژمارەی دانیشتوانی سلێمانی لەسەردەمی بابانەکان
زانیاریی تەواومان لەبەر دەستدا نیە لەسەر ژمارەی دلنیشتوانی سلێمانی لە سەروتای درووست بوونیدا،بەلاًم دوای تەواو بوونی بە ٣٦ ساڵ ژمارەیان گەیشتووەتە دە ھەزار کەس.١ وە ژمارەی ماڵە کانیشی ٢١٤٤ ماڵ بووە کە ١٣٠ ماڵی جولەکەو نۆ ماڵی کلدانی و پێنج ماڵی ئەرمەنی، لێبووە.٢
وە مەڵبەندی جولەکەکان لە ناو شاری سلێمانی بریتی بوو لە گەڕەکی (شێخ عباس) واتە لە خوارووی شارەوە نزیک بە ڕیِ ی قەرە قۆغان بووە،بەرامبەر بە ماڵەکانی (وڵوبە) ئەم شوێنەش لە سەردەمی عوسمانیەکاندا ئاوەدان کراوەتەوە،ھەر سەبارەت بە جولەکەکان دەڵین لە قەڵاچوالانەوە ھاتوونەتە سلێمانی.٣
ئەم شارە ھەر لە سەرەتای دامەزراندنی یەوە پرۆژەی ئاوو زێرابی تایبەتیی بۆ کراوە ،وە چەند چەشنە پیشەسازیەکیشی تیادا دامەزرا ،وەک سابوون درووست کردن وچنین وڕستن وجۆڵایی و موتابخانەو دەباخانە ، جگە لەمانە ھەندێ پیشەسازی تریش لەشارەکەدا ھەبوو وەک چەخماخسازی وکارگەچی و…ھتد.٤

١-مێژووی سلێمانی:عزالدین مستەفا رسول،چ١،ل٦.
٢-تاریخی سلێمانی وە ووڵاتی:ل٦٧.
٣-جولەکەکانی شاری سلێمانی:بەرزان ئەحمەد کوردە،سلێمانی٢٠٠٧،ل٤٣ ،٤٩.
٤-مێژووی سلێمانی:ل٢٠.

بەشی سێ یەم
تەوەرەی دووەم
سلێمانی لە مێژوودا
مێژووی درووست کردنی سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٧٨٤ز کەوا لەو ساڵەدا بابانەکان پایتەختی میرنشینەکەیان لە قەڵاچوالانەوە گواستەوە بۆ ئەم شارە تازەیە.١
پێش درووست کردنی سلێمانی پایتەختی بابانەکان لە قەڵاچولان بوو، کەئەمەش دەکەوێتە ھەرێمی شارباژێڕ لەلای ڕۆژھەڵاتی چیای ئەزمەڕدا لەسەر یەکێک لە لقەکانی (زابی بچووک)ە ئەم شوێنەش مێژوویەکی زۆر کۆنتری ھەیە لە میرنشینی بابان،بەڵام ھیچ گرینگیەکی پی َ نەدراوە لەماوەی (١٦٦٩-١٧٨٤)بوو بوو بە ناوەندێکی دەسەڵات گێڕی بابانەکان.٢
چۆنیەتی ھەڵبژاردنی شوێنی شارەکەش ھەر دەگەڕێتەوە بۆ خودی ئیبراھیم پاشا خۆی کەوا ڕۆژێک لەگەڵ دەست و پێوەندەکانی بۆ ڕاو کردن ھاتبووە سەری ئەزمەڕ،کاتێ کە پاشا سەرنجی ئەو ھەموو دەشتە پان و بەر بڵاوە دەدا بەخۆشی و جوانی دێتە بەر چاوی و ڕوو دەکاتە ھاوڕێیانی و دەڵێ:کوڕینە ئێمە بە ناڕەوا لەو تەنگەبەرایەتیەی قەڵاچوالان دانیشتووین بڕواننە ئەم دەشت و دەرە بەر بڵاوە، وادیارە ئاویشی ھەیە بە ڕاستی ئێوە بۆ پایتەخت باشە.٣

١-کتێبی سلێمانی:ل١١.
٢-کردستان جنوبیە:ل٦١.
٣-فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە:محمد فیدا،چ١:ل٧٧.

ھەروەھا پێشتریش محمود پاشای مامی لە نزیک گوندی (مەڵکەندی)یەوە سەرایەکی درووست کردبوو کەبە تەمابوو بیکاتە مەڵبەندی حوکمڕانی ،بەڵام فرییا نەکەوت تەواوی بکات لایان برد لە دەسەڵات دواتر ئیبراھیم پاشا درێژەی بەم پڕۆژەیە داو توانیی بنکەی حوکمڕانی لە قەڵاچوالانەوە بگوازێتەوە بۆ ئەوێ ،بۆ ئەمەش خانووەکانی قەڵاچوالانیان ڕخاندو دارو پەردووەکانیان لەدرووست کردنی خانووەکانی سلێمانیدا بەکارھێنا .١
تەنانەت دارو پەردووی مزگەوتەکەشیان ھێناوەو لە درووست کردنی مزگەوتی گەورەی سلێمانیدا سوودیان لێ وەرگرتووە.٢
ئیبراھیم پاشا لەلایەکەوە لەگەڵ ڕێکخستنی ئیش وکاری میرنشین و بڵاو کردنەوەی دادپەروەری خەریک بوو لەلایەکی تریشەوە ھەر لە نزیک سەراکەی محمود پاشای مامیدا کە لەساڵی ١١٩٦ک لە نزیک گوندی مەڵکەندیەوە درووست کرابوو ،دەستی کرد بەدرووست کردنی بینای شارێک و ھەر لەدەوری سەراکەدا ھەندێ خانوو ومزگەوت و حەمام و بازاڕو خانی درووستکرد.٣
واپێدەچێت بابانەکان ھەندێ کات بیریان لەوە کردبێتەوە کەپایتەختەکەیان بگوازنەوە بۆ شوێنێکی لەبارتر،لەوانەشە ھەر کەسایەتی میرسلێمان بەبە خاوەنی ئەم بیرۆکەیە بووبێ چونکە ئەم پایتەختە لەگەڵ خەونەکانی نەدەگونجا.٤

١-میرایەتی بابان لەنێوان بەرداشی ڕۆم وعەجەم:ل١٠٢ز
٢-سلێمانی شارە گەشاوەکەم :ل٣٧.
٣-ە.س.پ.ل١١.
٤-سیستەمی میرنشینە کوردیەکان:ل١٤٣.

ھۆیەکانی درووست کردنی سلێمانی وگواستنەوەی قەڵاچوالان؟
١-قەڵاچوالان کە پایتەخت بوو ڕووبەرەکەی بچووک بوو بەھۆی ئەوەی کەوتبووە نێوان زنجیرە چیایەک.١
٢-ئیبراھیم پاشا خۆی ئارەزووی زۆری لە ڕاوشکار ھەبووە،وە جێگەی قەڵاچوالانیش بەکەلکی ئەم جۆرە ڕاوکردنە نەدەھات،چونکە کەوتبووە دۆڵێکی تەنگەوە.٢
٣-ھۆکاری ئابووری:شوێنی شار دەشتی شاروزوور و دەشتی بازیان و سلێمانی بە یەک دەگەێنێ کە ئەمانەش زۆر لەبارو بە پیتن بۆ کشتوکاڵ کردن و بەرھەم ھێنانی جۆرەھا بەروبومی ئاژەڵی.٣
٤-ھۆی کارگێڕی:بەیەکێک لە دیارترین فاکتەرەکانی درووست کردنی سلێمانی دادەنرێت،چونکە پایتەخت پێویستی بەڕووبەرێکی فراوان دەکرد تاوەکو دام ودەزگای حوکومی لەڕووی یاسای جێ بەجێ کردن و دادوەریدا تیایدا جێ ی ببێتەوە کە بگونجێت لەگەڵ زۆری ژمارەو کێشەی دانیشتوانی میرنشینی بابان.٤
٥-قەڵاچوالان شوێنێکی نزیک بووە لە ھێرشەکانی ئێران،٥ بۆیە بەردەوام دەکەوتە بەر ھێرشی فارسەکان برایم پاشایش ویستی لەم ھێرشانە دوور بکەوێتەوە،چونکە خەڵکەکەی لەژێر ئاگری ھێرشەکان بێزار بووبوون.٦

١-تاریخ الامارە البابانیە:عبد ربە ابراھیم الوائیلی،ل١٣٩.
٢-گەشتی ڕیچ بۆکوردستان ١٨٢٠:کڵۆدیۆس جیمس ڕیچ،ل١٢٤.
٣-کتێبی سلێمانی:ل١١.
٤-گۆڤاری مێژوو :ل٥٦.
٥-کردستان جنوبیە…ل٦٢.
٦-تاریخ الامارە البابانیە:عبد ربە ابراھیم الوائیلی،ل١٣٩.

٦-بابانەکان بەھۆی درووست کردنی سلێمانیەوە ھەوڵیان دەدا میرنشینەکەیان بکەن بە دەوڵەتێکی بەھێزو سەربەخۆ لەکوردستانی باشوور.١
٧-ھۆی کۆمەڵایەتی:واتە برایم پاشا ویستوویەتی لە خاتوو(مەلکە)وە نزیک بێت کە کوێخاو گەورە ژنی دێ ی مەڵکەندی بوو.٢
٨-لەوسەردەمەدا دەسەڵاتی مەمالیکەکان لە عیراق لاواز بووبوو ئەمەش بووە ھۆی درووست بوون دەوڵەتە شار کە ھەر یەک لەو دەوڵتە شارانەش نیمچە سەربەخۆ بوون لەزۆربەی کاروبارەکانی ناوخۆدا.٣
٩-ھەندێکی تریش وای بۆ دەچن ھۆکاری خودی کایگەری ھەبووبێ ئەویش ئەوەیە کەوا ئیبراھیم پاشا ماوەیەکی زۆری تەمەنی لە بغداد بەسەر بردووە ، بۆیە نەیدەتوانی لە شوێنێکی چەپەکی دواکەوتووی وەک قەڵاچوالاندا دانیشێت.٤

١-سیستەمی میرنشینە کوردیەکان:ل١٤٧.
٢-کتێبی سلێمانی :ل١٢.
٣-تاریخ الامارە البابانیە:عبدربە ابراھیم الوائیلی،ل١٤٠.
٤-سلێمانی شارە گەشاوەکەم:ل٢٨.

سەبارەت بەناوی سلێمانی چەندین بۆچوونی جیاواز ھەیە:
١-یەک لەبۆچوونەکان دەلێت:برایم پاشا شارەکەی بەناوی (بابا سلێمان)ەوە ناوناوە،١ یان بەناوی سلێمان پاشای کوڕیەوە بووە.٢
٢-یەک لەبۆچوونەکانی دیکە دەڵێت:بەناوی سلێمان پاشای گەورەی والیی بغداوە ناوی ناوە کە ھاوسەردەمی برایم پاشا بووە.٣
٣-محمود پاشای مامی لەسەردەمی خۆیدا کۆشکێکی فەرمانڕەوایی لە نزیک دێ ی مەڵکەندیەوە درووست کردووە لەساڵی ١٧٨٢ز کە ئەمەش بە بڕیاری (سلێمان پاشای جلیلی) بووە کە فەرمانڕەوای موسڵ بووە لەنێوان ساڵانی (١٧٧١-١٧٨٩)، بۆیە پێدەچێت برایم پاشا کە شارەکەی درووست کرد بەم ناوەوە ناوی نابێت.٤
٤-بۆچوونێکی تر دەلێ:کە لەکاتی بناغە دانانی شاردا کرێکارێک (ئەنگوستیلە)یەک دەدۆزێتەوە کە مۆرێکی لە سەربووە کە ناوی(سلێمان)ی لێ ھەڵکەندرا بوو ، کە گوایە ئەوە ناوی سلێمان پێغەمبەر بووبێت (د.خ) ھەر کە ئەم ئەنگوستیلەیە دەگاتە لای برایم پاشا ئەویش لەبەر پیرۆزی پێغەمبەر ناوی شارەکەی نا (سلێمان)ی.٥

١-سلێمانی شارە گەشاوەکەم:ل٣٣.
٢-گۆڤاری مێژوو..ل٥٧.
٣-مێژووی گەلی کورد لەکۆنەوە تائەمڕۆ:١٤٢.
٤-تاریخ الامارە البابانیە:عبد ربە ابراھیم الوائیلی،ل١٤٢.
٥-کتێبی سلێمانی:ل١٢،١٣.

٥-لەسەردەمی محمود پاشا کاتێ کە کۆشکەکەی درووست کرد لەوکاتەدا (شا فتح علی شا) کەحاکمی ووڵاتی فارس بوو کوڕێکی دەبێ ناوی سلێمان دەبێ پێ دەچێت کەمحمود پاشا ئەم کۆشکەی بەناوی ئەم سلێمانەوە کردبێت.١
٦-لەوانەیە سلێمان پاشای کوڕی خالید پاشای کوڕی تەیموری بابانی بناغەی ئەم شارەی دانابێ و ھەر بەناوی خۆیشیەوە ناوی نابێ ،بەڵام توێژەرەوان بۆچوونی پێنجەم زیاتر بەڕاست دەزانن ،چونکە لەو کاتەدا میرەکانی بابان زیاتر پشتیان بە ئێران بەستووە و ئەوانیش پشتگیریان لێ کردوون وە زۆربەی ئەو میرانەی کەویستوویانە حوکمی سلێمانی وەربگرن پشتیان بە فارس دەبەست ،ھەروەھا محمود پاشاش لە فارسەکانەوە نزیک بووەو خۆشەویستیی بۆیان ھەبووە.٢
٧-ئەم بۆچوونەیان دەڵێ ناوی سلێمانی لە (سیلۆنا)وە ھاتووە کە ناوی شارێکی مێژوویی کۆنی کوردستانەو سلێمانیش بۆ بەرز ڕاگرتنی ئەم شارە ناو نراوە.٣

١-تاریخ الامارە البابانیە:عبد ربە ابراھیم الوائیلی،ل١٤٢.
٢-ە.س.پ.ل١٤٣.
٣-کتێبی سلێمانی:ل١٣.

برایم پاشا پێش ئەوەی کە سلێمانیی درووست بکاو قەڵاچوالان بەجێ بھێڵێت ژمارەی ماڵەکانی قەڵاچوالان دوو ھەزار ماڵ زیاتر بوون ،خۆ ئەگەر نەڵێین گشتیان دەڵێین زۆربەیان قەڵاچوالانیان جێ ھێشتووەو دوای پاشا کەوتوون و ھاتوونەتە سلێمانی، گومان لەوەشدا نیە کە لەم لاو ئەو لاشەوە خەڵکی بۆ ھاتووە ،وادیارە کەسلێمانی لە ژوور گەرەکی مەڵکەندیەوە دەستی پێ کردووە .١
سەبارەت بەناوی یەکەم گەڕەکی سلێمانی کەمەڵکەندیە چەند بۆچوونێک ھەیە:
ھەندێ دەڵێن مەڵکەندی پێش درووست کردنی سلێمانی گوندێکی خنجیلانە بووە،کە گوایە دێ ی (مەلیکی ھیندی) بووە،بەڵام ئەمە ڕێ ی تێناچێت…!
ھەندێکی تر بە (مەلیک کەندی )ناوی دەبەن واتە ھەڵکەندراوی مەلیک.
وە دووریش نیە (مەل)(کەندی) بوو بێت واتە کەندی مەل و باڵندە بووە کە ھیللانەیان تیادا کردووە.٢
سلێمانی دوای درووست بوونی بە دە پانزە ساڵیک بووە شارێکی گەورەی رۆژھەڵات، لەساڵ ١٨٢٠زپێنج دیوەخانی گەورەو دوو مزگەوتی گەورەی ئاوەدان و گەرماوێکی جوان و ڕێک و پێکی ھەبووە.٣

١-سلێمانی شارە گەشاوەکەم:ل٣٨،٣٩ز
٢-مێژووی سلێمانی:ل٦٦.
٣-گۆڤاری مێژوو..ل٥٧.

لەسەردەمی ئیبراھیم پاشا سلێمانی سەقامگیریەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە ئەمەش لەبەر چەند ھۆیەک بوو:
١-چونکە ئەم شارە بوو بە مەشخەڵ ومەرکەزێک بۆ خوێندەواری وبیر ڕووناکی و ئەدەبیات .
٢-شار لەسەر بنەڕەتی گواستنەوە لەلادێوە بۆ شارستانێتی و بەبەکار ھێنانی ئەزمونی زۆرلایەنی شارستانێنێتی ی گەلانی تر بنیاد نرابوو.١
٣-بەھێزی سلێمان پاشای گەورە بووە ھۆی ڕێکخستنی کارو باری عیراق ،ئەمەش کارێکی گرنگ بوو بۆ باشکردنی پەیوندی لەنێوان ھەردوو دەوڵەتی ئێران و عوسمانی،وە والی توانی ھەموو ئەوانە سەرکوت بکات کەدەیان ویست بارودۆخی عیراق بشێوێنن.
٤-بەھۆی لاوازی ئێران و خراپی بارو دۆخی فەرمانڕەوایی ئێران کە چەندین ساڵی خایاند،چونکە لەم ماوە درێژەدا ئێران نەیتوانی بیر لە دەست درێژی بکاتە سەر دراوسێکانی .
٥-پیاوانی ئاینی و زانایان ڕۆڵێکی گرینگیان ھەبوو لەبەر قەرار کردنی ھێمنی و ئارامی لە نێوان (عیراق و ئێران)چونکە ڕێزی زۆریان لێ دەگیرا لەلایەن برایم پاشاوە.٢

١-مێژووی سلێمانی:ل٦.
٢-تاریخ الامارە البابانیە:عبد ربە ابراھیم الوائیلی،ل١٦٩،١٧٠.

ئیبراھیم پاشا ئەم شارەی بە مەبەستی ئەوە درووست کرد تا وەکو یادگاریەک بۆ میللەتی کورد بەگشتی و میرنشینی بابان بە تایبەتی بمێنێتەوە.١
ھەروەھا درووست کردنی ئەم شارە بە دەسکەوتێکی گرینگ دادەنرێت بۆ میرنشینی بابان،بەم شێوەیە برایم پاشا توانی وەک یەکەم کەسی بابان ناوی خۆی تۆمار بکات.٢
وەبە درووست کردنی ئەم شارە وای کرد کەوا خەڵکی بابان بە ئاسوودەیی بژین و وەتوانیشی حوکمی بەبە بەبێ شەڕ بگەێنێتە (خانەقین وقەسر شیرین و زەھاو) وە ئیش و کاری ووڵاتیشی بە شێوازێکی باش و مەدەنی ڕێکخست وخەڵک حەسایەوە و ئاوەدانی کەوتە ووڵاتەوە و کشتوکاڵ پێشکەوت و شەڕو ھەرا کەم بووەوە.٣
ھەر لە ئەنجامی درووستی کردنی ئەم شارەوە بزوتنەوەیەکی ئەدەبیی تازە ھاتە کایەوە وە مەشخەڵی پەیڕەوێکی ئەدەبی تازە لە سلێمانیەوە سەری ھەڵدا و بوو بە ڕووناکیەک کەتاکو ئێستاش بەردەوامە بەشی زۆری کوردستانیشی گرتەوە و لەڕووی زمانیشەوە بوو ئەدەبیاتی ئەوانەی کەبە سێ شێوەزاری کوردی دەدوێن ،قوتابخانەی شیعری بابان ،ھەندێ لە مێژوو نووسانی ئەدەب بە قوتابخانەی نالیی دادەنێن و مەندێکی دیکەش لە باسەکانیاندا ناوی( نالی وسالم وکوردی ) بەیەکەوە تۆماردەکەن.

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …