Home / بەشی مێژووی كورد / فەقێ‌ ئەحمەدی دارەشمانە باپیرەگەورەی میرەكانی میرنشینی بابان (1610-1660)

فەقێ‌ ئەحمەدی دارەشمانە باپیرەگەورەی میرەكانی میرنشینی بابان (1610-1660)

فەقێ‌ ئەحمەدی دارەشمانەباپیرەگەورەی میرەكانی میرنشینی بابان (1610-1660) ‌

عومەر ئیسماعیل مارف
یەكێك لە كەسایەتییە دیارەكانی ناو مێژووی كورد و بە تایبەت باشووری كوردستان(فەقێ‌ ئەحمەدی دارەشمانە)یە كە بە دامەزرێنەری(پێنجەمین)بنەماڵەی بابان دادەنرێت، دەسەڵات و قەڵەمڕەوییەكەی بووە بە بنچینەی دروست بوونی میرنشینی بابان و دوای خۆی كوڕ و كوڕەزاكانی درێژەیان بە فەرمانڕەواییەكەی داوە. ئەگەرچی لە چەند سەرچاوەیەك دا بە دوور و درێژی لە شێوەی چیرۆك و داستانی فۆلكلۆری باس لە ژیان و سەردەمی فەرمانڕەوایی فەقێ‌ ئەحمەد كراوە كە بە هۆی زێدەڕۆیی و داتاشینی بابەتگەلی نالۆژیكی دەربارەی كوشتنی(كاكە شێخ)ی باوكی و(كەیغان)ی هاوسەری، چوارچێوەیەكی خەیاڵی و ئەفسانەی بە خۆوەگرتووە، بەو هۆیەشەوە رێچكە راستەقینە و زانستییەكەی خۆی لە دەست داوە. هەر بۆیە ئێمە پشت بەست بە چەند سەرچاوەیەكی گرنگ و باوەڕپێكراو و دوای خوێندنەوە و گەڕان و بەراوردكارییەكی زۆر، ئینجا توانیمان بگەینە ئەو راستییە و جیاكردنەوەی سەردەم و رووداوەكانی تایبەت بەو مێژووە.
فەقێ‌ ئەحمەد كوڕی كاكە شێخ كوڕی بوداخ بەگ كوڕی میرە بەگ كوڕی شێخ حەیدەری موكری بووە1. بەپێی نووسراوی كێلی سەر گۆڕەكەی ساڵی(1610ز)لەدایك بووە.
بە هۆی چاوچنۆكی و كەڵكەڵە و بیری فراوانخوازی
بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان؛ لە نیوەی دووەمی سەدەی شازدەی زایینی دا دوو برا بە ناوەكانی (كاكە شێخ و كاكە میر) دەسەڵاتداری ناوچەكانی (پشدەر و مەرگە)بوون، بە جۆرێك كاكە میر لە پشدەر و كاكە شێخ لە مەرگە فەرمانڕەوا بووە، بەڵام بە هۆی چاوچنۆكی و كەڵكەڵە و بیری فراوانخوازی، كاكە میر بەردەوام لە هەوڵی پیلان گێڕان و دۆزینەوەی بیانوویەك دا بووە بۆ ئەوەی كاكە شێخی برا گەورەی لە ناو ببات و دەست بە سەر ناوچەی مەرگەش دا بگرێت، هەر بۆیە چاوەڕێی هەلێكی گونجاوی كردوە2. دوا جار لە دەرفەتێك دا لە گوندی دارەشمانە3، كاكە میر كاكە شێخی برای كوشتووە4!
كاتێك ئەو هەواڵە گەیشتووە بە(پیرۆز خان)ی هاوسەری كاكە شێخ، ئەویش لەگەڵ(رۆستەم5)ی كوڕی6 كە لەو كاتەدا شیرەخۆرە بووە، بە نهێنی لە تاریكی شەودا خۆی گەیاندوە بە گوندی(خدران)لە ناوچەی بیتوێن، لەبەر ئەوەی پێشتر كاكە شێخ چاكەی زۆری بە سەر كوێخای گوندەكەوە هەبووە، هەر بۆیە پیرۆز خان داوای پەنادان و بە هاناوەچوونی لە كوێخا كردوە، ئەویش بڕیاری داوە لە پەنای خۆی دا داڵدەیان بدات، پاشان دوای چەند ساڵێك و گەورەبوونی منداڵەكە، ئینجا لە مزگەوت و حوجرەكان دا خراوەتە بەر خوێندن و بە هۆی زیرەكی و لێهاتووییەوە دواتر بە(فەقێ‌ ئەحمەد)ناوی دەركردوە7.
ئەوەی پێویستە لێرەدا ئاماژەی بۆ بكرێت و روون بكرێتەوە؛ رووداوی كوژرانی(حاجی شێخ و میرە)ی كوڕانی(میر ئیبراهیم)ە لە بنەماڵەی سێیەمی بابان كە لە ئێستادا ئەو رووداوە لە ناو فۆلكلۆری كوردی دا جێگای گرتووە و بە(بەیتی كاكە شێخ و كاكە میر)ناسراو و تۆماركراوە.
بەغدای لە ژێر دەسەڵاتی سەفەوییەكان دەرهێناوە
بەپێی سەرچاوەكان؛ كاتێك سوڵتان(سلێمانی قانوونی1520-1566ز)عوسمانی لە ساڵی(1534ز)دا، شاری بەغدای لە ژێر دەسەڵاتی سەفەوییەكان دەرهێناوە و داگیری كردوە8. لەو كاتەدا بە مەبەستی پیرۆزبایی و نیشاندانی دڵ سۆزی و گوێڕایەڵی خۆیان بۆ سوڵتان، حاجی شێخ، هاوڕێ‌ لەگەڵ(میرە و میر سلێمان)ی برای بەرەو بەغدا بە رێ‌ كەوتووە، بەڵام دوای ئەوەی گەیشتوونەتە(مەرگە)لەلایەن چەند كەسێك لە دانیشتوانی گوندەكەوە پەلاماردراون و لە كاتی نوێژ كردن دا حاجی شێخ و میرەی برای و چەند كەسێك لە پیاوەكانیان كوژراون9 كە هەتا ئێستاش گۆڕەكانیان لە گۆڕستانی مەرگە سەلمێنەری ئەو رووداوەیە. لەو بارەیەوە، هەندێك سەرچاوە و گێڕانەوەی دەماودەمی ئاماژە بە كەسێك دەكەن بە ناوی(حەیدەر)كە بە پیلان داڕێژەر و بكەری سەرەكی تاوانەكە دادەنرێت، دواتریش بە هۆی ئەنجامدانی ئەو كارە نارەوایەوە بە(حەیدەر شەیتان)ناسراوە.
جێگای ئاماژەیە، ئەو رووداوە شەرەف خانی بدلیسی لە(شەرەفنامە)دا باسی كردوە و نووسینەوەی ئەو تۆمارە مێژووییانەش زۆر پێش لەدایك بوونی(فەقێ‌ ئەحمەد)بووە، كەواتا هیچ گومان و دوو دڵی لەوەدا نییە كە(حاجی شێخ)ی ناوبراو جیاوازە لە(كاكە شێخ)ی باوكی فەقێ‌ ئەحمەدی دارەشمانە، پێدەچێت كاكە شێخ و كاكە میر بە ناوی ئەو دوو برایەوە ناونرابن كە چەند ساڵێك پێشتر بە شێوەیەكی دڕندانە لە گوندی مەرگە كوژراون، هەروەها ئەوەی زیاتر بۆچوونەكەمان پشت راست دەكاتەوە، هاتنی ناوی كەسێكی ترە هەر بە(حاجی شێخ)لە بنەماڵەی چوارەمی بابان كە كوڕەزای حاجی شێخی یەكەمە و لە كاتی یاخی بوونەكەی شازادە(بایەزید)ی كوڕی سوڵتان سلێمانی عوسمانی لە باوكی، ئەویش لەگەڵ(بوداخ بەگ)ی باوكی دا هاوكار و لایەنگری بایەزید بووە10، دواتر لە ساڵی(1562ز)لەگەڵ شازادە بایەزیددا لەناوبراوە11. ئەو بەڵگەیە ئەوە دەسەلمێنێت كە بابانییەكان بۆ مانەوەی ناوی ئەو دوو برا زوڵم لێكراوە، نەوە دوای نەوە و چەند جارێك ناوی حاجی شێخ و میرەی برایان گرتووەتەوە.
ئینجا دوای ئەو رووداوە
دوای ئەوەی فەقێ‌ ئەحمەد گەورە بووە، دایكی لە رووداوەكانی ساڵانی رابردوو ئاگاداری كردوەتەوە و هانی داوە بۆ ئەوەی تۆڵەی خوێنی باوكی بكاتەوە. هەر بۆیە ئەویش دوای ئامادەكارییەكی تەواو بە یاوەری چەند كەسێك لە پیاوەكانی كوێخای گوندی خدران، شەوێك لە گوندی دارەشمانە هەڵدەكوتێتە سەر كاكە میری مامی و دەیكوژێت12 و كوڕەكانیشی بەرەو ناوچەكانی خۆرهەڵاتی كوردستان ئاوارە بوون كە لە ئێستادا نەوەكانیان لە شارەكانی (سەقز و بۆكان) بە هۆزی (فەیزوڵڵا بەگی)و لە (سابڵاخ- مهاباد)یش بە(شێخ ئێلخانی)ناسراون. ئینجا دوای ئەو رووداوە، فەقێ‌ ئەحمەد ناوچەكانی مەرگە و پشدەری كەوتووەتە دەست و گوندی(دارەشمانە13)ی كردوە بە پایتەخت14.
دوای ئەوەی لە سەردەمی فەرمانڕەوایی سوڵتان(مورادی چوارەم1623-1640ز)دا15، عوسمانییەكان گیرۆدەی شەڕێكی گەورەی خوێناوی بوون، هەر بۆیە داوا لە سەرجەم ناوچە و هەرێمەكانی سەر بە ئیمپڕاتۆرییەت كراوە لە ژێر ناوی جیهاددا هێزی تایبەتی خۆیان بۆ پشتیوانی لە سوپای عوسمانی رەوانەی بەرەكانی شەڕ بكەن، لەبەر ئەوەی فەقێ‌ ئەحمەد پیاوێكی لە خوا ترس و پابەندی بڕیار و بنەماكانی ئیسلام بووە، بەشداری كردنی لەو شەڕەدا بە ئەركێكی ئایینی گەورە زانیووە و هێزێكی سوارەی چەكداری كۆكردوەتەوە و بەرەو گۆڕەپانی شەڕ رۆیشتووە.
توانیوویەتی لە سەر زینی ئەسپەكەی بیخاتە خوارەوە
بەپێی سەرچاوەكان؛ لەو شەڕەدا فەقێ‌ ئەحمەد روو بە رووی پاڵەوانێكی بە هێز و چاو نەترس بووەتەوە، دوای ماوەیەكی زۆر لە رم وەشاندن و یەكتری كەمەندكێش كردن، توانیوویەتی لە سەر زینی ئەسپەكەی بیخاتە خوارەوە، پاشان لە كاتی قۆڵ بەست كردنی دا بۆی دەركەوتووە ئەو سوارە سەركێش و فیداكارە كیژێكی جوان و شۆخ و شەنگە بە ناوی(كەیغان16)كە هەمان كات كچی یەكێكە لە فەرماندە باڵاكانی سوپای دوژمن17.
دواتر فەقێ‌ ئەحمەد لە بەرامبەر خزمەت و دڵ سۆزی زۆری بۆ دەوڵەت، لەلایەن سوڵتانی عوسمانییەوە بە فەرمی ناوچەكانی(پشدەر و مەرگە)ی پێ‌ دەبەخشرێت و بە هاوڕێیەتی كەیغان خاتوون گەڕاوەتەوە بۆ دارەشمانە18، بێ‌ گومان بە هۆی پیشاندانی ئەو ئازایەتی و هاوسەرگیرییە ناوازەیە، ئەوەندەی تر ناو و ناوبانگی فەقێ‌ ئەحمەد بە ناوچەكەدا بڵاوبووەتەوە.
دوای بە فەرمی ناساندنیشی وەكو میرێكی دانپێدانراوی خاوەن دەسەڵات، ئینجا لە هەوڵی فراوان كردنی سنووری دەسەڵاتەكەی دا بووە، بە جۆرێك لەلای خۆر هەڵات و باكوورەوە ناوچەی هۆزەكانی(گەورك و سوێسن و مامەش)و لەلای خۆر ئاواشەوە ناوچەی(بیتوێن)ی هەتا نزیك كۆیە خستووەتە سەر قەڵەمڕەوی میرنشینی تازەی بابان19. دوا جار هەر بەپێی نووسراوی كێلی سەر گۆڕەكەی لە ساڵی(1660ز)دا، كۆچی دوایی كردوە و لە گوندی دارەشمانە بە خاك سپێردراوە.
ئەوەی هەتا ئێستا زانراوە و زوربەی سەرچاوەكانیش لە سەری كۆكن، فەقێ‌ ئەحمەد(3)كوڕی بە ناوەكانی(سلێمان بەبە، خان بوداخ و تەیموور خان بەگ)هەبووە20 كە دوای باوكیان یەك لە دوای یەك درێژەیان بە فەرمانڕەوایی میرنشینەكە داوە.
سەرچاوە و پەراوێزەكان؛
1-شەرەفنامە: میر شەرەف خانی بدلیسی، و: مامۆستا هەژار، دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی ئاراس، چاپی سێیەم-هەولێر2006 ل365.
2-مێژووی حوكمدارانی بابان لە قەڵاچوالان تا دروست كردنی شاری سولەیمانی(1669-1784ز): تۆفیق قەفتان، بەغدا1969 ل9.
3-جیاواز لە چەند سەرچاوە و بۆچوونێكی تر، بوونی گۆڕی كاكە شێخ لە پاڵ گۆڕی هەر یەكە لە(میر بوداخ بەگ، پیرۆز خان، فەقێ‌ ئەحمەد و كەیغان)لە گۆڕستانی(پیر بێڵ)ی باكووری خۆر ئاوای گوندەكە، بەڵگەی سەلمێنەری ئەنجامدانی ئەو پیلانەیە لە گوندی دارەشمانە.
4-تاریخی سلێمانی وە وڵاتی: محەممەد ئەمین زەكی بەگ، ئامادەكردنی: رەفیق ساڵح، بەرگی سێیەم، چاپی دووەم، بنكەی ژین، چاپخانەی شڤان-سلێمانی2006 ل39.
5-بە هۆی بوونی چەند رۆستەم ناوێكی تر لە بنەماڵە پێشینەكانی بابان كە هەر یەكە لە(رۆستەم)ی برازای میر بوداخ كوڕی ئەبداڵ بەگ لە بنەماڵەی یەكەم و هەروەها(رۆستەم)ی كوڕی سلێمان بەگ لە بنەماڵەی سێیەم ناویان هاتووە، دەگونجێت فەقێ‌ ئەحمەد بە ناوی یەكێك لەو(رۆستەم)ەوە كرابێت. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە؛ شەرەفنامە: میر شەرەف خانی بدلیسی، ل360.
6-دیمانەی نووسەر لەگەڵ بەرێز كاك جەمال كاك ئەحمەد بەگی دارەشمانە، رۆژی پێنج شەممە(29-3-2007)گوندی دارەشمانە.
7-مێژووی میرایەتی بابان: حسێن نازم بەگ، و: حسێن حەسەن كەریم و سدیق ساڵح، بنكەی ژین، چاپخانەی شڤان-سلێمانی2013 ل22.
8-هاتنی سوڵتان سولەیمانی قانوونی بۆ گرتنی بەغدا: قەرە چەلەبی زادە، و: ئەحمەد تاقانە، چاپی یەكەم، دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی ئاراس-هەولێر2006 ل30.
9-شەرەفنامە: میر شەرەف خانی بدلیسی، ل360.
10-هەمان سەرچاوەی پێشوو ل362.
11-مێژووی دەوڵەتی سەفەوی: د. محەمەد سهێل تەققوش، و: شاخەوان محەمەد، چاپی یەكەم، دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی رۆژهەڵات، چاپخانەی رۆژهەڵات-هەولێر2010 ل130.
12-تاریخی سلێمانی وە وڵاتی: محەممەد ئەمین زەكی بەگ، ل39.
13-گوندی دارەشمانە بە دووری(13كلم)دەكەوێتە خۆر هەڵاتی شاری قەڵادزێ‌ و لە سەر رێگای دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی(كێلێ‌)هەڵكەوتووە.
14-مێژووی میرایەتی بابان: حسێن نازم بەگ، ل23.
15-عوسمانییەكان، لە عوسمانی كوڕی ئورتغلەوە تا سوڵتان عەبدولمەجیدی دووەم: و: سەلام عەبدولكەریم، چاپی یەكەم، خانەی چاپ و پەخشی رێنما، چاپەمەنی گەنج-سلێمانی2007 ل106.
16-جێگای ئاماژەیە، ئەو رووداوەش لەلایەن چەند نووسەرێكەوە بە شێوەیەكی بەرچاو زێدەڕۆیی تێداكراوە و لە شێوەی داستان و چیرۆكێكی ئەوینداری ئەفسانەیی داڕێژراوە، هەر بۆیە لە رێچكە راستەقینەكەی خۆی دەرچووە.
17-مێژووی میرایەتی بابان: حسێن نازم بەگ، ل25.
18-تاریخی سلێمانی وە وڵاتی: محەممەد ئەمین زەكی بەگ، ل39.
19-مێژووی میرایەتی بابان: حسێن نازم بەگ، ل26.
20-گەشتنامەی ریچ بۆ كوردستان: كلۆدیۆس جەیمس ریچ، و: محەممەد حەمە باقی، بەرگی یەكەم، چاپی یەكەم، بەڕێوەبەرایەتی خانەی وەرگێڕان، چاپخانەی شڤان-سلێمانی2012 ل364.

 

About زريان احمد

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …