Home / بەشی مێژووی كورد / مه‌م و زین ی ئه‌حمەدی خانی و دەوری وی لە دەرکەوتنی ووشیاریی نەتەوەیی کوردی دا

مه‌م و زین ی ئه‌حمەدی خانی و دەوری وی لە دەرکەوتنی ووشیاریی نەتەوەیی کوردی دا

مارتین ڤان بڕاونێسن
وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە : حەسەنی قازی

زیاتر لە سێسەد ساڵ لەمەو پێش، شاعیری کورد و زانای موسوڵمان ئەحمەدی خانی شاکاری خۆی مەم و زین ی تەواو کرد،کە ناسیۆنالیستە کوردەکان ئەو شوێنەوارە بە حەماسەی نەتەوەیی خۆیان دەزانن. مەم و زین لە لایەکەوە داستانی ئەوینێکی گەورە و کارەساتاوییە، لە گوێن شوێنەوارە کلاسیکەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەکوو کلیلە و دەمنە، خوسرەو و شیرین یان یۆسف و زڵەخا؛ لە ڕاستیدا وا وێدەچێ خانی کارەکەی لە سەر مۆدێلی ئەو گێڕانەوەیەی یۆسف و زڵەخا گەڵاڵە کرد بێ کە شاعیری گەورەی ئێرانی نیزامی گەنجەیی هۆندوویەتەوە.لە لایەکی دی ئەو چیرۆکە دڵدارییە ڕەمزیکە بۆ پەیامی سۆفیانەی شاعیر؛ هێندێک لە بەشەکانی ئەو شوێنەوارە لە ڕاستیدا بە ڕاشکاوی ڕوانگە عیرفانیەکانی خانی مان بۆ باس دەکا[٢].نێوبانگی ئەو کارە لە نێو کوردەکانی سەدەی بیستەم دا لە بەر لایەنێکی دیکەی ئاشکرای ئەو کارەیە: نەک دەکرێ وەک دەربڕینێکی بەهێز بۆ هەست بە شانازی کردن بە ناسێنەی ئێتنیکی کوردی بخوێندرێتەوە بەڵکوو وەک دەربڕی ئاوات بۆ هەبوونی دەوڵەتێکی کوردیش.خانی کارەکەی خۆی بە فارسی نەنووسی، کە لە سەروبەندی وی دا زمانی لەبار بوو بۆ دەربڕینی ئەدەبی دەوڵەمەند، بەڵام بە کوردی نووسی. ئەو دیباچەیەکی بۆ کارەکەی نووسی و داخ و جەخاری خۆی لەوەی کوردەکان ژێردەستەی دەوڵەتە دراوسێیەکانن و نەبوونی یەکێتیی دەنێو کوردان دا دەربڕی و، ئاواتی خواست شایەکی کورد پەیدا بێ بتوانێ گەلەکەی یەک بخا و ئەو جار کوردەکان چۆک بە داگیرکەرانی پێشووی خۆیان دا بهێنن. بەحەق، زۆر لە کوردەکانی سەدەی بیستەم هەستی خۆیان لە دێڕەکانی خانی دا ناسیوەتەوە و بەو ئاکامە گەیشتوون کە ناسیۆنالیزمی خۆیان ریشەکەی هەر نەبێ دەچێتەوە سەر خانی. خانی وەک ناسیۆنالیستێک ڕاگەیێندرا بۆ ئەوەی بزووتنەوەی کورد ئیدیعا بکا مێژوویەکی سێسەدساڵەی خەباتی نەتەوەیی هەیە.[٣]

داخودا خانی ناسیۆنالیستێکی کورد بوو و داوای دەوڵەتێکی کوردی دەکرد؟

هەڵبەت، سەبەبی باش هەن، بۆ ئەوەی ئەحمەدی خانی بە باوکە گەورەی ناسیۆنالیزمی کورد نێوزەد بکرێ – و لە خوارەوە ئەمن نیشان دەدەم کارەکانی، بە تایبەتی مەم و زین چ دەورێکی گرینگی لە قۆناخە ناسکەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد دا گێڕاوە. بەڵام داخودا ئەوە پاساوی ئەو قسەیە دەدا کە خانی بۆ خۆی وەک ناسیۆنالیستێکی کورد نێو دێر بکرێ؟ ئەمن لەو باوەڕە دا نیم و، پێشم وایە ئێمە ناتوانین بە پاڵپشتی یەک دوو دێڕی بەنێوبانگی نێو مەم و زین بگەینە ئەو ئاکامە و بڵێین خانی بیری لە دەوڵەتێکی کورد کردووەتەوە. ئەوە ڕاستە ئەحمەدی خانی ووشیارییەکی زۆری سەبارەت بە ناسێنەی کوردی خۆی هەبوو و شانازی پێوە دەکرد و، ئەوەش ڕاستە کە ئەو چالاکیی ئەدەبی خۆی بە خزمەتێک بە کوردان دا دەنا. لە سەدەکانی پێشتر لەو، شاعیران و زانایانی کورد بە گشتی بیرو ڕای خۆیان بە فارسی یان عەڕەبی دەردەبڕی.شەڕەف خانی بیتلیس مێژووە بە نێوبانگەی خۆی، شەڕەفنامەی، لە مەڕ سەرۆک نشین و میرنشینە کوردییەکان (سەدەیەک بەر لە مەم و زین تەواوی کرد) بە فارسی نووسی.تەنانەت پێش لەو، ئیدریسی بیتلیسی ش،- (کۆتایی سەدەی ١٥ – بەرایی سەدەی ١٦)، بۆچوونەکانی خۆی بە فارسی نووسیوە، هەم لە کارەکانی دا سەبارەت بە مێژووی عوسمانی و هەم لە نامەگۆڕینەوەی ڕەسمی دا.[٤] ڕەنگە نووسین بە کوردی قەت بە مێشکی ئەو نووسەرانە دا ڕانەبردبێ،لەو سەر و بەندی دا فارسی نەک وەک زمانی هەرە دەوڵەمەند بۆ دەربڕینی ئەدەبی دادەندرا، بەڵکوو زمانێکیش بوو کە خوێنەرەوە و گوێگری هێزەکی بەربڵاویشی دەستەبەر دەکرد چونکە زۆر خەڵکی خوێندەوار لە ئیمپراتۆری عوسمانی دا دەیانتوانی ئەو زمانە بخوێننەوە، هەر وەها لە هیندووستان و ئێرانیش. ئەحمەدی خانی دەبێ زانیبێتی کە بڕیار دانی بۆ بە کوردی نووسین لە جیات فارسی بەو مانایە دەبێ قەت خوێنەرەوە وبیسەری ئەوەندەزۆرنابێ و خوێنەرەوەکانی هەر کوردەکان دەبن و ئەو قەت نێوبانگی سەرمەشقی گەورەی خۆی ، واتە نیزامیی گەنجەیی وەدست ناهێنی. خانی بە زانایی زمانی کوردی هەڵبژارد بۆ ئەوەی پلەی کولتووری کوردی لە چاوی دراوسێیەکانی کوردەکاندا بەرەو ژوور بەرێ، بە قسەی خۆی:

دا خەلق نەبێژتن کو ئەکراد
بێ مەعریفەتن، بێ ئەسڵ و بنیاد
ئەنواعی میلەل خودان کتێبن
کورمانج تەنێ د بێ حەسێبن

خانی یەکەم شاعیر نەبوو شێعری کلاسیکی بە کوردی بنووسێ، ئەو بۆ خۆی باسی شاعیرانی پێش خۆی وەک فەقێی تەیران، عەلیی حەریری و مەلای جزیری دەکا، بەڵام وا وێدەچێ زۆر شاعیری دیکەش هەبووبن کە ئێستا لە بیر چوونەتەوە چونکە کارەکانیان نەپارێزراون. گەڕیدەی بەنێوبانگی تورک ئەولیای چەڵەبی لە کاتی سەردانی خۆی لە عەممادییە لە دەورو بەری ساڵی ١٦٦٠ دا باس دەکا لە دیوەخانی میری ئەوێدا بە دەرزەن شاعیری هەڵکەوتوو هەبوون، کە شێعری زۆر دڵگریان بە زمانی کوردی دەنووسی. ئەولیا قەسیدەیەکی دەوڵەمەندی یەک لەو شاعیرانە ڕەمەزان ئەفەندی دەگێڕێتەوە و نیشان دەدا لەو سەوبەندیدا چالاکیی ئەدەبی کوردیی زیندوو و بە مرخ هەبووە.[٥] چ شتێک بووە هۆی گوڵکردن و بووژانەوەی ئەدەبی کوردی لە ماوەی سەدەی حەڤدەهەمدا؟ چ ووڵامێکی ساکار بەو پرسیارە نادرێتەوە، بەڵام ئەمن وای بۆ دەچم ئەوە ڕەنگە بە ووردی لە بەر زاڵبوون و سەردەستی عوسمانی بووبێ کە خانی سکاڵای لێدەکرد. ئێمە دەبینین لە ئەستەنبووڵ لە سەدەی ١٦هەم بەملایەوە ووردە ووردە تورکیی عوسمانی وەکوو زمانی دەرباری و دەربڕینی زانایانە جێی فارسی دەگرێتەوە. ئەو نموونەیە ڕەنگە هانی شاعیرە کوردەکانی وەک مەلای جزیری و ئەحمەدی خانی دابێ کە شێوەیەکی ئەدەبی زمانی خۆشیان پەرە پێبدەن.لەوەش گرینگتر، یەکەم سەدەکانی فەرمانڕەوایی عوسمانی سەردەمی بە ڕێژە هێور و بە سەباتی لە تەک خۆیدا هێنا. بنەماڵە فەرمانڕەوا کوردەکان کە خۆیان کرد بووە ژێر دەستەی عوسمانییەکان ئۆتۆنۆمی، هێمنی و خۆشبژێتییان هەبوو و ئەوەش هەلی ئەوەی بۆ ڕەخساندن ببنە پشتیوان و هاندەری هونەر و زانست. میرەکان و حاکمە عوسمانییەکان ( بەگلەربەگەکان و سنجاقبەگەکانیش) یارمەتی حوجرە و مەدرەسەکانیان دەدا کە تێیاندا پیاوی گەنجی کورد زانستی ئایینی و ئەدەبییان دەخوێند.دیوەخان و حوجرەی مزگەوتان شوێنی ئەوتۆ بوون کە تێیاندا هونەر و بەتایبەتی ئەدەبییات ڕێزیان لێ دەنرا،هەڵبەت دیارە شاعیرە کوردەکانی ئەو سەروبەندی سەر بە یەک لەوشووێنانە یان هەر دووکیان بوون.ئەوە ئێمە دەگەیێنێتە گۆیا ناسیۆنالیزمی خانی.هێندێک بڕگەی دیپاچەی مەم و زین بێسێودوو زرینگەی نوێباو بوونی لێوە دێ، وەک بڵێی ئەو قسانە لە لایەن ناسیۆنالیستەکانی بەرایی سەدەی بیستەمەوە کرا بن تا ئەوەی کە قسەی سێ سەدە لەمەو پێشتر بن. وەک ئەوە دێتە بەر گوێ خانی داوای دەوڵەتێکی نەتەوەیی کورد بکا. لە ڕاستیدا، ئەمن بۆ خۆم بۆ ماوەیەک پێموابوو ئەوانە لە لایەن نووسەرەوەیەکەوە زۆر دواتر لە نووسراوەکەی خانی ترینجێندراون،چونکە لە بەر گوێی من زۆر تازە بوون. بەڵام ئەو ووشانە لەو چاپە زانستییەی مەم و زین یشدا کە م.ب. ڕۆدێنکۆ بڵاوی کردووەتەوە هەن، کە لە ڕووی نۆ دەستنووسی جۆر بە جۆرەوە ساخکراونەتەوەکە ئەوی هەرە کۆنیان لە ساڵانی ٣٢-١٧٣١دانووسراوەتەوە واتە زۆرپێش لەدەرکەوتنی ناسیۆنالیزمی نوێباو لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.[٦]جا بۆیە ئەوە دەبێ ئەحمەدی خانی خۆی بێ کە ئەو دێڕانەی نووسیوە:

گەر دێ هەبوا مە پادیشاهەک
………………
غالیب نەدبوو ل سەر مە ئەڤ ڕۆم

دیسان دەڵێ:

گەر دێ هەبوا مە ئیتیفاقەک
ڤێک ڕا بکرا مە ئینقیادەک
ڕۆم و عەڕەب و عەجەم تەمامی
حەمیان ژ مەڕا دکر غولامی
تەکمیل دکر مە دین و دەولەت
تەحسیل دکر مە عیلم و حیکمەت

” ئەگەر تەنێ یەکێتیمان هەبایە و سەرمان وەبەر یەکتری هێنابا، ئەو دەمی گشت عوسمانییەکان وعەڕەبەکان و ئێرانییەکان دەبوونە خزمەتکاری ئێمە، لە ئایین و سیاسەت دا [٧] بە دەرەجەی کەماڵ دەگەیشتین و زانست و ژیریمان بەرهەم دەهێنا.”
وەسوەسەی ئەوە دەکەوێتە بیری مرۆڤ ئەو قسانە وەک سکاڵای کوردێک بخوێنێتەوە کە بیر لەوە دەکاتەوە بۆچی گەلەکەی چ دەوڵەتی نییە لە کاتێکدا گەلانی دیکە، تورکەکان، عەڕەبەکان و فارسەکان هەیانە. لەم جۆرە تێخوێندنەوەیە دوو گیروگرفت ڕاست دەبنەوە. بە پێی سەرچاوەکانی دیکەی ئەو سەرو بەندی ئێمە بۆمان دەردەکەوێ ئەو دەمی خەڵک بە گشتی خۆیان بە گرووپی ئێتنیکی یان نەتەوە پێناسە نەدەکرد،بەو شێوەیەی خەڵک لەم ڕۆژگارە دا دەیکەن. ڕۆم، عەڕەب و عەجەمی ئەحمەدی خانی گرووپی ئێتنیکی خاوەن دەوڵەت نین. ڕۆم لە بناوانەوە ئیمپراتۆری ڕۆم بوو و دواتر بە بەشی ڕۆژهەڵاتی واتە بیزانتیۆم دەگوترا، پاشان ئەو نێوە بۆ جێنشینەکانی دەکار کرا،دەوڵەتەکانی سەلجووقی و عوسمانی و ئێستا جار و بار بۆ نێودێر کردنی کۆماری تورکییە بە کار دەهێندرێ—بەڵام ئەو نێوە قەت بۆ نێودێر کردنی تورکی ئاسایی دەکار نەکراوە.[٨] زاراوەی عەجەم لە لایەن عەڕەبەکانەوە دەکار کرا بۆ بانگکردنی گشت ئەوانەی بە زمانی جوێ لە عەڕەبی دەدوان و، لە زمانی تورکیی عوسمانی دا بە تایبەتی بۆ نێودێر کردنی هەموو جۆرە ئێرانییەک دەکار دەکرا و لەوانە تورکی ئاخێوەرانیش. عەڕەب و کورد ( یان کورمانج، خانی هەر دووکیان بە کار دەهێنێ) دەوڵەت نین بەڵکوو گرووپی ئینسانین، بەڵام ئەمن لەوە بە گومانم کە داخودا مەبەستی خانی بە ووردی لە نێو هێنانی هەمان گەل بووە کە لەم ڕۆژگارە دا ئێمە وەک نەتەوەی کورد باسی دەکەین. هەر وەک لە جێگەی دیکەشدا نووسیومە، زاراوەی کورد لەو زەمانی دا وێدەچێ تەنێ بۆ نێودێر کردنی عەشیرەتە کوردەکان و بەشێک لە نوخبەی ئاریستۆکراسی شارنشین بەکار هاتبێ، بەڵام نەک بۆ جووتێرانی نا- عەشیرەتی.[٩] گیروگرفتی دووهەم دەگەڕێتەوە سەر تەبیعەتی دەوڵەتان: ئەو دەمی بیری دەوڵەتی نەتەوایەتی هێشتا دەرنەکەوتبوو،نە لە ئاسیا و نە لە ئوڕووپا. چ دەوڵەتی تورکی،عەڕەبی یان فارسی لە گۆڕێدا نەبوو و،چ هەوڵێکیش نەدرابوو بۆ دامەزراندنی ئەوان. ئەو دەوڵەتانەی هەبوون لە سەر بنەمای ناسێنەی ئایینی یان پێناوداری و وەفاداری سەبارەت بە بنەماڵەیەکی پادشایی دامەزرابوون، وەک سیلسیلەی عوسمانی و سەفەوی،کە هەر دووکیان تورک زمان بوون بەڵام هیچکامیان حەولی نەدەدا بۆ ڕاکێشانی هاوپێوەندی ئێتنیکی تورک بەرەو خۆی.ئەو دەوڵەتانە فرە ئێتنیکی بوون و، ئەگەر ئەحمەدی خانی بیری لە شێوەیەکی دەوڵەت کردبێتەوە، ئەو پادشایەکی کوردی بە ئاوات خواستووە و دەوڵەتەکەی بە بیری وی دا هاتووەبە هیچ کلوجێ دەوڵەتێکی نەتەوایەتی نەبووە،بەڵکوو دەوڵەتێکی فرە ئێتنیکی دیکەی لە بەر چاو بووە کە تێیدا ” ڕۆم و عەڕەب و عەجەم تەمامی، حەمیان ژ مە را دکر غولامی”.
ئەگەر لە ناسیۆنالیسم،مەبەستمان ئەوە بێ وەک ئێڕنست گێلنر دەڵێ ” ئەو پرێنسیپە سیاسییەی کە تێیدا دەبێ یەکەی سیاسی و یەکەی نەتەوەیی لە گەڵ یەکتریدا جوور بێنەوە و تەبا بن” [١٠] ئەو دەمی خانی نابێ بە ناسیۆنالیست دابندرێ. ئەو بە دووبەرەکی کوردان پەشێو بوو و پێوەی دەناڵاند و لەوە بێزار بوو ئەوان دە نێو خۆیاندا ناتەبا بوون و، بە چاو خانییەوە ئەو دوو بەرەکییە و بێ ئیتیفاقییە ببووە هۆی ئەوەی ئەوان وەک ژێر دەستەی دەوڵەتە دراوسێیەکانیان بژین. ئەگەر ئەوان لە نێو خۆیان یەک بایەن، لە وانە بوو خۆیان دەستەی زاڵ بووبان.

ئەحمەدی خانی بۆ کێی دەنووسی و، کێ شوێنەواری وی دەخوێندەوە؟

مەم و زینی ئەحمەدی خانی لە سەر بنەمای ئەفسانەی بەنێوبانگی گەلیی بە نێوی مەمی ئالان ( کە جار جار بە مەم و زین یش ناو دەبردرێ) هۆندراوەتەوە،بەڵام جیاوازییەکی زۆری لە گەڵی هەیە چ لە شێوە و چ لە ناوەرۆک دا.خانی ئاڵوگۆڕێکی زۆری لە ماکی چیرۆکەکەدا کردووە، بە بیری عارفانەی لە سروشت بەدەر و بیروڕای خۆی لەمەڕ سیاسەت ڕازاندوویەتەوە و دەوڵەمەندی کردووە و، لە هەوای شێوەی هۆنراوەی مەسنەوی فارسی نووسیویە.ئەو کارە وا دەگەیێنێ بە دەرەجەی یەکەم بۆ کەسی ئاوا نووسرابێ کە هەر ئەوانە نەبوون کە گوێیان لە بەیت و باوی حەکایەتخوان و بەیتبێژی تەقلیدی گرتووە،ئەو حیکایەتخوانانەی کە مەمی ئالانیان لە پشتێکەوە بۆ پشتێکی دی بە دیاری هێشتبووەوە.بەڵکوو مەبەستی خانی گوێگرانێکی زۆر هەڵکەوتووتر بوون،کە لە ووزەیان دا بووبێ لایەنە زیادتر ڕەمزی و لە سروشت بەدەری شوێنەوارەکەی تێبگەن و ئاگایان لە شێوە ئەدەبییەکانی فارسی بووبێ بۆ ئەوەی بتوانن بە چاوی ڕێزەوە لەدەستکەوتی خانی بڕوانن و قەدری بزانن. ئەو ئاڵقەیەی گوێگران و خوێنەوەران دەبێ زۆر بەرتەنگ بووبێ و، لە وانەیە هەر لە دیوەخانی میرنشینەکان و لە حوجرە و مەدرەسە باشترەکان دا هەبووبن.
ژمارەی دەستنووسەکانی مەم و زین کە لە کۆکراوەی گەورەی دەستنووسان دا هەن زۆر کەم و بە سنوورن. هەر وەک باس کرا ڕۆدێنکۆ نۆ دەستنووسی جیاوازی دۆزییەوە و بە کاری هێنان(سێ لەوان ئی کۆکراوەی ئالێکساندر ژابا ن). لە ڕۆژئاوا تەنێ چەند دەستنووسی کەم هەن. زەحمەتە تەخمین بکرێ بەر لە دەرکەوتنی یەکەم چاپی مەم و زین لە کۆمەڵی کوردی دا چەند دەستنووسی ئەو شوێنەوارە هەبووە.بەڵام ئەمن پێموانییە ئەوانە لە چەند سەدێک زیادتر بووبن.ئەگەر ئێمە وای دابنێین کە هەر دەستنووسەی لە لایەن بیست کەس ڕا خوێندرابێتەوە،سەرجەم ئەو کەسانەی کە ئەو دەمی مەم و زینیان خوێندبێتەوە لە چەند هەزار کەسی تێناپەڕێنێ.ڕەنگە ئەو تەخمینەش بە زیادەوە داندرابێ. [١٢] * ئەوە تەنێ دوای هاتنی چاپ بوو کە هەل ڕەخسا خەڵک بە کۆمەڵ مەم و زینی خانی بخوێننەوە.
خوێنەرەوەی خانی بە پێزانیینەوە لە بڵیمەتی ئەدەبی وی چێژیان وەردەگرت بەڵام ئێمە هەر بە گریمانەوە دەتوانین بڵێین داخودا ئەوان هەر هەمان پەیامی سیاسییان لە شوێنەوارەکەیدا دەخوێندەوە کە وەچەکانی دواتر خوێندیانەوە؟ مەلا مەحموودی بایەزیدی کە لە ساڵانی ١٨٥٠ دا لە سەر داوای کونسوولی ڕووسییە لە ئەرزوروم،ئالێکساندر ژابا، بۆ یەکەم جار لێکۆڵینەوەیەکی کورتی لە سەر ئەدەبی کوردی نووسی، مەم و زین هەر بە “داستانێکی دڵداری” دادەنێ (کتێبەکی عاشق مەعشووقان). مەلا مەحموود بە کارامەیی ئەدەبیی خانی هەڵدەڵێ و دەڵێ خانی شاعیری هەرە بە نێوبانگ، هەرە خۆشەویست و هەڵکەوتووی کوردە – بەڵام مەلا مەحموود هیچ باسی لایەنە باشەکانی نا-ئەدەبیی خانی ناکا. [١٣]

بیروڕاکانی خانی لە باشوور بڵاو بوونەوە: حاجی قادری کۆیی

ڕەنگە یەکەم کەسی کە پەیامی ناسیۆنالیستی لە مەم و زین دا ناسیبێتەوە نووسەری خوارووی کوردستان حاجی قادری کۆیی (١٨٩٧- ١٨١٧)بێ. هەر وەک لە خوارەوە دەبینین،حاجی قادری کۆیی کەسایەتییەکی کلیلی بوو کە شوێنێکی گەورەی کردە سەر ووشیاریی نەتەوەیی کورد چ لە باکوور و چ لە باشووری کوردستان.لە سەر و بەندی فەقێیایەتی خۆی دا لە حوجرەی مزگەوتەکانی بەشە جیاوازەکانی کوردستان دا خوێندی.[١٤] ئەو لە سەر و بەندی ئاڵوگۆڕ و گۆڕانی گەورە لە کوردستان دا دەژیا،کاتێک دوایین میرنشینە کوردەکان بە دەست حکوومەتی عوسمانی هەڵوەشێندران، ئەو لاوێک بوو . ئەو دەبێ بە تەجروبەی شەخسی خۆی لەمەڕ حکوومەتی دوایین فەرمانڕەوای گەورەی سۆڕان. میرمحەمەدی بە نێوبانگی ڕەواندز ( ناسراو بە میرە کوێرە ١٨٣٥ -١٨١٤) ئاگاداری هەبووبێ،کە زەمانێک بەشێکی گەورەی لە ناوەند و باشووری کوردستانی کۆنتڕۆڵ دەکرد. ئەو هەر وەها دەبێ لە زمان ڕێبوارانەوە بەسەرهاتی دەستەڵات و عەداڵەتی بەدرخان بەگی بۆتان ی بیستبێ، کە لە ١٨٤٠ تەقریبەن خۆی لە حکوومەتی عوسمانی ڕزگار کرد و زۆربەی ڕۆژئاوا و کوردستانی ناوەندی خستە بن دەستەڵاتی خۆی . ئەو دوایین فەڕمانڕەوا گەورانە ،کە هێشتاش حەکایەتخوانان بەسەرهاتی ئەوان دەگێڕێنەوە و لە بەیت و حەماسان دا هێشتاش پەسن دەدرێن،دەبێ شوێنێکی زۆریان لە سەر قادری لاو هەبووبێ.
تێکشکانی یەکجارەکی ئەوان بە دەستی ئەڕتەشی ناسراوی عوسمانی و، ئەو هەرکەس هەرکەس و ناهێمنییەی بە دووی ئەو سەروبەندە دا پەیدا بوو،کە وێدەچوو عەشیرەتەکان لە کێشە و هەرای بەردەوام دا بن لە گەڵ یەکتری دا،ناسیۆنالیزمێکی ڕۆمانتیک و ئاواتێکی خەفەتبۆخواردووی ڕابردووی فێئۆدالییان لە حاجی قادر دا پێک هێنا.[١٥] لە سەردەمی دواتری ژیانیدا،حاجی چووە ئەستەنبووڵ و لەوێ لە گەڵ بنەماڵە هەڵکەوتووە کوردەکاندا پێوەندی پەیدا کرد.لە بەر ئەوەی ئەو کاتی ئیتر مەلایەکی تەواو خوێندەوار و ئەدیبێکی گەورە بوو، بنەماڵەی بەدرخان کردیان بە مامۆستای ماڵێی منداڵەکانیان. حاجی قادر کە بۆ خۆی پێشینەیەکی نەدارانەی هەبوو،وێدەچێ هەستی بە شانازی کرد بێ کە خزمەتی ئەو بنەماڵە نەجیوزادەیە بکا. لایەنی ناسیۆنالیستی شێعرەکانی ڕەنگە زیادتر لە بەر هەستان و دانیشتن و تێکەڵاوی لە گەڵ بەدرخانییەکان بووبێ،لە لایەکی دیکەوە، وا وا وێدەچێ کە وەچە گەنجترەکانی بەدرخانییەکان کەوتبنە بەر نفووزی ناسیۆنالیزمی حاجی قادر. بە پێی قسەی قەناتی کوردییێڤ،حاجی قادر یەکەم جار لە ڕێگەی بەدرخانییەکانەوە ئاشنایەتی لەگەڵ کاری خانی پەیداکرد[١٦].
تەئسیری خانی بە ئاشکرایی بە شێعرەکانی حاجی قادرەوە دیارە و لە ڕاستیدا بۆ ئەدەبی سۆرانی حاجی قادر بوو بە ئەوەی کە ئەحمەدی خانی بۆ ئەدەبی کورمانجی یە. جێنشینێکی کە وەچەکانی دواتری ناسیۆنالیستەکان هەمیشە بۆ ئیلهام وەرگرتن و پشتگەرمی ڕووی تێ دەکەن و شێعرەکانی بە شاهید دەگرن بۆ ئەوەی هەستی ناسیۆنالیستی خۆیانی پێ دەرببڕن. بۆ حاجی قادریش،هەر وەک خانی،نووسین بە زمانی کوردی هەڵبژاردنێکی سیاسی بوو،ئەو دەڵێ بە بێ ڕێزگرتن لە زمانی کوردی، نەتەوەی کورد لە پڕاتیک دا نییە چونکە ئەگەر وابێ کۆمەڵی کوردی هیچ بیرەوەرییەکی نابێ سەبارەت بە ڕابردووی خۆی.

کتێب و دەفتەر و تەئریخ و کاغەز
بە کوردی گەر بنووسرایە زوبانی
مەلا و شێخ و میر و پادشامان
هەتا مەحشەر دەما ناو و نیشانی [١٧]

کۆیی ڕابردووی بە ئاوات دەخواست و ئاوڕی لە چاخی زێڕینی میر نشینەکان لە مێژووی کورد دەداوە:

حاکم و میرەکانی کوردستان
هەر لە بۆتانەوە هەتا بابان
یەک بە یەک حافیزی شەریعەت بوون
سەییدی قەوم و شێخی میللەت بوون
سەیید و شێخەکان لە ترسی ئەوان
مونزەوی بوون و زاکیری ڕەحمان
هەر کە فەوتان ڕیای ئەوان دەرکەوت
سەیری چۆن بوونە پووش و ئاگر و نەوت
یەکێ لەم لاوە ڕوودەکاتە عەجەم
دوو لە ئەولاوە دەبنە دوژمنی هەم
[…] …………………………….

کوا والی یی سەنەندوج ، بەگزادەیی ڕەواندوز
کوا حاکمانی بابان، میری جزیر و بۆتان
کوا ئەو دەمەی کە کوردان ئازاد و سەربەخۆ بوون
سوڵتانی موڵک و میللەت، ساحێبی جەیش و عیرفان
[…]……………………………… [١٨]

بە ڕوونی دەردەکەوێ حاجی قادری کۆیی دوای ئەوەی مەم و زینی خوێندووەتەوە ئەو شێعرەی نووسیوە و، ئینسان نفووزی ئەحمەدی خانی تێدا هەست پێدەکا؛ هەر هەمان گازندە و بناشت سەبارەت بە کێشە و دووبەرەکی نەپساوەی عەشیرەتە کوردەکان،هەر هەمان ئارەزووی فەرمانڕەوایەکی کورد.هەر جیاوازییەک لە ئارا دایە: ئەحمەدی خانی لەو بڕوایە دا نەبوو کە ئەو پادشا کوردەی ئەو بە ئاواتی دەخواست، کە بتوانێ هەموو عەشیرەتەکان یەک خا، قەت لە ڕابردوو دا هەبووبێ،بەڵام وا وێدەچێ حاجی قادر لەو بڕوایە دا بووبێ کە میرە کوێرە و بەدرخان بەگ ئەو جۆرە پادشایە بووبن ( ئەگەرچی بە نێو نێویان ناهێنێ). لەکاتێکدا دەکرێ مەم و زین وەکوو ڕەخنەیەک لە کۆمەڵی فێئۆداڵی بخوێندرێتەوە – هەر چۆنێک بێ، میری جزیرا بۆتان، دەورێکی زاڵمانەی تێدا هەبوو – ووتەکانی حاجی قادر هەر پڕن لە پەسن و پێداهەڵگوتنی میرە کوردەکان. ئەمن دڵەڕاوکێیەکی زۆرم هەیە کە وەک ناسیۆنالیزم باسی نموونەی ئەحمەدی خانی بکەم، بەڵام بە حاجی قادری کۆیی بێ ئەملا و ئەولا ئێمە شاهیدی هاتن و دەرکەوتنی ناسیۆنالیزمێکی ڕۆمانتیکی و ئیدەئالی دەبین.دەڵێن کۆیی مەم و زین ی بە ” کتێبی نەتەوەی ئێمە” ( کتێبا میللەتێ مە) داناوە؛ هەر وەک لە خوارەوە دەبینین لە سەر و بەندی جۆر بە جۆر وگرینگی پێشوەچوونی بزووتنەوەی کورد دا مەم و زین وەکوو ڕەمزێکی نەتەوەیی دەورێکی گەورەی گێڕاوە.

مەم و زین بە چاپکراوی

دەرکەوتنی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی، کوردستان، یەک لەو سەر و بەندە گرینگانە بوو.میقداد میدحەت بەدرخان، کە یەکەم ژمارەکانی کوردستان ی لە ساڵی ١٨٩٨ لە قاهیڕە چاپ کرد،یەک لەو منداڵانەی بەدرخانی بوو کە کۆیی دەرسی پێ گوتبوون. میدحەت بەدرخان لە ژمارەی ٢ی کوردستان وە و لە ژمارەکانی دواتر دا دەستی کرد بە بڵاو کردنەوەی بەشێک لە مەم و زین بۆ ئەوەی نیشان بدا کە دەکرێ بە کوردیش هەتابڵێی شوێنەواری بەرز و پڕ ناوەرۆکی ئەدەبی بنووسرێ. ئەو نووسی” من بەشێک لەو کارم بۆ عولەمای تورک و عەڕەب خوێندەوە و بۆم وەرگێڕان” و ، ” ئەوان گشتیان دەیانگوت قەت شتێکی لەو بابەتەیان نەدیوە کە لەو کتێبە باڵاتر بێ”. [١٩] جێی سەرنجە کە ئەو دەستنووسەی مەم و زین کە میقداد میدحەت بە کاری هێنا ئی حاجی قادری کۆیی بوو. وەک ڕێزلێنان و بیرەوەری حاجی قادر، لە ژمارەی ٣ی کوردستان دا میقداد میدحەت ئەو شێعرە سۆرانییەی کە حاجی قادر بە دەستی خۆی لە سەر ئاخر لاپەڕەی دەستنووسەکەی نووسیوە بڵاو کردەوە. کۆیی لەو شێعرە دا خۆی بە تەنیا کەسێک دادەنێ کە بە تەنیشت خانییەوە بناخەی شێعری کوردی داناوە.[٢٠] ئەو ئیدیعایە، ئاشکرایە گەورەکردنەوەی تێدایە، بەڵام ئێمە دەبینین کە حاجی قادر دەورێکی گرینگی هەبووە لە بڵاو کردنەوە و ناساندنی کارەکەی خانی دا. داخودا ئەگەر میقداد میدحەت شاگردی کۆیی نەبووبایە مەم و زین دە کوردستان دا بڵاو دەکراوە؟
میقداد میدحەت لە کوردستان دا ڕایگەیاند دەیەوێ هەموو دەقی مەم و زین وەکوو کتێب بڵاو بکاتەوە،بەڵام قەت ئەو هەلەی بۆ هەڵ نەکەوت. یەکەم چاپی تەواوی مەم و زین دەکەوێتە دەورەی دواتری بزووتنەوەی کورد،لە ساڵانی دوای هەڵوەشانی ئیمپڕاتۆری عوسمانی لە شەڕی هەوڵی دنیایە دا، ئەو سەر و بەندی کە بۆ ماوەیەکی کورت رێی تێدەچوو دەوڵەتێکی کوردی دابمەزرێ. دوای تەقە وەستان و ئاگر بەسی ساڵی ١٩١٨ و داگیر کردنی ئەستەنبووڵ بە دەست بریتانیاییەکان و فەڕانسەییەکان، ڕووناکبیر و ئاریستۆکڕاتە کوردەکان کۆمەڵەی ناسیۆنالیستی، کوردستان تەعالی جەمعییەتی یان دامەزراند. ئەو کۆمەڵەیە چەند لک و کۆمەڵەی لەمەر خۆی و پێوەلکاوی هەبوو، یەک لەوان کورد تەعمیمی مەعاریف وە نەشریات جەمعییەتی بوو،کە بە سەر کاری پەروەردە و بڵاو کردنەوە و چاپەمەنی ڕادەگەیشت. یەکەم کتێبی کە لە لایەن ئەو کۆمەڵەیەوە بڵاو کرایەوە، لە ساڵی ١٩١٩، مەم و زینی ئەحمەدی خانی بوو. لە ڕاستیدا ئەوە تەنیا کتێبێک بوو کە لە لایەن کتمنج ڕا بڵاو کرایەوە. بڵاو کردنەوەی مەم و زین ڕەنگە چالاکی هەرە گرینگی ئەو کۆمەڵەیە بووبێ.[٢١] بە گشتی وا زاندراوە کە زۆربەی نوسخەکانی ئەو چاپەی مەم و زین دواتر سوتێندرابن،بەلانی کەمەوە چەند دانەیەکی ساخ دەرچوو و مایەوە.[٢٢] و لە بەر ئەوانە زۆر دەستنووس هەڵگیرانەوە. ڕەنگە تەنیا دوای ئەو چاپە بووبێ کە مەم و زین بە ڕاستی لە سەرتاسەری باکووری کوردستان دا ناسرا بێ و نێوبانگی بڵاو بووبێتەوە.
لەو پێوەندییە دا بە جێیە بە تایبەتی باسی یەک لە ئەندامانی کوردیی تەعمیمی مەعاریف و نەشرییات جەمعییەتی بکرێ، ئەگەر هەر لە بەر ئەوەش بێ کە ئەو دواتر بوو بە یەک بیرەوەرە هەرە ڕەسەن و بە دەستەڵاتەکانی ئیسلامی تورکییە لە سەدەی بیستەم دا.سەعیدی نوورسی لە نێو کوردەکانی دانیشتووی ئەستەنبووڵ دا نوێنەرایەتی نەریتی مەدرەسە و حوجرەی مزگەوتەکانی دەکرد. ئەو پیاوێکی خوێندەوار و زانا، بیر ئاواڵە و بە تابوشت و زۆر بە تەنگ پەروەردە کردن و بارهێنانی کوردە هاوکووفەکانییەوە بوو.کتێبی بیۆگڕافییەکەی، باسی بەسترانەوەی زۆری وی بە بیروڕاکانی ئەحمەدی خانی یەوە دەکا.سەعیدی نوورسی دوای ئەوەی کە لە مەدرەسە جۆر بە جۆرەکانی بیتلیس و وان خوێندی،سێ مانگیشی لە مەدرەسەیەک لە بایەزید دەرباز کرد،ئەو شارەی کە خانی لە نیزیک وێ نێژراوە. نوورسی لە ماوەی ئەو سێ مانگەی دا کە لە بایەزید بوو، زۆربەی کاتی خۆی، بە ڕۆژ و شەو، بە دیار گۆڕی ئەحمەدی خانی یەوە بەسەر دەبرد.خەڵکی ناوچە کەئەوەیان چاو پێکەوت ئەو بڕوایەیان تێدا پێکهات کە ڕوحی خانی لە قالبی سەعید دا خۆی دەردەخا ( ” ئەحمەد هانی حەزرەتلەرنن فەیزنە مەزهەر ئۆڵدوو “). [٢٣] زۆر دواتر سەعیدی نوورسی هێشتا ئەو چاخەی بە قۆناخی هەرە گرینگی خوێندن و پەروەردەی خۆی دادەنا. ڕەنگە ئەو زۆر دواتریش کە بە ڕەسمی پێوەندی خۆی لە تەک بزووتنەوەی کورد بڕی هێشتاش پێوەندی قایمی خۆی بە بیروڕای خانییەوە هەر پاراستبووبێ. [٢٤] دوای سەرکەوتنی کەماڵییەکان،کوردستان تەعالی جەمعییەتی ناچار بوو چالاکییەکانی ڕابگرێ. دوای ساڵی ١٩٢٢ ئێمە چیتر سەبارەت بەو کۆمەڵەیە نابیسین. [٢٥] بەدرخانییەکان، کە زۆر بە ئاشکرایی بە دژی کەماڵییەکان هەڵوێستیان گرتبوو، ووڵاتیان بە جێهشت و زۆر لەوانەی کە لە ووڵات دا مانەوە لە گەڵ دەستەڵاتدارانی کەماڵی دە کێشە کەوتن.سەید عەبدولقادر دوای سەرهەڵدانی شێخ سەعید لە سێدارە درا، سەعیدی نوورسی زۆربەی ژیانی لە دوور خرانەوە و تاراوگەی نێوخۆییدا ڕابوارد.لە ساڵی ١٩٢٧، جەلادەت و کامڕان بەدرخان لە گەڵ چەند ڕووناکبیری دیکە دا، کە ئەو دەمی لە سوورییە دەژیان کۆمەڵەیەکی نوێی کوردی بە نێوی خۆیبوون یان دامەزراند. لە ساڵی ١٩٣٢ برایانی بەدرخان دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی گۆواری گرینگی هاوار. یەکەم بەرهەمی جیدی بۆ زیندوو کردنەوە و بووژاندنەوەی ئەدەبی کورمانجی، هاوار بناخەی ستانداردی کورمانجی نووسراوی دانا، هەم بە شێوەی داهێنانی سیستمی ڕێنووس لە سەر بنەمای ئەلفوپێتکەی لاتینی و هەم دەکار کردنی شێوەزاری جزیری کە نووسینەکانی هاوار بەو نووسراون، بوون بە ستانداردی کورمانجیی ئەدەبی. جا ئەوە بە هیچ جۆر سەیر نییە کە هاواریش سەرنجی دابێتە سەر ئەحمەدی خانی. لە ژمارەی ٣٣ی ئەو گۆوارە دا ( ١-ی ئۆکتۆبری ١٩٤١)، جەلادەت بەگ کە بە ناسناوی هێرکۆل ئازیزان دەینووسی، نووسینێکی بە نێوی ” کلاسیکێن مە” بڵاو کردەوە، کە تێیدا سەرنجێکی تەواوی داوەتە سەر خانی و مەم و زین. لەو ووتارە دا خانی لە گەڵ ڕۆمی بەراورد دەکا کە گۆیا مەلا عەبدولڕەحمانی جامی سەبارەت بە وی گوتوویە: ” لەوانەیە پێغەمبەر نەبێ، بەڵام کتێبێکی ( پیرۆز)ی نووسیوە. ( نە پێغەمبەر ە، لێ کتێبا وی هەیە.) جەڵادەت بەگ دەڵێ:سەبارەت بەخانی دەکرێ شتێکی باشتر بگوترێ: ” ئەو نەک هەر کتێبێکی نووسی، بەڵکوو پێغەمبەریشە، پێغەمبەری بیروباوەڕی نەتەوەیی ئێمە، پێغەمبەری دینی ڕەگەزی ئێمە.” ( بەلێ خانی ژی خودان کتێبە، لێ خانی پێغەمبەرە ژی. پێغەمبەرێ دیانەتا مە ئا مللی، پێغەمبەرێ ئۆلا مە ئا نژادین.) تەنێ بەشێکی کورت لە مەم و زین لە هاوار دا بڵاو کراوە. بەڵام چەند ساڵ دواتر لە ڕووی ئەو چاپەی لە ئەستەنبووڵ کرابوو، مەم و زین لە حەڵەب چاپ کراوە. ( ١٩٤٧)
کۆماری مەهاباد یەک لەو چەند ڕووداوە گرینگەکانی مێژووی بزووتنەوەی کوردە کە تێیدا مەم و زین ی خانی چ دەوری نەگێڕا. بەڵام ئەوە هەژاری شاعیر بوو، کە لە زەمانی کۆمار دا چالاک بوو و دوای ڕووخانی کۆمار لە عێراق گیرساوە، کە دواتر لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان خانی ناساند. وەرگێڕاوی سۆرانی هەژار لە ساڵی ١٩٦٠ لە بەغدا چاپ بوو. [٢٦]** ئەوە تەئریخێکی گرینگ بوو، چونکە لە تەک لەدایکبوونی بزووتنەوەی کورد وەک بزووتنەوەیەکی جەماوەری لە عێراق یەک دەگرێتەوە، دوای ڕووخاندنی حکوومەتی پادشایەتی بە دەستی عەبدولکەریم قاسم،چەند کەس باسی ئەو شوێنە قووڵەیان بۆ کردووم کە خوێندنەوەی وەرگێڕاوەی مەم و زین لە لایەن هەژارەوە لیی کردوون.
سەرهەڵێنانەوەی بزووتنەوەی کورد لە تورکییە لە ساڵانی ١٩٥٠ دا، ئەویش بە بڵاوبوونەوەی وەرگێڕاوی مەم وزین نیشانە دەکرێ. مەحمەد ئەمین بۆزئەرسلان لە ساڵی ١٩٦٨ ئەو کارەی بە کورمانجی و بە تیپی لاتینی و لە گەڵ وەرگێڕانی تورکی بڵاو کردەوە.

[٢٧]ئەوە یەکەم کتێب نەبوو کە لە وان ساڵان دا لە تورکییە بڵاو دەبووەوە،بەڵام بێ سێ و دوو کتێبی هەرە گرینگی کوردی بوو و، تەئسیرێکی زۆری هەبوو. ئەو دەمی لە چەند کوردێک زیاتر نەبوون کە بتوانن لە کوردی ئاستەمی خانی تێبگەن و ڕەنگە لە بەر وەرگێڕانی تورکی بۆزئەرسلان بوو بێ کە ئەو چاپە لە هەموو چاپەکانی پێشوو زیادتر کەوتە بەر دەست خوێنەرەوەیەکی زۆرترەوە.ئەگەرچی بۆزئەرسلان بڕگە سیاسییە هەرە هەستیارەکانی دەرهاویشتبوو،بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا کتێبەکە قەدەغە کرا و دەستەڵاتداران هەر نوسخەیەکیان دۆزیباوە لە نێویان دەبرد. ئەوانەی کە نوسخەیەکیان دەست کەوتبوو دەبوو بیشارنەوە و، زۆریان لە ترسان دوای کودەتای نیزامی مارسی ١٩٧١ کتێبەکەیان لە نێو برد. [٢٨]

خانی و نەتەوەی کورد

داخودا لە سەر و بەندی خانی دا نەتەوەی کورد هەبوو؟ ئەمن پێم وا نییە،بەڵام لەوانەیە بیر وڕا جیاواز بن. لە نێو مێژوو نووسە ئوڕووپاییەکانیش دا ئێمە بیر و بۆچوونی زۆر جیاواز سەبارەت بە سەرهەڵهێنان و دەرکەوتنی یەکەم نەتەوەکانی ئوڕووپایی دەبینین. هێندێک لە مێژوو نووسە کۆنترەکان، بۆ وێنە مارک بلوخ ئیدیعا دەکەن کە فەڕانسەیی و ئەڵمانییەکان تا ساڵی ١١٠٠ ببوون بە نەتەوە، لە کاتێکدا مێژوونووسی دیکە ، وەکوو یوهان هویزینگا لە سەر ئەو باوەرەن کە بوون بە نەتەوەی ئەوانە تا بەر لە سەدەی ١٤هەم ڕووی نەداوە. مێژوونووسێکی زۆر تازەتر، ئوژێن وێبر، نیشانی داوە کە تەنانەت تا ساڵی ١٩٠٠ یش فەڕانسەییەکان هێشتا یەک نەتەوە نەبوون. زۆر لە وەرزێرە فەڕانسەییەکان ئەو دەمی خۆیان بە فەڕانسەیی دا نەدەنا، بەڵکوو خۆیان بە لادێ یان هەرێمەکانی خۆیانەوە پێناسە دەکرد. تەنێ بە ڕێگەی پەروەردەی بە کۆمەڵ، خزمەتی گشتی سەربازی، و بڵاو کراوەی ڕادیۆیی سەرتاسەرییەوە بوو، واتە بە ڕێگەی هەوڵ و تێکۆشانی زۆری دەوڵەت،کە وەرزێران لە نێو نەتەوە دا جێیان کراوە و وەخۆ کران. [٢٩] هێندێک لە نووسەرانی نوێباو کە لە سەر بابەتی ناسیۆنالیزمیان نووسیوە،بە تایبەتی ئاندرسۆن و گێلنێر،پێیان لە سەر ئەوە داگرتووە کە ناسیۆنالیزم و دەرکەوتنی نەتەوە مۆدێڕنەکان بە ڕێژە دیاردەی تازەن. گێلنێر دەیبەستێتەوە بە دەستپێکردنی سنعاتی بوون و کۆچکردن لە لادێوە بۆ شارەکان، ئاندرسۆن پەیدا بوونی کتێب چاپکردن و ئەوەی کە ئەو پێی دەڵێ ” سەرمایەداری چاپ” بە دەرکەوتنی ناسیۆنالیزم دادەنێ.[٣٠] بۆ هەر دووکیان، ئەوە شکانی لەمپەری نەریتی نێوان کۆمەڵگە گوندیییەکان و هەرێمەکانە کە ناسیونالیزم دەڕەخسێنێ .
ئاندرسۆن دەڵێ ، بەر لەوەی کتێب چاپ کردن دابێ،تەنێ گرووپێکی پچووکی نوخبە دەیتوانی بخوێنێتەوە و بنووسێ و، لە ئوڕووپا ئەوان بە زمانی نێونەتەوەیی ڕووناکبیرانە، واتە لاتین پێوەندییان بەیەکەوە دەکرد. لە هەر کتێبێکی کە دەنووسرا، تەنێ چەند نوسخەیەک ساز دەکرا. تێکنیکی چاپ لەپڕ هەلی ئەوەی ڕەخساند هەر چەندنوسخەیەکی کە بکرێ بفرۆشرێ لە کتێبک بەرهەم بێ. لە بەر ئەوەی کە خەڵکێکی زیادتر هەبوون کە ئەڵمانی یان فەڕانسەییان لە لاتین زیادتر دەزانی،وەشانگەران دەستیان کرد بە چاپی کتێب بەو زمانانە بۆ ئەوەی دەستیان وە خوێنەرەوەی بەربڵاوتر ڕابگا ( و کتێبی زیادتر بفرۆشن). گرینگی لاتین لە کورتێی دا، پێوەندی بە نووسین ئیتر چیدیکە ئیمتیاز و قۆرغی دەستەیەکی هەتا بڵێی پچووکی خوێندوو و نوخبەی نێو نەتەوەیی نەبوو، بەڵکوو زۆر توێژی دیکەی کۆمەڵی بەخۆیەوە خەریک کرد، بەڵام ئەوە تا ئەو جێگەیە بوو کە ئەوان بتوانن لەو زمانەی بۆ یەکتری پێ دەنووسن تێبگەن. لە نێو خەڵک دا ئەو کەسانەی کە دەیانتوانی عەینی کتێب بخوێننەوە و دواتر عەینی ڕۆژنامە یان گۆوار، ئەو ووشیارییە پەیدا بوو کە شتێکی هاوبەشیان بە یەکەوە هەیە کە لە خوێنەرەوەکانی زمانەکانی دیکەیان جوێ دەکاتەوە و ئەوەی کە ئەوان جۆرە کۆمەڵگەیەکی نوێ واتە نەتەوەیەکیان لێ پێک دێ. ( ئاندرسۆن باسی ” کۆمەڵگە بە بیرداهاتووەکان” دەکا چونکە ئەوان وەک کۆمەڵگە هەر لە زەینی خەڵک دا هەن، بە پێچەوانەی کۆمەڵگە نەریتییەکان کە تێیاندا زۆربەی خەڵک یەکتریان دەناسی، ئەندامانی نەتەوە تەنێ چەند ئەندامێکی دیکە دەناسن و، دەبێ پاشماوەی خەڵک وەک خۆیان وێنا بکەن.) سەرهەڵهێنان ودەرکەوتنی ناسیۆنالیزم لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەرهەمان ڕێچکەی نموونەی ئوڕووپای نەپێوا،بەڵام نووسینەکەی ئاندرسۆن کارێکی وا دەکا تێبگەین کە چاپ و چاپ کردن لە دەرکەوتنی ناسیۆنالیزمی کوردیش دا چ دەورێکی گێڕاوە. چەندێک لە مێژوو نوسان پێیان داگرتووە تەنێ کاتێک بەکەلک و بە جێیە باسی نەتەوە و ناسیۆنالیزم بکرێ کە چینە جۆر بە جۆرە کۆمەڵایەتییەکان کەم تا زۆر لە یەکتری دا یەکانگیر بووبن. ووشیاریی “نەتەوەیی” لەوانەیە لە پێشدا لای چینە سەرووترەکانی کۆمەڵێک دا پەیدابێ، بەڵام تا ئەو کاتەی کە توێژی مامناونجی و خوارووی کۆمەڵ خۆیان لەو ووشیاربوونەوەیە دا بە بەشدار نەزانن.مانایەکی ئەوتۆی نییە باسی ئەو خەڵکە وەک “نەتەوەیک ” بکری. لە دەستپێکی ئەم سەدەیە دا، دەستەیەکی پچووکی ناسیۆنالیستی کورد هەبوون،زۆربەی ئەوان لە ئەندامانی بنەماڵە ئاریستۆکڕاتەکان بوون کە لە ئەستەنبووڵ و تەنانەت دەرەوەی ووڵات خوێندبوویان و کەوتبوونە بەر تەئسیری فکری ئوڕووپایی.وەک یەک لەوان، قەدریی جەمیل پاشا لە بیرەوەرییەکانی دا دەنووسێ، لە ماوەی شەڕ دا ئەوان هەوڵیان دا لە نێو سەرۆک عەشیرەتەکان دا پشتیوانی بۆ ئاواتە ناسیۆنالیستییەکانیان پەیدا کەن ، بەڵام چاوی رەشیان کاڵ بووەوە چونکە بیری نەتەوەیەکی کورد چ مانایەکی بۆ ئاغاکان نەبوو،چ دەگا بە ڕەش و ڕووتی عەشیرەتی و وەرزێران.[٣١] بە هەڵکەوت، قەدریی بەگ و برادەرانی ، هەر بە فکریشیاندا ڕا نەبرابوو لەگەڵ وەرزێران بدوێن و، ئەمن بۆخۆم گومان لەوە دەکەم ئەوان خۆشیان وەرزێرانیان بە کورد دانابێ.لەو هەلومەرجیدا، چ مانای نییە کوردەکان وەک نەتەوەیەک نێودێر بکرێن.لە جێگەی دیکە دا ئەمن حەولی ئەوەم داوە نیشان بدەم کە چلۆن دواتر کوردەکان ووردە ووردە پێگەیشتن و بوون بە نەتەوە بە تایبەتی بە وەخۆ کردن و ددان پێداهێنانی وەرزێران وەک کورد.[٣٢] ئەگەر ئێمە چەندین سەدە بگەڕێینەوە دواوە،دەکرێ بپرسین ئەو دەمەی ئەحمەدی خانی باسی ” کورد” و “کورمانج” دەکا بیری لە چی و لە کێ کردووەتەوە و،داخودا خانی وەک نەتەوەیەک بیری لەوان کردووەتەوە. ئەمن لەو باوەڕە دانیم ئەو، ئەو نێوانەی هەر بەو مانایەی کەئێستا لێیان دەخوێندرێتەوە بە کار هێنابێ.ئەمن تەقریبەن لێم سوورە ئەو وەرزێرانی نا- عەشیرەتی بە کورد دانەناوە و هەر وەک پێشتر گوترا، ئەو زاراوە سیاسییانەی خانی بە کاری هێناون، وەکوو ” میلەل”، (کۆی ووشەی ” میللەت”، کە مانای ئێستای ” نەتەوە” یە) لە زەمانی ویدا مانایەکی دیکەی تێخوێندراوەتەوە. بە لێکدانەوەی نێو و زاراوان لە مەم و زین دابەو جۆرەی کە ئەوان هەمیشە ئەو مانایەیان هەبووبێ کە ئەمڕۆ هەیانە ڕەنگە ئێمە بە خراپ لەو قسانە بگەین کە مەبەستی ڕاستەقینەی خانی بووە. لە لایەکی دیکەوە لە ئەدەبی دەوڵەمەند دا ئەوە بە میرات ماوەتەوە کە هەر وەچەیەک لە خوێنەوەران بتوانن مانا و واتای نوێی تێدا بدۆزنەوە، مانای ئەوتۆ کە نووسەری شوێنەوارەکە بۆخۆی لەوانەیە هەر هەستیشی پێ نەکردبێ.

ئەنجام

زۆر جار ئەو قسەیە داگیراوەتەوە کە نەتەوان ناسیۆنالیزم ناخولقێنن،بەڵکوو بەپێچەوانە ئەوە ناسیۆنالیزمە کە نەتەوە دروست دەکا. ئەگەر ئێستا کوردەکان نەتەوەیەکن، ئەوە یەک لە سەرکەوتنەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد ە. ئەمن لە سەرەوەتر باسم کرد کە لە ڕاستیدا ئەحمەدی خانی ناسیۆنالیست نەبوو، بەلانی کەمەوە بە مانای مۆدێڕنی ئەو زاراوەیە.لە سەرێکی دیکەوە، ئەمن حەولم دا نیشان بدەم کە شوێنەواری ئەحمەدی خانی، بە تایبەتی مەم و زین، لە هەموو قۆناخەکانی پێشوەچوونی بزووتنەوەی کورد دا، دەوری گێڕاوە،بە شێوەیەکی ئەوتۆ کە دەکرێ ئەو بە دروستی بە ” باوکی ناسیۆنالیزمی کورد” نێودێر بکرێ. وەچە دواترەکانی ناسیۆنالیستەکان توانیویانە بیرەکانی خۆیان لە کارەکەی ئەحمەدی خانی دا بدۆزنەوە، ئەوە بە ڕێکەوت نییە هەر جارەی کە تێکۆشانێکی تازە بۆ چاپ کردن و بڵاو کردنەوە بە کوردی دەست پێدەکا، بڵاوکەرەوە و ئێدیتۆران باسی مەم و زین دەهێننە گۆڕێ.کە وابوو، ناڕاستەوخۆ خانی یارمەتییەکی زۆری کردووە بە لە دایکبوونەوەی کوردی وەکوو زمانێکی زێندووی نووسین. دەوڵەتی تورکیش، بە شێوەی خۆی یارمەتی کردووە بە لە دایکبوونەوە و بووژانەوەی ئەدەبی کورمانجی، بە ڕێگەی قەدەغە کردنی چاپی بۆزئەرسڵانی مەم و زین، دەوڵەت ئەو کارەی کرد تەنانەت بە ڕەمزێکی زۆر گەورەتری کولتووری کورد.کودەتای ١٢ سێپتامبری ١٩٨٠ و سەرکوتکردنی دەربڕینی کولتووری کورد لە تورکییە زۆر لە ڕووناکبیرە کوردەکانی کردە پەنابەری سیاسی،کە داوای داڵدە و پەنای سیاسییان لە ووڵاتانی وەک ئەڵمان و بە تایبەتی سوێد کرد.لەوێ ئەوان هەلومەرجێکیان بەدی کرد کە هەلی بۆ ڕەخساندن بە کوردی بنووسن و بڵاو بکەنەوە .خەڵکی ئەوتۆی کە تا ئەو دەمەی کە لە تورکییە بوون هەر بە تورکی یان نووسیبوو، ووردە ووردە دەستیان کرد بە کوردی نووسین. لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوو دا، کورمانجی بە خۆدا هاتووە و بووە بە زمانێکی نووسینی مۆدێڕن و لەو ماوەیە دا چۆنییەتی نووسین و نێوەرۆکی ئاڵوگۆڕی باشی بەسەر دا هاتووە و چاکتر بووە. ئێستا بەردەوام و بێ پسانەوە ئەدەبی کورمانجی هەر لە هەڵدان دایە و ژمارەی ئەو خەڵکەی بە کورمانجی دەخوێننەوە زیادی کردووە. ئەوە گرینگە کە کاتێک ئەمساڵ [ ١٩٩٥] محەمەد ئەمین بۆزئەرسڵان چاپێکی نوێی مەم و زین ی بڵاو کردەوە،جێگەی وەرگێڕاوی تورکی چاپەکانی پێشووی داوە بە وەرگێڕانی مەم و زین بۆ سەر کورمانجی سەردەم! ڕەنگە هیچ کامێک لەو هەموو کارانە نەکرابان ئەگەر گشت نووسەرە کوردەکان لە تورکییە مابانەوە و نەهاتبانە دەرەوە. وەک زۆر جار ڕوودەدا، سەرکوتکردنی دەوڵەتی، یارمەتی کردووە بە بەهێز کردنی ئەوەی ویستوویە لە نێوی بەرێ و لەم نموونەیە دا واتە کولتووری کورد.هەتا دێ کوردی زیادتری تورکییە حەوڵ دەدەن بۆ بەرەوپێشبردنی کورمانجی وەکوو زمانێکی مۆذێڕنی ئەدەبی و بەوەش بانگەوازی خانی ڕەچاو دەکەن ، دا خەڵق نەبێژتن کو ئەکڕاد// بێ مەعریفه‌تن، بێ ئه‌سڵ و بنیاد.

په‌راوێزه‌کان

[1] ده‌قێکی پێشتری ئه‌م ووتاره‌ له‌ کۆنفڕانسێک دا پێشکێش کرا بۆ بیره‌وه‌ری ٣٠٠ ساڵه‌ی مه‌م و زینی خانی که‌ له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌ی نووسه‌رانی کورد له‌ سوێد ، له‌ ٢٧- ی مەی ١٩٩٥، لە شاری ستۆکهۆڵم پێک هات.

[٢] بیری سۆفیانە و عیرفانی لەو کارە دا لە لایەن محەمەد ئەنوەر عەلی لە باوەڕنامەکەیدا شیکراوەتەوە: احمد الخانی: فلسفە التصوف فی دیوان ” مم وزین” جامعە القدیس یوسف، معهد الآداب الشرقیە،١٩٧٢. ئەمن سپاسی ماڵمیسانج م.تەیفوون دەکەم بۆ ئەوەی ئەو لێکۆڵینەوەیەی نیشان دام.

[٣] بۆ وێنە بڕوانە فەرهادی شاکەلی،
Kurdish Nationalism in Mem u Zin of Ehmed – i Xani, Sweden (Uppsala), 1983, new edition Brussels:
Koerdisch Instituut,1993;
موراد جوان،
“Dewra Ahmedé Xani u Kurdeweriya wù” çira hejmar 2 (Heziran 1995),pp.13-29
مەدەنی ئایهان،
Kurdistanli filozof Ehmedé Xani, Ankara, 1996

[٤] ئیدریسێ بتلیسی لە تۆرەمەی زانایەکی بەنێوبانگی سۆفی بوو لە بیتلیس و، لە دەرباری عوسمانی دا میرزایەکی پایەبەرز بوو. ئەوە ئیدرسێ بتلیسی بوو کە فەرمانڕەوا کوردە ناوچەییە هەرە گرینگەکانی هان دا کە لە کێشەی نێوان عوسمانی – سەفەوی دا، لایەنی عوسمانی بگرن و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی زۆربەی کوردستان وەسەر خاکی ئیمپراتۆری عوسمانی بکەوێ .نووسینەکانی “هشت بهشت” و ” سلیم نامە” لە گوێن ڕووداونامە هەرە گرینگەکانی ئەو سەر و بەندین.

[٥] یادداشتەکانی ئەولیای چەڵەبی سەبارەت بە عەمادییە [ئامێدی] وباشووری کوردستان لە دەقە چاپکراوەکانی “سەیاحەتنامە” کەیدا نین،کە لە سەربنەمای دەستنووسی سەقەت بڵاو کراونەتەوە. ئەو یادداشتانە لە دەستنووسەکانی بەرگی چوارەم دا هەن، لە کتێبخانەی تۆپکاپی لە ئەستەنبوول. ئەمن خەریکی ئامادە کردنی دەقێکی ئەو یادداشتانەم و شەرح و ڕوون کردنەوەی لەسەر دەنووسم.

[٦] بڕوانە:
Axmed Xani, Mam i Zin. Kriticeskiy tekst, perevod, predislovie I ukazzteli M.B. Rudenko, Moskva:
NAUK,1962,pp.13-16

[٧] لە بەکارهێنانی ئێستا و مۆدێڕن دا ، دەوڵەت ووشەی هەرە باوە بۆ ستەیت، بەڵام مانای سەرەتایی ئەو ووشەیە زۆر تێکەڵ پێکەڵ بووە. زاراوەی دین و دەوڵەت ئاماژە نییە بە دین و دەوڵەتێکی تایبەتی بەڵکوو موڕادیفی یەکترین، وەک زاراوەی هاوشوباری دین و دونیا، واتە کار وباری روحانی و دنیایی.

[٨] زاراوەی بەنێوبانگی ڕۆمێ ڕەش ئاماژەیە بە دەوڵەتی عوسمانی (یان تورک)،بە تایبەتی ئەڕتەش. بۆیە پێیان دەگوت ڕەش چونکە ڕەنگی چاکەتی یۆنیفۆرمی سەربازانی عوسمانی لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٩هەمدا ڕەش بوو. ( ئەمن سپاسی ناجی کوتڵای دەکەم بۆ ئەو زانیارییەی پێی دام).

[٩] مارتین ڤان بڕوانێسن. ” کۆمەڵگەی کورد،ئێتنیسیتی، ناسیۆنالیزم و گیروگرفتی پەنابەران” لە کتێبی “کوردەکان: تێڕوانینکی هاوچەرخ ” دا کە فیلیپ ک.کڕەیەنبرووک و ستێفان سپێرڵ ئێدیتیان کردووە و لە لایەن وەشانخانەی ڕاتلێج لە لەندەن لە ساڵی ١٩٩٢ بڵاو کراوەتەوە، لاپەڕەی ٦٧-٣٣.
Martin van Bruinessen, “ Kurdish Society, Ethnicity,Nationalism and Refugee Problems”, in Philip G.
Kreyenbroek & Stefan Sperl (eds),The Kurds: a Contemporary Overview, London:Routledge 1992, pp.
33-87
تێبینی وەرگێڕ: ئەو بابەتە لە لایەن ئەم قەڵەمەوە وەرگێڕدراوە و لە ژمارە٣- ی گۆواری گزینگ، مارسی ١٩٩٤ دا بڵاوکراوەتەوە. لل.٢٣- ٦

[١٠] Ernest Gellner, Nations and Nationalism, Oxford: Basil Blackwell 1983,p.1.

[١١] بۆ ئاگاداری لە جیاوازی نێوان دەقی زارەکی داستانی مەمی ئالان و دەقی ئەدەبی خانی، بڕوانە ئەو شیکردنەویەی کە مایکڵ ل.شایەت کردووەیە.
Michael L.Chyet, “ And a thornbush sprang up between them”: Studies on “ Mem ù Zin”, a Kurdish romace, Ph.D. dissertation, University of California, Berkeley, 1991, pp. 52-62. ئەم تێزەی شایەت باشترین لێکۆڵینەوەیە سەبارەت بە نەریتی زارەکی کوردی کە هەتا ئێستا کرابێ. لەم کارە دا شایەت ١٨ دەقی جیاوازی مەمێ ئالان ی شی کردووەتەوە.

[١٢] کاتێک ئەمن بۆ یەکەم جار لە سێمیناری ستۆکهۆڵم دا ئەو تەخمینەم باس کرد، چەندین دۆستی کوردم بەتوندی دژی بۆچوونەکەم بوون.کەسێکی خەڵکی دیاربەکر باسێکی گرینگی هێنا گۆڕێ و گوتی هەر تەنێ لە بنەماڵەی ئەوان دا چەندین دەستنووسی مەم و زین هەبووە و، هەر وەها دراوسێکانیشیان نوسخەی دەستنووسیان لە لا هەبووە، جا بە بۆچوونی وی هەژماری دەستنووسی مەم و زین زۆر زیاترەلەوەی من بە تەخمین گوتوومە. لە گەڵ ئەوەشدا، ئەمن بۆ بەرگری لە تەخمینەکەی خۆم دەبێ بڵێم،زۆر لەو دوستنووسانەی مەم و زین کە ئەمڕۆ بە دەستەوەن لە ڕووی دەقی چاپکراو نووسراونەتەوە ( بۆ نموونە ئەو دەستنووسەی کە محەمەد ئەمین بۆزئەرسلان بەکاری هێنا بۆ دەقی چاپکراو و وەرگێڕانەکەی). چاپکردن،هەر وەک لە خوارەوە باسی تەواو ساز دەکا،چونکە بەرهەمهێنانی بە کۆمەڵ دەڕەخسێنێ و خوێنەرەوەی بە کۆمەڵ دەخولقێنێ. ئەمن هێشتاش پێم وایە مەم و زین لە ڕاستییدا ئەو کاتە بوو بە باو و پێی زاندرا کە چاپ کرا.

*تێبینی وەرگێڕ:جگە لە ڕووسییە و بریتانیا، لە عێڕاقیش دەستنووسی ” مەم و زین” هەبووە. مامۆستا محەمەدی مەلا کەریم لە ووتارێک لە گۆواری ڕەنگین دا باسی دوو دەستنووسی مەم و زین دەکا کە لە دەستنووسخانەی دیوانیی دەوڵەتی عێڕاق ( دار مخطوطات صدام) دا لە بەغدا هەن و دەنووسێ فۆتۆکۆپی ئەو نوسخانەی ئەمساڵ (١٩٩٥)ناردووە بۆ محەممەد ئەمین بۆز ئەرسلان. ( محەمەدی مەلا کەریم: لە پێشوازیی بیرەوەری سێسەد ساڵەی مەم و زینی خانیدا- بۆزئەرسڵان گیانێکی تازەی کردەوە بە بەری ئەم شاکارەی ئەدەبی کوردی دا- گۆواری ڕەنگین،ژمارە ٨،١٥ی حوزەیرانی ١٩٩٥،چاپی بەغدا، لل. ٧ – ٦
کاتێک ڤان بڕاونێسن م له‌م وه‌رگێڕانه‌ تازه‌یه‌ی بابه‌ته‌که‌ی ئاگادار کرد،ئه‌م زانیارییه‌ گرینگه‌ی بۆ ناردم: “ده‌ستنووسێکی زۆر کۆنی مه‌م و زین به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، ( ئه‌و ده‌ست نووسه‌ ئی کۆڕی زانیاری کورد بووه‌ و ئێستا له‌ ” جێیه‌کی ئه‌مین” پارێزراوه‌)، له‌و ده‌ستنووسه‌ دا ووشه‌کانی نێو دیباچه‌ هه‌ن و ئێستا ته‌حسین ئیبراهیم دۆسکی ده‌ستنووسه‌که‌ی به‌ چاپکراوی بڵاو کردووه‌ته‌وه‌. ئه‌و ده‌ستنووسه‌ له‌ ساڵی ١١٦٥ی هیجری، واتە ١٧٥٢ی زایینی عزیز بن شێربار [شێرباز] من قبیلە مام زیدی نووسیویەتەوە.”

[١٣] ” [ئەحمەدێ خانی] زەحف ژی غەزەلییات ئوو ئەشعاران ئوو بەیت ب زمانێ کورمانجی گۆتییە ئوو د زمانێ عەڕەبی ئوو فارسی ئوو ترکی ژی دیسان غەزەلییات ئوو ئەشعاران ئوو ئەبیاتێ زەحف گۆتییە ئوو، عولوومێ فنوونان ژی قەوی ماهر ئوو ساحبێ عیرفان ە ئوو ژ شوعرایێد کوردستانێ حەموویان ژی مەشهوور و فاییقە. بەلکی ژ هەموو شوعەران مەقبوول و مەمدووحە.”بڕوانە:
‌ August Jaba, Recueil de notices et de récits kourdes, St:Petersbourg, 1860,p 15
لاپەڕەی ١٥- ی دەقی کوردی.

[١٤] قەناتی کوردۆ باسی هەبوونی مەدرەسان لە کۆی سەنجاق،خۆشناو، سەردەشت،هەولێر، کەرکووک، سلێمانی، مەهاباد [سابڵاغ] و شنۆ دەکا. بڕوانە کتێبەکەی:
Tarixa edebyeta Kurdi-2 ( Stockholm:Wésanén Roja Nù, 1985), p.18.

[١٥] سەبارەت بەو دوو دوا فەرمانڕەوا گەورانە و حەولیان بۆ یەکخستنی بەشی زۆری کوردستان لە ژێر دەستەڵاتی خۆیان بڕوانە:
Dr. Celilé Celil, XIX.Yüzil Osmanli Imparatorlugu’nda Kürtler, Ankara: öz-Ge, 1992.
هەر وەها کتێبەکەی من: ئاغا،شێخ و دەوڵەت، لەندەن بنکەی چاپەمەنی زێد، ١٩٩٢،لل.٨٢ – ١٧٥ و ٣٤ – ٢٢٤ ،
ئەمن هەوڵم داوە ئاکامی نەمان و بزر بوونی میرنشینە کوردییەکان شیبکەمەوە و زنجیرەی ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە گەیشتنە دەرکەوتنی ناسیۆنالیزمی مۆدێڕنی کورد باس بکەم.
Martin van Bruinessen: Agha, Shaikh and State, London: Zed Books, 1992

[١٦] Tarixa edebyeta Kurdi 2, P.18.
ئەمن چ نیشانەیەکم نەدۆزیوەتەوە بیسەلمێنێ کە کۆیی لە زەمانی فەقێیەتی دا مەم و زین ی خوێندبێتەوە.زۆر وێدەچێ ئەو دەمی مەم و زین هەر لە بەشی کورمانجی ئاخێوەری کوردستان دا ناسراو بووبێ.

[١٧] ئەم شێعرە لە کتێبی ئەمیری حەسەنپوور وەرگیراوە:
‌Amir Hassanpour: Nationalism and Language in Kurdistan, 1915-1985, San Francisco: Mellen Research
University Press, 1992,p.93.

[١٨] دیوانی حاجی قادری کۆیی، ئیدیت کراو لە لایەن گیو موکریانی، هەولێر: چاپخانەی کوردستان، ١٩٥٣،لل.٤٨، ٥١.

[١٩] ” من ئەڤ کتێب جارنا هن عولەمایێن ترک و عەڕەبا رەخوندییە ئوو تەرجومە کرییە، حەمیا ژی گۆتییە کو ‘ ڤێ
ڕێ دە ژە ڤێ کتێبێ چێتر مە نەدیتییە.” بڕوانە چاپکردنەوەی کوردستان لە لایەن محەمەد ئەمین بۆزئەرسلان وە،
بەرگی ١، لاپەڕەی ١٢٧

[٢٠] دوو بەیتی کۆتایی ئەو پارچە شێعرە ( لە لاپەڕەی ٦- ١٣٥ ی ئەو دەقەی کوردستان کە لە لایەن بۆزئەرسلان وە چاپ کراوەتەوە) دەڵێ میرنشینەکانی سۆران و بابان لە بەر ئەو کتێبە لە ناو دەوڵەتانی دیکە دا ناسراون// له‌ نێو کوردان دا ئه‌وه‌ حاجی و شێخی خانی ن کە بناخەی شێعری کوردی یان داناوە. ( لە مەجمووعی دووەل سۆران و بابان/ له‌ سایه‌ی ئه‌م کتێبه‌ ناسراوه‌//لە کوردان غەیری حاجی و شێخی خانی/ ئەساسی نەزمی کوردی دانەناوە).

[٢١] سەبارەت بە تەعمیمی مەعاریف وە نەشریات جەمعییەتی، ئەندامەکانی و چالاکییەکانی بڕوانە:
Ismail Göldaş,Kürdistan teali Cemiyeti, Istanbul:Doz,1991,pp.77-81

[٢٢] بڕوانە شاکەلی، ناسیۆنالیزمی کورد لە مەم و زین ی ئەحمەدی خانی دا، لاپەڕەی ٢.

[٢٣] ئەوە لە بیوگڕافی ڕەسمی سەعید نوورسی دا باسی کراوە و نەجمەدین شاهینەریش گێڕاویەتەوە.
Bediüzzaman Said Nursi hayati:mesleki tercüme – i halim Istanbul:Sözler Yayinevi,1976, P.35,
Necmedin Şahiner, Bilinmeyen taraflarile Bediüzzaman Said Nursim Istanbul: Yeni Asya Yayinlari,1974,
pp.34-5

[٢٤] بیۆگڕافی ڕەسمی سەبارەت بە دەوری سەعیدی نوورسی لە بزووتنەوەی کورد دا تەقریبەن بێدەنگە. ئەو لایەنەی ژیانی لە لایەن ڕۆهات و مالمیسانیج و زۆر بە گشتی تر لە گۆواری مانگانەی دەعوا، ڕا باسی لێوە کراوە.ئەوانە گرووپێکی لایەنگری کوردن کە لە بزووتنەوەی سەرەکی نورجو جوێ بوونەتەوە.
Rohat, Unutulmuşlugun bir öyküsü: Said-i Kürdi ( Istanbul: Firat Yayinlari,1991)
Malmisanij, Said-I Nursi ve Kürt sorunu (Istanbul: Doz Yayinlari, 1991)

[٢٥] گوێلداش باسی ئەوە دەکا کە کوردستان تەعالی جەمعییەتی لە مانگی ژووییەی ساڵی ١٩٢٠ بە ڕەسمی لە لایەن حکوومەتی ئەستەنبووڵ ( عوسمانی) وە قەدەغە کرا، بەڵام بە ڕواڵەت تا ساڵی ١٩٢٢ش لە سەر چالاکییەکانی بەردەوام بووە، دوای ئەوە هەر نەما. گوێلداش، ئەو سەرچاوەی لە سەرەوەتر باس کرا، لل.٨- ٢٢٧

[٢٦] بەر لەوەی وەرگێڕانی هەژار دەرکەوێ، گیوی موکریانی چاپێکی مەم و زین ی بڵاو کردبووەوە( هەولێر ١٩٥٤ و دیسان لە ساڵی ١٩٦٨)، بەڵام لە بەر ئەوەی ئەوە بە کورمانجی بوو ناکرێ بە بەربڵاوی لە کوردستانی عێڕاق خوێندرابێتەوە.
**تێبینی وەرگێڕ: ئەوە ڕاستە لە سەر بەرگی چاپی ” مەم و زینی خانی هەژار کردوویە بە موکریانی” نووسراوە بەغدا – ١٩٦٠ ، بەڵام وەک باس دەکرێ ئەو کتێبە یەکەم جار لە چاپخانەی شۆڕش و لە دەرەوەی شاری چاپ کراوە.

[٢٧] Ehmedi Xani, Mem ù Zin. Türkçesi: M.E.Bozarslan, Istanbul: Gün Yayinlari, 1968.

[٢٨] مەحکەمەی دژی بۆزئەرسلان، چەندین ساڵ دواتر تەواو بوو و تاوانی لە سەر لابرا و هەر بەو شێوەیە بڕیاری قەدەغە کردنی کتێبەکەش هەڵوەشاوە . دیسان لە ساڵی ١٩٧٥ دا چاپ کراوە،

[٢٩] Eugene Weber, Oeasants into Frenchmen: The Modernization of Rural France, 1870 – 1914, London:
Chatto & Windus, 1979.

[٣٠] Benedict Anderson, Imagined Communities: Reflections on the Origin and Spread of Nationalism, London: Verso Editions, 1983; Ernest Gellner, Nations and Nationalism, Oxford: Blackwell,1983.

[٣١] زننار سلۆپی [ قەدریی جەمیل پاشا] دۆزا کوردستان
Doza Kürdüstan: Kürt miletinin 60 senedenberi esaretten kurtuluş savaşi hatirati,Beyrut?:
Stewer Basimevi, 1969,p.38-39

[٣٢] Martin van Bruinessen, “ Kurdish Society, Ethnicity,Nationalism and Refugee Problems”, in Philip G.
Kreyenbroek & Stefan Sperl (eds),The Kurds: a Contemporary Overview, London:Routledge 1992, pp.
33-87
هەر وەها،
Nationlisme Kurde et ethnicités intra-Kurdes”, Peuples Méditerranéens no.68- 69 (1994), 11-37
ئەم نووسینە لە ژێر سەردێری : ناسیۆنالیزمی کورد و لایەنگریی ئێتنیکی ڕقەبەر” لە لایەن ئەم وەرگێڕەوە کراوەتە کوردیی سۆرانی و لە گۆواری گزینگ دا بڵاو کراوەتەوە،

تێبینی وەرگێر: ئەم دەقەی سەرەوە بۆ جاری یەکەم بە زمانی ئینگلیسی به‌ نێوی
Ehmedi Xani’s Mem ù Zin and its Role in the Emergence of Kurdish National Awareness له‌م کتێبه‌ی خواره‌وه‌ دا که‌ دوکتور عه‌بباسی وه‌لی ئێدیتی کردووه‌ له‌ ساڵی 2003 دا چاپ بووه‌.
Essays on the Origins of Kurdish Nationalism, Abbas Vali (editor), Mazda Publishers,Inc.Costa Mesa,
California, 2003, PP. 40- 57
به‌ڵام مێژووی ئه‌م ووتاره‌ زۆر له‌ کاتی ده‌رکه‌وتنی به‌ ئینگلیسی کۆنتره‌. ئه‌وه‌ بابه‌تێکه‌ ‌ پرۆفێسۆر مارتین ڤان بڕاونێسن له‌ ڕۆژی شه‌مۆ، ٢٧ی مەی ١٩٩٥ لە سیمینارێک دا پێشکێشی کرد کە بە بۆنەی سێسەدەمین ساڵی نووسرانی مەم و زین لە لایەن کۆمەڵەی نووسەرانی کورد لە سوێد لە شاری ستۆکهۆلم پێک هاتبوو. لەو سێمینارە دا کە بڕاونێسن بابەتەکەی لە ڕووی یادداشت پێشکێش دەکرد من ڕاستەو ڕاست وەرم دەگێڕا. دوای سێمینارەکە نووسەر چەندین جار بە بابەتەکە دا هاتەوە و یەکمجار ئەم ووتارە بە زمانی کوردی لە ژمارەی ١٤ی گۆواری گزینگ ، زستانی ١٩٩٧ دا بڵاو بووەوە.دوای بڵاو بوونەوەی ئەم بابەتە مامۆستا محەمەدی مەلا کەریم ڕەخنەیەکی لە سەر نووسی کە لە چەند ژمارەی گۆواری گزینگ و دواتر وەک نامیلکەیەکیش بڵاو کراوە. دیارە بە دوای ئەوە دا مامۆستا محەمەد و مامۆستا مارتین یەکتریان دیتووە و وابزانم تەمی خراپ لە یەک تێگەیشتن لە نێوانیاندا بە تەواوی ڕەویبێتەوە. ئەم دەقەی سەرەوە هێندێک جێاوازی هەیە لە گەڵ ئەو بابەتەی لە ساڵی ١٩٩٥ لە سوێد بێشکێش کرا و هەر وەها لە گەڵ ئەو دەقەش کە لە ساڵی ١٩٩٧ لە گۆواری گزینگ دا بڵاو کراوە. ئەگەرچی هێڵی سەرەکی بابەتەکە هیچ ئاڵوگۆڕی تێدا نەکراوە. ئەمن جارێکی دیکە بەهەموو وەرگێڕانەکە دا چوومەتەوە و ئەوەی نووسەر دەری هاویشتووە، دەرم هاویشتووە. ماوەتەوە بڵێم دەبێ ئەم دەقەی ئێستا بە ووتاری ماک دابندرێ چونکە یەکمجار لە ساڵی ٢٠٠٣ دا بە زمانی ئینگلیسی درەکەوتووە.

4869_1161925975305_1442502774_30444272_1529503_n[1]

وێنەکە لە ماڵی فەیس بووکی مارتین ڤان بڕاونێسن وەرگیراوە. ئەم وێنەیە لە هاوینی ساڵی ٢٠٠٩ لە سلێمانی لە کاتی سەردانی مارتین و میخێل لیزنبێرگ لە ماڵی محەمەدی مەلا کەریم هەڵگیراوە. لە ڕاستەوە: نادری کەریمیان، میخێل لیزنبێڕگ، محەمەدی مەلا کەریم، مارتین ڤان بڕاونێسن

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About didar othman

Check Also

kurdish-soldiers

کورته‌یه‌ک له مێژووی هۆزی “مامۆیی”

فەرەیدون پەروازە شوێن و هه‌ڵکه‌‌وته‌‌ی جوغرافیایی کوردستان له ناوچه‌یه‌کی نیوه ده‌شت و نیوه کوێستانیدا، یه‌کێ …