Home / به‌ڵگه‌نامه‌ / کورد له‌ نامه‌کانی میس بێڵ دا ‌

کورد له‌ نامه‌کانی میس بێڵ دا ‌

کورد له‌ نامه‌کانی میس بێڵ دا ‌

هه‌ڵۆ به‌رزنجه‌یی
به‌شی یه‌که‌م
ئه‌م کتێبه‌ محه‌مه‌د حه‌مه‌ ساڵح تۆفیق له‌ ئینگلیزییه‌وه‌ وه‌رغڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی کوردی.
کاتێ هێزە ئیمپریالیستەکانی ئینگلیز و فەرەنسا، هەست بە داڕزانی دەوڵەتی عوسمانی دەکەن، بیر لە دابەشکردنی میراتەکەی دەکەنەوە، هەر زوو پێش کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانی لەنێوان خۆیاندا رێکەوتننامەیەک مۆر دەکەن لە ١٦/٥/١٩١٦، کە بە سایکس پیکۆ ناسراوە. ساتەوەختێ سوڵتانی عوسمانی دەرک بە مەترسی هاتنی هێزی ئینگلیزی و فەرەنسی دەکات، فەتوایەک جیهاد بۆ حەڵاڵکردنی کوشتنی ئەم هێزە بێگانەیە دەردەکات. ئینگلیزەکانیش بۆ رووبەرووبوونەی ئەم دۆخە بیر لەوە دەکەنەوە جوڵەیەک بخەنەوە ناو عەرەب و هەوڵ دەدەن جارێکی تریش ڕەوایەتی دەسەڵاتی ئیسلامی بگەڕیننەوە بۆ لای عەرەب ، وەک خاوەنی ڕاستەقینەی ئیسلام. ئەوە بوو لە رێگای ناردنی تۆماس ئیدوارد لۆڕانسەوە، کە بە « لۆڕانسی عەرەب» ناوبانگی دەرکردووە، هەوڵی دۆزینەوەی کەسایەتییەک دەدەن کە ڕەوایەتی مەزهەبی هەبێت. ئیسلام بگێڕنەوە بۆ دەستی خاوەنەکەی ئەوە بوو شەریف حوسەینی مەککەیان دەسنیشان کرد، وەک نەوەیەکی پیرۆزی محەمەدی پەیامبەری ئیسلامی عەرەبی و بزواندیان بۆ بانگاشەکردن و رووبەرووبوونەوەی خەلافەتی عوسمانی لەژێر ناوی ڕاپەڕینی عروبەدا. ئینگلیز گفتی بەم حوسەینە دا، کە پاش کۆتایی شەڕ یەکێتی عەرەب مسۆگەر بکات و ئازادیان بکات. ئەوە بوو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ٣٠/١٠/١٩١٨ دا، داڕما و چەند دەوڵەتێک وەک قارچک هەڵتۆقین.
زەقترین تاوان
دەوڵەتی عەرەبی عیراقی، لە ریزی کۆمەڵێ دەوڵەتی دیکەی عەرەبی و ناعەرەبیدا، لە دوای داڕمانی ئیمپراتۆرێتی عوسمانییەوە، لەسەر دەستی ئیمپریالیزمی جیهانخۆری ئینگلیزیدا قوتکرایەوە. ئەم دەوڵەتە بەچکەی بێژووی ئینگلیزە و بەرهەمی خەباتی نەتەوایەتی بزاڤی رزگاریخوازی عەرەب نییە و هەر لەگەڵ دروستکردنیدا، کۆمەڵێ بەرنامە و پلانی دوور و نزیکی بەرژەوەندییە تاکتیکی و ستراتیژییەکانی ئینگلیزی تێوە ئاڵێندرا. زەقترین تاوان و هەڵەیەکی ئەم دروستکردنە، بریتی بوو لەوەی کوردستان، وەک نیشتمانی کورد دابەشکراو و بەشێکی بەزۆر بەم دەوڵەتە ناشەرعییەوە لکێندرا و میللەتی کورد خرایە ژێر چەپۆکی عەرەبی سوننەی عیراقەوە.
بۆ قەدەری کورد وابوو؟
ئەو پرسیارەی یەخەی مێژووی کورد دەگرێ و تا ئێستا وەڵامێکی پێویستی نەدراوەتەوە، ئەوەیە: بۆ کورد لە میراتی گۆڕانکارییەکانی کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەم و هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عوسمانی، بێبەش کرا و ئەو چارەنووسە پڕ لە کوێرەوەرییەی بەسەردا دابڕا، کە هەموو دەیبینین و دەیزانین؟. بۆ قەدەری کورد وابوو، بکەوێتە بەردەم پرۆسەی داگیرکاریی و دابەشکاریی و بندەستی، لە کاتێکدا لە گەلێ ڕووی سیاسی و مێژوویی و کولتوورییەوە بنەمای ئەوەی تێدا بوو بێتە خاوەن دەوڵەت؟
ئەم بەرهەمەی بەردەستمان، گەر ئەو سەرچاوە دروستەش نەبێت، بۆ چنکەوتنی وەڵامی پرسیارەکەمان شیاو بێت، لێ تێگەیشتنێکمان پێ دەبەخشێ، تا لە گۆشەنیگایەکی ترەوە لە ڕەهەندی ئەو باسە بگەین.
ئەم کتێبە بریتییە لە چەند نامەیەکی تایبەتی، کاربەدەستێکی باڵا و خاون کاریگەرێتی و قسەڕۆیشتووی ئینگلیز، لە میانەی پێوەندیی و ئاڵوگۆڕی هەواڵدا لەتەک باوک و دایکیدا کردوویەتی. بەڵام پرسی کورد ئەگەر ناوەڕۆکی زۆری نامەکان نەبێت، وا بەشێکی سەرەکی باسی نامەکان پێکدێنێ. هەڵبەت بایەخەکەش لەوەدا نییە، دۆزی کورد لە پەراوێزیی بیرەوەریی و حیکایەتێکدا، یاخود بەسەرهاتێکی مێژووییدا هاتبێت، بەڵکو لەوەدایە، ئەو نامانە لە لایەن کەسێکەوە نوسراوە، رۆڵێکی زۆر هەستیار و سەرەکی هەبوو، لە دروستکردنی ئەو دەوڵەتە زۆڵەکەی ناوی نرا عیراق.
داکۆکیکاری سەرسەختی دەوڵەتی عیراق بووە
بە واتایەکی دیکە مس بێڵ، دەکرێ بە مامان و ئەندازیاری سەرەکی دامەزراندنی عیراق، دابنرێت. ئاخر ئەو نەخشەی دامەزراندنەکە و بڕیاری جێبەجێکردن و بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیار و راوێژکار و داکۆکیکاری سەرسەختی دەوڵەتی عیراق بووە. ئەوتا خۆی لەم ڕووەوە دەنووسێ:» ئەوە هەمووی ڕاست نییە کە من بڕیار لەسەر تەواوی چارەنووسی عیراق دەدەم، بەڵام ئەوەیان ڕاستە کە من تا سەر ئێسقان لەگەڵ دروستکردنی حکومەتێکی عەرەبیدام و مەسەلەیەکی زۆر ناسک و هەستیارە هێندە جێی متمانەیان بم»ل ٨٧.
هەر ئەم لایەنەیە، وای کردووە سەنگی تایبەتی بدات بەو نامانە. جا با بزانین چ پەند و وانەیەکی بۆ کورد تێدایە و بۆ ئایندە چی لێوە فێردەبین؟.
مس بێڵ شارەزایی باشی لە باری سیاسی و جوگرافی و مێژوو و زمانی ناوچەکەدا هەبووە. بۆ خۆی وەک گەڕیدەیەک سەردانی ناوچەکەی ـ ئێران، سوریا، فەلەستین، دەوڵەتی عوسمانی ساڵی ١٩٠٧ و میسۆپۆتامیای ساڵی ١٩٠٩ـ کردووە و لەماوەی ١٢ ساڵدا ٦ جار سەردانی سعودییەی کردووە.
لە زۆر بواردا قسە لە قسەیدا ناکرێ
کاتێ ئینگلیز دەگاتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە شەوق و خۆشییەوە وەک کەسێکی ئاسایی بە فەرمی داوا لە دەسەڵاتی ئینگلیزی دەکات، کارێکی لە دەستگاکانیدا لە رۆژهەڵات بداتێ. سەرەتا داواکەی ڕەت دەکەنەوە و پاشان دایدەمەزرێنن و دەیکەنە «سکرتێری رۆژهەڵات». وەک ئەندامێکی چالاکی دەزگای هەواڵگری بەریتانی دەکەوێتە کارکردن. لە ماوەیەکی کورتدا توانا و لێهاتوویی خۆی دەسەلمێنێ و بیروڕاکانی، لە لایەن حکومەتی لەندەوە، بە هەند وەردەگیرێ و لە زۆر بواردا قسە لە قسەیدا ناکرێ و دوا بڕیار، لای ئەو دەبێت.
هەر بۆیە لە لایەن چەرچڵەوە لەتەک لۆرانس دا، بۆ بەشداری کۆنگرەی قاهیرە، بانگهێشت دەکرێ و بیروڕاکانی بە گرنگییەوە وەردەگیرێت.
بێڵ، بە توانای خۆی تۆڕێکی بەرفراوان لە پەیوەندی لەگەڵ کەسایەتی و هۆز و عەشیرەت و سیاسییەکانی عەرەبدا دادەمەزرێنێ. کاتێ دەزانێ لە عیراقی عەرەبیدا پیاوێک نییە، کەڵکی پادشایی بۆ عیراق تێدا بێت، ـ دوای ٤ ساڵ، لە دامەزراندنی عیراق، لە نامەیەکدا دەنووسێ « بەڵام من تا ڕادەیەک دڵنیام لەوەی کە وەختێکی زۆری دەوێ پیاوی تەواو لەم وڵاتەدا پەیدا بکرێت بۆ دەستەبەرکردنی یاسا و نیزام».ل ٥٠ . لەگەڵ لۆرانسدا پێداگری زۆر لەسەر دانانی مەلیک فەیسەل، بە مەلیکی عیراق دەکات و دواجار، بیروڕاکانی سەردەگرێ و فەیسەڵ دەبێتە مەلیک لە بەغدا. دواتریش ئەڵقەی سەرەکی گرێدانی بەغدا و لەندەن دەبێت و بە پەڕۆشەوە، هەوڵی چەسپاندنی کۆڵەگە لەق و چرووکەکانی دەوڵەتی عێڕاقی دەدات و لە زۆر بواردا لە عەرەبێکی ناسیۆنالیست، زێتر داکۆکی لە عروبە دەکات.
بێڵ دڵنەوایی دەکات
نموونەیەکی دیکەی خەمخۆری ئەم خانمە بۆ عیراق، ئەوەیە گەلێ جاران مەلیک فەیسەڵ، بێزار دەبێت و دەیەوێ واز لە هەموو شت بهێنێ، بێڵ دڵنەوایی دەکات و هانی دەدات، بەردەوام بێت لەسەر کارەکانی و گفتی هاوکاری خۆیی و لەندەنی دەداتێ.
لەسەردەستی میس بێڵ دا، ناسنامەی نوێ، بۆ عیراق و عیراقییەکان دروست دەکرێ و هی عوسمانلی لابرێت، مۆزەخانە دادەمەزرێ و کتێبخانە دەکرێتەوە و بەشیکی زۆری سنوری عیراق لەگەڵ دەوروبەرەکەیدا نەخشە دەکێشرێ. مەلیک دروست دەکات و هەڵبژاردن دێنێتە پێشەوە و وەزیر دیاری دەکات و لە پرسە سەرەکییەکاندا راوێژکاری مەلیکیش دەکات. کەواتە دەوڵەتی عیراق بووکەشووشەی دەستی خۆی بووە، یاخود کۆرپەی خۆی بووە، هەروەک خۆی لە یەکێ لە نامەکانیدا» بۆ دنیایی پییان بڵێن کە ئەوپەڕی ئاواتی ئێمە دوو منداڵەکەمان بووە، عیراق و کوردستان، کە چۆن دەبێ بە ئاشتی و دۆستایەتی پێکەوە بژین»ل ١٤٠ ئاماژەی پێداوە. لە ڕاستی ئەو لە باوژنێکی دڵڕەق و لە خوانەترس، بەرامبەر بە منداڵی دووەمی کوردستان نەگریستر بووە.
کوردستانی نوێ
لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About زريان احمد

Check Also

92792018_kak-naw

هۆنراوەیەکی بڵاونەکراوەی نەوشیروان مستەفا، بڵاو دەکاتەوە

هۆنراوەیەکی بڵاونەکراوەی نەوشیروان مستەفا، بڵاو دەکاتەوە سایتی (سبەی) بۆ یەکەمجار هۆنراوەیەکی بڵاونەکراوەی نەوشیروان مستەفا ئەمین …