Home / مێژووى جیهان / مێژووی دژایەتیکردنی کتێب

مێژووی دژایەتیکردنی کتێب

مێژووی دژایەتیکردنی کتێب

kteb12-6ئا/ ئاکۆ کەریم مەعروف‌

چی ئەم سێ نووسەرە لە سێ چەرخ و سێ کیشوەری جیاوازدا کۆدەکاتەوە، کە ئەوانیش بریتین لەئیبن حەزەم ئەندەلوسی، رۆماننووس جیمس جۆیس، مێژوونووس ھەمەدانی نووسەری کتێبی ئەکالیل؟ ھەروەھا چ شتێک لەنێوان گالیلۆی زاناو فەلەکناسی ئیتاڵی کە کەنیسە بە دەستبەسەری زۆرەملێ دادگایی کردو لەنێوان ئەبی حامید ئەلغەزالی کە ھاوشێوەی گالیلۆ دادگایی کرا؟ ھەروەھا چ شتێک لەسەر یەک ئاست ئەم ناوانە کۆدەکاتەوە، ئیبن سینا، سوفیانی سەرکێش لەسەر ئاستی سیاسەت و شۆڕشگێڕێتی، ئیبن فروغی حافز، سەعید بن جەبیر، فەیلەسوف و پەخشاننووس ئەبو حەیان ئەلتەوحیدی، ئەبو عەمرو بن عەلای وتاربێژو قورئانخوێنی شاری بەسرەو یەکێک لەئەسحابەکانی خوێندنەوەی حەوتەمی قورئان کۆدەکاتەوە؟ لە کۆتاییدا چ شتێک ئەم کتێبخانانە کۆدەکاتەوە، کتێبخانەی ئەسکەندەرییە، کتێبخانەی بەنی عەمار لە تەرابولس، ھەروەھا کتێبخانەی سابوور لە بەغدا، کتێبخانەی کۆنگرێس لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کتێبخانەی بەیت ئەلحیکمە لە بەغدا، کتێبخانەی دار ئەلعیلم لە قاھیرەی پایتەختی وڵاتی میسر، پاشان کتێبخانەی قورتوبە؟ ئەوەی کە کۆیاندەکاتەوە تێپەڕیی، سووتاندن و لەناوچوونی کتێبە..!

ئیبن ئەلحەزەم و 
جیمس جۆیس
بە دڵنیاییەوە خاڵێکی ھاوبەش لەنێوان ئیبن ئەلحەزەم و جۆیس و ھەمەدانی-دا ھەیە، ئەویش سووتاندنی کتێبە، یاخود تەلەفکردنی. 
لەسەدەی چواری کۆچیدا دەستەیەک لە تووندڕەوەکان و دەمارگیرەکان لەفوقەھاو قازی و پیاوە ئایینیەکان لەبەردەم و لەبەرچاوی خۆی ھەستان بە سووتاندنی کتێبی (ادیب الفقھاء)ی ئیبن ئەلحەزەمی ئەندەلوسی. بەھەمانشێوە بەکەمێک جیاوازییەوە کە ھۆکاری کۆمەڵایەتی نەوەک ئایینی لەپشتەوە بێت، لەدوای دە سەدە ھەمان تاوانیان دووبارە کردەوە، لەساڵی ١٩١٢دا کەسانێک لە تووندڕەوەکانی شاری دبلن کتێبی (دبلنییەکان)ی رۆماننووس جیمس جۆیسیان سووتاند، وەکو دوانەی دوو جمکی رەفتارێکی دوژمنکارانەی تووندڕەوەکانی ئیشبیلییە بەرامبەر نووسەری (گوق الحمامە)، بەڵام رۆمانەکەی جۆیس لەو کاتەدا ژمارەیەکی زۆری لێ چاپکراوەو چەندین دانەی بەوڵاتاندا بڵاوکراوبۆوە، بەڵام کتێبەکەی ئیبن ئەلحەزەم کە بە دەیان دانە بووە، زۆربەیان بۆ ھەتا ھەتایە ونبوون. کەواتە دوو ھۆکاری شەرعی و سیاسی ھەبوون بۆ سووتانی کتێبەکەی ئیبن ئەلحەزم و لەلایەکیترەوە ھۆکاری کۆمەڵایەتی نەوەک ئایینی ھەبوون بۆ سووتانی رۆمانی (دبلنییەکان) لەلایەن کوڕانی شارەوە، ھەر ئەم ھۆکارە کۆمەڵایەتییەش بووە کە ھەندێک لە خێڵەکانی یەمەن بەشێکی زۆر لە بەشەکانی کتێبی(ئەکالیل)ی ھەمەدانی لەسێدارە بدەن.

سێ شاری جیاواز
دبلن، ئیشبیلییە، سەنعا، سێ شارن لە سێ کیشوەردا، خەڵکەکانی بە زمانی جیاواز قسە دەکەن، زیاتر لە ئایینێک دەپەرستن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەیان سەلماندو چەسپاند کە یەک رێگەیان ھەیە بۆ بیرکردنەوە. ئیبن ئەلحەزەم شاعیرو وتارخوێن و رەوانبێژ بوو، لەھەموو جیھانی ئیسلامیدا ناسراو بوو کە پەیڕەوی مەزھەبی دیاردەگەرایی دەکرد، باوکی وەزیر بووەو جارێکیش خۆی کراوەتە وەزیر، ئەوەی لەبارەی ئەوەوە زانراوە عەشقێکی گەورەی ھەبووە بۆ کتێب، تەنانەت کتێبخانەکەی بە گەورەترین کتێبخانە تایبەتییەکانی ئەندەلوس دادەنرا، سەرەرای ئەمانەش یەکەمین فەقێی ئیسلامی بووە لەبارەی ئەوین و عەشقەوە نووسیوێتی، ئەمەش بەقوڵی لە نامە بەناوبانگەکەیدا (گوق الحمامە) دەردەکەوێت، بەڵام نەیارە ئاشکراو نائاشکراکانی و دیارو نادیارەکانی فکریی و فوقەھاو سیاسییەکان رووبەڕووی وەستانەوە، تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی ژیانی لەپێناو بەرگریکردن لەبیروڕاکانی بکاتە قوربانی نەوەک بەتەنھاش کتێبخانەکەی، ئەو پیاوە ئەوەی وتووە کە پێشتر ھیچ یەکێک لە زاناکان نەیانوتووە. زمانی عەرەبی کە قورئانی پێ ھاتۆتە خوارەوە، بە بۆچوونی ئیبن ئەلحەزەم باشترین زمان نییە، بە بەڵگەی ئەوەی کە خودا بەزمانی عیبرانی قسەی لەگەڵ موسادا کردووە، لەوێوە  بۆ مەسیحی کوڕی مریەم و پەیامبەرەکانی تر.  ئیبن ئەلحەزەم کە لە ساڵی ١٥٩ی کۆچیدا کۆچی دوایی کردووە، بیروڕای نامەئلوفی ھەبووە، بەتایبەت لە بارەی سەحابەکانەوە، بۆ نموونە، وایدەبینێ کە سوھەیبی رۆمی و خباب بن ئرپ لە موالییەکان بوون نەوەک لە عەرەب، ئیبن ئەلحەزەم لەو زانا بەناوبانگە کەم و دەگمەنانە بوو کە بێ بەڵگەی مێژوویی رای خۆی دەرنەدەبڕی، بەھۆی ئەم را جیاوازانەوەشەوە بووە ئەلموعتەمەد بن عیباد حاکمی ئیشبیلییە فەرمان دەردەکات بە ئاشکرا کتێبەکەی بسووتێنن، دواجار کتێبەکەی فڕێدەدەنە ناو ئاگر.

گالیلۆ و غەزالی
گالیلۆ گالیلی ھەروەک (ئەنیشتاین ناوی ناوە باوکی فیزیای نوێ) سێ کتێبـی زۆر بەنرخی ھەیە یەکەمیان کتێبـی دیالۆگ، کە دروستی و راستیی بیردۆزو تیۆرییەکی کۆپەرنیکۆس پشتراِست دەکاتەوە لەبارەی خولانەوەی زەوی بە دەوری خۆردا، ھەروەھا دروستی بیردۆزەکانی کەنیسەی خستەڕوو کە پێیانوابوو زەوی سەنتەری گەردوونەو ئینسانیش سەنتەری دروستبوون، کە بەدڵنیاییەوە دەیزانی ئەم بیردۆزەی کەنیسە ھەڵەیە، بەڵام لەبەر ھەندێ ھۆکار ناچار بوو وابڵێت، گالیلۆ دەیویست کەنیسە رازی بکات بە بڵاوکردنەوەی فیکری رۆشنگەریی و دڵنیابێت لە بیردۆزەکەی کۆپەرنیکۆس، بەڵام کەنیسە کتێبەکەیان بە ھەرتقە ناودەبرد، زۆریان لێکرد کە پاشگەزبێتەوە لە بیردۆزەکەو بەوەشەوە نەوەستان، بڕیاری دادگاییکردنیاندا بە دەستبەسەراگرتنی زۆرەملێ. بەپێچەوانەوە، گالیلۆ لە بەرامبەر بڕیارەکەی کەنیسەدا نەکەوت و نەڕووخا، بەڵکو لەو ماوەیەی دەستبەسەر کرابوو بەنھێنی کتێبێکی تری نووسی بەناوی أحادیپ، لەدوای ئەم کتێبە بەنھێنی کتێبی سێیەمی نووسی بەناوی ئەلبیان، یاخود بیان او تخگیگ الحقیقە، ئەم کتێبە نەتوانرا لە رۆما بڵاوبکرێتەوە، لەپاشاندا بەھۆی ھاوڕێکانییەوە لە ھۆڵەندا چاپ و بڵاوکرایەوە، بەڵام کەنیسە دوای کتێبەکە کەوت و ھەڵمەتی تەلەفکردن و سووتاندنی کتێبی بەیان دەستیپێکرد، بەشێوەیەک کە چەند دانەیەکی کەمی لێمایەوە. جێگەی سەرسوڕمانە کتێبی احیاء علوم الدین-ی ئەبی حامد ئەلغەزالی بەھۆی دەسەڵاتی پیاوە ئایینی و ئەمیرەکانی وڵاتی مەغریبەوە رووبەڕووی ھەمان چارەنووسی کتێبەکەی گالیلۆ بوویەوە بڕیاری سووتانی دراوە. غەزالی لەو رۆشنفکرانە بوو بەھۆی نووسینەکانیەوە جەنگی لە دژی سۆفییەکان و موعتەزیلەکان بەرپا دەکرد. یەحیا بن معین کە یەکێکە لە گەورە ئەحادیسەکان دەڵێت، پێویستە لە عیراق کتێب بنێژرێت، تەفسیری ئەلکەلەبی عن ئیبن ساڵح، لە شام کتێب دەبێ بنێژرێت، کتێبی الدیات لخالد بن یزید أبی مالک. توێژەری سعودی ناسر ئەلحزێمی لە کتێبە بەنرخەکەیدا (حرق الکتب فی التراپ العربی) رووداوێکمان بۆ دەگێڕێتەوە کە ساڵی ٨٢ی کۆچی لە مەدینە روویداوە، لەو ساڵەدا لە لایەن ئومەوییەکانەوە بڕیار دەدرێت کتێبێک بسووتێنرێت کە باس لە چاکەی ئەنسارو ئەھلی مەدینە دەکات، لەبەرئەوەی سەرۆکی دەولە عەبدولمەلیک بن مەروان لەوە دەترسا کتێبەکە بەردەست خەڵکی شام بکەوێت و بەچاکەکاریی ئەھلی مەدینە بزانن، کە ئەمەش پێچەوانەی راگەیاندنەکانی بەنی ئومیە بووە لە شام.

کتێبەکانیان لەسێدارەدا
لەکتێبی ناوبراودا ئەحزێمی لیستێکی ئامادەکردووە کە ناوی ئەو نووسەرانەی تێدایە کە زۆریان لێکراوە بە دەستی خۆیان کتێبەکانیان تەلەف بکرێت کە ژمارەیان سی و حەوت نووسەرە. لەنێوانیاندا، ئیبن فروغی حافز ، ئیبن سینا، ئەلمارودی، ئەلحافی، سعیدی کوڕی جەبیر، ئەبو عمرو ئەلکوفی، ئەلتەوحیدی، سفیان الپوری…ھتد. ئەمان لەژێر فشاری دەروونی و رۆحیدا، یاخود ترسان و تۆقینیان لە زۆرداریی حاکم و دابڕانیان لە ژیان زۆریان لێکراوە کە بە دەستی خۆیان کتێبەکانیان تەلەف بکەن. ھەروەھا ئەو نووسەرانەی کە کتێبەکانیان فڕێدراوەتە ناو رووباری فوراتەوە بریتین لە، ئەحمەد بن ئەبی ئەلحواری، داود بن ئەلنەصیر التائی.  سەرچاوە مێژووییەکان باس لەوە دەکەن کاتێک ئەلحواری پێشئەوەی کتێبەکەی فڕێبداتە ناو رووباری فوراتەوە بۆ ماوەی سەعاتێک گریاوەو پاشان دەڵێت (نعم الدلیل کنت لی علی ربی، فلما ڤفرت بالمدلول فألاشتغال بالدلیل محال). ھەروەھا لە نامە بەناوبانگەکەی ئەبو حەیان ئەلتەوحیدی کە بۆ قازی ئەبی سھل ی ناردووە ناوی ئەو زاناو رۆشنفکرو نووسەرانە دەبات کە زۆریان لێکراوە کتێبەکانیان بسووتێنرێ و تەلەف بکرێت لەوانە، عەمرۆ بن عەلا ساڵی ١٥٤ی کۆچی مردووە، سوفیان ئەلسەوری ساڵی ١٦١ی کۆچی بەرامبەر ٧٧٧ی زاینی بەھۆی زۆرداریی مەھدی ئەلعەباسی کۆچی دوایی کردووە. تەوحیدی دەڵێـت، کاتێک کتێبەکەی دەسووتاند لەبەردەم ئازاری سووتانەکەو بەدەم گریانەوە دەیوت (لیت یدی قگعت من ھا ھنا قبل أن أکتب حرفا).

سووتانی کتێبخانەکان
ھەندێک لە مێژوونووسان دەڵێن کە کتێبخانەی ئەسکەندەرییە لەسەر دەستی ئیمپراتۆری رۆمانییەکان سووتێنراوە، لەلایەکی ترەوە ھەندێکی تریان دەڵێن، لەسەر دەستی سوپای ئیسلامییەکان بەسەرکردایەتی عەمرۆی کوڕی عاس سووتێنراوە. بەڵام کتێبخانەی بەنی عەمار کە لە سەدەی دەیەمی زایندا دروستکراوە، لەکاتی داگیرکردنی تەرابولس و ھێرشی خاچپەرستەکان بۆ سەر سوریا سووتێنراوە، لەو ساتەدا ئەلکۆنت برترام سنت جیل کە قەشە بووە فەرمانی سووتاندنی کتێبخانەکە دەدات کە زیاتر لە سێ ملیۆن کتێبی تێدا بوو. ھەروەھا بەپێی گێڕانەوەکانی شوشتەری زیاتر لە سەدو ھەشتا ناسخی تێدا بووە کە شەوو رۆژ لە کتێبخانەکەدا کاریان دەکرد. کتێبخانەی سابوور لە بەغدا ساڵی ٣٨١ی کۆچی لەلایەن ئەبی نەصیر سابوورەوە دروستکراوە. سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە لەو کاتەدا کتێبخانەکە ١٠٤٠٠ کتێبی تێدا بووە، یەکێک لەو شاعیرە گەورانەی بەردەوام سەردانی دەکرد ئەبو عەلای ئەلمعەری بوو کە لە سقگ الزند دەڵێت:
 اخازن دار العلم کم من تنوفە/ اتت دوننا فیھا العوازف واللغگ.
بەپێی توێژینەوەیەکی گرنگ لە لایەن د. مەنسور سەرحان بەڕێوەبەری کارگێڕیی کتێبخانە گشتییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە کتێبخانەی سابوور بەرلەوەی لە ٤٥٠ی کۆچی لەلایەن ئۆرتوغرول بسووتێندرێت، بۆ ماوەی حەفتا ساڵ خزمەتی کردووە، ھەروەکو ئیبن کپیر لە کتێبی البدایە والنھایە باسیدەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا ئاشکرا نەبووە کە ھۆکاری سووتانی کتێبخانەی کۆنگرس لە ساڵی ١٨١٤ بۆ چی دەگەڕێتەوە، یاخود کتێبخانەی بەنی عەمار، یان کتێبخانەی قورتوبە کە زیاتر لە چوار سەد ھەزار کتێبی لەخۆگرتبوو. کتێبخانەی بیت الحکمە کە دامەزرێنەری ھارونە رەشیدو مەئمونی کوڕی بوون لەلایەن ھێرشی مەغۆلییەکانە بۆ سەر بەغدا لەناوبران، ویل دیورانت لە کتێبی چیرۆکی شارستانێتییەکاندا دەڵێت، کە بەیت ئەلحیکمە، کۆڕی زانیاریی و فەلەکناسی و کتێبخانەی گشتی بووە. 
لەلایەکی ترەوە سەرچاوە مێژووییەکان دەڵێن، کە تەنانەت رووباری دیجلە بەھۆی فڕێدانی کتێب و کەلوپەلی کتێبخانەکەوە رەنگی رەش بووە، ھەر لەو کاتەدا لەشاری بەغدا جگە لە بەیت ئەلحیکمە، سی و شەش کتێبخانەی تر سووتێنراون و لەناوبران. سەرچاوەیەکی تر کە باس لە سووتانی کتێبخانەکان دەکات، ئیبن خەلدونە کە دەڵێ: کاتێک سوڵتان مەحمودی غەزنەوی لە ٤٢٠ی کۆچیدا پایتەختی ئێران داگیر دەکات، دوای گەیشتنی باتنییەکان و دوورخستنەوەی موعتەزیلەکان، دەستیکرد بە سووتانی کتێبی فەیلەسوفەکان، لە کتێبخانەی بن عباد کتێبە سەرەتاییەکانی زانستی زمان و زانستی کەلامی سووتان. ھەروەھا لە سەدەی شەشەمی کۆچیدا ئەلمەنسور ئەلموەحەدی کە یەکێک بووە لە ئەمیرەکانی ئەلموەحەدین پەیمانیدا کە ھیچ کتێبێک لە کتێبەکانی مەنتیق و حیکمە لە قەڵەمڕەوییەکەیدا بە ساغی دەرنەچێ و لەناوببرێن، بۆ ئەم سەرچاوە مێژووییە د. ئەحمەد ئەمین لە کتێبە بەنرخەکەیدا (ڤھور الاسلام) باس لەوە دەکات کە لەسەردەمی موەحەدییەکاندا جگە لە سووتانی کتێبەکان، نووسەرو دانەرەکانیشیان دووچاری ئازارو دەردەسەریی بوونەتەوە. کتێبخانەی دار ئەلعیلم لەسەردەستی خەلیفە ئەلعەزیز باللە ئەلفاتمی لەناو کۆشکەکەی خۆیدا دایمەزراند، پاشان لە ٣٩٥ی کۆچیدا لە لایەن کوڕەکەیەوە بینایەکی تایبەتی بۆ کرایەوە، لەم بارەیەوە خۆرھەڵاتناسی ئەڵمانی یغرد ھونکە لە کتێبەکەیدا (شمس العرب تسگع علی الغرب) دەڵێ، کتێبخانەکەی خەلیفە دوو ملیۆن و دووسەد ھەزار لە کتێب و موجەلەداتی تێدابووە، بەڵام لە ساڵی ١٠٦٨ز وڵاتی میسر تووشی برسێتی و قاتوقڕی دەبێتەوە کە ئەمەش خەلیفە عامزاک ناچار دەکات نەتوانێ موچەو ژیانی سەربازەکانی دابینبکات لەبەرئەوە سەربازەکان ھێرش دەکەنە سەر کتێبخانەکەو بەرگی ھەموو ئەو موجەلەدانە دەدڕن و لێدەکەنەوەو کاغەزەکان لەت و پەت دەکەن و لە بەرگی موجەلەدەکان نەعل و پێڵاویان دروست دەکرد. لەلایەکی ترەوە لەبارەی ئەم رووداوەوە د. سەرحان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ھۆکاری لەناوچوونی ئەم کتێبخانەیە سەلاحەدینی ئەیوبی بووە، لەلایەکی تریشەوە ئەلمەقریزی راستیی ئەم رووداوە مێژووییە دەسەلمێنێ و دەڵێ: لەسەردەمی سەلاحەدینی ئەیوبیدا گەنجینەی کتێبخانەی فاتمییەکان بەتاڵان برا، ئەوەشی کە بە پارچە پارچەکراوی لەو کوشت و کوشتارەی کتێبخانەکە دەرچوو دابەشکرا بەسەر بازرگانەکان و ھەندێ لە زانایان و قازییەکاندا.
 لەکۆتاییدا ھەندێجار کە دەڕوانمە ئەو کتێبانەی لەسەر شۆستەکان نمایشدەکرێت بەخۆم دەڵێم، لەوانەیە یەکێک لەم کتێبە دێرین و بەنرخانە بەھەر ھۆیەکی شاراوە بێت بەناوی ئایینەوە، یان بەناوی دامەزراندنی دەوڵەتەوە، یاخود بەناوی داگیرکارییەوە…، رزگاری بووبێت لە سووتان و لەناوچوون، بەڵام لەئێستاشدا کەم نین ئەوانەی بەسووتاندنی کتێب ئیتر لەژێر پەردەی ھەر بیانوویەکدا بێت، شادی دەیانگرێ، لەولاشەوە دووکەڵی کتێب و لاپەڕەو وشەکانی چاوەکانیان پڕ دەکات لە ئاو.

About زريان احمد

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …