Home / ئەمرۆ لەمێژوودا / ده‌رچوونی یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی كوردی و میقداد به‌درخان

ده‌رچوونی یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی كوردی و میقداد به‌درخان

ده‌رچوونی یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی كوردی و میقداد به‌درخان

هیدایه‌ت جان

ئه‌مڕۆ 119 ساڵ به‌سه‌ر ده‌رچوونی یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی كوردیدا تێده‌په‌ڕێت كه‌ سه‌رجه‌م ده‌زگه‌ و میدیای هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان، ده‌رچوونی ژماره‌ی یه‌كه‌می رۆژنامه‌ی كوردستان له‌ ساڵی 1898 به‌ یادی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی ناو ده‌به‌ن.

ڕۆژنامه‌ی كوردستان یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ی كوردی بوو كه‌ ژماره‌ی یه‌كه‌می له‌  22ی نیسانی 1898 له‌سه‌ر ده‌ستی میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان و جه‌لاده‌ت به‌درخان له‌ قاھیره‌ی میسر ده‌رچوو. رۆژنامه‌ی كوردستان یه‌كه‌م هه‌وڵی كورد بووه‌ بۆ چوونه‌ ناو دنیای رۆشنبیریی سه‌رده‌مه‌وه‌ و ده‌رچوونی یه‌كه‌م ژماره‌ی ڕۆژنامه‌ی كوردستان له‌لایه‌ن ھه‌موو ده‌زگه‌ كوردییه‌كان و ھه‌روه‌ھا له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌، وه‌ك سه‌ره‌تای ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی قبووڵ كراوه‌ و پیرۆز ده‌كرێ.

میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان كوڕی‌ میر به‌درخان پاشایه‌ و ساڵی‌ له‌دایكبوون و كۆچی‌ دوایی‌ تا ئێسته‌ نه‌زانراوه‌، میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان ناوێكی‌ ئاوێته‌یه‌، ئه‌م شێوه‌ ناونانه‌ عوسمانییه‌كان و كورده‌كانی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ له‌ فڕه‌نسییه‌كانیان وه‌رگرتووه‌ بۆ ناونانی‌ منداڵه‌كانیان.

به‌درخان ساڵی‌ 1891 ھاتووه‌ته‌ میسر و حه‌وت ساڵ دواتر له‌ ساڵی‌ 1898 له‌ قاھیره‌، پێنج ژماره‌ی‌ ڕۆژنامه‌ی‌ كوردستانی له‌ چاپ داوه‌. پاش ئه‌وه‌ له‌ ترسی‌ ھه‌ڕه‌شه‌كانی‌ سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی‌ عوسمانی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئیسته‌نبوڵ، بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ براكانی‌ تووشی‌ ئه‌شكه‌نجه‌ و گرتن نه‌بن.

ساڵی‌ 1898 له‌گه‌ڵ عه‌لی‌ به‌گی‌ برای ھه‌وڵ ده‌ده‌ن زه‌وینه‌ بۆ شۆڕشێكی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ خۆش بكه‌ن، به‌ڵام سه‌ر ناكه‌ون. ھه‌ندێك له‌ مێژوونووسه‌كان پێیان وایه‌ میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان یه‌كێك‌ بووه‌ له‌ ئه‌ندامه‌ چالاكه‌كانی‌ پارتی “ئیتحاد و ته‌ره‌قی‌” و ساڵی‌ 1906 له‌سه‌ر ئه‌و ھه‌ڵوێسته‌ی‌ له‌ توركیا نه‌فی‌ كرا.

ساڵی‌ 1910 و ماوه‌یه‌ك پاش ڕاگه‌یاندنی‌ حكوومه‌تی‌ ده‌ستووری‌ له‌ ئیسته‌نبوڵ، به‌شداری‌ له‌ دامه‌زراندنی‌ “جه‌معیه‌تی‌ نه‌شری‌ مه‌عاریفی‌ كوردی” ده‌كات، ماوه‌یه‌ك كراوه‌ به‌ موته‌سه‌ریفی‌ شاری‌ ده‌رسیم،  به‌ڵام له‌و ساڵه‌ به‌دواوه‌ ھیچ شتێك له‌باره‌ی‌ ژیانی‌ نازانرێت.

میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ یه‌كه‌مین رۆژنامه‌نووس و دامه‌زرێنه‌ری بزاڤی‌ كوردییه‌، چاپخانه‌یه‌كیشی‌ به‌ ناوی‌ “چاپخانه‌ی‌ ڕۆژنامه‌ی‌ كوردستان» له‌ قاھیره‌ دامه‌زراندووه‌ كه‌ به‌ یه‌كه‌مین چاپخانه‌ی‌ كوردی‌ هه‌ژمار ده‌كرێت.

به‌درخان جگه‌ له‌ زمانی‌ زگماكی‌ خۆی و توركی‌ و عه‌ره‌بی،‌ زمانی‌ فڕه‌نسیشی‌ به‌ باشی‌ زانیوه‌، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌مین ژماره‌ی‌ رۆژنامه‌ی‌ كوردستاندا كارتێكی‌ به‌ زمانی‌ فڕه‌نسی‌ بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ شارستانیبوونی‌ عه‌قڵی‌ میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان نیشان ده‌دات.

 

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

Vintage still life. Vintage compass lies on an ancient world map in 1565.

ئــه‌مڕۆ لـه‌ مــێژوو

ئــه‌مڕۆ لـه‌ مــێژوو هەموو رۆژێک لە ماڵپەرى مێژووى کورد هەموو شتێک بزانە کەوا لەم رۆژە …