Home / بەشی مێژووی كورد / بەڵگەنامەی ” خیانەتەکانی قیادە مووقەتە بە نەتەوەی کورد”

بەڵگەنامەی ” خیانەتەکانی قیادە مووقەتە بە نەتەوەی کورد”

balganama-300x195

خیانەتەکانی قیادە مووقەتە بە نەتەوەی کورد
نوسەران:عەبدولا حەسەن زادە- دوکتور قاسملو
لە بڵاوکراوەکانی ئینتشارات و تبلیغاتی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
١٦/٩/١٩٨١ – ٢٥/٦/١٣٦٠

نوسینەوەی: سەباح عەلی قارەمان

پێشەکی
ماوەیەکە پارتی دیموکراتی کوردستان لە رێگای کۆمەڵێک خەڵکی بەکرێگیراوی کوردستانی رۆژهەڵات بە تایبەتیش لە ریگای کۆمەڵێک کادری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەیەوێت مێژووی پارتی و بنەماڵەی مەلا مستەفا بارزانی پیرۆز بکەن و خیانەت و کوردکوژییەکانیان بۆ پەردەپۆش بکەن. بەندەش بە ئەرکی سەر شانی خۆمی ئەزانم رووی راستەقینەی بنەماڵەی مەلا مستەفا و پارتەکەی وەک خۆی بەبەڵگەوە ئاشکرا بکەم و پەردەی لەسەر هەڵماڵم، بۆ ئەوەی چیتر نەوەی نوێی گشت کوردستان، به‌تایبه‌تیی کوردستانی رۆژهەڵات و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران چەواشەنەکرێن، ئه‌ویش لە رێگای کۆمەڵێک قەڵەمفرۆشی و بەکرێگیراوی حیزبەکەیان یان هەندێک قەڵەمفرۆشی دیکەوە کە خۆیان فرۆشتووە بە بنەماڵەی مەلا مستەفا بارزانی.
بۆ وەڵامدانەوەی ئەو قەڵەم فرۆشانەی بنەماڵەی مەلا مستەفا کە لە پیناوی پارەدا وێژدانی خۆیان فرۆشتووە و خەریکی نووسینەوەی مێژوویەکی پڕ لە چەواشەن، بە بەڵگەوە کتیبێکی کۆمیتە حیزبی دیموکوراتی کوردستانی ئێران، کە لە ساڵی ١٩٨١ لەچاپدراوە بە ناونیشانی (خیانەتەکانی قیادە مووقەت بە نەتەوەی کورد) کە هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن نووسەری ئەم کتێبە هەریەکە لە(مەلا عەبدوڵای حەسەن زادە ودکتۆر قاسملۆ) بوونە، منیش بەچەند بەشێک ئه‌و کتێبه‌ که‌ کاتی خۆی هه‌ر هه‌مان حیزب، که‌ ئیستا بوونه‌ته‌ پیاوی پارتیی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی وەک خۆی بڵاودەکەمەوە.
لێرە به‌دوا دەست دەکەم بە نوسینەوەی کتێبەکە وه‌ک خۆی و به‌بێ ده‌ستکاریی یەک وشەی بۆ زیاد و کەم ناکەم وەکو خۆی بۆتان دەنوسمەوە، بەڵام ئەگەر هەڵەیەک لە نوسینەکەدا هەبێت یان ناوێک وەکو خۆی نەنوسرابێتبۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو کتێبەی لە بەردەستی مندایە لە هەندێک شوێن نوسینەکەی کاڵ بووەتەوە و بەباشی ناخوێندرێتەوە.
سەباح عەلی قارەمان

خیانەتەکانی قیادەی موووقەت بە نەتەوەی کورد

ئاکار و کردەوەی سەرۆکایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق (قیادە) دەرهەقی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران

سەرتا:
لە پەیوەندی نێوان حیزب و رێکخراوە سیاسیەکان دا چ لە نێو خۆی وڵاتێک و چ لە چەند وڵاتی جۆربەجۆردا، هەروەها لە دنیای سیاسەتدا بە گشتی زۆر کارەسات دێنە پێش و زۆر مەسەلە روو دەدەن کە حیزبێکی سیاسی لە هەل و مەرجێکی دیاری کراوی مێژووی دا بەڕاست نازانێ پەردەیان لەسەر هەڵداتەوە و بیانخاتە بەرچاوی بیروڕای گشتی خەڵکی وڵاتەکەی. هۆیەکەشی ئەوەیە لەو وەختە دباری کراوەدا بڵاوکرنەوەی مەسەلەکە بە قازانجی گشتی تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی حیزب و گەل نازانێ،بەڵام بەو مانایە نیە کە ئەو کارەساتە بۆ هەتا هەتایە لە بیردەبرێتەوە هیچ کاتێک بەردەیان لەسەر وەلا نادرێ، مەسەلە هەر ئەوەیە کە باسی ئەو رووداوانە هەڵدەگیرێ بۆ هەل و مەرجێکی لە بارتر کە خزمەت بە بەرەوپێش چوونی ئامانجەکان بکا.

ئەوەی لەمەودوا باسی دەکەین شتێکە لەو بابەتە، لەم کورتەباسەدا دەمانەوەێ هەندێ ڕووداوی مێژووی بۆ بیروڕای گشتی گەلی کورد و گەلانی ناوچە روون بکەینەوە و لەو ڕێگایەوە هەڵوێستی سەرۆکایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق(قیادە) دەرهەقی بزووتنەوەی میللی دیموکراتی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران بەگشتی و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە تایبەتی بخەینە بەرچاو.
جیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەو بڕوایەدا نەبوو کەلە هەل و مەرجی ئێستادا ئەو مەسەلانە بێنێتە گۆڕێ و لێیان بکۆڵێتەوە، بەڵام کردەوەی دژی گەلی سەرۆکایەتی پارتی(قیادە) و نووسراوەکانی ئەم دواییەی بەڕێوەبەرانی کە هەوڵ دەدەن ڕوووداوەکان بەپێچەوانە بخەنە بەرچاوی خەڵکی کوردستان و بە قازانجی خۆیان راستی یەکان بەراوەژوو نیشان بدەن ناچاری کردین ڕووداوە مێژوویەکانی پازدە بیست ساڵی ڕابردوو هەڵوێست و سیاسەتی سەرۆکایەتی پارتی بەرامبەر بەگەلی کورد و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بەو چۆرە کە بووە و هەیە بخەینە بەرچاوی کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستان بۆ ئەوەی بۆ خۆیان ببنە قازی و حوکم بدەن.

شتێکی زیاتریش ئێمە هێنایە سەر نووسینی ئەم کورتە باسە ئەوەیە کە سەرۆکایەتی پارتی لە دوو ساڵی ڕابردوودا هەمیشە لە سەبر خۆپاراستنی حیزبی ئێمە کەڵکی خراپی وەرگرتووە و بێدەنگی ئێمە لەسەر سیاسەتی دژی گەلی و کردەوەی تاوانبارانە و گومان لێکراوی خۆی بەنیشانەی کزی و بێ هێزی حیزبی ئێمە و بزووتنەوەی میللی دیموکراتیکی گەلیکور و کورستانی ئێران زانیوە. هەروەک هاونیشتمانانە بەڕیزەکان ئاگادارن سەرۆکایەتی پارتی بیشەرمی گەیاندوەتە رادەیەک کە بۆ داپۆشینی خیانەتەکانی خۆی درۆ و بوختان بۆ حیزبی ئێمە هەڵدەبەستێ و روخساری دزێو و بەکرێگیراوانەی خۆی لە ئێمە دادەبینێ، لەوەش زیاتر لەم دوایانەدا شان بە شانی جاش و ئەرتەش و پاسدار و هەموو هێزە سەرکوت کەرەکانی ریژێمی کۆنەپەرستی خومەینی لەشکری بۆ سەر خاکی کوردستان کێشاوە و شارو گوندی کوردستانی ئیران پەلاماردەدا.

هەربۆیە بەڕێوەبەرایەتی حیزبی ئێمە گەیشتە ئەو بڕوایە کە بێدەنگ بوون لە راست خیانەت و جینایەتەکانی ئەو تاقمە بەکرێگیراوو چڵکاو خۆرە لەوە زیاتر درووست نیە و پیویستە واقیعەتی ڕووداوەکان لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ بە ئاشکرایی بێ پەردە بخرێتە بەردەم کۆمەڵانی زەحمەتکێشی خەڵکی کوردستان و سەرانسەری ئێران.

هەڵوێستی خەڵکی کوردستانی ئێران بەرامبەر بزووتنەوەی کوردستانی عێراق بەسەرۆکایەتی بارزانی

پاش سەرکەوتنی شۆڕشی چاردەی ژووئیەی ساڵێ ١٩٥٨ ی عێراق دەرقەتێکی مێژوویی بۆ گەلی کورد لە کوردستانی عێراق هاتە پێش تا بتوانێ مافە نەتەوایەتی یەکانی خۆی بەشێوەی خودموختاری لە چوارچێوەی عێراقێکی دیموکراتدا وەربگرێ، بەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئازادیە و دیموکراتیەکان تاڕادەیەکی زۆر لە عێراق دا جێگیر بوون، پارتی دیموکراتی کوردستان کە تا ئەو دەم بەنهێنی خەباتی دەکرد، دەستی بە تێکۆشانی ئاشکرا کرد، زوو رۆژنامە و گۆڤاری کوردی بە ڕەسمی و بە ئاشکرا بڵاو بوونەوە کە یەکیان (خەبات) ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێرق بوو، بارزانی یەکان کە ١٣ ساڵ بوو لە یەکێتی شورەوی دا دەژیان گەڕانەوە وڵات و دروشمی برایەتی کورد و عەرەب لە عێراق دا وەک واقعیەتیک خۆی نواند.

حکوومەتی (عبدالکریم قاسم) لەسەرتاوە زۆر هەنگاوی بەکەڵک و شۆڕش گێڕانەی بە قازانجی خەڵکی عێراق و چینە زەحمەتکێشەکان هەڵینایەوە کە یەکێک لەوانە مەسەلەی دابەشکردنی زەوی زار بوو، بەڵام بەرە بەرە (قاسم) لە پەرگرتنی بزووتنەوەی نیشتمانی خەڵکی عێراق ترساو لەلایەکیش هێزە دیموکراتی و نیشتمانی یەکانی عێراق نەیانتوانی لە گۆڕانی سیستمی سیاسی عێراق قازانجی دواڕۆژی خەڵکی وڵاتەکەیان کەڵک وەربگرن، لەئاکام دا رۆژبەر رۆژ ئازادی یەدیموکراتی یەکان بەرتەسک کرانەوە و زەمینە بۆ تێکچونی وەزعی سیاسی لە عێراق دا ئامادە بوو.

ساڵی ١٩٦١ هیندێک لە دەرەبەگەکانی کورستانی عێراق کە لە بەرنامەی ئیسڵاحی ئەرزی ڕیژێمی (عبدالکریم قاسم) ناڕازی بوون دەستیان دایە چەک و چوونە شاخی، پاش ماوەیەک پارتی دیمورکاتی کوردستان سەرۆکایەتی بزووتنەوە چەکداریەی گرتە دەستی خۆی درووشمی نەتەوایەتی خودموختاری بۆ کوردستان هەڵگرت. لەو تاریخەوە واتە لە سپتامبری ١٩٦١ وە بزووتنەوە کە شکڵیکی نەتەوایەتی بەخۆیەوە گرت و بەرە بەرە چین و تویژەکانی گەلی کورد لە کوردستانی عێراق لە دەوری خۆی کۆ کردەوە.

لە ١١ ی سپتامبری ١٩٦١ تا شەشی مارسی ١٩٧٥ واتەماوەی چواردە ساڵ دا بزووتنەوەی کوردستانی عێراق بەزۆر قۆناخی جۆر بەجۆر دا تێ پەڕیوە کە بەداخەوەئەنجامەکەی تێکچوون و تێ شکانێکی بێ وێنە بوو کە لە مێژووی گەلی کوردا بە(ئاش بەتاڵ) ناوبانگی دەرکردوە، ئێمە نامانەوەێ بەوردی بچینە نێو ئەو باسەوە کە هۆی ئەو شکستە گەورەیە چی بووە و بزوتنەوەیەک کە بە قسەی سەرکرادەیتی پارتی خاوەن سەد هەزار پێشمەرگە بوو چۆن و لەبەرچی لە ماوە چەند ڕۆژ دا ئاداری بە سەر پاداری یەوە نەما، ئەو باسە پێویستی بەوەخت و دەرەتانێکی زۆرتر هەیە و لە کورتە باسدا جێگای نابێتەو، تەنیا شتێک کە دەمانەوێ قامکی لەسەر دانێن مسئولیەتی سەرۆکایەتی پارتی لەو ئاش بەتاڵەیە ئاش بەتاڵێک کە بەقیمەتی گوژران و ئیعدامی سەدان کەس و ئاوارە بوونی سەدان هەزار کەس لە برا کوردەکانی عێراقمان تەواو بوو، جگە لەوەش بزووتنەوەی گەلی کورد لە کوردستانی عێراق دەیان ساڵ وەدواخست، ئەو راستی یە بۆیە وەبیر دەخەینەوە چونکە سەرۆکایەتی پارتی تا ئێستاش نەک هەر خۆی لەو شکستە گەورەیە بە مەسئوول نازانێ ، بەڵکو خۆی وەک قارەمانێک نیشان دەدا و ئاکار و کردەوەی بە شێوەیەکە کە هەروا بزانە گەلی کورد شتێکیش بە سەرۆکایەتی پارتی و بنەماڵەی بارزانی قەرزارە.

ئێمە باسی ڕووداوەکانی بیست ساڵی ڕابردوودا وردە وردە ئاکار و کردەوەکانی سەرۆکایەتی پارتی وەک سەرکردەی بزووتنەوەی ١٩٦١ی کوردستانی عێراق و بەتایبەتی ڕەفتاری بنەماڵەی بارزانی ڕوون دەکەینەوە و لەو ڕێگایەوە گۆشەیەک لە هۆیەکانی ئەو ئاش بەتاڵە مێووییە و مەسئولیەتی سەرۆکایەتی پارتی لەو شکستە گەورەیە نیشان دەدەین، بەڵام ئەوەی زیاتر مەبەستی ئێمەیە روونکردنەوەی هەڵوێستی گەلی کورد و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بەرامبەر بزووتنەوەی کوردی عێراق و سیاسەتی سەرۆکایەتی بزووتنەوە دەرهەق بە تێکۆشەرانی گەلی کورد و حیزبی دیموکراتی ئێرانە.
هەر لە سەرتای دەست پێکردنی بزوتنەوەی ساڵی ١٩٦١ ی گەلی کورد لە کوردستانی عێراقەوە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بەشێکی زۆر لە کار و تێکۆشانی خۆی بو پشتگیری و یارمەتی ئەو بزوتنەوەیە وەکار خست، خەڵکی کوردستان ئێران بە هیوا و هومێدێکی زۆرەوە چاویان بڕیبوە بزوتنەوەی گەلەکەمان لە کوردستانی عێراق و بە ئیمان و بەو راستی یە کە وەدەست هێنانی مافە رەواکانی گەلی کورد لەهەر بەشێکی کوردستان دا دەتوانێ ببێتە نموونە بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستانیش هەرچی لە توانایان دابوو لە یارمەتی ماددی و مەعنەوەی بێدرێغ پێشکەشی ئەو بزوتنەوەیان کرد.

كادر و مەسئوولانی حیزبی ئێمە چ ئەوانەی لە نێو خۆی وڵات دا بە نهێنی تێدەکۆشان و چ ئەوانەشی کە ئاوارەی کوردستانی عێراق ببون قورسایی کاری خۆیان خستبوە سەر تێکۆشان بۆ ناساندن و یارمەتی دانی بزوتنەوەی گەلەکەمان لە کوردستانی عێراق. کادرەکانی ئێمە کە لە کوردستانی عێراق ئەو دیو دەژیان دەستە دەستە بە نهێنی دەگەڕانەوە کوردستانی ئێران و بە کۆمەکی رێکخراوەکانی حیزبی چەک و پووڵ و تەقەمەنی و خواردەمەنی و بەرگ و پێڵاویان کۆ دەکردەوە و دەیانگەیاندە براکانیان لە کوردستانی عێراق ، پێویستە ئەوەش بگوترێ کە زۆربەی ئەو یارمەتی یانەی کۆدەکرانەوە و بەڕێ دەکران ڕاستەوخۆ دەگەیشتنە دەستی بارزانی.

خەڵکی کوردستانی ئێران باشیان لەبیرە کە لە ژێر زەبروزەنگی ساواک دا، ئەندامانی حیزبی ئێمە یارمەتی یان بۆ بزوتنەوەی کوردستانی عێراق کۆدەکردەوە و زستانان کەبەفر رێگاکانی دەگرت و وڵاغ دەرنەدەچوو، ئەو خەڵکە بەشەرەفە پشتێنێک بەفریان دەدڕی و بە کۆڵ کۆمەکەکانی خۆیان ئاوای ئەو دیو دەکرد.

خۆ لە جەبهەکانی شەڕیش دا ئەندامان و لایەنگران و کادر و مەسئولەکانی حیزبی هیچ کاتێک خۆیان لە برا پێشمەرگە عێراقی یەکانیان هەڵناوارد و هەمیشە شان بە شانی ئەوان لە چیا و پێدەشتەکانی کوردستان دا سنگیان بە گولەوەنا، چیاکانی هەندرین و زۆزک و بەشی بادینان و ناوچەی پشدەر و پێنجوێن و بە کورتی هەموو جەبهەکانی شەڕی کوردستانی عێراق شاهیدی گیانبازی پێشمەرگە کوردە ئێرانیەکانن کە بەچەک و فیشەک و هەموو ئیمکاناتی خۆیان لە ژێر سەرکردایەتی برا کوردەکانی ئەو دیودا شەڕیان دەکرد و تەنانەت چاویان لەوە نەبوو جارێکیش ناویان ببرێ.

با ئەوەش بڵێن رەفتاری بارزانی و سەرکردایەتی بزوتنەوەی کوردستانی عێراق لە سەرتاوە تا ئەو وەختە کە زۆرتر تەکیەی لەسەر یارمەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بوو لەگەڵ براکانی ئاوارەی ئێمە و هەروەها لەگەڵ حیزبی ئێمە دۆستانەبوو، بەڵام وردە وردە حکوومەتی حەمەڕەزاشا و دەزگای جاسوسی ساواک دەستیان کێشایە نێو بزوتنەوە و لەگەڵ سەرۆکایەتی کەوتنە تەون و بەست، پی بە پێی لێک نزیک بوونەوەی ڕیژێمی شا و سەرکردایەتی بزوتنەوەی کوردستانی عێراق رەفتار و هەڵوێستی سەرۆکایەتی بارزانی بەرامبەر بە حیزبی ئێمە خراپ و خراپتر دبوو، هەتا دەزگای جاسوسی ساواک زیاتر خۆی لە بارەگای بارزانی نیزیک دەکردەوە مەیدانی کاروتێکۆشانی کادر و ئەندامانی حیزبی ئێمە بەرتسکتر دەکرا.

سەرە بەهاری ساڵ١٣٤٤ ئەفسەری بەناوبانگی روکنی دووی ئەرتەش سەرهەنگ مدرسی لە ناوچەی سەنگەسەر کە ئەو کاتە ناوەندی سەرکردایەتی بزوتنەوە بوو جێگیر بوو، بەگەیشتنی سەرهەنگ مدرسی بۆ ئەوەی تەکلیفی براکانی ئێمە ڕوون بوو. سەرۆکایەتی بارزانی کە نەدەرکرا لە فەرمانی ساواک و روکنی دووی ئەرتەشی ئێران سەرپیچی بکا بەڕەسمی نوێنەرانی حیزبی ئێمە بانگ کرد و پێی ڕاگەیاندن کە دەبێ بنکەکانیان لە نزیک سنووری ئێران تێک دەن و بە هیچ جۆرێکیش هاتوچۆی کوردستانی ئێران نەکەن، لەوەش زیاتر ڕۆیشت و داوای کرد کە هەموو چەشنە تێکۆشانێکی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە نێو خۆی وڵاتیش دا ڕابگیرێ، بەدوای ئەو فەرمانە مێژووییە!!دا ئەفرادی بارزانی بۆ خۆیان پەلاماری بنکەکانی کوردی ئێران لە نزیک سنووریان دا و تێکیانەوەپێچان و بۆ ئەوەی کە براکانی ئێمە نەتوانن بەیاننامە و نووسراوەی حیزبی بڵاوبکەنەوە هەموو کەرەستەی چاپەمەنی و کتیبخانەکەشیان بەتاڵان برد.

لێرەدا بوو کە سەرۆکایەتی بارزانی یارمەتی دەوڵەتی کۆنەپەرستو و نۆکەری ئیمپریالیزمی حەمەڕزاشای لە جێگای یارمەتی خەڵکی کوردستان دانا، رووی کردە دوژمنانی گەلی کورد و پشتی لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کرد، لە راستی دا بەردی بناخەی ئاش بەتاڵ ساڵی ١٩٧٥ی بارزانیش لێرەدا دانراوە و تا ئێستاش کە ئێستایە گەلی کورد لە کوردستانی عێراق و تەنانەت لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش دا کوتەکی ئەو لاری بوونەی سەرۆکایەتی بارزانی ویدەکەوی.
بۆ حەقیقەت و تاریخ دەبێ بگوترێ کە کۆمەڵانی بەشەرەفی خەڵکی کوردستانی عێراق و ئەندامان و پێشمەرگەکانی پارتی و تەنانەت بەشێکی زۆر لە کادری بەڕێوەبەرایەتی پارتیش دژی ئەو سیاسەتە بوون، بەڵام بەرامبەر بە دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی بنەماڵەی بارزانی کارێکیان لەدەست نەدەهات، ئەوان کە دەیانزانی ئەوەی بەڕاستی دۆستی بزوتنەوەی کوردستانی عێراقە گەلی کوردی ئێرانە نەک حکوومەتی حەمەڕەزاشا.بەدزی دوور لە چاوی دەزگای جاسوسی بارەگای بارزانی هەمیشە دۆستایەتی تێکۆشەرانی کوردی ئێرانیان دەکرد و دڵخۆشی یان دەدانەوە بەڕاستی زۆر کوردی بەشەرەفی عێراقیش هەر بە تاوانی دۆستایەتی براکانی ئێمە کەوتنە بەر لافاوی ڕق و قینی بارزانیەکان و تووشی ئەشکەنجە و و زیندان و ئازار و جەزرەبە بوون.
هەر لە سەرتاەوە دیار بوو دوایش بە بەڵگە دەرکەوت کە شەرتی هەرە بنەڕەتی یارمەتی ڕیژێمی حەمەڕەزاشا بەسەرکردایەتی بزوتنەوەی کوردستانی عێراق ئەوە بووە کە ئەو سەرکردایەتی یە رێگانەدا هیچ چەشنە بزوتنەوەیەکی دژی ڕیژێمی کۆنەپەرست و نۆکەری ئیمپریالیزم لە کوردستانی ئێران سەر هەڵبدا و گوڵ بکا.

پیاو هەق بڵێ دەربارەی بارزانی زۆر بە سەرراستی ئەو بەڵێنەی بەجێ گەیاند و هیچ کاتێک نەیهێشت دەربارەی پەهلەوی لەو بارەوە گلەی بکا. رووداوەکانی دواتر کە لەمەودوا باسیان دەکەین باشی نیشان دەدەن کە بارزانی بێ قەول قەرار لەگەڵ گەلی کورد تا چ رادەیەک بەو بەڵێنە بە دووژمنانی کوردی دابوو هەتا سەر وەفادار مایەوە.

بەهاری ساڵی ١٣٤٦ ئیدریس بارزانی لە رێگای بێ سیمەوە دەستوری بە(عەلی شەعبان) بارزانی فەرماندەی پێشمەرگە لە ناوچەی بیتوین دا کە بچێتە سەر بنکەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە گوندی(دیری) و هەموو هاوڕی یانی بگرێ، بەڵام پێش ئەوەی عەلی شەعبان بتوانێ ئەو فەرمانە دژی گەلی یە جێ بەجێ بکا، بە هۆی کوردێکی بەشەرەفەوە خەبەرەکە بە براکانی ئێمە گەیشت، شەهید کاک سولیمانی موعینی و هاوڕێ کانی کاتێک ئەو خەبەرەیان زانی تێگەیشتن کە لە کوردستانی عێراق گیانیان لە مەترسی دایە و جێ پی یەک بۆ خەباتکەرانی کوردی ئێران لە کوردستانی عێراق نەماوە، بۆیە هەر بە ئەو ڕاپەڕین و خۆیان گەیاندە کوردستانی ئێران.

بەدوای ئەوان دا دەستە دەستە کادرو ئەندامانی ئاوارەی حیزبی دیموکارتی کوردستان گەڕانەوە ئێران و لە هەل و مەرجێکی زۆر دژوار و پڕ لە زەبروزەنگی پۆلیسی دا تێکۆشانی سیاسی خۆیان دەست پێکرد، دیارە ریژێمی حەمەڕەزاشا نەیدەتوانی تێکۆشانێکی وا بەربڵاوی حیزبی ئێمە تەحەمول بکا و هەربۆیە هەزاران جاش و ژاندارمی بۆ راونانی خەباتکەرانی حیزب خستەکار. لە ئەنجام دا هاوڕێ یانی ئێمە جگە لەوەی کە چەکدارانە و دیفاع لە خۆیان بکەن رێگایەکیان بۆ نەمایەوە و بەو جۆرە ڕاپەڕینی چەکدارانە ساڵەکانی٤٧-١٣٤٦ کە بە شێکی زۆری ئەنجامی سیاسەتی دژی کوردی سەرۆکایەتی بارزانی بوو بی وەخت و بی ئەوەی خۆی بۆ ئامادەکرابێ. دەستی پێکرد.

هەرچەندە ڕاپەڕینەکە خۆی بۆ ساز نەکرابوو بە چەشنێکی گشتی هەل و مەرج لە ئێران دا بو ڕاپەڕینێکی چەکدارانە ئامادە بوو. لەبەر ئەوەی کۆمەڵانی زەحمەتکێسی خەڵکی کوردستان بە گەرمی باوەشیان بۆ پێشمەرگەکانی حیزبی کورەوە و پشتیوانی لێ کردن، ئەو ڕاپەڕینە ١٨ مانگ خۆی راگرت و دەردی سەریکی زۆری بۆ ریژێمی بەکرێگیراوی پەهلەوی پێک هێنا.

حکوومەتی ئیستیبدادی پەهلەوی کاتێک تێگەیشت بەو هەموو جاش و ژاندارمەوە ناتوانن بزوتنەوەی چەکدارانە سەرکوت بکا هاواری بۆ بارزانی برد و داوای لێ کرد کە بەپێی تەعەهودێک کە داوێتی بۆ سەرکوت کردن و کوژاندنەوەی ئاگری ئەو ڕاپەڕینە پارمەتی بدا، لێرەش دا دەربارەی بارزانی پیاوانە!!فریای دەرباری پەهلەوی کەوت و بە دڵسۆزیەوە!! بە هاواری گەیشت.

کۆمەکی بارزانی بە حکوومەتی حەمەڕەزاشا دووباری هەبوو: یەکیان ئەوە کە ئەفرادی چەکداری خۆی بو یارمەتی هێزە سەرکوتکەرەکانی شا ناردە کوردستانی ئێران و ئەوی دیکەش ئەوە کە لەداخلی کوردستانی عێراق دا کەوتە گرتن و راونان و تەحویل دانەوەی تێکۆشەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کرا بە زیندوویی دەنا بە مردوویی.
خەڵکی ناوچەکانی پیرانشار و سەردەشت و بانە شاهیدن کە چەکدارەکانی بارزانی چۆن لە نێۆ جەرگی کوردستانی ئێران دا شان بە شانی ئەندام و جاشەکان و بە دوای پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دا دەگەڕان. (مام وسوو دزەیی) فەرماندەی بەشێک لەو چەکدارانەی هاتبوونە کوردستانی ئێران پاش چەند رۆژ مانەوە و گەڕان لە کوردستانی ئێران دا گەڕایەوە بۆ عێراق. لەوی بە ئاشکرا گوتبوی: من ئیتر ناتوانم ئەو خیانەتە بکەم. بە تەواوی هەستم کردوە خەڵکی کوردستانی ئێران بە جاشمان دەزانێ و لە راستیش دا جاشین. هەر لە سەر ئەوەش (حەسۆ میرخانی بارزانی) فەرماندەی هێزی کاوە لە ناوچەی قەڵادزی رقی لێ داگرت و هەتا دوای ئاش بەتاڵیش ناکۆکی نێوان ئەو دوو کەسە کۆتایی نەهات.

لە کوردستانی عێراقیش دەزگای دژی گەلی دارودەستەی بارزانی کەوتە گرتن و راونانی ئەو کادر و مەسئولانەی حیزبی ئێمەکە لە کوردستانی گەرمی دا مابوونەوە. یەکەم قوربانی ئەو هێرشە دژی گەلی و ناپیاوانەیە هاوڕیی شەهید(مەلا رەحیمی ویردی) خەڵکی مەنیجەلانی بانە و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوو. کاک رەحیم کە بە(میرزا ئەحمەد) ناسرا لە گوندی(سورە دزە) لە ناوچەی ماوەتی کوردستانی عێراق دەژیا. چەکدراەکانی(عەبدوالوەهاب ئەترووش) بەکرێگیراوی ساواک و فەرماندەی ئەو کاتی هێزی خەبات چوونە سەری گرتیان و بەرەو سنووری ئێران لەگەڵ خۆیان برد. لە رێگا زۆر بێ شەرمانە شەهیدیان کرد و تەرمی بێ گیانی ئەو رولە تێکۆشەرەیان وەک دیاری یەکی بچوک!! تەسلیمی ریژێمی چەپەڵی حەمەڕەزاشا کردەوە.

بێجگە لە میرزا ئەحمەد چوارکەسی دیکەش لە ئەندامان و پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هەر لەلایەن عەبدوالوەهاب ئەترووشی یەوە گیران و بەزیندویی تەسلیمی ئێران کرانەوە کە دوای چەندین ساڵ زیندان ئازاد بوون. ئەو چوار کەسە خەڵکی ناوچەی هەورامانان و جوانڕۆ بوون. ساڵی١٣٤٨ یش هەر ئەو جەنابی ئەترووشی یە شەهید کاک(هاشمی حەق تەلەب) مەشهور بە قادر شەریفی لە یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری سلێمانی دا تیرۆر کرد زۆر بەشانازییەوە خەبەری ئەو شاکارەی بە بی سیم بە بارەگای بارزانی راگەیاند.
پیاو لە حەق دەرنەچی پاش بەیاننامەی ١١مارسی ١٩٧٠ کاتێک (عەبدوالوەهاب ئەترووشی) کرابوو بە ئوستانداری هەولێر یەکێک لە نوێنەرانی حیزبی ئێمە لەگەڵ چەند کوردێکی دڵسۆزی عێراق چووبوونە لای و ئەو تاوانەیان بەچاودا دابوو . ناوبراو نامەی ڕەسمی بارەگای بارزانی نیشان دابوو کە دەستووری گرتن و نەحویل دانەوەی میرزا ئەحمەدی پێ دابوو.

لە بەهاری ساڵی ١٣٤٧ دا کە هێشتا بزوتنەوەی چەکدرانەی کوردستانی ئێان درێژەی هەبووە شەهید سولەیمانی موعینی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە گەڵ برایەکی کادر بە ناوی (خەلیلی مستەفازادە) ناسراو بە(خەلیل شەوباش) بە نهێنی چووە شاری سولەیمانی تا لە رێگای حیزبی کمونیسیتی عێراقەوە لەگەڵ هیندی مەسئوولی حیزبی کە لە ئەوروپا دەژیان پەیوەندی بگرێ، ئەو سەفەرە کەمێک درێژ بووە و لە ئاکام دا ساواک هەستی کرد کاک سولەیمان چوەتە ئەودیو . بۆیە لە گەل سەرۆکایەتی بارزانی دەفکری لە دواخستنی سولەیمان کەون.

بۆ وەدی هێنانی ئەو ئاواتە چەپەڵە سەرکردایەتی بارزانی بە هۆی سکرتێری پارتی و ئەندامێکی دیکەی کۆمیتەی ناوەندی یەوە لە کاک سولەیمان دا دەسپێری کە هەوڵ بدا مەسئوول و پێشمەرگەکانی حیزب لە کوردستانی ئێران دا بگێڕێتەوە بۆ کوردستانی عێراق جاری واز لە کوردستانی ئێران بێنن بەو ناوە کە مەسەلەی کورد هەر یەکە و ئێستا کە لە عێراق بزوتنەوە هەیە ناکرێ جەبهەیەکی دیکەش بکەینەوە. بەڵێنیشی پێ دەدەین کە ئەگەر بگەڕێتەوە کوردستانی عێراق شەخسی بارزانی زەمانەتی پاراستنی گیان و ئەمنیەتیان دەکا. کاک سولەیمان بەڵێن دەدا کە کاتێک گەیشتەوە ئێران مەسەلەکە لەگەل هاوڕێ یانی باش بکا و نەتیجەیان بداتەوە.

لەسەر ئەو هەول و هەرارە کاک سولەیمان لە سلیمانی یەوە بەرەو کوردستانی ئێران دەگەڕێتەوە. بەڵام لە دەرەوەی شاری سولەیمانی دەکەویتە بۆسەیەکەوەکە(سەدیق ئەفەندی) ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و مەسئوولی لقی چواری پارتی بە دەستووری سەرکردایەتی بۆی دانابوو.

کاک سولەیمان و هاوڕێ یەکی بەو فێلە نامەردانەیە بە بێ چەک گیران و ڕەوانەی حاجی ئۆمەران کران کە ئەو کاتە بارەگای بارزانی لێ بوو. کاتێک شەهید سولەیمان دەبەنە لای بارزانی مەلا مستەفا زۆر جنێوو قسەی کاڵی پێ دەڵێ، بەڵام شەهیدی نەمر کە دەزانێ بارزانی بڕیاری تەحویل دانەوەی ئەوی داوە بە ئەنقەست و بۆ ئەوەی تووڕەی بکا بەگژی دادی و ئەوەی بەزاری دادی پێی دەڵی مەبەستیش هەر ئەوە دەبێ کە لەوێ بیکوژن و بەزیندوویی نەدرێتە دەستی ڕیژێمی شا، بارزانی کە قەت هیچ کەس نەیتوانیوە قسەی لە قسە بکا لە دین دەردەچی و لە یەک جەولە دا دەڵێ:”ببەن، ببەن، بیکوژن، سەیە، سەباب”.
دیارە ئەو کورتە جوملەیە لە قاموسی بارزانی یەکان دا بە مانای موحاکەمە و دادگا و حوکم دان و هەموو شتێکە. ئیتر هەر ئەو شەوە ئەو دوو تێکۆشەرە گولە باران دەکەن و بۆ بەیانی تەرمەکانیان بۆ مەزەی سەر سفرەی شەرابی کاربەدەستانی ڕیژێمی شا دەنێرنەوە ئێران. خەڵکی بەشەرەفی کوردستان بۆ خۆیان دیویانە کە چڵکاو خۆرەکانی ساواک بە چ شێوەیەک و بە چ فیزێکەوە تەرمی بێ گیانی ئەو تێکۆشەرە شەهیدەیان بە شارو باژێڕەکان دا دەگێڕا و پێویست ناکا ئێمە زیاتری لەسەر بڕۆین.

کار بەوەندەوە کۆتایی نەهات. ڕیژێمی شا و دارودەستەی بارزانی پێکەوە لە هەوڵ و تەقەلای کووژاندنەوەی ئاگری ڕاپەڕینی چەکدارنەی کوردستانی ئێران دا بوون. بارزانی لە لایەک چەکدارەکانی خۆی بۆ راونانی تێکۆشەرانی حیزبی ئێمە دەناردە هاواری جاش و ژاندارمەکانی شا و لە لایەکیش لە بنەوە بە ناوی دڵسۆزی لێی رادەسپاردن کە بگەڕێنەوە کوردستانی عێراق و دڵنیابن کە مەترسی یەک هەڕەشە لە ژیانیان ناکا.

لە ١٣٤٧ دا ئەگەر لەولا کاک سولەیمان بەدەستی قولەچوماغەکانی بارزانی شەهید کرا. لەم لاشەوە بە ماوەیەکی زۆر کەم تێکۆشەی بەناو بانگ “مەلا ئاوارە” گیرا و پاش سێ مانگ شەهید کرا.کاک “سمایلی شەریفزادە” لە گەڵ سێ کەس لە هاوسەنگەرەکانی لە ناوچەی بانە کەوتنە داوو شەهید بوون. کاک عەولای موعینی لەگەڵ پێشمەرگەی بەناوودەنگ “مینەشەم” لە نزیک قالوی لە ناوچەی مەهاباد شەهید کران و زۆر کەسیش لە پێشمەرگەکان لە پیک هەڵپرژان لەگەڵ جاش و ژاندارم دا گیانی خۆیان بەخت کرد.

وەختێک بەشێکی زۆر لە بەڕێوەبەرانی بزوتنەوە لە نێو چوون برا پێشمەرگەکان خۆیان بی دەرەتان و بی سەرپەرشت هاتە بەرچاو. بۆیە کاتێک حەسۆ میر- خانی بارزانی فەرماندەی هێزی کاوە لە ناوچەی پشدەر بە قەولی خۆیان لە سەر شەرەفی بارزانی بەڵێنی پی دان کە ئەگەر بگەڕێنەوە عێراق گیانیان لە ئەمان دایە، بەو بەڵێنە رازی بوون و چوونەوە کوردستانی عێراق.

بەڵام قەولی شەرەفی بارزانی یەکان بەو جۆرە وەفای پێ کرا کە جگە لەوەی هەموویان چەک کردن هەر دەس بە جێ لیکیان بڵاوکردن و پاش چەند ڕۆژێک یازدە کەسیان لێ گرتن و بەبێ سی و دوو لیکردن تەحویلی ئیرانیان دانەوە.

جەللادەکانی ڕیژێمی شا لەو یازدە کەسە چوار ڕۆڵەی بە نرخی وەک” سالح لاجاني”و”سولەیمان کەرقەشان”و”عەولای بایزە منجە” و” حەمەسووریان” بێ موحاکەمە گولە بارن کرد و ئەوانی دیکەش بە زیندانی دوور و درێژ مەحکووم کران، گڵکۆی ئەو چوار شەهیدە ئێستاش لە سەر ڕێگای پیرانشار- نەغەدە شاهیدی نەمری بەکرێگیراوی و خۆفرۆشی بنەماڵەی بارزانی یە.

هاوینی ساڵی ١٣٤٧ هێشتا خوێنی ئەو چوار شەهیدە وشک نەببوە کە دەستی پیاوکوژەکانی بارزانی بە خوێنی دەستەیەکی دیکە لە تێکۆشەرانی ڕێگای ڕزگاری کوردستانی ئێران سوور بوو. دەستەیەک لە پێشمەرگەکان کە لە ناوچەی لاجان ماوونەوە لە گەڵ جاش و ژاندارم لێیان دەبێتە شەڕ. دوای چەند سەعات تەقە و لیکدان ناچار دەبن پاشەکشە بکەن بۆ کوردستانی عێراق، ئەو برایانە کە پێنج کەس دەبن لە نزیک سنووری ئێران دەچنە دی یەک بە ناوی”ئالانی” ژاندارم و جاشەکان کە بە دووربین پاشەکشەی پێشمەرگەکان بۆ خاکی عێراق دەبینن بە ماشێن دەچنە حاجی ئۆمەران و لەوی دا لەگەڵ چەند چەکدرای بارزانی بە سەرۆکایەتی”غەزالی میرخانی بارزانی” و”ئەحمەد حاجی و پیاوکوژ و ئەشکەنەچی بە ناوبانگ”سەعید مەسیفی دەچنە سەریان و دێ یەکە گەمارۆ دەدەن.

پێشمەرگەکان لە پێشدا کەوا دەزانن هەر جاش و ژاندارمەی ئێران دەوریان داون، دەس نادەن و تەقەیان لێ دەکەن. بەڵام غەزالی کە یەکێک لە نیزیکانی دەرباری بارزانی یە بانگیان دەکا و دەڵێ ئێمە جاش و ژاندارم نین پێشمەرگەی بارزانین، وەرنەدەری، لە سەر شەرەفی بارزانی کەس هیچتان لێ ناکا و گیانتان لە ئەمان دایە.
برادەرانی ئیمە بۆ ئەوەی شەریان لە گەل پێشمەرگە نەکردبی سی کەسیان دێنەدەر کە خۆیان تەسلیم بکەن بەڵام هەر لە دەرگای ماڵەکە دێنەدەری تیرباری سەعید مەسیفی تەقەیان لێ دەکا و هەرسێکیان لە خاک و خوێن دەردەدا!! دوو پێشمەرگەکەی دیکە کاتێک وادەبینن خۆیان بەدەستەوە نادەن و هەتا ئاخر گولە شەڕیان لەگەڵ دەکەن، بەڵام سەرەنجام کە فیشەکیان لێ دەبڕی دێنە دەری ئەوانیش هەر لەوی گولە باران دەکرێن. جەنازەی ئەو پێنج شەهیدە هەر لەوی دەکەنە دیاری دەستی خۆیان و دەیاندەنە دەستی ژاندارمەکانی شا بۆ ئەوەی بیان هیننەوە ئێران.

ئەوانەی باسمان کردن تەنیا بەشێک لەو تاوانانەبوون کە سەرۆکایەتی بزوتنەوەی کوردستانی عێراق لە ساڵەکانی پیش ١٩٧٠ دا لەگەڵ تێکۆشەرانی کوردی ئێرانیان کردوە. ئەگەر بمانەوی هەمووشتێک باس بکەین دەبی سەدان لاپەڕەی لەسەر بنوسین، بەڵام وەک دەڵێن مستێکنمونەی خەلوارێکە.

ساڵی ١٣٤٨کۆنفرانسی دووهەمی حیزبی ئێمە پێک هات. کۆمیتەی ناوەندی حیزب بە ناوی کۆنفرانسەوە یادداشتێکی دا بە پارتی و بارزانی و لەوی دا ناڕەزایی خۆی لەو کردەوە ناڕەوایانە دەبڕی. دیارە ئەوان پاش ماوەیەک کۆمیتەی ناوەندی حیزبی ئێمە بۆ باسی هیندیک مەسەلە دەستەیەکی نوێنەرایەتی ناردەلای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق.

راستە کە دەڵێن بنیادەم کویرزەینە. ئەوانەی لەلایەن مەکتەبی سیاسی یەوە لەگەڵ نوێنەرانی حیزبی ئێمە قسەیان کردبوو بریتی بوون لە “حەبیب محمد کەریم”سکرتێری ئەوکاتی پارتی و”علی عەبداللە” سکرتێری ئیستای پارتی. کاتێک نوێنەرانی حیزبی ئێمە باسی ئەو کارەساتەیان لەگەل کردبوون هەردووکیان گوتبوویان:”ئەوەی لەگەل حیزبی ئیوە کراوە پەڵەیەکی شەرمە بە نێو چاوانی پارتی یەوە بەڵام بەڵێن دەدەین دووپات نەبێتەوە. ئەودەم ئێمە زۆر خۆشحاڵ بووین هیوامان پیداکرد کەشتی واتازە نەبێتەوە.

کەچی جگە لەو جینایەتانە کە دواتر دەرهەقی کوردی ئێرانیان کد و لەمەو- دوا باسیان دەکەین. زۆر بەداخەوە ئێستا دەبینن هەر ئەو جەنابی عەلی عبدواللەیە.پەڵەی شەرم و شوورەییەکەی هێندە گەورەتر کردوەتەوە کە نەک هەر نێو چاوان و سەر بەڵکوو تەواوی ئەندامی لەشی پارتی داگرتووە

دەرچوونی بەیاننامەی ١١ ی مارسی ١٩٧٠ و هەڵوێستی سەرۆکایەتی بارزانی بەرامبەرح.د.ک.ا

لە یازدەی مارسی ساڵی ١٩٧٠ دا دوای چەندین جار هات و چۆی نێوان نوێنەرانی دەوڵەتی عێراق و بزوتنەوەی نەتەوایەتی گەلی کوردستانی عێراق بەیاننامەی بەناوبانگی یازدەی مارس بڵاوکرایەوە، لەو بەیاننامەدا مافە نەتەوایەتی یەکانی گەلی کورد لە عێراق بە شێوەی خودموختاری بەڕەسمی ناسرا بوون و بەردی بناخەی چارەسەرکردنی یەکجاری مەسەلەی کورد لە عێراق دا دانرابوو. لێرەدا بەڕاشکاوی دەبێ بگوترێ کە بەداخەوە بەیاننامەی یازدەی مارسی ١٩٧٠ ی عێراق وەک شووشەیەکی ناسک وابوو کە دابێتە دەست هیندی منداڵی نەزان یاری پێ بکەن و لە رووی نەفامی یەوە بیشکێنن. ئەگینا ئەو سەنەدە مێژووییە مافی خودموختاری گەلی کوردی عێراقی بە تەواوی تێدا گونجا بوو هەر لەو کاتەدا دەیتوانی ببێتە نموونە و ئولگویەک بۆ چارەسەری مەسەلەی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش.

بەڵام دەوڵەتی حەمەڕەزا شا کەنەی دەتوانی لە دراوسێ یەتی ئێران دا و لە تەنیشت پێنج میلیون کوردی ئێران کوردستانێکی خودموختار بە چاو ببینی هەر لە رۆژی دەرچوونی ئەو بەیاننامەیەوە کەوتە پیلان گێڕان بۆ لە نێو بردنی ئەو دەسکەوتە مێژووییەی گەلی کورد. بۆ ئەو مەبەستە هەر چەندی توانی خۆی لە بارزانی نیزیک کردەوە و بە گوێ دا خوێند تاکوو موحیتی تەفاهوم و برایەتی لە نێوان دەوڵەتی عێراق و سەرکردایەتی بزوتنەوەی کورد دا تێک بدا و بەوجۆرە پێشی جێ بەجێ بوونی ناوەڕۆکی ئەو بەیاننامەیە بگرێ.

سەرۆکایەتی بارزانیش بێ سەرنجدان بەو واقیعەتە کە ئەو بە یاننامە بەرهەمی دەیان ساڵ خەبات و تێکۆشانی رۆڵە رزگاریخوازەکانی گەلی کوردە و بێ ئەوەی بیربکاتەوە کە بەیاننامەی یازدەی مارس بەرخوێنی دەیان هەزار شەهیدی کوردستانە. بەدندانی نۆکەرانی ئیمپریالیزم کەوتە تێکدانی ئەو هەل و مەرجە لەبار و پڕ لە دۆستایەتی یە کە لە نێوان دەوڵەتی عێراق و بزوتنەوەی گەلی کورد دا پێک هاتبوو.

لێرەدا ئێمە بە هیچ جۆر نامانەوێ پاکانە بۆ کاربەدەستانی دەوڵەتی عێراق بکەین و هەموو تاوانەکە بخەینە ئەستۆی سەرۆکایەتی بارزانی. بەڵام هیندی واقعیەت هەن کە پێمان خۆشە بێ ترس و بێ پەردە بیان خەینە بەرچاوی بیروڕای گشتی خەڵکی کوردستان چ لە ئێران و چ لە عێراق و چلە هەر شوێنێکی دیکە کە کوردی تێدا دەژی. بۆ ئەوەی بزانن ئەگەر سەرۆکایەتی بزوتنەوە هەستی بە مەسئوولییەت کردبا دەیتوانی کوردستانی عێراق لەشەر و ماڵ وێرانی و سەرەنجام ئاش بەتاڵی سەر شۆڕانە بپارێزێ.

بە ئیعترافی نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق کاتێک لە فیوریەی ١٩٧٠ دا بۆ یەکەم جار دەستەی نوینەرایەتی پارتی بە نهێنی چوو بووە بەغدا و چاوی بە”سدام حسین” جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش کەوتبوو نوێنەرانی پارتی داوای جێ بەجێ کردنی بەیاننامەی ٢٩ ی ژوئین یان کردبوو کە کاتی خۆی لەلایەن “عبدوالرحمن بزاز”ەوە دەرچوو بوو و تەنیا نەوعێک عدم تمرکزی بۆ کوردستان تێدا بوو. بەڵام سدام حسین گوتبووی”: بۆ چی بەیاننامەی ٢٩ی ژوئین ؟ ئێوە وەک نەتەوەیەک لە عێراق دا مافی خودموختاریتان هەیە. وەرن با لەسەر ئەو ئەساسە قسەی لێ بکەین و بە یەکجاری مەسەلەکە ببڕێتەوە”. بەو چەشنە لەسەر مێزی وت وێژ نوێنەرانی دەوڵەتی مەرکەزی بۆ مەسەلەی خودموختاری کوردستان پێشدەست ببون.
هەر بە ئیقراری نوێنەرانی پارتی پاش ڕێک کەوتن لەسەر چوارچێوەی بەیاننامەی یازدەی مارس سدام حسین پێشنیاری کردبوو ئێستا کە لە سەر مەسەلەی خودموختاری رێک کەوتووین با لەسەر سنوور وسەراوردی ناوچەی خودموختاری وتووێژ بکەین و رێگایەک بۆ ناکۆکی و نێوان ناخۆشی لە دواڕۆژدا نەهێڵێنەوە. بەڵام نوێنەرانی پارتی کە واد یارە لە رێک کەوتنەکە زیاد لە ڕادەی پێویست بەپەلە بوون. گوتبوویان نەخەیر ئەو بەشە هەڵدەگرین بۆ دوایە کە هەل و مەرج ئامادەتر بێ ئەو بەدبینی یەی لە نەتیجەی چەند ساڵ شەڕدا دروست بووە لە نێو بچێ. بەو جۆرە یەکێک لەمەسەلە بنەڕەتی یەکانی چارەسەر- کردنی مەسەلی کوردیان حەواڵەی قەزاو قەدەر کردبوو.

هەڵوێستی پارتی بەرامبەر بە ح.د.ک.ا. پاش بڵاوبوونەوەی بەیاننامەی یازدەی مارس
بڵاوبوونەوەی بەیاننامەی یازدەی مارسی ١٩٧٠ بۆ ڕۆڵەکانی گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان دا وەک مزگێنی نەجات و سوودی سەرکەوتنی خەبات بوو. هەر بۆیەش لە سەرتاسەری کوردستان دا جێژنی بۆ کراو شیرینی بۆ بەشرایەوە. بەڵام ئەوەی زیاتر لە هەمووان بە دەرچوونی ئەو سەنەدە مێژوویی یە خۆشحاڵ ببو بەڕێوەبەرایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوو. بەشێکی زۆر لە کادری بەڕێوەبەەرای و کادر و مەشئوولەکانی حیزبمان کە لەکوردستانی عێراق دەژیان و چەند ساڵ بوو بەبیانوی پاراستنی قازانجی بزوتنەوەی کورد!! هەموو چەشنە تێکۆشانێکیان لێ قەدەغە کراوە و سەرۆکایەتی بزوتنەوەی کوردستانی عێراق ئیحتاجی بە ئێران نەماوە. ئەمجار تەک هەر ڕێگایان دەدەن تێکۆشانی سیاسی خۆیان لە دەرەوە و لە نێو خۆی وڵاتدا پەڕە پێ بدەن، بەڵکوو یارمەتیشیان دەکەن و ئەگەر پێویست بێ پێشمەرگەی خۆشیان دەنێرن کە شان بەشانی براکان لە کوردستانی ئێران دژی رێژێمی ئیستبدادی پەهلەوی شەڕ بکەن. بەڕاستیش ئەو ئامادەیی یە لە زۆر پێشمەرگەی کوردی عێراق بەدی کرا.

بەو هیوا و هومێدەوە ماوەیەک دوای دەرچوونی بەیاننامەی یازدەی مارس هێندی لە بەڕێوەبەرانی حیزبی ئێمە چوونە لای بارزانی. پاش پیرۆزبایی و خۆشحاڵی دەربڕین داوایان لێکرد، کە دەستوور بدا لە ناوچەکانی سنووری کوردستان مەسئوولانی پارتی و پێشمەرگە پێش تێکۆشان و هات و چۆی کادرەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان نەگرن و یارمەتی یان بدەن بۆ ئەوەی ڕێکخراوەکانی حیزبی لە کوردستانی ئێران دا پەرە پێ بدەن. تەنانەت داوای ئەوەشیان لیکرد کە، لە باری کەرەستەی چاپەمەنیشەوە کۆمەکیان بکەن تا کوو پاپەمەنی حیزب بڵاو بکەنەوە و بەرە – بەرە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی ئێران بۆ بەرەنگار بوونەوەیەکی توند و تیژ لە گەڵ ڕێژێمی حەمەڕەزاشا ئامادە بکەن.
بەڵام بە پێچەوانەی چاوەڕوانی بەڕێوەبەرانی حیزبی ئێمە وەڵامی بارزانی ئەوەبوو کە بەهیچ جۆرێ نابێ هات و چۆی کوردستانی ئێران بکەن و لە کوردستانی عێراقیش باش نیە زۆر دیاربن و بنکەی پێشمەرگەتان هەبێ بە تایبەتی لە ناوچەی سنوور. ئەمجار دەرکردنی ڕۆژنامە و چاپەمەنیش کارێکی خراپە، چونکە بڵاودەبێتەوە و خەڵک دەیخوێننەوە و لەسەری دەگیرێ. کەوابوو ئێستا کە حوکمی زاتی هەیە و وەزیری کورد هەیە باشترە ئێوە بچن لەگەڵ دەوڵەتی عێراق پەیوەندی بگرن و لە نێو شارەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت بۆ خۆتان دانیشن. هەروەها گوتی من بۆ خۆم بە وەزیریکاروباری شیمال دەڵێم قسەتان بۆ دەگەڵ دەوڵەتی بەغدا بکا و بۆخۆیشتان بچن و بیان بینن.
بە کورتی جەنابی بارزانی، سووک و هاسان تێی گەیاندن کە حیزبی دیموکراتی چەوت حاڵی بوە و پەیوەندی سەرۆکایەتی بزوتنەوەی کوردی عێراق لەگەڵ ڕێژێمی شاهەنشاهی نەپساوە بەڵکوو تازە خەریکە بەهێز دەبێ و لە پاشە – ڕۆژدا دەگاتە ڕادەی هاوکاری و هاوپەیوەندی تەواویش.
ئەو جوابەی بارزانی بۆ بەڕێوەبەری حیزبی ئێمە یەکجار ناخۆش بوو، حیزبی ئێمە لە لایەک نەی دەویست لەگەڵ دەوڵەتی عێراق پەیوەندی هەبێ ، چونکە دەیزانی لە دواڕۆژدا هەر ئەو جەنابی بارزانی یە کە بۆ خۆی گرتنی ئەم پێوەندیە پێشنیار دەکا چی پێ دەڵێ. لەلایەکی دیکەش حیزبی ئێمە پێی ناخۆش بوو ناوەندی تێکۆشانی سیاسی خۆی لە کوردستانی عێراق بەرێتەدەر چونکە لە وڵاتەکەی خۆی دوور دەکەوتەوە و هاتووچوو پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوەکانی حیزبی لە ژوورەوەی وڵات دا دژوارتر دەبوو. هەر لە بەر ئەوە زۆری هەوڵ دا بارزانی ڕێگای بدا لە کوردستان بمینیتەوە با هیچ جۆرە یارمەتی یەکیش نەدا چونکە دەیزانی ئەگەر لە وڵاتی خۆی نیزیک بێ میللەتی کورد ئەوەندەی یارمەتی دەدا کە هەموو پێویستی یەکانی کاروتێکۆشانی سیاسی دابین بکا. بەڵام هەوڵ و تەلای بەڕێوەبەرانی حیزب بە هیچ کوێ نەگەیشت و بارزانی بە هیچ جۆری ڕازی نەبوو کادرەکانی حیزبی ئێمە لە کوردستانی عێراق دا کاری سیاسی بکەن.

ناچار بە پێچەوانەی ویستی خۆیان لە ڕێگای نوێنەرانی بارزانیەوە پەیوەندییان بەدەوڵەتی عێراقەوە گرت و ناوەندی تێکۆشانیان لە عێراق دا گوێزتەوە بۆ شارەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت. دیارە هەر لە سەرتاوە مەسئوولانی حیزب بە ڕەسمی بە سەرۆکایەتی پارتی و حیزبی بەعسیان ڕاگەیاند کە لەعێراق میوانن و کارێکیان بە کاروباری نێو خۆی عێرا نیە و پێیان خۆشە ئەو دۆستایەتی و هاوکاری یە کە لە نێوان ئەو دوو حیزبە عێراق دا پێک هاتوە هەروا بەردەوام بێ و زیاتریش گەشەبکا.
دەبێ ئەوەش بگوترێ کە هۆی ئەساسی قەبووڵ کردنی پێشنیاری ئەو کاتی بارزانی ئەوە بوو کەوەختێک کادرەکانی ئێمە نەیان دەتوانی، بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان و لە کوردستانی عێراقیش ڕێگای تێکۆشانیان نەدەدان باشترە هەر لە عێراق بمێننەوە و کەم کەم تێکۆشانی سیاسی یان بخەنەوە نێوخۆی وڵات.

وردە وردە بە نهێنی هێندێک لە کادرەکانی حیزب بۆ کاری حیزبی ناردرانەوە نێوخۆی وڵات و بە هەر ڕگایەک کە بۆیان دەکرا پەیوەندی یان لەگەڵ ئەندامان و کادرەکانی نێو خۆی وڵات گرت بۆ ئەوەی، سەر لەنوێ ڕێکخراوەکانی حیزب ببوژێنەوە و تێکۆشانی سیاسی خۆیان پەڕە پێ بدەن. ئێستا بزانین سیاسەت و هەڵوێستی سەرۆکایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و بە تایبەتی بنەماڵەی بارزانی بەڕامبەر بە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران چۆن بووە؟

وەک لە پێش دا باسمان کرد، لەسەر پێشنیاری شەخسی بارزانی و لە ڕێگای نوێنەرانی خۆیەوە ڕێبەرانی حیزبی ئێمە پەیوەندی یان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق گرت. بەڵام لەبەر ئەوەی ئامادە نەبوون دەست لە کارو تێکۆشانی سیاسی هەڵبگرن لەبەر ئەوەی بەپێچەوانەی دەستووری دەربارەی بارزانی ڕۆژنامەیان چاپ دەکرد و لە هەمووی گرنگتر لەبەر ئەوەی ڕێژێمی شا لە زیندوو بوونەوەی تێکۆشانی حیزبی دیموکراتی کوردستان ناڕازی بوو دەزگای سەر بە بارزانی پڕوپاگەندێکی ژەهراوی لە دژی حیزبی ئێمە وەڕێ خست و پەیوەندی ڕێبەرایەتی حیزبی ئێمە لەگەل عێراق بەخۆفرۆشیو بەعسی گەری و هەزارە ناو ناتۆرەی ددیکە لە قەڵەم دا و بەو جۆرە دەرخوادری خەڵکی بێ خەبەری دا. دیارە تا ڕادەیەک بەجێش بوو وابیر بکەنەوە چونکە ئەوان پەیوەندی بێ خۆفرۆشی یان لەگەڵ ئێران دا نەبوو هەر بۆیە ئەو حیسابەشیان بۆ حیزبی ئێمە دەکرد. وەک دەڵێن “کافر همەرا بە کیش بندارد”.

یەکی دیکە لە شاکارەکانی سەرکردایەتی بارزانی ئەوە بوو دەزگای پاراستنی بارزانی بە هاوکاری ڕاستەوخۆی لەگەڵ ساواکی شا چەند نۆکەر و گوێ لە مستی خۆی لە نێو کوردە ئێرانی یەکانی دانیشتوی عێراق دا قوت کرد بووە و ناوی نابوون بەڕێوەبەرایەتی کاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان. ئەو تاقمەیە کە بڵگەی هاوکاری زۆر کەسیان لەگەڵ دەزگای جاسوسی یەکانی حەمەڕەزاشا لەدست دایە بە کۆمەکی چەک و پولێک کە لەلایەن شاواکەوە بە هۆی دەزگای پاراستنی بارزانی یەوە پێیان دەگەیشت توانبویان چا پەنجا کوردی ساویلکەی ئێرانی فریو بدەن کە شەوو ڕۆژ کرایان ئەوە بوو بسوڕێنەوە و بدە گویی حیزبی ئێمە بکەن.سەرۆکایەتی بە کرێگیراوی ئەو تاقمەیە کە لەلایەن”حەمە عزیز” سەرۆکی دەفتەری بارزانی یان وەزیری دەرباری بارزانی یەوە کەرەستەی چاپەمەنی یان بۆ دابین کرابوو زۆر جار بە نوسراویش لە دژی حیزب تەبلیغاتیان دەکرد.

سەرنج ڕاکیش ئەوە بوو کە ئەو تاقمە خۆفرۆشە لە تەواوی نووسراوەکانیان-دا تەنانەت تاقە جارێکیش قسەیان بە ڕێژێمی شا نەدەگوت و لەوەش سەیرتر ئەوەبوو کە زۆر لە نوسراوەکانیان بە ئاشکرا دیاربوو کوردی عێراقی نوسیبونی و ئەو تاقمە بە کرێگیراوە تەنیا ئەوەندەیان لەسەر بووە بە ناوی خۆیان چاپی بکەن. واقاو بوو کە ئەو جۆرە وتارانە بەدەستی” شێخ محمدی هەرسینی” نۆکەری ناسراوی ساواک دەنووسرێن.(خۆش ئەوەیە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران ئەو شێخ محمد هەرسینی یە بەدەستی دارودەستەی ئیدریس بارزانی بە شێوەیەکی زۆر گومان لێکراو تیرۆر کرا. وادیارە زۆر شتی نهێنی زانیوە کە ئیدریس بارزانی ترساوە ڕۆژێک وەدەریان بخا و هێندیکیش دەەڵێن پولێکی زۆری لەکن بوە و نەیداوەتەوە بە کوڕەکانی بارزانی).

لە هەق دەرنەچین سازکردنی حیزبی کارتۆنی و تاقمی دژی حیزبی سیاسەتێک نەبوو کە سەرۆکایەتی بارزانی هەر لە دژی حیزبی ئێمە و کوردی ئێران ڕەچاوی کردبێ. بەڵکوو ئەو سیاسەتەی لەگەڵ کوردەکانی تورکیە و سوریش بەکار دێناو هەموو کاتێک لە فکری ئەوەدا بوو کە نەهێڵی لە هیچ پارچەیەکی کوردستان دا حیزبێکی بە هێز و یەکپارچە هەبێ.
سەرەڕای ئەوانەش ئەزیەت و ئازاری ئەندام و لایەنگرانی حیزبی ئێمە کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بارزانی یەکان دەژیان ببوە بەشێک لە سیاسەتی ڕۆژانەیان دوژمنایەتی ئەوانە زیاتر لەگەڵ ئەو کادرانەی حیزب بوو کە بۆ کاروتێکۆشانی سیاسی هاتوچۆی وڵاتیان دەکردەوە. کادرێکی حیزبی ئێمە دەهاتەوە ئێران مانگێک دوو مانگ دەمایەوە سازمانی ئەمنیەت شوێنی هەڵنەدەگرت و بۆی نەدەگیرا، بەڵام کاتێک دەگەڕایەوە عێراق بارزانی یەکان دەیان گرت و لە زیندانە سامناکەکانی خۆیانیان قایم دەکرد.
یەکێک لەو کادرانە کە بەو شێوەیە گیران هاوڕێ شەهید مەلا قادری وێردی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و مەسئوولی تەشکیلاتی بانە بوو. شەهید مەلا قادر ساڵی ١٣٥١ بەسەردان هاتەوە بانە نزیکەی مانگێک لەو ناوچەیەدا مایەوە. ساواک زەفەری پێ نەبرد. بەڵام کاتێک گەڕایەوە کوردستانی عێراق لە ناوچەی سولەیمانی فەتاح ئاغا فەرماندەی ئەو کاتی هێزی خەبات گرتی ڕەوانەی زیندانی بەناو بانگی رایەتی کرد و دایە دەستی سەعید مەسیفی جەللاد کە ماوەی دە ڕۆژ ئازار و ئەشکەنجەی گیانی و بەدەنی یان کرد.

بەڵام کاتێک حیزبی ئێمە ئیعترازی کرد و بەریان دا نامەی ڕەسمی هێزی خەبات بە ئیمزای فەتاح ئاغا وە لەساکەکەی مەلا قادردا دەرکەوت کە دەنووسی ئەو تاوانبارە!! هاتوچۆی ئێران دەکا و ڕۆژنامە و نووسراوەی حیزبی دیموکرات دەباتەوە ئێان و دەیەوی پەیوەندی نێوان شۆڕش! و دەوڵەتی ئێران تێک بدا. ئەو نامەیە ئێستاش ماوە و هاوکات و بە پێویست بزانرێ لەگەڵ زوو بەڵگە دیکە بڵاو دەکرێتەوە.

بەو حاڵەش سیاسەتی حیزبی ئێمە هەر ئەوە بوو کە تەحەمول بکرێ و تەنانەت بە نووسینیش کارێکی وا نەکرێ کە ناکۆکی لە نیوان حیزبی ئێمە و پارتی دا بەرە بێ بدایان زیاتێک بە بزوتنەوەی رزگاریخوازنەی گەلی کورد بگەیەنێ کە سەرکردایەتی یەکەی لە ژێر دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزان دا بوو.

لەبەیاننامەی یازدەی مارسی حەفتادا چوار ساڵ ماوە دانرابوو کە وەزعی کوردستانی عێراق دۆخی ئاسایی بەخۆیەوە بگرێ و ڕێگا بۆ خۆدموختار بوونی کوردستانی عێراق خۆاش بکرێ .جا دوای ئەو چوار ساڵە کوردستانی عێراق بە ڕەسمی خودموختاربدرێتی و دەزگاکانی حکوومەتی خودموختار کاری خۆیان دەست پێ بکەن.

لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا پەیوەندی نێوان سەرۆکایەتی بزوتنەوەی کورد و دەوڵەتی عێراق بە زۆر قۆناخی جوار و جۆردا تێپەڕی. ئەو دوو سەرکردایەتی یە زۆر جار پیلانی خوێناوی یان لە دژی یەکتر و لایەنگرانی یەکتر نایەوە زۆر لە لایەنگرانی پارتی و حیزبی بەعس لەلایەن هەوادارانی ئەوەی دیکەوە رفیندران و بی سەر و شوێن کران و زۆر ڕووداوی وا هاتنەپێش کە زیانی هەردوونەتەوەی کورد و عەرەبی عێراق تەواو بوون. لە ماوەی ئەو چوارساڵەدا ئەگەر چەند مانگی دوای یازدەمی مارسی لێ دەرکەین زۆر بەکەس پەیوەندی دۆستانە لە نێوان ئەو دوو سەرکردایەتی یەدا هەبوو. ئەوە بۆ خۆی باسێکی جیاوازە و لەم کورتە باسەی ئێمەدا ناگونجێ. تەنیا شتێکی دەمانەوێ باسی بکەین ئەوەیە کە گەلی کورد نۆساڵی تەواو لە پێناوی خودموختاری دا شەڕی کردبوو سەرەنجام دەوڵەتی عێراقی ناچار کرد بوو ئەو مافەڕەوایەی بەڕەسمی بناسێ. نیزیکەی چوار ساڵیش لە بەیاننامەی یازدەی مارسی رابردبوو هێشتا سەرۆکایەتی بزوتنەوەی کورد گەڵاڵەیەکی بۆخودموختاری نەبوو. لەڕاستی دا سەرۆکایەتی بارزانی بۆخۆشی بۆی ڕوون نەبوو ئەو خودموختاری یەی دەبێ بە کوردی عێراق چۆنە و کوێ دەگڕێتەوە و دەسەڵات و ئیختیاری چیە؟

نیزیکی دوومانگ بۆ زیادەی مارس ١٩٧٤ مابوو کە لە هەل و مەرجێکی زۆر نالەبارولە موحیتێکی پڕ لە دردۆنگی و بەد گومانی دا هەر دوولا- پارتی و بەعس- دەیان ویست قانوون بۆ خودموختاری دابنێن. لەلایەک دەوڵەتی عێراق لەو ماوەیەدا جێ پێ خۆی قایم کرد بوو و حازر نەبوو ئیمتیازێک بدا بە کورد تەنانەت حەزی دەکرد تەنیا رەقیبی بەعس لە عێراقی دا بزوتنەوەی گەلی کورد بوو لە مەیدان دەربکا. لەلای دیکەش سەرۆکایەتی بارزانی لە گەڵ دەوڵەتی شا بە تەواوی گەیشتبوونە یەک و بە قەولی خۆیان شا بەڵێنی – رەسمی لامەحدوود وانە پشتیوانی نامەحدوودی پێ دابوو. بارزانیش بەو وەزعە و بەو قەول وقەرارەکە لەگەڵ ئیمپریالیزمی ئەمریکا بەستبووی حازر نەبوو بستێک پاشەکشە بکا.
لەو ناوەدا کۆمەڵانی خەڵکی کورستانیش بە نیگەرانی یەوە چاوەڕوانی هەوڵ و تەقەلای دڵسۆزان بوون کە بەشکوو بتوانن ئەو دوو لایەنە کەلەڕەقە لە یەکترنیزیک بکەونەوە. لەو بارەوە بەڕێوەبەرانی حیزبی ئێمە تەقەل لایەکی زۆریان بە خەرج دا و زۆر تێکۆشان بۆ ئەوەی سەرکردایەتی بزوتنەوەی کورد و کاربەدەستانی دەوڵەتی عێراق بگەنە یەک و گەلی کورد جارێکی دیکە تووشی شەڕو ماڵ وێرانی نەبێ. بێجگە لەوەش بەڕێوەبەرایەتی حیزبی ئێمە بە تەواوی نێگەرانی ئەوەبوو کە ڕۆژێک ئێران و عێراق ڕێک کەون و بزوتنەوەی هەقخوازی گەلی کورد ببێتە قوربانی ئەو ڕێک کەوتنە.

نیگەرانی لە چارەنووسی گەلی کورد و لەڕێک کەوتنی ئێران و عێراق لەسەر حیسابی بزوتنەوەی کورد شتێک نەبوو هەر لە مێشکی ڕێبەرانی حیزبی ئێمەدا بێ. لە چاوپێکەوتنێکی سکرتێری گشتی حیزبی ئێمە لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی لە زستانی ساڵی ١٩٥٢ دا دکتۆر قاسملۆ بە بارزانی گوت: تۆ ئەوەندە تەکیە دەکەیە سەر کۆمەک و پشتیوانی دەوڵەتی ئێران . نازانیحەمە ڕەزا- شا دوژمنی سوێند خۆری گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستانە؟ تۆ هیچ بیرت لەوە کردوەتەوە ئەگەر ڕۆژێک دەوڵەتی شا و دەوڵەتی عێراق ڕێککەوتن تەکلیفی بزوتنەوەیگەلی کورد چیە؟ بارزانی کەلە مانۆڕدا بەڕاستی وەستا بوو گوتی: ئەودەم منیش لەگەڵ تۆڕێک دەکەوم و پێکەوە لێی دەدەین.
کاتێک حیزبی ئێمە بۆی دەرکەوت کە تازەبوونەوەی شەڕ لە عێراق دا شتێکی مسۆگەرە بڕیاری دا بەشێک لەو کادر ومەسئوولانەی لە عێراقن لە نێوشارەکان بمێننەوە و بەشەکەی دیکەیان بێنە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە. چونکە پێمان وابوو ئەگەر هەموویان بێنە کوردستان مەترسی ئەوە هەیە کە وەک جاری گورین تەحویلی ئێراند بدرێنەوە بە قەولی کوردەکانی عێراق بدرێن بە رۆنیشاپەسند.
ئەگەر هەمووشیان لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت دابن لەوانەیە دەوڵەتی عێراق فشاریان بۆ بێنێ و ناچاریان بکا کەدژی بزوتنەوەی گەلی کوردی عێراق هەڵوێست بگرن. ئەوەش شتێک بوو کە کادر و ئەندامانی حیزبی ئێمە لە سەختترین هەل و مەرجیش دا و تەنانەت لە کاتێک دا کە گیانیشیان کەوتوەتە مەترسی یەوە نەچوونە ژێر باری و ملیان ڕانەکێشاوە.
ئەو بڕیارە بەڕێوەبەرایەتی لەلایەن کادرو مەسئوولەکانی دانیشتووی عێراقەوە جێ بەجێ کرا. بەشێکیان لە نێو شارەکان دا مانەوە زۆر بەی هەر زۆریشیان هاتنەوە کوردستان و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە. لەماوەی یەک ساڵ شەڕی دوایی کوردستانی عێراق دا رابەرانی حیزبی ئێمە و ئەو کادر و ئەندامانەش کە لە عێراق و لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت دەژیان سیاسەتیئوسوولی حیزبیان بەڕێوە برد و هیچ کاتێک نە بە قسە نە بەکردەوە نە بە نووسین شتێکیان نەکرد کە زیان بە بزوتنەوەی کوردی عێراق بگەیەنێ. چونکە هەر وەک لە یاداشتی حیزبی ئێمەدا بۆ سەرۆکایەتی پارتی گوترابوو. هیچ وەخت نابێ پەیوەندی نێوان بەشێک لە بزوتنەوەی گەلی کورد لە گەڵ حکوومەتەکانی دراوسێ بە زیانی بزوتنەوەی کورد لە وڵاتەدا تەواوبێ. ئەمە سیاسەتێکە کە حیزبی ئێمە ئێستاش و لە داهاتووش دا هەر لەسەری دەڕوا.

بەڵام سەرکردایەتی بارزانی بە پێچەوانەی ئەو سیاسەتە ئووسوڵی یە لە ماوەی ئەو ساڵەش دا دەستی لە ئازار و جەزرەبەی تێکۆشەرانی حیزبی ئێمە هەڵنەگرت و دیسان هەر گرتن و ئازاردانی برادەرانی ئێمە درێژەی هەبوو دیسانیش تاقمی بەکرێگیراو لە دژی ئێمە هان دەدران و دیسانیش پڕوپاگەندەی ژەهراوی لە دژی حیزبی ئێمە بڵاو دەکرایەوە.
لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٢ دا شەڕ لە کوردستانی عێراق دا دەستی پێ کرد. دەوڵەتی عێراق بە تەواوی ئیمکاناتی نیزامی خۆیەوە پەلاماری هێنایە سەر کوردستان وشار و گوند و شاخ و دەشتی پێکەوە سوتا. خەڵکی کوردستانی عێراقیش لە هەموو ناوچەکان دا وەک یەک ڕاپەڕی و یەکپارچە پشتیوانی خۆی لە بزوتنەوەی نەتەوایەتی گەلی کورد دەربڕی. دەتوانین بڵێین ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٧٤ی خەڵکی کوردستانی عێراق هەتا ئەو دەم لە مێژووی نەوتەوەی کورد دا بێ وێنە بوو.
بەڵام بزانین سەرۆکایەتی بزوتنەوە چۆنی لەو ڕاپەڕینە گەلیە کەڵک وەرگرت؟ ئەگەر لە پاش سالی ١٣٤٤ی هەتاوی سەرۆکایەتی بارزانی پشتی کردە گەلی کوردی ئێران و کۆمەک و یارمەتی ڕێژێمی حەمەڕەزاشای لە جێگای یارمەتی کوردی ئێران دا نا. نۆساڵ پاش ئەوە واتە ساڵی١٢٥٣ ئەو سەرۆکایەتی یە بە جارێک پشتی کردە کوردی عێراقیش و بە تەواو پاڵی بە ڕیژێمی دیکتاتۆری پەهلەوەی و ئیمپریالیزمی ئەمریکادا. ئەگەر لە ساڵەکانی پێش ١٩٧٠ دا پەیوەندی لەگەڵ ڕێژێمی شایان دەشاردەوە ئەمجار شانازی یان بەو پەیوەندی یەوە دەکرد و بە هەموو تواناوە تێدەکۆشان بنەماڵەی پەهلەوی بەدۆست و پشتیوانی واقیعی گەلی کورد دا بنێن.

بارزانی لەو وتووێژە چاپەمەنی یەکانی خۆی دا هەمیشە داوای کۆمەک و یارمەتی ئینسانی!! لە رۆژئاوا دەکرد و جاری واش هەبوو کە زیاتر دەرۆیشت و بەپانەوە دەیگوت کوردستان دەکەمە ئەیالەتی پەنجا و یەکەمی ئەمریکا.

لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە چەوتە دا هێزی پێشمەرگەش ئەو ئیمان و بڕوایەی بەستبوو. هەر بۆیە بە ماوەی کەمتر لە دوو مانگ ئەرتەشی عێراق توانی بەشی هەرە زۆری ناوچەکانی کوردستان بگڕێتەوە و لە هەموو جەبهەکان دا شەڕبخاتە نیزیک سنورەکانی ئێران.
لێرەدا سەرۆکایەتی بارزانی هاوکاری ڕێژێمی شای بەکرێگیراو چەندین ئۆردگای پەنابەرانی لە ئێران دا کردەوە و ماڵە کوردەکانی عێراقی نبوە بە زۆر نیوە بە خواهیشت لەسنووری ئێران ئاوای ئەم دیو کرد. کاربەدەستانی دەسەڵاتداری بزوتنەوە بە ئاشکرا ڕیان دەگەیاند هەر کەس لە شارەکان دا وەمینی جاشە و هەرکەس ئامادە نەبێ ماڵەکەی بەرێتە ئێران جاشە. لە ئاکام دا جگە لە بەشێک لە دانیشتوانی ناوچە سنووری یەکان هەرچی بنەماڵەی پێشمەرگە و تەنانەت قاچاغی غەیری پێشمەرگەش بوو لە ئێرانیان پەستاوت.

تمەنی”دەوڵەتی شاهنشاهی”!! لە کوردستانی عێراق ئاشی پێ دەکەڕا. ئەگەر ئابووری ئەودەمی ئێران وەک ئێستا کز و لەرزووک نەبوو و پوولی ئێران لە زۆربەی وڵاتەکانی دەرەوە وەک پوڵێکی ڕەواج وەردەگیرا بەڵام لە کوردستانی عێراق لە نەتیجەی زۆر بوونی تمەن و کەم بوونی دیناردا دینارێکی عیراقی ١٩ تمەنی ئێرانی یەوە پالی وەبیست و هەشت تمەن دا. بە دوای ئەوەدا لەسەر خەڵکی کوردستانیان کرد کە هەر کەس دینار لە بیست تمەن زیاتر بفرۆشێ سزا دەدرێ و کاتێک بەوەش باشاریان نەکرد بەڕەسمی موعامەلەیان خستە سەر تمەن و بەو کردەوە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی بارزانی لە باری ئابوورییەوە بوو بە بە شێک لە ئێران.

خۆ لە باری نیزامیشەوە وەزعەکە لەوەباشتر نەبوو. لەسەرەتادا تۆپخانەی دوور هاوێژی ئێران لە خاکی ئێرانەوە ناوچە سنووری یەکانی عێراقی دەکوتا. بەڵام زۆری پێ نەچوو کە شەرم و شکۆ هەڵگیرا و ئەرتەشی ئێران لە خاکی کوردستانی عێراق دا جێگیر بوو. ئەم جار ئیتر بە هەر جێگایەک دا رۆیشتبای تۆچخانەی ئەرتەشی ئێران و شەبەکەی دژی هەوایی و تەنانەت مووشەکی دژی هەوایی ئێرانت دەدی. ڕێبوارێک لە نێۆ جەرگی کوردستانی عێراق دا زۆر جار تووشی دەستەیەک پێشمەرگە دەبوو بە کوردی قسەی لەگەڵ دەکردن حاڵی نەدەبوون. پاشان بۆی دەردەکەوت کە ئەو بە ناو پێشمەرگانە شاهەنشا بۆ رزگارکردنی کوردستان!! بە هاواری بارزانی بەوە ناردوون.
لە ئاخر و ئۆخری پاییزی١٣٥٣ دا وەزعەکە وای لێ هات کە بێجگە لە ناوچەی سولەیماننی لە تەواوی جەبهەکان دا شەڕی ئەسڵی لە نێوان ئەرتەشی ئێران و ئەرتەشی عێراق دا بوو هەر ئەو دەم کە هێندێ لە کاربەدەستانی سەر بە دەزگای بارزانی دڵخۆشی خەڵکیان بەوەدەدایەوە کە ئێرانی یەکان تۆپی وایان هێناوە لوولەکەی تۆ میتر درێژە. دڵسۆزی مەسەلەی کورد دەیانی زانی کە وەختێک ئێران و عێراق پێکەوە بەشەڕ دێن، سبەی ڕۆژیش ئەوانن کە پێک دێن و لەو ناوەدا کوردەکە دەم لە پووش دەبێ، دیارە زۆر لە مسئوولەکانی پارتیش ئەو نیگەرانی یەیان بەتوندی هەبوو بەڵام چما لە ترسی بارزانی دەیان وێرا قسە بکەن؟.
لە بەفرانباری١٣٥٣ ڕۆژنامەنوسێکی بێگانە لە حەمەڕەزاشای پرسی:” لەوانەیە ئێوە لەسەر حیسابی کوردەکان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق رێک کەون؟ حەمەڕەزا شا لە وەڵام دا گوتی:”ئێمە هیچ وەخت نیازمان نیە کوردەکان بفرۆشین بەڵام دیارە وەختێک دوو لایەن پێک دێن لایەنی سێیەم دەبێ شتێک بدۆڕێنێ” بەداخەوە ئەو جوابە سەریحەی حەمەڕەزاشاش نەیتوانی بارزانی لە خەو ڕاپەڕێنێ و هەروەک هەمیشە جێگای هومێدی بارزانی” هەوەڵی شا- دووهەم خوابوو.
لەسەرتای مانگی١٩٧٥ دا بە بیانووی کۆنفرانسی ئۆپیکەوە شا و سدام حسین لە ئەلجزیرە پێتەختی ئەلجزائیر چاویان بە یەک کەوت و بە نێو بژی گەری” هەواری بومیدیەن” رێککەوتننامەی بەناوبانگی شەشی مارسیان ئیمزا کرد. ئەو ڕێک کەوتنە هێندێک ناکۆکی کۆنی سەرسنووریشی تێدا چارەسەر کرابوو. بەڵام مەسەلەی ئەساسی رێککەوتننامەی سێ ماددەیی ئەلجەزیر دوایی هێنان بە پشتیوانی شا لە بزوتنەوەی کورد و تەنانەت هاوکاری دوو دەوڵەتی ئێران و عێراق لە دژی بزوتنەوەی کورد بوو.

بە بڵاو بوونەوەی خەبەری رێک کەوتنی شا و سدام نیگەرانی هەموو کۆڕ و کۆمەڵەکانی دڵسۆزی مەسەلەی کوردی داگرت، زۆر کەس هەر دەسبەجێ تێگەیشتن کە بزوتنەوەی ژێر سەرکردایەتی بارزانی ئاخر ڕۆژەکانی تەمەنی بەسەر دەبا بەڵام هێندی کەس هیوادار بوون کە بزوتنەوەی کوردی عیراق بە شێوەی پارتیزانی درێژە بە ژیانی خۆی بدا. بەپێی خەبەرانە کە ئەو دەم گەیشتن لەسەرتا دا شوورایەکیش سێک هاتبوو بۆ ئەوەی بە ژمارەیەکی کەم پێشمەرگەی ئازاوە شەڕێکی درێژخایەنی پارتیزانی دەست پێ بکا. بەڵام بارزانی سەفەرێکی تاران دەکا چاوی بە شا دەکەوێ و دەگەڕێتەوە ئەمجارە دژی هەر- چەشنە بەربەرەکانی یەک ڕادەوەستێ و بەڕەسمی ئاش بەتاڵەکە ڕادەگەیەنێ. چاش ئاوا بوون بۆ کوردستانی ئێران بارزانی بەشێکی زۆر لە کوردە ئاوارەکان لە نەغەدە کۆدەکاتەوە و قسەیان بۆ دەکا. لەوێش دا بۆ ئەوەی هیچ ڕێگایەک نەهێڵێتەوە دەڵێ جاران چەکمان پێ بوو سەدی٣٠ هیوام بە سەرکەوتن هەبوو. بەڵام ئێستا سەدی ٧٠ هیوادارم بەم زووانە سەرکەوین. بەم جۆرە شەڕی یەک ساڵەی ١٣٥٣ی کوردستانی عێراق کە زیاتر بە هاندانی ڕیژێمی شاو ئیمپریالیزمی ئەمریکا دەستی پێ کرابووە بە دەستووری ئەوانیش کۆتایی هات و پاش یەک ساڵ مەرگ و ماڵ وێرانی پاش ئەوەی گەلی کوردی عێراق بەو یەک ساڵە زۆر زیاتر لە نۆساڵی پێش ١٩٧٠ قوربانی دا و پاش ئاوارە و دەربەدەر بوونی سەدان هەزار کوردی عێراقی سەرۆکایەتی بارزانی تەواوی دەسکەوتی چەند ساڵ خەباتی گەلی کوردی بە هاندانی دوژمنانی کورد بەفیرۆدا. ئێستاش کە ئێستایە نە بارزانی و نە بنەماڵەکەی تەنانەت حازر نەبوون تۆزقاڵێکیشلە مەسئوولیەتی ئەو شکستە مێژووییە وەئەستۆبگرن و دان بەوە دابنێن کە مسقاڵێکیش هەڵەیان کردوە. بەڵام دوای ئەو تێکۆشانە گەورەیە زۆرشت بۆ خەباتکەرانی گەلی کورد ڕوون بووە و زۆر نهێنی ئاشکرا بوون. هەر چەند ئەو شکستە بۆ گەلی کورد زۆر گران تەواو بوو. بەڵامتاقیکردنەوەی بە نرخیشی دایە دەستی تێکۆشەرانی دوا ڕۆژی ڕێگای ڕزگاری کوردستان.

ساڵی ١٩٧٥ بە دوای ئاش بەتاڵی بارزانی دا “پایک” ڕاپۆرتێکی پێشکەشی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا کرد کە لەودا بە بەڵگەوە سەند پەردەی لەسەر هاوکاری بارزانی و سیا واتە دەزگای جاسوسی ئەمریکا و کۆمەکی شازادە میلیون دۆلاری ئەمریکا بە بارزانی هەڵدابوو. ئەو ڕاپۆرتە لە ڕۆژنامەی”ویلاچ وویس” ئەمریکایی دا بڵاو کرانەوە.
بەڵام بارزانی و دەست و پێوەندەکانی هەتا ساڵی١٩٧٧ بە ڕەسمی باسی ئەو هاوکاری یەیان نەدەکرد. لە ٩ی مانگی فیورییەی ١٩٧٧ دا بارزانی ئەو کاتە لە ئەمریکا دەژیا نامەیەکی بۆ سەرکۆماری ئەو وەختی ئەمریکا جیمی کارتەر نووسی بوو. پاشان کارتەر وەڵامی نەدابووە لە ڕۆژی٣ی مارسی ئەو ساڵەدا نامەیەکی دیکەی بۆ جیمی کارتەر ناردبوو لەگەڵ ئەودا روونووسی نامەیەکی هێنری کیسنجر وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکاشی بۆ ناردبوو کە لە ٢٢ی مانگی فێورییەی ١٩٧٧ دا بۆ بارزانی نووسیبوو هەروەها بارزانی لە ١٤ی فێورییەی ١٩٧٧ دا نامەیەکیشی بۆ ئەندامانی کۆنگرەی ئەمریکا ناردبوو. ئەو نووسراوانە وەختی خۆی ئەمریکا و ئورووپا بڵاوکرانەوە و نوسخەکەیان لەلای حیزبی ئێمە هەیە. بەڵام لێرەدا چەند بەشی بچووک لە نامەکانی بارزانی بۆ جیمی کارتەر باس دەکەین تا بزانین بە چ هیواو هومێدیکەوە چاوی بریوەبە ئەمریکا و چۆن بە ئیمانەوە داوای کۆمەکی لە کارتەر کردووە.
بارزانی لە نامەی خۆی دا بەڕاشکاوی ڕیژێمی شا و ئیمپریالیزمی ئەمریکا بە دۆست و پشتیوانی خۆیدەزانێ و دەنووسێ:
“کاتێک پێکەوە ژیانی بە ئاشتی لەگەڵ ڕێژێمی بەعس لە توانادا نەما ئێمە ڕوومان کردە دۆستە ئەمریکایی و ئێرانی یەکانمان”
هەموو کەس دەزانێ کە بارزانی لە ئێران دا بێجگە لە ڕیژێمی شا دۆستایەتی لەگەڵ کەی دیکە نەکردووە. کەوابوو دۆستە ئێرانی یەکەی شایە و دۆستە ئەمریکایەکەشی”سیا” یە نەک گەلانی ئێران و ئەمریکا.
بارزانی لەسەر نووسنەکەی دەروا دەڵێ:

” پێیان گوتین کە شۆڕشی کورد هەم لەلایەن ئەمریکا و هەم لەلایەن ئێرانەوە یارمەتی دەدری بە جۆرێک کە کوردەکان بتوانن دژی ڕیژێمی عێراق خەبات بکەن و بۆ ئەوەی خودموختاری یەکی ڕاستەقینە بۆ کورد و حکوومەتێکی دیموکراتی بۆ عێراق دابین بکەن”.

بەو جۆرە بارزانی هیوای بەدۆستە ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستەکانی بووە کە خودموختاری راستەقینەی بۆ وەربگرن.

بارزانی زیاتر لەسەری دەروا و بە راشکاوی دەڵێ کە لەەسەر قەولی ئەمریکا و ئێران شەڕی سازکردوتەوەتەوە. سەرنج بدەن:
“کاتێک قانوونی خودموختاری بە چەشنێ یەک لایەنی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە راگەیاندرا کە ئیعترافی بە لانی کەمی مافی نەتەوایەتی گەلی کورد نەدەکرد. ئێمە لەبەر قەولی یارمەتی دۆستەکانمان ئەو قانوونەمان رەت کردەوە”.
دواتریش دەنووسێ:

” ئێمە تەنیا دەمانەوی قەولی خودموختاری کە بە ئێمە دراوە بێتەدی”.
وەک دیتمان بارزانی ئیعتراف دەکا کەلە سەر قەولی ئەمریکا و ئێران قانوونی خودموختاری ع[راقی رەت کردوەتەوە و داواش دەکا ئەمریکا و ئێران قەولی خودموختاری کە بەویان داوە بیبەنە سەر.
بێ جێ نیە لێرەدا ئەوەش بگوترێ کە ئەو قانوونی بارزانی دەنووسێ: ئیعتراف بە لانی کەمی مافی نەتەوایەتی کوردی تێدانیە وەک قانوونی شتێکی باشە و زۆر لە داواکانی گەلی کوردی تێدا گونجاون.
نوێنەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بەنی سەدردا داوایان کرد کە ئەو خودموختاری یەی دەوڵەتی عێرااق ئیعترافی پێ کردوە بدەن بە کوردی ئێران. بەڵام ئەو دەوڵەی ئێستا بنەماڵەی بارزانی بە دڵ و گیان جاشایەتی بۆ دەکەن حازر نەبوو نەک ئەوە بەڵکوو نیوەی ئەوەش بدا بە کوردی ئێران.
لە کۆتایی نامەکەدا بارزانی بە تەواوی دڵپاکی و ئیمانی خۆی سەبارەت بە جیمی کارتەر و سەرکۆماری گەورەترین وڵاتی ئیمپریالیستی دەردەبڕێ و دەنووسێ:

“پەنجا ساڵە گەلی من بڕوا و ئیمانی تەواوی خۆی داوە بەمن. منیش ئو بروایە پێشکەشی ئێوە دەکەم”;.

سەیر لەوە دایە بەرێوەبەرانی قیادەی مووەقەت لە یەک دووساڵی ئاش بەتاڵ دا هەمیشە حاشایان لەوە دەکرد کە پەیوەندی یان بە بارزانی یەوە مابێ و تەنانەت جاروبار ڕەخنەشیان لە ئاکار و کردەوەی سەرۆکایەتی پێشووی پارتی دەگرت. کەچی بارزانی تەواوی نامەکانی خۆی بەناوی سەرۆکیپارتی دیموکراتی کوردستانەوە ئیمزا کردبوو. دواڕۆژیش نیشانی دا کە قیادی موقتیش هەر بارزانی بڕیویەتی و هەربارزانی دروویەتی. ئێستاش لە بەرچاومانە کە بەڕێوەبەرانی تازەی ئەو تاقمەیە لەسەر ئەوە سوورن کە رێگای بارزانی ڕێگای لەڕێ لادانی بزوتنەوەی کورد و ڕێگای هاودەستی لەگەڵ ئیمپریالیزم و کۆنە پەرستی درێژە پێ بدەن. تەنانەت هەوڵ دەدەن چەندین هەنگاویش لە بارزانی پێشتر کەون. بە پیرۆزیان بێ!.
هەڵوێستی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بەرامبەر بە قیادە موقت دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران
پاش زیاتر لە یەکساڵ ڕاپەڕین و قوربانی دانی گەلانی ئێران لە ٢٢ی رێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ دا شۆڕشی خەڵکی ئێران یەکەم قۆناخی سەرکەوتنی بڕی و یەکێک لە کۆنەپەرسترین و درندەترین رێژێمەکانی سەر بە ئیمپریالیزمی لە رۆژ هەڵاتی نێوەڕاست دا تێکەوە پێچا. ئەو سەرکەوتنە ئەگەر بۆ خەڵکی ئێران مایەی جەژن وشادمانی بوو بۆ بەرێوەبەرانی دەزگای بکرێگیراوی بنەماڵەی زەبرەیەکی گرچوو بڕ و دڵ تەزێن بوو. چونکە ئەوانە هیچ پیوەندیەکی دۆستانەیان لەگەڵ گەلانی ئێران دا نەبوو. و جاری نەشیان توانیبوو لەگەڵ کاربەدەستانی تازە بەسەرداکەوتووی حکومەتی خومەینی رێک کەون. شەپوولی قین و توڕەیی و ناڕەزایس بەرامبەر بە قیادەی موقت سەرتاپای ئێرانی داگرتبوو زۆربەی حیزب و رێکخراوەکانی کوردستان و سەرتاسەری ئێران داواویان دەکرد تەواوی ئەفرادی قیادەی موقت لە ئێران دەربکرێن. سەر بەند و بن بەندی هەموو باس و خواسێکی سیاسی دەهاتەوە سەر قیادە و ئەو تاقمەیان لە زۆربەی جینایەتەکانی کۆن و تازەی کاربەدەستانی ئێران دەرهەق بە کۆمەڵانی خەڵک دا بە بەشداری دەزانی .

ئەگەرچی حیزبی دیموکراتی کوردستان زیاتر لە تەواوی رێکخراوە ئێرانی – یەکان شارەزای ئاکار و کردەوەی دژی گەلی سەرۆکایەتی ئەو تاقمە بوو هەرچەند حیزبی ئێمە پتر لە هەمووان کوتەکی خۆفرۆشی و بەکرێگیراوی ئەوانەی کەوتبوو بەڵام لەبەر هەستی مەسئوولیەت بەرامبەر بە چارەنووسی گەلی کورد و هەزاران ماڵی لێقەوماوی کوردی عێراقی کە لەئێران دا ئاوارە و سەرگەردان بوون هیچ کاتێک فکری تۆلە ئەستاندنەوەی نەبوو هەموو کاتێک لەو باوەرەدا بوو کە پاداشی جینایەت و خیانەتی ئەو تاقمە دەبێ بەڕەفتاری باش لەگەڵ کوردە عێراقی یە دەربەدەرەکان بداتەوە. هەبۆیەش هەموو جێگایەک دژی ئەو داوایە راوەستا کە کوردە پەنابەرە عێراقی یەکان لە ئێران دەربکرێن.
بەدوای سەرکەوتنی شۆڕش دا کاتێک نوێنەرانی دەوڵەتی کاتی موهەندیش بازرگان هاتنە مەهاباد تاقە نوێنەری حیزبی ئێمە لەو کۆبوونەوەدا زۆر دژی بەندی هشتی داخوازەکان بوو کە داوای دەکرد ئەفرادی قیادەی موقت لە ئێران دەربکرێن. دوایەش کە ئەوبەندە بەزۆربەی دەنگ پەسەند کرا حیزبی ئێمە چەندین جار بەڕسمی ئەو داخوازەی بە شتێکی غەیرە مەسئوولی داناو رەتی کردەوە. کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی ئێران شاهیدێکی زیندوون کە حیزبی ئێمە لەسەر ئەو سیاسەتە چەندی قسە پێ گوترا و چۆن لەلایە زۆربەی رێکخراوە سیاسی یەکانی ئێرانەوە پەلاماری توندی تەبلیغاتی کرایە سەر.
بەڵام حیزبی ئێمە دیسان لەسەر ئەو سیاسەتە مەسئوولانەیەی خۆی رۆیشت و ئەوەندەی لە تواناشی دا هەبوو خەڵکی کوردستانی ئێرانی بۆ کۆمەک بە پەنابەرانی کوردی عێراق هان دا. هەزاران ماڵی عێراقی کە لە ناوچەکانی دوور دەستی ئێران سەرگەردان بوون بە موافەقەتی حیزبی ئێمە گەڕانەوە کوردستان و بە تەشویقی ئێمە لە کوردستان داجێگا و ڕێگایان بۆ دابین کرا و حاوانەوە.

لە کۆنفرانسی گەلان لە تارانیش کە نوێنەری زۆر لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسی یە ناوچەیی و سەرتاسەری یەکانی ئێرانی تێدا بوو تەنیا ڕێکخراوێک کە دژی هێرش کردن بۆ سەر قیادە موقت راوەستا حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوو. لە بریارنامەی کۆنفرانس دا بە زۆربەی دەنگ بڕیارێک لە دژی قیادەی موقت پەسەند کرا بەڵام هەر لەوێ دا بە سەراحەت گوتراوە کە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران موخالیف بووە.بە کورتی لە گەل ئەوەی زۆربەی هێزە سیاسی یەکانی ئێران و بە تایبەتی کوردستان بە توندی لە دژی قیادە موقت کاریان دەکرد حیزبی ئێمە هیچ وەخت هەڵوێستی دوژمنانەی بەرامبەر- یان نەگرت و هەر لەو باوەڕەدا بوو کە ئەوانە وەک میوانێک دەبێ چاویان لێ بکرێ و بە پێی توانا یارمەتی خێزانە- لیقەوماوەکانیان بدرێ.
بەڵام هەڵوێستی قیادە بەرامبەر بە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و بزوتنەوەی کوردی ئێران چ بووە؟

لە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران هەتا ئێستا سیاسەت و هەڵوێستی ڕێبەرایەتی پارتی واتە قیادە موقت بەرامبەر بەگەلی کورد و حیزبی دیموکراتی کوردستان هەمیشە ئەوە بووە کە هەر کاتێک هەستیانکردوە بزوتنەوەی گەلی کوردی ئێران لە پێشکەوتن دایە و ئەوان گەلەکەیان ناسکە کەوتوونە زمانی لووسی وریاکاری و هەر وەختێکیش هەستیان کردبێ بۆ خۆیان بە هێزن و یزوتنەوەی کوردی ئێران لەپاشەکشەدایە. هێرشیان کردوە و دوژمنانە بزووتونەوە. لە رۆژەکانی پاش سەرکەوتنی شۆڕش دا ئەو کاتە کە وەزعیان زۆر پرزە بوو و جاری ئاغای تازەیان ڕووی خۆشی پێیان نەدا بوون موراجەعەی حیزبی ئێمەیان کرد و ئامادەیی خۆیان بۆ هەر چەشنە هاورکاری یەک نیشان دا. بەڵێنی شەرەف!! یان دا کە لە کاروباری نێو خۆی ئێران دا بە هیچ جۆر دەخالەت نەکەن و تەنانەت وایان نواند کە بێ پرس و ڕا و موافەقەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان قامک لەو ئاو رۆناکەن و هەرچی حیزب بۆیان دابنێ لە قسەی دەرناچن.

کەچی لە شەڕی سێ مانگەی ساڵی ١٣٥٨ دا کە بە خەیاڵی خۆیان حیزبی ئێمەیان زەعیف هاتەبەر چاوو پێ یان وابوو گەلی کورد لە بەرامبەر هێرشی کۆنەپەرستی ئێران دا خۆی پێ ڕاناگیرێ هەرچی لە دەستیان هات دژی بزوتنەوەی گەلی کورد و حیزبی دیموکراتی کوردستان کردیان. هەر لە سەرەتای هەڵگیرسانی ئاگری شەڕی سێ مانگەدا کاتێک کۆنەپەرستان لە پاوە شەڕیان بە گەلی کورد فرۆشت حیزبی ئێمە قافیلەیەکی کۆمەک و تەقەمەنی بەرەو ناوچەی هەورامان وەرێ خست. بەڵام چەکدرەکانی قیادە لە دزڵی پێشیان پێ گرتن و بەهیچ جۆر رێگایان نەدان بڕۆن. لە ئاکام دا پێشمەرگەکانی کورد لە ناوچەی پاوە لەبەر نەبوونی ئازووقە و تەقەمەنی ناچار بوون پاشەکشە بکەن وبەو جۆرە پێشی بەرەگرتنی هێرشی کۆنەپەرستی بەرەلڵا بوو. ئەگەر ئەو خەیانەتەی قیادە موقت نەبایە و شۆڕشگێرانی کورد
لە پاوە لەوەختی خۆی دا کۆمەک وەوموهیماتیان پێ بگەیشتایە بەبێ شک چارەنووسی شەڕی کوردستان جۆرێکی دیکە دەبوو.
کاتێک هێرشی دووژمن بە بەربڵاوی لەهەموو ناوچەکان دا دەست پێ کرا لە ناوچەکانی شنۆ نەغەدە و پیرانشار پێشمەرگەکانی ئێمە ناچار بوون هێندی بنکەی خۆیان لە سەر جادەکان چۆڵ بکەن کەچی چەکدارەکانی قیادە موقت کە هەمیشە لە پێشەوەی هێزە سەرکوت کەرەکانەوە دەڕۆیشتن بێشەرمانە تەواوی ئەو جێگایانەیان گرتەوە و تەنانەت ئازووقەی پێشمەرگەکانیشیان بەتاڵان برد.

وەختێک شاری شنۆ کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئەوان خەڵکی بەشەرەف و قارەمانی شنۆیە خۆپیشاندانێکی ئارامیانساز کرد. بەڵام خۆفرۆشانی قیادە تەقەیان لەو خەڵکە بێ دیفاعە کرد شەش کەسیان لێ کوشتن و یازدە کەسیان لێ بریندار کردن.

جگە لەو دوژمنایەتی بەڕاستە و خۆیە و سەرباری ئەوەی بۆ خۆیان هەمیشە شوێنە ستراتیژی یەکانیان بۆ دوژمن دەگرت لە ناوچەی ورمێ دەستیان کرد بە دەڵاڵی و گەڕان بە نێو سەرۆک عەشیرەتەکانی ئەو ناوچەیە دا. لە ئەنجام دا بەشێکی زۆر لەو سەرۆک عەشیرەتانەیان هەڵفریواند و چەکی خیانەتیان دانە دەست و کردیانن بە جاش.
بەرامبەر بەو خۆش خزمەتی یە کۆنەپەرستی ئێران ڕووی مەرحەمەتی تێ کردن و مانگی دەمیلیون تمەنی جاشانە بۆ بڕینەوە کە پووڵی شەش مانگ واتە شەست میلیون تمەنی بە ئاگادرای و لە پیش چاوی ئەفسەرێکی ئەندامی حیزبی ئێمە لە ژاندرەری کلی کیشوەر بە نەغدی تەسلیمی دەستی جەنابی ئیدریس بارزانی کورد پەروەر!! کرد.
لە پایزی ساڵی ١٣٥٨ دا کاتێک کۆنەپەرستی ئێران لەبەرامبەر قارەمانەتی و فیداکاری گەلی کورد دا بە چۆک داهات دیسان قیادەی موقت دەندەی گۆڕی و بە رواڵەت هەڵوێستی دۆستانەی گرتە پێش. دیسان وایان نیشان دا کە دەست لە کاروباری نێو خۆی ئێران وەنادەن و بە پێچەوانەی قازانجی . کوردی ئێران ناجوڵێنەوە. لە پاش تازەبوونەوەی شەڕ لە بەهاری ساڵی١٣٥٩ دا لە پێ دا سیاسەتیان دۆستانە بوو. بەڵام دوایە کە بە خەیاڵی خۆیان حیزبی ئێمە زەعیف بوو کەوتنە دوژمنایەتی.
لە خەزەڵوەری ساڵی ١٣٥٩ دا چەکدارەکانی قیادە موقت لە ناوچەی مەریوان بە ناوی ئەوە کە دەیانەوێ بچنەوە دیو لەشکر و موهیماتێکی زۆر بەرەو دزڵی وەڕێ دەخەن. پێشمەرگەکانی حیزبیش بە پێی سیاسەتی گشتی حیزب کە قەت نەبویستوە لەگەڵ کوردەکانی دەرەوەی ئێران سیاسەتی دوژمنانەی هەبێ پێشیان ناگرن. بەڵام بە کرێگیراوانی قیادە زۆر بەنامەردانەوە بنکەی پێشمەرگەکانی حیزب لە دزڵی بەردەسڕێژی موسەلسەل و ئاگر خومپارە دەدەن.

لە ئاکام دا زیاتر لە ١٥ پێشمەرگەی ئێمە شەهید و بریندار دەکەن و ڕێگای ئیستراتیژیکی دزڵی دەگرنەوە و دوو دەستەکی تەسلیمی پاسدارانی دەکەن. بەوجۆرە بنەماڵەی بارزانی ئەوەندەی لە توانایان دا بووە لە دەستیان هاتوە لە هەموو دەرفەتێک بۆ زەربەوەشاندن لە بزوتنەوەی بەرهەقی گەلی کورد کەڵکیان وەرگرتوە. بزوتنەوەی کوردی عێراقیان بەو ڕۆژەگەیاند کە دیمان و ئێستاش دەیانەوەێ بزوتنەوەی کوردی ئێران تووشی وەها چارەنوسێک بکەن.

لە باری سیاسیشەوە بنەماڵەی بارزانی و بەناو پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق هەرچی بۆیان کراوە دوژمنایەتی ئێمەیان کردوە زستانی ڕابردوو کاتێک کە خۆ فرۆشی بەزیو ڕەحمانی کەریمی پیلانی لە دژی حیزبی ئێمە گێڕا و ویستی پێشمەرگەکانی ئێمە تەسلیمی دوژمنی کورد بکا بەڕێوەبەرانی ئەو تاقمە خۆفرۆشە لەسەرەتاوە تا ئاخر هاودەستی یان لەگەلی کورد و پاشانیش کە پیلانی خائینانەی کەریمی بە وشیاری خەڵکی قارەمانی کوردستان پوچەڵ کرایەوە ناوبراو پەنای بۆ مۆڵگەی جاشەتی ئەوان برد و قیادەش بە گەرمی باوەشی بۆ کردەوە و پەنای دا. کاتێکیش کە حیزبی ئێمە بە نامەیەکی ڕەسمی ڕەخنەی لەو کردەوەیان گرت لە وەڵام دا نووسیان کە ئێمە کەریمی بە خائین نازانین و بە ئینسانێکی دڵسۆزی دەناسیت. دیارە لە قامووسی ئەوانەدا هەکەس لە دژی قازانجی گەلی کورد هەنگاوێک هەڵێنێ دڵسۆز و نیشتمانپەروەرە و بە شەڕەفە!! ماشەلڵا و هەزار ماشەلڵا.
ئێستا ئەو پرسیارە دەیتە ییشی کە بنەماڵەی بارزانی چیان لە گیانی خەڵکی کوردستانی ئێران دەوێ؟ بۆچی لە ئێرانن و نەخشەیان بۆ دوا رۆژ چیە؟ ئەو خائین و خۆفرۆش لەبەیاننامە و نووسراوەکانی خۆیان دا وانیشان دەدەن کە گویا ئەوان بۆخودموختاری کوردستانی عێراق تێدەکۆشن و گویا ئێمە ڕێگایان نادەین بچنە عێراق. لەکاتێک دا بە پێچەوانەی رەفتاری ئەوان کە نەیاندەهیشت ژن و مناڵی برایانی ئاوارەی ئێمەش لەناوچەکانی سنووری ئێران دابنیشێ ئێمە هەمیشە گوتوومانە کە دەتوانن دەچنەوە خاکی خۆیان و لەوی دا بمیننەوە و لە خاکی کوردستانی عێراق هەر چی بکەن ئازادن و بە ئێمەشمەربووت نیە.
بە شاهیدی دۆست و دوژمن پارکە ئەوان داوایان کرد ڕێگایان بدەین بچنەوە عێراق و گویا لەوی بمێننەوە. ئێمە نەک هەر ڕێگامان دان بەڵکوو بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕێکخراوە سیاسی یەکانی کوردستانی عێراق تووشی کێشە نەبن بە پێشمەرگەی خۆمان ئیسکورتمان کردن تا گەیشتنەوە خاکی عێراق. کەچی قەت مانگێکی پێوە نەخرا کە بەغاردان هەڵاتنەوە خۆیان لە جاشخانەکانی ئێران هاویشتەوە.

باشە پرسیارەکەمان دووبارە دەکەینەوە: ئەوانە بۆ لە ئێرانن؟بۆچی شەڕ بە کوردی ئێران دەفرۆشن؟ ئەم دواییانە ئیدریس بارزانی لە کووبوونەوەیەکی جاشەکانی شیمال دا گوتوویەتی تەنیا بنەماڵەی بارزانی حەقیان هەیە داوای خودموختاری بۆ کورد بکەن. هەر حیزبێک لە هەر بەشێکی کوردستان دا داوای خودموختاری بکا ئێمە لێ قبوڵ ناکەین.
دبارە کەس هەقی ئەو کوێخایەتی یەی یە نۆکەرانی گوێ لە مستی سیای ئەمریکا و موسادی ئیسرائیل نەداوە. بەڵام ئەگەر ڕاست دەکەن.و بۆ خۆیان پێیان وایە بۆ هەقی کورد تێدەکۆشن بۆچی ناچنەوە وڵاتی خۆیان لە کوردستانی عێراق خودموختاری دابین بکەن؟ ئەو هەموو ناوچە بەتاڵەی سنووری کوردستانی عێراق هەیە بۆچی بنکەیەکیان لێ نەکردوەتەوە؟ داخوا بە کوشتنی ژن و منداڵ و پیر و پاتاڵی کوردستانی ئێران خودموختاری بۆ کوردی عێراق وەردەگرێ؟

بەڕێوەبەرانی بەناو پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ئێستا بە نرخێکی هەرزان خۆیان بە ریژێمێک فرۆشتوە کە نەک هەر خودموختاری کوردستان بە ڕەسمی ناناسێ بەڵکوو لەبنەڕەت دا هەشیتی نەتەوایەتی و نیشتمانپەروەری بە کفر و بەپێچەوانەی ئاینی پیرۆزی ئیسلام دەزانێ. ئەو تاقمە ئێستا لەگەڵ کۆنەپەرستترین جاش و سەرۆک عەشیرەتەکانی دیکە یەکیان گرتوە ئەوانە بوونە هاوپالەی کەسانێک کە خوێنی هەزاران کوردی هەژاریان رشتوە و هەزاران بنەماڵەی جوتیاریان لەسەر جێگا و ڕێگای خۆیان هەڵکەندوە.
بێشەرمی ئەو خۆفرۆشانە گەیشتوەتە ڕادەیەک کە لەکاتی هێرش کردن بۆ سەر ناوچە ڕزگار کراوەکان بە سەرۆک جاشەکانیان گوتوە ئێوە تەنیا مەسئوولیەتەکەی وەئەستۆ بگرن باشتەکە بەناوی ئێوە بێ. ئەگینا شەڕەکە ئێمە دەیکەین و بۆ خۆمان بەرەنگاری پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستان دەبینەوە ئێستا بۆ هەموو گەلی کورد و بەتایبەتی کوردی عێراق هەیە کە لەو خۆ فرۆشانە بپرسێ بەوکارە دەیانەوێ کوردی عێراق ڕزگار بکەن یان خودموختاری بۆ هەموو بەشەکانی کوردستان وەربگرن؟ بەڵام کەسیش نابێ چاوەڕوانی وەڵامی ئەو پرسیارە بێ. چونکە وەڵامەکەی لەلای ئەوان نیە. ئەوان لەسەرەوەڕا دەستووریان پێ دراوە و ئەوە دەزگاری جاسوسی وڵاتە بەکگرتووەکانی ئەمریکایە کە دەتوانێ هۆی کردەوەی خەیانەتکارانەی قیادە ڕوون بکاتەوە.
مەسەلەی دزرانی تەرمی مەلا مستەفا بارزانی
پێش ئەوەی بێنە سەر ئەو باسە پێویستە بگوترێ دووساڵ و نیو پێش ئێستا کاتێک مەلا مستەفا بارزانی لە ئەمریکا و لە ماڵی دۆستە خۆشەویستەکانی مرد. لەگەڵ ئەوەی وەک لە پێشەوە باسمان کرد لە ئێران و بە تایبەتی کوردستان دا بیروباوەڕی دژی قیادە زۆر بە هێز بوو حیزبی ئێمە موافەقەتی کرد کە جەنازەی بارزانی بێتەوە شنویە بە خاک بسپێردرێ.
لە ڕۆژی ناشتنی تەرمی بارزانیش دا خەڵکی بەپەڕەفی شنۆیە زۆر پیاوانە میوانداری دەیان هەزارکوردی عێراقی و ئێرانی یان کرد کە هاتبوونە سەر قەبران. ئەندامانی حیزبی ئێمەش هەمو جۆرە خزمەت و هاوکاری یەکیان بۆ ناشتنی تەرمی بارزانی بەکار هێنا.
دیارە بۆ ئێمە تا ئێستاش ڕوون نەبوو کاتێک بارزانی کە لە ئەمریکا مردوە و حکوومەتی عێراقیش بە ڕەسمی ڕێگای داوە بیبەنەوە لە عێراق بی نێژن چۆنە کە لە نێو ئەو جێگایەی لێ مردوە و ئەو جێگایەی لە دایک بووە جێگایەک و وڵاتێکی دیکە بۆ ناشتنی تەرمەکەی هەڵدەبژێرن. ئەگەر مەبست ئەوەبێ کە گویا وەختێک بیبەنەوە عێراق خۆ ئەگەر لە ئەمریکاش نێژرابایە ئیمکانی ئەو کارە هەر هەبوو. کێ دەزانێ دارودەستەی بارزانی هەر ئەو دەم بویە یان تەرمی بارزانی نەهێناوەتەوە ئێران کەلە ڕۆژێکی پێویست دا شانۆسازی یەکی وەک ئەمساڵ بکەن و بیکەنە بیانووی پەلامار بۆ سەر خەڵکی کوردستانی ئێران . لەوانەشە ئەو وەخت شتی وایان بە نیازدا نەهاتبێ بەڵام تازە دەستیان لەوە هەڵگرتبێ جارێکی دیکە بچنەوە عێراق و بۆیە بیانەوەێ گڵکۆی بارزانی لە نزیک خۆیان بێ و هەر وەختیش ویستیان بە هۆی ئەوەوە پەنابەرەکانی کوردی عێراق لەدەوری خۆیان کۆبکەنەوە.

بەهەر حاڵبێنە سەر باسەکە.رۆژی دەی پووشپەڕی ئەم ساڵ لە شنۆوە خەبەر بە بەڕێوەبەەرایەتی حیزبی ئێمە گەیشت کە تاقمێکی خۆ فرۆش و خوانەناش بەشە و گڵکۆی مەلا مستەفا بارزانی یان داوەتەوە تەرمەکەیان دزیوە. بەڕێوەبەرایەتی حیزبی ئێمە زۆر بەو خەبەرە ناڕەحەت بوو و بەڕەسمی لە دەنگی کوردستانی ئێرانەوە ئئەو تاوانەی وەک کردەوەیەکی دژی ئینسانی و دژی ئیسلامی مەحکووم کرد. بە خۆش یەوە هەر ئەو رۆژە خەبەر گەیشت کە تەرمەکە دۆزراوەتەوە و بە حورمەتەوە تەسلیمی بنەماڵەکەیان کراوەتەوە. دیسانیش کۆمیتەی ناوەندی بڕیاری دا کە لەو کارەساتە بکۆڵێتەوە و تێ بکۆشێ ئەو تاوانبارانە بدۆزێتەوە بە سزای خۆیان بگەیەنێ. لەو بارەوە ڕێنوێنی و دەستووری پێویست بە کۆمیتەی شارستانی حیزب لە ناوچەی شنۆیەش درا.

بەڵام زۆر بە سەر سوڕمانەوە دیتمان دارودەستەی قیادە و لە سەرووی هەموویانەوە مەسعود بارزانی کە گویا سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە زۆر پێتانە و بێشەرمانە دەستیان کرد بە بەیاننامە دەرکردن و درۆ و بوختان هەڵبەستن بۆ حیزبی ئێمە کە گویا دزرانی تەرمی بارزانی بە ئاگاداری و دەستووری حیزبی دیموکراتی کوردستان بووە. هەر بە دوای ئەو درۆ و دەلەسەیەش دا بە ڕەسمی هەڕەشەیان کرد کە ئەو کارە بێ سزا ناچێ و یان روحیان لەبەر دانابێ یان قینی دڵیان بە گەلی کورد لە کوردستانی ئێران دەڕێژن. رادیۆ شڕەکەشیان کە بە ئیمکانی ڕیژێمی کۆنەپەرستی خومەینی لە مەرگەوەری ناوچەی ورمێ دامەزراوە لێکدا لێکدا دەستی کرد بەبڵاو کردنەوەی تۆمەت و بوختانی بێشەرمانە لە دژی حیزبی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوەی میللی دیموکراتیکی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران.

تەنیا جوابی ئێمە بۆ ئەو هەمو درۆ و دەلەسەیەی بەکرێگیراوانی ئیمپریالیزم ئەوەندە بوو کە لە ڕادیۆ دەنگی کوردستانەوە ڕامان گەیاند ئێمە دەرهێنانی تەرمی بارزانی جارێکی دیکە مەحکووم دەکەین و بە هەموو توانامانەوە بۆ دۆزینەوەی تاوانبارەکان تێدەکۆشین. بەڵام ئەگەر هێندێک کەس بیانەوێ ئەو ڕووداوە بکەنە بیانوو بۆ ئاژاوە نانەوە لە ناوچەی شنۆ و ورمێ دەبێ بزانن کە لەگەڵ هێزی یەکگرتووی شەش میلیون کوردی ئێرانی بەرە و ڕوو دەبن.

پاش نیو بژی کردنی هێندێک لە هێزە سیاسی یەکانی کوردستان لە سەر داواو و پێشنیاری ماڵی بارزانی ! بڕیاردرا کۆمیسیۆنێکی هاوبەش لە نوێنەرانی حیزبی ئێمە و قیادە و ئەوهێزە کوردستانی یانە بۆ لێکۆڵینەوە لەو کارەساتە پێک بێ. کەچی کاتێک ئەو کۆمسیۆنە لە شنۆیە کۆبووەوە ، هیچ نوێنەرێک لەلایەن قیادەوە نەهات.کاتێک نوێنەرانی حیزبی ئێمە هۆی نەهاتنەکەی پرسیبوو برایانی کوردستانی گوتبوویان کە قیادە پێ خۆی بوە ئەمجارە تەنیا ئێمە بێن و بۆ جاری دووهەم ئەوانیش نوێنەری خۆیان بنێرن.

هەر ئەو دەم نوێنەری حیزبی ئێمە و نوێنەری کوردستانی یەکانی گوتبوو کە ئەو هەڕەشە و گوڕەشەی بارزانی یەکان دەیکەن و ئەوە کە حازرنین بێنە لای ئێمە و لە کۆمسیۆن دا بەشداربن ئەو فکرە بۆ ئێمە دێنێتە پێش کە ئەو کارە دەستی خۆیان کراوە. چونکە ئێمە ئەگەر بمانەوێ شەڕ بە قیادە بفرۆشین پێویستمان بەو جۆرە کارە دژی ئینسانی یانە نیە. ئەوان زۆر تاوانیان دەرهەقی ئێمە کردووە کە ئەگەر بمانەویستایە شەڕیان لەگەڵ بکەین دەبوو لەسەریان وەدەنگ بێین. بەڵام وادیارە ئەوان دەیانەوێ شەڕێک بە ئێمە بفرۆشن و ئەو شانۆیەشیان بۆ ساز کردوە کە هەستی هێندێ لە برا کوردە عێراقی یەکان لە دژی ئێمە هان بدەن. پاشان نوێنەرانی هێزە کوردستانی یەکان گوتبوویان کە ئێستا قیادە ئەو توند و تیژی یەی نەماوە و زیاتر بە شێوەیەکی سیاسی و ئووسووڵی بۆ مەسەلەکە دەچێ و لەوانەشە بۆ جاری دووهەم حەتمەن نوێنەری خۆی بنێرێ. هەڵبەتە ئێمە زۆرمان پێ خۆش بوو کە قیادە ڕێگای ئەقڵ و مەنتیقی گرتبێ و ئامادە بێ پێکەوە تاوانبارانی ئەو کارەساتە بدۆزینەوە. کەچی بەداخەوە دەرکەوت کە بەو جۆرە ویستویانە براکانی نوێنەری هێزە سیاسی یەکانی کوردستانیش فریو بدەن و لەبن پەردەوە خۆیان بۆ پێلانی شەیتانی خۆیان ئامادە بکەن.

لێکۆڵینەوە لەمەسەلەی دزرانی جەنازەی بارزانی هێندێک شتی سەرنج راکێشی خستە ڕوو جارێ تەرمی بارزانی تەنیا بیست میتر دوورتر لە قەبرەکەی بە ساغ و سڵامەتی دۆزرابووە. ئەمجار دەرکەوت کابرایەک بە ناوی ڕحیم میران کە لەلایەن ماڵی بارزانەوە ئاگاداری گۆڕستانەکەی پێ سپێراوە سێ چوار مانگ بووە بەو نێوەدا نەهاتوە. تەنیا ڕۆژی پێش ئەو ڕووداوە پەیدابووە و پیاوێکی بەکرێ گرتوە کە سبەینێ بێ گیای سەر گۆڕی بارزانی بدروی. بۆ بەیانیش پێش دنیا ڕووناک بوون هەر ئەو کابرایە چوتە لای باوکی کرێکارەکە و گوتوویە با کوڕەکەت نەیە چونکە جەنازەی بارزانی دزراوە.

دوای ئەو شانۆسازی یە ڕەحیم میران چوتە مەرگەورە خەبەری بە بارزانی یەکان داوە. بەڵام لە ڕێگا تووشی هەرکەس بووە گوتویە دەچمە ورمێ و کاتێک هاتوتەوە شنۆیش وای نیشان داوە کە ئاگای لە دزرانی تەرمی بارزانی نیە. پاشانیش هەڵاتوە و چوتە لاس مەسعود بارزانی و ئێستاش کە ئێستایە لە باوەشی خۆیان گرتوە نەیان هێشتوە بێتەوە شنۆیە کە تەحقیقی لێ بکرێ.

بەڵام ڕووداوەکانی دواتر هێندی شتی تازەشیان دەرخست. جاری دەرکەوت کە کوڕانی بارزانی بۆ بردنە پێشی پیلانی دژی گەلی خۆیان زۆریان لەو ڕووداوە کەڵکی خراپ وەرگرتوە. ئەوان هێندی لە کوردە پەنابەرە عێراقی یەکانیان بەو جۆرە لە دەوری خۆیان کۆکردوەتەوە و لەدژی خەڵکی کوردستانی ئێران و بە تایبەتی حیزبی ئێمە هانیان داون. جگە لەوەش سەرۆک عەشیرەتە کوردەکانی دەورو پشتی ورمێ خائین و خۆفرۆشەکانی تاقمی بەکرێگیراوی حەوت کەسیشیان لە خۆیان هاڵاندوە و هەموویان پێکەوە نەخشەی هێرش بۆ سەر ناوچەکانی مەرگەور و تەرگەورە و دە…. و شنۆیان کێشاوە. ئەوە بوو کە بەکەڵک وەرگرتن لە دڵپاکی ئێمە و بە ئاگاداری لەو ڕاستی یە کە پێشمەرگە خۆی بۆ شەڕێکی وا ئامادە نەکردوە پێش جاش و پاسدار و ئەرتەشی ئێران و بە کوشتدانی دەیان کەس لە کوردە- هەڵخەڵەتاوەکانی عێراق لە پشتەوە خەنجەریان لە گەلی کور دا. ناوچەی مەرگەوەر و شنۆیان لەدەستی پێشمەرگە دەرهێنا و دیانە دەستی دوژمنی فاشیست و کۆنەپەرستی گەلی کورد.

بەڵام دوای ئەو خیانەتەی قیادە لە هێندێک سەرچاوەی باوەڕپێکراوی نێو خۆیانەوە چەند گۆشەیەکی دیکەی مەسەلەکەش ڕوون بوونەوە. دەرکەوت کە هەشت مانگ بووە ڕیژێمی خومەینی جاشانەکەی نەداوە بە قیادە. بەڵام بە دەست خۆشانەی ئەو خیانەتە بێجگە لە چەک و تەقەمەنی جاشانەی هەشت مانگیان لەسەریەک دوانێ. کە ئەگەر زیادی نەرکدبێ. دەکاتە هەشتا میلیون تمەن. لەوخای بە زیاد بێ، بۆ کەسانێک کە دین و ئیمان و گەل و نیشتمانیان بە پوول فروشتووە هەشتا میلیون تمەن گاڵتەی پێ ناکرێ.

جگە لەوە ئیسپات بووە کە ئەمانە لەسەر دووپەت یاری دەکەن ئێستا کە سەڵتەنەت خوازن لە تورکیەوە دەیانەوێ بێنەوە ئێران دارودەستەی قیادە لە گەڵیان رێک کەوتوون کە بە یارمەتی ئەفسەرانی شا دۆستی نێو ئەرتەشی حکوومەتی ئاخوندی ناوچەی ورمێ یان بۆ پاک بکەنەوە بەو شەرتە کاتێک گەڕانەوە ئێران و دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت جاشانەی ئەوان مەحفووز بێ. کەوابوو شانۆ-سازی دەرهێنانی تەرمی بارزانیش هەر لە خزمەتی ئەو ئامانجە شەیتانی یەدابووە و هەر بەدەستی چەپەلی دارودەستەی قیادەی جێ بە جێ کراوە.

لە کۆتای دا دەمانەوێ دوو مەەسەلە بخەینە بەرچاوان ئەو کوردە پەنابەرە عێراقی یانە کە هێشتا هەستی پاکی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری یان تێدا بە هێزە و بێ ئەوەی بۆ خۆیان بزانن کەوتوونە دوای ئەو تاقمە خۆفرۆش و بەکرێگیراوە. یەکەم ئەو خوشک و برایانەی دەزانن کە کاتی خۆی لقی یەکی پارتی لە دهۆک لقی دوو لە هەولێر، لقی سێ لە کەرکوک، لقی چوار لە سولەیمانی و لقی پێنجیش لە بەغدا بوو. کەچی ئێستا بۆ خۆیان دەبینن کە مەرکەزی ئەو لقانەی پارتی کەوتوەتە پیرانشار و مەرگەوەر و کەرەج و شوێنەکانی دیکەی ئێران. سەرکردە خۆفرۆشەکانیان بەو پەڕی بێ شەرمیەوە تابلۆی زەلام و قەبەشیان لە بەر دەرکی ئەو ناو لقانەی پارتی هەڵاوەسیوە. داخوا خوشک و برا کوردە عێراقی یەکان هیچ بیریان لەوە کردوەتەوە کە ئەو کارە مانای ئەوەیە بنەماڵەی بارزانی بە یەکجاری خواحافیزییان لە عێراق کردوە و دەیانەوێ بۆ هەمیشە لە ئێران بمێننەوە. ئەویتر نەک بۆ کوردایەتی بەڵکو بۆ خیانەت و جاشەتی؟.

دووهەم ئەوەیە کە هەرچەند ئەو خۆفرۆشانە بەکەڵک وەرگرتن لە نیاز پاکی حیزب و پێشمەرگە توانیویانە هێندێ جیگا داگیر بکەن بەڵام گەلی شەش میلیون کوردی ئێران هەرگیز ئەو خیانەتە نابەخشێ و لە داهاتوویەکی نزیک دا خەیانەتکاران بە سزای خۆیان دەگەیەنێ.
کەوابێ باشتر نیە و ئەو کوردە هەڵخەڵەتاوانە پێش ئەوەی مۆری خیانەتیان بە نێو چاوانەوە بنووسێ و پێش ئەوەی دەستیان بە خوێنی برایانی خۆیان سوور بێ و بەرلەوەی بە ئاگرێک کە سەرۆکە خۆفرۆشەکانیان هەڵیان گیرساندوە بسوتێن بەرگی جاشەتی و خیانەت فڕی دەن و بێنەوە باوەشی گەرمی میللەتی کورد جا چ لە عێرا چ لە ئێران؟.
هیوادارین هەم ئەو خوشک و برا کوردە عێراقیانە کە کەوتوونە دوای قیادە و هەم کۆمەڵانی بەشەرەفی کوردی عێراق بەگشتی جارێک بۆ هەمیشە جەوهەری خۆفرۆشانەی دارودەستی قیادە بناسن و مۆری جاشەتی و خیانەتیان بە نێوچاوانەوە بنێن بە هیوای سەرکەوتنی بزوتنەوەی هەقخوازانەی گەلی کورد و ڕووڕەش بوونی هەرچی زیاتری بەکرێگیراوان و خۆفرۆشان.

بۆ هەموو حیزب و ڕێکخراوە دیموکرات و پێشکەوتنخواز و دژی ئیمپیریالیستیەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست
کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران سڵاوێکی گەرمی شۆڕشگێڕانەتان پێشکەش دەکا.

هاوڕێ یانی بەڕێز!

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران وەک بەکێک لە هێزەکانی دژی ئیمپریالیستی و دژی کۆنەپەرستی ناوچە. ماوەی ٣٦ ساڵە لە پێناوی ئازادی و دیموکراسی و بۆ وەدەست هێنانی مافی ڕەوا گەلی کورد لە کوردستانی ئێران خەبات دەکا. حیزبی ئێمە جووڵانەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد بە بەشێک لە جوڵانەوەی دژی ئیمپریالیستی و رزگاریخوازی گەلانی ئێران و هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دادنێ و هەمیشە لەسەر ئەو باوەڕە بوە کە پێویستە هێزەکانی شۆڕشگێڕ و پێشکەوتنخواز لە بەسەر هات و ڕووداوەکانی ناوچە یەکتر ئاگادار بکەن و لەسەر گیروگرفتەکان بیرو باوەڕ بگۆڕنەوە و لە چارەسەرکردنیان دا یارمەتی یەکتر بدەن.
هەر لە سەر ئەوئەساسە کۆمیتەی ناوەندی حیزبی ئێمە سرنجی ئێوە بۆ هەڵوێست و کردەوەی بنەماڵەی بارزانی رادەکێشی هەناوی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق یان لەسەر وناوە.

ئیمە بە پێویستی نازانین لە بارەی ڕابردووی بەڕێوەبەرانی ئەم پارتی یەوە خەیانەتیان بە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی خەڵکی کوردستانی عێراق بدوێین. یان لە بارەی سەر بە ئیمپریالیزم بوونی سەرۆکایەتی بارزانی و کوڕەکانی شتێک بنووسین. چونکە پێمان وایە خەیانەتی ئەو تاقمە کە جووڵانەوەی نیشتمانی کوردستانی عێراقی فیدای قازانجی ڕیژێمی شاو ئیمپریالیزمی ئەمریکا کرد لە رۆژ رووناکترە. بەڵام ئێستا کە ئەم دارودەستەیە لە ڕابردوو دەرسیان وەرنەگرتوو و پاش بە فیڕۆدانی خوێنی هەزاران ڕۆڵەی کوردی عێراق پێکەوە لەگەڵ ئەرتەش و پاسدارانی ڕیژێمی خوێنمژی خومەینی هێرشیان هێناوەتە سەر گەلی کورد لە کوردستانی ئێران و هەتا ئێستا بەدەەیان ژن و منداڵی بێ گوناهیان کوشتوە. دەمانەوەێ هێندی مەسەلەتان بخەینە بەرچاو.
هەڵسوڕێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق کە لە ساڵەکانی ١٩٧٥- ١٩٦٦ و بە تایبەتی لە دوا ساڵەکانی بزوتنەوەی بارزانی دا بە ئاشکرا کەوتبونەبن باڵی” ساواک” و “موساد” و “سیا” بە دەستووری “شا” زۆر کەس لە ڕێبەران و ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیان گرت و تەحویلی ساواکیان داوە کە لەدەست ڕیژێمی شا پانایان بۆ عێراق بردبوو. ئەمانە پاشان لە ئێران ئیعدام کران. هەروەها چەند کەس لە ڕێبەرانی حیزبی ئێمە لە عێراق کوشت و تەرمەکانیان بە ساواک فرۆشت.

هەر لە سەرەتاوە هەڵسوڕاوانی پارتی بەم شەرتەوە لەگەڵ ڕیژێمی شا رێک کەوتبوون کە نەهێڵن جووڵانەوەی دیموکراتی و نیشتمانی لە کوردستانی ئێران دا پەرەبسێنێ.لە ساڵەکانی٦٨-١٩٦٧ دا کاتێک خەباتی چەکدارانە دژی ڕیژێمی شا لە کوردستانی ئێران دەستی پێ کرا بارزانی جاشەکانی خۆی لە گەڵ ژاندارم و سەربارزی ئێرانی وەدوای نیشتمان پەروەرانی کوردی ئێران خەست وتا سەرکوت کردنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانی کورد یارمەتی ڕیژێمی شادا. لەو جەرەیانەدا بە دەیان ڕۆڵەی دیموکرات و شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران بەدەستی چەکدارەکانی بارزانی و ژاندرمەکانی ئێران شەهید کران.
بەرامبەر بەو خەیانەت و جینایەتەی تاقمەکەی بارزانی نیسبەت بە کوردەکانی ئێران کاتێک لە ساڵێ ١٩٧٥ بە هۆی خیانەتی بارزانی و گریدانی سیاسەتی خۆی بە قازانجی ئیمپریالیزیەوە جووڵانەوەی یازدە ساڵەی گەلی کورد لە کوردستانی عێرا تێک شکا و دەیان هەزار خاو خێزان و دەربەدەر بوون و ڕوویان کردە کوردستانی ئێران گەلی کورد ئامێزی بۆ کردنەوە و بەدڵێکی ئاواڵەوە بە پیشوازیان چوو و پەنای دان و بەخێوی کردن.

پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ دا کوڕەکانی بارزانی کە قیادەی مووەقەتیان پێک هێنا بوو وایان نیشان دەدا کە لە کردەوەی خەینانەی پێشوو- یان پەشیمان بونەوە و دەیانەوێ لە ڕیزی جووڵانەوەی نەوەی کورد دا جێگایان بکرێتەوە داوایان لە حیزبی ئێمە کرد کە ڕێگا بدا بێنەوە کوردستانی ئێران و لەو دەربەدەری و پەرش و بڵاوییە ڕزگاری یان بێ . حیزبی ئێمەش نەک هەر ڕیگای دا بوو یارمەتیشی دان.
هەڵسوڕێنەرانی قیادەی مووەقەت لە ماوەی ئەو ٣ ساڵەی پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران نیشانیان داوە کە کاتێک خۆیان بە کز دەزانن دەکەونە پاڕانەوە کە دژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و تەنانەت بە بێ دەستووری حیزبی ئێمەناجوڵێنەوە، هەر بۆیەش زۆر جار لەسەر داوای خۆیان چاویان بە بەڕێوەبەرانی حیزبی ئێمە کەوتوە و وەفاداری خۆیان بە حیزب و بەڕێوەبەری حیزب ڕاگەیاندوە.
بەڵام لە ساڵی ١٩٧٩ دا کاتێک کگە ڕیژێمی خومەینی ئیعلامی جیهادی بە دژی خەڵکی کوردستانی ئێران دا و هەڵسوڕێنەرانی قیادەی مووەقەت و چەکدارەکانی دارودەستەی بارزانی واتێ گەیشتن کە حیزبی ئێمە کز بوە دەست بە جێ لە ناوچەی مەریوان شان بەشانی ژاندرمەکانی ئێران بە گژ پێشمەرگەکانی حیزبی ئێمەدا چوون، لە شنۆ تەقەیان لە خۆپیشاندانی خەڵک کرد و شەش کەسیانکوشت لە ناوچەی ورمێ دەرەبەگ و کۆنە ساواکیەکان بە پشتیوانی ئیدریس بارزانی نزیکەی هەزار ماڵی وەرزێر و زەحمەتکێشیان دەربەردەر کرد و هەر لە سەر پێشنیاری” ئیدریس” چەندین سەد نەفەر لەم ناوچەیەدا بە سەرۆکایەتی دەرەبەگەکان بوون بە جاشی ڕەسمی ڕیژێمی خومەینی.
کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران چەند جار ئەم کردەوە نالەبارانەی بە چاو هەڵسوڕێنەرانی قیادە مووەقەت دا داوە داوای لێ کردن کە واز لەم سیاسەتە چەوت و دژی گەلی یە بێنن و دەست لە کاروباری کوردستانی ئێران وەرنەدەن.

پاش سەرکەوتنی خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران لە شەڕی ٣ مانگەی ساڵی ١٩٧٩ دا دارودەستەی قیادە مووەقەت دیسان جلی گورگی خوێنمژیان گۆڕیەوە و خۆیان کردەوە بەرخی بێ گوناه وپەنایان بۆ بەڕێوەبەرانی حیزبی ئێمە هێنا. حیزبی دیموکراتی کوردستانیش لەسەر ئەو ئەسڵە کە هەر نەبێ هەزاران پەنابەری کوردی عێراقی لە سەڕ وکێشە دەپارێزی بۆ جارێ چەندەم تۆبەی بەڕێوەبرانی قیادەی قەبووڵ کرد.
بەڵام ئەو تاقمە کە ٢٠ ساڵە بازرگانی بە مەسەلەی کورد دەکەن و قازانجی دوا ڕۆژی نەتەوەی زۆر لێکراوی کوردیان لە پێناوی مەسڵەحەتی خۆیان داناوە هەروەک بە ئەمر و فەرمانی خەبات وتێکۆشانی چەند ساڵەی گەلی کوردیان لە کوردستانی عێراق بە چەند دۆلار فرۆشت و خوێنی هەزاران کوردی بە شەرەفیان بە فیڕۆدا ئەمجارەش بەفەرمانی ڕیژێمی خومەینی شان بە شانی لەسکر و پاسدرای بە ناو ئیسلامی ناوچەی شیمالی کوردستانی ئێرانیان خستوەتە بە پەلامار و دەستیان بە کوستاری خەڵکی بێ دیفاعی کردوە. ئەوانە لە پشت ڕا خەنجەریان لە پێشمەرگەکانی کوردستان داوە. ئەوەش ڕاست لە کاتێک دا کە ڕیژێمی خوێنمژی خومەینی هەموو ڕۆژێک بە دەیان تێکۆشەر و ئازادیخوازی ئێرانی بە بێ دادگا و موحاکمە ئیعدام دەکا و بۆ ئەندامان و لایەنگرانی هێزەکانی دژی ئیمپریالیزمستی قەسابخانەدا دەنێ. دارو دەستەی قیادەی مووەقەت هەر لەو کاتەدا کە کوردستانی ئێران دەخەنە بەر هێرش و بە جینایەتەکانی خۆیان ڕووی پاسدارانی خومەینی سپی دەکەنەوە کە چەندین”ديرياسين”یان لە کوردستانی ئێران پێک هیناوە هەر لەو کاتەش دا لەسەر ئەساسی پێوەندی نپچڕاوی خۆیان لەگەڵ”سيا”ی ئەمریکا هەوڵ دەدەن رێگا بۆ سەلتەنەت خوازانی هەڵاتوو لە شیمالی کوردستان خۆش بکەن و یارمەتی بدەن بۆ ئەوەی ڕیژێمێکی بە تەواوی سەر بە ئەمریکا جارێکی دیکە بەسەر ئێران دا زاڵ بێتەوە.
دیارە خەڵکی کوردستانی ئێران لە توانای دا هەیە ئەو تاقە بەکرێگیراوەی سەر بە ئیمپریالیزم سەرکوت بکا. کەوابوو بێ گۆمان هەڵسوڕێنەرانی قیادەی مووەقەت بە توندی سزا دەدرێن و ئیجازەیان پێ نادرێ لە کوردستانی ئێران جێ گیربن و بە خەیانەتی خۆیان درێژەبدەن. ئەم کارە هەر لە ئێستاوە دەستی پێ کردووە.

کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانێ، ئێوە لە کردەوەی خاینانەی قیادەی مووەقەت لە ئێران ئاگادار بکا و ئەم تاقمە سەر بە ئیمپریالیزمەتان پێ بناسێنێ و داواتان لێ بکا کە بەرامبەر بە جینایەتی ئاشکرای دارودەستەی بارزانی هەڵوێستی پێویست بگرن.

لە گەڵ سڵاو ڕێز:
کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
١٦/٩/١٩٨١ ____٢٥/٦/١٣٦٠

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …