Home / ئەمرۆ لەمێژوودا / ساڵ ڕۆژی وەفاتی هێمنی موکریانی

ساڵ ڕۆژی وەفاتی هێمنی موکریانی

ساڵ ڕۆژی وەفاتی هێمنی موکریانی

FB_IMG_1492412421622

هێمن شاعیرێكی دیار‌و ناسراوی كوردستانە‌و خزمەتێكی زۆری بەبوارەكانی ئەدەب‌و فەرهەنگ‌و زمانی كوردی كردووە.

سەید محەمەد ئەمین سەید حەسەنی شێخوئیسلامی موكری ناوی تەواوی ئەو شاعیرەیە.

ئەگەر نازناوەكەی نەخرێتە روو زۆر كەس ئەو شاعیرە بەو ناوە دوور‌و درێژەوە ناناسێتەوە.

هەرچەند هێمن ناوی نهێنی ئەو بوو لە  لەریزەكانی كۆمەڵەی ژێكافدا، بەڵام ئەو ناوە بوو بەنازناوی ئەو شاعیرە‌و پێی ناسرا.

هێمن خۆی لەپێشەكی دیوانی تاریك‌و رووندا ئاماژە بەوە ئەكات كە شاعیرێتی دەردەسەری‌و مەینەتی زۆری بۆ دروست كردووە، بەڵام ئەو باشییەشی هەبووە ئەو ناوە دورو درێژە حەوت وشەییەی لەكۆڵ كردۆتەوە.

هێمن لەساڵی 1921 لەگوندی لاچینی نزیك شاری مەهاباد لەدایك بووە.

سەرەتا خراوەتە بەر خوێندنی ئاسایی‌و تا پۆلی چوارەمی سەرەتایی خوێندووە. دواتر باوكی لەخوێندن دەریهێناوە‌و بردویەتیە خانەقای شێخ بورهان بۆئەوەی دەرسە ئاینییەكان بخوێنێ‌، بەئومێدی ئەوەی ئیجازەی مەلایەتی وەربگرێ‌‌و ببێتە مەلا‌و شوێنی مەلا جامیی باپیرە گەورەی بگرێتەوە.

بەڵام بەپێچەوانەی خواستی باوكی، هێمن هەر لەسەرەتای لاوێتییەوە، خولیای شیعرو ئەدەب بوو، لەتەمەنی 17 ساڵییەوە دەستی بەهۆنینەوەی شیعر كرد‌و بەوەش بوو بەشاعیر نەك مەلا.

هێمن هەستێكی بەرزی نیشتمانی هەبووە‌و ئەو هەستە لەشیعرو بەرهەمە ئەدەبییەكانیدا رەنگی داوەتەوە‌و لەسەرەتای دروستبونی كۆمەڵەی ژێكافەوە پەیوەندی پێوە كردووە‌و یەكێك لەئەندامە چالاكەكانی بووە‌و لەدوای ئەوەشی كە ژێكاف كرا بە حزبی دیموكراتی كوردستان لەو حزبەدا درێژەی بەتێكۆشانی خۆی داوە.

هێمن بایەخێكی زۆری بەشیعری نیشتمانی‌و نەتەوەیی داوە‌و چەندین شیعری بەرزی لەو بارەیەوە هەیە‌و یەكێك لەو شاعیرانەش بووە كە لەرێورەسمی دامەزراندنی كۆماری كوردستاندا لەمەهاباد شیعری خوێندۆتەوە.

بەهۆی هەڵوێستە سیاسی‌و نیشتمانییەكانیەوە هێمنی شاعیر تووشی كێشەو گرفت‌و راونان‌و ئاوارەیی بۆتەوە‌و لەدوای روخانی كۆماری كوردستان ئاوارەی باشوری كوردستان بووە‌و لەرووی سیاسی‌و فەرهەنگییەوە خزمەتی زۆری لە باشور كردووە.

لەدوای سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران گەڕاوەتەوە خۆرهەڵاتی كوردستان‌و لەوێ‌ گۆڤاری سروەی دەركردووە.

مامۆستا هێمن خاوەنی چەند بەرهەمێكی ئەدەبییەلەدیاترینیان ئەمانەن( تاریك‌و روون، ناڵەی جودایی، هەواری خاڵی‌و شازادە‌و گەدا).

بەداخەوە ئەم شاعیرە گەورەیەی كورد لە 17ی نیسانی 1986 لەشاری ورمێ‌ كۆچی دوایی كرد‌و لەسەر راسپاردەی خۆی لەگۆڕستانی بوداق سوڵتانی شاری مەهاباد بەخاك سپێردرا.

درودی رێز‌و وەفا بۆ گیانی پاكی مامۆستا هێمنی شاعیر‌و كوردپەروەر.

About زريان احمد

Check Also

خوێنده‌وه‌یه‌كی نوێ بۆ په‌یماننامه‌ی هاوكاری و دۆستایه‌تی تاشناقی ئه‌رمه‌نی و پارتی خۆییبوون له‌ 1927 – 1930

گۆڤاری مێژووناسی گۆڤارێكی مێژوویی وەرزییە —————————— ژمارە (1) به‌هاری 2022، ساڵی یەكەم خاوەنی ئیمتیاز/ پ.د. …