Home / بەشی مێژووی كورد / خوێندنەوەیێکی نوێی مێژویی_کۆمەڵایەتی لە سەر تێزی ئاریاییەکان

خوێندنەوەیێکی نوێی مێژویی_کۆمەڵایەتی لە سەر تێزی ئاریاییەکان

خوێندنەوەیێکی نوێی مێژویی_کۆمەڵایەتی لە سەر تێزی ئاریاییەکان

FB_IMG_1491924340534

 

تێزی ئاریاییەکان لە سەدەی هاوچەرخدا بەرەو ڕووی گۆڕانکاریێکی بنەڕەتی بووە و بنەما پێشترەکەی لە ژێر باری ڕەخنەگەلی بناغەییدا ڕووخاوە و ڕاستینەکەی دەرکەوتووە. پێشتر وەها باو` بوو کە دەیانگوت ئاریاییەکان لە سیبرییەوە هاتوون و لقێکیان بەرەو ئورووپا و لقێ تریان بەرەو ڕۆژهەلاتی ناڤین هاتوون کە بریتی لە پارس و پارت و ماد بوون. لەم وتارەدا شرۆڤەیێک لەسەر باری درۆیی ئاریاییەکان، ڕاستینەی ئاریاییەکان و ئەو نەتەوانەی کە لەو درۆیە کەڵکیان وەرگرتووە دەدەین.

 

بەشی یەکەم:

وشەی ئاریایی و لێکدانەوەی زمانی، کۆمەڵایەتی و مێژوویی:

ئەم وشەیە کە دەکرێت قەدەکەی بگەڕێنینەوە بۆ وشەی ئار، بە دەیان شێوە لە کوردەواری و دەوروبەریدا بە کار چووە. لە زمانی سوومێریدا و لە کەتیبە کۆنەکانیاندا وشەی ئارد بە واتای خاک بە کار چووە کە وشەی عەرد` بە ئەگەری زۆرەوە لەوە گیراوە. لە نێو پێکهاتەی فەرهەنگی سوومێردا زۆر جار بە هوورییەکانیان وتووە ئاری، بێسۆ مەبەستیان لە ئاری ئەوانەیە کە سەرچاوەی کشتوکاڵ کردنن و بۆ یەکەم جار کشتوکاڵیان کردووە و لە خاک کەڵکیان وەرگرتووە. واتا ئەوانەی کە بۆ یەکەم جار ئاردیان بەکار هێناوە دەبنە ئاردی یا ئاری. ئەگەر تۆزێ لە باری کاتەوە بێینە بەرترەوە لە کەتیبە ئاشوورییەکاندا ئاری بەو شوێنە گوتراوە کە هوورییەکانی لێ ژیاون و ئاریایی بە خەڵکی ئەو شوێنە وێژراوە، بەشی هەرەگرینگتر ئەوەیە کە لە زۆربەی کوردستاندا وشەی ئار بە کار دەچێ. لە کرمانجیدا وشەی ئاران بە کار دەچێ و بە واتای کوێستانە. له هەورامی و سۆرانیدا بە کەسێک کە نیشتەجێ بووە و ئیدی کۆچ ناکات گوتوویانە ئاری و ئەو شوێنەی کە خەڵک تێیدا سەقامگیرن پێ دەڵێن ئاران. زۆرێک وشە و ناوی دیکەش لە کوردیدایە کە بە ئارەوە دەست پێدەکات وەکوو: ئارش، ئاراکۆ، ئارام، ئارۆ، ئاریۆ، ئارین، ئاریا و…

ئەم شرۆڤەیە نیشان دەدات کە ئەم دەستەواژەیە بۆ یەکەم جار هەر لە کوردستاندا بە کار چووە و کوردییە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ 7000 ساڵ لەمەوپێش و سەرنجی دونیا بدەین، تەنیا دوو پێکهاتەی خاوەن فەرهەنگ و جیاوازیی تایبەت دەبینین کە یەکیان هوورییەکانن لە کەوانی زاگرۆس-تۆرۆسدا و یەکیان ئاموورییەکانن لە بنارەکانی دەریای مەدیتەرانە؛ واتا لوبنان و ئوردۆن و فەلەستین و ئیسرائیل. جیاوازیگەلێکی بنەڕەتی لە سیستمی کۆمەڵایەتی ئەم دوو حەشیمەتەدایە. هوورییەکان دایک سالار بوون و ئیلاهەگەلی ژنیان دەپەرست؛ زۆرترین جیاوازیگەلی وەرزیان هەبوو و هەمان شت جێژنی نەورۆز و جێژنی خەرمان و جێژنی چلە و… تێیاندا خولقاندبوو. زۆرتر جلوبەرگی پۆشتەیان دەپۆشی بۆ بەرگری لە سەرما. گرینگترین بەشی ئەوەیە کە زۆربەی خۆراکی هوورییەکان لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان پێک دەهات. لە بەرامبەردا ئامووریەکان کە لە ناوچەیێکی دەشتایی گەرمەسێریدا دەژیان پیاو سالار بوون و زۆربەی ئیلاهەکانیان پیاو بوون. ئەم پێکهاتەیە لە شوێنی ژیانی خۆیاندا کەمتر سەقامگیر بوون و بەردەوام بە ئاژەڵ بەخێوکردنەوە سەرقاڵ بوون و گرینگیەتیێکی ئەوتۆیان بە کشتوکاڵ نەدەدا. ئەم دوو پێکهاتەیە واتا هووری و ئامووری پاش ماوەیێک پێکەوە ژیان لە مێزۆپۆتامیای خواروودا چوارچێوەی فەرهەنگی کۆمەڵایەتییان پێکهێنا، هەر بەم بۆنەوە سەرچاوەی ئەو ناوبردنە لە سوومێردا دەگەڕێتەوە بۆ هووریەکان کە ڕەچەڵەکی کوردانن، لە باری مێژووییشەوە، بە پێی ئاسەوارگەلی گوندی بێستان سوور، چاتاڵ هۆیۆک، چەرموو و… کە کۆنترین گوندگەلی دنیان سەلمێندراوە کە لە کۆنترین کەرەستەگەلی کشتوکاڵی لەم شوێنانە وەدەست کەوتوون.

 

بەشی دووهەم:

کاریگەریی جوگرافیا بە سەر پێکهاتنی نەتەوەکانی ڕۆژهەلاتی ناڤین:

لە باسی لێکدانەوەی کاریگەریی` جوگرافیا بە سەر ژیانی مرۆڤدا زانایان 3 چەشنە جوگرافیایان دیاری کردووە:

ئەلف) جوگرافیای کۆڵنەدەر:

واتا ئەو شوێنانە کە مرۆڤ بە درێژایی هەزاران ساڵ بە پێی بارودۆخ نەیتوانیوە بەسەر سروشتی ئەو ناوچەدا زاڵ بێت. ئەم جوگرافیایە، هیچ نزیکیێکی بە پێداویستییەکانی مرۆڤەوه نییە و مرۆڤ لەوێ ناتوانێ شارستانیەت و فەرهەنگی تایبەت بەو جوگرافیایە پێک بێنێت. جەمسەرەکانی باکوور و باشوور، دارستانە ناوەڕاستییەکان، ئامازۆن، سەحرای ئەفریقا، ماداگاسکار و… لەم چەشنە جوگرافیایانەن.

بێ) جوگرافیای نەشیاو:

لەم بارودۆخەدا مرۆڤ بە تێکۆشانی زۆر و خۆڕاگری دەتوانێت بە سەر سروشتدا زاڵ ببێت، بەلام بە پێی ئەوەی خۆڕاگریی مرۆڤ لە بەرانبەر دیاردە سروشتییەکاندا وزەیێکی زۆری لێ دەستێنێ، ژیانێکی لەباری نابێت و بە پێی ئەوەی کە پێداویستیی مرۆڤی بەو شێوە تێدا نییە، شوێنگەیێکی لەبار بۆ ڕوودانی شارستانییەتێکی مەزن نییە. دەشتەکانی عەرەبستان و دەوروبەری، ناوەندی عەراق، دەشتەکانی کرمان، یەزد، سمنان و شیراز، بەرزاییەکانی تەبەت، ولاتەکانی ناوەندی ئەفریقا و… لەم جوگرافیایەن.

جێ) جوگرافیای شیاو:

مەبەست ئەو جوگرافیایەیە کە بەردەوام لەگەڵ پێداویستییە سەرەکییەکانی مرۆڤدا تەبایە. ئەم شوێنانە بە درێژایی 15 هەزار ساڵە مەکۆی سەرەکی مرۆڤن و دەکرێت بڵێین هەموو شارستانیەتەکانی جیهان لەم جوگرافیایەدا ڕوویان داوە: یوونان، دەوروپشتی ڕووباری نیل، دەشتی نێوان ڕووباری سێند و ڕووباری پەنجاب، دەوروپشتی ڕووباری زەردی چین، کەوانی زاگرۆس تۆرۆس، دەشتەکانی نێوان دوو ڕووباری دەچڵە و فۆرات و… ئەم شوێنانە مەکۆی ڕوودانی گەورەترین شارستانیەتەکانی مێژووی مرۆڤن.

هەروا کە لە دێڕەکانی ژوورەوە دەردەکەوێت مرۆڤ بەستراوە بە جوگرافیایێکەوە کە تێیدا دەژیت. ڕێژەی سرما و گەرما دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ بە جلوبەرگ، بە تەلارسازی و بە کاربردنی وزەگەلی جۆراوجۆر خۆی لەگەڵ ئەم شتەدا تەبا بکات. بۆ نموونە کوێستان جلوبەرگی گەرم و خانووی بەردینە و بیابان جلی ناسک و خانووی گڵینەی دەوێ. هەر ئەمە یەکەمین پلەی جیاوازیی خەڵکی شاخ و خەڵکی دەشتە. جیاوازی لە کەرەستەگەلی بەکار براو، خۆراکی ڕۆژانە، پیشەی باو، ئاژەڵی دەستەمۆ، ڕێژەی شێی هەوا، جیاوازیی وەرزەکان و… هەر هەموویان بنەمای جیاوازیگەلی فەرهەنگین و بە پێی جوگرافیا دیاری دەکرێن.

بۆ نموونە فەرهەنگی کوردی و فەرهەنگی عەرەبی دوو نەتەوەیان خولقاندووە بە ناوی کورد و عەرەب کە هەر دوو فەرهەنگەکە بە پێی جوگرافیای جیاوازیان پێکهاتوون. هەر بەو چەشنە جوگرافیای نزم و شێداری هێندستان، هێندووەکانی ئافراندووە، جوگرافیای بەرز و ساردی تاجیکستان و ئەفغانستان، فارسە ڕەسەنەکانی ئافراندووە، جوگرافیای بناری دەریای ئیسراییل، عێبرییەکانی ئافراندووە و…

 

بەشی سێهەم:

دوو پێکهاتەی مەزنی فەرهەنگی و خاوەن شارستانیەت لە 5/3 تا 4 هەزارساڵ لەمەوپێشدا:

ئەوەی کە لە تێزی ئاریاییەکاندا باسی لەسەر کراوە دەڵێن کە لە 3500 ساڵ لەمەوپێش‌دا هاتوونەتە نێو ڕۆژهەلاتی ناڤین و پارت ڕوویان لە هێندستان کردووە و پارس دەشتەکانی کرمان و یەزدیان هەڵبژاردووە و ماد ڕووی لە زنجیرە چیای زاگرۆس کردووە. لەو کاتەدا لەم شوێنانە دوو زلهێزی خاوەن شارستانیەت هەبوون:

ئەلف) هوورییەکان:

کەوانی زاگرۆس-تۆرۆس شوێنی ژیانی وان` بووە، پێشتر لە سەری دواوین`، تەنیا ئەوەی پێویستە بگوترێت ئەوەیە کە لە 3500 ساڵ لەمەوپێشدا لە نێو هوورییەکاندا 4 شارستانیەت هەبوون. 1- میتانی لە ڕۆژاوای کوردستان، 2- هیتی لە ناوەندی تورکیەی ئەمڕۆژی، 3- گووتی لە باکووری بەشی باشووریی کوردستان، 4- عیلامی لە خوارەوەی ڕۆژهەلاتی کوردستان.

بێ) هاراپاییەکان:

هاراپا و موهێنژیدار دوو شارستانیەتن لە نێوان ڕووبارەکانی سێند و پەنجابی پاکستان کە لە 1500 ساڵ پێش زاییندا بە تەشقی مێژوویی خۆیان گەیشتوون و بە درێژایی 500 ساڵ ئافرێنەرانی دیاردەگەلی مەزنی ئەو ناوچە بوون. لە باری ڕەگەزییەوە ئەم شارستانیەته بە دایکی هێندووەکان ناسراوە.

لە تێزی کۆنی ئاریاییەکاندا ئەو شوێنەی کە گوتراوە مادەکان لەوێ نیشتەجێ بوون، وەک لە سەرەوە گوتمان هوورییەکانی تێدا بوون و تەبا بوونی دەسەلاتداری ماد لەگەڵ ئەو ناوچەدا دەری دەخات کە ماد نەک ڕەگەز بەڵکوو تەنیا دەسەلاتێکە و بە ڕەگەز هەمان هوورییە. ئەو شوێنەی کە گوتوویانە پارتەکان لە 3500 ساڵ لەمەوپێشدا لە درێژەی سەفەری ئاریاییەکاندا لەوێ نیشتەجێ بوون، لەو کاتە دوو شارستانیەتی مەزنی هاراپا و مۆهێنژیداری تێدا دەژیا و ئاسەواری هاتنێک بە جێ نەماوە. پارت هەمان موهێنژیدار و هاراپایە و لە سیبرییەوە نەهاتووە. ڕوودانی هەر شارستانیەتێک بە لانی کەمەوە 500 ساڵ پێشینەی دەوێ کە لوانی ئەو دیاردە مسۆگەر` بکات.

 

بەشی چوارەم:

کورتە لێکدانەوەیێک` لەسەر فەرهەنگ و زمانی فارسی لە ناوەندی ئێراندا:

زمانی فارسی تارانی بە پێی لێکدانەوەگەلی زۆر بە پێکهاتەیێکی ناڕەسەن` ناسراوە کە دەکرێت بڵێین زۆربەی تایبەتمەندییەکانی خۆی لە دەوروبەرەکانی وەرگرتووە و هی خۆی نییە. ڕێنووسەکەی هەمان ڕێنووسی عەرەبیە، زۆربەی وشەکانی عەرەبین، هەندێ لەو وشانەی کە بە کاری دەبەن کوردین، جێ پێی زمانی سانسکریت بە ڕوونی لە نێو ئەم زمانەدا دیارە.

نە تەنیا بابەتی زمان دەکرێت بڵێین لە زۆرێک بارەوە فارسەکان پێکهاتەیێک لە دەوروبەرییەکانیانن و هیچیان لە خۆیانەوە نییە. وەکوو جلوبەرگ، بەرهەمی تایبەت، جێژن و ڕێوڕەسمەکان و… (بێسۆ تەنیا فارسەکانی نێو ئێران وەهان)

 

بەشی پێنجەم:

فارسی ناڕەسەن، سەرچاوەی بەلاڕێ بردنی مێژوو:

ئەوەی کە فارسەکان لە باری فەرهەنگییەوە لە دەوروبەرەکانیان پێکهاتوون، یەک شتمان بۆ دەردەخات؛ پارس و پارت و ماد پێکەوە 3500 ساڵ لەمەوپێش کۆچیان نەکردووە بۆ ڕۆژهەلاتی ناوین، بەڵکوو بەتەنیا پارس ئەو کارەی کردووە. شوێنی سەرهەڵدان` و ڕەسەنایەتی فارسەکان ولاتی تاجیکەستانە. لە هۆکاری ئەم کۆچە ئاگاداریێکمان دەست نەکەوتووە، بەلام ئەگەری شەڕگەلی هۆزی یا زۆر بوونەوەی حەشیمەت زۆرترە لە ئەگەرەکانی دیکە. ئەگەر فارسەکانی تاجیکستان لەبەرچاو بگرین، دەبینین کە فەرهەنگی تایبەت بە خۆیانیان هەیە و ئەم فەرهەنگە بریتی لە جلوبەرگی ڕەسەن، زمانی ڕەسەن و هتدە. بە پێی جوگرافیای ولاتی تاجیکستان، هەموو دیاردە فەرهەنگییەکانیان ڕەسەنایەتی خۆی هەیە و بە تەواوەتی لەگەڵ سروشتدا تەبایە.

ئەم شتە سەلمێندراوە کە کۆچ لە شوێنێکەوە بۆ جوگرافیایێکی جیاواز ناتەبابوونی فەرهەنگێ دێنێت. ئەوەی کە دیارە پارسەکان 3500 ساڵ لەمەوپێش لە ولاتی تاجیکەستانەوە بۆ دەشتەکانی شیراز و بووشێهر کۆچیان کردووە.

جوگرافیای هەرە جیاوازی ئەم ناوچانە کارێکی کردووە کە فارسەکان هەر شتێکیان لەگەڵ خۆیان هێناوە، بێبایەخ` و پووچەڵ ببێتەوە. جلی تاجیکییەکان بۆ نێو ئەو کەشە ساردەیە و بۆ گەرمای دەشتەکانی شیراز و کرمان بەکارخواردوو نییە. کەرەستەگەلێ کە هێنایان هی کوێستان بوو و بە کاری دەشتەکانی نەدەخوارد. شێوازی ئاخاوتنی کوێستان کرژ و نزمە بەلام ئاخاوتنی دەشتاییەکان قەڵەو کێشراوە. کاتێ کە فەرهەنگی فارسەکان لە ڕەسەنایەتی خۆی دەرچوو دەستیان کرد بە کەڵک وەرگرتن لە دەوروبەرەکانیان، بەتایبەت سامییەکان و کوردەکان کە نزیک‌ترین دراوسێیەکانیان بوون. هەموو ئەو شتانەی کە بوویان بە لاوەیان نا و دزی لە فەرهەنگەکانی دیکەیان هەڵبژارد.

بێسۆ چیرۆکی ئاریاییەکان فارسەکان نەیانڕستووە. ژێرمەنە دوور لە شارستانیەتەکان کە خۆیان هیچیان نەبوو لە شەڕێکی داگیرکەرانەدا، بوون به خاوەن شانشینی ڕۆم. هەرچەن کە ئەوان ڕۆمی نەبوون، بەلام بە هۆی زۆر لاواز بوونی فەرهەنگی خۆیانەوە نەیانتوانی هیچ کاریگەریێکی فەرهەنگی بە سەر ڕۆمدا دابنێن و ئەم شتە بوو بە عوقدەیێکی مێژوویی بۆ ئەڵمانییەکان. هەر بەم بۆنەوە لە پاش ڕووخانی ئیمپراتووری ڕۆم، مێژوونووسە ژێرمەنەکان ئەم شتەیان داڕشت بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە ژێرمەنەکان وەبەرترن لە باری ڕەگەزییەوە.

فارسەکانیش ساڵی 535 ی (پ.ز) لە کۆدەتایێکی دەرباریدا بوون بە خاوەنی گەورەترین شانشینی سەردەم کە ماد بوو. بە هۆی ئەوەی کە خۆیان هیچیان نەبوو کە زاڵی بکەن لە درێژەی پاشایەتی 12 پاشای هەخامێنشی، تەنیا لە فەرهەنگی مادی کەڵکیان وەرگرت و هیچیان بە یادگار دانەنا. ئەم عوقدەیە بوو بە هۆی ئەوەی کە ڕەزاخانی پاڵەوی لە قسەی ژێرمەنەکان ئەوپەڕی گەنەکەڵکێ وەربگرێت و ڕەگەزی فارس وەکوو دەوروبەرییەکانی بەڕەسەن بژمێرێت و خۆی بکاتە ئەندازەی کوردەکان و عەرەبەکان و… ڕەزاخان توانی بە وشەی ئاریایی 5 نەتەوە لە ژێر ڕکێفی خۆی بهێڵێتەوە و هەتا ئێستەش پیلانی ڕەزاخان خەریکی جێبەجێ بوونە.

 

«بە هیوای دەرکەوتنی خۆری ڕاستینەکان»

 

**************************************************

هاوچەرخ:معاصر ______ باو:رایج ______ عەرد:خاک _____ بێسۆ:البته _______دەستەواژه:اصطلاح _______ کەوان:در اینجا به معنی هلال _______ حەشیمەت:جمعیت _______گرینگییەتی:اهمیت _______ ئاسەوار:آثار ________ سەلمێندراو:ثابت شده ______کاریگەری:تاثیر _______جەمسەر:قطب _______ وزه:انرژی ______ شوێنگە:محیط _______ تەبا:سازگار _______ دێڕ:تیتر _______ دەستەمۆ:تربیت شده _______شێ:رطوبت _______ وان:آنها _______ دوان:حرف زدن ئافرێنەر:آفریننده _______ لوان:امکان ________ مسۆگەر:تضمین _______ تەشق:اوج _______ لێکدانەوه:تحلیل کردن _______ ناڕەسەن:غیراصیل _______ تایبەتمەندی:ویژگی _______سەرهەڵدان: قیام _______ئەگەر:احتمال _______هتد:غیر(…)

About زريان احمد

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …