Home / ناوداران / لە یاددی کۆچی دوایی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد – ١٩١٤ – ٢٠٠٠/٤/٨ز دا

لە یاددی کۆچی دوایی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد – ١٩١٤ – ٢٠٠٠/٤/٨ز دا

لە یاددی کۆچی دوایی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد – ١٩١٤ – ٢٠٠٠/٤/٨ز دا:

received_1295676370529957

ژیانی:-

مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد فەتاح، ناسراو بە بلە لە سەرەتای بەهاری ساڵی ١٩١٤ز لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لە دایک بووە، بنەماڵەکەیان لە گوندی (قەڵاچوالان)ی سەر بە ناوچەی شارباژێر لە کاتی دروستکردنی شاری سلێمانی لە لایەن بابانەکانەوە هاتوونەتە ناو شاری سلێمانی.

برایم ئەحمەد قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە شاری سلێمانی تەواوو کردووە(تا پۆلی پێنجەمی ئامادەیی هەبووە ئەوکات) و پاشان لە ساڵی ١٩٣٣ز بۆ خوێندنی بەشی یاسا چووەتە شاری بەغدا.

مامۆستا برایم ئەحمەد و چالاکی ڕۆشنبیری و ڕامیاری:-

– مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لە شاری بەغدا ئەندامێکی چالاکی کۆمەڵەی لاوان بووە و لە ساڵی ١٩٣٣ز بڵاوکراوەی (یادگار و لاوان)ی دەرکردووە، پاشان لە ساڵی ١٩٣٧ز دا نامیلکەی کورد و عەرەبی دەرکردووە، هاوکات لە هەمان ساڵیشدا خوێندنی بەشی یاسای تەواوو کردووە و بووەتە پارێزەر.

– دواتر و لە ساڵی ١٩٤٤ز و لەگەڵ کردنەوەی لقی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان – ژ.ک لە باشوری کوردستان و لە شاری سلێمانی، مامۆستا برایم ئەمحەد بووەتە سەرۆکی ئەم لقی ژێکاف.

مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد وەک لە چاوپێکەوتنەکانیدا ئاماژەی پێداوە: کە لەگەڵ پێشەوا قازی محەمەد هەرچەندە یەکتریان نەبینیووە، بەڵام پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لە نێوانیاندا هەبووە و هەمیشە پێشەوا لە نامەکانیدا بۆ لقی (ژێکاف)ی باشوری کوردستان لە سلێمانی و لە خۆشەویستیشیدا بۆ مامۆستا برایم ئەحمەد، بە بیلە ناو بردووە.(واتە بیلبیلەی جاو).

مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و گۆڤاری گەلاوێژ:-

مامۆستا بلە لە ساڵی ١٩٣٩ز مۆڵەتی دەرکردنی (گۆڤاری گەلاوێژ)ی وەرگرتووە، کە گۆڤارێکی وەرزی بوو بە هاوکاری مامۆستا عەلادین سەجادی، کە سەرنووسەری گۆڤارەکە بوو، گۆڤاری گەلاوێژ بۆ ماوەی ١٠ساڵ بەردەوام بوو، لەو ماوەیەشدا گۆڤارەکە ١٠٥ ژمارەی لێ دەرچوو، کە زیاتر بابەتەکانی لە بوارەکانی وێژە و کەلتوور و مێژووی گەلی کورد و هەواڵەکانی جەنگی دووەمی جیهانی بوو، تا لە ساڵی ١٩٤٩ز دا لە لایەن دەسەڵاتدارانی پاشایەتی ئەوکاتی عێراقەوە بڕیاری داخستنی گۆڤارەکە درا و خاوەن ئیمتیازەکەیشی، واتە مامۆستا برایم بە ساڵ و نیوێک زیندان حوکم درا.

برایم ئەحمەد و پارتی دیموکراتی کوردستان:

پاش گۆڕانکارییەکانی باشوری کوردستان و دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کورد – دواتر بوو بە پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦/٨/١٦ز ، مامۆستا برایم ئەحمەد لە ساڵی ١٩٥٠ز و لە کۆنگرەی سێیەمی حیزبدا بووەتە لێپرسراوی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان.

مامۆستا برایم ئەحمەد لەو سەردەمەشدا چالاکانە لە پاڵ کاری سیاسیدا خەریکی بواری نووسینی خۆی بوو لە بواری وێژەیدا و بۆ ئەم مەبەستەش لە ساڵی ١٩٥٦ز ڕۆمانی (ژانی گەل)ی نووسیووە.

مامۆستا برایم زۆر چالاکانە بەشداری شۆڕشی ئەیلول (١٩٦١/٩/١١ – ١٩٧٥ز)ی لە باشوری کوردستان کرد تا دروستبوونی ناکۆکی لە ناو شۆڕشدا لە نیوان ساڵانی ١٩٦٤ – ١٩٧٠ز، کە مامۆستا برایم ئەحۆمەد باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی بوو.

دوای ڕێکەوتننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ز هەردوو باڵی شۆڕش ( بارزانی و مەکتەبی سیاسی) یەکی گرتەوە تا هەرەسهێنانی شۆڕش، کە لێرەشدا مامۆستا برایم ئەمحەد باوەڕی لەگەڵ بەردەوم بوونی شۆڕشدا بوو.

مامۆستا برایم لە تاراوگە:

مامۆستا برایم لە لە ساڵی ١٩٧٥ز چووەتە هەندەران و لە وڵاتی بەریتانیا وەکو پەنابەر نیشتەجێ بووە.

مامۆستا برایم ئەحمەد هەمیشە بەردەوام بوو لە هەوڵ و چالاکییە نەتەوەییەکانی لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە نەتەوەی کورد و هەروەها ئەندامێکی کارای (کۆنگرەی نەتەوەی کورد)یش بوو لە ئەوروپا.

تا لە دواجاردا مامۆستا برایم ئەحمەد لە ڕۆژی ٢٠٠٠/٤/٨ز لە نەخۆشخانەیەکی لەندەن کۆچی دوایی کرد و لە ڕۆژی ٤/٢٠ تەرمەکەی گەیەنرایەوە کوردستان و لە بەرواری ٤/٢١ لە گردی سەلیم بەگ لە شاری سلێمانی بە خاک سپێردرا.

بەرهەمەکانی مامۆستا ئیبراهم ئەحمەد:

– کوێرەوەری، چیرۆک.

– دڕک و گوڵ – ١٩٧٢ز ، ڕۆمان.

– دیوانێکی کۆکراوەی شیعر.

بۆ زیاتر بڕوانە:

– ئامانج حەسەن ئەحمەد: برایم ئەحمەد.

– حوسێن عەزیز: پێنج کاتژمێر لەگەڵ مامۆستا برایم ئەحمەد.

About زريان احمد

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …