Home / بەشی مێژووی كورد / ئاڵای کوردستان و حەوت راستی مێژوویی نەزانراو

ئاڵای کوردستان و حەوت راستی مێژوویی نەزانراو

ئاڵای کوردستان و حەوت راستی مێژوویی نەزانراو

FB_IMG_1491633796819

د.ئارام ڕەفعەت

لە پشت ئەو ئاڵایەی کە ئێستا بە ئاڵای هەرێمی کوردستان ناسراوە، کۆمەڵێک راستی مێژوویی هەن کە زۆرینەی تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایە یان بەسەریدا تێپەڕیون یان لێی ئاگادار نین. لەم بابەتەدا، هەوڵ دەدەم لە حەوت خاڵدا پەردە لەسەر بەشێک لەو راستییانە لابدەم. 

یەکەم: شۆرشی ئەیلول بێ ئاڵا بوو


شۆرشی ئەیلول (ئەیلولی ١٩٦١ – ئاداری ١٩٧٥) ، یەکێکە لە درێژترین جوڵانەوە و سەرهەڵدانە چەکدارییەکانی باشوری کوردستان و بۆ ماوەی ١٤ ساڵ ئیدارەی زیاتر لە نیوەی خاك و خەڵکی کوردستانی کرد و کۆمەڵێک دام و دەزگای نیمچە موئەسەساتی و حوکمرانی هەبوو، بەڵام بەدرێژایی ئەو ماوەیە، ئەم شۆڕشە بێ ئاڵا بووە. 
ئەو شۆرشە نە لە هیچ بارەگایەکی سەربازی و حزبیدا، نە لەهیچ دەزگایەکی رەسمی شۆرشدا، نە لە هیچ رۆژنامە و بڵاوکراوەیەکی شۆڕشدا، لەهەمووشی گرنگتر و  پێچەوانەی هەموو عورفێکی جەنگی و سەربازی، نە لە بەرەکانی جەنگ و رووبەڕووبوونەوەی دوژمندا،  ئاڵایەکی نەبوو، جا چ ئاڵای کوردستان  یان هەر ئاڵایەکی تر بێت کە ئاماژە بێت بۆ شکۆ و سەروەری و حوکمرانی و شۆڕشی گەلی کوردستان. 

بەدرێژایی شۆرشی ئەیلول خەڵکی کوردستان بەگشتی و ناوچە رزگارکراوەکان بەتایبەتی نە ئەو ئاڵایەیان بینیوە و نە هیچ زانییارییەکییان لەسەر هەبووە.

دووەم: شۆڕشی نوێی بێ ئاڵا

 

 بەهەمان شێوەی شۆڕشی ئەیلول، شۆڕش و جوڵانەوە چەکدارییەکانی دوای هەرەس (واتە ١٩٧٦-١٩٩١)یش بێ ئاڵا بوون. هەردوو باڵی سەرەکی ناو جوڵانەوەکانی دوای هەرەس، واتە یەکێتی و پارتی و سەرجەم حزبەکانی تری کوردستان هیچ ئاڵایەکییان هەڵنەداوە، نە ئەو ئاڵایەی کوردستان، نە هیچ ئاڵایەکی تری هاوشێوەی ئەو ئاڵایە. 
تەنانەت هیچ کام لەو حزب و رێکخراوانە ئاڵای حزبی تایبەت بە خۆیشیان نەبوو. لە ساڵی ١٩٨٧دا سەرجەم حزبە کوردستانییەکان بەرەیەکییان پێکهێنا بەناوی بەرەی کوردستانی. بەهەمان شێوە، بەرەی کوردستانیش بەرەیەکی بێ ئاڵا بوو. رەنگە تاکە حزبی ئیستیسنا لەساڵی هەشتاکان، پارتی سۆسیالیستی کورد (پاسۆک ) بێت. زۆر سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کە لەدەیەی هەشتاکاندا پاسۆک لەهەندێک لە بارەگاکانیدا ئاڵایەکی هاوشێوەی ئاڵاکەی ئێستای کوردستانییان هەڵداوە. بەڵام لەبەر ئەوەی لە رووی جەماوەری و هێزی سەربازی و سنوری چالاکیدا پاسۆک رێکخراوێکی بچوک و کەم کاریگەر و بێ جێگە و پێگە بوو، بۆیە ئاڵاکەی پاسۆک نەبۆتە دیاردەیەکی بینراو و هەست پێکراو لە کوردستان.

سێیەم: هەرێمی کوردستان وەک کیانێکی بێ ئاڵا


لەدوای راپەرین، حزبەکانی ناو بەرەی کوردستانی چۆن بێ ئاڵا لە شاخەوە هاتنەوە بۆ شار، ئاوەهاییش بۆ ماوەی ١٣ ساڵ (واتە لە نێوان ١٩٩١ تا ٢٠٠٤) بێ ئاڵای کوردستان حوکمرانییان کرد. لەگەڵ بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٩٢دا، هەر حزبێک لە حزبەکانی کوردستان رەنگێکی سادە وەک ئاڵای حزب بۆ خۆی هەڵبژارد. یەکێتی رەنگی سەوز و پارتی زەرد و سۆسیالیست شین و هتد. دیارە هەر یەک لە حزبی زەحمەتکێشان و پارتی کار (کە دواتر دامەزرا) دوو ئیستیسنائن لەم حاڵەتەدا و لەبری ئاڵای حزبی ئاڵای کوردستانییان، بەڵام بەڤێرژنی جیاواز لەوەی ئێستا هەڵدەکرد. بەهەر حاڵ، دوای هەڵبژاردنەکان کیانێکی تازە دروست بوو بەناوی حکومەتی هەرێم. ئەو کیانە پەرلەمان،  حکومەت، دامودەزگا و دامەزراوەکانی تری یاسایی و سەربازی هەبوو، بەڵام تا ساڵی ٢٠٠٤ کییانەکە بێ ئاڵا مایەوە. 

چوارەم: پارتی رێگر بوو لە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان


زۆرینەی چاودێران باس لەوە دەکەن کە هۆکاری سەرەکی هەڵنەکردنی ئاڵای کوردستان لە دوای راپەڕین و دامەزراندنی حکومەتی هەرێم رێگری پارتی بووە لەهەڵکردنی ئاڵای کوردستان و لەبری ئەوە پارتی پێی لەسەر ئەوە داگرتووە کە دەبێت ئاڵای عێڕاق (ئاڵای بەعس) لەسەر دام و دەزگاکانی هەرێم هەڵبکرێت. 
هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە یەکێتی داوای کردووە ئاڵای کوردستان لەبری ئاڵای عێراق لەسەر دام و دەزگا و شوێنە فەرمییەکانی هەرێم هەڵبکرێت. هەرچەندە یەکێتی زۆر جدی نەبووە لە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، بەڵام بەتوندی داواکەی پارتی بۆ هەڵکردنی ئاڵای عێراق رەتکردۆتەوە. 
 وەک زۆربەی کێشە هەڵواسراوەکانی تری نێوان ئەو دوو لایەنە، هەردوو لا لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە هیچ یەک لەو دوو ئاڵایە هەڵنەکرێن و پەرلەمان و حکومەتی کوردستان و دام و دەزگاکانی بێ ئاڵا بن.

جێگای سەرەنجە کە تا ساڵی ٢٠٠٤یش پارتی جگە لەوەی ئەم ئاڵایەی لەسەر هیچ دام و دەزگایەک هەڵنەدەکرد، هەوڵیشی دەدا کە بەربەست لەبەردەم هەڵکردنی ئاڵاکە لەلایەن حزب و لایەنەکانی تری ژێر قەڵەمرەوی خۆی دروست بکات. 
بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٩٧ پارتی بەزەبری هێز ئاڵای کوردستانی لەسەر سەرجەم بارەگاکانی پارتی کاری کوردستان (باڵی جیابووەوەی حزبی شیوعی کوردستان) دابەزاند.

پێنجەم: ئاڵای ئێستای کوردستان شەرعییەتی یاسایی نییە 

ئەو ئاڵایەی کە ئێستا وەک ئاڵای کوردستان ناسراوە، بەپێی یاسای ژمارە ١٤ی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٩دا پەسەند کراوە. لەڕاستیدا لەو ساڵەدا شتێک نەبوو بەناوی پەرلەمانی کوردستان و لەدوای شەڕی ناوخۆ و بەتایبەتی دوای ٣١ی ئاب، شتێک نەمابوو بەناوی پەرلەمان، ئەمەش لەبەر دوو هۆکار بوو. هۆکاری یەکەم هه‌ڵگیرسانی شه‌ری ناوخۆ بوو له‌٢ی مایسی ١٩٩٤. 
ئەمەش وایکرد کە نه‌توانرێت هه‌ڵبژاردن بۆ خولی دووه‌می پەرلەمان ئه‌نجامبدرێ و لە ساڵی ١٩٩٦ بەدواوە، بەکردەوە خولی یەکەمی پەرلەمان بەسەر چووبوو و هیچ شەرعییەتێکی نەمابوو. جگەلەوە، دوای ٣١ی ئاب فراکسیۆنی یەکێتی، کە نیوەی سەرجەم ئەندامانی پەرلەمانی پێک دێنێت، زۆنی زەردییان بەجێهێشتبوو و ئەوەی مابووەوە فراکسیۆنی زەرد و چەند ئەندامێکی کەمینەکانی نزیک لە پارتی بوون. یەکێتی بەهەموو جۆرێک شەرعیەتی پەرلەمانی رەتکردەوە و پارتی بە ئینقیلاب بەسەر شەرعییەتدا و پەرلەمانیشی بە پەرلەمانێکی داگیرکراو لەقەڵەم دەدا. 

بەدەر لەوەی لە ئێستادا یەکێتی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو یاسایەدا دەکات، هەموو ئەو بڕیار و یاسایانەی کە لەنێوان ٣١ی ئابی ١٩٩٦ و ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٢، رۆژی یەکەم کۆبونەوەی هەموو فراکسیۆنەکانی پەرلەمانە ماوە بەسەرچووەکە (واتە خولی یەکەم)، لەلایەن فراکسیۆنەکەی پارتییەوە دەرچوون، هیچ بنەما و شەرعییەتێکی یاساییان نییە. هەڵبەت یاسای ژمارە ١٤ی ئاڵای هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو یاسایانە.

لەراستیدا یەکگرتنەوەی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی  ٢٠٠٢ شدا نەیتوانی شەرعییەت بداتەوە پەرلەمان، چونکە جگە لەوەی یەکگرتنەوەیەکی شکڵی و سیمبۆلی بوو هێشتا پەرلەمان مۆرک و هەژموونی پارتی بەسەردا زاڵ بوو، هەرچەند یەکێتی بەسەرجەم پەرلەمانتارەکانییەوە گەرایەوە، بەڵام وجودی ئەو حزبە لەناو پەرلەماندا تەنها وجودێکی شکڵی بوو. بێجگە لەوەش، لەکاتی یەکگرتنەوەکەدا، لانی کەم شەش ساڵ بەسەر وادەی هەڵبژاردنەکانی خولی دووەمی پەرلەماندا تێپەڕیبوو. بۆیە هەر یاسا و بڕیارێک کە لەو ماوەیەدا (٢٠٠٢ تا نیسانی ٢٠٠٤) بۆ شەرعییەت دان بەیاساکانی پێش ساڵی ٢٠٠٢ دەرچووبێت، ناتوانێت شەرعییەت بەو یاسایانە بدات.   

شەشەم: ئاڵای ئێستا ڤیرژنی پارتییە

پارتی یاسای ژمارە ١٤ی ساڵی ١٩٩٩ بۆ دوو مەبەست دەرکرد. مەبەستی یەکەم، گێڕانەوەی سومعە و کەسایەتی سیاسی پارتی بوو. دوای ٣١ی ئاب ئەو حزبە پێویستی بە هەندێک خیتاب و دیسکۆرسی کوردانە و هەندێک هەنگاوی سیمبۆلییانە هەبوو. یاسای ژمارە ١٤، کە پێچەوانەی هەڵوێستی پێشووتری پارتییە، بۆ ئەو مەبەستە بوو. 

مەبەستی دووەم، پاشقولگرتن لە یەکێتی بوو. بەپێی ڕێککەوتنی واشنگتۆنی نێوان پارتی و یەکێتی لە ئەیلولی ١٩٩٨، دەبوایە پەرلەمان و حکومەتی هەرێم یەکبخرێنەوە. لە نێوان ئەیلولی ١٩٩٨ و  تشرینی یەکەمی ٢٠٠٢دا فراکسیۆنی پارتی بە بەرنامەیەکی دارێژراو کۆمەڵیک یاسا و بڕیاری بەپەلەی دەرکرد. ئامانج لەو یاسا و بڕیارانە پێش یەکگرتنەوەی پەرلەمان و حکومەتی کوردستان بۆ ئەوەبوو کە شەرعییەت بداتە هەژموون و جیهانبینی و خواستەکانی پارتی هەم لەناو پەرلەمان و هەم لەناو حکومەتدا. یەکێک لەو پرسانەش پرسی ئاڵا بوو. لەم ڤێرژنەدا ئاڵوگۆڕی سەرەکی لە رەنگی زەردی ئاڵاکەدایە کە نە لەگەڵ ئاڵاکەی کۆماری مەهاباد و نە لە گەڵ ئاڵاکەی ساڵانی هەشتاکانی پاسۆکدا یەکدەگرێتەوە، بەڵام گەورەترین تەحریف کە پارتی لە ئاڵاکەدا کردوویەتی تەفسیر و هۆکارەکانی ئاڵاکەیە کە لە پاشکۆی یاسای ژمارە ١٤ دا دایڕشتووە و هەوڵی داوە ئاڵاکە بە مستەفا بارزانییەوە ببەستێتەوە و وەک میراتێکی بارزانی بیناسێنێت.

حەوتەم: پێشەوا قازی محەمەد یان خیانەتی لێکراوە یان بوختانی بۆ هەڵبەسراوە

لەپاشکۆی یاسای ژمارە ١٤ ٢ لە بڕگەی “هۆیە پێیوستییەکاندا” نوسراوە “سەرکردەی نەمری کورد قازی محەمەد بەر لە شەهیدبوونی تەسلیم بە سەرکردەی رۆحی هەمیشە زیندووی نەتەوەی کورد مستەفا بارزانی کرد، کە ئەویش بەوپەڕی دڵسۆزی و خۆبەختکارییەوە پارێزگاری بەرگری لێکردووە و هەر بەشەکاوەیی مایەوە”. 
ئەم ریوایەتەی پارتی بۆ ئاڵا جگە لە دوو حاڵەت/گریمانە هیچ تەفسیرێکی تر هەڵناگرێت. حاڵەت یان گریمانەی یەکەمییان ئەوەیە کە فیعلەن قازی محەمەد ئاڵاکەی تەسلیمی مستەفا بارزانی کردووە.
ئەگەر گریمانەی یەکەم راست بێت، ئەوا پارتی بەگشتی و مستەفا بارزانی و مەسعوود بارزانی بەتایبەتی خیانەتییان لە قازی محەمەد کردووە و نەیانتوانییوە ئامانەتەکەی بپارێزن و ئاڵاکەی بەشەکاوەیی بهێڵنەوە، ئەمەش لەبەر دوو هۆکار. 
هۆکاری یەکەم ئەوەیە کە وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، بەدرێژایی ١٤ ساڵی شۆڕشی ئەیلول، بۆ یەک رۆژیش ئاڵای کوردستان لە یەک بستی ژێر دەسەڵاتی شۆرشەکەدا هەڵنەکراوە، بۆ یەک جاریش ئەو ئالایە لە بارەگاکانی مەلا مستەفادا نەبینراوە. کەئەمەش رێک بەو مانایە دێت کە قازی محەمەد خیانەتی لێکراوە و ئاڵاکەی نەپارێزراوە. هۆکاری دووەمیش، ئەوەیە کە ئەو ئالایەی یاسای ژمارە ١٤ دانی پێداناوە ، شەرعییەتی پێداوە و وەسفی کردووە، زۆر لە ئاڵاکەی کۆماری مەهاباد جیاوازە. لەبەر ئەوەی ئەم ڤێرژنەی ئاڵا لەژێر قەڵەمرەوەی مەسعود بارزانیدا تەسبیت کراوە، مانای ئەوە دەگەیەنێت کە مەسعود بارزانی دەسکاری ئامانەتەکەی پێشەوای کردووە، بۆیە ئەمجارە خیانەتکردن لە قازی محەمەد لەلایەن ئەو بەرێزەوەیە. 

حاڵەت یان گریمانەی دووەمیش ئەوەیە کە ئەم ریوایەتەی لە پاشکۆی یاساکەدا هاتووە هیچ بنەمایەکی نییە و قازی محەمەد هەرگیز هیچ ئاڵایەکی بە ئامانەت تەسلیمی بارزانی نەکردووە. زۆرێک لە چاودێران ئەو ئیدیعایەی پارتی رەت دەکەنەوە و بەراستی نازانن و میش ئەو گریمانەیە بەراستتر دەزانم. لەم حاڵەتەدا، ئەوا پارتی بەگشتی و ماڵباتی بارزانی بەتایبەتی تۆمەت بوختان بۆ قازی محەمەد هەڵدەبستن و کارێکی مێژووی گەورە و واتاداری دەدەنە پاڵ کە نەیکردووە.

 دواجار ئەوە بەرپرسیارێتی سیاسی و ئەخلاقی پارتییە کە دەبێت ئەم پرسە یەکلا بکاتەوە و لەهەردوو حاڵەتەکەشدا یاسای ژمارە ١٤ هەمووار بکرێتەوە.  بەواتایەکی تر، ئەگەر واقیعەن پێشەوا ئەو ئاڵایەی بەئامانەت تەسلیمی بارزانی کردووە، دەبێت پارتی وەڵامی ئەوە بداتەوە کە بۆچی بەدرێژایی ٤٢ ساڵ، واتە ماوەی نێوان روخانی کۆماری مەهاباد و کۆچی دوایی مستەفا بارزانی، بۆ یەک رۆژیش بارزانی ئەو ئالایەی هەڵنەکرد؟ ئەگەر، ئەم ریوایەتەش هەڵبەسراوە و هیچ بنەمایەکی نییە، ئەوا دەبێت پارتی و ماڵباتی بارزانی داوای لێبوردن لە قازی و سەرجەم گەلی کوردستان، بەتایبەت گەلی رۆژهەڵات و باشور بکەن.

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About زريان احمد

Check Also

imperial-mosque-istanbul

ئه‌سته‌مبۆڵا ناوه‌ندی مه‌عریفی ڕۆناكبیری كورد

  سه‌لام ناوخۆش سێكوچكه‌ی باشوور له‌ باكوور نالی، حاجی قادری كۆیی، پیره‌مێرد ……………. ——————– ده‌روازه‌ …