Home / مێژووى جیهان / مێژووی دۆزەخ

مێژووی دۆزەخ

مێژووی دۆزەخ

53-1

سەلاح محمد

ئەگەر مرۆڤ لەسەر زەوی دۆزەخێکی بینیبێ، ئەوە لە خەیاڵیدا دۆزەخێکی تری مەزەندە کردووە، ھەمیشە سڵی لێ کردووەتەوە، بەردەوام لەبەردەمیدا دەستەوەستان بووە و لە شوێنێکی تردا بەدوای قەرەبووکردنەوەی ژیانی خۆیدا گەڕاوە، تا دوور بێ لەو شتەی کە پێی دەوترێ دۆزەخی دووەم. کەمن ئەوانەی لەنێوان ھەڵبژاردنی دۆزەخ و بەھەشتدا، پەنایان بۆ خوا نەبردبێ، با ھەرچەندە دۆزەخەکەی ژیانیشیان ئەوەندە سەخت بووبێ کە نەیانتوانیبێ تەحەمولی بکەن. ھەڵھاتن لە دۆزەخ ئەو خەونە بووە کە مرۆڤ لە نووسراو و ئایین و بیرکردنەوەیدا بەدوایدا گەڕاوە. کتێبی (مێژووی دۆزەخ) لە نووسینی نووسەری فەڕەنسی جۆرجیس مینۆس و وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی کوردی ھێمن مەھدی، وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە بۆچی مرۆڤ بیری دۆزەخی بە خواوە بەستووەتەوە، ئایا خوا بۆ دروستکردنی لایەنگرانی خۆی ئەو دۆزەخەی دروست کردووە، یان ئەو دۆزەخە ھەر ھەبووە و لە دادگایی خواییدا شوێنێکی بۆ دیاری کراوە. مینۆس ھەر لە شارستانییە زارەکییەکانەوە تا بیرۆکەی سووتان و ئازار و ژان چەشتن لە سەدەی نۆزدەھەمدا باس لە چەمکی دۆزەخ دەکات. ئەم کتێبە ساڵی ١٩٩١ چاپ کراوە، بەڵام لەبەر گرنگیی پێشوازی لێکردنی لەلایەن خوێنەرانەوە، چەندان جاری تر چاپ کراوەتەوە. 
لە سەردەمی بتپەرستی و سەردەمی پەیدابوونی ئایینە ئاسمانیەکانیشدا، ئەم بیرۆکەیە ھەبووە و گەشەی پێ دراوە، ئەمەش وای لە نووسەر کردووە کە کتێبەکە بۆ چەند لایەن و لێکدانەوەی ھەمەچەشن دابەش بکات. لە دۆزەخی نێو شارستانییە سەرزارەکییەکانەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە دۆزەخی تەوراتی و مەسیحی و پاشان دێتە سەر گەشەکردنی ئەم بیرۆکەیە لە ئایینی نوێی سەردەمدا. لە شارستانییە زارەکییەکاندا دۆزەخ بۆچوونێ بووە لەمەڕ بوونی شوێنێ یان سەرزەوییەک کە تیێدا کار و چالاکییەکانی مرۆڤی ئاسایی تێیدا ئەنجام دەدرێ، ئەو کار و چالاکییانەی کە لەسەر زەوی ئەنجامی دەدا. بەڵام لەو سەردەمەدا روانینیان بۆ دۆزەخ جیاواز بووە، واتە دەستنیشانی چاکە و خراپە نەکراوە، ئەوەی دەستنیشان کراوە، ئەو ژیانەیە کە تێیدا ھەر کارێکی ئاسایی ئەنجام دەدرێ. شوێنەکان لە دۆزەخدا خەماوین و ھەر کارێ بە شێوەی تارمایی بەڕێوە دەچێ. ئەوانەی لەو شوێنانەدا نیشتەجێ دەبن ئەوانەن کە رێزیان بۆ سرووتە ئایینیەکان دانەناوە. لەوێدا سزادان بریتییە لە رەوانەکردنیان بۆ دەرەوەی ھۆز. دیارە روانینی ھەر سەردەمێکی سەرزارەکی پێوەندیی بە دانیشتوانی ئەو ناوچانەوە ھەبووە کە تێیدا نیشتەجێ بوون، لای ئەفریقیەکاندا دۆزەخ شوێنێ بووە لەسەر زەوی دەستنیشان کراوە، بۆ نموونە لای سینیگالیەکان ھۆنۆلۆ لە ناوجەرگەری زەوی شوێنێکی شوومە و تێیدا مرۆڤ تواناکانی وردە وردە لەدەست دەدا. لای ئەوان ئەو بۆچوونە ھەبووە کە دۆزەخ ئاوێنەیەکە بۆ ژیانی سەرزەمینی و بەردەوام دەبێ، واتە شەو دەبێتە رۆژ و رۆژیش دەبێتە شەو. چەپ و راست پێچەوانەوە دەبن. بەڵام ئەم بۆچوونانە بەپێی روانینی شامانییەکان شتێکی ترە کە ئەویش رێک لە بۆچوونی نێو داستانی گیلگامیش دەچێ، لەوێدا سەفەر بۆ نێو دۆزەخ دێتە ئەنجامدان، وەک سەفەری گیلگامیش بۆ زیندووکردنەوەی ئەنکیدۆ. لە ئەمەریکا و جیرمانی و ئەسکەندەناڤییەکاندا جیاوازی لە تێگەیشتندا ھەبووە لەمەڕ مانای دۆزەخ و سزای دۆزەخ. بەڵام لە ئایینە دێرینە گەورەکانی رۆژھەڵاتدا روانینی جیاوازتر ھەبووە. جیاوازیی نێوان دۆزەخی ئەم ئایینانە و ئەوانەی کە لە سەردەمە زارەکییەکاندا باسمان کرد، بوونی رۆژی حەشرە، لەوێدا جڵەو بەدەستی خواوەیە. بەڵام لای ئایینەکانی رۆژھەڵات، دۆزەخ قۆناغێکە و مرۆڤ تێیدا تووشی گۆڕان دەبێ، واتە پاش گۆڕانی گەورە لە دۆزەخ دێتە دەرەوە. فەرمانێکی نوێیان بۆ ژیان پێ دەدرێ. لای میسرییەکان بڕیاردان لەسەر چارەنووسی گیان گرنگییەکی زۆری ھەبووە، پاش مەرگ جەستە ھەڵدەستێ بە سەفەرکردن بە ناوچە نامۆکاندا. خراپەکاران دەخرێنە شوێنە تەسک و تاریکەکانەوە، کە تەژییە لە بۆگەنییەکی تاقەت پڕووکێن، پاشەڕۆکی خۆیان دەخۆن، میزی خۆیان دەخۆنەوە، بەسەر کەللەی سەردا رێ دەکەن، تا ئەوە روون بکەنەوە کە سیستەمی گەردوونیان سەرەوخوار کردووەتەوە. کەواتە ئازارەکان لە دۆزەخی میسریدا دیسان ھەتاھەتایی نین. مەبەستەکە ئازار نییە بگرە قڕکردنی ئەوانەیە کە برەو بە ئازار دەدەن. لای ھیندۆسەکان شەڕەنگێز و خراپەکار ئەو کەسەیە کە حەز بە ژیانێکی تایبەت دەکات، ئەو ژیانە تەنیا بۆ خۆی بێ و خۆی بەسەریدا زاڵ بێ، لەم دنیایەدا ھەوڵی کۆکردنەوەی سامان و نەمری بۆ خۆی بدات. کەسی خراپەکار ئەو کەسەیە کە خۆپەرستی لەنێویدا پێچ دەخواتەوە، بۆیە دەچێتە دۆزەخ، لەوێ بۆ گوناھەکانی خۆی و بەپێی رادەی ترسناکیی ئەو خراپەکارانە سزای شیاوی بەنسیب دەبێ، سزای تایبەت بۆ ھەرکەسێ، بێبەزەییەکی لەڕادەبەدەری تێدا پەیڕەو دەکرێ: ھەژارەکە پارچە پارچە دەکەن، دادەیڕزێنن، دەیھاڕن، دەیبڕنەوە، کوناودەری ونجڕونجڕی دەکەن و دەیبرژێنن، بە قامچی لێی دەدرێ. دۆزەخ لە چەند خانەیەکی تایبەت پێکھاتووە بۆ دەیان ملیۆن کەس. ئەم ئازار و ئەشکەنجانەی کە تیاچوو دەیچێژێ سنووری نییە. لە بەشی بتپەرستیی کلاسیکیدا باس لە دۆزەخ لای یۆنانییەکان دەکات، ئەو دۆزەخانە ھەندێ جار شوێنی پاڵەوانە یۆنانییەکان بووە، ئۆلیس کاتێ کە سەردانی دۆزەخی کردووە لەوێدا چاوی بە سزادانی ھەندێ پاڵەوان کەوتووە وەک تیۆسی کوڕی زەمین، تانتالیش و سیزیف. دۆزەخ دنیایەکی داخراو بووە، لەوێدا تێکەڵەیەک لە بوونەوەران و گیانە مردووەکان سزا دراون، بەڵام مردن و ژیان لەیەکتری جیا نەکراوەتەوە، ھەرچەندە بیرمەند و فەیلەسوفە یۆنانییەکان بڕوایان بە بوونی دۆزەخ نەبووە، ئەوان پێیان وابووە مرۆڤ بیرۆکەی دۆزەخی لەسەر زەوی دروست کردووە و لەخەیاڵیشیاندا پاش مردن دۆزەخێکی ئا لەو جۆرە ھەیە. ئەوان پێیانوابووە حەشرکردن و قیامەت بوونی نییە، خوا خۆی بە مرۆڤەوە سەرگەرم نەکردووە، دنیای خوداوەند تەواو بە دنیای مرۆڤ نامۆیە. دیارە پاش ئەم بەشانە، نووسەر دێتە سەر باسکردنی شێوەکانی دۆزەخ لەنێو ئایینە ئاسمانیەکان وەک دۆزەخ لای جووەکان و ئەوەی لە تەورات و لای عیبرییەکاندا ھەبووە، لەوێش باس لە دۆزەخی تەوراتی و تەلمودی دەکات. ھەروەھا دەچێتە سەر باسکردنی دۆزەخی مەسیحی و ئاماژە بە دۆزەخی نەریتە میللیەکان دەکات. ھەرچەندە خوێندنەوەی لایەنەکانی تری نێو ئەم کتێبە ئەوەمان تێدەگەیەنێ کە بیرۆکەی دۆزەخ بەنێو زۆربەی بۆچوونە ئایینییەکاندا چووەتە خوارێ و لە سنوورێکدا نەسوڕاوەتەوە، بەڵام کاریگەریی ھەر ئایینێ بەسەر ئەوی ترەوە شتێکی بەڵگەھەڵنەگرتووە. واتە بیرۆکە سەرەتاییەکانی نێو ئایینە سەرەتاییەکان لە ئایینە ئاسمانیەکانی دواتردا رەنگ دەدەنەوە، کە ئەمەش بۆخۆی ئەوە دەسەڵمێنێ ھەمیشە مرۆڤ لەگەڵ ئەو بیرۆکەیەدا ژیاوە و سەردەم پاش سەردەم پەرەی پێداوە. سەرچاوە: مێژووی دۆزەخ جۆرجیس مینۆس وەرگێڕانی: ھیمن مەھدی نەقشبەندی لە بڵاوکراوەکانی خانەی موکریانی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە ساڵی ٢٠١٤

About زريان احمد

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …