Home / بەشی مێژووی كورد / شەڕەكانی كۆڕێ‌ و دانوستانی نێوان كوردستان و بەغدا

شەڕەكانی كۆڕێ‌ و دانوستانی نێوان كوردستان و بەغدا

شەڕەكانی كۆڕێ‌ و دانوستانی نێوان كوردستان و بەغدا

FB_IMG_1491203666697

شوان رابەر

 

بێگومان شەڕەكانی كۆڕێ‌ و دانوستان، لە میانە و دەرەنجامی ڕاپەڕینەكە بوون، ، دوای ئەوەی ڕژێم مەسیفی داگیر كردەوە و ، هێزەكانمان هاوشانی هێزەكانی تر لە سەر كێوەكانی كۆڕێ‌  سەنگەریان گرت‌و دامەزران ، ئێمەش بەكاری پێویست چووینە خەلیفان و سۆران ، بۆ ڕۆژانی دواتر لەگەڵ مامۆستا عەبدولقادر .. هاموشۆی شەقڵاوە و حوجرانمان دەكرد ، بە پێ‌ پێویست دەماینەوە ، بارەگامان لە حوجران بوو ، هێزەكانمان لە بەرگری دابوون ، ڕژێم وەك گورگی هار و پارێز بەر وهەلپەرست ، بۆ تۆڵەسەندنەوە كەوتەهەڵمەت و هەڵپە ، ڕۆژانە لە هەواو لە زەمین بە هەموو جۆرێك بە هەموو چەكێكی قورس نەخاسمە بە هەلی كۆپتەر ئەم ناوەی بۆردوومان دەكرد ، چەندان ڕەتڵە تۆپ و هاوانی لە بناری مەسیف دانا بوون ، بەردەوام دەیان كوتا ، خەڵك هەراسا ببوو ، دەرەنجام وایدەزانی ڕێگەی لە بەر دەم تەخت‌و والایە ، بۆ یە بۆیە كەمجار لە 7 / 4 / 1991 هێرشی دەبابە و پێ‌ ڕۆی دەست پێ كرد ، پێڕۆ لە هەوڵی سەركەوتنە سەر بەررزاییەكاندا بوو ، پۆلێ‌ سەربازیش بە پاڵپشتی ( 4 ) دەبابە و ( 1 ) سەیارەی توێتا كە جیهازی ڕاكاڵی بێ‌ تەلی لە سەر بوو ، دەجادەی گشتی ناو كۆڕێ‌ بەرەو حوجران كەوتنە ڕێ ، لەلایەن پێشمەرگە ڕێگەیان پێدرا تا گەیشتنە سەرەتای دەربەند ، لە هەموو لاڕا لە لایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەو تەنگەبەرە لێ‌ یان درا ، لە نێویاندا پێشمەرگەكانی بزووتنەوەی ئیسلامیی ئەوسا ڕۆڵێكی زۆر كاریگەر و گوزروەشێن یان هەبوو ، دەرەنجام هەر چوار دەبابە و سەیارەكە تێك شكان و ، كۆمەڵێ‌ سەرباز و ئەفسەریش كوژران ‌و زامدار بوون ، كاتێ‌ لەگەڵ مامۆستا عەبدولقادر و مامۆستا سەلمان لە دەربەندەكە كە ئێستا دیوارە .. چووینە سەریان ، سەربازەكانی ناو دەبابەكان و دەورووبەریان هەڵپڕوزا بوون ، بە دەبابەوە ببوونە خەڵووز ، كاتێ‌ سەیرت دەكردن سامت ڕێ‌ دەكەوت ، توێتایەكەش لە لێواری خوارەوەی جادە لێدرا بوو ، ئەو دەبابەی كە نەسووتا بوون ، پڕی كەلوپەلی تاڵان و دزرا و بوون ، وەك قاپ و قاجاخ و كەلوپەلی دوكان و ژن و ماڵان ، تومەز لە گرتنەوەی شوێنەكان پڕیان كردبوو ، دەیان ویست زیاتریش سەر و ماڵی خەڵك بەتاڵان و بڕاوی بۆ سەرانی خۆیان بە دیاری ببنەوە ، كەچی ئەوێیان لێ‌ بوو بە ئاگردان و گڕكان و دۆزەخ ، بەمە ڕژێم ورەی دابەزی و بۆ ئەو بەری مەسیف پاشەكشەی كرد تا خۆی ڕێك بخاتەوە ، بە نەخشە و بەرنامەیەكی تر هێرش بكاتەوە ، پشوێك بدا ، هەناسەیەك بخواتەوە ، چەند ڕۆژێك لەوێ‌ لە سەر ئەم بست و بانوانە هەڵوەستەی كرد ، بەرامبەر یەك سوپا و پێشمەرگە لە سەنگەر دا بوون ، ڕۆژانە بێ‌ قسوور و سنور ئەو ناوەی دەكوتا .. ، تا جاری دووەم  لە 11 / 4 دواین هێرشی كرد ، وەلێ‌ هێرشێكی زۆر سەخت و دڕندە بوو بە پاڵپشتی زەمین و هەوایی .. ، بەیانی كاتی سپێدە لە هەردوو بەری دەربەند سوپا بەنهێنی و كتوپڕی و زۆر بەگەرمی و بە خەستی و بە چڕوپڕی هێرشی كردە سەر هەر دوو بەر ، بەری پاش چێڵان كە دەكاتە بەری پشت گوندی كۆڕێ‌ و ئاژگە و ئارماوان ( پارتی و بزووتنەوە و حزب الله و شیوعی و سۆشالیست .. ) لە جەبهەكە بوون , بەری ( تەلان ) یش دەكاتە پشت شێرە سوار و گۆڕە شێر ( یەكێتی و زەحمەتكێشان و پارتی گەل .. ) لە بەرە بوون , بۆ وێنە بەگشتی لایەنەكان ئەوسا ئەم بەرپرسانەیان لە ناوچەكە بوون , هەركەسەو سەرپەرشتی خەڵكی خۆی دەكرد , لە نێوان كۆڕێ‌ و بارەگاكانی تری سەرەوەیان دەهاتن و دەچوون , ئەوانیش هەموو مەسئول و لایەنەكان وەك یەك ڕۆڵ و بە شداریان نەبوو , بە هەرحاڵ ئەوانەی زیاتر دەبینران و دەناسران و لەم دەورووبەرە بوون , ئەمانە بوون , لە پارتی بەڕێزان ( حەمیدە فەندی ، دكتۆر سەعید بارزانی ، خەمەد ، شێخەڵڵا ، وەستا یونس ، خالید ئاژگەیی ، عەلی دۆڵەمەری ، حەسەن نەجار .. )، لە یەكێتیش بەڕێزان ( كۆسرەت ڕەسوڵ ، حەسەن كوێستانی ، سەفینی مەلا قەرە ، عەبدوڵڵا بۆر، مامۆستا بەكر ، حاجی مەسیفی ، فاقە مەخموری  .. ) ، لە سۆشیالیست بەڕێزان ( سەید كاكە ، سەید عەبدوڵڵا ، شێرزاد قادر ، مەلا كەمال .. ) لەحزب الله ( برایم حەمكۆ، قادر عوسمان ، .. ) لە لایەنی خۆشمان ئەوبەرپرس‌و فەرماندانەی پێشتر  باسم كردن لە ناوە ، لەومیحوەرە بوون ، وەلێ ئەوانەی زیاتر لە ناو شەڕەكەولەدەوروبەری بوون ئەمان لەوێ بوون : م / عبدالقادر برایەتی ، م / سەلمان ، شەهید مەلا عومەر ، م / محمود فقێ‌ ، شوان رابەر ، …. هتد . وە ئەم پێشمەرگانەشمان لەوێ‌ بوون : شەهید محمد عسمان ، حسن هەلەبجەیی ، عبدالباسیت ، قاسم عبدالرحمن شێخ وەستانی ، زانا ئازادی ، رەنجدەر ، رەمەزان ،  ….. هتد . ، لە لایەنەكانی تریش بەرپرسەكانم لەیاد نین یائەوسا نەمدەناسین، داوای لێبوردنم لێیا هەیە .

لە بەری تەلان پێش شكانی دەبابەكانی ئەمجارە جاری دووەم , پۆلێ‌ پێشمەرگە یەكێتی پەڕینەوە بەری چیای سەفین بۆ دواوە چونە لای شەقلاوە ، بەناوی ئەوەی دەچنە پشتەوە و بروسكەیان بۆ كراوە ، لەبەری ( پاش چێڵان ) یش شەوی هێرشەكە زۆربەی پێشمەرگەكان دابەزیبوونە ناو قەدی چیا بەرەو لای حوجران لە ژێر خێوەتەكان پشوویان دابوو ، بەو ناوەی حكومەت بێ‌ ئاگایە و بەیانی سەردەكەونەوە ، بۆیە حكومەت زوو دزەی كردە سەر چیاكە و پێشمەرگەی هەراسان كرد ، سەعات حەوتی بەیانیش بە ڕووناكی ڕەوە دەبابە و سەربازێكی زۆر بەپێ‌ دەجادەی گشتی دەڕێكرد بەرەو سەرەوە بۆگوندی ( حوجران ) ، پێشمەرگەش وەك نەخشە و پلانی سەربازی ‌و بە ناچاری ڕێیان دا ، تا دەربەندیان بەزاند , گەیشتنە ڕاستی گۆڕستانی شێرەسوار، ڕاستی خواردنگە‌ودەبابەكانی ئێستا ، پێشمەرگەكانی ئێمەش وێڕای ئەوەی كە مەفرەزەمان لە سەر چیای پاش چێڵان لەگەڵ لایەنەكان بوون , وەلێ‌ لە سەر گردی پشت جادەی سەرەكیش بوون , بەڕەسمی ڕەبیە و سەنگەرمان لەوێ‌ بوو .. ، لە ناكاو لە هەموولاڕا لەلای ئێمە ‌ولەو بەری تەلان لە دەبابەكان دراو گڕدران ، هێرشیان كرایە سەر ، بۆ وێنە كاك حەسەن هەڵبجەیی پێشمەرگەی دێرینی هێزی شافیعی هەولێر، یەكەم كەس بە ئاڕپێچی و صارۆخی ستڕێللا كە من دابوو مەكاك حسن لێیدان ، لەبەر ئەم ئازایەتیەش من سەعاتێكی دەستیم لە گوندی كۆڕێ‌ لەدەستی جوندێكی كوژراوكردەوە بۆ ئەوەی زایە نەبێ ، دواتر دامە دەستی م / عبدالقادر، ئەویش وەك خەلات  بەدیاری دایە كاك حسن هەلبجەیی لەبری ئەو ڕۆلەی لەشەڕەكە هەیبوو ، ئیتر سوپاو دەبابەكان بە هەموو چەكێك تەقەیان لێ‌ كرا و هێرشیان كرایە سەر، كاك ڕەنجدەرمان نارنجۆكی فڕی دا نێو دەبابە . دواتر ئێمەیش من و مامۆستا عەبدولقادر و مامۆستا مەحمود فەقێ‌ و كاك عەبدولباست مراد و شەهید موحەممەد عوسمان ( شێروان ) و هی تر لە خەتی جادەی گشتی هێرشمان كرد بۆ پێشەوە ، بۆلای دەبابەكان چووین ، دەرەنجام دیتمان  (7 ) دەبابە و ( 1 ) سەیارە سووتان و تێكشكان و ( 40 ) سەرباز و ئەفسەر كوژران و زۆریشیان زامدار بوون ، دەبابەیەك بە ساغی زوو بەرەو دواوە گەڕایەوە ، سەربازەكان خۆیان لە پشت ڕادەكرد ، دەبابەیەكیش بە ساغی هێنایانە هەورازی پێش بگەییە سەیتەرەی ئێستای شەقڵاوە ( خەڵك وای دەزانی تا ئەوێ‌ هێرشیان كردوە ) ، كاتێ‌ بەسەر دەبابە و شەڕگەكە ڕاگەیشتین ، نەوەستاین بەرە و كۆڕێ‌ بە دوای سوپای تێشكاودا چووین ، بیست كوژرا و بریندار لە دەورووبەری جادە كەوتبوون ، هەویەمان لە گیرفان دەرهێنان ، پێشمەرگەیەكی لایەنێك لە دوای ئێمە بریندارێكی تەواو كرد ، جێی باسە لەرێگەمامۆستا بە كاك شەهید شیروانی گوت بڕۆ كامێرا لە ناو سەیارە بێنە بۆ ئەوەی وێنەی شەڕەكان بگرین ، دیارە ئەجەلی هاتبووگوتی مامۆستا من ناچم پێم خۆشە بچمە شەرەكە بابرایەكی تر بچێت ، مامۆستایش كاك عبدالباسیتی ناردا ، لەوێ لێك دابڕاین ، من ‌و مامۆستا عەبدولقادر زوو بە لێواری جادە بەناو غاباتەكە بەرە و كۆڕێ‌ چووین , ئەوانی تریش م / محمود و شەهید شیروان لە دوامان هاتن ، تا گەیشتینە ناوكۆرێ‌ ناوخانووی كاك ئەحمەد شەریف كەلە سەر گردە ، لەوێ‌ سەنگراینەوەو بوو بە سەنگەرمان ، لە پێشەوەی لایەنەكانی تر بووین ، دوژمن زۆر بە خەستی تەقەی لێ‌ دەكردین ، كەوتینە شەڕی ماڵ بە ماڵ تا كۆڕێ‌ پاككرایەوە و دوژمن سەحبی كردەوە ، لەوكاتە سەیارەیەكی شۆفرلێتی شینی قەمەرە لەلای سەرەوەی شەقڵاوە لە ناو پێشمەرگە هاتە خوارەوە و بۆ ناو حكومەت دەچوو، من و مامۆستا عەبدولقادربەیەكەوە بووین ، گوتی ئەوە ( موقەدەم دارا ) ی وەفدی حكومەتە بۆ ناو پیشمەرگە هاتووەو دەگەڕێتەوە مەسیف ، شەڕگەرمە ، شەهید وزامدارمان داوە ، لایەنەكان لە پشتەوە مانن ، منیش موزەللی یەكی مەخزەن حەفتا و پێنج فیشەكیم پێ‌ بوو ، لەدلسۆزی مان بڕیارمان دا لێی بدەین ، خێرا گوتم مامۆستا تۆ وەرە دواوە بالێی بدەم , چوومە پێش بۆ لێواری جادە ویستم گوللە بارانیان بكەم ، پاكی بۆ خوا لە بۆردومانەكە تۆپێك بە دەورووبەمان كەوت ، كەوتینە عەردو  لە دواوە لایەنەكان پێمان حەسان ، وەزعەكە تێكچوو ، سەیارەكەش خێرا كشانەوە دواوە‌وهەلاتن ، لەوێ‌ جەماعەتی پارتی كاك خالید ئاژگەیی و یەكێتی لە پشتەوەمان بوون ، چووینە ناو كۆڵان‌و مالەكان لەگەڵ حكومەت ماڵ بە ماڵ تەقەمان لە یەكتر دەكرد، مالێك مەنجەلێك دۆلمەیان لەسەر تەندوور بوو ، تۆزێك گەڕاینەوە دواوە بۆ ناو خانووی كاك ئەحمەد شەریف لە سەر گرد ، شوێنێكی قایم بوو، مامۆستا مەحممود فەقێ‌ و كاك شێروانیش مان هاتنەلا، كاك عەباس وكاك عەبدولوەهاب شێخ جەمیل یش كە دوو پێشمەرگەی یەكێتی بوون هاتنەلامان ، دەمان ناسین ، لەبەر ئەوەی عەباس پێشمەرگەی كۆن بوو زۆر جار لە دۆڵی قاسمە ڕەشی سنوور دەم دیت ، عەبدولوەهاب برای كاك شێركۆ جەمیلی خۆمان بوو، پێشمەرگەی تازەبوو ، لەو گردە كەوتینە تەقە و سەنگەر گرتن ، بیكەیسیم لە مامۆستا مەحمود فەقێ‌ وەرگرت  ئەویش وەری گرت بوو، ماوەیەك لەو گردە ڕەمیم پێ‌ لە بەرەوسەنگەرەكانی حكومەت كرد، هەندێ‌ سەربازم پێ‌ لە دوورەوە ڕاونان ، تومەز دەمێك بوو بە قەناسەیەك بە دووربین منی كردبووە ئامانج ، تەقەی كرد سەرم لەگەل گولله سوڕا ، خوا كردی نەی پێكام ، ئیتر بەردەوام تەقەمان لە یەكتر دەكرد ، لەو بارودۆخەو سەروبەندە دابووین ( شەڕ بوو )، وازێكی عەسكەری لەلای مەسیف ڕا هاتە ناو كۆڕێ‌ و پەیتا پەیتا دەهاتە پێش ، ئاگامان لە هیچ نی یە ، تومەز وەفدە بۆ ناو پێشمەرگە دێ‌ و عەباس و عەبدولوەهاب یش بۆ پێشوازی و وەرگرتنی هاتوون ، كە بینیان خۆم خۆش كردوە بە بیكەیسی تەقەی لێ‌ بكەم ، بەد گومان بوون و دەترسان و گوتیان : كاكە ئاگاداربە تەقەی لێنەكەی ، گوتم : بۆ ؟ گوتیان : ئەوە وەفدی حكومەتە بۆ مفاوەزات دێ‌ ، گوتم باشە ! لەدڵی خۆم بڕیارم دا گوتم فرسەتە كەوتە بەرێ‌، تادەهاتە پێشتر چەند جارێك دووپاتی ئەوەیان كردەوە ، گەیشتە پێش قوتابخانەی سەرەتایی كۆڕێ‌ و بە بیكەیسی دەورەم كردە ئاگرو تەپ و تۆز ، سەیارە وەستا و بەناچار بەرەو مەسیف هەڵات، عەباس و وەهاب زۆر توڕەبوون گوتیان : نەمان گووت تەقەی نەكەی، گووتم : تەقەی دەكەم ،گوتیان : نازانی ئەوە مفاوەزاتە وەفدە بەرە و ئێرە دێ‌ ، دوور بێ‌ لە تانەو مەدح ،وەك هەقی خۆم پێم گووتن : نەخێر نازانم مفاوەزاتە ، موفاوەزاتی چی ، ئەوە شەڕە ، شەهیدمان داوە و حكومەت وا تەقە دەكات ، تاكەی واز لەم خیانەتە ناهێنن ، لوولەی بیكەیسیم بەرەو لایان بەرز كردەوە ، بۆئەوەی ئیحتیاتی خۆیان دەربارە وەربگرم ،  مامۆستا عەبدولقادر هاواری كردو گوتی ڕاوەستە،  مەترسی هەبوو لێیان بدەم ، بەناچاری چوونە دواوە ، ئێمەش هەر لەوێ‌ ماینەوە ، تومەز ڕۆژانی پێش تریش موقەدەم دارا و عەبدوڕڕەزاق مەرحی بە وەفدی حكومەت هاتبوونە شەقڵاوە ، لەگەڵ مامۆستا عەبدولقادر و وان لە بارەگاكان بە دوایاندا گەڕاین ، ئیتر هەر لەو گردە بووین موفاوەزاتی چی ؟ حكومەت بەردەوام تەقەی لێدەكردین ، تا لە دواكاتەكانی شەڕ لەوێ‌ لە ناكاو كاك شێروان لە تەك من كەوتە خوارەوە ، گوللەكە بە من نەكەوت بەو كەوت ، من ئەجەلم نەهاتبوو ئەو ئەجەڵی هاتبوو ، هەر زوو گیانی دەرچوو ، نەمانزانی چۆن تەرمی سەحب بكەینەوە ، لە شەڕین ، بێ‌ سەیارەین ، تەنها من و مامۆستا برایەتی  و م/ محمود فقی بووین ، م/ محمود فقی یش چوە سەرەوە خەبەری شەهیدبوونی ناوبراو بدا ، بەناچاری لە پشت گرد لەگەڵ مامۆستا عەبدولقادر شەهید شێروانمان بە جلی خۆی لە ناو جۆگەیەكی خۆڵی وشك نا ، بە حەربە و دەست خۆڵمان وەسەر هەڵدا ، مەبادا دوژمن بێتە پێشەوە و تەرمەكەی ببا، هاتینەوە شوێنی خۆمان بەردەوام لە سەنگەر دابووین ، كاتێك وردە وردە جوندیەكی بێ‌ چەك هات ، نوێنەر بوو بۆ موفاوەزات دەهات ،سەرەتا هاتە لای ئێمە بە حوكمی ئەوەی لە پێشەوە بووین ، كورد بوو ، موڕاسیلی ئەفسەرێكی گەورە بوو، دوای ئەوە كە مامۆستا زۆر پرسیاری لێكرد ، ڕەوانەی سەرەوەمان كرد ، مامۆستا مەحمود – یشمان بە كارێك ڕەوانەی سەرەوە ( بارەگای حوجران ) كرا بوو ،  ئێمە هەر لەوێ‌ بووین ، كاتێك كاك سالار ڕواندزی زۆر بەخەمباری لە سەرەوە هاتەلامان و گوتی : كاك مەلا عومەر شەهید بووە ، بەڕاستی لەگەڵ مامۆستا زۆر دڵ تەنگ و نیگەران بووین ، چونكە ئێمە مەلا عومەرمان دەناسی چی یە و كێیە، زەرەرو كەلێنێكی زۆر گەورە بوو بۆ ئێمە ، بەڵام قەدەرو  ویستی خوا لە سەرووی هەموو شتێكە و زۆر شكور ، هاوكێشەی دڵمان گۆڕا ، ئێمەش خەبەری كاك شێروانمان بە كاك سالارگەیاند ، لەو كاتە بوو تەقە وەستا وەختێ‌ بینیمان چەكدارێكی زۆر هاتنە خوارەوە ، پێ‌ حەساین كە بۆ دانوستان دەچن ،مامۆستاش گوتی : با بگەڕێنەوە سەرەوە تازە كەڵكی ئێمەی نەما ، منیش گوتم  با لەگەڵ یان بچین ،گوتی : كاری ئێمە نی یە وكەڵكی نیە، گوتم : بابچین ئەوە شتێكی مێژووییە با ئاگامان لە شتەكان بێ‌ ، بۆ ؟ شەڕ بكەین و قوربانی بدەین ،  وەلێ‌ بەشداری ئەوە نەكەین ، ئیتر لەگەڵ یان چووین  تا سەر پردی نێوان كۆڕێ‌ و مەسیف لە سەر جادە لە بەری لای كۆڕێ‌ ڕا لە سەر ڕێگا بە پێ‌ وەستاین ، وەفدێكی حكومەت لە پێشوازی بوون ،كاتی خۆر ئاوا بوون بوو، ئەوان ( دوو ) عەمید ڕوكن و چەند عەقید و موقەدەم و ئەفسەرێكی تر و سەربازێكی زۆر بوون ، پۆلە دەبابەیەك سەریان لە ناو بەستی كۆڕێ‌ نابوو ، لە یەكێتی كاك كۆسرەت و كاك سەفینی مەلا قەرە و .. هتد لە پارتیش كاك حەمیدە فەندی و خالید ئاژگەیی و ..  هتد بوون ، ئێمەش تەنها : من و مامۆستا  برایەتی و كاك سالار بووین ، وەفدەكە بە سەرۆكایەتی كاك كۆسرەت بوو  بۆیە ئەو دەمڕاست بوو، كاتێ‌ سەرەتا عەمید ڕوكنێكی چاو بە عەینەكی بێ‌ سمێڵ گوتی : ئێمە لە سەركردایەتی خۆمان فەرمانمان بۆ هاتووە ئاگر بەست بكەین ، ئەو خاكە خاكی هەمووانە، لە سەر چی خوێن بڕژێ‌، هەردوولامان مسوڵمانین ، پێویستە ڕێگەشمان بدەن ئەو تەرمانەی لای ئێوە ببەینەوە، كاك كۆسرەتیش لە جیاتی هەمووان گوتی : ئێمەش ئامادەی شەڕ وەستانین با بێن تەرمەكان ببەنەوە، ئەوەی بەباشی زانی گوتی… ، گەڕاینەوە سەرەوە ، هاتن تەرمەكانی لای دەبابەكەنیان بردەوە، ئەوە یەكەم كۆبوونەوەی دانوستانی كورد و حكومەت بوو كە ئێمە لەوێ‌ بووین ، لەوەوە دەست كرا بەكۆبوونەوەی تر ، ئێوارەكە ئێمە گەڕاینەوە بارەگای حوجران و شەو لە بەر شەهیدان و كاری پێویست چووینە شەقڵاوە مزگەوتی مامۆستا مەلا عوسمانی لاسێ‌ ، ئەوبارەگایەی وەك وپاڵ پشت و پاشخانێك  بۆ ڕۆژانی شەڕ و بەرگری بۆ خزمەتكردنی پێشمەرگە لەلایەن مەڵبەندی هەولێر دانرابوو ، ئەم بەڕێزانە لەوێ‌ كارو چالاكیەكانی ڕۆژانەیان ئەنجام دەدا و لەوێ‌ دەوامیان دەكردودەهاتن‌و دەچوون : مامۆستا كارۆخ ، حاجی سەردار ، مامۆستا حسن حەمەدەمین ، مامۆستا موحەممەد غەزالی ، ئاسۆ خواداد ، شوان بەرە ، زانای ئازادی ، دكتۆر زیرەك , عەلی ( عەبدولقادر حسێن ) , مازن ، دانا ، شەهید سەمیر ، بە دەیان پێشمەرگەی تری لێ‌ بوو ، دواتر هەر بەو مەبەستە من لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەك بۆ یەكەمجار چووین بارەگایەكی ترمان لە دائیرەی كارەبای شەقڵاوە لە بن گۆڕ ستانی بن سەفین دامەزراند كە هەندێ‌ لەو برایانە تیایدا دەوامیان دەكرد ، كاك ئومێد خدرو خالید كانەبی وبڕیارو موجاهید و سفین سعید  .. هتد .

 

دوای شەڕەكان و دانوستانیش ، لە جێی من كاك عەبدولستار بە ڕەسمی هاتە ئەو بارەگایە و لەوێ‌ جێگیر بوو، ئیتر بۆ بەیانی 12 / 4 لەگەڵ مامۆستا عەبدولقادری برایەتی و مامۆستا سەلمان چووینە گوندی حوجران بۆ ئەوەی جەنازەكان تەرتیب بكەین وسەر و سۆراغی برایان بكەین ، لای نیوەڕۆ لەسەر جادەی گشتی لە پێش ئەو خانووەی كە دەكەوێتە بن گرد بەرامبەر حوجران چووینە لای كاك كۆسرەت و كاك حسن كوێستانی  ، دوو تەرمی خۆشیان لەوێ‌ دڕێژ كرابوون ، سەلاممان لێ‌   كردن و گوتیان فەرموون نان بخۆن ، مامۆستا عەبدولقادر گوتی ئێمە بە ڕۆژووین ( ڕەمەزان بوو )، كاك حەسەن كوێستانیش گوتی : وەرن با لێرە تێر بخۆین خوا كەریمە بۆ ئەو دیو (چێشتیان بۆ لە شەقلاوە هاتبوو ) ، ئیتر ئێمە لەولا لە پشت خانووەكە دانیشتین تا ئەوان لەنان خواردن تەواو بوون ، مامۆستا عەبدولقادری برایەتی سەبارەت بە كەمو كوڕی شەڕەكان هەندێ‌ قسەی لەگەڵدا كردن …، ئێمە گەڕاینەوە سەر جادە و بارەگا، تەرمەكانمان گواستنەوە بارەگای شەقڵاوە ( مزگەوت ) ، مام عوسمانی باوكی شەهید شێروان لە سۆران بووو هات ، مام مستەفا باوكی شەهید مەلا عومەر و ماڵەوەیان لە ئەنجامی كۆڕەو لە ئێران لە دۆلی خدراوا بوون  نەگەیشتن ، ناچار رۆژی 12 / 4 تەرمی هەردووكمان لە گۆڕستانی بن سەفین لە شەقڵاوە لەلای گۆری كاك شەهید هیوای لە ئەبو غرێب لە سێدرادراو ناشتن و حاڵەتەكانمان وێنە كێش كردن ، گەڕاینەوە بارەگای مزگەوتی میران بگ لە شەقلاوە ، ئەو رۆژەمان بەنارەحەتی بردەسەر لەبەر ئەوشەهیدانەمان ، بەتایبەت شەهید ملاعمر لەگەل ئێمە هاورێ ی گیانی بەگیانی بووین ، من و مامۆستا عبدالقادر لە پەرۆشیان بۆیان دەگریاین ، بۆ بەیانی 13 / 4 لەسەر جادەی سەرەكی گوندی حوجران لەگەڵ شاندی لایەنەكان لە سەر پێ‌ لە چاوەڕوانی هاتنی شاندی حكومەت دابووین ، دوای ماوەیەك هاتن و دابەزین ، دوای تەوقەكردنێكی خێرا ، دوو عەقید لەگەڵ سەیارەی ئۆسمۆبیلی كاك كۆسرەت لەگەل كاك  فاروق جباری سكرتێری لە دواوە سورابوون ، كاك حەسەن كوێستانیش كەئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بوو ویستی لەگەڵیان سوار بێ‌ ، كاك كۆسرەت پێی گوت كاك حسن تۆ لەوسەیارەی تر سوار بە …، ئیتر هەموومان چووینە شەقلاوە ، چوینە وتێلی شوێنی حەوانەوەی جەنابی مام جەلال ، لەوێ‌ دابەزین ، كەچی زوو خەڵكەكە دەنگدرا سواری سەیارەكانیان ببنەوە و بگەڕێنەوە ، لەوێ هاتینە سەر مەیدانی شەقلاوە , لە خانووی ماڵی ( كەمال كاوانی ) دانیشتین ، ئەوەی لە بیرم بێ‌ لە یەكێتی كاك كۆسرەت و كاك حەسەن كوێستانی و سەفینی مەلا قەرە و .. هتد بوون ، لە پارتیش كاك حەمیدە فەندی و دكتۆر سەعیدو .. هتد بوون ، هی خۆشمان (بزووتنەوە)  مامۆستا عەبدولقادری برایەتی و مامۆستا سەلمان و سەردار عەسكەری و من و چەند پێشمەرگەیەكمان لەگەڵ بوون ، وەفدی حكومەتیش ( 2 ) عەمید و ( 2 ) موقەدەم و   ( 1 ) ڕائید و چەند ئەفسەر و سەربازێكی تر بوون ، زۆر دانیشتین ، ئەوەی پێویست بوو لە هەر دوولا گو ترا، بۆ وێنە مامۆستا عەبدولقادر بە ئەفسەرەكانی گوت : ئێوە چۆن لەگەڵ ڕژێمێكی ئاوادان كە ستەم دەكا و خەڵك كوشتار گشت دەكا .. هتد ، گوتیان : ئێمە پیاوی سەربازیین سیاسی نین ، موكەللەفین لەگەڵ دابین ، هەندێكیشمان بە ڕۆژووین ، مسوڵمانین، فەرمانی سەرووی خۆمان جێ‌ بە جێ‌ دەكەین , .. هتد لەو قسانەیان كرد ، مامۆستا سەلمانیش گوتی : ئەی پێغەمبەر(صلی اللە علیە وسلم) نا فەرمووێ‌ : ( لاگاعە لمخلوق فی معصیە الخالق ، إنما الگاعە فی المعروف)، مامۆستا عەبدولقادریش گوتی : ئەی بۆ ئێوەش وەك و كەسایەتی و ئەفسەرانی تر ڕاناكەن و ناچنە دەرەوە‌ونابنە موعارەزە ، دوای ئەم دەمەتەقێ‌ یە ، كاك ( فڵانكەس ) ی یەكێتی ! هەستا و سەری هێنا بن گوێ‌ مامۆستا سەلمان و پێ‌ ی گووت : دەمانەوێ‌ داوەتیان بكەین ، ئەویش گوتی : مەبەستت چی یە داوەتی چی ، گوتی : مەشڕوباتیان بۆ دێنین ، ئەویش گوتی : ئێستا كەی كاتی مەشروباتە بەم  شەڕو رەمەزان و دانوستانە ، ئێمە قسەی خۆمان دەكەین و دەڕۆین ، دواتر كەیفی خۆتانە ، فیعلەن ئێمە قسەی خۆمان كردو رۆویشتین ، ئەوە دوا جار مان بوو وەكو بزوتنەوە لەو سنورە لەگەل لایەنە كوردستانییەكان لەگەل وەفدی حكومەت دانیشین ، دوای ئەوە گفتو گۆكان و دانوستانەكە كەوتە بەغدا ، ئیتر بەو شێوەیە پێشوازی لە شاندی حكومەت كرا ! دوژمنە ، میوانە ، خوێن ڕژاوە ، شەهیدمان داوە ، ڕەمەزانە ، ئەوان هەندێ‌ بە ڕۆژوون ، لایەنەكان بێ‌ رۆژوون ، یەكەم جارە كۆبوو نەوە دەكرێ‌ ، بۆ دەبێ‌ بەم شێوەیەبەمەشڕوبات خزمەتی میوان بكرێ‌ وخۆمان بە خەڵك بناسێنین! چۆن لە سەرمان ناكەوێتەوە ؟ بەڕاستی جێ‌ ی سەرەنجە ! ئیتر ئێمە ڕۆیشتین و لەمە بە دواوە ئاگامان لە مەشڕوبات‌ومفاوەزات و گفتوگۆ نەما ، زانیمان جاری تریش هاتنە شەقڵاوە . لەوە بەدواوە كۆبوونەوە گەورەكان لە نێوان سەرانی هەردوولا لە بەغدا ئەنجام دران ، ئەوە بوو جەنابی مام جەلال و كاك مەسعود و كاك سامی عەبدوڕڕەحمان وكاك دكتۆر مەحمود عوسمان و .. هتدیش چوونە بەغدا ، لە سەر كەناری دیجلە داوەت بوون ، لەگەڵ صەددام و سەرانی تریش دانیشتن ، بەمانگ دەمانەوە ، پێشبركێ‌ بوو لە نێوان یەكێتی و پارتی ئاخۆ كامەیان زیاتر لە حزبی بەعس دەچنە پێش . ئەم دانوستانە بە بڕیاری خۆرئاوا و دەرەنجامی بڕیاری ( 688 ) ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێو دەوڵەتی بوو ، درێژە بە گفتوگۆ و ئاگربەست و دانوستان درا ، دواتر لەم میانەیە وردە وردە ڕژێم شوێنەكانی چۆڵ كرد ، چوونە هێڵی ( 36 ) و قاوغی خۆی ، مەسیفی چۆڵ كرد تا هەولێر ، دواتر بەرەی كوردستانی بەتایبەتی یەكێتی و پارتی سەروكاری ئیشەكانیان كرد ، نوێنەر و لیژنەی تەنسیقیان لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك لەگەڵ ڕژێم دانا ، بۆ ئەوەی بچنەوە نێو شارەكان و پێكەوە شارەكان بەڕێوەببەن ، هێزی پێشمەگە بەڕەسمی لە 26 / 6 / 1991 چووە ناو شارەكان ، خۆی پیشان دەدا ، لەوەش ئێمەیان بێ‌ بەشكرد، ئەوەشیان قۆرخكرد، ، لێ‌ نەگەڕان بزووتنەوە بچێتەوە ناو شارەكان و زۆر جار لەسەر ئەوە كێشە دروست دەبوو ، سەیرە لایەنێك ئاوا لە هەموو شەڕ و شۆڕو قوربانی دان و لە ڕاپەرینەكە بەشدار بێ‌ ، كەچی لە بەرهەم و دەرەنجام‌و لە دەستكەوتەكانی بیچ بەشكرا ؟، بۆ دانوستان پرسی پێ‌ نەكرێ‌ وبەڕەوا نە دیترێ‌ بگەڕێتەوە نێو شارەكان و لە هەموو ماف و ئیمتیازاتەكان بێ‌ بەش و یاساغ بێت ! ئەوە كەی هەق و عەدالەت و دیموكراتیەت ولیبڕلیەت‌و پلۆرالیزم و ئەو دەنگ و دروشمانەیە كە بانگەشەی شۆڕشی بۆ دەكرێ‌ ، بۆ بەرهەم و دەسكەوت و ئایندەی ڕاپەڕین بۆ یەك لایەن و كەس قۆرخ بكرێ‌ ، هەروەك زۆر جار ئێمە لە قوربانی دان و ئێش و ئازار و ژانەكان بەشدار بووین ، وەلێ‌ لە بەرهەم و حوكم و دەستەڵات و دەستكەوتەكان نا  ، ئیتر لەبەر ئەوەی ئێمەیش پێشتر زۆر بەگەرمی لە هەموو شتەكانی ڕاپەڕین بەشداریمان كردبوو ، كەچی چوونە ناو شارمان لێ‌ قەدەغە دەكرا ، نوێنەریشمان لە زۆر شوێن بۆ پەیوەندی لەگەڵ بەرەی كوردستانی دانابوو، بۆیە لە هەموو ناوچەكان لابەلاو بەدزی دەهاتینە ناو شارەكان ، هەم لایەنەكان هەمیش حكومەت ڕێگەی نەدەدا بێینە ناو شارەكان، زۆر سەیر و عەكسە تا دوێنێ پێكەوە بووین و شەڕمان كردوە و خوێنمان لەسەر ئەوخاك‌و وەزعە ڕشتووە ، كەچی ئەمڕۆ یاساغ دەكرێین ، بۆیە هەر چۆنێك بێ‌ دەهاتینە ناو شار تا ئەو ڕاددەیەی چەندان جار ڕێ‌ یان پێ‌ دەگرتین وڕوو بەِرووی یەكتر دەبووینەوە ، بۆ وێنە ئێمە چەندان جار بۆ دابەزینە ناوهەولێر بەمەفرەزە لەشەقلاوەرا دەچووینە هەریر لەوێش دەچووینە گوندی قەندیلی سەرزێ‌ ناو چەی سورچیان لەوێش لە ڕێگای خاكی سەر زێ‌ ی قەندیل دێ‌ بە دێ‌ بەو شوێنە سەختەدا دەچووینە گوندەكانی كوروایەتی و گوندەكانی زرارەتی و گوندەكانی دەشتی بەڕانەتی و، لەو ناوچانە دەگەراین بانگەوازی خۆمان دەكرد ، خۆمان بەخەلك دەناساند ، سەردانی مزگەوت و مالان مان دەكرد ، هەوڵی چوونە ناو هەولێر مان دەدا ، چەندان رۆژ دەماینەوە ، ژیانێكی سەخت و ناخۆش مان بەسەر دەبرد ، هەندێ‌ جار بەهەمان ڕێ‌ و بارودۆخدا دەگەراینەوە سەرەوە ( هەریرو شەقلاوە )  ، بۆ نمونە جارێك من لەگەڵ بەڕێزان : موحەممەد ئیحسان ، مەلا یاسینی مالیە ، مامۆستا كارۆخ ، پیر داود ، حاجی شەیدا ، موحەممەد ڕەشید ، شەهید كەمالی حافزقوڕئان ، … هتد ، بە سێ سەیارە دابەزینە دەشتی بەڕانەتی و لەوێ‌ لە گوندەكان دەسوڕاینەوە ، داوەو بانگەوازی خۆمان دەكرد ، هەوڵی دادەبەزینە نێو شاری هەولێرمان دەدا ، بەرەی كوردستانی وحكومەتیش لەبەر خاتری ئەوان ڕێ‌ یان پێ نەدەداین  ،  بۆ نمونە ئێوارەیەك لە ڕێ‌ ی سەیتەرەی عەنكاوە ڕا چووین ویستمان داخیلی نێو شاری هەولێر بین لەسەیتەەرەكە ڕێ‌ یان پێنەداین گوتیان ئەمرمان پێ نیە ئێوە بچنە ناو هەولێر ، ناچار گەراینەوە لای بەحركە ، بۆ بەیانی من بەتەنیا بەنەفەرات بێ‌ چەك لە بەحركەڕا چوومە هەولێر بۆ ئەوەی قسە لەگەل بەرەی گوردستانی دابكەم ، ڕێگەمان پێ بدەن بچینە ناو هەولێر ،  چوومە هوتێل هەورامان لای كاك ڕێبازی یەكێتی بارەگگای بەرەی كوردستانی ئەوسا لەووێ‌ بوو تا لەم بارەیەوە قسەیان لەگەڵ بكەین ، بەڵكو ڕێگەمان پێ‌ بدەن دابەزینە ناو شارە ، دووای هەول و ماندو بوونی خۆمان هەر ڕێگەیان پێ نەداین ، هەمان ڕۆژ گەرامەوە لای پێشمەرگەكانمان لە بەحركە یەكترمان گرتەوە… ، دەرەنجام بە ڕێگا خۆڵەكان دزەمان كردە ناوشار ، ئەوەش گرفتی لێ‌ پەیدا دەبوو ، لەگەل حكومەت و پێشمەرگەی بەرە ڕوبەروی یەكتر دەبووینەوە ، بەم شێوەیە گوزەرمان كرد ، ڕۆژانە حكومەت و پێشمەرگەش تێك دەگیران وكێشە دروست دەبوو ، بەتایبەت لەنێوان ئێمەو ئەوان ، ئیتر وردە وردە رژێم لە شارەكان بەتایبەت لە شاری هەولێر پاشەكشەی كرد , تا لە   7 / 10 / 1991 بەڕەسمی دەزگا و دەسەڵاتی خۆی لە كوردستان كشاندەوە ، ئێمەش زیاتر بواری دابەزینمان بۆ ڕەخسا ولە هەموو شار و شارۆچكەكان بنكە و بارەگامان كردەوە ، لە هەموو بوارێكی سیاسی و سەربازی و ڕاگەیاندن و كۆمەڵایەتی و بانگەوازی ،   زۆر بەگەرمی كەوتینە كار و چالاكی هەمە جۆر ، ڕۆژ بە ڕۆژ گەورە و فراوان دەبووین ، حسابمان بۆدەكرا، لە بەر ئەوەی كاتی ڕاپەڕین خاوەنی ( 3 ) مەڵبەند و چەندان مەكتەب و ( 12 ) هێزی پێشمەرگەو چەندان تیپ بووین ، خاوەنی چەندان بنكە و بارەگا بووین لە سەر سنورەكان ، خاوەنی دبلۆماسیەتێكی نێو دەولەتی و جەماوەر و ڕێكخستن و قوربانی دانێكی فراوان و ڕاگەیاندنێكی باش بووین ، لە هەموو ڕێگە و ناوچەكان پێشمەرگە و ڕێكخستنەكانمان بە گەرمی بەشداریان لە ئازاد كردنی كوردستان داكرد، بە گشتی دەیان قوربانی و شەهیدمان دا ، دەیان زامدارمان بوو ، لە هەموو شار و شارۆچكەكان تا دەگاتە كەركوك و كۆڕەو و شەڕەكانی كۆڕێ‌ و دەربەندی بازیان و هیزۆپ پێشمەرگەكانمان بەشداریان كرد‌وشەهیدمان دا ، بارەگایان لەو ناوچانە دانا ، سەنگەری یان لە سەر لوتكەكان گرت ، بۆ وێنە سەبارەت بە شەڕەكانی كۆڕێ‌ بە تەنها ئێمە بارەگای ڕەسمیمان لە گوندی حوجران لە پشت كۆڕێ‌ دانا ، لایەنەكانی تر ئەوسا هاموشۆیان دەكرد ، یا چەكدارو مەفاریزیان لەوێ‌ بوون ، بارەگای رەسمیان لەوێ‌ نەبوو ، وەلێ‌ ئێمە بارەگایەكی گەورەی پڕچەك و تەقەمەنی و ئازوقەی زۆر و گرنگمان لەوێ‌ بوو ، وێڕای پێشمەرگەی پێشەوە و سەنگەرەكان ، بۆ نموونە ئەمانە لەبارەگای گوندی حوجران بەبەردەوامی دەوامیان دەكرد : شەهید مەلا عومەر مسولی ئەوێ‌ بوو ، مەسعود ، عەبدوڕڕەحمان ، نەجم سایەق ، سیروان ، كاوە ، حەسەن هەڵبجەیی ، قاسم شێخ وەسانی ، سەفین ، بێستوون ، دكتۆر جەوهەر ، شێروان ، زانای ئازادی ، هەڵمەت ، دلێر  ، هاوار ، زەید ، زوبێر .. هتد . وێڕای ئێمەو ئەوانەی لە سەرەوە باسمان كرد كە بەشداری شەڕەكانمان كرد ،  لەشەقلاوە را هاموشۆی بەرەكانی شەڕمان دەكرد ، وە ئەو لایانەی كە باس كران هەموویان كەم تا زۆر و هەر كەسە و بە قەبارەی خۆی لەوێ‌ بوون ، هاموشۆیان هەبوو ، وەلێ‌ هەموویان بەشداری شەڕەكانیان نەكرد ، یان هەندێكیان ڕۆڵ یان زیاتر بوو ، بە گشتی لە شەڕەكانی كۆڕێ‌ ( 6 ) شەهید دران وێڕای چەند بریندارێك ، لەوانە كاك مەلا عومەر و كاك شێروان ( محمد عوسمان ) هی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان بوون ، لەگەڵ زامدار بوونی كاك قاسم شێخ وەسانی پێشمەرگەی بزووتنەوەی ئیسلامی ، دووشەهیدیشیان هی یەكێتی بوون ، وێڕای زامدار بوونی نەقیب تەنیاو حاجی مەسیفیش بە سوكی زامدار بوون دوای شكانی دەبابەكان بە هاوان ، هەر دووكیان یەكێتی بوون .

هەموو ئەو شەڕ و شۆڕ و داستانە گەورە ومێژووییە بە خوێنی ئاڵی ئەم چەند پێشمەرگەیە و بە هەوڵ و ماندوو بوونی سەرجەم پێشمەرگە و لایەنە بەشداربووەكان تۆمار كرا ، لە پێناو خاك و وڵات  و بەرگری كردن لە هەموو شتەكانیان ، بۆیە هەقە ڕێزیان بگیرێ‌ ، ڕۆڵیان بەرز بنرخێندرێ‌ و خەڵات بكرێن ، لە نێوانیاندا پشكی شێر بەر بزووتنەوەی ئیسلامی كەوت ، بە  ( 10 ) حیزبی كوردستانی ( 6 ) شەهید درا، لە وانەش بە تەنیا ( 2 ) یان هی ئێمە بوون .

كەواتە ئەو هەموو قسانەی كردمان بەڵگەی بەرجەستە و بێ‌ وێنەن لە سەر ڕۆڵ و بەشداری بزووتنەوەی ئیسلامیی ئەوسا  لە شەڕ و شۆڕ و ڕاپەڕین و كێشەكانی كوردستان و خەباتی دژ بە ڕژێمی بەعس و قوربانی دان لەو پێناوە ، كەوابوو چۆن پەراوێزبخرێین ، هەقی خۆمان پێنەدرێ‌ ، بەنامۆ و هاوردە و بێ‌ ئەسڵ و خەباتی ڕابردوو .. بەچەندان ناو و چەمكی تری دزێو  ناوزەد و لە كەدارە بكرێین ، بەڕاستی ئەوە هەلەو بێ دادیە .

جێ‌ باسە لە ناو شاریش ڕێكخستنەكانمان بە پێ‌ ی ڕێنماییەكانی حیزبمان  ڕۆڵێكی كاریگەریان هەبوو، لەگەڵمان هاوكار و بەشدار بوون ، نەخاسمە لە ڕۆژانی ڕاپەڕین نەخشەكانی ئێمەیان جێ‌ بە جێ‌ كرد ، كارەكانی خۆیان رادەپەراند .

ئەوانەی پێش ڕاپەرین لەناو شار ڕۆل یان هەبوو

بەگشتی لە سالی هەشتاكان تا راپەڕین لە هەندێ‌ شارو شارۆچەی كوردستان بەتایبەت لە پارێزگای هەولێر ، هەریەكەو لە ناوچەیەك ، هەریەكەو لە كارو بارو بوارێك ، هەر یەكەو لە سەردەم و قۆناغێك ، هەریەكەو بە ئەندازەی خۆی ئەوەی لەیادم بن ئەم بەڕێزانە ئەندم و كادیری ڕێكخستن بوون و، ڕۆلیان هەبوو : ( دڵشاد زەینەل كورەچی ( ئەبو یەحیا )، مەو لود زەینەل كورەچی ، خالید عوسمان (خالد ناتۆ) ، خال شێخ مستەفای زینوێ‌ ، م/ عمر حمدامین سویری ، حاجی موئەیەد ، شەهید ڕابەر (شێروان جۆكل) ، مستەفا ( جەمال جوبڕائیل ) ، عەبدولستارعززیز تەیراوە ، حاجی مراد زەینەل كورەچی ، شەهید مامۆستا سەربەست (حاتم یونس پیرداود ) ، حاج محسن سماقولی ، حاجی پشتیوان حسن (عبدالرحیم) ، مەلا یاسین صادق ، سەید ئوسامە (سید مغدید محمد )، سوهەیب مستەفا احمد ، كامران قادر ، علی تاهیر ، حاجی حسێن حمید خەتی ، حاجی عەزیزحمید خەتی ، مجید حسین ، غازی حسین خەتی ، حاجی سەردار ، ئاسۆ خوداداد (غازی) ، حاجی عەبدولباست تاهیر كوشنچی ، م ئیسماعیل ڕەفیق ، حاجی بیلال (حاج نەوزاد كەمال كۆیی )، ئیسماعیل كاكە، محمدمام صالح كونەفلەسەیی ، ، شەهید ارسلان كونەفلەسەیی ، جمیل ، جمیل حمدامین ، قاسم شێخ جمیل ، شێخ سعدی ، شمس الدین ، مام حاج وسو بیلاوەیی ، دلاوەر ( عسمان ) ، عبدالعزیز (دەروێش ئازاد ) ، شەهید حاجی منەوەر، ئەنوەر حدداد ، شەهید هیوا مجروم ئەسپیندارەیی ، شەهید مامۆستا مەلا موحەممەدی كونەفلوسە مامۆستای ڕێكخستن‌و ڕابەری زیندانەكان ، شەهید دكتۆرخالیص ، شەهید عبدالقادر شۆڕش چیوەیی ، شەهید جیهاد (لقمان سعید باغەمرەیی) ، شەهید نەوزاد (فیصل قادر كریم )، شەهید ئاری (اسماعیل مغدید ئەسپینداەیی )، شەهیدكرێكار(یاسین رحمن سێۆكەیی )، شەهیدسەید سالم حسین ، شەهید بێستون (عبدالرزاق رشید) ، جبار نادر (حاج بڕیار ) ، حاج هێمن ، حاج هاوكار ، شەهید سەمیر وەرتی ( فرهاد هاشم ابراهیم عبدالله ) ، اسكندر محمد عبدالله ( سعدالله ) ،م / محمود ڕوبارەیی ، حاج مستەفا سماقولی ، زیاد سوسەیی ، شەهید ناسیاو ، شەهید مغدید اسعد سوسەیی ، شەهید فاخر سوسەیی ، م /  عبدالفتاح ناوبەلگەیی ، م / نادر كانی كوردەیی ، م / نوزاد شكر ، سید علی ،  ….. هتد.  لە خەلیفانیش بەڕێزان  : مامۆستا فەتحوڵڵا رسول هەروتی ، مامۆستا ئەحمەد گرتكی ، مەلا حەمەدەمین شەڕكانی ، مامۆستا مەلا محمد جۆنەرەیی ، حاجی موسا شەركانی ، هەژار (عەبدولموتەلیب مەلا ئەحمەد گرتكی ) ، مامۆستا موحەممەد سێناوی …هتد ، لە هەریریش : م/ ملا خالد بالیسان ، مەلا صالح باتاسی ، م / ملا عبدالرحمن باتاسی ، جعفر حسین … ، لە شەقلاوەش : مەلا سەلاحەدین سارتكی ، كاك حەسەن و حوسێن لە گوندی حوجران… ، لە خۆشناوەتی و سەروچاوە : مامۆستا صدیق بۆڵی ، مەلا كەمال بێڵاوەیی ، مەلا مەحمود شیرەیی ، مامۆستا مەحەممەدی شكارتە ، مەلا ئەبوبەكر بێڵاوەیی ، مەلا تۆفیق مستەفا بێلاوەیی ، ئەحمەدی حاجی رەسوڵ دواوەیی ، شەهید مەلا عەباس حمد مێرگەسەری ، شەهیدمەلاخدر هەرتەلی ، خال برایم بۆلی ، شێركۆ بۆڵی ، م/ ئازاد قادر سوێری ، م / محمد عبدالله ، م/عمر خدر … هتد ، لە ڕانیەش بەڕێزان : مامۆستا سەید رەِزا، م/ عبدالقادر هەلۆنی ، م/ مەلا مستەفا مالی لە گوندی كونەسە بوو ، حمدامین عبداللە شەكرە ماخوبزنی ، مامۆستا نیعمەت للە ، حسین حمد گۆران ، عبدالوهاب كركوكی ، حەبیب كركوكی  ، سەید لەشكر، سەید جەلال ، خالد ، سلێمان مینە ، حەمەدەمین( هەستیار) ، م/ عبدالله لەگوندی زەنگلان ، م /مەلا احمدی سەنگەسەر ، خدر كۆساری ، م/ محمد غزالی …هتد ، لە دۆلی شاورێش بەڕێزان : مامۆستا عبدالرحمن بۆسكێنی ، مامۆستاعبداللە پاشقۆتەلی ، مامۆستا ئیبڕهیم پاشقۆتەلی ، مەلا ئەحمەد ، سلێمان ، عبدالقادر ، … هتد ، لە حاجیاواش بەڕێزان : كاك شوان ژاراوەیی ، كاك خدرمەمەنداوەیی ، مامۆستا عزیز مەمەنداوەیی ، م/ بلال قەلادزەیی … هتد ، لە چواڕقوڕنەش بەرێزان : هادی حمد سوێری ، دكتۆر ئیسماعیل پشتتئاشانی ، مامۆستاخدر پشتئاشانی ، مامۆستا ئەحمەد قامیشی ، م/ ملا محمد پشتئاشانی ، صالح ملا محمد پشتئاشانی … هتد ، م/ مەلا تەها لە گوندی كفرە دۆڵ . لە سلێمانیش : حاج مهدی (حاج احمد دەلاك ) ، شێخ عبدالرحمن ، م / ملا جهاد ، حاج محمد قەرەداغی ، حاج سعید ، رووف ( اسفندیار محمد سعید ) ، م / سید ابراهیم . لەهەلەبجەش بەرێزان : حاج كامل ، شالاو (سید محمود هەلەبجەیی ) ، . ….. هتد . لە موصڵ و شارەكانی خواروش كۆمەڵێ‌ برای چاك دەوری چاكیان هەبوو ، هەروەها لە شار و شارۆچكەكانی تری كوردستانیش زۆر بوون ، ناكرێ‌ ئاماژە بە هەموو ناو و جێ‌ یەكان بكەین زۆرداوای لێبوردنمان لێیان هەیە . من وەكو نموونە هەندێ‌ لەوناوانەمان باسكردوون كە دەمان ناسین یا لە ناو شار كارمان لەگەلدا كردوون ، وە لەناوشار ڕۆل یان هەبووە و پێشمەرگە نەبوون ، دەنا ئەوانەی كە لەدەرەوەش پێشمەرگە بوون پێشتر لەناو شارەكان رۆلی زۆر یان هەبووە ، ناكرێ‌ ناوی ئەوانیش بنوسم ، وەهەندێكیشیان پێشمەرگە بوونە و گەڕاونەتەوە ناو شارەكان ، ئەوسا رۆل یان بینیووە .

لە كۆتایی دا خوای گەورە لە هەڵە و تاوانەكانمان ببورێ‌ و ، داوای لێبوردنیشمان لە ئێوە هەیە لە كەم و كوڕی و ناو نەهێنا و باس وخواس و هەڵەكانمان ، چونكە ئەم باسە و ڕۆڵی لایەن و كەسە بەشداربووەكان زۆر لەوە گەورە و فراوانترە ، وەلێ‌ لە بەر نەبوونی بوار هەر ئەوەندەمان بۆ كرا، هیوادارم جێ‌ ی ڕەزامەندی خواو پاشان بەرێزتان بێت . .

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About زريان احمد

Check Also

192552018_hsen huzni 1

94 ساڵ لەمەوبەر حسێن حوزنی موكریانی، یەکەم چاپخانەی هێنایە ره‌واندز

خەندان-هاوار عەباس ‎(( ئێوه‌ حه‌قیقه‌ته‌ن گیانى میلله‌تی خۆتانن ، ئه‌و ره‌نجانه‌ى كه‌ ده‌یانكێشن هیچ وه‌ختێك …