Home / بەشی مێژووی كورد / لە یادی ( ۷۰)ساڵه‌ی له‌ سێداره‌دانی سەرۆک کۆماری کوردستان – پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د دا ژیاننامەی قازی محەمەد:

لە یادی ( ۷۰)ساڵه‌ی له‌ سێداره‌دانی سەرۆک کۆماری کوردستان – پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د دا ژیاننامەی قازی محەمەد:

17690814_1287867034644224_256138693_n
قازی محه‌مه‌د کوڕی قازی عه‌لی کوڕی قازی ئه‌بو قاسم، له‌ ساڵی ١٩٠٠ز له‌ شاری مه‌هاباد(سابڵاغ)ی ناوچەی موکریان لە ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ دایک بووه‌، خوێندنی ئاینی لای باوکی و چه‌ند مامۆستایه‌کی ئاینی تری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ناوچەی موکریان ته‌واوکردووه‌، پاشان بووەتە بەڕێوبەری مه‌عاریف (بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیری)ی شاری مه‌هاباد.
قازی محەمەد دوای کۆچی دوای قازی عەلی باوکی لە ساڵی ١٩٣٤ز دا، کە پێشتر قازی شاری مەهاباد بوو بووەتە قازی مەهاباد.
قازی محەمەد و چالاکی سیاسی:
قازی محەمەد کەسایەتییەکی پایە بڵند و خۆشەویستی سەردەمەکەی خۆی بووە لە ناوچەی موکریان دا، سەرەڕای هەوڵەکانی لە بواری بڵاوکردنەوەی لایەنی ڕۆشنبیری و هەستی نەتەوایەتییەوە، سەرەتای کاری سیاسی پێشەوا قازی محەمەد دوای نەمانی دەسەڵاتی هێزەکانی ڕەزا شای ئێران لە کوردستان و هاتنەناوەوەی هێزەکانی یەکێتی سۆڤێتی جاران بۆ باکوری ئێران و کوردستان، پەیوەندی کردبوو بە هێزەکانی ئینگلیزەوە لە شاری سنە لە ساڵی ١٩٤١زدا، بە مەبەستی داواکردنی مافە نەتەوەییەکانی نەتەوەی کورد، هەروەها قازی محەمەد سەرکردەی وەفدی کورد بوو لە هەردوو سەردانی یەکەمی ساڵی١٩٤١ز و سەردانی دووەمی ساڵی ١٩٤٥ز، کە چوون بۆ شاری باکۆی پایتەختی ئازەربایجان بۆ کوبوونەوە لەگەڵ سەرانی یەکێتی سۆڤێتی جاران بە مەبەستی داواکارییە نەتەوەییەکانی گەلی کورد و چارەنووسی نەتەوەی کورد.
قازی محەمەد و کۆمەڵەی ژێکاف:
قازی محەمەد له‌ ساڵی ١٩٤٤ز، بە نازناوی نهێنی (بینایی) په‌یوه‌ندی کرد به‌ کۆمه‌ڵه‌ی ژیانەوەی کوردستان – ژێکاف و بۆ ساڵی دواتر(ساڵی ١٩٤٥ز)و دوای سەردانی دووەمی باکۆ، کۆمەڵەی ژ.ک گۆڕدرا به‌ پارتی دیموکراتی کوردستان،
پێشەوا قازی محەمەد وەکو سەرۆک کۆماری کوردستان:
پاش دامەزراندنی حزبی دیموکراتی کوردستان و ئاگاداربوون لە بارودۆخی ناوچەکە، بە تایبەتی دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی ئازەربایجان لە تەورێز، پێشەوا قازی محەمەد، له‌ ساڵی ١٩٤٦/١/٢٢ز، لە گۆڕەپانی چوارچرا لە شاری مەهاباد (کۆماری کوردستان)ی ڕاگه‌یاند و خودی خۆی وه‌کو سه‌رۆک کۆمار لە سەردەمی کۆماری کوردستان دا خزمه‌تی به‌ گه‌لی کورد کرد لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوکمڕانی کۆماری کوردستان دا.
لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد – ١٩٤٧/٣/٣١ز:
دوای چوونی پێشەوا قازی محەمەد بۆ پێشوازیکردن لە ژەنەڕاڵ هەمایۆنی سەرلەشکری ئێران، کۆماری کوردستان له‌ ڕۆژی ١٩٤٦/١٢/١٧ز هەرەسیهێنا و، سەرۆک کۆماری کوردستان لە ڕۆژی ١٩٤٦/١٢/١٨ز لە لایەن هێزەکانی ئێران، کە هاتبوونەوە ناو شاری مەهاباد لە ماڵەکەی خۆیدا دەسگیرکرا، پاشان لە دادگایکردنێکی سه‌ربازیدا لە شاری مەهاباد، کە ماوەی چەند مانگێکی خایاند، دادگا لە ڕۆژی ١٩٤٧/٢/٥ز فه‌رمانی له‌ سێداره‌دانی به‌سه‌ر قازی محەمەد و هاوەڵەکانیدا سەپاند، بەڵام قازییەکان داوایان کرد دادگایکردنەکەیان ببرێتە شاری تاران، لە شەوی ٣٠ لەسەر ٣١ی ١٩٤٧/٣ز بە فێڵ قازییەکانیان بە ناوی چوون بۆ شاری تاران خستە ناو ئوتومبیل و گواستیاننەوە بۆ گۆڕەپانی چوارچرا، پاش ئەوەی قازی محەمەدیان بردە شوێنێکی تایبەت و لە مەبەستی جێبەجێکردنی فەرمانی دادگا و لەسێدارەدانیان ئاگادارکردەوە، پێشەوا قازی محەمەد دەستنوێژی گرت و نوێژی کرد و دوای پاڕانەوەیە، کە نزیکەی ٢ کاتژمێری خایاند، داوای لە مامۆستایەکی ئاینی کرد بە نووسینەوەی وەسێتنامەکەی و پاشان برایە گۆڕەپانەکە و لە کاتژمێر ٣ی سەر لە بەیانی قازی محەمەد هەڵواسرا بە دارەکەدا و کاتژمێر ٣:١٠ ی گەیشتە کاروانی شەهیدانی کوردستان، پاشان هەر یەکە لە محەمەد حوسێن قازی وەزیری بەرگری کۆماری کوردستان و ئامۆزای قازی محەمەد و سەیفی قازی نوێنەری شاری مەهاباد لە پەڕلەمانی ئێران و برای پێشەوا قازی محەمەد لە هەمان شوێن لە سێدارەدران.
شایانی باسە: بۆ چاوترساندنی خەڵکی کوردستان تەرمی پێشەوا و هاوڕێکانی تا ڕۆژ بووەوە بە هەڵواسراوی هێڵرانەوە و ئەم کاری دەسەاتدارانی ئێران بەردەوام بوو، ئەوەبوو لە ڕۆژانی دواتردا چەندین سەرکردە و دەسەڵاتدار و کەسایەتی شۆڕشگێڕی سەردەمی کۆماری کوردستان لە شارەکانی بۆکان و نەغەدە لە سێدارە دران.
تێبینی/ هەندێک لە مێژوونووسان ئەو کاری خۆبەدەستنەوەدانەی قازی محەمەد بە کارێکی باش دانانێن و پێیان باشترە قازی خۆی نەدایە بە دەستەوە و وەکو سمبولی نەتەوەی کورد بەردەوام بوایە لە بەرگریکردن، بەڵام مەحمودی مەلا عێزەت ئەو کاری خۆبەدەستەوەدانەی قازی بە کارێکی نهێنی و نەزانراو دەداتە قەڵەم، سەرەڕای دڵپاکی پێشەوا قازی محەمەد لە سیاسەت کردندا، کە هەندێک لە مێژوونووسانی تر ئاماژەی پێدەکەن وەکو لایەنێکی ڕەخنەیی شیکاری مێژووی کەسایەتی پێشەوا.
بۆ زیاتر بڕوانە:
– سەروان کیۆمەرس ساڵح: سەرۆک کۆماری کوردستان ەبەردەم دادگای ئێراندا، و: بەدرەدین ساڵح.
– دادیکردنی سەرۆک کۆماری کوردستان لە یاداشتەکانی قەواموسەڵتەنەدا
– مەحمودی مەلا عێزەت: جمهوریەتی کوردستان.
– عەقید بەکر عەبدولکەریم حەوێزی: گەشتێک بە کۆماری مەهاباد دا.
– جەلیل گادانی: پەنجا ساڵ خەبات.
– عەبدولڕەحمان قاسملۆ: چل ساڵ خەبات.
– نەوشیروان مستەفا ئەمین: حکومەتی کوردستان – کورد لە گەمەی سۆڤێت دا.
– د. یاسین سەردەشتی: کوردستانی ئێران – ١٩٣٩ – ١٩٧٩ز.
– کریس کۆچێرا: کورد لە سەدەی نۆزدە و بیستەم دا، و: حەمە کەریم عارف.
– درک کینان: کورد و کوردستان، و: ئەبوبەکر خۆشناو.
– ئارچی ڕۆزفڵت: کۆماری مەهاباد، و: ئەبوبەکر خۆشناو.
– ولیم اگلتن: جمهوریە مهاباد، ت: جرجیس فتح اللە.
– دیڤید ماکداوڵ: مێژووی هاوچەرخی کورد، و: ئەبوبەکر خۆشناو.
– عۆلە: ساڵێک بوو کورد ئازاد ئەژیا.

 

ڕەنجدەر ابوبکر

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …