Home / بەشی مێژووی كورد / مەلای گەورە 80 ساڵ لەمەوبەر پێشبینیی شەڕی کورد و شیعەی لەسەر نەوت کردووە

مەلای گەورە 80 ساڵ لەمەوبەر پێشبینیی شەڕی کورد و شیعەی لەسەر نەوت کردووە

مەلای گەورە 80 ساڵ لەمەوبەر پێشبینیی شەڕی کورد و شیعەی لەسەر نەوت کردووە

6666

کامەران سوبحان

 بە دوعا ویداعێکی ئەبەدی…ئەمە دوا دێڕی زانا و شاعیر و منەوەری گەورەی کورد مەلا محەمەد مەلا عەبدوڵڵا مەلا ئەسعەدی جەلیزادەیە، ناسراوە بە (مەلای گەورە). وێنەی دواساتەکانی تەمەنی مەلای گەورە لەسەر پشت کەوتووە، ئازاری نیشتیمان و ئازاری جەستە ڕۆحی هەلا هەلا دەکات، چاوەکانی لەو ڕووخسارانە ڕادەمێنێت کە بەتاسەوە چاوەڕوانی باشبوونی تەندروستییان دەکرد، پزیشکە قیبتییەکەی کۆیە (دکتۆر نەجیب) لەگەڵ ئازیزداندا بەجۆشەوە بەبازنەیەک لە چواردەوری ئەودا کۆ بووبونەوە و لە هەوڵی چارەسەری تەندروستیی ئەودا بوون، ئەو پزیشکە هەموو هۆکارەکانی زانستی پزیشکیی بەکارهێنا تا ئەو مەلایە لە سەرەمەرگدا ئەم دێڕە نەڵێت: (بە دوعا ویداعێکی ئەبەدی.!) بێ هودە بوو. مەلای گەورە زۆر شاعیرانە ئەم نیوە دێڕەی وت، یەک چرکە دوای ئەو نیودێڕە، بۆ هەتا هەتایە چاوەکانی داخست. شێخ نورەدینی برای، مەسعود محەمەدی کوڕی، لەناو ئەو کەسانەدا بوون کە لەڕاسەریدا وەستابوون، بەهێواشی جاجمێکیان لەسەر ڕوخساری پڕ لە نووری دانا، ئەمان و خزمان و دۆستانی کۆیە، هەموویان پێکەوە دایانە پڕمەی گریان، ئەو گریانە زۆرەی ئازیزان بەرزاییەکانی هەیبەت سوڵتانی پڕ کرد لە نیگەرانی، ئەو مەرگە تراژیدییە یەک پارچە تەمی ڕەشی دا بەسەر کۆیە و دەشتی هەولێردا، هەر گرووپە و کۆمەڵە و کەسایەتییەک بە جۆرێک گوزارشتیان لەم ماتەمە گەورەیە دەکرد، کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد، یەکەم گرووپ بوون مەرگی مەلای گەورەیان بە شیعرێکی ماتەم ڕاگەیاند، لە چوار دێڕی یەکەمدا لەبارەی مەرگی مەلای گەورە دەڵێن: ”ئەوڕۆ غەوغایەک هەڵساوە لە دەشت و شاری کۆ ئاسمان سەرسام و ماتەم عەرد دەکا دادو برۆ عەرشی ئەعزەم، ماتەمینە چەرخی دەوار پڕ لە غەمە ئەو زەمانی دوون لە حەسرەت چاو بە فرمێسک و تەمە“ دوای ئەمان پیرەمێردی نەمر لە سلێمانییەوە ئەم چوارینەیە دەنێرێت بۆ کۆیە: ئۆف نەمردم مەرگی ئەویشم دی با وجود دوای مەلای کۆیە ئیتر غەم و ماتەم ئەلەم بێ با ئیتر غەمی دونیا هەمووی بابێ لە شاری کۆیەشەوە، دڵزاری شاعیر چوارینەیەک بۆ پیرەمێرد دەسەنێتەوە و بەم شێوەیە گوزارشت لەو مردنەی مەلای گەورە دەکات: ئەم وێنەیە بێ گیانە، وەلێ ناو ناونیشانی هەر زیندووە تا چەرخی فەلەک هەیبێ گەڕان بۆ نووسەر و زانا و شوعەرا، قەت نییە مردن مردوو نییە هاوبیریی ئەفڵاتونی یۆنانی ئەم بەیت گوتنە بۆ مەرگی مەلای منەوەر، لە هەموو شار و شارۆچکەیەکی کوردستانەوە دەستی پێکرد، کۆیە بوو بە شارێکی ڕەشپۆش، شیعرەکانی مەلا هەموو کونج و شوێنێکی شاری داپۆشی، دەستنووسەکانی، شیعر و حیکمەت و هەڵوێستە مەزنەکانی لەو سەردەمانەوە تا ئێستە، بوونەتە بەشێک لە کولتووری نەتەوایەتی و ئەدەبیاتی ئێمە، خۆی و بنەماڵەکەی بوونە یەک پارچە لە زانست و زانیاری، هەروەک شاعیری نیشتمانپەروەری کورد (حاجی قادری کۆیی) لە پارچە شیعرێکدا کە لە ئەستەنبوڵەوە بۆ دۆستی خۆشەویست و هاوڕێی خوێندنی (حاجی مەلا عەبدوڵڵای جەلیزادە)ی باوکی مەلای گەورەی ناردووە دەڵێت: بە غەیری جەدی ئێوە کێیە دانا لە کوردستان بناغەی عیلمی دانا مەلای گەورە لە ڕۆڤاردا یەکێک لەخۆشنوودییەکانی ئەو 12 ساڵەی کارکردنم لە دەزگای سەردەم وەک بەڕێوەبەری نووسینی گۆڤارەکانی ئایندە و دواتریش ڕۆڤار، ناسینی بەشێکی زۆری کەسایەتییە دیارەکانی بواری ڕۆشنبیریی کوردی بوو، یەکێک لەو کەسایەتییانەش مەلای گەورە بوو، کە لە تشرینی دووەمی ساڵی 2012 ڕۆڤارێکی تایبەتمان بەم مەلا گەورە و پێشتکەوتنخوازە دەرکرد، دەیان دەستنووس و وێنەی دانسقە و بابەتی گرنگ و توێژینەوەمان لەسەر بڵاو کردەوە، ئەمە جگە لە خوێندنەوەی هەردوو کتێبی کەلامی خواوەندییەکەی تەفسیری قورئانەکەی و (المقێول فی عیلم الاێول) کە دوو شاکاری گەورەی بیری ڕیفۆرمخوازی ئایینیی مەلای گەورەن، کەم زانای تری کورد هەبووە لەو بوارانەدا و لەو قۆناغەدا توانیبێتی بەو ئاستە بەرزەی زمان بنووسێت. ئەو کتێبانەی کە مەلای گەورە پێش زیاتر لە 70 ساڵ لەمەوبەر نووسیویەتی و دیدێکی زۆر ڕۆشن و ڕوناکی بیری چاکخوازی و ڕیفۆرمی ئایینیان تێدایە کە دوای ئەو هەموو ساڵە ڕەنگە بیری ئایینخوازی و ڕیفۆڕمی ئایینیی ئێستەی کورد، نەگەیشتبێتنە ئەو قۆناغەی مەلای گەورە پێی گەیشتووە. ئەم ڕیفۆرمخوازییە بەتەنها لە بیری ئایینیی ئەودا نەبوو، لە شیعر و بۆچوون و تێڕاونینە کۆمەڵایەتییەکانیشدا بە هەمان شێوە خۆی دەبینییەوە، خوێندنەوەی شیعرەکانی لەسەر مەسەلەی ئافرەت و ئازادی و دەسەڵاتدارانی کورد و زۆر پرسی تری ڕۆژانە، دەرخەری گەورەیی ئەون لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا، بەڵام بەداخەوە تا هەنوکە وەک زۆرێک لە سەروەتە گەورەکانی تری بواری ڕۆشنبیریمان، ئەم سەروەتە مەزنەش بە فەرامۆشکراوی ماوەتەوە.شێخ و نەوت و ژن! ئەم دوو وشەیە (شێخ، نەوت) گەرچی لەو سەردەم و قۆناغەدا ئەستەم بووە قسەی لەسەر بکرێت، یەکەمیان لەبەر نەرێتە باوەکانی کۆمەڵگەی کوردی و پێگە و پلەی شێخ لە کۆمەڵگەیەی کوردیدا، دووەمیان لەبەر دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی عێراق و پەیوەندیی حکوومەتی عێراق و ئینگلیز، کە نەوت ڕەگەزێکی بەهێزی ئەو پەیوەندییە بووە، بەڵام مەلای گەورە شەرمی نەکردووە لە ڕەخنەگرتن لە شێخ و نەوت. ئەمە جگە لە بابەتی ئازادیی ئافرەت و دواکەوتویی بیری کورد هەمیشە شیعرە ڕەخنەییەکانی ئامادە بوون، ئەم مەلایە شیعرێکی درێژی بەناوی (هەناسەی نەوتاوی) لە ساڵی 1930 نووسیوە، لەو شیعرەدا دەڵێی پێشبینی ئەم سەردەمەی ئێستەی کێشەی نەوت و کوردی کردووە، لە چەند دێڕێکی هەناسەی نەوتاویدا دەڵێت : یا ڕەببی بە لوتف و جود و ئیحسان لوتفێکی بکەی لە حەقی کوردان قەومێکی فەقیر و ناتەواون بێ پەروەر و بێ پیاوی دانا بێ مورشید و عالمی سیاسی بێ (مێدر) (قاعدەی) ئەساسی * * * * ئەم موڵکە بە قیمەت و وەسیعە بۆچی دەدرێ بە کاکی شیعە قولتێکی لەدەوری بابەگوڕ گوڕ نایدەم بە منارەکەی ئیمامی دوور بستێ لە وڵات و موڵکی کوردی نایدەم بە مەرقەدی (سەهرەوەردی) ئەم بەیتە شیعرییە وەک پێشبینییەک وابووە، بۆ ئەم شەڕە نەوتەی ئێستە هەیە لەنێوان شیعە و کورد، ئەمە لەکاتێکدا ئەو مەلا گەورەیەی کورد 84 ساڵ پێش ئێستە ئەم شیعرە درێژەی نووسیوە و ئێمە تەنها لە شیعرەکەی دوو پەڕەگرافیمان داناوە. لەو بارودۆخەدا کە کۆمەڵگەی کوردی بە قۆناغێکی پاشکەوتوویی گەورەدا تێپەڕیوە، شێخەکان لە ترۆپکی دەسەڵات و لایەنداریدابوون، مەلای گەورەی کۆیە بەدەر لە ڕەچاوکردنی پلەوپایەی ئایینیی خۆی و بنەماڵەکەی چەندین شیعری دژ بە شێخ نووسیوە. لە باسی ژن و سەربەخۆیی و ئازادیی ژنیشدا، مەلای گەورە چەندین شیعری هەیە، یەکێ: لەوانە شیعرێکە بەناوی (ئازادبوونی ژن) لە پەرەگرافێکیدا دەڵێت: بڵێن بە قەومی کوردان دەستی من و دامێنیان عەیبە بە حەقی یەزدان ژنهێنان و تەڵاقدان ژن زینەتی دونیایە ئەمانەتی خودایە حەبیبی موستەفایە قەڵاتن لەبۆ مێردان ژن ئەگەر بە حورمەت بێ بێ زیللەت و زەحمەت لەبارەی سەربەخۆیی و هەستی نەتەوایەتی و نەورۆز و پرسە نەتەوایەتییەکانی تریش، مەلای گەورە چەندین پارچە شیعر و وتاری تایبەتمەندمەندی سەبارت بە جەژنە نەتەوایەتییەکانی تری کورد هەبووە، ڕەنگە بۆ ئەو سەردەمەی کورد و پیاوی ئایینی کارێکی ئەستەم بووبێت.دیارترینیان وتاری ئاهەنگی نەورۆزی ساڵی 1938ی کۆیە بوو، لەو ئاهەنگەدا مەلا بە وتەیەکی کورت بەڵام کاریگەر بەشداریی کردووە، لە چەند دێڕێکیدا لەبارەی نەرۆزی جەژنی نەتەوەیی کورد دەڵێت: (ئەمڕۆ ڕۆژێکە پڕ لە نوور، دونیا ماڵە لە سروور، ژاڵە دەدرەوشێتەوە، لالە دەگەشێتەوە و دارو درەخت دەپشکون….. ئافتابی عالەم درەخشانە خورشیدی خاوەری بە ئەشیعەی زەهەبی زەڕ. ئەفسانە نییە بڵێم ئەرز و سەما کەوتبێتە ڕەقس و سەما.! ئەمە چ باس و خواسە چ ئەسەرە چ خەبەرە؟ ئەمڕۆ ڕۆژی مرادە، نەورۆزی گەلە، ڕۆژێکی زۆر موبارەکە، ئەوەڵی بەهارە. جەژن جەژنی ئۆمەتە. جەژنی موحەبەت و ئولفەتە.!) مەلای گەورە کێیە؟ ناوی محەمەد کوڕی مەلا عەبدوڵڵا کوڕی مەلا ئەسعەدە، دایکی ناوی (عائیشە)یە، کچی حاجی بەکر ئاغای حەوێزییە. لە بنەماڵەیەکی خوێندەوارن و بە درێژایی سێ سەد ساڵ خەریکی بڵاوکردنەوەی خوێندەواری بوون لە کوردستاندا. باپیرە هەرە گەورەیان کە بە مەلا زادەی شیواشان بەناوبانگە، یازدە کوڕی هەبووە، کوڕی هەرە گەورەی (مەلا عەبدوڵڵا)ی باوکی مەلای گەورە بووە، دەچێتە گوندی (جەلی) لەو ساوە ئەو بنەماڵەیە بە جەلیزادە ناو دەبرێن، مەلای گەورە لە ساڵی (1876) لە شاری کۆیە هاتووەتە دونیاوە، لە تەمەنی پێنج ساڵیدا دایکی کۆچی دوایی دەکات، هەر لە منداڵییەوە بلیمەتیی و زیرەکیی پێوە دیار بووە، لە تەمەنی هەژدە ساڵیدا ئیجازەی زانستی لای باوکی وەردەگرێ، لە ساڵی (1908) باوکی مەلای گەورە کۆچی دوایی دەکات، ئیتر لەوە بەدواوە بە (مەلای گەورە) لە هەموو کوردستاندا ناو براوە، لە جێگای باوکی دەستی کردووە بە وانەوتنەوەی ئایینی، گەلێ مەلای ناودار و زانای پایەبەرز لەبەر دەستیدا پێگەیشتن و ئیجازەیان لێ وەرگرتووە لەوانە: (مەلا فەتحوڵڵای هەرتەل، مەلا سدیق نازەنینی، مەلا مەعسوم خدر هەورامی، مەلا سادقی مەلا ئەحمەد، مەلا سلێمانی ئاوماڵی، مەلا قادری کانی دەربەندی و مەلا حەمید عەسکەری …هتد) دوای نەخۆشییەکی کوشندە کە ماوەی چەند مانگێکی خایەند، ئەم مەلا منەوەرەی کورد رۆژی 12/10/1943 لە تەمەنی 67 ساڵیدا کۆچی دوای کرد، هەواڵی کۆچی دوایی مەلای گەورەش وەک بروسکەیەک بە هەموو لایەکی کوردستاندا بڵاو بووەوە و دەیان شاعیری گەورە بە نووسینی شیعر گوزارشتیان لەو خەمە گەورە کردووە، دواجار لە رێوڕەسمێکی کەموێنە و گەورەدا لە گۆڕستانی دەروێش خدر لە شاری کۆیە تەرمەکەی بەخاک سپێردرا.

About زريان احمد

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …