Home / بەشی مێژووی كورد / بارزان و بارزانیەکان لە بەڵگەنامەکانی عوسمانی دا

بارزان و بارزانیەکان لە بەڵگەنامەکانی عوسمانی دا

 بارزان و بارزانیەکان لە بەڵگەنامەکانی عوسمانی دا

111m11

نوسینی:نوری بێخاڵی

ئێدوارد گالیانۆ دەڵێ: “مێژوو هەرگیز ناڵێ ماڵئاوا، بەڵکوو بەردەوام دەڵێ دواتر دەتانبینمەوە”. بەم پێیە بێت، ئەو سەردەمانە بەسەر چوون کە خەڵک پێیوابوو، مێژوو بریتییە لە ئەفسانە و چیڕۆکی بەرئاگردان و وڕێنەکردن و شتی لەو بابەتە، بەڵکوو مێژوو بۆ خۆی زانستێکی سەربەخۆیە، زانستێک کە پێویستی بە میکانیزم و شێواز و میتۆدی تایبەت بە خۆی هەیە بۆ نووسینەوەی و دواجار بۆ خوێندنەوە و دووبارە ڕاڤە و شیکردنەوەیشی.

مێژوو زانستێکە گرێدراوی چەندین بواری دیکەی گرنگ و هەستیاری ژیانە (سیاسەت، کولتوور، فەرهەنگ، جیۆستراتیژ و…….).
واتە چیتر مێژوو گیرۆدەی ئەو تێگەیشتنە نەریتییە سواوە نییە کە لە نەزانینەوە هۆشیاریێکی سەقەت و نادروستی لە کۆزەینی خەڵکی ئێمەدا دروست کرد، بەوەی مێژوو هیچ نییە جگە لە درۆ، لە هۆنینەوەی خەیاڵات، لە چنینەوەی خورافیات و وەهم.

نەخێر، چیتر مێژوو گێڕانەوەی دوێنێی بەسەرچوو و سەرەدوولکە نییە، گیرخواردن نییە لەناو تاریکی و تەونی ئاڵۆزی ڕابردوو، چەقین نییە لە زۆنگاوی ساتەوەختێکی بەسەرچوودا، بەڵکوو زانستێکە زیندوو و مانا و بەهایەکی تایبەتی هەیە، ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە سەرلەنوێ شووناسکردنەوە و دروستکردنەوەی نەتەوە، لە هێنانەوەی بۆ ناو ڕێڕەوی ژیان و ژیار و شارستانییەت، لە بونیادنانی ئێستا و ئایندەیەکی گەشتر.

لەم ڕوانگەیەوە، خراپ نییە نموونەیەک لە مەترسیی بێئاگایی خۆمان لەمەڕ گرنگی و بەها و بایەخی مێژوو و بەڵگەنامە مێژووییەکان بێنینەوە.

بەهاری ساڵی 2011 لەگەڵ هاوڕێ و هاوکارم (هەڤاڵ حەمەد) بە کارێکی کوردستان تی ڤی چووینە مۆسکۆ. زێدەباری ئەو ڕێپۆرت و دیکۆمێنتارییانەی لە کایەی جیاواز ئامادەمان کردن، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە ژیانی قوتابیانی کوردەوە هەبوو. یەک دوو دیداری تایبەتیشمان لەگەڵ هەر یەک لە (خۆشەوی مەلا ئیبراهیم – نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زەلیم خان – ئەندامی دۆما، فایەق نێروەیی- باڵوێزی عێراق لە ڕووسیا) ئەنجام دا. ئەوەی لەو دیدارانەدا بۆ من سەرنجڕاکێش بوو، قسەیەکی (نێروەیی) بوو لەبارەی ئەو قوتابییە کوردانەی لە کوردستانەوە بۆ خوێندن ڕوویان کردبووە مۆسکۆ و شارەکانی دیکەی ڕووسیا.
ئەو داخی بۆ ئەوە دەخوارد کە زۆرینەی هەرە زۆری قوتابییەکان لە بوارەکانی (یاسا، سیاسەت، پەیوەندییەکان) و تاک تاکەش لە بواری پزیشکی و فڕۆکەوانی و پسپۆڕیی دیکە دەیانخوێند. کەچی لەناو ئەو هەموو ژمارە زۆرەی قوتابییانی کورد لەو وڵاتە، یەکێکیان نەبوو شان بداتە بەر ئەم ئەرکە زانستی و نیشتمانی و نەتەوەییە و بواری مێژوو بکاتە خەم و خولیای سەرەکیی خۆی. کێ ناڵێ ئەم خۆدوورەپەرێزگرتنەی ئەو قوتابییانە لە خوێندنی مێژوو پەیوەندیی بەو قسەیەوە نییە “هۆکارێکی گرنگ هەیە بۆ ڕاستیی ئەو شتەی کە کەس نایەوێ مێژوو بخوێنێ، ئەویش ئەوەیە، مێژوو زیاد لە پێویست شت فێری مرۆڤ دەکات – چۆمسکی”.
بۆ من ئەو سەرنجەی (نێروەیی) جێگای پرسیار بوو، ئاخۆ بۆچی داخ لەوە دەخوات کە قوتابیی کورد ئەو ڕشتەیە هەڵنابژێرێ و هەوڵی تەواوکردنی زانستە سەردەمییەکان دەدات؟

ئەو گوتی: لە سەردەمی قەیسەرەوە بگرە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش، ئەرشیفخانەی نیشتمانیی ئەو وڵاتە پڕیەتی لەو بەڵگە و دۆکیۆمێنتانەی ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە کوردستان و ڕووداوە سیاسییەکانییەوە هەیە. بۆیە گەڕان بە دوای ئەو بەڵگانە و دۆزینەوەیان و پشکنین و لێکۆڵینەوە لەسەریان و ساخکردنەوەیان، بایەخێکی زۆری مێژوویی، سیاسی، تەنانەت کۆمەڵایەتی و کولتووریشیان بۆ کورد لە ئێستا و ئاییندەدا هەیە. تەنانەت ئەو ئامادەیی ئەوەی بۆ هەندێک قوتابی نیشان دابوو کە ئەگەر لەو بوارە بخوێنن و لێکۆڵینەوە بکەن، ئەوا تەواوی هاوکاریی ماددییان دەکات و زەمینەسازی و ئاسانکارییان لە هەموو ڕووێکەوە بۆ دەکات. ئەم ڕووداوەش خەیاڵی بردمەوە سەر قسە بەناوبانگەکەی (چەرچڵ) کە دەڵێ: “ مێژوو بخوێنە، مێژوو بخوێنە، لەوێدا نهێنییەکان شاردراونەتەوە”.

(شیشڕۆن) لە شوێنێکدا دەڵێ: “مێژوو شایەتحاڵی سەردەمەکان، ڕۆشنایی حەقیقەت، زیندووێتیی یادەوەری و مامۆستای ژیانە”. کە لەم قسەیە ورد دەبیتەوە و سەیری حاڵی کورد دەکەیت لە تێگەیشتنی بۆ چوونەوە ناو مێژوو و ساخکردنەوەی و هەڵێنجانی پەند تێیدا، بەدەست خۆت نییە بەزەییت بە حۆتدا دێتەوە. بەداخەوە نەک هەر ئێستا، بەڵکوو لە ڕابردووشدا دەگمەنن ئەوانەی لەناو کورددا ئەم بوارەیان بە هەند وەرگرتبێ، ئەگینا ئەرشیفخانە نیشتمانییەکانی (مۆسکۆ، لەندەن، پاریس، تاران، ئەنقەرە و قاهیرە) کە پڕن لە بەڵگەی گرنگیی مێژوویی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردەوە هەیە، ئەگەر ساخ بکرانایەتەوە و لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرایە، هەنووکە پەرتووکخانەی کوردی پێویستییەکی زۆری خوێنەری کوردی پڕ دەکردەوە و خاوەنی گەنجینەیەکی باشی سەرچاوە و ژێدەری مێژوویی دەبووین. بۆیە لەمڕۆشدا هێشتا درەنگ نییە هانی گەنجانمان بدەین، بەتایبەتی ئەوانەی ئارەزووی تەواوکردنی خوێندنی باڵا دەکەن لە دەرەوە، بچن هەوڵ و توانای خۆیان بۆ دۆزینەوە و ساخکردنەوەی ئەو بەڵگەنامانە تەرخان بکەن. نەک هەر تەنیا هانیان بدەین، بەڵکوو دەبێ ئەوە پڕۆژەیەکی ستراتیژیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێت، بەوەی پشتیوانیی ماددی و مەعنەویی قوتابیان بکات تاکو بچن سۆراخی مێژووی نەتەوەکەیان ساخ بکەنەوە، بەتایبەتی کە خودی ساخکردنەوەی بەڵگەنامە و دۆکیۆمینتە مێژووییەکان، زانستێکە تایبەت و هەروا کارێکی هەڕەمەکی نییە.

لەوانەیە لەناو ئەو هەلومەرجە سیاسی و ئابووری و دۆخە کۆمەڵایەتییەی گەلەکەمان لە باشووری کوردستاندا پێیدا رەت دەبێت، کەسانێک هەبن پێکەنینیان بەم قسانەمان بێت، بەڵام بۆ کۆمەڵگایەک هێشتا بەلایەوە مێژوو تەنیا گێڕانەوەی حیکایەت و سەرەدوولکەیە، تێگەیشتن لە بەها و گرنگیی بەڵگەنامە و دیکۆمێنتە مێژووییەکان، هەروا ئاسان نییە. وەک چۆن تێگەیشتنی دروستیش بۆ مێژوو، بۆ ڕۆڵەکانی نەتەوەیەک ئاسان نییە کە کەمترین لاپەڕەکانی مێژووی خۆی، بە دەستی خۆی نووسیوەتەوە. لە کاتێکدا بەقەد بایەخی مێژوو وەک زانستێکی سەربەخۆ، هاوکات گرێدراو بە زانستەکانی سیاسی و جیۆستراتیژی، بەڵگە و دۆکیۆمینتەکانیش بایەخ و گرنگیی مێژوویی تایبەتی خۆیان هەیە، بەو پێیەی (مێژوو و بەڵگەنامە) جمکن و یەکتری تەواو دەکەن. دواجاریش مێژوو وەک یەکەیەکی یەکگرتووی ڕووداو و بەڵگەنامەکان، لە ڕاستەڕێکردنەوەی ئەمڕۆ و بونیادنانی ئاییندەیەکی گەشتر، ڕۆڵێکی فرە گرنگ دەگێڕێ. بەو پێیەی خوێندنەوەی مێژوو، هەمیشە چانسێک دەداتەوە بە مرۆڤ کە بەخۆیدا بچێتەوە و تەپوتۆزی دواکەوتن لە شانی خۆی داکوتێ و بەرچاوی ئاسۆی ڕۆشنتر بێت و ژیان لە دیمەنی دووبارە و خۆجووینەوەوە، بکاتە وزەی بەردەوامییەکی بەرهەمدار، بیکاتە هێزی مانەوەیەکی شکۆمەندانە، بیکاتە سوڕی نوێبوونەوە و پێشکەوتن. خوێندنەوەی مێژوو و کردنەوەی کۆدەکانی بە دیوە زانستی و لۆژیکی و ئاگاییەکەیەوە، ئەوەندە مرۆڤ دەرگیری دەستەوەستان و بێ ئومێدی ناکات، بەقەد ئەوەی فێری دەکات چۆن لە خۆی، لە بوونی مرۆییانەی، لە شکۆ و سەروەرییەکەی، لە ئامانجەکانی بە خاوەن دەرکەوێ. بەداخەوە کورد تا ئەم چرکەساتەش، مێژوو تەنیا بۆ خوێکردن بە برینەکانی یەکتریدا دەخوێنێتەوە، تەنیا وەک چەکی شکاندنی یەکتر، پەنا بۆ کونجەکانی مێژوو دەبات، مێژوو تەنیا وەک ژەهری نائومێدکردن دەڕژێنیتە قوڕگی نەوەکانەوە.

من دەمێکە کەڵکەڵەی گەڕان بەناو ئەرشیفخانەکان لە سەری داوم، هەر نا بۆ دۆزینەوەی ئەو بەڵگەنامانەی پەیوەندییان بە سەردەمی (میرنشینی سۆران)ەوە هەیە. ئەوەش ڕەنگە لە ئەنجامی ئەو تێگەیشتنەوە بێت کەوا من “فێر بووم گوێ لەو شتە بگرم کە نەگووتراوە، چونکە هەمیشە لەو شتە گرنگترە کە گوتراوە – مارگرێت ئاتود”. وەلێ وەک ئەوەی لە تەمەنی زووتر ئەو دەرفەتەم بۆ نەڕەخسا، ئێستاش بەم دۆخەوە ڕەنگە وەک پێویست و بەئاسانی، فریای ئەو کارە نەکەوم. جارێ دەسپێک پێویستیم بە فێربوونی زمان هەیە، تا بتوانم ئەلفوبێیەکی بەڵگەنامەکانی ناو ئەو ئەرشیفخانانەی پێ بخوێنمەوە، بەڵام ئەوەش هەموو شتێک نییە. مانگێک دەبێ لە تورکیام و یەکڕاست چوومەتە بەر خوولی فێربوونی زمان، هەر زمانەکەم پێڕەوکە بکات. لەگەڵ ئەمەشدا، پێویستیم بە شەش مانگی تەواوە بۆ تەواوکردنی زمان بە بارە زانستی و ئەکادیمییەکەی. ئەگەرچی ئەوەش دەزانم کە فێربوونی زمانی تورکی بەم تەرز و ڕێنووسەی ئێستای خۆی، دادم نادا. چونکە تەواوی ئەو بەڵگەنامانە بە زمانی عوسمانی و بە پیتی عەرەبی نووسراون. ئەوەش ئاستەنگێکی گەورەیە و ملدانە بەر ئەو کارە هەروا ئاسان نییە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانەش، پێموایە ئەوە لەمپەر نییە و لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا هۆکار و ئاسانکاری هەن کە کۆمەک بە مرۆڤ بکەن، تا لەو کارەیدا کەم و زۆر شتێک بە شتێک بکات، لە پێشیانەوە، ویست و ئیرادە.

بەدەم ئەو کەڵکەڵە و خولیایەوە، هەر کە هاتمە ئیستانبۆل، یەکەم شت بیرم لێی کردەوە، سۆراخکردنی بەڵگەنامەکانی سەردەمی عوسمانی بوو. هەنووکە بە هاوکاریی دڵسۆزانە و خەمخۆریی برای ئازیزم (بۆتان تەحسین)، ژمارەیەکی بەرچاوی بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنتی گرنگم لەبارەی (بارزان و بارزانییەکان، شێخ مەحموودی حەفید) لە سەردەمی عوسمانییەکان دەست کەوتووە. بەڵگەی ئۆرجیناڵ و پشتڕاستکراوەن، بەڵگەنامەگەلێک کە ڕەنگە زۆر کونج و کەلێنی تاریکی ئەو ڕۆژگارانەمان بۆ ڕۆشن بکەنەوە. ئەو ڕژدی و سووربوونەشم لەسەر سۆراخکردنی بەڵگەنامەکان و لاکردنەوە لە میراتی مێژوویی ئێمە لەناو ڕەفە و دەلاقە تۆز لەسەر نیشتووەکانی ئەرشیفخانەکاندا، بەشێکی زۆری پەیوەستە بەوەی کە تا ئاستێکی زۆر، باوەڕم بەو قسەیە هەیە کە دەڵێ “ مێژوو یادەوەریی مرۆڤەکانە، بەبێ ئەو یادەوەرییە، مرۆڤ دێتە ئاستی ئاژەڵەکان – مالکۆم ئێکس”.

لەم دەستپێک و سەرەتایەی هەنگاوەکانی پڕۆژەکەمدا، وێڕای پشتیووانییەکانی (بۆتان)ی هاوڕێم، لەوەشدا خۆشبەختم کە ئاشنایەکم دۆزیوەتەوە پسپۆڕی مێژووی عوسمانییەکانە و توانای تەواوی بەسەر کردنەوەی کۆد و کلیلی زمانی بەڵگەنامەکاندا دەشکێ و بۆ خۆیشی ئەرشیفێکی دەوڵەمەندی لەم بوارەوە کۆ کردووەتەوە. ئەمەش هاندەرێکی باشە بۆ ئەوەی ئەو خولیا و خەون و ئارەزووەم بکەمە پڕۆژەیەکی زانستی و درێژخایەن. ئەو جوامێرە بەڵێنی داوە لە ساخکردنەوە و پشتڕاستکردنەوەی بەڵگەنامەکان، لە وەرگێڕانی دەقەکانیان، لە کردنەوەی کۆدی زمانەکەیان هاوکارم بێت.

(دان بڕاون) نووسەری ڕۆمانی (کۆدی داڤینشی) لەبارەی بایەخی مێژووەوە دەڵێ: “مێژوو ئەگەر شتێکی فێر کردبین، ئەوەیە کە ئەو بیرۆکانەی ئەمڕۆ بەلامانەوە نامۆن و رەتیان دەکەینەوە، ڕۆژێک دادێ بۆمان دەبنە گرنگترینی ڕاستییەکانمان”. هەر لەو ڕوانگەیەوە، ئەوەی لەو کارەدا بۆ من گرنگە ئەو سەرەداوەی بەها و بایەخی ئەو ڕاستییانەی ناو ئەو مێژوو و بەڵگەنامانە بدۆزمەوە کە لە ڕابردوودا ڕەت کراونەتەوە، یاخود ئێستا بەرمەبنای ململانێیەکی کوێری سیاسی بە لاقرتێوە، توانجیان تێ دەگرین، یان بە لایەنی کەمەوە نادیدەیان دەگرین. بۆیە لای خۆمەوە دەستم داوەتێ، وردە وردە هێڵە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە و لێکۆڵینەوەکە دادەڕێژم، نەخشەسازیێکم بۆ ئەنجامدانی داڕشتووە. لەوێوە دەست پێ دەکەم کە مەبەست لە چەمکی بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنت چییە؟ جۆرەکانی بەڵگەنامە چین؟ چ شتێک بە بەڵگەنامە هەژمار دەکرێ؟ قۆناغەکانی پرۆسەی ساخکردنەوەی بەڵگەنامە مێژووییەکان کامانەن؟ میکانیزمەکانی پرۆسەی ساخکردنەوەکە چین؟ پەیوەندیی نێوان بەڵگەنامە و مێژوو چییە؟ بایەخی بەڵگەنامە لە باری مێژوویی، کولتووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ کۆمەڵگا/ نەتەوە چییە؟ هەڵدانەوەی ئەو لاپەڕانەی دوێنێ، چ حزمەتێک بە ئێستا و دواڕۆژی کورد دەکەن؟ بۆچی ئەرشیفی عوسمانییەکان؟ مەبەست لە ئەرشیفی عوسمانییەکان چییە؟ بایەخی ئەو ئەرشیفخانەیە بۆ مێژووی گەلانی ناوچەکە بە گشتی و کورد بەتایبەتی، لە چی و کوێدایە؟ ئەو بەڵگەنامانە دەتوانن چ شتێکی نوێمان پێ بڵێن؟ ساخکردنەوەی ئەو بەڵگەنامانە لە دۆزینەوەی هۆکارەکانی ناکۆکییەکانی نێوان کورد خۆی، لە دۆزینەوەی هێڵی سەرەکیی جیاکەرەوەی نێوان پڕۆژەی نەتەوەیی و وڵاتپارێزیی شێخەکانی بارزان و شوێنکەوتەیی و پاشکۆیەتیی خێڵ و هۆزە کوردە نەیارەکانی ئەو پڕۆژەیە بۆ سیاسەتی عوسمانییەکان و پیلانەکانیان، هەروەها لە پرۆسەی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی کورد – تورک، لەسەر بنەمایەکی تەندروست کە بە هاوسێیەتی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە پەیوەست بێت، بۆ ئێستا و داهاتوو، چ کۆمەکێکمان پێ دەکات؟
ئەمانە و زۆر پرس و بابەتی دیکەی گرنگ، تەوەری سەرەکیی ئەو لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەم دەبن. دەبێ ئەوەش بڵێم کە لەو پڕۆژەیەمدا مەرج و بنەڕەتەکانی توێژینەوەی زانستی، بناغە و بنەمای تۆکمەی کارەکەم دەبن، چونکە کارێکی ئاوا هەستیار و پڕۆژەیەکی وەها گرنگ، پێویستیی بە پاراستنی ئەمانەتی زانستی و گرتنەبەری ڕێگا و شێواز و میکانیزمی زانستی هەیە. بابەتێکە ناچێتە ژێر باری هەست و جۆش و خرۆش و کەفوکوڵی ناسیونالیستیی کوێر و بەرچاو تەنگ. بەتایبەتی کە ئاکام لە لیکۆڵینەوەکە بڕیاردان و لایەنگیری و ستایشکردن نییە، بەقەد ئەوەی ئاوڕدانەوەیەکە لە لایەنێکی گرنگیی مێژووی سیاسیی وڵاتەکەمان و ڕۆشنایی خستنە سەر ئەو کونج و کەلەبەرانەی ناو مێژووی تێکۆشانی وڵاتپارێز و تیکۆشەرانێکی خاوەن پڕۆژەی نەتەوەیی کە غەدری دوژمن و داگیرکاری، تاریکی کردوون و چاوی نادیدەگری خۆیی شێواندوونی، یان لە کەمترین حاڵەتدا لە نەوەکانی شاردوونەتەوە.

About زريان احمد

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …