Home / ناوداران / مامۆستا عەبدولکەریمی مودەریس پڕشنگێك هەمیشە دەدرەوشێتەوە

مامۆستا عەبدولکەریمی مودەریس پڕشنگێك هەمیشە دەدرەوشێتەوە

مامۆستا عەبدولکەریمی مودەریس پڕشنگێك هەمیشە دەدرەوشێتە85وە

 

نوسینی:کامەران سوبحان

 

ناوەڕاستی ساڵانی هەشتا، سلێمانی بەستەڵەک گرتبووی، من و دایکم و باوکم چووین بۆ بەغدا، وەک هەموو جارەکانی تر، دایە و بابە سەردانی مزگەوت و گۆڕی (شێخ عەبدولقادری گەیلانی)یان دەکرد. ئێوارەیەک چووینە مزگەوتەکە، خەڵکێکی زۆر لەوێ بوون، منیش بە چاوێکی منداڵانە لەو کەسانەم دەڕوانی کە بەدەوری گۆڕەکەدا دەخولانەوە. جار جاریش لاسایی ئەو ژن و پیاوانەم دەکردەوە کە پەنجەرە و دەرگای گۆڕەکەیان ماچ دەکرد و فوویان دەکرد بە ئاسماندا. دوای گەڕانێکی زۆر بە دەوری گۆڕەکەدا هەستم بە هەناسەبڕکێی دایکم کرد، لەتاو ماندووبوون لەتەنیشت دەرگای هاتنە ژوورەوەی گڵکۆکە کەمێک دانیشتن. منیش لەتەنیشتییەوە لە ڕووخساری ئەو کەسانەم دەڕوانی کە بە چواردەوری گۆڕەکەدا دەسوڕانەوە، دونیایەک گومان و پرسیارم لەسەر ئەو سرووتە بۆ دروست بوو، ڕەنگە هەندێ لەو گومان و پرسیارانەش لەگەڵمدا گەورە بووبن بۆ ئێستا! (کەمێک بێدەنگی و تێڕامان) دەستێکم لە دەستی باوکم و دەستەکەی تریشم لە دەستی دایکم و بیرکردنەوەشم لای ئەو گۆڕە بوو کە بە پەڕۆی سەوز داپۆشرابوو.. شوێنەکەمان بەجێ هێشت، بەڵام من بیرم هەر لای ئەو خولانەوانە بوو، کە خەڵکەکە بە ڕیتمێکی تایبەت و هەست بە گوناهباربوون دەسوڕانەوە بە دەوریدا. دوای کەمێک بەرەو لای سەرەوەی گۆڕەکە ڕۆیشتین، خانوویەکی تایبەت و ژوورێک بەسەر مزگەوتەکەدا دەیڕوانی، ترس و دڵەڕاوکێکەم زیادی کرد، پێڵاوەکانمان داکەند، چووینە ژوورێک پڕ بوو لە بۆنی بوغرد و کتێب، پیاوێکی ڕیشسپیی نوورانی چاویلکەیەکی گەورەی لە چاودا بوو، بە جلێکی سپیی مەلایانەوە لەسەرەوە دانیشتبوو، لای دەستە ڕاستەوە کۆمەڵێک ئەفەندی و یەک دوو مەلا دانیشتبوون، لەخواریشەوە دوو ژن کە بە عەبا ڕەشەکانیان ڕووخساریان شاردبووەوە. دایکم منی خسته‌ باوەشی و لەخوارەوە لای ژنەکان دانیشت. باوکم هەردوو دەستی مەلا چاویلکە لە چاوەکەی ماچ کرد و لەتەنیشت ئەفەندییەکانەوە دانیشت. مەلاش بە ویقارێکی زۆرەوە پەڕەکانی بەردەستی خستە ئەو لاوەوە، چاویلکە گەورەکەی لەبەردەمی خۆیدا دانا و کۆمەڵیک پرسیاری لە باوکم کرد، لەبارەی هاتنەکەمان بۆ بەغدا و بارودۆخی سلێمانی و هەندێ شتی تر، من لە ژوورەکە دەڕوانم و ترسێکی سەیر لە بینینەکەمدا دەبینرا. ڕەنگە ئەو ترسەش ئەوە بێت ئەم شوێنە چییە بۆی هاتووین؟ ئەم پیاوە نوورانییە کێیە؟ پێشتر ڕووخساری وام تەنها لە چیرۆکە ئەفسانەییەکان بینیوە. تۆ بڵێی ئەمە ئەو فریشتەیە نەبێت کە باس دەکرێت؟ مەلا بەردەوام بوو لە قسەکانی پێشتری، دیارە پێشتر باسکردنەکەیان لەسەر ئەدەب و شیعری شاعیرانی کورد بووە. ئەو کەسانەی دانیشتبوون چەند نووسەر و ڕۆشنبیرێکی کورد بوون هاتبوونە لای مەلا. ئەم دیمەنانەی ئێستا دەینووسمەوە، پێش نزیکەی ( 30 ساڵ) بوو. زۆر جار وەک فیلمێک ئەو چەند دیمەنەم دێتەوە یاد و لە خۆم دەپرسم تۆ بڵێی ئەو نووسەرانە کێ بووبن؟ لەنەستەکانمەوە برووسکەیەک دێت و دەڵێت لەناو ئەو کەسانەدا (حەسەن قزڵچی و هەژاری موکریانی)ی تێدایە. جا نازانم یادەوەریم ڕاستم لەگەڵ دەکات، یان نا؟ دوای هاتنە دەرەوەمان لە مزگەوتەکە و ڕۆیشتنمان بەرەو ئوتێل، لە قسەکانی دایک و باوکمدا ناوێکم بەرگوێ کەوت وترا (مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس) ئەو ناوە لەو کاتەدا بۆ من ئاسایی وابوو، بەڵام ئێستا زۆر گەورەیە لام، بەختەوەرم گەر لەڕێگەی ئەندێشەوە بێت، چەند وێنەیەکی تەڵخ و لێڵی ئەو ڕۆژانەم دێتەوە یاد، ئەم بینینە یەکەم جارە دەینووسمەوە و جارێکی تریش بۆ کاکە حەمەی مەلا کەریم و شیرین خانی هاوسەریم گێڕاوەتەوە. نالی… لە چاویلکەکەی مودەڕیسەوە بەشێکی زۆری ئەو سەروەتەی کورد لە بواری فەرهەنگدا بۆی ماوەتەوە، لە شیعری شاعیرانی کلاسیکی کوردی و فۆلکلۆرەکەیدایە. هەرچەندە ئەم لایەنەشە سەدان لاپەڕەی پەرش و ونبووی هەیە، بەڵام کە شیعرەکانی (نالی و مستەفا بەگی کوردی و مەحوی و مەولەوی و بێسارانی) دەخوێنمەوە، کەمێک لەو نیگەرانییانەم کەم دەبێتەوە کە بەرامبەر فەرهەنگ و زمانی نەتەوەکەم هەمە. ساڵانێک لەمەوبەر لە ماڵی مامۆستا حەمەی مەلا کەریم دیدارێکی دورودرێژی ئەدەبیمان ساز کرد، دوای دیدارەکە گفتوگۆکەمان چووە سەر شیعری نالی. کاکە حەمە زۆر شتی لەسەر دیوانەکە و ساخکردنەوەکەی باوکی باس کرد، چەند کۆپلە شیعرێکی نالیی بۆ خوێندمەوە، ئەمە دانەیەکیانە، کە مامۆستا مودەڕیس زۆر جوان لە دیوانەکەیدا شیی کردووەتەوە: تەبعی شەکەرباری من، کوردی ئەگەر ئینشا دەکــــــــا،
ئیمتیحانی خۆیە مەقـــــسودی، لە(عەمدا) وا دەکــــــــــــــا

یا لە مـــــەیــدانـی فــەســـاحــەتدا بە میسلی شەھسەوار
بێ تەئــەمـــــمول بـــەو ھەمـــو نەوعـــە زوبــــانی رادەکا

کــــەس بە ئەلـــــفازم نــــەڵــــێ خۆ کوردییە خۆ کردییە
ھەر کەسێ نادان نەبێ خۆی تالیبـی مــــەعنــا دەکــــا

بــــێتە حوجرەم، پارچە پارچەی موسوەدەم بکــڕێ بەڕۆح،
ھـــــــەرکەسێ کوتاڵ و پارچەی بێ بەدل سەودا دەکــــا

شــــــــیعری خەڵقی کەی دەگاتە شیعری من بۆ نازکـی؟!
کەی لە دیـــــققەتدا پەتــــــــک دەعوا لەگەڵ ھەودا دەکـا ؟ دواتر باسی جیاوازییەکانی بینینی نالیی کرد لە پشت چاویلەکەکەی باوکی، لەسەر مێزی نووسسینەکەی خۆی، دیوانی نالی چاپی دووەمی پێ بەخشیم و بە خەتە گەورەکەی خۆی لە لاپەڕەی یەکەمدا پێشکەشەکەی بۆ نووسیم. لەم ڕۆژانەدا کە خەریکی نووسینی ئەم وتارە بووم، چاوێکم بە دیوانەکەدا خشاندەوە، پێشەکییەکەی (هێمن موکریانی) شاعیر زۆر سەرنجی ڕاکێشام، کە بۆ ئەو چاپەی دیوانی نالیی نووسیوویەتی. ئەو پێشەکییە دەروازەیەکی باشە لێوەی بچمە ژوورەوە بۆ دونیای پڕشنگداری (مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس) لە چەند دێڕێکی پێشەکیی دیوانەکەدا هێمن دەڵێت: (هەموو کوردێکی پاک، چاک، دیندار، دڵسۆز و ئەدەبدۆست. ئەگەر بە دڵ و گیان خۆی بە منەتبار و قەرزداری مامۆستای هێژا و زانای کورد مەلا عەبدولکەریمی مودەریس نەزانێت، نا هەقی دەکات.! چونکە مامۆستا و کوڕە کارامە و لێزانەکانی بە هەموو هێزو توانای خۆیانەوە درێخیان نەکردووە. بەڕاستی ئەم خزمەتە بە نرخانەی ئەم بنەماڵە چاکە، بە دین، بە فەرهەنگ، بە زمان، بە ئەدەب و ئاکاری کوردیان کردووە، شایانی ئەوپەڕی ڕێز و سوپاسە) هەرچییەک بڵێین لەسەر مودەڕیس و کوڕەکانی، دەبێت جیاوازتر بێت لەم چەند دێڕەی هێمن، لە کاتی خوێندنەوەی(دیوانی نالی)دا، ئەم پرسیارانەم لە خۆم کرد: ئەگەر مودەڕیس و کوڕەکانی نەبایە، ئێمە و خوێنەرانی کورد لە چ کڵاوڕۆژنەیەکەوە سەیری (بێسارانی)مان بکردایە؟ چۆن لە مەحوی و نالی بگەیشتینایە؟ چۆن لە سالم و حاجی قادری کۆیی و مەولەوی دەگەیشتین؟ دەبێت تا وشە و نووسین و مێژوو مابێت، بە ستایشەوە ناوی ئەم خێزانە و ئەم پیاوە نوورانییەی ئەدەب بێنین. گەر کەسێک لەناو کورددا بە سەربڵندی و دلێرییەوە بتوانێت وەڵامی خوا بداتەوە کاتێک پرسیاری لێ دەکرێت، چیت کرد بۆ گەلەکەت؟ چیت کرد بۆ ئایینەکەت؟ چیت کرد بۆ مرۆڤ؟ چیت کرد بۆ ئەو دونیا؟ مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس لە پێشەوەی ئەو کەسانەوەیە بە سەربەرزی دەردەچێت، من هیچ کەس ناناسم لە کورددا هێندەی مودەڕیس خزمەتی ئایین و زمان و وشە و ئەدەبی کوردیی کردبێت. بۆن و گوڵزاری وشە نەبینراوەکان ماوەیەکی زۆرە خوێنەری بابەت و کتێبە جۆراوجۆرەکانی ئەم مەلا عاریف و خوێندەوارەم. تا کتێبخانە بێنازەکەی کاکە حەمەی کوڕی نەبینیت، نازانیت ئەم پیاوە چەند وشە و کتێب و نووسینی هەیە، سەیر لەوەدایە ژمارەی بەرهەمە چاپ نەکراوەکانی نزیکە لە بەرهەمە چاپکراوەکانی. بەشێکی زۆری ئەو بابەتانەی کە ڕۆژانە نووسیوویەتی لە بوارەکانی فیقهی ئیسلامی و عیرفانی هەڵگیراوە و چاپی بە خۆیەوە نەبینیوە، ڕەنگە ئەم نەوەیەی ئێمەش ڕووناکیی ئەو بەرهەمانە نەبینین. چەندین کتێب و دەستنووسی لەسەر مەولەوی و شێخ عەلی تەوێڵەیی و مەلا حامیدی بێسارانی و سەید قاسمی نکڵی و بابەتی مەولودنامە و وتاربێژی هەیە و تا ئێستا دەستنووسە. ئێستا کە ئەم دێڕانە دەنووسم، هەست بە دڵەڕاوکێیەکی زۆر دەکەم، نازانم لە کوێوە دەست پێ بکەم، بەردەوام لە شوێنی جیاوازەوە زانیاریی زیاتر دێتە ناو نووسینەکە، بەتەنها خوێندنەوەی بەرهەمەکانی بەس نییە تا لە نووسەرێک بگەیت، تێڕامان و ئازادکردنی هۆش و هزر، یاریدەدەرێکی بەهێزن بۆ نووسینەوەی ئەو تێڕوانینانە لەسەر ئەم مەلا خوێندەوارە. هەڵدەستمەوە و لە کتێبخانەکەمدا کتێبە بەنرخەکەی (یادی مەردان) هەڵدەگرم و چەند لاپەڕەیەکی دەخوێنمەوە، دەیهێنمە تەنیشتی کۆمپیتەرەکەم، دواتر تەفسیری نامی سەیر دەکەم و لەوسەری کتێبخانەکەش لەناو ڕەفەی کتێبی شاعیراندا، هەردوو دیوانی (مەولەوی و مەحوی) دێنمە لای خۆمەوە و لەتەنیشت دیوانەکەی (نالی) دایان دەنێم. جار جار لە نووسینەکە دادەبڕێم و چەند لاپەڕەیەک لەو کتێبانە دەخوێنمەوە، کە سەیر دەکەم کۆمپیتەرەکەم بە کتێبی ئەم مەزنە پیاوە دەورە دراوە، چەند دێڕێک دەنووسم و دەوەستم. دێمەوە سەر نووسینی بابەتەکە. دەڵێیت لە باخێکدام و بە بۆن و گوڵزاری مەلا مودەڕیس مەدهۆش بووم. لەم ساتەدا و لەم شەوە درەنگەدا، هەرچی دەنووسم باسی ئەوە، چاو بە هەر لایەکدا دەگێڕم کتێبەو ناوی(مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس)ی لەسەر نووسراوە. باخەوانی نێرگزەجاڕ ئەمە ناوی ئەو فیلمە دیکۆمێنتارییە بوو، کە دەرهێنەری سینەمایی جوانەمەرگ، تەهای کەریمی چەند ساڵیک لەمەوبەر لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی (مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس) دروستی کرد، بەداخەوە پێش نمایشی فیلمەکە، کەریمی بە ڕووداوی ئۆتۆمبێل کۆچی دوایی کرد، لەو دیکۆمێنتەرییەدا، من بە شدارم و ستایلی فیلمەکەش وایە، کە کۆمەڵیک نووسەر بە چەند دێڕێک گوزارشت لە مودەڕیس بکەن، من لەو دیکۆمێنتەرییەدا دەڵێم: (مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، پیاوێک به‌ بەژن و باڵا کورت، بەڵام بە هزری و نووسین گەورە و کەڵەگەت….هتد) ئەوەی زۆر سەرنجڕاکێشە، نازناوی فیلمەکەیە (باخەوانی نێرگزەجاڕ) کە پێموایە ئەم ناسناوە پڕ بە بینینی مەلا عەبدولکەریمە، کە 104 ساڵی ژیا، بەشی زۆری تەمەنی کارکردن بوو بۆ نووسین و زیاتر لە 100 کتێب و هەزاران لاپەڕەی لە بوارە جیاوازەکاندا هەیە. هەرگیز ساتەکانی وێنەگرتنی فیلمەکەم بیر ناچێتەوە، تەهای کەریمی بە ڕووخسارە دەروێشییەکەی خۆیەوە چاوێکی لەسەر کامێراکە و چاوێکی لەسەر لێوەکانی من بوو، بزانێت ئەو چەند دێڕەی دەیڵێم باشترین دێڕ بێت لەسەر ئەو باخەوانە. ساتی وێنەگرتنە لە کتێبخانەکەی (دەزگای سەردەم)ین. وێنەگرێکی ڕۆژهەڵاتی خۆی و کامێراکەی، مەریوان هەڵەبجەیی لە پشتەوە وەستاوە و روناکی ڕێک دەخات، کەریمی لەپشتی هەموویانەوە بەوردی سەیرم دەکات، ئەوینی شەریفی بەردەوام بە کامێرا فۆتۆگرافییەکەی وێنە دەگرێت. تا ئەو چەند دێڕەم وت، چەند جارێک وتەکانی پێ دووبارە کردمەوە. باخەوانی نێرگزەجاڕ و تەهای کەریمی بوونە دوو سیمبوولی مێژوویی. مودەڕیس، لە کوێوە بیبینین؟ مامۆستا مەلا عبدولکریم کوڕی محەمەد، کوڕی فەتاح کوڕی سلێمان کوڕی مستەفا کوڕی محەمەد، لە دێی (تەکییە) لە بناری شارەزوور لە نزیک شارۆچکەی خورماڵ لە ساڵی 1901 لەدایک بووە، ناسناوی ئەدەبی (نامی)ی هەبووە، لە سەرەتای لاوێتییەوە لای باوکی و دواتر لە مزگەوتی مەڵکەندی لە سلێمانی دەستی بە خوێندنی مەلایەتی کردووە. دواتر گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەی هەورامان و لە خانەقای بیارە لەلای شێخ عەلادین نەقشبەندی لە خوێندن بەردەوام بووە.دواتر دەچێتە خانەقای مەولانا خالیدی نەقشبەندی لە سلێمانی و پاشان لە مزگەوتی حاجی حان لە سلێمانی دەبێتە مەلای مزگەوت، دواتر بە یەکجاری بۆ بەغدا و تا ساڵی 2005 کە کۆچی دوایی دەکات لە مزگەوتی شێخ عەبدولقادری گەیلانی خزمەتی ئایین و ئەدەب دەکات. مودەڕیس 104 ساڵ ژیا، نزیکەی 100 کتێبی چاپکراوی نووسییوە، ئەمە جگە لە دەیان کتێب و وتاری دەستنووسی لەدوای خۆی بەجێماوە، بەرهەمەکانی بە هەرسێ زمانەکانی (کوردی، عەرەبی، فارسی) نووسیون. دیارترین کتێبەکانی لە بواری ئایینیدا بریتین لە (یادی مەردان، بنەماڵەی زانیاری، سەرچاوەی ئایینی بە زمانی کوردی، مەکتوباتی کاک ئەحمەدی شێخ- چوار بەرگ، ئیمان و ئیسلام، چلچرای ئیسلام، نوور و نەجات، بارانی رەحمەت، شەریعەتی ئیسلام، مه‌ولودنامە و میعراجنامە، تەفسیری نامی چەند بەرگێکە….هتد) لە بواری ساغکردنەوەی شیعری کلاسیکیی کوردی دیوانی چەندین شاعیری کوردی چاپ کردووە لەوانە: (دیوانی مەحوی، کۆمەڵەی شیعری فەقێ قادر هەمەوند، دیوانی مەولەوی، دیوالی نالی، دیوانی بێسارانی، دیوانی سالم، دیوانی بێخود، دیوانی شیعری نامی…هتد) لە هەر لایەکەوە لێی بڕوانیت، سەرتاپا گوڵاو و نوورە، پڕ بووە لە ژیان، پڕ بووە لە نووسین و بەرهەم، کە دێتە سەر مردن پرسیاری ئەوە دەکەین کە چۆن دەبێت ئەو بمرێت و کەسێکی تریش بمرێت؛؟ بریا مودەڕیس دوو جار بژیایە، دەبوو لەسەر کێلی گۆڕەکەی لەو غەریبییەی بەغدا بنووسرایە، ئەو مرۆڤەی شایەنی ئەوە بوو دوو جار بژی، جارێک بۆ ژیان، جارێک بۆ نووسین!.

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About زريان احمد

Check Also

1516611239wefayi

وه‌فایی

جام کوردی: میرزا عەبدوڕە‌حیم سابڵاغی ناسراو به وەفایی شاعیری به ناوبانگی کورد، ساڵی ١٢٦٤ی ھەتاوی …