Home / ناوداران / محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم گه‌وهه‌رێك له‌ ئه‌ده‌بی كوردیدا ‌

محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم گه‌وهه‌رێك له‌ ئه‌ده‌بی كوردیدا ‌

محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم گه‌وهه‌رێك له‌ ئه‌ده‌بی كوردیدا ‌

FB_IMG_1489311545840

ژیاننامه‌ی حه‌مه‌ی مه‌لا كه‌ریم
مامۆستا محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم زانایه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بی‌و كه‌لتووری كوردستانه‌‌و له‌رشته‌كانی نوسین‌و وه‌رگێڕان‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی خزمه‌تێكی زۆری به‌كاروانی رۆشنبیری كوردستان كرد‌و وه‌ك قه‌ڵه‌مێكی ئازا‌و پێشكه‌وتنخواز له‌ده‌رگایه‌كی گه‌وره‌وه‌ چووه‌ لاپه‌ڕه‌ دره‌وشاوه‌كانی مێژووی كوردستانه‌وه‌.
مامۆستا محه‌مه‌د له‌ 14ی ئابی 1931 له‌ناحیه‌ی بیاره‌ی سه‌ر به‌هه‌ڵه‌بجه‌ له‌دایك بووه‌.
له‌ئامێزی خانه‌واده‌ی موده‌ڕیسدا په‌روه‌رده‌ بوو كه‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی شكۆداری ئاینیی زانستپه‌وه‌ر‌و ئه‌ده‌بپه‌وه‌ر بوون‌و له‌سه‌رده‌ستی مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیسی باوكی‌و زانا ئایینیه‌كانی دیكه‌ی ده‌رسه‌ ئایینه‌یه‌كانی خوێند‌و مۆڵه‌تی مه‌لایه‌تیی وه‌رگرت‌و به‌ڵام كاری مه‌لایه‌تی نه‌كرد‌و خۆی ته‌رخان كرد بۆ خزمه‌تی كه‌لتوری گه‌له‌كه‌ی.
مامۆستا محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم كه‌سێكی چه‌پ‌و خاوه‌ن بیرێكی پێشكه‌وتنخواز‌و شارستانی بوو، به‌هۆی بیرو بۆچوون‌و هه‌ڵویسته‌ سیاسی‌و نیشتمانییه‌كانییه‌وه‌ تووشی راونان‌و زیندان‌و ئازاردان بوو، به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ كۆڵیان پێنه‌دا‌و له‌سه‌ر باوه‌ڕه‌كه‌ی خۆی سوور بوو، ته‌نانه‌ت زیندانیشی وه‌ك قوتابخانه‌یه‌ك‌و وێستگه‌یه‌كی تێكۆشان‌و كاركردن سه‌یر ئه‌كرد، هه‌ر بۆیه‌ش كونجی زیندانیشی بۆ خزمه‌تی نوسین وه‌به‌رهێنا‌و هه‌ردوو كتێبی( جه‌نگاوه‌رێكی ڤێتنامی)‌و (لاوك‌و حه‌یران)ی له‌زیندان نووسی.
مامۆستا محه‌مه‌د وه‌ك لێكۆڵیارێك خزمه‌تێكی فره‌ی به‌ئه‌ده‌بی كوردی كردووه‌‌و دیوانی چه‌ند شاعیرێكی گه‌وره‌ی كوردی ساغ كردۆته‌وه‌‌و به‌چاپی گه‌یاندوون‌و له‌ فه‌وتان رزگاری كردوون، له‌وانه‌( مه‌وله‌وی، نالی، مه‌حوی، حاجی قادری كۆیی، سالم، بێسارانی، گۆران‌و بێخود)ی چه‌ندان كاری ناوازه‌ی دیكه‌.
زمانه‌كانی عه‌ره‌بی‌و فارسی به‌باشی زانیوه‌‌و ئه‌وه‌ش هاوكارێكی باشی بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك وه‌رگێڕیكی به‌سه‌لیقه‌ خزمه‌ت بكات‌و له‌و بواره‌شدا شوێن په‌نجه‌ی دیاره‌.
مامۆستا محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری یه‌كێتی نوسه‌رانی كورد‌و سكرتێری نوسینی گۆڤاره‌كه‌ی بوو، وه‌ك نوسه‌رو رۆژنامه‌نوسێكی به‌توانا له‌و گۆڤاره‌‌و رۆژنامه‌‌و گۆڤاره‌كانی تر خزمه‌تی كرد‌و چه‌ندین وتارو لێكۆڵنه‌وه‌ی زانستی به‌پێزی پێشكه‌ش كرد.
ماوه‌یه‌كی زۆریش ئه‌ندامێكی چالاكی كۆڕی زانیاری كورد بوو، له‌رێی ئه‌و كۆڕه‌‌و گۆڤاره‌یه‌كه‌وه‌ خزمه‌تی زۆری به‌ئه‌ده‌ب‌و كه‌لتوری كوردی كرد.
ئه‌م زانا ناوداره‌ی كورد نزیكه‌ی نیوسه‌ده‌ له‌ته‌مه‌نی خۆی به‌خزمه‌تی ئه‌ده‌ب‌و روناكبیریی كوردستان به‌خشی‌و خاوه‌نی زیاتر له‌ 20 كتێبی ناوازه‌‌و ده‌یان وتارو لێكۆڵینه‌وه‌ی به‌نرخه‌.
به‌داخه‌وه‌ ئه‌م زانا پایه‌دار‌و پێشكه‌وتنخواز‌و بیر رۆشنه‌ی كوردستان، پاش ململانێیه‌كی درێژ له‌گه‌ڵ نه‌خۆشی به‌ره‌به‌یانی 12ی ئازاری 2017 بۆ دواجار له‌شاری سلێمانی چاوه‌كانی لێكنا‌و ئۆغری كرد‌و چووه‌ دنیای نه‌مرانه‌وه‌ له‌سه‌ر وه‌سێتی خۆشی له‌گردی سه‌یوان له‌ته‌نیش گۆرانی شاعیر‌و هاورێی به‌خاك سپێرا له‌و مه‌راسیمه‌دا به‌رێز حاكم قادر ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێری ی ن ك ‌و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ نوسه‌ران‌و ئه‌دیبانی سلێمانی كوردستان ئاماده‌ی بون.
درودی رێزو وه‌فا‌و ئه‌مه‌كداری بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم ئه‌و پیاوه‌ی بیرو قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی به‌پاكی‌و دره‌وشاوه‌یی مایه‌وه‌‌و هیچ زروف‌و زه‌مانێك كاری تێنه‌كرد‌و وه‌ك سوڵتانی ئه‌ده‌بی كوردی چووه‌ دیرۆكه‌وه‌.
به‌ ناوی یه‌زدانی مه‌زن و میهره‌بانه‌وه‌
به‌ڕێزان  خانه‌واده‌ و بنه‌ماڵه‌ی  مامۆستا  محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم
به‌داخ و په‌ژاره‌ی زۆره‌وه‌  هه‌واڵی ماڵئاوایی یه‌كجاره‌كیی مامۆستای گه‌وره‌  كاكه‌ حه‌مه‌ی مه‌لا كه‌ریم مان بیست ، بۆ ئه‌و خه‌مه‌ قورسه‌  پرسه‌‌و ماته‌مینیی قوڵی سه‌رۆك مام جه‌لالتان پێ راده‌گه‌یه‌نین، له‌ناخه‌وه‌ به‌شداریی خه‌متان ده‌كەین و پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیی قوڵی خۆمان ئاڕاسته‌ی یه‌ك به‌یه‌كی خانه‌واده‌‌و بنه‌ماڵه‌ی تێكۆشه‌رتان‌و  ته‌واوی  ناوه‌نده‌ روناكبیریی‌و ئه‌ده‌بیی‌و  رۆژنامه‌وانییه‌كان و  هاوڕێ و دۆستانی مامۆستای نه‌مر  ده‌كه‌ین .
كاكه‌ حه‌مه‌ی مه‌لا كه‌ریم  كه‌ دۆستایه‌تیییه‌كی به‌هێزی هه‌بو له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مام جه‌لالدا و جێگه‌ی رێز و پایه‌كی تایبه‌تیی  لا هه‌بو ،  سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌خانه‌واده‌یه‌كی ناسراوی خاوه‌ن زانست و مه‌عریفه‌ و خاوه‌ن هه‌ڵوێستی نیشتمانیی  بو ،  له‌پاڵ خه‌باته‌ سیاسییه‌كه‌یدا كه‌   كه‌سایه‌تییه‌كی   نیشتمانیی  ریزه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی نیشتمانیی‌و دیموكراسیی گه‌له‌كه‌مان بو ، له‌ بواره‌كانی  توێژینه‌وه‌ و ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی ، زمانه‌وانیی، روناكبیریی‌و  رۆژنامه‌وانیشدا  پێشه‌نگێكی پایه‌به‌رز  بو كه‌ خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی ئه‌و بواره‌ جیاجیایانه‌ی كردوه‌‌و  ناوێكی پرشنگداری ئه‌و مه‌یدانانه‌ بوه‌، به‌مه‌ش  مێژویه‌كی دره‌وشاوه‌ی تۆمار كردوه‌، كه‌ جێگه‌ی شانازییه‌.
له‌ په‌روه‌ردگارمان داوایه‌ گیانی ئه‌م خاوه‌ن قه‌ڵه‌مه‌ بڕشت و  كه‌سایه‌تییه‌ نیشتمانییه‌ به‌هه‌ڵوێسته‌  ، به‌به‌هه‌شتی خۆی شاد بكات ، سه‌بوریی و دڵنه‌وایی به‌ خانه‌واده‌ و بنه‌ماڵه‌ی تێكۆشه‌ر و ناوه‌نده‌  نیشتمانیی و كلتوریی و ئه‌ده‌بیی و رۆژنامه‌وانییه‌كان ببه‌خشێت و ئه‌وه‌ دوایین خه‌مو په‌ژاره‌ بێت .
انا لله و انا الیه‌ راجعون
سكرتاریه‌تی هه‌ڤاڵ سكرتێری گشتیی (ی.ن.ك)
——————-
به‌داخ‌و په‌ژاره‌یه‌كی قوڵه‌وه‌ هه‌واڵی كۆچی دوایی نووسه‌ر‌و مێژوونووس محه‌مه‌د مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیسمان بیست كه‌ دوای مێژوویه‌كی پڕ له‌ داهێنان‌و به‌خشش‌و هه‌ڵوێستی نیشتمانی‌و مرۆیی، به‌ره‌به‌یانی دوێنێ له‌ شاری سلێمانی له‌ ته‌مه‌نی 86 ساڵیدا ماڵئاوایی كرد.
له‌ كاتێكدا هاوخه‌میی راده‌گه‌یه‌نین بۆ كۆچی مامۆستا محه‌مه‌د مه‌لا عه‌بدولكه‌ریم كه‌ نووسه‌رێكی گه‌وره‌‌و رۆژنامه‌نووسێكی به‌ناوبانگ بوو، به‌ به‌خششه‌كانی هه‌ردوو كلتووری كوردی‌و عه‌ره‌بی ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه‌‌و هه‌ردووكیان به‌ ماڵئاواییكردنه‌كه‌ی ئه‌دیبێكی داهێنه‌ر‌و مێژوونووس‌و موته‌رجیمێكی به‌توانایان له‌ده‌ستدا، به‌ تایبه‌تی بیروباوه‌ڕه‌ رووناك‌و رۆشنه‌ مرۆییه‌كه‌ی به‌بیردێنینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و خزمه‌ته‌ زۆر‌و زه‌وه‌ندانه‌ی كه‌ پێشكه‌شی كردووه‌ له‌بواره‌كانی ئه‌ده‌بی‌و زمانه‌وانی‌و رۆژنامه‌وانیدا‌و به‌شانازیشه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ رۆڵه‌ پێشه‌نگه‌كه‌ی له‌ ساغكردنه‌وه‌‌و توێژینه‌وه‌‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی دیوانی چه‌ندین گه‌وره‌ ئه‌دیب‌و شاعیرانی كورد به‌ هه‌مان رێچكه‌‌و رێبازه‌كه‌ی عه‌لامه‌ی گه‌وره‌ مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیسی باوكی.
 به‌ ماڵئاواییكردنی، عیراق كه‌سایه‌تییه‌كی نیشتمانیی پێشكه‌وتووخوازی له‌ده‌ستدا كه‌ ژیان‌و روناكبیری‌و بیروباوه‌ڕه‌كه‌ی خۆی خستبووه‌ پێناوی وڵات‌و گه‌له‌كه‌ی‌و یه‌كێك بوو له‌دیارترین رووناكبیره‌ به‌رهه‌ڵه‌ستكاره‌كانمان دژی سه‌ركوتكردن‌و داكۆكیكارێكی ئازادییه‌ سیاسییه‌كان‌و مافی را ده‌ربڕین كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ندینجار روبه‌ڕوی ده‌ستگیركردن‌و چه‌وساندنه‌وه‌ بوه‌ته‌وه‌، نمونه‌یه‌كی جوانیشی پێشكه‌شكرد له‌ پێكه‌وه‌ژیانی نێوان پابه‌ندبوونی ئه‌ده‌بی‌و لایه‌نگیریی بۆ جوانی‌و داهێنان.
له‌م خه‌مه‌دا ئه‌و به‌ها جوانانه‌‌و نووسراوه‌ به‌نرخه‌كانی‌و ناوی باشی له‌ دڵ‌و ده‌روونی هه‌موو ئه‌وانه‌دا به‌رزڕاده‌گرین كه‌ ناسیویانه‌.
سۆزی فراوان بۆ گیانی نووسه‌ر‌و مێژوونووسی مه‌زن، محه‌مه‌دی مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس. گه‌رمترین پرسه‌‌و ماته‌مینیمان بۆ خانه‌واده‌ی به‌ڕێز‌و دۆستان‌و هاوڕێكانی كۆچكردوو.
انا لله وانا الیه‌ راجعون
فوئاد مه‌عسوم
سه‌رۆك كۆمار
————
  زۆر به‌داخه‌وه‌ هه‌واڵی‌ كۆچی‌ دوایی‌ زانا‌و روناكبیرو نوسه‌ری‌ گه‌وره‌ی‌ گه‌له‌كه‌مان، ماۆستا محه‌مه‌دی‌ مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی‌ موده‌ریس-م پێگه‌یشت. له‌ناخه‌وه‌ خه‌مباربووم. پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی‌ ئاراسته‌ی‌ كه‌سوكارو بنه‌ماڵه‌ به‌رێزه‌كه‌یان ده‌كه‌م.
  مامۆستای‌ كۆچكردوو، خاوه‌ن به‌خشش و ئه‌زموون و به‌رهه‌می‌ ناوازه‌ی‌ ئه‌ده‌بی‌ و روناكبیرییه‌ و خزمه‌ته‌كانی‌ گه‌وره‌ن، بۆیه‌ له‌ده‌ستدانی‌ زیانێكی‌ گه‌وره‌یه‌.
ئومێده‌وارم ئه‌مه‌ دواناخۆشی‌ بنه‌ماڵه‌ به‌رێزه‌كه‌یان بێت.
عومه‌ر فه‌تاح
كارگێڕی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌
یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان
——————-
به‌ ناوی خوای گه‌وره‌‌و به‌خشنده‌وه‌
خانه‌واده‌ی به‌ڕێزی مامۆستا محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم
به‌داخ‌و په‌ژاره‌ی زۆره‌وه‌ هه‌واڵی ماڵئاوایی مامۆستا محه‌مه‌دم پێگه‌یشت، بۆ ئه‌و خه‌مه‌تان له‌ناخه‌وه‌ به‌شداریی خه‌متان ئه‌كه‌م‌و هاوخه‌میی خۆم ئه‌گه‌یه‌نم به‌ یه‌ك به‌یه‌كی خانه‌واده‌ی تێكۆشه‌رتان.
مامۆستا محه‌مه‌د سه‌رباری ئه‌وه‌ی تێكۆشه‌رێكی سیاسی‌و داكۆكیكارێكی به‌رجه‌سته‌ی پێشكه‌وتنخوازیی‌و ئازادییه‌كان بو‌و، به‌هۆی هه‌ڵوێسته‌كانییه‌وه‌ ئازار‌و ده‌رده‌سه‌ریی زۆری چه‌شت، خزمه‌تێكی به‌رچاوی رووناكبیری‌و كه‌لتووری‌و ئه‌ده‌بی‌و لایه‌نه‌كانی زمانه‌وانی‌و مێژوویی‌و چه‌ندین بواری تری گه‌له‌كه‌شمانی كردووه‌ كه‌ جێده‌ستی زۆر به‌رچاو دیاره‌، به‌مه‌ش گه‌نجینه‌‌و سامانێكی گه‌وره‌ی له‌ئه‌ده‌ب‌و رووناكبیریی بۆ گه‌له‌كه‌ی ده‌سته‌به‌ر كردووه‌ كه‌ جێگه‌ی ستایش‌و شانازیی هه‌مووانه‌.
له‌یه‌زدانی مه‌زنمان داوایه‌ گیانی مامۆستا محه‌مه‌دی مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس به‌ به‌هه‌شتی به‌رین شاد بكات، سه‌بووری‌و ئۆقره‌ییش به‌ئێوه‌‌و ناوه‌نده‌كانی كلتووری‌و ئه‌ده‌بی‌و رۆژنامه‌وانیی ببه‌خشێت‌و ئه‌وه‌ دوایین ناخۆشی‌و خه‌م بێت.
انا لله‌و انا الیه‌ راجعون
 هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
—————–
بەڕێز بنەماڵەی خوالێخۆشبوو  مامۆستا محه‌مه‌د مه‌لا كه‌ریم
به‌ داخ و په‌ژاره‌ی زۆره‌وه‌ هه‌واڵی ماڵئاوایی رۆشنبیرو ڕه‌وانبێژی‌ زمانی‌ كوردی‌ مامۆستا (محه‌مه‌د مه‌لا كه‌ریم) مان پێ گەیشت، بەم بۆنە خەمناکەوە پرسه‌ و ماته‌مینیی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادەو  دۆستانی كۆچكردوو دەكەین.
خوالێخۆشبوو کە کوڕی زانای ناودار، ڕەحمەتی «مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی‌ موده‌ریسه»‌ بە بنەماڵە خزمەتی گه‌وره‌یان بە ئاینی پیرۆزی ئیسلام و ئەدەب و زمانی كوردی گه‌یاندووه‌، هەمیشە بەرگرییان لە ئازادی و مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان کردووە، ئەمەش جێی شانازی ئێمە و خانەوادە سەربەرزەکەیانە..
له‌ په‌روه‌ردگاری مه‌زنمان داوایه،‌ گیانی كۆچكردوو به‌ به‌هه‌شتی به‌رینی شاد بكات، سه‌بووری و دڵنه‌واییش به‌ خانه‌واده‌ و کەسو کاری ببەخشێت.
انا لله و انا الیە راجعون
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆک وەزیران
12ی ئازاری 2017
——————-
به‌رێزان خێزان‌و بنه‌ماڵه‌ی مامۆستا محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم , نوسه‌ران‌ورۆشنبیرانی كوردستان
هه‌واڵی كۆچی دوایی نوسه‌ر‌ولێكۆڵه‌ری دیاری كورد( مامۆستا محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم) نیگه‌ران‌و غه‌مباری كردم . به‌ناوی خۆم‌و په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ پرسه‌‌و سه‌ره‌خۆشی له‌خێزان‌و بنه‌ماڵه‌‌وته‌واوی رۆشنبیرانی كوردستان ده‌كه‌م.
مامۆستا محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌یم‌و بنه‌ماڵه‌ ئه‌ده‌ب دۆسته‌كه‌ی , به‌درێژایی زیاتر له‌نیو سه‌ده‌ی رابردو خزمه‌تێكی زۆر‌وفراوانیان به‌وشه‌‌وزمانی كوردی كردووه‌ , به‌شانازییه‌وه‌ په‌رله‌مانی كوردستان ساڵی 2016 رێزی له‌و خه‌رمانه‌ گه‌وره‌یه‌ی كاكه‌ حه‌مه‌ی مه‌لا كه‌ریم گرت‌و خه‌ڵاتی رێزلێنان‌و ماندوبونی له‌گه‌ڵ وشه‌ی كوردی پێ به‌خشی.
پاراستنی ئه‌ده‌بیاتی كلاسیك‌و ده‌ستنوسی كوردی كاكه‌ حه‌مه‌‌و مامۆستا مه‌لا عه‌بدول كه‌ریمی موده‌ریس رۆڵێكی گه‌وره‌یان بینی له‌زیندوكردنه‌وه‌ی بۆیه‌ ئه‌م خێزانه‌ ئه‌ده‌ب دۆسته‌ له‌لاپه‌ره‌كانی ئه‌ده‌ب‌و مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا به‌شانازییه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌ رۆڵ‌و كاریگه‌ری‌و ماندوبونیان ده‌كرێـت.
انا لله و انا الیه‌ راجعون
د. یوسف محه‌مه‌د سادق
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان
——————-
به‌داخ‌و په‌ژاره‌یه‌كی‌ زۆره‌وه‌، هه‌واڵی‌ كۆچی‌ دوایی‌ مامۆستا (محه‌مه‌دی‌ مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی‌ موده‌ریس)مان پێگه‌یشت. پرسه‌و سه‌رخۆشی‌ ئاراسته‌ی‌ بنه‌ماڵه‌و كه‌سوكاره‌ به‌ڕێزه‌كه‌یان ده‌كه‌ین.
  مامۆستا محه‌مه‌د مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی‌ موده‌ریس، نوسه‌رو روناكبیرو توێژه‌ری‌ دیاری‌ گه‌له‌كه‌مان، جگه‌ له‌وه‌ی‌ كوڕی‌ زانای‌ گه‌وره‌ مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی‌ موده‌ریس بوو، له‌هه‌مان كاتدا له‌بواری‌ توێژینه‌وه‌ی‌ ئه‌ده‌بیدا، به‌رهه‌مه‌كانی‌ سه‌روه‌تێكی‌ كولتوری‌ گه‌وره‌و سه‌رچاوه‌ی‌ بایه‌خدارن.
 له‌ده‌ستدانی‌ مامۆستا محه‌مه‌د مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی‌ موده‌ریس خه‌مێكی‌ گه‌وره‌یه‌، ئومێده‌وارین ئه‌مه‌ دواناخۆشیی‌ بنه‌ماڵه‌ به‌رێزه‌كه‌یان بێت.
راگه‌یاندنی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌
یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان
13/3/2017
——————-
به‌ ناوی یه‌زدانی گه‌وره‌‌و میهره‌بانه‌وه‌
به‌ڕێزان خانه‌واده‌‌و بنه‌ماڵه‌ی مامۆستا محه‌مه‌دی مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس
به‌داخ‌و خه‌می زۆره‌وه‌ هه‌واڵی ماڵئاوایی مامۆستا محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریمم بیست
له‌ ناخه‌وه‌ ماته‌مینی گه‌رمی خۆمتان پێشكه‌ش ده‌كه‌م.
مامۆستا محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم به‌ داهێنان‌و به‌خششه‌كانی له‌هه‌موو بواره‌كاندا خزمه‌تێكی زۆری گه‌له‌كه‌ی كردووه‌‌و جێگه‌ده‌ستی دیار‌و به‌رچاوه‌ كه‌ گه‌نجینه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندی بۆ كتێبخانه‌ی كوردیی جێهێشتووه‌.
له‌یه‌زدانمان داوایه‌ گیانی مامۆستا محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم به‌ به‌هه‌شتی به‌رینی شاد بكات‌و سه‌بووریی ئێوه‌‌و هه‌موو لایه‌ك بدات‌و ئه‌وه‌ دوایین ناخۆشی‌و خه‌م بێت.
انا لله‌و انا الیه‌ راجعون
دكتۆر له‌تیف ره‌شید
راوێژكاری پێشكه‌وتووی سه‌رۆك كۆمار
———————-
لەدەستدانت تەنھا كۆستی خانەوادەك نیە كۆستی ئەدەب وشعرە كۆستی كاروانی ڕۆشنبیری كوردستانە.
 دڵگرانی و ماتەمینی خۆمان ڕادەگەیەنین بۆ كۆچی مامۆستاو نوسەرو لێكۆڵەرو ڕەخنەگر مامۆستا (محەمەدی مەلاعەبدول كەریمی مودەڕیس )
 لەیەزدانی مەزن داواكارین جێگات بەھەشت بێت.
سه‌ردار قادر
باریزكاری سلیمانی

 

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About زريان احمد

Check Also

shex-saedy-peran2962019

شێخ سەعیدی پیران

بەپێی یاداشتەكانی (دكتۆر نورەدین زازا)، سیاسەتمەدار و ڕووناكبیری كورد، كە باست حەمەغەریب كردویەتی بە كوردی، …