Home / بەشی مێژووی كورد / کوردو ناکۆکی مێژویی و ئێستایەکی بەراوردکارانە ‌

کوردو ناکۆکی مێژویی و ئێستایەکی بەراوردکارانە ‌

کوردو ناکۆکی مێژویی و ئێستایەکی بەراوردکارانە ‌

zhn113

خەڵەف ئەحمەد

جیاوازی وململانێکان ئاسایین وهەموو کێبرکێیەکی شەریفانە بۆ وەدەستهێنانی پێگەو دەسەڵاتی زیاتر قبوڵکراوە ، هەوڵدانی هەر هێزێکی سیاسی بۆ خزمەتکردنی زیاتری خەڵک و پێشکەوتنی بەرامبەر بەلایەنەکانی تری گۆڕەپانی سیاسی و سەرەنجام بەهێزکردنی پێگەی خۆی، نەک بەمافی هەرهێزێکی سیاسی ئەزانرێت، بەڵکو ئەو جۆرە لەکارکردن جێگەی شانازییە بۆ هەر هێزێك و مایەی پشتیوانیلێکردنە، بەپێچەوانەوە ئەوەی ئاسایی نیەو نابێ ڕێی پێبدرێت ئەوەیە کە سەنگەرگرتن لەیەکترو باڵبادان وملشکاندنی یەکترە. بەتایبەت ئەگەر ئەم کارە نەشیاوە بۆسڕینەوەی ئەوی ترو سەپاندنی هەژمونی دەسەڵاتی لایەک بەسەر لایەکی تردا بەپشتیوانی بێگانەو خۆ دۆڕاندن بە دوژمن بێت. نابێت ئەوەی ئەم ترسەی هەیەو باس لەم دیاردە مێژوییە نەخوازراو و ماڵوێرانکەرەی کورد بکات، لۆمە یان تۆمەتبار بکرێت بە لایەندارو هێرش بەر بۆ سەر لایەنێکی تری دیاریکراو،بە پێچەوانەوە پێویستە هەمیشە مێژوومان لەیادبێت و سوودی لێ ببینین لە بەرژەوەندی گەلەکەمان و لەپێناو دوبارە و چەندین بارە نەبوونەوەی قۆناغە سەخت و ناخۆشەکانی ڕابردوو، چونکە ئەزانین برینمان لەم  ڕووەوە قوڵەو کورد وتەنی ( مارانگەستەین )لەم بابەتەمدا بەکورتی چیرۆکی مێژویەکی کۆنی کوردتان وەبیردێنمەوە کە بە نزیکەیی ( 400)ساڵ بەر لە ئێستایەو لەسەردەمی ئەردەڵانییەکاندا روویداوه‌و بەتەواوی لەئێستامان ئەچێت.
یەکێک لە میرەکانی ئەردەڵان بەناوی (خان ئەحمەدخان)کە حوکمداری خۆرهەڵات و باشووری کوردستان بووە و قەڵەمڕەوێکی فراوانی هەبووە،ئەم فەرمانڕەوایە تابڵێی ئازاو بەجەرگ بووە و سوپایەکی بەپێی ئەو سەردەمە لێهاتو و کارامەی هەبووە لەڕوی پەیوەندییەوە نزیکییەکی زۆری لەگەڵ (شا عەباس) شای ئێران هەبووە، بەڕادەیەک خوشکی شا بەناوی (زەرین کولاه) ئەبێتە هاوسەری و کوڕێکی لێی ئەبێت بەناوی (سورخاب). ئەم میرە لەسەر داوای شای ئێران بۆدژایەتیکردنی سوڵتان مورادی عوسمانی لەشکرکێشی ئەکات بۆ موسڵ و پاشان بۆ بەغداد و بەئاسانی و بەبێ لەمپەرو بەربەستی زۆر ئەتوانێ بگاتە ئەم شوێنانەو وەک مەردۆخ ئەڵێت «حەوت ساڵ و سێ مانگ لە ناو عەرەبەکان و لەنێوان موسڵ و بەغداد دا ئەمێنێتەوە» پاش گەڕانەوەی لەلایەن شا عەباسەوە خەڵات ئەکرێت. وەک لەسەرچاوەکان هاتووە خەنجەرێک کە کێلانەکەی ئاڵتون ئەبێت لەگەڵ ١٠٠٠ تمەنی زێڕ وەک دیاری بۆ ئەنێرێت، لەپای ئازایەتی و ئەو سەرکەوتنەی کە لەموسڵ وبەغداد بەدەستیهێناوە، ئەم پەیوەندییە باشە درێژەی ئەبێت و (شاعەباس) خوشکەزاکەی خۆی کە کوڕی( خان ئەحمەدخانە) ئەباتەلای خۆی و بەخوێندن و پەروەردەیەکی پاک پەروەردەی ئەکات بۆ جێگەداری باوکی لەداهاتودا ، پاش ماوەیەک شاعەباس کۆچی دوایی ئەکات، (شاسفیە)ئەبێتە شوێنگرەوەی و ئەمیش بەهەمان شێوەی ڕابوردوو درێژە بە پەیوەندییەکانی نێوانیان ئەدات لەگەڵ خانی میری ئەردەڵان ئەگەرچی بۆ بەرژەوەندی خۆیەتی تالەڕێگەی ئەم میرانەوە دژایەتی تورکە عوسمانیەکان بکات بەڵام ئەمە ئاساییە ئەگەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گشتی بەرژەوەندی بەرامبەرو دولایەنە پارێزراوبێت ، بەهەرحاڵ دوای ماوەیەک و بۆ نەگبەتی کوردو خۆخۆریەکەی لەبەرەبەیانی مێژوەوە تابە ئێستا براکان ملی یەکتریان شکاندوە لەبەرژەوەندی دوژمنەکانیان دژ بەیەک وەستاون ، لەودەمەدا (سلێمان پاشا) کە ئامۆزای (خان ئەحمەد خان) ئەبێت ، بۆ خۆنزیککردنەوەی لە شاسفیەی ئێران وای تێئەگەیەنێت کە سورخابی کوڕی خان ئەحمەد چاوی لەتەختی شاهانەی ئێران بڕیوەو هەرکات بۆی بلوێت خۆی بە جێگەداری خاڵۆی ئەزانێت کە شاعەباسی ڕەحمەتیە ، ئەم قسانە کاریگەری ئەبێت و شاسفیە داوای دیدەنی سورخاب ئەکات، بەڵام بەنهێنی فەرمان ئەدات بەگەشتنی دەستگیر بکرێت و هەردو چاوی بەزیندویی هەڵئەکۆڵن ، بەبیستنی ئەم هەواڵە خان ئەحمەد خانی باوک ئەکەوێتە بارێکی زۆر پەرێشانەوە بۆ حاڵی خراپی کوڕەکەی و ئەم پارچەهۆنراوەیەی بۆ ئەنوسێت.
بی تو ای جان جیهان بادل خونین چاکنم
 بهر بێ چشمیت ای چشم جیهان بین چاکنم
بێ گنە دیدە ات از حرقە بیرون ئاوردند
چشم من کور بگو پس من مسکین چاکنم
واتە:
بێ تۆ ئەی گیان دونیا بەدڵی خوێنین چی بکەم
جابێ چاوی تۆ ئەی چاو دونیا بین چی بکەم
بێ گوناه بینیم چاوت لە قوڵایی دەرکرا
چاوی من کوێر بێت بڵێ منی داماو چی بکەم
 لەپاشان خان ئەحمەدخان شێت ئەبێت و بەڕای گەورە کاربەدەستانی میرنشینەکەی لەشوێنێکی تایبەت لەژێر چاودێریدا ئەیهێڵنەوە ، ئیسماعیل خان وەزیر ئەبێت لەو ماوەیەدا کاروبار ئەگرێتە دەست ، پاش ساڵێک خان چاک ئەبێتەوە بۆ تۆڵەسەندنەوەی کوڕەکەی پاڵ ئەدات بەسوڵتان مورادی عوسمانیەوەو ئەکەوێتە دژایەتیکردنی (شای ئێران)ی کۆنەدۆستی و(سڵێمان پاشا)ی ئامۆزای شارەکانی(کرماشان سەقز هەمەدان گەرو ورمێ و خوی ) داگیر ئەکات و کاربەدەستی خۆی لەم شارانە دائەنێت پاش چەند شەڕێکی خوێناوی و تێکشکاندنی لەساڵی (١٠٤٨)ک خان ئەحمەدخان ماڵئاوایی لەژیان ئەکات .
ئەم دوژمنایەتیەی ناوخۆی کورد بەردەوام ئەبێت لەنێوان لایەنگرانی سورخاب و ئەوانەی لەگەڵ سلێمان پاشابون کەهەردوکیان ئەردەڵانی و ئامۆزاو پشتی یەکتربون تابەتەواوی لاواز ئەبن و دوژمنیش تەماشاچی ئەبێت و ناو بەناو بەشێوازی خۆیان ئاگرەکەش خۆش ئەکەن ، پاش لاوازبونیان بەخێرایی ڕێکەوتنێک لەنێوان (فارسەکان تورکەکان عەرەبەکان ) ئەبەسترێت بۆلەناوبردنی هێزەکوردیەکان کە بەگژیەکداچون ،ئەمانیش بۆپاراستنی خۆیان بارەگای سەرەکی میرنشینەکەیان ئەبەنە (زەڵم )بەو پێیەی شوێنێکی سەختە بۆ پاراستن و مانەوەیان ، بەڵام کار لەکار ترازاوەو ناتوانن بەرگەی دوژمن بگرن و بەناچاری خۆ بەدەستەوە ئەدەن و بەدیلی ئەیانبەنە ئەستەنبوڵ کەپایتەختی عوسمانیەکان ئەبێت ، ئەم ڕێکەوتنەی دوژمن لەوسەردەمە هاوشێوەی ڕێکەوتنی جەزائیری نێوان (شای ئێران وصدام وهواری بومیدیان)ە بەسەرپەرشتی ئەمریکا کەلەساڵی ١٩٧٤ بەستراو سەرەنجام شۆڕشی کوردیان پێ لەناوبرد ، بابیرێک بکەینەوە و بپرسین ئایا ئەم میلەتە کە خاک و ئاین و زمان و نەریتی تایبەت بەخۆی هەیە و درێغیشی نەکردوە لەشۆڕش و قوربانیدان خێرە تاکو ئێستا نەبوەتە خاوەن قەوارەی نەتەوەیی خۆی کەدەوڵەتەو واخەریکە دەوڵەتیش لەم سەردەمەدا باوی نامێنێ ؟ بۆ بەئامانجەکانمان ناگەین خۆ نەلە قورئانی پیرۆزو نەلەهیچ کتێبێکی تری ئاسمانی و زەمینیدا نەهاتوە بڵێت کورد نابێ دەوڵەتی هەبێت ، تێگەیشتن لەم بابەتەڕونەو ئەوە بەمێژو سەلمێنراوە تەنها خۆ خۆریمان هۆکارە بۆلاوازبونمان ، نەگونجانمان پێکەوە کێشەکانمان بۆدروست ئەکات و دوژمنمان زاڵ ئەکات ،کەوابێت لەئێستاشدا جگە لەیەکڕیزی و پێکەوەیمان هیچ چارەیەکی ترمان لەبەردەمدا نیە وە لەقۆناغێکی تەواو هەستیاری مێژویداین بەرژەوەندی تێکچنراو و دژبەیەکەکانی هەرێمی و ناوچەیی و نێونەتەوەیش لەخاکی کورداندا تێک ئاڵاون ، پێویستە بەپەلە ناوماڵی خۆمان یەکخەین و بە ئاگابین ، چونکە مەترسی زۆر گەورەو لەهەمانکاتدا دەرفەتی زۆر گەورەش چاوەڕێمان ئەکات ، ئەبێت هەمومان بەخوێنەوارو ڕەوشەنبیرو ئەکادیمیەکانمانەوە بەشارەزاو ئەزموندارو گەنجەکانمانەوە پێشهاتەکانی بەردەممان بەباشی بخوێنینەوەو ڕێگە نەدەین لایەنەسیاسیەکان درێژە بەناکۆکیە نابەجێکانیان بدەن ، چونکە ئێستامان دەقاودەق لەو ڕابوردوە ئەچێت کەلەم بابەتەیا باسمانکرد ، زۆر پێویستە لەکاتی خۆیدا لایەنی کەمتەرخەمی بێ دەربەست زوو دیاری بکرێت و ئاگاداربکەێتەوە و هەمومان پێکەوە بڵێین ئیتر بەسە ڕێگەنادەین مێژوی تاریک بەسەرماندا دوبارە ببێتەوە ، ئەتوانین بەیەکبونمان هەمو کێشە سیاسی و ئیداری و ئابوریەکانمان چارەسەربکەین و ئایندەیەکی گەش چاوەڕێی میلەتەکەمان و نەوەکانمان بکات .
سەرچاوە:
 مێژوی کوردو کوردستان ،مەردۆخ،بەرگی دووەم لا ١٠٣_١١٠ .
 کاروانی ژیانم ،مستەفا ئیبراهیم زەڵمی، لا ٢٣_٢٩ .
لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About زريان احمد

Check Also

1982

دانوستانه‌كانی به‌ره‌ی كورستانی‌و رژێمی به‌عس له‌ دوای راپه‌رینی 1991

پێشه‌كی رووداوه‌كانی نێو قۆناغی مێژووی هاوچه‌رخی كورد پێویستیان به‌ لێكۆڵینه‌وه‌‌و له‌سه‌ر راوه‌ستانی بابه‌تیانه‌ هه‌یه‌، له‌ …