Home / بەشی مێژووی كورد / یاداوەرییەکانی راپەرین

یاداوەرییەکانی راپەرین

یاداوەرییەکانی راپەرین

FB_IMG_1488663321416

 

مەریوان وریا قانع

شەوی بەر لە دەسپێکردنی راپەرین لە سلێمانی من لە ماڵی بەختیار عەلی بووم. دوا نیوەرۆی شەشی مانگی ئازاری ساڵی ١٩٩١ بوو، من لە کەرکوکەوە گەیشتمە سلێمانی و راستەوخۆش بەرە ماڵی بەختیار کەوتمە ڕێ. بەر لە راپەرین چەند مانگێک بوو من سەربازی ھەڵاتووبوم. کاتێک ساڵی ١٩٩٠ خوێندنم لە زانکۆی موستەنسریە لە بەغدا تەواوکرد، سەدام سەرقاڵی داگیرکردنی کوەیت بوو. من دوای خوێندنەکەم ماوەیەکی کەم لە بەغدا سەربازبووم و لە شەقامی مەغریب لە گەڵ پێنج شەش کەسی تردا لە ژوورێکدا بەیەکەوە دەژیاین. لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕی دەرپەراندنی سوپای عێراق لە کوەیت من وازم لەسەربازیی ھێنا و چوومەوە بۆ ماڵی باوکم لە ھەولێر. ھەورامانی براشم لەھەمان ماوەدا سوپای بەجێھێشتو گەرایەوە بۆ ماڵەوە. برایەکی تریشم، ئارپاک، کە ناوی بۆ خزمەتی سەربازیی و چوون بۆ ریزەکانی سوپا ھاتبووەوە، ھەر لە ئەسڵەوە نەچووە پێشەوەوە و ئەویش وەک ئێمە لە ماڵەوە مایەوە. لە پڕێکیشدا کامەرانی برام، کە ئەودەم خوێندکاربوو لە زانکۆی تەکنۆلۆژیی لە بەغدا، زانکۆی بەجێھێشتو و گەڕایەوە بۆ ماڵی باوکم. ئێمە چوار برابووین ھەریەکێکمان بۆ ھۆیەک لە حکومەتی عێراق قاچاغ بووبووین. کامەرانی برام گێڕایەوە لە زانکۆی تەکنۆلۆژیی لە بەغدا بەعس داوای لە قوتابیەکانیان کردبوو کە وێنە و پەیکەرە گەورەکانی سەدام حوسەین بپارێزن نەکو کەسانی ”موخەریب“ و ”غەوغائی“ بێن و تێکیان بدەن. ئێمە، ھەر چوار براکە، زیاد لە چەند مانگێک لە ماڵی باوکمدا بە دزیییەوە ماینەوە.  توانای چوونە دەرەوەمان نەبوو، تەنانەت چوونە دەرەوە بۆ سەر یەکێک لە شەقامەکانیش، بەتایبەتی ھەورامانی برام و من نەماندەتوانی لە ھیچ شوێنێکدا دەربکەوین چونکە ھەردووکمان سەربازیی ھەڵاتووبوین. ئەو گەڕەکەی ماڵی ئێمەی لێبوو کۆمەڵێک بەعسی خراپی لێبوو، دەترساین خەبەرمان لێبدەن و بمانگرن. لەو ڕۆژانەدا یاسایەک بۆ ئەو کەسانە دەرکرابوو کە ریزەکانی سوپایان بەجێدەھێشت کە لەبەردەمی ماڵەکەی خۆیاندا گولەباران بکرێن و دایک و باوکی کوژراوەکەش پارەی فیشەکەکان بدەن.

بەڵام تا شەڕەکە لە بەرەکانی جەنگ لە کوەیت گەرمتر دەبوو، کۆنترۆڵی بەعس لەسەر شارەکان لاوازتر دەبوو، ئێمە دەمانبیست کە ژمارەیەکی زۆر لە سەربازە کوردەکان لە کوەیتەوە بە پێ ھاتونەتەوە بۆ کوردستان و بەشێکی زۆریش لەو سەربازە کوردانەی کە لەشارەکانی تری عێراقدا دانرابوون، گەڕاونەتەوە کوردستان. بۆ بەھێزکردنی بەرەکانی جەنگ بەعس تا دەھات بەشی زۆری ھێزەکانی خۆی بەرەو کوەیت دەنارد و بەم شێوەیە تا دەھات کۆنترۆڵی شارەکانی لەدەست ئەدا.  بۆردومانی وێرانکەرانەی ھێزە نێودەوڵەتییەکانیش بەعسی زیاتر لاوازدەکرد. لێدانی عێراق لە ئاسمانەوە چەند خەستتر ببوایەتەوە ئێمە زیاتر دەمانوێرا بەشەوان بێینە دەرەوە و پیاسەیەکی ناو گەرەکەکان بکەین. دۆخێکی سەیربوو: وێرانبوونی زیاتری وڵاتەکە مانای ئازادیی زیاتربوو بۆ جوڵە و ھەڵسوکەوتی ئێمە. چەندە ئەو دونیایەی بەعس بە دوو دەیە دروستیکردبوو خاپوردەکرا، ئێمە ئەوەندە زیاتر ھەستمان بە ئازادیی دەکرد و بە رکدەوەش ئازاد دەبووین.

بەعس کە زانی ژمارەی ئەوانەی ریزەکانی سوپایان بەجێھێشتوە زۆر گەورەبووە و ھەروەھا ژمارەی ئەوانەش کە ھەر لە بنەرەتەوە نەچوون بۆ خزمەتی سەربازیی، لێبوردنێکی گشتیی لە کۆتایی مناگی دووی ساڵی ١٩٩١ دەرکرد. بەعس دەیویست لەرێگای ئەم لێبوردنەوە ریزەکانی سوپاکەی ڕێکبخاتەوە. من سودم لەو لێبوردنە وەرگرت و بە ئۆتۆمۆبێل ھەولێرم بەجێھێشت بە مەەبستی ئەوەی بچم بۆ سلێمانی و لەوێشەوە سەرھەڵبگرم بۆ ئێران و لە ئێرانیشەوە بۆ شوێنێکی تری دونیا دوور لە بەعس و مێژو و کوشتن و بڕین و سێبەرەکانی. بازگەکانی بەعس لەکاتی لێبوردنی گشتیدا داوای شوناسنامەیان نەدەکرد و داواشیان بکردایە مرۆڤ دەیتوانی بڵێت کە سودی لەو لێبوردنە وەرگرتوە و بەدوای یەکە سەربازییەکەی خۆیدا دەگەڕێت. من لەباتی ئەوەی راستەوخۆ بچم بۆ سلێمانی، سەرەتا چووم بۆ کەرکوک بۆ ماڵی دۆستێکم کە کاتی خۆی لە پێشمەرگایەتیدا بەیەکەوە بووین. ھەم ئەو دۆستەشم و ھەم چەند ھاوڕێکەی تریشمان وەکو من بەتەمای بەجێھێشتنی عێراقبوون. من دوو شەو لە کەرکوک لەماڵی ئەو دۆستەمان مامەوە، ئەو دوو برای ھەبوو سەر بە گروپە مارکسییەکانی ئەوکاتە بوون، ئەگەر بەھەڵەدا نەچووبم سەر بە رەوتی کۆمۆنیست بوون. ئەو دوو برایە باسی خۆئامادەکردنیان بۆ بەگژاچوونەوەی بەعس دەکرد و دەیانوت خەریکی ھێنان و دابەشکردنی چەکن لە ناو کەرکوکدا. من زۆر حەوسەڵەی گوێگرتنم لەو جۆرە بابەتانە نەمابوو، دوای ئەو ھەموو ساڵە لە شەڕ و شۆڕش و کوشتن و بڕین، باوەڕم نەدەکرد بەعس بەو برادەرانە بروخێنرێت.

دوای دوو رۆژە مانەوە لەگەڵ دۆستەکەمدا لەسەر ئەوە رێکەوتین کە من چووم بۆ سلێمانی لەوێوە مشوری رێگای ھەڵاتن بۆ ئێران بخۆم و ئەمان لە چۆنیەتی گرتنەبەری ئەو ڕێگایە ئاگادار بکەمەوە.

بەر لە نیوەرۆکەی رۆژی ٦ مانگی سێ لە کەرکوکەوە سواری ئۆتۆمۆبێل بووم بۆ سلێمانی. ھەر کە گەیشتینە بازگە سەرەکییەکەی کەرکوک رایانگرتین و نەیانھێشت ھیچ ئۆتۆمۆبێلێک بەرەو سلێمانی بکەوێتەڕێ. نزیکەی دوو سەعاتێک ڕاگیریان و نەشیان دەھێشت لە ئۆتۆمۆبێلەکان بێینەخوارەوە. دەنگۆی ئەوە ھەبوو لەو ناوچانەی دەکەونە سەر ڕێگای سلێمانی و کەرکوک شەڕ و پێکدادان ھەبێت. دواتر دوو ھەلیکۆپتەر لە لای سلێمانیەوە ھاتن و بەسەر بازگەکەدا بەرەو ناو شاری کەرکوک تێپەڕین. نیوسەعاتێک دوای ئەوە سەربازەکان ھاتن و پێیان وتین کە دەتوانین بڕۆین. قەرەباڵغیەکی زۆر لەسەر رێگاکە دروستبووبوو، دەیان ئەگەر نەڵێم سەدان سەیارە بەرێوەبوون. کەس نەیدەزانیی چی ڕوویداوە، بەڵام تا لە سلێمانی نزیکدەبووینەوە زیاتر ھەستمان بەوەدەکرد کە شتێک ڕوویداوە. لەناو ئۆتۆمۆبێلەکەوە دەمانبینی خەڵک لە ئۆردوگاکاندا بە چەکەکانیانەوە ھاتونەتە سەربانی خانوەکانیان و دەستیان بەرەو ئاسمان بەرزدەکەنەوە. ئێمە نەمدەزانی ئەوانەی چەکەکانیان بەرەو ئاسمان بەرزکردۆتەوە جاشن یان پێشمەرگەن، خەڵکی ڕاپەڕیون یان پیاوە چەکدارەکانی بەعسن. دۆخێکی تەواو ناخۆش بوو، مرۆڤ لەوە ئەترسا ئۆتۆمۆبێلەکان بدەنە بەر دەستڕێژ. بەڵا تا دەھات لە بازگە سەرەکییەکەی سلێمانی نزیکدەبووینەوە. کە چوینە پێشەوە بینیمان بازگەکە نەماوە، نە سەربازەکانی لێمابوو، نە چەکداری تری لێبوو و نە ھیچ کەسێکی دیکەش. ئەو ناوە چۆڵ و ھۆڵ بوو. ھەندێک خانو و ئۆفیسیی سەربازیی ھەبوون ھەموویان سوتێنرابوون. ئاگر لە بازگەکە خۆشی بەردرابوو، دووکەڵێکی زۆر لەو ناوەدا دروستبووبوو. ئوتۆمۆبێلەکەمان بەناو دووکەڵ و گومانەکانمادا تێپەڕیی و بەرەو ناو شار کەوتەرێ. کە لە گەراجی بەغدای جاران دابەزیم بە پێ بەرەو ناو شار بەڕێکەوتم، دۆخی ناو سلێمانی کەمەکێک شڵەژاو دیاربوو، مرۆڤ بە ئاسانی ھەستی بەوەدەکرد. کە گەیشتمە شەقامی مەولەوی چەندان موسەلەحە و زیلی سەربازیی، کە پڕبوون لە چەکدار، بەناو شەقامەکەدا دەرۆیشتن. بە فولکەکەی بەردەمی سەردا دەخولانەوە و ئینجا بە شەقامی پیرەمێردا بەرەو سەرەوە دەڕۆیشتن. بەعس ترسێکی گەورەی لێنیشتبوو، ئەوە دواھەمیان نمایشی ھێزەکانی خۆی بوو، دەیویست لەو ڕێگەیەوە خەڵک بترسێنێت. یەکەێک کەمەکێک ورد سەیری بکردایە ترسی سەر ڕوخساریی چەکدارەکانی بە ئاشکرا دەبینی. بەڵام ھێشتا شتێک بەناوی ڕاپەڕینەوە لە سلێمانیدا ئامادەنەبوو. من لەبەردەرکی سەراوە بەرەو سەرەوە بەڕێکەوتم. تا گەیشتمە بەر دەرگای ماڵی بەختیار عەلی چەندجارێکی دیکە موسلەحەکان و زیلە پر لە چەکدارەکانم بینی. لەدەرگای ماڵی بەختیارم دا، دایکی بەختیار دەرگاکەی کردوە، چوومە ژوورەوە و بەسەرھاتی ھاتنەکەم و ڕێگاکەم بۆ بەختیار و باوکی گێڕایەوە.

About زريان احمد

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …