Home / بەشی مێژووی كورد / دیمانەیەكی مام جەلال بەر لەنیو سەدە

دیمانەیەكی مام جەلال بەر لەنیو سەدە

دیمانەیەكی مام جەلال بەر لەنیو سەدە

4318192812017_88122812017_78787

 

 

میللەت
ئەم دیمانەیەی سەرۆك مام جەلال كە لە كتێبی مێژووی كوردناسی-دا بڵاوكراوەتەوەو لەلایەن نوسەر
د. نەجاتی عەبدوڵڵاوە لە فەرنسییەوە وەرگێردراوەتە سەر زمانی كوردی و چەند بەڵگەنامەیەكی وەزارەتی دەرەوی فەرەنسا لە خۆدەگرێت بە روخسەت خواستن لە نووسەری بەڕیز ئەو بەشەی بڵاودەكەینەوە كە دیدو تێروانینی بەر لە نیو سەدەی سەرۆك مام جەلال-ە بۆ چۆنیەتی چارەسەركردنی سیاسییانەی مەسەلەی كورد لە عیراقدا.

 رۆژنامەی «كۆمبا»
پێنج شەممە،20ی حوزەیرانی 1963
پێشەكی:
ئەم دیمانەیە رۆژنامەوانییەی فەخامەتی مام جەلال پێنجشەممەی حوزەیرانی ساڵی 1963 لە رۆژنامەی فەرەنسی (كۆمبا) واتە (خەبات) بە فەڕەنسی لە پاریس بڵاوكراوەتەوە‌و دواتر لەبەر گرنگی دیمانەكە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا تایپی كردۆتەوە‌و بۆ كاری تایبەتیی خۆیان لەناو دۆسییەی تایبەت بە عێراق هەڵیانگرتووە‌و دوو رۆژ دواتر رۆژنامەی (La Presse) ی تونسی دەقی چاوپێكەوتنەكەی بە فەرەنسی دووبارە لە تونس بڵاو كردۆتەوە، كە ئەمە وای لە باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە تونس كردووە كە بە نامەی نهێنی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە دووبارە بڵاوكردنەوەی ئەم دیمانەیە گرنگەی مام جەلال ئاگادار بكاتەوە. لەناو بەڵگەنامە‌و دەستاوێژەكانی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسادا لەناو زۆرێك لەو بەڵگەنامانەی كە تایبەتن بە مام جەلال‌و لە ڕووی بڕێك لە رۆژنامە فەرەنسییەكانەوە وەرگیراون‌و لەبارەی سەفەری حوزەیرانی ساڵی 1963ی مام جەلال بۆ پاریس نووسیویانە زۆر بە سەرسامییەوە باسی كەسایەتیی مام جەلال دەكەن‌و بە كەسێكی «وشیار، ئاشكرا‌و ورد» ‌و بە ناوی كۆلۆنێل تاڵەبانی ناویان بردووە.

جێگەی خۆشحاڵییە كە ڕەنگە مام جەلال، یەكێك لەو سەركردە دەگمەنە جیهانییانە بێت، كە هەم تەمەن‌و هەم خەباتی دوورودرێژ‌و بێوچانی ڕێگای پێدا بێت كە هێشتا خۆی لە ژیاندا مابێ،  كەچی بەڵگەنامە‌و دەستاوێژە نهێنییەكانی ئەرشیفخانەیەكی گەورە‌و دەوڵەمەندی وەكو وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا كۆمەڵێكی زۆر بەڵگەنامەی نهێنی لەبارەی ئەم كەسایەتییە سیاسییە بەخۆوە گرتبێت، چونكە هیچ بەڵگەنامەیەك لە ئەرشیفی وەزارەتی دەرەوە، ئەگەر بە لای كەمییەوە 30 ساڵی بەسەردا ڕەتنەبێت ناخرێتە بەردەست تۆژەرەوان‌و مێژوونوسان.وەرگێڕی ئەم دیمانەیە كە ماوەیەكی دوورودرێژە لەناو بەڵگەنامەكانی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا گەڕاوە كۆمەڵێكی زۆر بەڵگەنامە‌و دەستاوێژی نهێنی زۆر گرنگ‌و سەڕنجڕاكێشەری لەبارەی مام جەلال دۆزیوەتەوە‌و هەمووشیان دەمێكە كراون بە كوردی‌و لە ئایندەیەكی نزیكدا بە پێشەكی‌و تێبینی تێروتەسەل لە كتێبێكی سەربەخۆیدا بڵاو دەكرێنەوە‌و وەكو دیاریێكی بچووك پێشكێش بە خەباتی شەست ساڵەی زیاتری ئەم سەركردەیە گەورەیە كورد دەكرێت.

«بۆ خەبات لە پێناو بوونی خۆی، گەلی كورد ناچارە هەموو یارمەتییەك كە پێشكێشی بكرێ بۆ مانەوەی خۆی قەبووڵی بكات، كۆلۆنێل تاڵەبانی، نوێنەری ژەنەڕاڵ بارزانی‌و سەركردەی گشتیی سوپای شۆڕشگێری كورد، ئاوەها بە رۆژنامەی»كۆمبا» ی ڕاگەیاند.

(وتەكە لەلایەن ژان پیێر كۆرنێت وەرگیراوە)
كۆلۆنێل تاڵەبانی هەر لە سەرەتای شۆڕشی كوردەوە، لە پێش دوو ساڵدا، یەكێك لە دڵسۆزترین پاڵپشتەكانی ژەنەڕاڵ بارزانی بووە. دوای ئەوەی سەركردایەتی دوانزە هەزار پێشمەرگەی كردووە لە بەرەكانی جەنگ دژ بە سوپای قاسم، كۆلۆنێل تاڵەبانی سەرۆكی وەفدی دەستكراوە بووە بۆ ووتوێژ لەگەڵ حكوومەتی بەغدا لەبارەی قەوارەیەكی ئۆتۆنۆمی ناوخۆیی بۆ كوردستان.

دەوروبەری 35 ساڵ تەمەن، وشیار، ئاشكرا‌و ورد، كۆلۆنێل تاڵەبانی بەشێوەیەكی نایاب ئامانج‌و خواستەكانی گەلی كوردی بۆ دەستنیشان كردین. تاڵەبانی پێشوازی لە رۆژنامەی (كۆمبا) كرد، یەكەمین رۆژنامەیەك كە بە سەلماندنی ناوەكەی دەستیكردووە بە خەبات لە پێناو سەركەوتنی پرسێكی دادپەروەرانە.

* ئامانجی ئێوە لە سەردانیكردنی قاهیرە‌و ئەوروپا چی بوو؟
وەڵام: قاهیرە ئامانجی سەرەكی سەردانەكەم بوو، ؟؟؟؟؟؟ بوو ڕووە حەقیقیەكانی كێشەكانی خۆمان بۆ سەرۆك ناسر بخەینە ڕوو، لە قاهیرە چووم بۆ بەیروت‌و ویستم بگەڕێمەوە بۆ بەغدا، بەڵام لەو كاتە زانیم كەوا تەواوی ئەندامەكانی وەفدی كوردی كە هاتبوون بۆ بەغدا بۆ مفاوزە لەگەڵ حكومەتی عێراقی لە هۆتێلێكدا دەستبەسەركراون‌و لەژێر چاودێری پۆلیس دان.

لەم ڕەوشەدا پارتی دیموكراتی كوردستان‌و ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی داوایان لێكردم سەردانی ئەوروپا بۆ دروستكردنی پێوەندی لەگەڵ رۆژنامەكان، ناوەندە كوردییەكان‌و ڕەوشی ئێستای گەلەكەمان بۆ ڕای گشتی ڕوون بكەمەوە. بۆ سەرۆك ناسر وتارێكی لەبارەی داخوازیەكانمان پێشكێشكرد، بە تەواوی تێبینی ئەوەم بۆ كرد كەوا گەلی كورد دژایەتی گەلی عەرەب ناكات‌و بیرۆكەی جیابوونەوەی لا نییە، ئەوەی كە ئێمە داوای دەكەین ئۆتۆنۆمییەكە لە چوارچێوەی عێراق‌و ئەگەر حكوومەتی عێراقی ددان بە ئۆتۆنۆمی گەلی كورد دابنێ، ئەوا دەوڵەتی عێراق بەوە بەهێزتر دەبێت.

سەرۆك ناسر داواكانی ئێمەی عەقڵانە بینی‌و ئامۆژگاری كردم كە هەوڵبدرێ چارەسەرێكی ئاشتیانە بدۆزرێتەوە. سەرۆك ناسر جارێكی دیكە گوتی كە پشتیوانی لە هەموو چارەسەرێك دەكەم كە زامنی دۆستایەتی‌و رێكەوتن بێت لەنێوان كورد‌و عەرەب لە چوارچێوەی عێراقدا.

* چ پەیوەندییەك لەنێوان كوردەكان‌و كۆمپانیای نەوتی عێراقدا هەیە؟ ئێوە وا دیارە پێتان وایە كەوا كۆمپانیا نەوتی عێراقی ددانی بە پرسی نەتەوایەتی كورد ناوە؟
وەڵام: پێویستە ئەوە رونبكەمەوە كەوا كوردەكان خاوەنداری چاڵە نەوتەكانن كە لە دەوروبەری كەركوك تا عێنزالە‌و خانەقی دا هەن‌و كۆمپانیا نەوتییەكان دەریدەهێنن. پێوەندی ئێمە لەگەڵ كۆمپانیای نەوتی عێراق ئاسایی نییە، بەو مانایە كەوا وێرای ئەوەی ئێمە خاوەنی ئەم بیرە نەوتانەین، كەچی دوژمنەكانمان داهاتەكەیی‌و حەقی ئیمتیازەكەی وەردەگرن. ئەم ڕەوشە پێویستە ڕاستبكرێتەوە. ئەگەر كۆ؟؟؟؟نییەكان ئاگاداری ئەو خەباتە بن كەوا گەلی كورد دەیكات قەبووڵیان نەدەكرد حەقی ئیمتیاز بە حكوومەتی بەغدا بدەن، كە بۆ كڕینی چەكسازی، تێكدانی ئاواییەكانمان، شارەكانمان، كولتوورمان‌و قەتڵوعامكردنی ژن‌و منداڵەكانمان بەكاری دەهێنێ. هەركاتێك ڕەوشەكە ئاسایی بۆوە، ئێمە بڕیارمان داوە رێز لە مافی كۆمپانیا نەوتییەكان بگرین، ئێمە ئێستاكە بڕیارمان داوە لە كۆمپانیای نەوتی عێراق بگەینین كە دەبێ ڕێز لە مافەكانی خاوەندارێتی بگرێ، ئێمە ناتوانین هەرگیز ئەوە قەبووڵ بكەین كە ئەم داهاتی نەوتانە ببێ بە تانك، بۆمباهاوێژ‌و..تاد، ئەوە پێچەوانەی دادپەروەری‌و ئاراستەی دروستی ئەوەیە كە ئەم پارەیە، لە بریتی ئەوەی رووناكی، ئاوەدانی‌و پێشكەوتنمان بۆ بهێنێ كەچی بەكاربهێنرێ بۆ تێك‌و پێكشكاندنی ئێمە.

* كاردانەوەی ئێوە چییە لە بەرانبەر هەڵوێستی تازەی یەكێتی شوورەوی لەبەرانبەر ئێوەدا؟
وەڵام: ئەم شەڕە بۆ ئێمە شەڕی مان‌و نەمانە، دوژمن نەك هەر تەنیا هەڕشە لە پێشمەرگەمان دەكات، بەڵكو هەڕەشە هەتا لە بوونی نەوتەكەشمان دەكات. ئێستاكە 150000 كورد ناچار كراون كەركوك‌و ئاواییەكانی دەوروبەری بەجێبهێڵن. سەرباری ئەوە بەڕێز میشێل عەفلەق بە ناوی حزبی بەعسەوە ڕایگەیاندووە كە» ئێمە دەمانەوێ گەلی كورد بكەین بە عەرەب». وەك چۆن گەلی كورد ناچارە خەبات لە پێناو بوونی خۆی بكات، بۆیە ئێمە پێشوازی لە هەموو یارمەتییەك دەكەین كە پێشكێشمان بكرێ. وەك ئەوەی ئێمە گەلێكی دیموكراتخواز‌و ئاشتیخوازین‌و كۆمەنیست نین، ئێمە داوای یارمەتیی لە هەموو گەلانی جیهان دەكەین. ئەو رۆژەی كە كوردەكان مافی خۆیان دەسێنن، ئێمە قەناعەتمان وایە كەوا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست توخمێكی نوێی سەقامگیری بۆ دەبێ.

هێشتا جارێكی دیكە، چونكە ئێمە بۆ مانەوەی خۆمان خەبات دەكەین، هیچ هۆیەكمان نییە بۆ بەچاوسووككردنی ئەو یارمەتییەی كە پێشكێشمان دەكرێ. ئێمە هەروەها ناشاد نین بەوەی كەوا رووسەكان ئەو زەبروزەنگ‌و وەحشیگەرایەتییە ڕیسوا دەكەن كەوا دەسەڵاتكارانی بەغدا دژ بە گەلەكەمان پیادەی دەكەن‌و ئێمە دەزانین كەوا ئێمە لەبەرانبەر بەیاننامەی ئەوان هیچمان نییە پێشكێشیان بكەین.

* ئایا عێراق چەكی لە بریتانیاوە بەدەست گەیشتووە؟
وەڵام: بریتانیا چەك‌و چۆڵ بە حكوومەتی بەغدا دەدا‌و بەتایبەتی بۆمباهاوێژ‌و ڕاهێنەری ئینگلیز بۆ دەستپێكردنی هێزەكانی ماریشال عارف بۆ بەكارهێنانی ئەم چەكانە ڕەوانە كراون.

* هەڵوێستی ئێران لەبەرانبەر ئێوە چییە؟
وەڵام: من وا هەستدەكەم كە ئامۆزا ئێرانییەكانمان بۆ ئێمە هەڵوێستێكی تێگەیشتوویان هەیە، چونكە مەسەلەكە دادپەروەرانەیە‌و لەبەر ئەوەیش كەوا تاران دژی پان–عەربیزمی لە چەشنی بەعسیسەتە.

* ئەی گەلی تورك؟
وەڵام: دەمانەوێ بە توركەكان بڵێین كە ئێمە براین‌و ئەگەر كوردەكان مافی خۆیان وەدەست بهێنن، تەنیا قازانجبەخش دەبێ نەوەكا زیانبەخش بۆ گەلی تورك، كە هاوسێی عەقڵانی دەبێ نەك موتەحەمیسی بەعسیست.

* چ دەگێڕیتەوە لەبارەی گەشتی مانەوەتان لە فەرەنسا؟
وەڵام: ئەو پێوەندیەی كە لەگەڵ گەلی نەجیبزادەی فەرەنسا بووم، لەگەڵ رۆژنامەوانەكان، لەگەڵ ناوەندە جیاجیاكان قەناعەتیان پێكردم كەوا یارمەتی مەعنەوی كە پێشكێشیان كردین بەهایەكی ئەو هێندە گەورەی هەیە كە ناكرێ بە هیچ كۆمەكیەكی ماددی پێوانە بكرێ. ئەم كۆمەكییە مەعنەوییە گەلی كورد لە خەباتی خۆیدا بەهێز دەكات، بەخشندەیی‌و تێگەیشتنێك كە من لە فەرەنسا بینیم لە ئاوات‌و خەونی من تێپەریان كرد.

پاشەكی
وەزارەتی كاروباری هەندەران
شیفرە خوێندنەوە
تونس، 22ی حوزەیرانی 1963
رۆژی 22ی حوزەرانی كاتژمێر 21‌و 15 خولەك گەیشتووە.
NR 1907
ڕێگا بە خۆم دەدەم ئاماژە بۆ وەزارەتی دەرەوە بكەم كەوا چاوپێكەوتنێكی سەرنجڕاكێش لەبارەی كێشەی عێراقی-كورد لەگەڵ بەرێز تاڵەبانی كراوە‌و لە رۆژنامەی (Combat) بڵاوبۆتەوە‌و ئەمڕۆ دووبارە لە رۆژنامەی تونسیی (La Presse) دا بڵاو كراوەتەوە.
سۆڤگانگروس
ئەم دیمانەیە لە كتێبی (مێژووی كوردناسی) وەرگیراوە
لە كوردستانی نوێ-وە وەرگیراوە

About زريان احمد

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …