Home / مێژووى جیهان / سەیروسەمەرەکانى مێژوو / مێژووی تەمومژاوی فڕۆکەی Blackbird لە جەنگی 1973 !

مێژووی تەمومژاوی فڕۆکەی Blackbird لە جەنگی 1973 !

مێژووی تەمومژاوی فڕۆکەی Blackbird لە جەنگی 1973 !

1488291361158

جەنگی ئۆکتۆبەرى 1973 (جه‌نگی ڕۆژی لێخۆشبوون – Yom Kippur War) تەنھا ڕووداو و جه‌نگێكی ھەڵاوێردەی تێپەڕیوو نەبوو ، بەڵکو لە مەیدانی جەنگەوە گۆڕا بۆ مەیدانی توێژینەوە و شیکاری بە تەواوی ورد و درشتیەوە، نھێنیەکانیش دوایی نایەن تابزانی بەڕاستی چی ڕویداوە ، بەتێپەڕبوونی کاتیش ڕۆڵی تەکنەلۆجیا نھێنیەکان دەرکەوتن. لەم ووتارەشدا : ڕۆڵی باڵندەی ڕەشی ئەمریکیتان بۆ دەردەکەوێت ، لە جەنگی ئۆکتۆبەری 1973. فڕۆکەی سیخوڕی ئەمریکی «SR-71» کە بە «Blackbird» یش ناوزەند دەکرێت – یەکێکە لە پێشکەوتووترین و پڕ نھێنیترین فڕۆکەکانی مێژوو بەڕەچاوکردنی ئەو ئەرکە ھەستیار و تەکنەلۆجیا پێشکەوتووەی تێدا بەکارھاتووە . 



دروستـبــوونـی 

بیرۆکەکەی ھاتە کایەوە ، کاتێک دەزگای ھەواڵگری ئەمریکا «CIA» ڕوویکردە پەرەدان بە فڕۆکە سیخوڕییە پێشکەوتووەکان ، لە سایەیی پڕۆژەیەکی پڕنھێنیدا – کە ئەو کات بە «Skunk Works» ناوزەند دەکرا – ئاماژە بوو بۆ ئەو تیمەی بەشێوازێکی پێشکەوتوانە کاریان لەسەر چەندان پڕۆژە دەکرد ، تاوەکو بگەنە ئەنجامێکی چاوەڕواننەکراو.

وێنه‌یه‌ك له‌ كاتی دروستكردن و هه‌ڵبه‌ستنی SR-71 له‌ ساڵانی شه‌سته‌كان.


 
ئەم بیرۆکەیە زۆر پێویستبوو ،  بەھۆی ئەوەی ئەمریکا پێویستی بە فڕۆکەی سیخوڕی پێشکەوتووتر لە فڕۆکەی سیخوری «U-2»  بوو – کە بە «Dragon Lady» یش ناوزه‌ند كرابوو ، چونکە لە ساڵی 1960 و لەمیانەی جەنگی سارد و لە نزیک شاری «Sverdlovsk» لەلایەن دوژمنە سەرسەختەکەی یەکێتی سۆڤێت  خرایه‌ خوارەوە . سەرەڕای ئەوەی «U-2»  بەوە جیادەکرایەوە کە دەیتوانی خۆی لە ڕادار و ئامێرە دۆزەرەوەکانی ئەوکات بشارێتەوە ، بەڵام ھێشتا بەس نەبوو تا خۆی لە ھێزی ئاسمانی یەکێتی سۆڤێت لابدات . لە 22ی دیسەمبەری ‌ساڵی 1964 دا ، «SR-71» یەکەم فڕینی لە بنکەی ئاسمانی «Palm Dale» لە کالیفۆڕنیا ئەنجامدا ، فڕۆکەکە زیاتر لە کەشتییەکی ئاسمانی دەچوو نەک فڕۆکەیەکی سیخوڕی ، بەدەر لەو توانا سەرسوڕھێنەرەی ھەیبووی لە خۆحەشاردان و ھەڵھاتن بەخێراییەکی باوەڕپێنەکرا لە چنگی ھێزە ئاسمانیەکان گەر ئاشکرابوایە. 



ھاوکاری یەکێتی سۆڤێت بۆ ئەمریکا بەبێ ئەوەی بزانێت : 

ئەوەی جێی سەرسوڕمانە یەکێتی سۆڤێت یارمەتی دەزگای ھەواڵگری ئەمریکای دا تا سیخوڕی بەسەرەوە بکات ، ئەویش بەھۆی ھاوکاریکردنی بوو لە  لە بونیاتنانی  «Blackbird» دا ، لە %92 ی ھەیکەلی فڕۆکەکە لە ناوەوە و لە دەرەوە ‌لە تیتانیۆم دروستکراوە ، کاتێکیش ئەمریکا بڕیاری دروستکردنی فڕۆکەکەیدا ، ماددەی خامی پێویستی نەبوو کە پێیدەڵێن «TiO2 » – بەھۆیەوە تیتانیۆم دروستدەکرێت –  چونکە تەنھا لە چەند شوێنێکی کەمی جیھان دەست دەکەوێت . به‌ ڕێكه‌وتیش یەکێتی سۆڤێت ھاوردەکارێکی سەرەکی ئەو ماددە خامەبوو لە وڵاتانی ئەفریقا و ڕۆژھەلاتی ناوه‌ڕاست بەبێ ئاگاداری ئەو وڵاتانە خۆیان و بەھۆی بازرگانی نھێنیەوە ، بەس سۆڤێتییش بۆی ھەبوو ئەو ماددە خامە ھاوردە بکات و باریبکات بۆ ئەمریکا بۆ بونیاتنانی «Blackbird»، بەم شێوه‌یەش ئەمریکا لە ژێرەوە ئەم فڕۆکەیەیی درووستکرد.

ژمارە سەرسوڕھینەرەکان : 

لە 21 ی مارسی 1968 ز ، ھەردوو فڕۆکەوان «Jerome O’Malley» و «Edward Payne» یەکەم ھەستانیان بە فڕۆکەی «SR-71» لە بنکەی ئاسمانی « Cadena»ی شاری ئۆکیناوای ژاپۆن ئەنجامدا . سەرەڕای تێپەربوونی 5 دەیە ، بەڵام ھێشتا «Blackbird» وەک ھونەرێکی ئەندازەیی بێ وێنە ماوەتەوە ، وە تائێستاش خێراترین و بەرزفڕترین فڕۆکەیە کە فڕۆکەوانێک بیفڕێنێت لەناو ھەسارەی زەوی دا ، سەرەڕای ئەوەی فڕۆکەی «X-15»  لەو خێراتر و بەرزفڕترە . بەڵام «X-15»  زیاتر وەک کەشتییەکی ئاسمانی سەر بە ئاژانسی «NASA» دەپۆلێنرێت نەک وەک فڕۆکەیەک ، چونکە ئەم فڕۆکەیە بۆ گەڕانی زانستی و پەرەدان بەبوارەکانی بۆشایی دروستکراوە ، «X-15»  لە ساڵی 1970 خزمەتی تەواوکرد ، بەڵام «SR-71» لە ساڵی 1998 خزمەتی تەواوکرد . 

گەر ویستمان جۆرەکانی فڕۆکە جیاوازەکان بەپێی بەرزی و خێرایی پۆلێن بکەین ، ئەوا سەرجەم فڕۆکەکانی ھێڵە ئاسمانیەکان و فڕۆکە بازرگانیەکان لە پلەی کۆتا دەژمێردرێن ، چونکە لە 45000 پێ زیاتر و خێرایی 970 کم/ کاتژمرێک تێناپەڕن . لەپلەی دووەمدا ، فڕۆکە شەڕکەرەکان دێن ، ئەوان بەرزترین بەرزیان 65000 پێیە و ئەو پەڕی خێراییشیان 3000 کم/کاتژمێرێکدا . بەڵام لە پلەی یەکەمدا «Blackbird» دێت ، چونکە دەتوانیت تا بەرزی 85069 پێ بەرزبێتەوە و ئەو پەڕی خێراییشی 4042 کم/کاتژمێرێکدا ، پێشی دەڵێن «Mach Number» ، ئەویش پەیوەندی نێوان تەن و خێرایی دەنگە کە بە 1225 کم/کاتژمێرێکدا دەخەمڵێنرێت . «Blackbird» دەتوانێت تا مەودای 258999 کم چوار گۆشە  بڕوات لە کاتژمێڕێکدا واتا 72 کم چوارگۆشە لەماوەی چرکەیەکدا دەبڕێت ، لەماوەی 64 خولەکیشدا ھەموو ولایەتە یەکگرتووەکانی بڕی ، لە سەرەتای فێبرایەری ساڵی 2016 دا و لەدوای تێپەڕبوونی 5 دەیە بەسەر دروستکردنی «Blackbird» دا ، درێژترین ماوەی فڕین فڕۆکەی «Boeing 777-200LF» ئەنجامی دا کاتێک لەشاری دوبەی کیشوەری ئاسیاوە بەڕێکەوت بۆ پەنەمای کێشوەری ئەمریکایی باشور ، ئەم فڕۆکەیە توانی 13821 کم لە ماوەی 17 کاتژمێر و 35 خولەکدا ببڕێت ، بەڵام «Blackbird» دەتوانێت بەھەموو جیھاندا بفڕێت بەبڕینی مەودای چێوەی زەوی لەسەره‌تای ھێڵی یەکسانیەوە کە 40074 کم لەماوەی تەنھا 10 کاتژمێردا !.



تەکنەلۆجیایی پێشکەوتوو : 


ئەرکی  سەرەکی «Blackbird» فڕین بوو بەسەر ئامانجەکاندا ، پاشان ئامێرێکی ڕۆبۆتی زۆر زیرەک و پێشکەوتوو بەھۆی کامێرایەکی بێ ئەندازە ورد و پێشکەوتوو ، سەدانە وێنەی ئەو ئامانجەی دەگرت و دەیناردەوە بۆ «CIA» ، کەسیش بۆی نەبوو تەماشای ئەو وێنانە بکات مەگەر بە ڕێپێدانی ئەوان ، ئەو تەکنەلۆجیایەیی لە کامێراکەیدا بەکارھاتبوو لەبواری وێنەگرتندا پێیان دەگووت :  «Technology LOROP» یان تەکنەلۆجیایی وێنەگرتنی فۆتۆگرافی دوور مەودا لە گۆشە شکاوەکانەوە ، سەرەڕای ئەوەی فڕۆکەکە لەبەرزی 80000 پێ دەفڕی ، بەلام کامێرایی «LOROP» ھێندە پێشکەوتوو و ورد بوو دەیتوانی وێنەی ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەت و ژمارەکانی بە وردییەکی ئێجگار بەرز بگرێت . 

ھەیکەلی دەرەوەی فڕۆکەکە لە تیتانیۆم دروستکرابوو ، دەیتوانی بەرگەی 300 پلەی سیلیزی بگرێت کە بەھۆی لێکخشانی نێوان لاشەی فڕۆکەکە و ھەواوە دروست دبوو کاتێک 3 ھێندەی خێرایی دەنگ زیاتر دەفڕی ، ئەو ڕووپۆشە ڕەشەی بۆی کرابوو دەیتوانی تیشکی ڕادار ھەڵمژێت. فڕۆکەوانی «Blackbird» جل و بەرگێکی تایبەتی لەبەرە کە ھاوشێوەی جل و بەرگی ئاسمانەوانەکانە ، ئەم جل و بەرگە ئۆکسجین و ھاوسەنگ کردنی پەستانی ھەوا دەبەخشیتە لاشەی فڕۆکەوانەکە. ھەروەھا پارێزگاریش لە شلەکانی ناو لەشی فڕۆکەوانەکە دەکات تاوەکو نەکوڵێن : کە بەھۆی دیاردەیەکی فیسۆلۆجیەوە ڕوودەدات پێیدەڵین «Armstrong’s line»  ،ھەموو کەسێک پێویستە ئەو جل و بەرگە لەیەر یکات کاتێک لەبەرزی 60000 پێیە ، ئەمە بەدەر لە کوڵانی ئەو شلانەی لەشیان کە بەھۆی کەمی پەستانی ھەواوە ڕوودەدات ، گەر لەبەری نەکەن ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە .



ئەرکی جەنگی ئۆکتۆبەر : 

زۆر کەس ڕۆڵی دیاری «Blackbird» نازانێت لە جەنگی ئۆکتۆبەری 1973  کە تێدا سوپای عێڕاق و میصر و سوریا وانەیەکی قورسی سوپای ئیسڕائیلیان دا . یەکێک لە فڕۆکەوانە خانەنشینبووەکانی «Blackbird» بەناوی «Richard Graham» لە کتێبەکەی  «SR-71Blackbird: Stories, Tales and Legends» دا ، بە وردی ئەو ئەرکە سیخوڕییەیی ئه‌فسه‌ر «James Shelton» و موقەدەم «Gary Coleman» پێیھەستان باسکردووە. جەیمس گوتی پڕتێچووترین ئەرک تاوەکو ئێستاش باسی دەکەم لە 13ی ئۆکتۆبەری 1973 بوو ، کاتێک ئاگری جەنگ لەنێوان میصر و ئیسڕائیل ھەڵگیرسا ، لەو کاتەدا حوکمەتی ئەمریکا ویستی ڕاستی ئەو وەزعە بزانێت کە لەمەیدانی جەنگ ھەڵگیرسابوو ، کاتێک سۆڤێت لەڕێی مانگێکی دەستکردی تایبەتەوە سیخوڕی دەکرد و زانیاری زیاتری کۆدەکردەوە لەبارەی شەڕەکەوە ، بۆیە داوایان لە جەیمس کرد ئەرکی ھەستانی «Blackbird» لە ئەستۆ بگرێت . 

Richard Graham



جەیمس گوتی داوا لە من و ھاوڕێکەم ( گاری ) لە بنکەی ئاسمانی «Beale» کرا تاوەکو ئەو ئەرکە بەئەنجام بگەیەنین ، دوای ئەوەی زۆر بەباشی لە ئەرکەکەمان کۆڵییەوە و سەره‌تاش وادیاربوو کە ئاسنە ، پلانوابوو لە بنکەی ئاسمانی «Beale» ی کالیفۆڕنیاوە ھەستین و بەسەر دەریایی ناوەڕاست و خواروی کەنداوی سویسدا بفڕین ، پاشان فڕەیەک بەلای ڕاستی شاری قاھرەدا لێبەین ، ئنجا بڕۆینەوە بۆ باکوری ڕۆژئاوا بە ئاراستەی ئیسڕائیلدا ، دوای ئەوە بەسەر دەریایی ناوەڕاستدا بێینەوە و لە وێستگەی ھێزی ئاسمانی شاھانە بنیشینەوە لەشاری میلدنھالی ئینگلتەڕا ، تەواوی ئەم گەشتە 8 کاتژمێر و 45 خولەکی دەخایاند ، بڕیاریش بوو لە نیوەشەودا دووبارە ھەستیەنەوە تاوەکو بەسەر زەویەکانی میصڕدا  بفڕین ، لە نێوان کاتژمێر 11ی بەیانی و 1 پاش نیوەڕۆ تاوەکو باشترین وێنەی ئامانجەکان بگرین ، دوای تەواوبوون لە خۆئاماددەکردن بۆ ئەرکەکە ، لەگەڵ چەند ئەفسەرێکی باڵای دەزگای ھەواڵگری ئەمریکی  «CIA» دا کۆیووینەوە ، ئامۆژگاری کردین سەرمان نەسوڕمێت گەر سوپای میصر یان ئیسڕائیل موشەکی سامی تێگرتن یان فڕۆکەی جەنگی بۆ دژتان ھەستان تاوەکو لەناوتان بەرن ، چونکە ئەم ئەرکە زۆر نھێنییە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەھیچ وڵاتێک ناڵێت کە ئەو ئەرکە ئەنجام دەدەن تەنھا ئینگلتەڕا لێی ئاگادارە ئەویش بۆ ئەوەی ڕێگاتان بەن بنیشنەوە لەو فڕۆکەخانەیان ، بەڵام لە ڕۆژی دواتردا توشی شۆکبووین کاتێک بیستمان ئیگلتەڕا ڕەتیکردۆتەوە ڕێگابدات بە فڕۆکەکەمان  تا بنیشنەوە لە خاکەکەیدا  ، ئەویش لەترسی پچڕانی ئەو پەیوەندیانەیان کە بە وڵاتانی عەرەبییەوە دەیبەستنەوە بەھۆی پشتبەستنی بە پەتڕۆڵەوە ، ئەمەش وایکرد ئەرکەکە ڕۆژێکی دیکە دوا بکەوێت ، ناچاریشبووین پلانەکە بەتەواوی بگۆڕین ئەویش بەھەستانبوو لە فڕۆکەخانەی «Griffiss» ی شاری نیویۆرک و دووبارە گەڕانەوەمانبوو بۆ ھەمان فڕۆکەخانە ، بەمەش گەشتەکە 11 کاتژمێر و 30 خولەکی پێدەچوو ، ئەمە سەرەڕای ئەوەی دەبێت 6 جار لە ھەوا سووتەمەنی تێبکرێت لە چەند خاڵێکی دیاریکراودا ، تاوەکو ئەرکەکە تەواو بکەین ، بۆیە ئەمە قورسترین ئەرکە «Blackbird» پێی ھەستابێت .

کردارییەن من و ھاوڕێکەم گاری لە ڕۆژی 13ی ئۆکتۆبەری 1973 بەفڕۆکەی «Blackbird» و لە بنکەی ئاسمانی گریفیس ھەستاین و ملی ڕێمان گرت بەبێ کێشە تاوەکو نزیکی کەنداوی سوێس کەوتینەوە بەخێرای 3.15 ماخ  واتا 3856 کم/کاتژمێر ، کاتێک گەیشتینە سەر کەنداوی سوێس ھاوڕێکەم گاری پێی گوتم پێگەیەکی موشەکی سامی میصری شوێنمان کەوتووە ، بەڵام ھیچمان نەکرتد و بەھەمان ڕیتمی خێرایی بەردەوام بووین ، لەبەری ئەوەی تەنھا دواکەوتن ھیچ مەترسییەک دروستناکات  ، کاتێکیش بەھەمان ئاراستە و بەرەو باشور بەردەوامبووین ، خۆش بەختانە موشکە مێڕییەکان چیتر دوامان نەکەوتن ، دوای ئەوە بەئاراستەی ڕۆژئاوای میصر فڕه‌یەکمان لێدا بەدەوری شاری قاھیرەدا ، جارێکی دیکە موشەکی سامی میصری شوێنمان کەوتەوە ، ھاوکات سەیری لایەکی جامەکانی فڕۆکەکەم کرد کۆمەڵە ھەورێکم  بینی کە بەھێڵێکی ڕاستبوون و پێیان دەگوترێت «Condensation Trails» لە خوارووی ئێمەوە بوو نزیکەی 40000 پێ ، ئەم ھەورانە دروست دەبن لە دەرئەنجامی تێکەڵبوونی ھەوای گەرم و شێداری دواوەوەی فڕۆکەکە لەگەڵ ھەوای ئاسایی ، چونکە پەستان و پلەی گەرمی ھەوای ئاسایی کەمترە بەراورد بە فڕۆکەکە لە چینە بەرزەکانی ھەوا . 

جەمیس گوتی ئەمە ڕەنگە فڕۆکەی شەڕکەری میصری بێت و دەیەوێت بمان دۆزێتەوە و بەرمانداتەوە ، بۆیە دەستبەجێ لەو شوێنە دورکەوتیەوە لەناو دڵه‌ڕاوكێ و چاودێرییەکی تووندا تاوەکو ئیسڕائیلمان پەڕدا و ملی ڕێمان گرتەوە بەرەو فڕۆکەخانەی گریفس
هەسارەی شەشەم

ئامادەکردن و توێژانەوە : Gauss
ڕێكخستن و پێداچوونه‌وه‌ : Maxwell

سەرچاوەکان :
lockheedmartin
wikipedia
pacificcoastairmuseum
bbc
livescience
physlink
wvi
google-patents
لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About زريان احمد

Check Also

ككك

حکایەتی زاواکان لەکۆشکی دەسەڵاتدا

ئەردەڵان عەبدوڵڵا لە ماوەی پێشوودا خۆشم نازانم چۆن بوو، کۆمەڵێک حکایەتی سەیرو سەمەرەم لەبارەی کۆشکەکانی …