Home / بەشی مێژووی كورد / شێخ مەحمودی حەفید – مەلیکی کوردستان

شێخ مەحمودی حەفید – مەلیکی کوردستان

شێخ مەحمودی حەفید – مەلیکی کوردستان

1488026174164

د.کەمال مەزھەر

دامەزرێنەری یەکەمین حکومەتی کوردستان و قارەمانی شەڕی دەربەندی بازیان، شێخ مەحمودی حەفید کوڕی شێخ سەعیدی کوڕی شێخ محەمەدە بچکۆلەی کوڕی حاجی کاک ئەحمەدی شێخ-ە.
ساڵی ١٨٨١ لە سلێمانی لەو بنەماڵە ئایینییە بەناوبانگە لەدایکبووە، دوای ھەرەسھێنانی میرنشینی بابان دەسەڵاتی ئایینی‌و کۆمەڵایەتی‌و سیاسی کوردستانی کەوتە دەست ئەو بنەماڵەیە.
شێخ مەحمود بە ‌منداڵی خراوەتە بەر خوێندنو مامۆستایانی وەک عەبدوڵڵا ئەفەندی‌و عەبدوڵڵا زێوەر دەرسیان پێوتوە.
ھێشتا منداڵ بووە کە ‌لەگەڵ باوکیدا سەردانی ئەستەمبوڵی کردووەو لەوێ سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم پێشوازی لێکردوون.
ساڵی ١٩٠٨ بەپیلانی تاقمی ئیتیحادو تەرەقی لە ‌شاری موسڵ شێخ سەعیدی باوکی‌و شێخ ئەحمەدی برای شەھیدکران‌و ئیتر ئەرکی بەڕێوەبردنی کاروباری بنەماڵەکە ئەکەوێتە ئەستۆی شێخ مەحمود کە لەو کارەساتەدا زۆر بەزەحمەت رزگاری ببوو.
شێخ مەحمودی حەفید وەک شەخسیەتێکی موسڵمان، ساڵی ١٩١٥ بەشدارییەکی کاریگەری کرد لە شەڕەکانی دەوڵەتی عوسمانیدا دژ بە ‌ئینگلیز لە ‌ناوچەکانی کوت‌و شوعەیبە، بەخۆی‌و چەند سەد سوارێکی کوردەوە بەرگرییەکی قارەمانانەیان نواند.
ساڵی ١٩١٨ کاروباری شاری سلێمانی گرتەدەست.
لە ١٨ی حوزەیرانی ساڵی ١٩١٩ دا ئینگلیز بە تۆپ‌و فڕۆکەو ھێزێکی گەورەی بێ شومارەوە بە سەرۆکایەتی ژەنەراڵ فرایزەر لە دەربەندی بازیان پەلاماری ھێزەکانی شێخ مەحمودی دا.
لەو شەڕەدا ھێزەکانی شێخ مەحمود قارەمانێتییەکی زۆریان نواندو قوربانییەکی گەورەیان بەخشی، بەڵام ئاکامی شەڕەکە بە ‌سەرکەوتنی ھێزەکانی ئینگلیز کۆتاییھات.
شێخ مەحمود بەبرینداری لە پاڵ بەردەقارەماندا دەستگیرکراو لە مانگی تەمووزی ھەمان ساڵدا بڕیاری لە سێدارەدانی درا، بەڵام لەژێر گوشاری رای گشتی داو لەترسی بەرپابوونی شۆڕشێکی گەورەی کورد، ئەو حوکمە گۆڕا بە حوکمی دە ساڵ زیندانی‌و شێخ مەحمودیان دوور خستەوە بۆ ھیندستان.
دوورخستنەوەی شێخ مەحمود بۆ ماوەی سێ ساڵ ‌بارودۆخی کوردستان‌و ناوچەکەی ئاڵۆزتر کرد، بۆیە ساڵی ١٩٢٢ رێیپێدرا بگەڕێتەوە کوردستان‌و ھەر ھەمان ساڵ شێخی نەمر لە سلێمانی حکومەتی کوردستانی دامەزراندو ھەموو تواناکانی خۆی تەرخانکرد بۆ پتەوکردنی ئەو حکومەتە، بەڵام سیاسەتی ئەو سەردەمەی گەورە ھێزەکانی دنیا دژی ئامانجەکانی گەلی کورد بوون‌و ئینگلیز بەتەواوی پشتگیریی لە دەوڵەتی تازە دامەزراوی عێراق دەکردو لەشکرکێشییان ئەکردە سەر کوردستان.
شێخ مەحمودی حەفید ماوەی چەند ساڵێک شەڕی پارتیزانی درێژە پێداو دوا جار لە ئاکامی گەلە کۆمەکێی ھێزە ناوچەییەکان‌و ھێزە گەورەکانی جیھان، شێخ مەحمود ساڵی ١٩٢٦ دەستی لە ‌چالاکی سیاسی‌و عەسکەری ھەڵگرت‌و لە ‌گوندی پیران دانیشت.
بەڵام کە راپەرینەکەی خەڵکی شاری سلێمانی لەرۆژی شەشی ئەیلولی ساڵی ١٩٣٠ خڵتانی خوێن کرا، شێخ مەحمود دەستیدایەوە چالاکی دژ بەھێزی ئینگلیزو ھێزی حکومەتی ئەو سەردەمەی عێراق‌و چەند نەبەردێکی تۆمار کرد، لەوانە شەڕی ئاوباریک‌و شەڕی کەناروێ‌و شەڕی سورداش. بەڵام پارسەنگی ھێزە عەسکەریی‌و سیاسییەکانی ئەو سەردەمە لەبەرژەوەندی کورد دا نەبوون، بۆیە شێخ مەحمود لەساڵی ١٩٣١دا کەوتە دەست دوژمنانی کوردو بە ‌دەستبەسەری لەبەغداو ناوچەکانی تری عێراقدا خرایە ژێر چاودێرییەوە. بەڵام لەبەر ناھاوکوفی لەچەک‌و تەقەمەنی‌و ھێزی شەڕکەر بۆیە شێخی نەمر ناچاربوو لە ڕۆژی ١٩٣١.٠٥.١٣دا خۆی بەدەستەوەبدات، پاشان دورخرایەوە بۆ بەغداو سەماوەو لەدواییدا بۆ ناسریە، دواتر گەڕێنرایەوە بۆ بەغدا، تاکو لەساڵی ١٩٤١دا لەکاتی شەڕەکەی ڕەشید عالی گەیلانی لەدژی بریتانیا خۆی لەژیانی دەستبەسەری لە بەغدا ڕزگارکردو گەڕایەوە کوردستان‌و چوو لە گوندی “داری کەلی” دانیشت.
ئەم گەورە پیاوەی کورد جگە لەوەی کە جێپەنجەی بەسەر ھەموو رووداوەکانی ئەو سەردەمەی کوردستان‌و عێراقەوە ھەیە، شەخسیەتێکی کۆمەڵایەتی گەورەش بوو. خوێندەوارێکی بەسەلیقەو شاعیرێکی بەھرەداریش بوو. پێکھاتەو حکومەت‌و دەزگا ئیدارییەکانی تری شێخ مەحمود نیشانەی ئەوەن کە ئەم پیاوە ھەڵکەوتووە بایەخیداوە بە خەڵکی رۆشنبیرو زۆربەی ئەفسەرو شاعیرو رۆشنبیرانی کورد پەیوەندییان بەشۆڕش‌و حکومەتەکەیەوە کردووە.
شێخی نەمر لە ‌خەباتی پارتیزانیشدا رۆڵی خوێندەوارو رۆشنبیری بەرز نرخاندووە، بۆیە چاپخانەکەی رۆژنامەی (بانگی کوردستان)ی لە ‌ئەشکەوتی جاسەنە-‌دا جێگیر کرد.
بە ھەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئەو سەردەمەی کوردستان‌و ناوچەکە ئەو راستییە ئاشکرا دەبێت کە ‌لەرووی ئیداریی‌و عەسکەریی‌و دیپلۆماسییەوە شێخ مەحمودی نەمر ھیچی کەمتر نەبووە لەو پاشاو ئەمیرانەی کە ‌لەدەورو پشتی کوردستاندا پشتگیرییان لێکراوە.
مەلیکی کوردستان شێخ مەحموود ڕۆژی ١٩٥٦.١٠.٠٩دا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی بەغدا کۆچیدوایی کردو تەرمی پیرۆزی بە ‌ڕیزێکی زۆرەوە لەناو ئاپۆڕەی خەڵکانی دڵسوزی شێخی نەمرو کوردو کوردستان لە تەنیشت گۆڕی کاک ئەحمەدی شێخ لە مزگەوتی گەورەی سلێمانی بەخاک سپێردرا.
رێو رەسمی پێشوازیکردن لەتەرمەکەی‌و بەخاک سپاردنی بوونە پریشکی ھەڵگیرسانەوەی راپەرین‌و خۆپیشاندان لەکوردستاندا.
کۆچیدوایی شێخ مەحمودی حەفید زیانێکی گەورەی بە بزووتنەوە ئازادیخوازییەکەی خەڵکی کوردستان گەیاند، بۆیە زوربەی شاعیران‌و نووسەرانی کورد شیعرو بەرھەمیان بۆ نووسیوە.

About زريان احمد

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …