Home / بەشی مێژووی كورد / یەکەمین هێرشی ئاسمانی لەسەر کورد تاقی کرایەوە

یەکەمین هێرشی ئاسمانی لەسەر کورد تاقی کرایەوە

یەکەمین هێرشی ئاسمانی لەسەر کورد تاقی کرایەوە

1487676553799

ناچارکردنی ژنان تا شیردان
بە توولە سەگەکان بدەن
لەو سێ ساڵەدا دەیان کردەوەی دژەمرۆیی دژ بە خەڵکی لوڕ و ناوچەکانی باشووری زاگرۆس ئەنجام درا کە یەکێک لە قیزەونترینەکانیان ئەوە بوو کە ژنانی لوڕیان ناچار دەکرد ژێر بە سەگەکان بدەن.
ویلیام ئۆ داگلاس لە زمانی خەڵکی ناوچەکەوە نووسیویە، هێندیک لە سەربازەکان ژنانی لوڕیان ناچار دەکرد کە شیر بە توولە سەگەکانیان بدەن و ئەمەش زۆر قورس بوو بۆ خەڵکەکە، چونکوو دەیانبینی شیری دایکیان کە سوێندی پێوە دەخۆن دەبێتە خۆراکی ئاژەڵێکی سڵپۆت!
عەبدوڵڵا مستەوفی کە یەکێک لە کارفەرماکانی ڕەزاشا و پاساوهێنەرەوەی سیاسەتەکانی ناوبراو بووە لە کتێبەکەی خۆیدا ئەو کردەوە قیزەونە پشتڕاست دەکاتەوە و ئاوەها ئاماژە بەو ڕووداوە تاڵە دەکات:
“برایانە بە ئەفسەرانی سوپا دەڵێم کە بە پێچەوانەی پێشوو… لە نیشتەجێ کردنی ئەوان (لوڕەکان) ڕەچاوی ماڵ و حاڵ و ئابڕوویان بکەن بە چەشنێک کە زیانی مادی، ئابڕوویی و گیانییان لێ نەدرێت و لە ناچارکردنی ژنەکان بە دانی شیر بە توولە سەگەکان خۆ ببوێرن و بزان کە ئەمانە (لوڕەکان) هەرچەند نەزانن، بەڵام ئافریدەی خودان”. ( شرۆڤەی ژیانی من، یان مێژووی کۆمەڵایەتی و ئیداری دەروی قاجاڕ، بەرگی سێهەم، عەبدووڵلا مستەوفی ، ل ٥١٤).

ناسناوی قەساوی لوڕستان
ئەمیر ئەحمەدی، ئەو فەرماندە سەربازییەی سوپای شا بەهۆی ئەو هەموو کوشتوبڕەی کە لە لوڕستان و دەورووبەری ئەنجامی دا، دواتر ناسناوی (قەساوی لوڕستان)ی پێ درا.
ئەمیر ئەحمەدی کاتێک هاتە ناوچە لوڕنشینەکان لە چەندین شوێن و یەک لەوان لە شاری (بروجێرد وتیبوو) گوتی: ”ئەمجارەیان وەها هێزی لوڕەکان تێک دەشکێنم کە دواتر هیچ هێزێکیان بۆ خۆنیشاندان نەبێت” ( ڕۆژنامەی ایران ١٢ی جوزەردانی ١٣٠٣ی هەتاوی، وەرگیراو لە کتێبی ئۆپراسیۆنی لوڕستان، بەڵگەنامەکانی (سەرتیپ محەممەد شا بەختی، ل ١٨).

داگالاس دواتر خۆی ئەمیر ئەحمەدی لە نزیکەوە دەبینێ و ئاوەها دەنووسێت:
“ماوەیەک دوای ئەو رووداوە بوو کە من ئەمیر ئەحمەدیم لە یەکێک لە خانەباخەکانی تارن بینی، ئەو پیاوێکی چوارشانە و قیت و قۆز و وێ دەچوو 60 ساڵ تەمەنی بێت. سمێڵێکی ڕەشی چەخماخی و چاوێکی چووکەی هەبوو، دەستەیەک ددانی زێڕیشی هەبوو کە کاتێک پێدەکەنی دەردەکەوتن . ئاشنایی بە زمانەکانی ڕووسی و تورکی هەبوو و لە ئەرتەشی قەزاقستان و ڕووسیا خولی ڕاهێنانی بینیبوو. لەو تەمەنەشدا هێشتا هێمای خۆبەزل زانین و جەسوور بوون بە سیمایەوە دیار بوو و بەتایبەت لە کاتی قسەکردن و تۆنی دەنگی تەنانەت لە باسە خۆمانەکانیشدا ئاشکرا بوو.
لەو نێوانەدا خانمێک پرسیاری کرد: “تیمسار! ئێستا پەیوەندیتان لەگەڵ خەڵکی لوڕستان چۆنە؟” ئەو لە وەڵامدا وتی: “ئەوان بە ڕێزەوە ناوم دەبەن، ئەمڕۆکە ناوی من لە زۆربەی خێزانەکاندا ها لەسەر زمان.”
ژنەکە دیسان پرسیاری کرد: “بەڵام چۆن؟”
ئەو دوای ماوەیەک پێکەنین وتی: “ئەگەر منداڵێک لە لوڕستان بگریت، دایکی بۆ بێدەنگکردنی دەڵێ : بێ دەنگ بە! ئەگینا دەڵێم بە ئەمیر ئەحمەدی تۆ لەگەڵ خۆی ببات.”

فڕۆکە دژ بە لوڕەکان
هێزی ئاسمانیی ئێران کە ڕاست ساڵی 1924 واتە ساڵی دەستپێکردنی سەرکوتی لوڕەکان دامەزرابوو، یەکەم تاقیکردنەوەی فڕۆکەوانەکانی کە لە ئەمریکا ڕاهێندرابوون، لەسەر خەڵکی لوڕستان و دەورووبەری تاقی کردەوە.
چەندین نامەی ئاڵووگۆڕکراو لەنیوان سەرتیب محەممەد شا بەختی و ئەمیر ئەحمەدی و باقی فەرماندەکانی سوپای حکو,مەتی پاشایەتیدا، ئەو راستییەمان بۆ دەردەخات کە هەر لە یەکەمین ساڵی دامەزراندنی هیزی ئاسمانیی ئێران، ئەو هێزە دژ بە لوڕەکان بەکار هاتووە، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەو تاوانە جەنگییە باسی لێوە ناکرێت و لەمێژوی هیزی ئاسمانیی ئێرانیشدا هیچ ئاماژەیەک بەو شەڕانە نەدراوە.
لە یەکێک لە نامەکانی نێوان بەرپرسانی سەربازیی سوپادا هاتووە: “لە دریژەی ژمارەی 1790 بە ڕێزەوە ڕادەگەینم کە شەوی رابردوو هیچ هێرشێک لەلایەن دوژمنانەوە (لوڕەکان) بۆ سەر بنکەکانی ئێمە نەکراوە، بەپێی ئەو زانیارdیانەی کە گەیشتوون ئەو فڕۆکەیەی کە بەیانی بەرەو لاوی خورەم ئاوا هاتبوو، بومبێکی لە نزیک 500 مەتری ڕەشماڵی دیرەک وەندەکان خستووەتە خوارەوە و تەقیوەتەوە و ترس و دڵەڕاوکێی زۆری خستووەتە نێو دڵی لوڕەکان، ڕادەگەینین کە فەرمان بدەن فڕینی فڕۆکەکان لەسەر سەری دوژمن و ڕێژەکەشیان زیاد بکەن، چونکە هەرچی فڕۆکەکان زیاتر بن ترس و دڵەڕاوکێشیان زیاتر دەبێ، ئەگەریش چەند بۆمب بخەنە ناو ڕەشماڵەکانیان زۆر بەسوودە و زیاتر دەیانترسێنێت …”
چەندین نامەی نهێنیی دیکە لە کتێبی ئۆپراسیۆنی لوڕستان، بەڵگەنامەکانی (سەرتیپ محەممەد شا بەختیدا) نووسراوە کە باس لە بەکارهێنانی فڕۆکە دەکەن.
لە ڕۆژنامەی (وەقایع یوم) چاپی 24 پاییزی 1926 هاتووە: “فڕۆکە ئەمڕۆ بەیانیش لە ئاسمانی ڕومشکان و سەرتەرهان فڕیوە و هێندیک بۆمبی بۆ لە دین هەڵگەڕاوەکانی بەشی ڕۆژئاوای ڕومشکان خستووەتە خوارەوە ” ( ئۆپراسیۆنی لوڕستان ، ل 249).
هەروەها لە هەمان ڕۆژنامە و لە چاپی ڕۆژی 2ی ژانویەی 1927 نووسراوە کە “لە سەعات 2 و نیوی بەیانی ، فڕۆکەیەک بەپێی فەرمانێک کە شەوی پێشوو دەرکرابوو، بە 8 بۆمبەوە فڕی و بنکەکانی ئاژاوەگێرەکانی (لوڕەکان) لە چیای کەڤەر کو (کبیر کوه) ( لە پارێزگای ئیلام) ی تەنیشت ڕووباری سەیمەرە کردە ئامانج. بەپێی راپۆرتەکان دوو بۆم زۆر باش ئامانجەکەیان پێکاوە و 4 بۆمیش لەنیو رەشماڵی ئاژاوەگێڕەکان تەقیوەتەوە و دوو بۆمبی دیکەش لە دوورترەوە تەقیونەتەوە.”

سەرۆک عەشیرەکان
لەسێدارە دران
دوای ئەوەی هێزەکانی سوپا توانییان قەڵای (فەلەکولئەفلاک) کە لەنێو شای خوڕەمئاوا هەڵکەوتووە بۆ ماوەیەکی زۆر گەمارۆ بدەن و دواتر قەڵاکە داگیر بکەن، لەلایەن ڕەزا شاوە عەفووی گشتی دەرکرا.
بەشێک لەو پەیامە کە لە گۆڤاری (پەهلەوی)دا بڵاو کراوەتەوە بەشێوەی خوارەوەیە؛
“هەموو خێڵ و هۆزەکانی ناوچەکی لوڕستان وەک دانیشتوانی ئەم نیشتمانە و لە ڕٶڵە ئازا و بە ئەمگەکانی ئێران بە ئەژمار دێن و بە چاوپۆشی لە کردەوە کردەوە قیزەون و ئەو هەڵانەی کە کردوویانە لێبوردنی گشتی ڕادەگەینین”.
بەڵام دوای دەرکرانی بڕیاری لێبوردنی گشتی، هێزەکانی سوپا لەژێر فەرمانی ئەمیر ئەحمەدی دەیان سەرۆک خێڵ و عەشیرەتی ناوچەی لوڕستانیان دەستبەسەر و لەسێدارەیان دا.
سەرەتا بەهاری 1327 دوو سەرۆک هۆزی حەسەنوەند و بیرانوەندەکان بەناوەکانی: (ئەمیر مونەزەم) و (شێخ عەلی خان) ناسراو بە -شێخە- لە گۆڕەپانی ئازادی خوڕەمئاوا کە دواتر لوڕەکان ناوی گۆڕەپانی سێدارەیان لەسەر دانا، لەسێدارە دران.
دواتر و لەکۆتایی هاوینی هەمان ساڵ هەمان ساڵ، 13 سەرۆک هۆزی دیکەی ناوجەی لوڕستان لە شاری بروجێرد و چەندین کەسی دیکە لەناوچەی نەهاوەند لەسێدارە دران و بەم جۆرە ڕەزاشا زۆربەی سەرۆک هۆزەکانی لەنێو برد و بەرە بەرە بەستێنی نیشتەجێکردنی هۆزە کۆچەرییەکانی ناوچەی زاگرۆس و دەستەمۆکردنیانی ئامادە کرد.

کۆچ پێکردنی لوڕەکان
دوا بڕگەی سەرکوتی لوڕەکانیڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن حکوومەتی پاشایەتییەوە، وەک باقی داگیرکەرانی دیکەی کوردستان کۆچی زۆەملی دانیشتوانی ناوچەکە بۆ شوینەکانی دیکە بوو.
وەک چۆن لە سەردەمی سەفەوییەکاندا هەزاان خێزانی کورد لە ناوچەکانی ئورمیە، سنە، کرماشان و لوڕستانەوە بۆ شارەکانی باکووری ئێرن و سنووری ڕۆژهەلاتی ئێران دوور خرانەوە، ئەمجارەشیان ئەو سیاسەتەیان گرتە پێش و بە هەزاران خێزانی فەیلی و بەختیاری و لوڕ بۆ سنووری ئەفغانستان دوور خرانەوە.
لە کتێبی (ئۆپراسیۆنی لوڕستان) لە چەندین برگەدا ئاوەها باسی کۆچی زۆرەملێی لوڕەکان کراوە.
“… بۆ پێشگرتن لە ئاڵۆزی و تێکهەڵچوون، هێندیک لەو هۆزانەی کە مانەوەیان لە بەشێک لە ناوچەکانی لوڕستان کێشەخولقێن و زیانبەخش بوو و بۆ سنووری تاران، وەرامین و خوراسان و بەشیکیشیان بۆ سنووری پارێزگای خوزستان و هەروەها و… دوور خرانەوە و لەوێ نیشتەجێ کران…”
سەرەڕای ئەو شوێنانە بەشێکی زۆری لوڕەکان بە ناوچەکانی خانەقین و مەندەلی و وڵاتانی ئەفغانستان و پاکستان و ناوچەی بەلووچێستان … کۆچ دران و ئێستاش زۆربەی دانیشتوانی پارێزگای خوراسانی باشوور، ئەو لوڕانەن کە لە کاتی دەسەڵاتدارێتی ڕەزاشا بە زۆر کۆچ پێکراون و لە بیاوانەکانی سنووری ئێران و ئەفغانستان نیشتەجێ کراون.
هەروەها لە شوێنێکی دیکەدا نووسراوە کە ”گواستنەوەی لوڕەکان کارێکی زەحمەت و پڕ کێشە بوو و دوای ئەو کارە کێشەی لوڕستان کۆتایی پێ هات“.

سمکۆی شکاک و لوڕەکان

بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە بەڵگەنامە مێژووییەکاندا دەردەکەون کە دەستپێکی سەرکوتی لوڕەکان هاوکات بووە لەگەڵ بریاری لێبوردنی سمکۆی شکاک و گەڕانەوەی بووە لە تورکیاوە بۆ کوردستانی رۆژهەڵات (ئێران).
سمکۆ ڕاست لە دووهەم ساڵی سەرکوتی لوڕەکان شۆڕشێکی دیکەی دەست پێکردەوە و دیسان ناچار بوو وڵات جێ بهێڵێ و ڕوو لە تورکیا بکاتەوە.
رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی ئەمریکی، لە ساڵی 1922دا لە سەر شۆڕشی سمکۆ نووسیویەتی: (حکوومەتی کوردستان دامەزرا) و لە درێژەی راپۆرتەکەیدا دەڵێت: “ئەم کۆمارە بریتییە لە کرماشان، سەڵماس، ورمێ و ئەردەڵان”، هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، سمکۆ چاوی لە لوڕستانیشە.
بەپێی ئەم بەڵگەنامەیە سمکۆی شکاک لە سەرهەڵدانی یەکەمی خۆیدا چاوی لە لوڕستانیش بووە و ویستوویە لوڕستانیش بخاتە سەر دەسەڵاتدارێتیی خۆی.
حکوومەتی ناوەندیش ڕاست ئەو ساڵەی کە لێبوردنی بۆ سمکۆی شکاک دەرکردووە و گەڕاوەتەوە، هێرشی بۆ سەر لوڕەکان دەست پێکردووە.
لێرە دەتوانین بڵێین کە حکوومەتی پاشایەتی هەستی بە مەترسیی لوڕەکان باشووری کوردستان کردووە و پێش لەوی جارێکی دیکە شۆڕشێک لە ناوچەکانی دیکەی کوردستانی رۆژهەلات ڕوو بدات پلانی لێدانی لوڕەکانی داڕشتووە بە چەشنێک کە هەر وەک ئەمیر ئەعمەدی قەساوی لوڕستان گوتبووی: “وایان لێ دەکەین هیچ هێزێکیان نەمێنێت”.

لوڕەکان پێشەنگی
شووناسخوازی لە زاگرۆس
دەتوانین لوڕەکان بە یەکەم هۆزی ناوچەی زاگرۆس ناو ببەین کە لەپێناو دەستبەرکردنی مافە نەتەوەییەکانی خەلکانی دانیشتووی زاگرۆس شۆڕشیان دەست پێکرد، تەنانەت بەر لە سەرهەڵدانی سمکۆی شکاک و ئاوابوونی کۆماری کوردستانیش لە مەهاباد.
کەسایەتییە خوێندەوار و شووناسخوزەکانی لوڕستان لەساڵی 1921حیزبی (ئەستێرەی بەختیاری)یان دامەزراند کە خوازیاری دەستبەرکردنی مافەکانی خەلکانی نیشتەجێی زاگرۆس و بە فەرمی ناسینی مافی چارەنووس بۆ ئەو وڵاتە بوون.
دەتوانین بڵێین دوای هاتنە سەر کاری رەزاخان، لوڕەکان باجی شووناسخوازی خۆیان دا و لەو پێناوەدا ڕێبەرانیان لەسێدارە دران و دەستدرێژی کرایە سەر ژن و منداڵەکانیان و هۆزەکانیشیان بۆ ناوجەکانی دیکە دوور خرایەوە .
دوای ئەو قۆناغە ئیدی لێدانی فەرهەنگی لوڕەکان دەستی پێ کرد و حکوومەت بە شێوەیەکی سیستماتیک لەرێگای دامودەزگا میدیاییەکانی خۆیەوە هەوڵی شکاندنی لوڕەکانی دەدا و تەنانەت لە فیلمەکانی پێش شۆڕشی گەلانی ئێراندا، زبان و جلوبەرگ و کولتووری لوڕی، وەکوو سیمبولی دواکەوتوویی وێنا دەکران و ناسناوی (لوڕی پێ پەتی)ییان بە لوڕەکان دا کە ئێستاشی لەگەڵ بێت هەر بەو ناوە بانگیان دەکەن.

About زريان احمد

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …