Home / مێژووی ئیسلام / بارودۆخی دەوڵەتی عوسمانی لەدوای جەنگی یەكەمی جیهانی

بارودۆخی دەوڵەتی عوسمانی لەدوای جەنگی یەكەمی جیهانی

بارودۆخی دەوڵەتی عوسمانی لەدوای جەنگی یەكەمی جیهانی

1487578285843

لەئەنحامی شكستی دەوڵەتی عوسمانی لەجەنگی یەكەمی جیهانیدا، هێزی هاوپەیمانان دەستیانگرت بەسەر گرنگترین بنكە سەربازی‌و ستراتیژی‌و ئابورییەكانی وڵاتدا، هێزی هاوپەیمانان ئەستەمبوڵ‌و قەڵاكانی دەردەنیل‌و بسفۆڕ‌و گرنگترین شارەكانی وڵاتیان داگیركردو لە13ی تشرینی دووەمی 1918دا چونە ناو قۆچی زێڕینەوە‌و هەوڵیاندا ئەستەمبول بكەنە بنكەیەك بۆ چالاكیەكانیان لەگشت وڵاتانی ناوچەكەدا .(1)

پاشان بەریتانیا موسڵ و ئەسكەندەرونەی داگیركرد بەبیانووی زامنكردنی هێڵەكانی(تمویل)ئازووقەپێدانی هێزەكانی، ئەمە لەكاتێكدا كە ئەم ناوچانە لەژێردەستی عوسمانیدابوو لەكاتی ئیمزاكردنی ئاگربەستی مۆدرۆسدا، هەروەها عینتاب‌و مەرعەش‌وئورفە و ئاسكی شەهروئەفیون قەرەحەسارو كوتاهیەی داگیركرد و دەستیگرت بەسەر هێڵی ئاسنینی بەغداد-ئەنادۆڵ و بەندەرەكانی دەریای رەشدا، هەروەها هێزەكانی ئینگلیز دابەزینە سامسۆن‌و تەرابزون، سەرەڕای ئەوەی هێزێكی تری ئینگلیز نێردرا بۆ ئەنكەرە‌و مەرزیفۆن.(2)

هەروەها هێزەكانی فەڕەنسا مەرسین‌و ناوچەی ئەتنە‌و ناوچەی خەڵووزی بەردینی (زونكلداغ) یان داگیركرد‌و لەپاییزی 1919دا شوێنی بەریتانیەكانیان گرتەوە لە ئەنتالیا‌و كوشاداسی، پاش ئەوە (قونیە‌و ئیسپارتە‌و بودروم‌و ماركی‌و مارماریس) یایان داگیركرد.(3)

لە15ی ئایاری 1919دا بەبڕیارێكی كۆنگرەی ئاشتی پاریس هێزەكانی یۆنان هەستان بە داگیركردنی ئەزمیر كە بەكەشتیە جەنگیەكانی بەریتانیا‌و فەڕەنسا‌و ویلایەتە یەكگرتووەكان دەپارێزرا.و ژمارەی هێزەداگیركەرەكان لە ئەنادۆڵ‌و تراقیادا لەسەرەتای ساڵی1919دا گەشتە 107هەزار بێجگە لە یۆنانیەكان.(4)

لە ئاگربەستی مۆدرۆسدا هاتبوو كەدەبێت هەردوو گەروی دەردەنێڵ‌و بسفۆر بكرێنەوەو هاوپەیمانان قەڵاكانیان داگیربكەن‌و چەكی سوپای عوسمانی داماڵن‌و بورجە جەنگیە عوسمانیەكان بدرێن بەدەستەوەو هاوپەیمانان مافی ئەوەیان هەبێت هەرخاڵێكی ستراتیژی داگیربكەن كەجێی مەترسی بێت، كەشتیەكانی هاوپەیمانانیش بۆ بەندەرە عوسمانیەكان بەكاربێن‌و ئەفسەرە هاوپەیمانەكان سەرپەرشتی هەموو هێڵە ئاسنینەكان بكەن‌و هەموو سەربازگە عوسمانیەكان لە حیجازو عەسیرو یەمەن‌و سوریاو عێراق و بەندەرە عوسمانیەكانی باكووری ئەفریقا بدرێن بەدەستەوە، هاوپەیمانان مافی خۆیانە هەربەشێَكی شەش ویلایەتە عوسمانیەكە داگیربكات.(5)

مستەفا كەمال هەوڵیدا ئەو هەلومەرجە بۆبەرژەوەندی خۆی بقۆزێتەوە بەتایبەتی دوای ئەوەی سوڵتان وەحیدەدین عیزەت پاشای لەسەر كار لابردو تۆفیق پاشای ڕاسپارد حكومەتێكی نوێ‌ پێكبهێنێت، مستەفا كەمال لەگەڵ عیزەت پاشا لەسەر ئەوە ڕێككەوت كە دوای ئەوەی لەڕێی پەرلەمانی عوسمانی‌و لە سۆنگەی وروژاندنی هەستی نیشتیمانی پەرلەمانتاران ڕێگە بەحوكمەتی تۆفیق پاشا نادات متمانە بەدەست بهێنێت، ئەو كاتە دەبێت ئەو حوكمەتێك پێكبهێنێت‌وپۆستی وەزارەتی جەنگی پێبدات، مستەفا كەمال هەوڵیدا كە ئەندامانی پەرلەمانی عوسمانی دەنگ دژی حوكمەتی تۆفیق پاشا بدەن، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، لە كۆبونەوەی پەرلەماندا تۆفیق پاشا بەزۆرینەی دەنگ متمانەی پەرلەمانی بەدەستهێنا.(6)

بەمە سوڵتان‌و حكومەت بوونە گوێڕایەڵی بەریتانی‌و فەرەنسیەكان‌و ئەحمەد تۆفیق پاشا لەجیاتی ئەحمەد عیزەت پاشا حكومەتی گرتە دەست دوای ئەویش داماد فەرید پاشا هات كە هەواداری بەریتانیەكان‌و سەركردەی حیزبی (الحریە والائتلاف) بوو، ‌وحكومەتەكەی داماد بەبیانووی گێڕانەوەی هێمنی‌و ئاسایش كەوتە ئەنجامدانی چەند داگیركاریەكی فراوان‌و دادگا سەربازیەكانی زیندوو كردەوە، ئەنجامی ئەمكارەی بوو بەهۆی لاوازبوونی دەسەڵاتەكەی.(7)

پەراوێزەكان

1-د.ابراهیم خلیل احمد‌و ئەوانی تر: توركیای هاوچەرخ، وەركێڕانی، سامان مصطفی، چاپی یەكەم، چاپخانەی لاوكۆ، سلێمانی،2008، ل23.
2- هەمان سەرچاوە‌و لاپەڕە.
3- مجموعة من الباحثين السوفیت: تاریخ تركیا المعاصر، ترجمە د.هاشم صالح التكریتی، مۆسسة حمدی، بدون رقم الطبعة، السلیمانیة، 2007. ص30.
4- هەمان سەرچاوە: ل31.
5- د.ابراهیم خلیل احمد و د.خلیل علی مراد: سەرچاوەی پێشوو، ل229-230.
6- یونس یحیا برادۆستی: كورتەیەك لەژیانی مستەفا كەمال ئەتاتورك 1915-1918، گۆڤاری مێژوو،ژمارە8، هەولێر،2008، ل356.
7- مجموعة من الباحثین السوفیت: سەرچاوەی پێشوو، ل31.

About زريان احمد

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …