Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى ئیسلام / سەروەری یاسا لەسەردەمی پێغەمبەر و خەلیفە ڕاشیدەكاندا

سەروەری یاسا لەسەردەمی پێغەمبەر و خەلیفە ڕاشیدەكاندا

سەروەری یاسا لەسەردەمی

پێغەمبەر و خەلیفە ڕاشیدەكاندا

1487369431473

ڕەنگە ئەم بابەتە بەم ناونیشانە زۆر لێكۆڵینەوەی لەسەر نەكرابێت لەبەر ئەوەی لە ڕووی زاراوەوە شتێكی تازەیەو خەڵكی وادەزانن یەكێكە لە دەرهاویشتەكانی حوكمی دیموكراسی، بەڵام لە ڕاستیدا لە ڕووی بەرپاكردن و پراكتیزەكردنەوە كۆنە، بەتایبەت لە مێژووی ئیسلامدا زۆر بە زەقی بەدی دەكرێت ، بەتایبەتتر لە سەردەمی پێغەمبەر و خەلیفەكانیدا بە ڕادەیەكە دەتوانین بڵێین یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی حوكمی ئیسلامی لەو دوو سەردەمەدا سەروەری یاسا بوو ، بەڵام نەك بەناوی سەروەری یاساوە بەڵكو بەناوی سەروەری شەریعەوە كە حاكم و مەحكوم وەكو یەك ملكەچی فەرمانەكانی بوون، ئەمیش یەكێكە لە تایبەتمەندییەكانی ئیسلام، چونكە سەرچاوەی تەشریع لە ئیسلامدا خوایە نەك مرۆڤ و هەموو مرۆڤەكان وەكو یەكن بەرامبەری ، تەنانەت پێغەمبەریش كە گەیەنەری پەیامەكەیە . ئەوەتا خوا بە پێغەمبەر دەفەرموێت :

” وأنِ احكُمْ بینهُمْ بما أَنْزَڵ اللهُ ولا تتَّبِعْ أهوا‌وَهُمْ واحذرْهُمْ أنْ ێفْتِنُوكَ عن بَعض ما أنزَڵ اللهُ إلیكَ..” المائدە/49. واتە: بەو شەریعەتەی خوا دایبەزاندووە حوكم بكە لە نێوانیاندا و شوێنی هەواو ئارەزووی ئەوان مەكەوەو وریا بە لاتنەدەن لەهەندێك لەوانەی خوا بۆی دابەزاندووی.

” وإنْ حَكَمْتَ فَاحْكُمْ بَیْنَهُمْ بِالقِسْط إنَّ اللهَ یُحِبُّ المُقْسِطینَ”المائدە/ 42.واتە: ئەگەر حوكمت كرد ئەوا بە دادپەروەری حوكم بكە لە نێوانیاندا ، خوا دادپەروەرانی خۆش دەوێت.

” إنّا أَنْـزَلْنا إلیكَ الكِتابَ باِلحَقِّ لِتَحْكُمَ بینَ النّاسِ بما أراكَ اللهُ ولا تَكُنْ لِلْخائِنینَ خَصیماً” النسا‌ء /105.واتە : ئێمە ئەم كتێبەمان بە ڕەوایی بۆت دابەزاندووە بۆ ئەوەی بەو شێوەیە حوكم بكەیت لە نێوانیاندا كە خوا دەیەوێت و بەرگری لە درۆزن و خیانەتكاران نەكەیت.

لە ڕاستیدا لەكاتێكدا موسوڵمانان پەیڕەوییان لە بنەمای سەروەری یاسا دەكرد مرۆڤایەتی لە خەونی نەفامی و زۆنكاوی ستەم و پەرستنی پاشاو فەرمانڕەواكانیاندا بوون ، نەك هەر ئەوانەی كۆن بەڵكو ئەوەی لە سەردەمی پێغەمبەرو خەلیفە ڕاشیدەكان و تا ماوەیەكی كەمیش لەمەوبەر لە سەرتاسەری جیهاندا پاشاو كاربەدەستان نەك هەر لە سەرووی یاساوە بوون بەڵكو لە زۆر شوێندا پاشاكان وەكو خوا تەماشا دەكران ، بۆ نموونە لە ژاپۆن و چیندا تا ئەم دواییە ئیمپراتۆر وەكو خوا تەماشا دەكرا . لەو كاتەش كە ئیسلام هات فارسەكان وایاندەزانی ڕۆحێكی خوایی لە پاشاكانیاندا هەیەو كەس بۆی نەبوو بچووكترین ناڕەزایی دەربڕێ‌ بەرامبەریان ، دەوڵەتی ڕۆمیش بەهەمان شێوە ئیمپراتۆر بەلایانەوە قەداسەتی هەبوو و كەس بۆی نەبوو ڕەخنە لە هیچ شتێكی بگرێت .بەڵام كاتێك ئیسلام هات عەقڵ و هۆشی خەڵكی كردەوەو فێری كردن چۆن بەرگری لە مافی خۆیان بكەن یا چۆن داوای مافی خۆیان بكەن و سكاڵا لای قازی تەنانەت لەسەر خودی خەلیفەش تۆمار بكەن. بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە تەنها چەند نموونەیەك لەسەردەمی پێغەمبەر و خەلیفەڕاشیدەكان دەهێنینەوە و ماباقییەكەی دەهێڵینەوە بۆ كەسانێك بیانەوێت توێژینەوەی زیاتری لەسەر بكەن چونكە مێژووی ئیسلام پڕە لە سەدان وبگرە هەزارەها نموونە لە سەر پابەندی موسوڵمانان بە حاكم و مەحكومەوە بە بڕیارەكانی شەریعەوە و سەربەخۆیی دادگا لە زۆربەی سەردەمەكاندا یەكێك بووە لە دیاردە زەقەكانی دەسەڵاتی ئیسلامی.

جارێكیان ئافرەتێكیان لە هۆزی مەخزوم( المخزومیە) كە هۆزێكی ناودارە هێنایە لای پێغەمبەر (د.خ) بە تاوانی دزی ، پێغەمبەر (د.خ) بڕیاریدا دەستی ببڕێت كەسوكارەكەی لەملاولەولا واستەیان بۆكرد بەڵكو پێغەمبەر ئەو سزایەی لەسەر ئەنجام نەدات ، پێغەمبەر توڕە بوو و فەرمووی : سوێند بەو كەسەی گیانی منی بەدەستە ئەگەر فاتیمەی كچی موحەممەد دزی بكردایە دەستیم دەبڕی ، ئەوانەی پێش ئێوە بەوە لەناوچوون ئەگەر كەسێكی ناودارو خاوەن كەسوكار دزی بكردایە وازیان لێدەهێناو كەسێكی لاوازو بێكەس دزی بكردایە سزایان دەدا! ” إنَّما أهْڵكَ مَنْ كانَ قَبْڵكُم أنّهُ إذا سَرَقَ فیهمُ الشّریفُ تَرَكُوهُ وإذا سَرَقَ فیهمُ الضعیفُ أَقامُوا عَلیهِ الحَدَّ”.

جارێكیان پیاوێك هاتە خزمەتی پێغەمبەرو پێی وت ئەی پێغەمبەری خوا فڵانە پیاوم بەسەر ژنەكەمەوە بینی ئایا بۆم هەیە بیانكوژم؟ پێغەمبەر فەرمووی یادەبێ‌ چوار شایەت بێنی لەسەر قسەكەت یان داری حەددی بوختانت لێدەدرێت(كە هەشتا جەڵدەیە) . وتی ئەی پێغەمبەری خوا كێ‌ هەیە بتوانێت چواركەس كۆبكاتەوە بۆ شایەتیدان لەسەر خێزانی ؟ فەرمووی كەواتە دەبێ‌ داری حەددت لێبدرێت ، هەرلەوێدا ئەو ئایەتە دابەزی كە دەفەرموێت :” والذین یرمون ازواجهم ولم یكن لهم شهداء اڵاّ انفسهم فشهادە احدهم اربع شهادات بالله انه لمن الصادقین. والخامسە ان لعنە الله علیه ان كان من الكاذبین . ویدرۆ عنها العذاب ان تشهد اربع شهادات بالله انه من الكاذبین . والخامسە غضب الله علیها ان كان من الصادقین” .النور/6-9 واتە: گەر كەسێك ژنەكەی تاوانباركرد بەوەی كە زینای كردووە و چوار شایەتی نەهێنا دەبێ‌ چوارجار خوا بەشایەت بگرێت كە ڕاست دەكات و پێنجەم جار بڵێت: بەر نەفرەتی خوا كەوم ئگەر درۆ بكەم . ژنەكەش سزاكەی لەسەر لادەبرێت ئەگەر چوارجار خوا بە شایەت بگرێت كە مێردەكەی درۆ دەكات و پێنجەم جار بڵێت : بەر خەشم و قینی خواكەوم ئگەر مێردەكەم ڕاست بكات. بەو شێوەیە ژنەكە سزای لەسەر لادەبرێت بەڵام ئیتر بۆ یەكجاری لەیەك جیا دەكرێنەوە . دوایی پێغەمبەر خەڵكانێكی ڕاسپارد چاودێری ئەو ژنە بكەن بزانن ئەو منداڵەی دەیبێت لە باوكی دەچێت یا لەو پیاوەی كە تۆمەتەكەی خراوەتە پاڵ كە پیاوێكی جوولەكە بوو ! كاتێك ژنەكە منداڵی بوو دەبینن ڕێك لەو پیاوە دەچێت كە تۆمەتەكەی دراوەتە پاڵ ، پێغەمبەر فەرمووی ئەگەر كەسێكم بەبێ‌ بەڵگە سزا بدایە ئەو ژنەم سزا دەدا ، واتە پێغەمبەر دەیزانی كە مێردی ئەو ژنە ڕاستی كردووە بەڵام هیچی پێنەكراوە بەرامبەر شەریعەتی خوا كە شتەكەی بەو شێوەیە بڕاندۆتەوە .

نەك هەر ئەوەندە بەڵكو تەنانەت كاتێك سێ‌ نەفەر لە هاوەڵانی بە فیتی سەرگەورەی دووڕووەكان عەبدوڵلای كوڕی ئوبەی تۆمەتیان بۆ حەزرەتی عائیشە هەڵبەست پێغەمبەر (د.خ) ماوەی یەك مانگ نیگای بۆ نەهاتە خوارەوە ، لەو ماوەیەدا هیچ ئیجرائاتێكی نەكرد نەلە گەڵ ئەوانەی تۆمەتەكەیان هەڵبەستبوو وەنە لەگەڵا ئەوانەی تۆمەتەكەیان درابووە پاڵا كە عائیشەو صەفوانی كوڕی موعوتتەڵا بوون ، وەدوای ئەوەی كە ئایەتەكانی پاكێتی عائیشە دابەزی پێغەمبەر جگە لە حەددی بوختان بۆ هەڵبەستن كە هەشتا جەڵدەیە هیچ ئیجرائاتێكی تری لە گەڵادا نەكردن و دوای ئەوە هەرسێكیان گەڕێنرانەوە پێگەی ڕابردووی خۆیان و لە هیچ مافێكیان بێبەش نەكران .

بەنیسبەت عەبدوڵلای كوڕی ئوبەییشەوە : سەرەڕای ئەوەی كە قورئان ڕایگەیان كە پشكی سەرەكی هەبووە لە هەڵبەستنی ئەو بوختانەو ئەو لە پشتی پرۆپاگەندەكانەوە بووە پێغەمبەر (د.خ) هیچ ئیجرائێكی لە گەڵدا نەكرد لە بەر ئەوەی بەڵگەیەكی ماددی نەدابوو بە دەستەوەو بەدەمی خۆی لەبەردەم كەسدا نەیدركاندبوو كە ئەو دووە زینایان كردووە بەڵكو تەنها دەیوت ژن و پیاوێكی گەنج بەتەنها بۆچ مەبەستێك لەو چۆڵەوانییەدا بەجێ ماون. تەنانەت دوای ئەوەشی كە قورئان بەرپرسیارێتییە گەورەكەی خستە ئەستۆ هێشتا هەر سزا نەدرا چونكە هیچ بەندێك نییە لە شەریعەتدا لەسەر ئەو جۆرە ڕەفتارە دەسەڵاتدار سزای خەڵكی بدات . ئەوە تەشریعێك بوو بۆ كاربەدەستان كە ئەگەر بەڵگەی ماددییان لەسەر كەسێك نەبوو سزای نەدەن.

لە سەردەمی ئەبوبەكردا ڕەزای خوای لێبێت ڕووداوێك شك نابەم سەرپێچی یاسای تێدا كرابێت و ئەبو بەكر لەبەر گەورەیی ئەو كەسە بەرپای نەكردبێت مەگەر مەسەلەی خالیدی كوڕی وەلید كە مالیكی كوڕی نوەیرەی بەهەڵە كوشتبوو ئەویش لەبەر ئەوەی شتەكە شوبهەی تێدا بوو وە لە كاتی شەڕدا بوو ئەبوبەكر ئیجرائاتی لە گەڵا خالیددا نەكرد بەڵكو تەنیا دییەی ئەو پیاوەكوژراوەی دا. شایانی باسە ئەبوبەكر ڕەزای خوای لێبێت یەكێك بوو لەوانەی كە زۆر پابەندبوون بە ڕێنماییەكانی پێغەمبەرو بە موو لێی لانەدەدا ، ئەوەتا فاتیمە داوای بەشە میراتی خۆی كرد لە ئەرزی فەدەك نەیدایێ‌ لەبەر ئەوەی فەرمووی لە پێغەمبەرم بیستووە فەرموویەتی:” ئێمەی پێغەمبەران ماڵا و سامان بە میراتی بەجێ‌ ناهێڵین بەڵكو ئەوەی بە جێی دێڵین دەبەخشرێتەوە” . لەگەڵ ئەوەی كە دەیزانی فاتیمە بەوە دڵگران دەبێت و لێی عاجز دەبێت ، عاجزی فاتیمەش وەكو خەڵكی تر نییە چونكە عاجزی ئەو مایەی عاجزی پێغەمبەرە ، بەڵام لەبەر ئەوەی دەقی لەبەردەستدا بوو گوێی بەو عاجزییە نەداو سبەینێش لە ڕۆژی قیامەتدا لەبەردەم پێغەمبەردا بەرگری لە خۆی دەكات و ڕایدەگەیەنێ‌ كە ئەو لەبەر پابەندبوون بە ڕێنماییەكانی پێغەمبەرەوە دڵی فاتیمەی ئێشاندووەو فەرمانی شەرع لەسەرووی هەموو كەسێكەوەیە و ڕاگرتنی شەرع لە پێشترە لە ڕاگرتنی دڵی فاتیمە !.

لە سەردەمی حەزرەتی عومەریشدا چەندین ڕووداو ڕوویدا هەمووی بەڵگەن لەسەر سەروەری یاساو لەسەر ئەوەی كە شەرع لە سەرووی هەموو كەسێكەوەیە بە خەلیفەشەوە .یەك لەو شتانە وتووێژی نێوان خەلیفەو توڵەیحەی كوڕی ئەسەدە كاتێك حەزرەتی عومەر پێی دەڵێت من تۆم خۆش ناوێت( لەبەر ئەوەی دووان لە هاوەڵە نزیكەكانی پێغەمبەری شەهید كردبوو) ئەویش لە خەلیفە دەپرسێت : ئایا ئەوە كاریگەری دەبێت بۆسەر مافەكانم ( لە موچەو داهات و هتد)؟ خەلیفە دەڵێت : نەخێر ، ئەویش دەڵێت : دەهەر خۆشت نەوێم ، ژنان گوێ بەو شتەدەدەن و خەفەتی پێدەخۆن.

لە سەردەمی ئەبوبەكردا عومەر قازی دەبێت ، عەلی كێشەیەكی دەبێت لەگەڵا كابرایەكداو دێن بۆلای عومەر ،عومەر بانگی عەلی دەكات بە ئەبولحەسەن ، عەلی دەڵێت نابێ‌ من بەنازناوم بانگ بكەیت و ئەویش بەناوی خۆی ، هەردوكمان بەناوی خۆمانەوە بانگ بكە.

لە میسر كوڕی عەمری كوڕی عاسی والی میسر ، لەگەڵ قیبتییەكی مەسیحی پێشبڕكێی ئەسپ سواری دەكات قیبتییەكە لێی دەباتەوە ، ئەویش توڕە دەبێت و لێی دەدات و دەڵێت : چۆن پێشی من دەدەیتەوە نازانی من كوڕی ڕێزدارانم !. باوكی ئەو كوڕە سكاڵا دەگەیەنێتە لای خەلیفە عومەرلە مەدینە، خەلیفە بێ دواخستن دەنێرێت بە شوێن والی و كوڕەكەیداو بە كابرای قیبتی دەڵێت تۆڵەی خۆتی لێبكەرەوە و بدە لە كوڕی ڕێزداران ، بكێشە بەسەر كەچەڵییەكەی باوكیشیدا چونكە ئەگەر بە پشت ئەستووری باوكی نەبوایە ئەم ئەو ستەمەی لێنەدەكردی.

یەكێك لە كوڕەكانی حەزرەتی عومەر بەناوی عەبدوڕەحمان عەرەقی خواردبوو ،عومەر بەدەستی خۆی داری حەددی لێدا!.
لە پێش هەموو كەسێكەوە خەلیفە لێ پێچینەوەی لەگەڵا والییەكان و كەسوكاری خۆیدا دەكرد.
چوار نەفەر شایەتییان لەسەر موغیرەی كوڕی شوعبە دا كە زینای كردووە ( موغیرە ئەو دەمە والی كوفە بوو) ، خەلیفە موغیرەی هێنا بۆ ئەوەی سزای بدات بەڵام لە دواییدا یەكێك لە شایەتەكان پاشگەز بووەوەو قسەكانی گۆڕی بە شێوەیەك كە گوایە لە حاڵەتی زینادا نەیبینیوە ، بۆیە سێ‌ نەفەرەكە سزادران و موغیرە ڕزگاری بوو ئەگینا بە سزای خۆی دەگەیشت.

كاتێك حەزرەتی عوسمان بوو بەخەلیفە یەكەم ئیشی دادگایی كردنی عوبەیدوڵلای كوڕی عومەر بوو كە لە تۆڵەی باوكی دوو نەفەری لەوانە كوشتبوو كە شەوی پێش شەهید كردنی عومەر لەگەڵ ئەبو لوئلوئەدا بینرابوون و ئەو خەنجەرەی خەلیفەی پێ شەهیدكرا لە دەستیان كەوتبووە خوارەوە ، بەڵام لەبەر ئەوەی عوبەیدوڵلا لە خۆیەوەو بێ‌ بڕیاری دادگا ئەو دووەی كوشتبوو كە یەكێكیان هورموزانی ئێرانی و ئەوی تریان مەسیحییەك بوو، دادگایی كراو خەلیفە لە ماڵی خۆی خوێنی ئەو دووكەسەی بژارد!.ئایا ئەمە ئەگەر سەروەری یاسا نەبێت لەسەر كوشتنی دوو كەسی گومان لێكراو لە كوشتنی سەرگەورەی موسوڵمانان كوڕی خەلیفە دادگایی دەكرێت لە كاتێكدا كە كوژراوەكان خەڵكانی بیانی بوون و هیچ داكۆكیكەرێكیش نەبوو لەسەریان ؟ وە لەبەر ئەوە نەبوایە كە بەلای موسوڵمانانەوە قورس بوو دوێنێ‌ خەلیفە خۆی كوژراوەو ئەمڕۆ كوڕەكەی بكوژرێت دادگا حوكمی كوشتنەوەی كوڕی خەلیفەی دەدا.

هەر لە سەردەمی عوسماندا چەند كەسێك شایەتییان لەسەر یەكێك لە والییەكانی دا كە وەلیدی كوڕی عوقبەی والی كوفە بوو كە گوایە مەشروبی خواردووە ، خەلیفە داری حەددی لێداو لایبرد لەسەر كارەكەی.

لەسەردەمی خیلافەتی حەزرەتی عەلیدا كابرایەكی جوولەكە سكاڵایەكی لای قازی لەسەر خەلیفە تۆمار كرد ، خەلیفەو سكاڵاكار هەردوو ئامادەی بەردەم قازی بوون و خەلیفە مەسەلەكەی بردەوە چونكە بەڵگەكانی بەهێزتر بوون ، كابرای جوولەكە ئەوەندەی پێكرا شایەتمان بە پێغەمبەرایەتی موحەممەددا بێنێت چونكە ئەوەی لە خەلیفەی بینی بەڵگە بوو لەسەر پێغەمبەرایەتی موحەممەد(د.خ) !.
كاتێك كە خەلیفە برینداركرا جینایەتكارەكەیان گرت و هێنایانە بەر دەستی ، ویستیان بیكوژن ، فەرمووی مەیكوژن ، ئەگەر نەمردم خۆم دادگایی دەكەم ، ئەگەر مردیشم تەنها یەك شمشێر بدەن لەو شوێنەی كە لێی داوم ، لێدانێك بە لێدانێك( ضربە بضربە)!
هەڵوێستیشی بەرامبەر خەواریجەكان( لە شوێنێكی تردا باسكراوە) بەڵگەیەكی ترە لەسەر پابەندی خەلیفە بە ڕێنماییەكانی ئیسلامەوە .

About زريان احمد

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …