Home / بەشی مێژووی كورد / دوا روو بە رووبوونەوەی بابانییەكان لەگەڵ كاربەدەستانی عوسمانی دا ‌

دوا روو بە رووبوونەوەی بابانییەكان لەگەڵ كاربەدەستانی عوسمانی دا ‌

دوا روو بە رووبوونەوەی بابانییەكان لەگەڵ كاربەدەستانی عوسمانی دا ‌

1486978203945

عومەر ئیسماعیل مارف
دوای شكستی هێزی سەربازی(ئەحمەد پاشا1836-1847ز)ی بابان لە بەرامبەر سوپای(محەمەد نەجیب پاشا1842-1849ز)ی والی بەغدا لە شەڕی كۆیەدا، پاشان بە فەرمانێك ئەركی بەڕێوەبردنی میرنشینەكە بە پلەی(قایممقام)دراوە بە(عەبدوڵڵا پاشا1841-1851ز)ی برای ئەحمەد پاشا! دوای نزیكەی(4)ساڵ و بە مەبەستی كۆتایی هێنانی یەكجاری و بنبڕكردنی تەواوەتی پاشا و میر و بەگ و پیاوە بەناوبانگ و كاربەدەستانی بابانی لە نیوەی یەكەمی ساڵی(1851ز)دا، والی ئەو كاتەی بەغدا(عەبدولكەریم نادر پاشا1849-1850ز)بە فەرمانێك عەبدوڵڵا پاشای بانگهێشتی بەغدا كردوە، دوای دەست بەسەر كردنیشی لە شوێنەكەی كاربەدەستێكی تورك بە ناوی(ئیسماعیل پاشا میسری)وەكو قایممقامی تازەی سلێمانی دەست نیشان كراوە و بۆ جێگیركردنی بڕیارەكەش هێزێكی(2)هەزار سەربازی لەگەڵ دا ناردوە، چونكە ئەركی سەرەكی ئیسماعیل پاشا لە سلێمانی ئەوە بووە شوێنەواری فەرمانڕەوایی بابانییەكان بسڕێتەوە و دەسەڵاتی ناوەندی عوسمانی تیادا بچەسپێنێت.
دوای دوورخستنەوەی عەبدولكەریم نادریش (محەمەد موشیر نامیق پاشا1851ز) كراوە بە والی ناوچەكانی حیجاز و عێراق، ئەویش لە سەردەمی فەرمانڕەوایی خۆی دا بە فەرمانێكی باڵاتر و بە دەست بەسەری عەبدوڵڵا پاشای رەوانەی ئەستەمبوڵ كردوە.
گەڕانەوەی پاشای بابان
بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان؛ كاتێك هەواڵی دوورخستنەوەی عەبدوڵڵا پاشا گەیشتووە بە سلێمانی و هەموو لایەك بێ‌ هیوا بوون لە دووبارە گەڕانەوەی پاشای بابان، عەزیز بەگی كوڕی (ئەورەحمان پاشا1789-1813ز)و مامی ئەحمەد پاشا و عەبدوڵڵا پاشای دووەم كە پێشتر فەرمانڕەوای ناوچەی بازیان بووە، زۆر ئازایانە و چاو نەترسانە بە مەبەستی رزگاركردنەوەی سلێمانی و تۆڵەكردنەوە لە توركەكان دژی دەسەڵاتی عوسمانییەكان، رابەرایەتی راپەڕینێكی كردوە و لەگەڵ پیاوەكانی دا دەوری سلێمانی گرتووە. دوای ئەوەی سەركردایەتی هێزێكی سوارەی چەكداری لە هەر یەكە لە (حسێن بەگ)ی برای و(محەمەد ئەمین بەگ)ی كوڕی(عوسمان بەگ)ی برای و(قادر بەگ و حەسەن بەگ)ی كوڕەكانی(سلێمان پاشا1828-1838ز)ی برای و چەند كەسێكی تر لە بەگزادەكانی بابان و(500)سوار لە هۆزی هەمەوەند و هۆزەكانی تری دەوروبەری سلێمانی كردوە و لە دەسەڵاتی توركەكان یاخی بووە. دواتر هەموو رۆژێك لە دەوروبەری سلێمانییەوە هێرشی كردوەتە سەر سەنگەر و سەربازەكانی هێزەكەی تورك، بەو هۆیەشەوە ئیسماعیل پاشای قایممقام تووشی شپرزەیی بووە و ترسێكی زۆر دایگرتووە.
دیسان جێگای داخ و هەڵوەستە لەسەر كردنە
دوای گەیشتنی ئەو هەواڵەش بە محەمەد موشیر نامیق پاشای والی، بڕیاری داوە بە مەبەستی سەركوت كردن و كۆتایی هێنان بەو ئاژاوە و پشێویەی بابانییەكان و بۆ پشتیوانی لە ئیسماعیل پاشا بە هێزێكی(4)هەزار سەربازی و چەند تۆپێك و پێداویستی سەربازی تەواوەوە بەرەو سلێمانی بچێت، عەزیز بەگیش زۆر ئازایانە و لەخۆبووردوانە بەردەوام بووە لە خۆڕاگری و بەرگری كردن و هێرش و پەلامارەكانی نەوەستاندوە، بەڵام ئەوەی دیسان جێگای داخ و هەڵوەستە لەسەر كردنە لەو كاتەدا(محەمەد بەگ)ی كوڕی(خالید پاشای دووەم)لەگەڵ هەر یەكە لە(عەبدوڵڵا بەگ، ئەورەحمان بەگ و حسێن بەگ)ی كوڕەكانی دا ماوەی(40)رۆژ بە(300)سوارەی تایبەتی خۆیەوە لە سەنگەری توركەكان دا دژی عەزیز بەگی ئامۆزای لە شەڕدا بووە!
شپرزە و پەرێشان بوون
لەو كاتەدا لە سەر داوا و بە پیلانی ئیسماعیل پاشا، چەند سەربازێكی بابانی سەر بە توركەكان، بە ناوی سەربازە وەفادارەكانی ئەحمەد پاشا و بە مەبەستی دەست گیركردنی خۆی و سوارەكانی، نامەیەكیان بۆ عەزیز بەگ ناردوە و ئامادەییان دەربڕیووە كە خۆیان بە دەستەوە دەدەن و داوای بەهاناوەچوونیان كردووە، عەزیز بەگیش بە بێ‌ هیچ دوو دڵییەك لەگەڵ سوارەكانی دا بە شێوەیەكی نهێنی لە كۆڵانە تەنگەبەرەكانەوە هاتووەتە ناو سلێمانی، بەڵام لە ناكاو و بە شێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو سەربازە توركەكان لێیان هاتوونەتە پێش و روو بە روویان بوونەتەوە، پاشان بە فەرمانی ئیسماعیل پاشا لە سەر قشڵەی سەراوە تۆپ بارانێكی چڕی عەزیز بەگ و پیاوەكانی كراوە. لە ئەنجام دا، شەڕێكی سەخت روویداوە و سوارە بابانییەكان بە هۆی ئەو بەرگرییەی توركەكانەوە زەرەر و زیانێكی زۆریان پێ‌ گەیشتووە و بە شێوەیەكی خراپ شپرزە و پەرێشان بوون.
عوسمانی بەگە بابانییەكانیان دوورخستووەتەوە
دوای ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە سەربازە بابانییەكان كوژراون كە دیارترینیان فەرمانڕەوای سوور داش بووە، هەروەها محەمەد ئەمین بەگیش بریندار بووە، هەر چەندە توانیوویەتی بە ئەستەم خۆی دەرباز بكات، بەڵام لەبەر سەختی برینەكەی دوای(3)رۆژ لە گوندی(قربێلك) گیانی سپاردوە. جگە لەوە، ژمارەیەكی زۆر كە لە ناویان دا قادر بەگ و حەسەن بەگی كوڕەكانی سلێمان پاشا و(سلێمان بەگی هەڵەبجەیی و هەمزە بەگی مەسرەف)ی باپیرەی (حاجی تۆفیق1867-1950ز)ی پیرەمێرد كە لەو كاتەدا بریندار بووە بە دیل گیراون، دوای ئەوەی لە ناو حەوشەی ماڵی (كاك ئەحمەدی شێخ1793-1887ز)دا دەست بەسەر كراون، پاشان لە سەر داوای (عەبدولمەجیدی یەكەم1839-1861ز)ی سوڵتانی ئەو كاتەی عوسمانی بەگە بابانییەكانیان دوورخستووەتەوە بۆ ئەستەمبوڵ و رێگەیان نەداوە هیچ یەكێكیان لە كوردستان و بە تایبەت لە سلێمانی دا بمێنێتەوە، لەبەر ئەوەی بەردەوام ترسیان لە دووبارە سەرهەڵدانەوە و دامەزراندنەوەی میرنشینەكە هەبووە، بەو شێوەیە و دوای(51)رۆژ كۆتایی بە روو بە رووبوونەوە و یاخی بوونەكەیان هاتووە.
فەرمان بە والی كرماشان بكەن
هەر چەندە عەزیز بەگ لەگەڵ ژمارەیەكی كەم لە سوارەكانی دا دەربازی بووە و ماوەیەكی زۆر لە ناوچە سنوورییەكان دا خۆی حەشارداوە، بەڵام دواتر حكومەتی عوسمانی لەسەر ئاستی باڵا داوای لە كاربەدەستانی قاجاری كردوە فەرمان بە والی كرماشان بكەن بۆ ئەوەی عەزیز بەگ و هاوكارە یاخی بووەكانی لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان دەربكات. دوای ئەوەی عەزیز بەگ لە هیچ لایەكەوە هیوا و هاوكار و پشتیوانییەكی نەماوە، ناچار ئەویش رێگای(ئەستەمبوڵ)ی گرتووەتە بەر و خۆی رادەستی كاربەدەستانی عوسمانی كردوە، ئەوانیش لە یەكێك لە ناوچەكانی ژێر چاودێری خۆیان دا بە دەست بەسەری نیشتەجێیان كردوە و بۆ بژێوی ژیانیشی مووچەیەكی مانگانەیان بۆ بڕیووەتەوە.
جێگای ئاماژەیە، لەو كاتەدا(ئەورەحمان بەگی سالم1805-1869ز)بە مەبەستی بەرز و پیرۆزراگرتنی ئەو هەوڵە نیشتمانپەروەر و جوامێرانەی عەزیز بەگ، چامەیەكی دوور و درێژی لە(101)دێڕدا هۆنیووەتەوە كە ئەوەی خوارەوە نموونەیەكە؛
رزم عزیز بیگ بابان با اسماعیل پاشای رومی
لێم گەڕێن با گۆشەگیر بم، دەستە و ئەژنۆ، كەفزەنان
گێژەڵووكەی بای نەدامەت تاری كرد سەفحەی جیهان
شارەزوور بەحر و سلێمانی لە سەر ئاو، گەمیە رەنگ
بۆ شكستی وەك نەهەنگ بوو، فیتنەیی ئاخر زەمان
كێ‌ دوعای كردبێ‌ بە سۆز ئەمساڵ لە كشتی شەهرەزوور
دا ببارێنێ‌ لە تەنخوای تەرزە رۆمی، ئاسمان؟!
راستە گەردوون چابوكە بۆ رەنگی بەد ریتن، وەلێ‌
نا رژێنێ‌ رەنگی بەم رەنگە بە موددەی سەد قیران
بەزمی سەیدی ئێمە سەییادی فەلەك كارێكی كرد
رەنگە باڵای تیر قەددان بێتە تەركیبی كەمان
زیعفی تالیع جازیبە، وەك كەهڕوبا، بۆ خوێن و دەم
سەیری چیهرەی بەختی من كەن، بوو بە رەنگی زەعفەران
نەو بەهاری من خەزان و فێنكیی سوبحم تەمووز
پەرتەوی ماهە غەم و چاكی دەروونم وەك كەتان
ئاگری نەگبەت لە خەرمەنهایی تالیع كەوتووە
شەمعی دەوڵەت هەر تەرەف دەگڕا، هەموو خامۆش كران
حەلقە دەین یاران! بڵا، ئاشوفتە بەخت و تیرەرۆژ
رۆژگار دونیای لە ئێمە كردە گێسووی دڵبەران!
هەوری بەد بەختی كە هاتە رووی فەلەك، وەك رەنگی قیر
كەوكەبەی ماهی مورادی ئەهلی بابان بوو نیهان.
پەراوێز و سەرچاوەكان؛
*ئەو بابەتە، بەشێكە لە كتێبێكی قەبارە مامناوەندی نووسەر بە ناوی(ئەحمەد پاشای دووەم1828-1838ز)ی بابان كە لە ئایندەیەكی نزیك دا دەكەوێتە بەر دیدەی خوێنەران.
1-سلێمانی شارە گەشاوەكەم: جەمال بابان، چاپی دووەم، بەرگی چوارەم، چاپخانەی ئاراس، هەولێر2012
2-بەدەم رێگاوە گوڵچنین، مێژووی سیاسی، میرایەتی بابان لە نێوان بەرداشی رۆم و عەجەم دا: نەوشیروان مستەفا ئەمین، كتێبی سێیەم، بەرگی یەكەم، لوبنان2013
3-رەوشی كوردان، مێژووی كوردستان ئەردەڵان-بابان: عەبدولقادر رۆستەم بابانی، و: كەریم حیسامی، چاپی یەكەم، تاران ساڵی(1393)هەتاوی
4-دیوانی سالم(عەبدوڕڕەحمان بەگی ساحێبقڕان): ساغكردنەوە و لێكدانەوە، مەلا عەبدولكەریمی مودەرریس، فاتیح عەبدولكەریم و محەمەدی مەلا كەریم، ئامادەكردن: سدیق ساڵح، بەرگی یەكەم، بنكەی ژین2015

About زريان احمد

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …