Home / بەشی مێژووی كورد / وردەکاری پیلانێکی ئەڵمانیا بە هاوکاری ڕەمزی نافع بۆ ئەنجامدانی ڕاپەڕین دژی ئینگلیزەکان لە کوردستان

وردەکاری پیلانێکی ئەڵمانیا بە هاوکاری ڕەمزی نافع بۆ ئەنجامدانی ڕاپەڕین دژی ئینگلیزەکان لە کوردستان

وردەکاری پیلانێکی ئەڵمانیا بە هاوکاری ڕەمزی نافع بۆ ئەنجامدانی ڕاپەڕین دژی ئینگلیزەکان لە کوردستان

1486887313060

 

ڕەمزی نافع کە یەکێک بووە لە به‌هێزترین پیاوەکانى شارى هه‌ولێر دژ به‌ ئینگلیزەکان، ساڵى ١٩٤٠ دەزگای هەواڵگری ئەڵمانیا بەپلانێک دەیبەنە ئەو وڵاتە و ئەویش قایل دەبێت هاوشانی ئەڵمانەکان کاربکات بۆ ئەنجامدانی ڕاپەرێنێک لە کوردستان دژ بە ئینگلیزەکان.

ساڵی ١٩٤٢ بەهۆی فراوانی بەرەی شەڕەکانییەوە ئه‌ڵمانیا پێویستیەکی زۆری به‌ وزه‌ هەبوو، بۆیە ئاراستەی هێرشەکانی لە یەکێتی سۆڤیەتی ئەوکاتەدا، به‌ره‌و شارەکانی مایکۆب و گرۆزنێ و باکۆ گۆڕی تاوەکو ده‌ست به‌سه‌ر بیره‌ نه‌وته‌کانی ئەو ناوچانەدا بگرێت. له‌ باکوری ئه‌فریقاش ڕۆملی فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا گەیشتبووە سنووری میسر، لەنێوان ئەم دوو جوگرافیایەشدا، کوردستان هەبوو.

لەو سەردەمەدا، گۆتفرید یۆهانس میوله‌ر پڕۆژه‌یەکی دایە دەزگای هەواڵگریی ئه‌ڵمانی دەربارەی ناردنی چه‌ند که‌سێک بۆ کوردستان تاوەکو کورد هانبده‌ن دژی ئینگلیز ڕاپه‌ڕین بکات بەوەش خۆیان ده‌ست بەسەر بیره‌نەوته‌کانی کەرکوک وموسڵدا بگرن.

میوله‌ر لە ساڵی ١٩٣٦ دا سه‌ردانی کوردستانی کردبوو، شێخ مەحمود و ئاغاکانی پشدەری ناسیبوو، کە لەگەڵ شیخ له‌تیفی کوڕی شێخ مەحمود دا سه‌ردانی کردبوون، وایانکرد وه‌ک شاره‌زایەک له‌کاروباری کورد دا خۆی بە دەزگای هەواڵگریی ئه‌ڵمانی بناسێنێت.

ئۆپراسیۆنەکەی میوله‌ر به‌ناوی شێخ مه‌حمودەوە بوو، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئاشکرا نه‌بێت، چه‌ند پیتێکیان لە ناوەکە لادا و لە مەحمود  mahmut ەوە کردیانە mamumut ماموت.

بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی ئۆپراسیۆنەکە پێویستبوو کوردێکیان له‌گه‌ڵدا بێت بۆیه‌ ‌گه‌ران بەدوای کەسێکی گونجاودا، کەبتوانێت هاوکاریان بکات. ئەوەبوو گه‌نجێکێان دۆزیه‌وه‌ بەناوی ڕەمزی نافع ڕەشید ئاغا، که‌ کاپتن های له‌ کتێبی دووساڵ له‌ کوردستان دا وه‌ک به‌هێزترین پیاوی هه‌ولێری دژ به‌ ئینگلیز باسی ده‌کات. ئه‌ندامانی تری ئۆپراسیۆنەکەش بریتی بوون لە جۆرج کۆنیچنی و کەسێک بەناوی هۆفمان که‌ ته‌نها له‌به‌ر فارسی زانین به‌شداری دەکەن.

ڕەمزی نافع ئه‌ندامی حزبی هیوا بوو پێشتر و لە ساڵەکانی ١٩٣٩-١٩٤٠ دا له‌زانکۆی ئه‌مەریکی له ‌بیروت خوێندبووی دواتر ‌گه‌ڕابوەوە‌ هه‌ولێر دەیویست بچێتە ‌تورکیا و له ‌رۆبه‌رت کۆلێج درێژە بە خوێندن بدات. بەڵام دەزگای هەواڵگری ئەڵمانیا ئەو هەلەی قۆستەوە و لەڕێگەی یەکێک لە جاسوسەکانییەوە پێیانوت کە دەتوانێت لە ئەڵمانیا بخوێنێت و ئەویش بێئاگا لەنیازی ئەوان بەبیرۆکەکە ڕازی دەبێت و ڕوو لەو وڵاتەدەکات.

له‌وێ ئەڵمانەکان لە مەبەست و پیلانەکەیان ئاگاداریدەکەنەوە و میوله‌ر پێی ده‌ڵێت کە بەڵێنی لە خودی ‌هیتله‌ر وه‌رگرتووه‌ بۆ دامەزراندنی ‌ده‌وڵه‌تی کوردی، بەوەش ڕەمزی نافع قایل دەبێت و پێکەوە بۆ ماوەی شەش مانگ دەکەونە مەشق و ئامادەکاری بۆ پرۆسەکە. له‌وماوەیەدا جلی کوردی بۆخۆیان ده‌دوورن و ئاڵایەکی کوردستانیش دروست ده‌که‌ن کە هاوشێوەی ئه‌م ئاڵایه‌ی ئێستا بووه و پێش ڕۆژێک لە بەڕێکەوتنیان لەسەر باڵەخانەی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌لمانیدا به‌رزی ده‌که‌نه‌‌وه‌.

پاش تەواوکردنی ئامادەکاریەکان بە فڕۆکە دەچنە ئۆکرانیا و شەوێک لە دوورگەى قرم دەمێننەوە دواتر بەڕێدەکەون بەرەو کوردستان و له‌ ١٧ حوزەیرانی ١٩٤٣ دەگەنە ئاسمانی کوردستان، بەڵام لە هەڵبژاردنی شوێنی خۆفڕێداندا دەکەونە هەڵەیەکی گەورەوە، چونکە لەبری ئەوەی له‌ناوچه‌ی پشده‌ر بەپەرەشووت خۆیان هه‌ڵده‌ن، له ‌نزیک تلکێف لە موسڵ خۆیان هه‌ڵده‌ده‌ن کە نزیکەی ٢٠٠ کلم له‌ ئامانجەکەیان دوورە. بۆیە ناچار ئەو سندوقانەی کە پارە و چەک و پێداویستیی ئۆپراسیۆنەکەیان تێدا دەبێت، بەجێی دەهێڵن و بەرەو هەولێر بەڕێدەکەون.

دۆزینەوەی ئەو کەرەستانە لەلایەن ئینگلیزەکانەوە، ئۆپراسیۆنەکەیان ئاشکرا دەکات، بۆیە کاتێک دەگەنە هه‌ولێر دەبینن کە سەرجەم پۆلیس و سوپای ئینگلیز به‌دوایاندا‌ ده‌گه‌رێت، ئەوەش وادەکات کە ماڵی ڕەمزی نەتوانن داڵده‌یان بده‌ن، بۆیە لەئەشکەوتێکی نزیک گوندەکەی ماڵی خاڵی ڕەمزی خۆیان حه‌شار ده‌ده‌ن و دوایی له‌گه‌ل قاچاغچیەک رێکده‌که‌ون که ‌بیانبات بۆ تورکیا، به‌ڵام قاچاخچیەکە له‌ ٢٩ حوزەیرانی ١٩٤٣دا ڕادەستی ئینگلیزەکانیان دەکات، چونکە ئەو پاره‌یەی کە ئینگلیزەکان وەک پاداشت بۆ ئاشکراکردنیان داینابوو، زۆرتر بوو لەوەی کە ئەمان بۆ پەڕاندنەوەیان پێیان دەدا.

پاش دەستگیرکردنیان، بردران بۆ هه‌ولێر دواتر بۆ موسڵ و پاشانیش بۆ میسر. ڕەمزی نافع رەشید ئاغا  سەرەتا سزای لە سێدارەدانی بۆ دەردەکرێت و دواتر کەمدەکرێتەوە بۆ هەتاهەتایی، بەڵام ساڵی ١٩٤٦ بەهۆی نەخۆشی دەروونییەوە ئازادکرا و ساڵی ١٩٤٩ لەتەمەنی ٣٢ ساڵیدا کۆچی دواییکرد. پاش کۆتاییهاتنی جەنگیش، هەریەکە لە میولەر و هۆفمان و کۆنێچی ئازادکران.ساڵی ١٩٩٢ میولەر سەردانی کوردستانی کرد و چاوی بە بنەماڵەکەی ڕەمزی نافع کەوت.

نوسەرى کورد مەسعود محەمەد لەیادی ڕەمزی نافع دا دەڵێت “ڕەمزی ڕۆڵەی بە شەرەفی کورد و ھەولێر بە ھەموو ماناوە شاگوڵێک بوویت لە باغی کوردایەتیدا، بەر لە پشکوتن ھەڵوەریت”.

هەروەها لێکۆڵەرى میژووى کورد د.فرسەت ڕۆژبەیانیش لەوەسفی ڕەمزیدا دەڵێت. “ڕەمزی سەربازی وونی کوردایەتی بوو.. ئەو خۆی کرد بە قوربانی ئاڵای کوردستان”.
م.ر

About زريان احمد

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …