Home / بەشی مێژووی كورد / سه‌ره‌قه‌ڵه‌م له‌سه‌ر ״رووناكبیران״ له‌ داستانی كوردایه‌تیدا ‌

سه‌ره‌قه‌ڵه‌م له‌سه‌ر ״رووناكبیران״ له‌ داستانی كوردایه‌تیدا ‌

سه‌ره‌قه‌ڵه‌م له‌سه‌ر ״رووناكبیران״ له‌ داستانی كوردایه‌تیدا ‌

1486888386553

 

ستران عه‌بدوڵلا‌ ‌

جارێكیان ئیسماعیل بێشكچی نووسی كه‌ بۆ شرۆڤه‌كردنی جه‌وهه‌ری ململانێی ناو كۆمه‌ڵگه‌كان هه‌ر شرۆڤه‌ی چینایه‌تی به‌س نییه‌، یانی هه‌ر ئه‌وه‌ به‌س نییه‌ ململانێی چینایه‌تی بكه‌ینه‌ بنچینه‌ی هه‌موو ململانێ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان. ململانێی نه‌ته‌وه‌یی‌و نیشتمانیی‌و نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌كانی خه‌باتی رزگاری نیشتمانیی ده‌كه‌ن، ئه‌ویش گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ جوڵانه‌وه‌ی مێژوو بگه‌ین‌و نهێنی پاشه‌كشێ‌و به‌ره‌وپێشچوونه‌كانی بزانین، ئه‌سڵه‌ن گوته‌زای ڕه‌چاوكردنی ململانێی نه‌ته‌وه‌یی له‌پاڵ ئه‌نگێزه‌ی ئابووری له‌ ململانێی چینایه‌تیدا گه‌وره‌ترین گوته‌زای بێشكچییه‌‌و به‌ وه‌رگرتنی ئه‌وگوته‌زایه‌ وه‌ك بنه‌مای شرۆڤه‌كاری كۆمه‌ڵی كوردستان، له‌ ناوجه‌رگه‌ی ململانێكانی توركیادا، بێشكچی خۆی له‌ مه‌كته‌بی چه‌پی باوی توركی‌و شرۆڤه‌ كه‌مالیستییه‌كان جیا كرده‌وه‌، ده‌شێ له‌م دووانه‌ی ململانێی چینایه‌تی‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ لق‌وپۆپی تریش بۆ شرۆڤه‌كردن بكه‌ینه‌وه‌. یه‌ك له‌وانه‌ رۆڵی خوێنده‌وار‌و رووناكبیرانه‌ له‌ پێچا‌وپێچه‌كانی ناو بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستاندا.
(2)
نزیكه‌ی سه‌د ساڵی ته‌مه‌نی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان پره‌ له‌ چیرۆك یان گرته‌ی درامیی رۆڵگێران‌و پاشه‌كشێ، پێشكه‌وتن‌و ته‌مبێكردنی رووناكبیران كه‌ خزمه‌ته‌كانیان له‌ بره‌وپێدانی ئه‌ندێشه‌ی كوردایه‌تی له‌ نووسینه‌وه‌ تا گیانبازی مه‌علومی گشت عاله‌مه‌. رووناكبیران پرۆلیتاریای زوڵملێكراوی ناو تۆبۆگرافیا پێچاوپێچه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستانن. جا ئه‌گه‌ر له‌ بیرمان بێت له‌ناو دیمه‌نی چوون یه‌كی ئه‌دگاری پێكهاته‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ داگیركه‌ر‌و داگیركراو. زاڵم‌و مه‌زڵوومییه‌وه‌ «كورد‌و كوردستان» به‌ پله‌ی یه‌كه‌م خۆیان به‌ ناسیۆنالیزمی كه‌لتووری له‌ پێكهاته‌كانی تر، له‌ نه‌ته‌وه‌‌و گروپه‌كانی تر، جیا كردۆته‌وه‌، تێده‌گه‌ین رووناكبیران چی دینگه‌یه‌كی سه‌ره‌كین له‌ دینگه‌كانی ماڵی كوردایه‌تیدا.
(3)
به‌و حاڵه‌شه‌وه‌ نه‌ ده‌سكه‌وته‌كانیان له‌ كێكی ته‌واو نه‌برژاوی كوردایه‌تی وه‌ك زه‌حمه‌تی كابانییانه‌‌و نه‌ رۆڵیشیان له‌ بڕیار‌و ئاراسته‌كردنی كوردایه‌تیدا چوون قوربانیه‌كانیانه‌ له‌ وه‌رچه‌رخان‌و دووڕیانه‌كاندا. ڕه‌نگه‌ به‌شێكی هۆكاری ئه‌م ده‌ركه‌وته‌ بۆ كه‌م حه‌وسه‌ڵه‌یی، هه‌ندێك بۆ سروشتی (توێژ) بوونی رووناكبیران، نه‌ك (چین) بوونیان، هه‌ندێكیشی بۆ په‌رتبوونی ریزه‌كانیان بگه‌ڕێته‌وه‌. به‌ جۆرێك ئه‌م «پرۆلیتاریایانه‌» بێ به‌ری نین له‌ دیارده‌ی لۆمپه‌ن پرۆلیتاریا، یانی ئه‌وانه‌ی (كه‌چه‌) پرۆلیتاریان‌و خیانه‌ت له‌ ئه‌هلی پیشه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن. وه‌ك ئێستا ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌ زه‌قی ده‌بینین له‌ دۆسێی رووناكبیرانی ناو كوردایه‌تیدا. ئه‌وه‌ قه‌ڵه‌م به‌ده‌ست ‌و»قه‌ڵه‌م كێشه‌كانن» پێش «شێخ‌و ئاغا‌و ده‌وڵه‌ت» په‌لاماری رووناكبیران ده‌ده‌ن. وه‌ختێك رووناكبیران به‌و هه‌موو ئه‌ندێشه‌ پڕه‌یانه‌وه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ی مێژوو ‌و هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ ئاراسته‌كه‌ی، ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕن‌و (نا)یه‌كی بچووك، یان گه‌وره‌، له‌به‌رده‌م رێگای هات‌و نه‌هاتی كوردایه‌تی به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌م لۆمپه‌ن پرۆلیتاریایانه‌، پێش كه‌سانی تر، ئاماده‌ی تیرهاوێژتنن.
 خانی له‌م ئاسته‌دا بوو كه‌ له‌ مه‌م‌و زیندا ره‌خنه‌ له‌ ((ئومه‌را)) ده‌گرێت‌و «شوعه‌راو فوقه‌را» بێ به‌ری ده‌كات له‌ شكستی ده‌وڵه‌ت دروستكردن‌و ده‌وڵه‌تمه‌داریدا.ئه‌مما «قه‌ڵه‌م وه‌شێن» ه‌كانی ئه‌مڕۆ پێش «ئومه‌را»، یان ره‌نگه‌ به‌دنه‌دانی ئه‌وانیش، په‌لاماری رووناكبیران‌و قسه‌ی حیسابییان له‌ به‌سه‌رهاته‌كانی كوردایه‌تیدا ده‌ده‌ن. سه‌یری كورته‌ چیرۆكی شه‌هاده‌تی «جه‌مال عیرفان»، پاشه‌كشێی خه‌مناكی ره‌فیق حیلمی، په‌راوێزكه‌وتنی شێخ نوری شێخ ساڵح بكه‌ن، سه‌یری رۆمانی دوور‌ودرێژی برایم ئه‌حمه‌د له‌ ململانێكانی ناو كوردایه‌تی بكه‌ن كه‌ چه‌ند لۆمپه‌ن پرۆلیتاریا بوونه‌ته‌ مه‌قاشی ده‌ستی سه‌ردار‌و ئه‌كته‌ره‌كانی ناو بزووتنه‌وه‌كه‌مان‌و له‌ جیاتی ئه‌وان شه‌ڕی به‌وه‌كاله‌تی ده‌كه‌ن تا ئه‌م ڕاستیه‌مان بۆ چه‌ند پاته‌ ببێته‌وه‌.
(4)
بێگومان بانگه‌وازی ئێره‌ بۆ پایه‌داركردنی رۆڵی رووناكبیران بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ ره‌خنه‌لێگرتنیان قه‌ده‌غه‌ بكرێت. بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ له‌ناو ریزبه‌ندی ‌و هه‌ره‌مبه‌ندی چین‌و توێژه‌كانی ناو كورده‌واری‌و نوێنه‌ره‌كانیان له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تیدا «پیرۆز» بكرێن ‌و له‌سه‌روی هه‌مووانه‌ بن. به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م سه‌خاوه‌ته‌ زۆره‌ی له‌ په‌لاماردانی رووناكبیراندا سه‌رف ده‌كرێت جورعه‌یه‌كی بۆ ره‌خنه‌گرتن له‌وانی تریش گلبدرێته‌وه‌. ئایا ئه‌مه‌ كراوه‌؟ ئایا ره‌وایه‌ كه‌ شكسته‌ گه‌وره‌كانی سه‌رداره‌كان نادیده‌ بگیرێت‌و یه‌كسان بكرێ به‌ لادانی كاتی، بۆ پێداچوونه‌وه‌، ڕاوه‌ستان بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌وی كراوه‌ له‌ كاتی رابردوودا، كه‌ ئه‌مه‌ ئه‌ركی رووناكبیرانه‌ له‌ هه‌موو زه‌مان‌و زه‌مینێكدا؟
(5)
ره‌نگه‌ به‌شێكی په‌رته‌وازیی رووناكبیران له‌ناو كوردایه‌تیدا بۆ ئه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان به‌شی هه‌موو چین‌و توێژه‌كانیان داوه‌ ‌و له‌ناو هه‌موویاندا هه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وایه‌ بۆچی وه‌ك ته‌نێكی غه‌ریب مامه‌ڵه‌ ده‌كرێن؟ ته‌نانه‌ت كه‌ له‌ پله‌ی سه‌ركرده‌‌و رابه‌ریشدا بن هێشتا هه‌ر ئامانجی په‌لاماردانن»مام جه‌لال»، قاسملوو، ئۆجه‌لان، هتد..) له‌كاتێكدا ئه‌م كاره‌كته‌ره‌ گه‌ورانه‌ی مێژووی كوردایه‌تی جگه‌ له‌وه‌ی رووناكبیر»ن، له‌ كایه‌ی لێهاتوویی سیاسیی‌و فه‌رمانداریدا قاره‌مانی مه‌یدانی خۆیاشیانن.
(6)
بۆ ده‌بێ رووناكبیره‌كان كه‌ ئه‌ده‌بیاتی كوردایه‌تیان به‌ ئه‌ندێشه‌‌و به‌هره‌ی خۆیان ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه‌ وه‌ك ته‌نێكی نامۆ ساتوسه‌ودایان، پێ بكرێ‌و له‌گه‌ڵ بكرێ؟ له‌كاتێكدا رووناكبیران زیاتر له‌وانی تر له‌ ململانێی هه‌ناوی كوردایه‌تیدا بنه‌ماكانی یارییه‌كه‌ ڕه‌چاو ده‌كه‌ن كه‌ كه‌مجار ئه‌مه‌مان له‌ كاره‌كته‌ره‌كانی تر بینیووه‌. لادان‌و په‌لاماردان‌و پێشێلكاری یاسای یارییه‌كه‌ پیشه‌ی رووناكبیران نه‌بووه‌، به‌ڵكو ئه‌وانیتر به‌و ئاراسته‌یه‌ ده‌سكه‌وت‌و هێزی ناڕه‌وایان كه‌ڵه‌كه‌ كردووه‌‌و به‌ خۆسه‌پاندن، نه‌ك خۆچه‌سپاندن‌و قه‌ناعه‌ت پێهێنان، واقیعی ناڕه‌وایان خوڵقاندووه‌. ئه‌مه‌ پرسیارێكی مۆراڵییه‌ له‌ باسی داستانی رووناكبیرانه‌وه‌ هاتووه‌، ئه‌مما پرسیارێكه‌ رووی له‌ هه‌موو كورده‌واری‌و پێكهاته‌كانی كوردایه‌تیشه‌.
والله‌ من ورا‌ء القصد.
کوردستانی نوێ
لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About زريان احمد

Check Also

kurdish-soldiers

کورته‌یه‌ک له مێژووی هۆزی “مامۆیی”

فەرەیدون پەروازە شوێن و هه‌ڵکه‌‌وته‌‌ی جوغرافیایی کوردستان له ناوچه‌یه‌کی نیوه ده‌شت و نیوه کوێستانیدا، یه‌کێ …