Home / بەشی مێژووی كورد / سی ئای ئەی پێشنیازی كردبوو نەهێڵن كورد بچێتە كەركووك و موسڵ

سی ئای ئەی پێشنیازی كردبوو نەهێڵن كورد بچێتە كەركووك و موسڵ

ئای ئەی؛ 22 ئەفسەری سوپای عێراق هاوكاریی مەلا مستەفایان كردووە بۆ دروستكردنی سوپایەكی كوردی
ئای ئەی؛ 22 ئەفسەری سوپای عێراق هاوكاریی مەلا مستەفایان كردووە بۆ دروستكردنی سوپایەكی كوردی

لە ژمارەی پێشووی هەفتەنامەی (رووداو)دا ژمارەیەك بەڵگەنامەی دەزگای هەواڵگری ناوەندیی ئەمریكا سەبارەت بە كورد و شۆڕشی كورد و پەیوەندییەكانی سەركردایەتی كورد لەگەڵ سەركردەی وڵاتانی ناوچەكە خرانەڕوو. وا لێرەشدا ژمارەیەك بەڵگەنامەی دیكەی هەمان دەزگا دەخەینە بەر چاوی خوێنەران.

ئەم بەڵگەنامانە بەشێكن لەو 13 ملیۆن لاپەڕە بەڵگەنامەیەی كە دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا لە چوارچێوەی ئاشكراكردنی بەڵگەنامە نهێنییەكانی خۆی بە دیجیتاڵی كردوون. بەشێك لەو بەڵگەنامانە پێشتر لە ئەرشیفی نیشتمانیی ئەمریكادا بەشێوەی كاغەز بەردەست بوون.

بارزانی لەژێر چاودێریدا

بە گوێرەی یەكێك لە بەڵگەنامەكانی ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریكا كە رێكەوتی 11ی تەمووزی 1950ی بەسەرەوەیە، رۆژی 24ی ئایار مەلا مستەفا بارزانی و هەندێك لە لایەنگرانی لە شوێنێكی نەزانراو كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ ژمارەیەكی نەزانراو لە سەركردەكانی كورد سازكردووە”. بە گوێرەی بەڵگەنامەكە كۆبوونەوەكە لە ناوچەیەكی سەر سنووری نێوان ئێران و عێراق بووە.

بەڵگەنامەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە “كۆبوونەوەكە بە مەبەستی باسكردنی ئیمكانی یەكگرتنی كوردی ئێران، توركیا، سووریا و عێراق سازدراوە، بۆ ئەوەی دەوڵەتێكی سەربەخۆ دابمەزرێنن كە رەنگە رەزامەندیی ئەمریكاشی لەگەڵ بێت”. لە بەڵگەنامە نهێنییەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو كە “رۆژی 25ی ئایار سێ كەس (كە ناویان نازانرێت) بە نوێنەرایەتی مەلا مستەفا، شاری باكۆ لە یەكێتیی سۆڤیەتیان جێهێشتووە بۆ ئەوەی لەنێو كوردانی عێراق، توركیا و سووریا پڕوپاگەندە بڵاوبكەنەوە. هەركام لە نوێنەرەكانیش بۆ یەكێك لە وڵاتەكانی سەرەوە نێردراون”.

لە راپۆرتەكەدا كە ناوی سەرچاوەی زانیارییەكان رەشكراوەتەوە، ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە “بەگوێرەی سەرچاوەكەمان مەلا مستەفا ئێستا لە باكۆیە”.

لە راپۆرتێكی دیكەی مانگی تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا هاتووە “حكومەتی عێراق فەرمانی كردووە هۆزەكانی هەركی، سورچی، شێروانی و مزوری لە چیاكان بێنە خوارەوە و لە ناوچەكانی نزیك دیانا، واتە سێ میل لە باكووری رواندز، نیشتەجێ ببن”. بەگوێرەی راپۆرتەكە، ئامانجی حكومەتی عێراق لەم فەرمانە ئەوە بووە حكومەت بتوانێت سیخوڕییان بەسەرەوە بكات و مەلا مستەفا بارزانی بە ئاسانی نەتوانێت پەیوەندی بە سەركردەی ئەو هۆزانەوە بكات”.

دامەزراندنی سوپایەكی كوردی لە ئەرمینیا

لەناو بەڵگەنامەكاندا راپۆرتێكی نهێنی بەرچاو دەكەوێت كە كەمتر لە مانگێك پێش راپۆرتەكەی پێشوو نێردراوە. راپۆرتەكە، كە لە 20ی تشرینی یەكەمی 1950 نێردراوە، دەڵێت “مستەفا بارزانی خەریكی رێكخستنی سوپایەكی كوردییە لە ئەرمینیا” و ستافی ئەفسەرەكانی لە 22 ئەفسەری پێشووی سوپای عێراق و ژمارەیەك راوێژكاری سۆڤیەتی پێكدێن.

لە بەڵگەنامەكەدا ناوی ژمارەیەك لە فەرماندەكانی ئەو سوپایەش هاتووە، لەوانەش: رائید عەزیز محەممەد كە بەگوێرەی بەڵگەنامەكە، راوێژكاری سەرەكیی مستەفا بارزانی و پێشتریش لە هێزی سەربازیی عێراق بووە لە مووسڵ”. كاپتن عەباس حەمید، بەپێی راپۆرتەكە لە بارەگای سوپای عێراق بووە لە سلێمانی. رائید سەدیق بەكر، بەگوێرەی بەڵگەنامەكە، پێشتر لە بارەگای سوپای عێراق بووە لە سلێمانی”. مولازم داود رەئیس مەحمود. مولازم سەعید هەژار. مولازم جەعفەر فەخری دەندوك.

سەبارەت بە پێشینەی سەربازی یان شوێنی كاركردنی سێ كەسی كۆتایی لیستەكە هیچ زانیارییەك نەدراوە. لە بەشێكی دیكەی بەڵگەنامەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە “یەكێتیی سۆڤیەت بەمدواییە بڕێكی نەزانراو چەك و تەقەمەنی بە بارزانییەكان لە ناوچەی … لە عێراق داوە (ناوی ناوچەكە لە بەڵگەنامەكەدا ناخوێندرێتەوە).

بەڵگەنامەكەی دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا ئەوەش دەخاتەڕوو كە “مەلا مستەفا رائید بەكر شوكری ناردووە بۆ ناوچەی بارزان بۆ ئەوەی سەرهەڵدانێك لە دژی حكومەتی عێراق رێكبخات”. راپۆرتەكە ئاشكرای دەكات “هەتا 20ی ئەیلولی 1950 سوپای عێراق بەدوای رائید بەكر شوكریدا گەڕاوە، بۆ ئەوەی دەستگیری بكەن”.

لە بەڵگەنامەیەكیشدا كە رێكەوتی 5/7/1951ی لەسەرە، ئاماژە بە دروستكردنی هێزی كۆماندۆی كوردی و ئەرمەنی دەكرێت. شوێنی رێكخستن و مەشقی هێزە كوردییەكە لە نزیك چیای ئاگرییە و كەمپی هێزە ئەرمەنییەكانیش لە یەریڤانە (پایتەختی ئەرمینیا).|

بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامەیە “بنكەی هێزە كوردییەكە لەلایەن مولازم ئەلێكساندەر سادیەڤ (یان سادزابایەڤ) سەركردایەتی دەكرێت كە پەیوەندییەكی نزیكی لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی و فەرماندەكانی لە باكۆ هەیە”. بەڵگەنامەكە ئاماژە بەوەش دەكات “ژمارەیەك فەرمانی نهێنی بۆ وەرگرتنی چەكدار و گواستنەوەیان بۆ ناوچە كوردی و ئەرمەنییەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رەوانە كراوە”.

یەكێتیی سۆڤیەت و دەوڵەتی كوردی

راپۆرتێكی تێروتەسەلی دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا، كە رێكەوتنی 5/9/1950ی لەسەرە، پشتڕاستی دەكاتەوە چالاكییەكانی هێزە “ناسیۆنالیستەكانی كورد” لەلایەن یەكێتیی سۆڤیەتەوە پشتگیری دەكرێت. بەگوێرەی راپۆرتەكە “پشتگیری و هاندانی رووسەكان بۆ ئەمجۆرە چالاكییانە لە سێ مانگی رابردوودا زیاتر بوون”. راپۆرتەكە ئاماژە بەوەش دەكات كە یەكێتیی سۆڤیەت “كوردەكان هاندەدات دەوڵەتی سەربەخۆ دابمەزرێنن”.

چوونی مەلا مستەفا بۆ بەیرووت

لە بەشێكی دیكەی ئەو بەڵگەنامەیەدا هاتووە “بەپێی راپۆرتەكان، مستەفا بارزانی بۆ راوێژكردن چووە بۆ مۆسكۆ و دواتریش چووە بۆ بەیرووت، لەوێش پەیوەندی بە ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی كوردی سوپای سووریاوە كردووە”. بەگوێرەی بەڵگەنامەكە “ژمارەیەك كوردی ئێرانیش سەردانی بەیرووتیان كردووە و لەوێ لەگەڵ بەرپرسانی رووسی كۆبوونەتەوە. جیا لەمە، دەگوترێت كوردەكانی دیمەشق خەریكی كۆكردنەوەی خۆبەخشن بۆ پێكهێنانی هێزێكی پارتیزانی كە بكرێت لە شەڕ بۆ كوردستانی سەربەخۆ كەڵكیان لێوەربگیرێت، كوردە كۆمۆنیستەكانیش خەریكی كڕینی چەكن لە عێراق”.

راپۆرتەكەی دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا پشت بە هەواڵ و راپۆرتەكانی رادیۆی دیموكراتیكی كۆماری ئازەربایجان دەبەستێت كە لە راپۆرتەكانیدا دەڵێت “هێزە پارتیزانییە كوردییەكان پێكهێنراون، ئەمەش وەكوو بەشێك لە شۆڕشی چەكداریی نەتەوەی كورد”. لە یەكێكی دیكە لە راپۆرتەكانی ئەو رادیۆیەدا باس لەوەش كراوە كە “بیرۆكەی كوردستانی سەربەخۆ بیرۆكەیەكە جەختی لەسەر كراوەتەوە و ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاگادار كراونەتەوە كە خۆیان بۆ هەڵمەتێكی سەربازی لە دژی ئیمپرالیستەكان ئامادە بكەن”.

لەو بەڵگەنامە 11 لاپەڕەییەدا هاتووە كە “هێزە كوردییەكان لە نەخچەڤان، لە نزیك سنووری نێوان سۆڤیەت، ئێران و توركیا مەشقیان پێدەكرێت. وەكوو دیارە ئەو هێزانە بێ هیچ كێشەیەك چاویان بە هۆزە كوردییەكانی ئێران، عێراق و سووریا دەكەوێت”.

سەبارەت بە حزووری بارزانی لە یەكێتیی سۆڤیەت لە بەڵگەنامەكەدا هاتووە “حزووری مەلا مستەفا و 500 بۆ 700 كوردی بارزانیی دیكە رێگەی بۆ كۆمەڵێك راپۆرت خۆشكردووە كە تێیاندا باس لەوە دەكرێت بارزانی بە پاڵپشتی و هاریكاری سۆڤیەت خەریكە هێز لە ئێران و عێراق بجووڵێنێ”.

كۆماری كوردستان لە مەهاباد

لە سێ بەڵگەنامەدا باسی جموجۆڵەكانی رووسیا لە سنووری باكووری رۆژئاوای ئێران دەكرێت. لە یەكێك لە بەڵگەنامەكاندا كە رۆژی 25/7/1946 دەرچووە، باس لەوە دەكرێت “دەنگۆی ئەوە هەیە سۆڤیەتییەكان هێزەكانیان لەسەر سنووری باكووری ئێران چڕكردبێتەوە”. لە بەشێكی دیكەی ئەو بەڵگەنامەیەدا بە پشتبەستن بە زانیارییەكانی حكومەتی ئێران هاتووە “هێزە كوردییەكان سەركەوتووانە لە هەوڵی خۆیان بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچەكانی ئازەربایجان پێشڕەوی دەكەن كە كوردەكان بە كۆماری كوردستانی تازەلەدایكبوو ناوی دەبەن. بە گوێرەی راپۆرتەكان ورەی دیموكراتەكانی ئازەربایجان لە دابەزیندایە. ژەنەراڵێكی گرنگی ئێرانیش بڕوای وایە كە رەنگە سۆڤیەتیەكان ئاراستەی پشتگیرییەكانیان لە دیموكراتەكانی ئازەربایجانەوە بۆ كورد بگۆڕن”.

لە بەڵگەنامەیەكی دیكەدا كە رێكەوتی 20ی ئاداری 1946ی لەسەرە، باس لە هەڵوێستی توركیا بەرامبەر بە جموجۆڵەكانی سوپای سۆڤیەت لە باكووری رۆژئاوای ئێران دەكرێت. لە بەڵگەنامە دوو لاپەڕەییەكەدا هاتووە “باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە مۆسكۆ بڕوای وایە ئەو باس و خواسەی لە میدیای سۆڤیەتدا بڵاوبووەتەوە ئاماژەیە بۆ پڕوپاگەندەیەكی هەمەلایەنە بۆ هەوڵەكانی رووسیا بۆ دروستكردنی كوردستانی ئۆتۆنۆم. بەگوێرەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ئەنقەرەش، بەرپرسانی كاروباری دەرەوەی توركیا پێیانوایە جموجۆڵەكانی ئێستای سوپای رووسیا لە ئێران، لە بنەڕەتدا بۆ پشتگیریكردنی بزووتنەوەیەكی كوردییە لە عێراق، نەك ئەوەی ئامادەكاری بێت بۆ دەستپێكردنی جەنگ لە دژی توركیا”.

كێشەی كورد و ئازەرییەكان

یەكێك لە بەڵگەنامەكانی دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا باس لە ناڕازیبوونی دەسەڵاتدارانی كۆماری مەهاباد لە یەكێتیی سۆڤیەت دەكات. لەو بەڵگەنامەیەدا كە لە مانگی نیسانی 1946 دەرچووە، ئاماژە بەوە كراوە “دەسەڵاتدارانی كۆمار هەست دەكەن رووسیا بێئومێدی كردوون”. بە گوێرەی ئەو دۆكیۆمێنتە “سۆڤیەتیەكان بە سەركردایەتیی كوردیان راگەیاندووە، یەكەم شت نایانەوێت هیچ كێشەیەك لە نێوان كورد و ئازەرییەكاندا رووبدات. دووەم: ئەو ناوچانەی كە دەكەوێتە نێوان ناوچە تەواو كوردییەكان و ناوچە تەواو ئازەرییەكان (واتە ناوچە تێكەڵاو یان كێشە لەسەرەكان) دەبێت بەهاوبەشی بەڕێوەببردرێن”. راپۆرتەكە لەسەر زاری بەرپرسانی كوردەوە ئاشكرای كردووە كە “سۆڤیەتیەكان هەموو شتێكیان بە ئازەربایجان داوە، لەوانەش تانك، چەك و تۆپ، لە كاتێكدا تەنیا تفەنگیان بە ئێمەوە رەوا بینیوە”.

لە هەمان دۆكیۆمێنتدا ئاماژە بە رێككەوتنی نێوان كۆماری كوردستان و ئازەربایجانیش كراوە. بەشێك لە رێككەوتنەكەش بریتییە لەوەی “كورد هاوشێوەی ئازەرییەكان داوای دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری لە چوارچێوەی ئێراندا دەكات”. لە بەشێكی دیكەی رێككەوتنەكەشدا هاتووە “هیچ دانوستاندنێك لە نێوان كورد و حكومەتی ناوەندی ئێراندا پێشنیاز نەكراوە، بەڵام شاندی ئازەرییەكان كە بە نیازی دانوستاندنن لەگەڵ ئەحمەد قەوام، سەرۆكوەزیرانی ئەوكاتی ئێران، بەرەو تاران دەچێت، لە كۆبوونەوەكەدا دانوستاندن بۆ كوردیش دەكات”. بەگوێرەی بەڵگەنامەكەی دەزگای هەواڵگری لە بەشێكی دیكەی رێككەوتنەكەدا هاتووە كە ئەگەر قەوام لەسەر بەڵێنەكانی خۆی لەبارەی دیموكراسی بۆ ئێران جیدی بێت، ئەوە كێشەی كوردیش پێشوەخت بەمە چارەسەر بووە”.

سێیەم بەڵگەنامە لەبارەی كۆماری كوردستان لە مانگی ئابی 1946 دەرچووە، واتە چوار مانگ بەر لە رووخانی كۆماری مەهاباد. لەو بەڵگەنامەیەدا ئاماژە بە گفتوگۆیەكی ئەحمەد قەوام، سەرۆكوەزیرانی ئەوكاتی ئێران، لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا لە تاران دەكرێت كە تێیدا قەوام “جەختی لەسەر ئەوە دەكردەوە لە دانوستاندنی ئەمجارەدا بە هەڵوێستێكی قورس و قایمەوە مامەڵە لەگەڵ كۆماری دیموكراتیكی ئازەربایجان دەكەن. ئەگەریش دانوستاندنەكان بە هیچ نەگەیشت، ئەوە ئێرانییەكان ناچارن هێز بەكاربهێنن بۆ ئەوەی ئازەربایجان بگەڕێننەوە سەر خاكی ئێران”. قەوام ئەوەشی ئاشكرا كردووە “نەرمی نواندنی پێشووی بەرامبەر ئازەربایجانییەكان لەبەر ئەوە بووە كە متمانەی بە توانای سوپای ئێران نەبوو، بەڵام ئێستا متمانەی بە سوپای ئێران هەیە”. پاش رێككەوتنی رووسیا، وڵاتانی رۆژئاوا و ئێران، هێزەكانی ئێران لە ناوەڕاستی مانگی كانوونی یەكەم و پاش رووخانی كۆماری دیموكراتیكی ئازەربایجان، هاتنە نێو شاری مەهاباد.

كوردی ئێران و سووریا

لەو راپۆرتانەی كە سی ئای ئەی بڵاوی كردوونەتەوە، یەكێك لەو راپۆرتانە رێكەوتی 28ی تشرینی یەكەمی 1946ی پێوەیە و ئاماژە بە پەیوەندی نێوان “كوردەكانی باكووری سووریا و كوردەكانی باكووری ئێران” دەكات. بە گوێرەی راپۆرتەكەی دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا بەشی زۆری هاتوچۆ نهێنییەكان بە رێگە شاخاوییەكاندا دەكرێت.

بەڵگەنامەكە ئەوەش دەخاتەڕوو كە “جگە لە چەك و تەقەمەنی، جلی كوردیش لە كوردستانی ئێرانەوە و بە توركیادا ئاودیوی باكووری سووریا دەكرێت” لەم هاتوچۆیەدا ژمارەیەكی زۆر نامەش گۆڕدراوەتەوە كە “بەشی زۆریان بە زمانی فارسی نووسراون و لەسەر دۆخی هاوبەشی كوردی هانیان داون”.

كریستیان و دەوڵەتی كوردستان

لە بەشێكی دیكە لەو بەڵگەنامەیەدا باس لەوە كراوە كە عەزیز ئاغا یەعقوب، سەركردەی كلدانییەكانی سووریا، گەشبین بووە بەوەی دواجار لە ژێر كەلەپچەی موسڵمانەكان (كە دەبێ مەبەستی موسڵمانە عەرەبەكان بووبێت) رزگاریان دەبێت. بە گوتەی عەزیز ئاغا “ئەو دەوڵەتە كوردییەی سۆڤیەتیەكان دروستی دەكەن، بەشێك لە باكووری سووریاش دەگرێتەوە و هەتا بەهاری داهاتوو (واتە بەهاری 1947) ئاڵای سۆڤیەت بەسەر ئەو دەوڵەتەوە دەشەكێتەوە”.

لەو بەڵگەنامەیەدا ئاماژە بە لێدوانی دوو كەسایەتی كوردی باشووریش دەكرێت كە یەكێكیان بە عەبود ئاغا كوشمولی و ئەوەی دیكەیان بە عەلی ئاغا كاكەخان، ناوی هاتووە.

بەپێی بەڵگەنامەكە، عەبود ئاغا، كەسایەتی بەناوبانگی كورد لە مووسڵ گوتوویەتی “مەلا مستەفا لە رەوشێكی زۆر باشدایە لە باكووری ئێران و هەر ئێستا بووە بە پاشا یان ژەنەراڵ، هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە “كەسایەتی سەرەكی لە هاوكاری و پەیوەندی نێوان بزووتنەوەی كوردی لە عێراق، توركیا، سووریا و لوبنان لەگەڵ رووسیا كەسێكە بە ناوی تەحسین عەیونی كە خەڵكی كەركووكە. تەمەنی 50 ساڵە و یاسای لە ئیستەنبوڵ خوێندووە و  زمانی عەرەبی، كوردی، ئینگلیزی، فەرەنسی و ئەڵمانی دەزانێ”.

شۆڕش بە پشتیوانی پیاوە سمێڵ فشەكە

وەك لە بەڵگەنامەكەدا دەردەكەوێت، عەلی ئاغا كاكەخان، ئاغای ناوچەی هەولێر، بڕوایەكی زیاتری بە دۆزی كورد و گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هەبووە. لە یەكێك لە لێدوانەكانی عەلی ئاغادا هاتووە “با كوردەكان باشتر خۆیان رێكبخەن، چونكە رووداوێكی گەورە لە بەهاری داهاتوودا بەڕێوەیە”، هەروەها هاتووە “ئێمە جارێك لە دژی بەریتانیا و جارێكی دی لە دژی حكومەتی عێراق راپەڕین، بەڵام ئەمجارەیان تەنیا نین، ئەمجارەیان پیاوە سمێڵ فشەكە لە پشتمانە (واتە جۆزێف ستالین، سەركردەی ئەوكاتی یەكێتیی سۆڤیەت و پارتی كۆمۆنیستی سۆڤیەتی)”.

كانگای مس و سەربەخۆیی كوردستان:

رۆژی 25ی شوباتی 1949 ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریكا راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە كە تێیدا باس لە دۆزینەوەی كانگایەكی گەورەی مس لە باشووری كوردستان دەكات. لە راپۆرتەكەدا هاتووە “تیمێكی جیۆلۆجی، بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی جیۆلۆجیستێكی بەریتانی، توانیویانە كانگایەكی گەورەی مس لە دووریی 40 میل لەسلێمانی و دوو میل لە سنووری ئێران بدۆزنەوە”.

بەڵام مەسەلەكە تەنیا وەكوو مەسەلەیەكی زانستی و ئابووری نەماوەتەوە. چونكە بە گوێرەی راپۆرتەكە حكومەتی عێراق هەر زوو پەیوەندی بە جیۆلۆجیستە بەریتانییەكەوە كردووە بۆئەوەی سەبارەت بە دەوڵەمەندیی كانگاكە و ناوئاخنی كانگاكە هیچ زانیارییەك ئاشكرا نەكات.

راپۆرتەكەی ئاژانسی هەواڵگری ئاماژە بەوە دەكات كە “حكومەتی عێراق لەوە ترساوە كورد سوود لەم سەرچاوە دەوڵەمەندە سروشتییە وەربگرێ بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ”. حكومەتی عێراق نیگەرانی ئەوەش بووە كە “ئەگەر كورد بەم كانگایە بزانێت، ئەوە دەشێت وەكوو چەكێكی پڕوپاگەندەیی لە قازانجی خۆی بەكاری بهێنێ‌”.

لەو بەڵگەنامەیەدا ئەوەش خراوەتەڕوو كە “رۆژنامەكانی عێراق لە مانگی كانوونی دووەمی 1949دا كۆمەڵێك زانیارییان لەبارەی دۆزینەوەی كانگایەكی مس لە باكووری عێراق بڵاوكردووەتەوە، بەڵام زانیارییەكانی نێو راپۆرتەكانیان سەبارەت بە چڕیی مسی نێو خاكی كانگاكە جیاواز بوون لە زانیاری نێو راپۆرتی جیۆلۆجیستە بەریتانییەكە. لە راپۆرتەكەی رۆژنامەكانی عێراقدا وا هاتووە كە رووبەڕی كانەكە نەزانراوە”.

چارەنووسی دیارییەكەی مستەفا بارزانی

وەك لە بەشی پێشووی بەڵگەنامەكانی ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریكادا ئاماژەی پێدرا، دیارییەكانی مستەفا بارزانی بۆ كیسینجەر و هاوژینەكەی هەرایەكی زۆری لەنێو میدیای ئەمریكیدا نابووەوە. بەرپرسانی ئەمریكیش لێدوانی جیاوازیان سەبارەت بە جۆری دیارییەكان دابوو.

بەڵام لە یەكێك لە بەڵگەنامەكانی دەزگای هەواڵگریی ئەمریكادا دەردەكەوێت كە بارزانی لە دوو كاتی جیاوازدا دوو دیاری بۆ وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئەمریكا ناردووە. بەگوێرەی بەڵگەنامەكە یەكەمجار “لە شوباتی 1974 فەرشێكی بچووكی ئەسفەهانی وەكوو نیشانەیەكی رێز” بۆ وەزیری دەرەوە نێردراوە. دیاریی دووەمیان ملوانكەیەكی زێڕ بووە كە بە كۆمەڵێك موروو رازێنراوەتەوە.

بەپێی دۆكیۆمێنتەكەی دیوانی تۆماری كەلوپەلەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا “ئەم دیارییە لە نیسانی 1974 بۆ مەراسیمی زەماوەندی كیسینجەر و هاوسەرەكەی نێردراوە”. راپۆرتەكەی دیوانی تۆماری كەلوپەلەكانی وەزارەتی دەرەوە مەزندە دەكات نرخی هەر دوو دیارییەكە لە 50 دۆلاری ئەمریكی زیاتر نەبێت.

لەو بەڵگەنامەیەدا دەقی نامەی بارزانی بۆ كیسینجەر لەسەر دیاریی زەماوەندەكە دانراوە كە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:


دەقی نامەکەی بارزانی بۆ کیسنجەر لەسەر دیاریی زەماوەندەکە


بۆ بەڕێز دكتۆر هێنری كیسینجەر

هاوڕێی ئازیزم

هیوادارین ئەم دیاریی زەماوەندەمان لێ قەبووڵ بكەن كە بەدەستی كورد دروستكراوە، لەگەڵ دیارییەكەشدا باشترین ئاواتەكان بۆ خۆتان و خاتوو كیسینجەر (واتە هاوژینی هێنری كیسینجەر) دەخوازین، هەروەها هیواداریشین لە ژیانی سیاسی و دەرەوەی سیاسەتی خۆتاندا سەركەوتنی تەواو بەدەست بهێنن.
لەگەڵ رێزمدا
مستەفا بارزانی

هەڵەبجە و دەستەوەستانیی ئەمریكا:

لە بەڵگەنامەیەكی دیكەدا كە رێكەوتی 22ی ئەیلولی 1988ی لەسەرە، ئاماژە بە چڕبوونەوەی هێرشەكانی سوپای عێراق بۆ سەر هێزە كوردییەكانی نزیك سنووری توركیا دەكات. راپۆرتەكە پێشبینی دەكات لە داهاتوویەكی نزیكدا دەست بە هێرش بۆ سەر هێزە كوردییەكانی نزیك سنووری ئێرانیش بكرێ. خاڵی جێی سەرنج لەو بەڵگەنامەیەدا وێڕای پشتڕاستكردنەوەی هەواڵی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن حكومەتی بەعسەوە، ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە “قەبارەی هێرشەكان دیار نییە”، هەروەها جەخت كراوەتە سەر ئەوەی كە “بەغدا هەڵمەتی جینۆساید لە دژی كورد بەڕێوەنابات”. ئەو بەڵگەنامەیە دەشڵێت، سزای ئابووریی ئەمریكا لە دژی عێراق “كاریگەری لەسەر سیاسەتی حكومەتی عێراق بەرامبەر بە كورد و چەكە كیمیاییەكانی حكومەتی عێراق نابێت”.

بەگوێرەی راپۆرتێكی مانگی تشرینی یەكەمی 1988ی گۆڤاری (فۆرێن پۆڵیسی)ی ئەمریكی، لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بەهۆی دواكەوتنی راپۆرتەكەیان نەیانتوانیوە پڕۆژە بڕیاری سزای ئەتۆمی لە دژی رژێمی بەعس رادەستی ئەنجوومەنی پیران بكەن. بەگوێرەی راپۆرتی گۆڤارە ئەمریكییەكە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر عێراقدا نەبووە. ئەوكات یەكێك لە بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندووە “ئێمە لە دوا خولەكدا لە زلكاوی ئەم پڕۆژە یاسایە دەرچووین”.

پێشبینییەكانی ئەمریكا بۆ رەوشی عێراق و كوردستان

لە یەكێك لە بەڵگەنامەكانی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریكادا راپۆرتێك لەسەر عێراقی پاش ـ رووخانی سەدام هەیە كە مانگی كانوونی دووەمی 2003 ئامادە كراوە، واتە دوو مانگ بەر لە هێرشی هاوپەیمانان بۆ سەر عێراق. وەك لە پێشەكی راپۆرتەكەدا هاتووە “ئەم راپۆرتە لەسەر داوای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئامادە كراوە، تێیدا بیر لە بزوێنەرە نێوخۆییەكانی عێراق دەكرێتەوە” كە دەكرێت دەسەڵاتی سیاسیی عێراقی پاش سەدام، رووبەڕووی تەحەددای گەورە بكاتەوە”.

هەر لە ساڵی 2003وە پرسی دابەشبوونی خاكی عێراق یەكێك لەو پرسانە بووە كە بەردەوام باسی كراوە، سیاسەتەكانی حكومەتی عێراق بەر لە سەرهەڵدانی داعش (هەڵسوكەوتەكانی حكومەتی مالیكی) و پاشانیش هێرشەكانی داعش جارێكیتر ئەم پرسەی گەرم كردووەتەوە، ئەمەش نەك هەر لەلایەن كوردەوە (كە هەوڵ بۆ سەربەخۆیی دەدات)، بەڵكو لەلایەن سوننەكانیشەوە كە بەپێی لێدوانی سەركردەكانیان گەیشتوون بەوەی عێراقێك بە دەسەڵاتێكی ناوەندیی بەهێز ناتوانێت دادپەروەرانە حوكم بكات.

بەڵام لە راپۆرتە 45 لاپەڕەییەكەدا پێشبینی واقیعێكی دیكە كراوە و هاتووە “ئەگەرچی ناكۆكی و گرژی كۆمەڵایەتی لە عێراق دێتە ئاراوە، بەڵام رێی تێناچێت عێراق دابەش ببێت”. راپۆرتەكە دوو هۆكار بۆ ئەمە دەخاتەڕوو. یەكەمیان ئەوەیە “عێراقییەكان خاوەنی شوناسێكی تایبەت بە خۆیانن كە شانازی پێوە دەكەن و ئەم شوناسە گشتییە بەسەر جیاوازییە ئەتنی و ئاینییەكاندا زاڵ دەبێت”.

راپۆرتی گۆڤاری فۆرین پۆلیسی لەبارەی کاردانەوەی کۆنگرێس بەرامبەر چەکی کیمیایی حکومەتی عێراق

هۆكاری دووەمیش ئەوەیە كە “ئەو ئەڵتەرناتیڤانەی دابەشكردنی عێراق دەیخاتە بەردەم لایەنەكان ئەڵتەرناتیڤێكی سەرنجڕاكێش نین”. لەم سۆنگەیەشەوە راپۆرتەكە پێشبینی دەكات “كورد لە عێراقی دوای سەدام حوسێندا، پابەند بێت بە یەكپارچەیی خاكی عێراقێكی فیدراڵ”.

بەشێك لە راپۆرتەكە لەژێر ناونیشانی “بژارەكانی كورد” باس لە چوار ئەگەر دەكات كە رەنگە كورد لە عێراقی پاش سەدامدا بیقۆزێتەوە:

یەكەم: كورد ناكۆكی نێوان عەرەبی شیعە و سوننە و لاوازی حكومەتی عێراق بقۆزێتەوە و لە رێگەی هێرشی سەربازییەوە، دەست بەسەر ناوچە و دامەزراوەی ئابووریی گرنگدا بگرێت.

دوو لەو ناوچانەی لە راپۆرتەكەدا پێشبینی دەكرێت كورد چاوی لەسەریان بێت دامەزراوە و ناوچە نەوتییەكانی كەركووك و موسڵن. راپۆرتەكە پێشبینی ئەوەشی كردووە كە رەنگە كورد هەوڵ بدات “ئەو ناوچانە بخاتە ناو رێككەوتنی ئۆتۆنۆمی نێوان خۆیان و حكومەتی نوێ”. دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا پێشنیاز دەكات “هێزی داگیركەر (واتە هێزی هاوپەیمانان) رێگە لەم هەنگاوەی كورد بگرن”.

دووەم: كە راپۆرتەكە وەك مەترسی باسی كردووە پەیوەندی بە عەرەبە هاوردەكانی كەركووك و مووسڵەوە هەیە. راپۆرتەكە پێشبینی دەكات لە دوای لەسەر كار لادانی سەدام كورد و توركمانەكانی كەركووك هەوڵی وەرگرتنەوەی موڵك و ماڵی خۆیان لە عەرەبە هاوردەكان بدەن، ئەمەش “لە لایەكەوە توندوتیژییەكی زۆری لێدەكەوێتەوە و لە لایەكی دیكەشەوە ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتووانی ئەم دوو شارە ئاوارە دەكات”.

سێیەم: سەبارەت بە ناكۆكی نێوان پارتە كوردییەكانی باشووری كوردستان راپۆرتەكە ئاماژەی بەوە داوە “سەرەڕای هەوڵەكانی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان، هێشتاش جۆرێك لە قین و بێ متمانەیی سیاسی و ناوچەیی و تاكەكەسی لە نێوان پارتە كوردییەكاندا هەیە”. ئەم ناكۆكیانەش دەكرێ بۆ جەنگێكی خوێناوی (لە نێوان هێزە كوردییەكان) بگۆڕێت”. راپۆرتەكە هۆكاری ئەم گرژییەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە كە رەنگە هەركام لە لایەنەكان بۆچوونێكی جیاوازیان سەبارەت بە چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ حكومەتی نوێ و ناوچە تازە رزگاركراوەكان هەبێت.

چوارەم: سەبارەت بە هێزە چەكداری و سەربازییەكانی كورد لە عێراقی پاش سەدام راپۆرتەكە ئاماژەی بەوە داوە  “یەكە چەكدارییە كوردییەكان چاودێری ناوچەكان و هاتوچۆی قاچاخی كەلوپەل و خەڵك لەسەر سنووری نێوان ناوچە كوردییەكان و توركیا و ئێران دەكەن”، راپۆرتەكە پێشیبینی ئەوەشی كردووە كە “بەشێكی زۆر لەو گروپە چەكدارییانە ئامادە نابن چەك دابنێن و لە ئیدارەی دوای سەدام حوسێندا بچنە ژێر دەسەڵاتی یاسای عێراقەوە”.

1950- رێککەوتنی نێوان سۆڤیەت و کورد لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …