Home / بەشی مێژووی كورد / سەرەتای مێژووی فەلەکی کوردی لە کۆن دا

سەرەتای مێژووی فەلەکی کوردی لە کۆن دا

سەرەتای مێژووی فەلەکی کوردی لە کۆن دا

1486481517990

لەوەتەی مرۆڤ لەسەر ئەم هەسارەیە جێگیر بووە و ئاشنای كەش و هەوای پاك و بێگەردی ئاسمان بووە لەمەوە خولیای بۆ زانین و شارەزابوون و جیاكردنەوەی هەندێك تەن و جولەی هەندێك تەنی ئاسمان بووە لە شەودا و بەمەش هەسارەكانی لە ئەستێرەكان جیاكردۆتەوە ، هەربەمەش نەوەستاوە هەوڵی داوە لەنزیكەوە بتوانێت كاتی وەرزەكان بزانێت و بەمەش ساڵنامەی داهێناوە بۆ كارووبارەكانی ژیانی و پاشان لەسەدەی شانزەهەم ئامێری تەلسكۆبی داهێناوە بۆ بینینی تەنەكانی ئاسمان بەنزیكتر .
بی گومان كوردیش لەم بوارەدا جێ پەنجەی دیارە لەمێژوودا وهەوڵی هەنگاوەكانی خۆی ناوە تا ڕادەی توانیویەتی ساڵنامەیەكی تایبەت بەخۆی دروست بكات لەهەندێك ناوچەدا ( ڕوانگەی بینینی ئاسمان و تەنەكانی ئاسمان ) ی بنیات ناوە و لەمەشدا ئەژماری خۆی بۆساڵی كوردی تایبەت بەناوچەكەی كردووە بە ( حساب گر ) ناونراوە و ئەم شوێنانەش بەسەرەتای هەنگاوەكانی تاكی كورد دادەنرێت بۆ زانینی بواری فەلەكناسی لەكوردستاندا ، كە هەرچەندە ئەژمارەكان سادەبوونە بەڵام بۆ ئەوسای خۆی گرنگیەكی تایبەتی هەبووە :

-روانگەی بینینی ئاسمانی  گڕاو – روانگەی فەلەكی گڕاو – : بەیەكێك لە گرنگترین ڕوانگە و ساڵنامەی كوردی دادەنرا لە ناوچەی هەولێر و دەوروبەری بۆ زانینی كاتەكان و بەدیاركەوتن و دیارنەمانی خۆر و زانینی شوێنگەی هەندێك لەهەسارەكان و ئەستێرەكان لەئاسماندا ، ئەم ڕوانگەیە دەكەوێتە سەر شاخی لۆلكان لە گوندی گڕاوی سەر بەشاری هەولێر و بە قوچەكی بەرد شوێنگەكان لەسەر شاخەكە دیاری كراوە و شوێنی بینینی ڕوانگەكەش لەبەردەم مزگەوتی گوندەكە بووە و پێك هاتووە لە 3 قوچەكی بنەڕەتی و 5 قوچەكی لاوەكی كە هەریەكەیان شوێنگەی ئەژماری بەدیاركەوتن و ئاوابوونی خۆر و ئەستێرەی ئاسمانن و بەمەش ئەژمارێكی فەلەكی ووردیان داهێناوە بۆ زانینی وەرزەكان و ناسینەوەی كۆئەستێرەكانی ئاسمان ، ئەم ڕوانگەیە لەلایەن ( مەلا عومەر و مەلا عبدالله ) ی گڕاوی دروستكراوە لەسەدەی حەڤدەهەم .

-ڕوانگەی گڵەزەردە : كە ئەمیش بە یەكێك لە ڕوانگە ئەژمارە فەلەكیە ووردەكان دادەنرێت و لە گوندی گڵەزەردەی ناوچەی سلێمانیە بەشێوەی تاق بە گەچ دروست كراوە كە كە هەر كونێك ئەژمارێكی تایبەت بەكات و ساتێكی دیاری كراوە لەساڵدا و هەروەها بۆ بینینی ساتی دیاری كردنی هیلالی مانگی ڕەمەزان و جەژنیش بەكارهێنراوە ، لەسەدەی هەژدەهەم لەلایەن ( شێخ حسنی گلەزەرد ) بنیات نراوە و ناوبراویش دەستێكی باڵای هەبووە لە نوسینی بواری فەلەكی لەوساتدا وچەندین دەستنوسی بەجێماوی هەیە لەسەر چۆنیەتی مانگ گیران و خۆرگیران و زانین و ناسینەوەی كۆئەستێرەكانی ئاسمان .

-ڕوانگەی بارێ : ئەمیش ڕوانگەیەكە بە بەرد دروست كراوە دەكەوێتە سەر شاخی بارێ لەگوندی بارێی بچوك لەدامێنی چیای سوركێو كە لەلایەن مەلا نەبی دروست كراوە و بە ساڵنامەی بارێ بەناوبانگە .

-ڕوانگە و ساڵنامەی دۆڵ پەموو : ئەم ڕوانگەیە لەناوچەی شارباژێڕ لەسەر دیواری مزگەوتی گوندەكە دروست كراوە لەلایەن ( شێخ عەلی كۆستە ) لە سەدەی هەژدەهەم بنیات نراوە.

-ڕوانگەی  كێڵەشێن : ئەمیش دەكەوێتە سەر شاخی كەلیخان لەخۆرئاوای بانە .
-ڕوانگەی كورداوێ : دەكەوێتە ناوچەی شارباژێڕی شاری سلێمانی كە ساڵنامەیەكی تایبەت بووە دروست كراوە لە گوندی كورداوێ .
-ڕوانگەی كانی توو : ئەمیش دەكەوێتە گوندی كانی توو  لە ناوچەی مەرگە لەسەر شاخی هێلانەی قەل كراوە بەڕوانگە و لە13 شوێنگەی سروشتی پێك هاتووە .
-ڕوانگەی خوڕخوڕە : دەكەوێتە گوندی خوڕخوڕە لەناوچەی مەرگەی هاوسێی گوندی كانی توو كە بە قوچەبەرد بنیات نراوە وەك ساڵنامەیەكە .
-ڕوانگەی توتمە : ئەم ڕوانگەساڵنامەییە دەكەوێتە  گوندی توتمەی سەر بە ناوچەی هەریری شاری هەولێر .
-ڕوانگەی هیران : دەكەوێتە گوندی هیرانی سەر بە شارۆچكەی شەقلاەوەی شاری هەولێر .

-ڕوانگەی مامەندئاوا : دەكەوێتە گوندی مامەندئاوای دەشتی بیتوێن كە كۆمەڵیك قوچەكەبەردە بۆ زانینی ڕوانگەی ساڵنامەیی بەكارهاتووە .

-ڕوانگەی گردمامك : دەكەوێتە گوندی گردمامك سەر بەشاری هەولێر لەچەندین قوچەك پێك هاتووە بۆ ئەژماری كاتەكان و ساڵ بەكارهاتووە .

لێرەوە ئەوەمان بۆ رووندەبێتەوە كەچەندان ڕوانگەی ئەژماری فەلەكی تر هەن كە ڕەنگە تائێستاكە لێكۆڵینەوەی تەواویان لەسەر نەكراوە لەلایەن شارەزایان و مێژوونوسان بۆئەوەی سەردەمی بنیات نانیان بزانرێت و ببێتە مێژوویەك بۆ سەرەتای زانینی هەنگاوەكانی تاكی كورد لە بواری فەلەكی لە كوردستاندا ئەوشوێنەوارانەی ماوەتەوەش خەریكە وون ببن لەدەست بچن و نەبنە بەشێك لەمێژووی كۆنی هەوڵی كورد لەبواری فەلەكناسیدا .

هەرێم عمر كاكل

About زريان احمد

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …