Home / مێژووى جیهان / پروپاگەندەى دژە ئایینی

پروپاگەندەى دژە ئایینی

stalin

لیۆن ترۆتسكی
وەرگێڕانی: پێشڕەو محەمەد

ڕێگەم بدەن جارێكی دیكە بگەڕێمەوە سەر بابەتی پروپاگەندەى دژەئایینی، وەك یەكێك لە گرنگترین ئەركەكانی بواری ژیانی ڕۆژانە. لێرەدا ئیقتیباسێك لە بڕیارنامەى كۆنگرەى سێزدە دەهێنمەوە. ئەم ئیقتیباسە، كورتە: “پێویستە سەرنجێكی ورد لە پروپاگەندە باوەكانی زانستە سروشتییەكان بدرێت (پروپاگەندەى دژەئایینی)”. لەبیرم نییە ئایا ئەم جۆرە فۆرمولەبەندییە كە پروپاگەندەى دژە ئایینی لە كەوانەدا دواى “پروپاگەندەى باوی زانستە سروشتییەكان” دادەنێت، لە ڕابردووشدا بەكارهێنراوە یان نا. تەنانەت ئەگەر بەكاریش هێنرابێت، ئەمە ئێستا بەشێوەیەكی ڕەسمی جێگیركراوە. ئەم قسەیە، پێویستی بە ئاراستەیەكی تازە و جیاواز هەیە بۆ بابەت و مەسەلەیەكی كۆن.
لەژێر كاریگەریی ئەرێنیی هێزی بزوێنەردا كە كۆنگرەكەى ئێوە و بەتایبەت بەستنەكەى، دروستیكرد، ناچاركراوم لە بابەتێكی زۆر گەورە و بەرفراوانی بڵاوكراوەكە بڕوانم كە بەشێوەیەكی باو دەرفەتی پێداچوونەوەیانم نەبووە، بەتایبەت بڵاوكراوەى كاریكاتێریی “بزبۆژنیك” (بێ خوا) كە تیایدا كاریكاتێرگەلێكی زۆر و زەوەندی بەرچاوی هەندێك لە باشترین كاریكاتێریستە باوەكانی هەیە؛ گۆڤارێك كە بێگومان ڕۆڵێكی ئەرێنیی هەیە لە ناوەندە تایبەت و لە بنەڕەتدا شارییەكاندا، بەڵام سەرەڕای ئەمە زۆر بە زەحمەتی ڕەوتێكی دروست دەگرێتە بەر بۆ خەباتكردن دژی خورافات و وەهمپەرستییەكان. لەم میانەیەدا لاپەڕەی ژمارە بە ژمارەكانی دەكرێت دۆئلێكی ماندوونەناس لەگەڵ یەهوە، مەسیح و ئەڵڵادا ببینینەوە، جەنگێكی ڕووبەڕوو لەنێوان كاریكاتێریستەكاندا بە لێهاتووییەوە، “دیمیتری مۆر” و خوا. هەڵبەت ئێمە بەتەواوی لە بەرەی مۆرداین. بەڵام ئەگەر بڕیار بێت ئەم گشتە شتێك بێت كە ئەنجامی دەدەین، یان ئەگەر بڕیار بووایە ئەمە ئەركی سەرەكیی ئێمە بێت، لەو حاڵەتەدا بەداخەوە ئەم دوئێلە بە كێبڕكێیەكی یەكسان كۆتایی دێت…
بەهەرحاڵ، ئەمە تەواو ڕوون و مشتومڕهەڵنەگرە كە لە ساتی ئێستادا ئێمە ناتوانین بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ و دروست شەڕ دژی خوا بكەین. ئەمە بۆ ئێمە بەس نییە. ئێمە ماتریالیزم دەكەینە جێگرەوەى عیرفان، بەر لە هەرشتێك ئەزموونی دەستەجەمعیی كۆمەڵانی خەڵك فراوانتر دەكەین، هەژموون و نفوزی چالاكییەكەى لە كۆمەڵگادا دەبەینە سەرەوە، پەرە بە ئاسۆی زانینە ئەرێنییەكەى دەدەین و لێرەوە، لێدانێك لە دەمارگرژییە ئایینییەكان (لەهەر شوێنێكدا پێویست بێت)، دەدەین.
مەسەلەى ئایین، گرنگییەكی گەورە و زۆرترین تێكەڵاویی بە كاری كولتووری و بونیادی سۆسیالیزمەوە هەیە. ماركس لەلاوێتیدا گوتی: “ڕەخنەى ئایین، بنەڕەتی هەر ڕەخنەیەكی دیكەیە”. بە چ مانایەك؟ بەو مانایە ئایین جۆرە مەعریفەیەكی وەهم و خەیاڵیی جیهانە. ئەم خەیاڵە دوو سەرچاوەى هەیە: لاوازیی ئینسان لە بەرانبەر سروشت و نەگونجانی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان؛ ترس لە سروشت یان گرنگی پێنەدانی، بێتوانایی لە شیكردنەوەى پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان یان فەرامۆشكردنیان، ئینسانی والێكرد تا بە خوڵقاندنی وێنە خەیاڵییەكان هەوڵبدات پێداویستییەكانی لە كۆمەڵگادا دابین بكات و بیانكاتە قوربانیی ئەم حەقیقەتە وەهمییە و لەبەردەم خوڵقێنراوەكانی خۆیدا، سوژدە بەرێت. ڕیشەى ئەم خوڵقاندنە لەنێو پێداویستیی پراكتیكیی ئینسان دایە بۆ دۆزینەوە و جێگیركردنی خۆى – كە لە هەلومەرجی ململانێ بۆ مانەوەوە سەرچاوە دەگرێت -.
ئایین، سازشكردنێكی ئامانجدارە لەگەڵ ژینگەى دەوروبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى سەركەوتووانە لەگەڵ ململانێی مانەوەدا. لەم سازشەدا، یاساگەلێكی سوودمەند و گونجاو هەن. بەڵام ئەمە سەرتاپا تێكەڵی ئەفسانەكان، وەهمەكان، خەیاڵات و مەعریفە ناواقیعییەكان بوون. دروست وەك ئەو فۆرمەى گەشەكردنی كولتوور، كەڵەكەكردن و زەخیرەى مەعریفە و كۆنتڕۆڵكردنە، ڕەخنەى ئایینیش بنەڕەتی هەر ڕەخنەیەكی دیكەیە. بۆ هەمواركردنی ڕێگایەك بۆ مەعریفەى دروست و حەقیقی، دەبێت مەعریفەى تەزویر و خەیاڵی لەناوبەرین. ئەگەرچی ئەمە تەنها كاتێك دروستە كە مەسەلەكە لە گشتێتییەكەیدا ڕەچاوبكەین. لەڕوانگەى مێژووییەوە، نە تەنها لە بوارگەلێكی تاك و تەنهادا، بەڵكو لە پەرەسەندنی كۆى چینەكاندا، مەعریفەى حەقیقی لە فۆرمەكان و گونجانە جیاوازەكانیدا تێكەڵی دەمارگیرییە ئایینییەكان بووە. خەبات دژی ئایین و كۆى فۆرمەكانی ئەفسانە و وەهمەكان بەگشتی كاتێك سەركەوتوو دەبێت ئەگەر ئایدیۆلۆژیای ئایینی دژ بە پێداویستییەكانی چینێكی دیاریكراو لە ژینگەیەكی كۆمەڵایەتیی نوێدا بێت. بە دەربڕینێكی دیكە، كاتێك كەڵەكەكردنی مەعریفە و پێداویستیی بۆ مەعریفە، نەكەوێتە نێو چوارچێوەى حەقیقەتە ناواقیعییەكانی ئایینەوە، لێدانێك بە تیغی ڕەخنە بەسە تا پەردەى ئایین بدڕێنێت.
سەركەوتنی فشاری دژەئایینی كە بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردوو پیادەم كردووە، بەم حەقیقەتەوە ڕوون دەبێتەوە كە توێژە پێشڕەوەكانی چینی كرێكار، ئەو كەسانەى چوونە نێو قوتابخانەى شۆڕشەوە، واتا ئاراستەیەكی چالاكیان بەرانبەر بە حكومەت و دامەزراوە كۆمەڵایەتییەكان گرتەبەر، زۆر بە ئاسانی مەیدانی دەمارگیرییە ئاینییەكانیان لەناوبردووە كە خۆی بە شێوەیەكی تەواو بە گۆڕان و وەرچەرخانەكانی پێشوو، لاواز ببوو. بەڵام دۆخەكە كاتێك بەشێوەیەكی بەرچاو جیاواز دەبێـت كە پروپاگەندەى دژەئایینی نفوزی خۆى بۆ توێژە كەمتر چالاكەكانی دانیشتووان، نەك تەنها گوندەكان، بەڵكو بۆ شارەكانیش فراوان بكرێت. مەعریفە و زانستی واقیعی كە ئەوان بەدەستیان هێناوە، زۆر بەرتەسك و سنووردارە، بەجۆرێك دەكرێت ماڵ بە ماڵ دەمارگیریی ئایینی بوونی هەبێت. ڕەخنەى ڕاستەوخۆ لەم دەمارگیرییانە، كاتێك پەناگا و سەپۆرتێكی لە ئەزموونی فەردی و دەستەجەمعیدا نەبێت، هیچ ئەنجامێكی لێناكەوێتەوە. كەواتە پێویستە لە گۆشەیەكی دیكەوە لێی نزیك ببینەوە و مەیدانی ئەزموونی كۆمەڵایەتی و مەعریفەى واقیعی فراوان بكەین.
ئامرازەكانی گەیشتن بەم ئامانجە، جیاوازن. هۆڵەكانی نانخواردنی گشتی و دایەنگاكان ڕەنگە بزوێنەرێكی شۆڕشگێڕی بە ئاگایی ژنی ماڵەوە بدەن و پرۆسەى دابڕان لە ئایین بەجۆرێك لەودا بەهێز و خێرا بكەن. میتۆدە ئاوڕشێنە ئاسمانییەكان بۆ وێرانكردنی ژەنگە میوەییەكان لەوانەیە ڕۆڵێكی وەها بۆ جوتیاران بگێڕێت. هەر ئەوەى كرێكاری پیاو و ژن لە ئەنجوومەنەكاندا بەشداری دەكەن – ئەو ئەنجوومەنانەى ئەوان بۆ دەرەوەى قەفەسی بەرتەسك و بچووكی خێزان، لەگەڵ ئەو چوارچێوەیەى وێنەى مەسیح و چرا بەردەستەكەى، ڕێنمایی دەكات – یەكێك لە ڕێگاكان بۆ ڕزگاربوون لە دەمارگیرییە ئایینییەكان دەكاتەوە و هتد. ئەم ئەنجوومەنانە دەتوانن و دەبێت بە وردییەكەوە توانای بەرهەڵستییكردنی دەمارگیرییە ئایینییەكان هەڵبسەنگێنن و ڕێگاگەلێكی ناڕاستەوخۆ بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم دەمارگیرییانەدا بە فراوانكردنی ئەزموون و مەعریفە، پەیدا بكەن. كەواتە لە خەباتی دژەئایینیدا، هەندێكجار قۆناغەكانی هێرشبردنی ڕووبەڕوو و ڕاستەوخۆ شوێنی خۆیان چۆڵدەكەن بۆ قۆناغگەلێكی ئابلوقە، ماسكپۆشین و مانۆرە ناڕاستەوخۆكان. بەگشتی، ئێمەیش ئێستا چووینەتە نێو قۆناغێكی وەهاوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە كە لە داهاتوودا هیچ هێرشێك ناكەین، تەنها ئەوەندە پیویستە بۆ ئەوە ئامادە بین.
هێرشی ئێمە بۆسەر ئایین دروست بووە یان نادروست؟ دروست بووە. ئایا ئەنجامی هەبووە؟ بەڵێ. چ كەسانێكی بەرەو ئێمە هێناوە؟ ئەوانەى بەپێی ئەزموونی پێشوو، ئامادە كراون تا خۆیان سەرتاپا لە دەمارگیرییە ئایینییەكان پاك بكەنەوە. سەرەڕای ئەمە، هێشتاش كەسانێك هەن تەنانەت ئەزموونی گەورەى شۆڕشگێڕیی ئۆكتۆبەر ئەوانی لە كۆت و بەندی ئایین ڕزگار نەكردووە. لێرەدا، میتۆدە ڕەسمییەكانی ڕەخنە، هەجو، كاریكاتێری دژەئایینی و هتد، توانا و كاریگەرییەكی زۆر كەمیان هەیە؛ و ئەگەر فشار، بەهێزتر بێت، ڕەنگە ئەنجامی پێچەوانەى لێبكەوێتەوە.
دەبێت كەسێك بەردەكە كون بكات – كێ دەزانێت، ئەم بەردە چەندە ڕەقە! – دینامیتەكان بەكاربێنە، فتیلەكە پێ بكە و بڕۆ دواوە… و پاش ماوەیەك تەقینەوەیەكی نوێ و وردوخاشبوونێكی نوێ پەیدا دەبێت، واتا توێژێكی دیكەى خەڵك لە جەماوەری بەرفراوان جیادەبنەوە… بڕیارنامەى كۆنگرەى حزب، پێمان دەڵێت لەم بوارەدا، ئێمە دەبێت ئێستا لە تەقینەوە و هێرشبردن، بچینە نێو كارێكی درێژماوەتری ماسكپۆشینەوە، ئەویش بەر لە هەرشتێك بە پەرەپێدانی زانستە سروشتییەكانە.
بۆ ئەوەى دەریبخەم چۆن هێرشێكی ڕووبەڕوو و بێ ئامادەكاری، دەتوانێت هەندێكجار ئەنجامی تەواو ناچاوەڕوانكراوی بەدواوە بێت، نموونەیەكی سەرنجڕاكێش دەهێنمەوە كە پەیوەندیی بەم دواییانەوە هەیە و تەنها لەسەر زاری هاوڕێیانەوە بیستوومە، چونكە بەداخەوە لە چاپەمەنییەكاندا نەهاتووە. ئەم ئەزموونە پەیوەندیی بە حزبی كۆمۆنیستی نەرویژییەوە هەیە. وەك ڕەنگە لەبیرتان بێت، لە ساڵی 1923دا ئەم حزبە دابەشبوو بەسەر زۆرینەیەكی ئۆپۆرتۆنیست(هەلپەرست)دا بەڕێبەرایەتیی “ترانمائیل” و كەمینەیەكی شۆڕشگێڕیی بە وەفا بۆ ئەنتەرناسیۆنالی كۆمۆنیست. لە هاوڕێیەكم پرسی كە لە نەرویژ دەژیا: چۆن “ترانمائیل” توانی زۆرینە بەدەستبهێنێت – هەڵبەت تەنها بۆ ماوەیەكی كاتی. یەكێك لە هۆكارەكانی ئەو، كەسایەتیی ئایینیی ماسیگرانی نەرویژیی بوو. وەك دەزانن ڕاوی ماسی بازرگانییەكە ئاستێكی زۆر نزمی تەكنەلۆژیای هەیە و تەواو سەر بە سروشتە. هەر ئەم بونیادەیە بۆ دەمارگیرییەكان و خورافاتەكان؛ و ئایین بۆ ماسیگرانی نەرویژ، وەك ئەوەى ئەم هاوڕێیە بە گاڵتەوە پێیگوتم، شتێكە وەك “زرێپۆشێك” وایە.
لە ئەسكەندەناڤیایشدا كەسانێك هەبوون لە ڕیزی ڕۆشنبیران و ئەكادیمییەكاندا گاڵتەیان بە ئایین دەكرد. بەڕاستی ئەوان كەوتنە بەر هێرشی بێڕەحمانەى ماركسیستەكانەوە و حەقیشیان بوو وایان لێبێت. ئۆپۆرتۆنیستەكانی نەرویژ بە شارەزاییەوە سوودیان لەم هەلە وەرگرت تاكو ماسیگران بخەنە بەرانبەر ئەنتەرناسیۆنالی كۆمۆنیستەوە. كەواتە ماسیگرێكی شۆڕشگێڕ، بە سیمپاتییەكی قوڵەوە بۆ یەكێتیی سۆڤێت، بەرگریكاری ئەنتەرناسیۆنال كۆمۆنیست، ڕاستگۆیانە بەخۆى دەگوت: “دواجار ئەمە بابەتەكەیە؛ یان دەبێت بۆ ئەنتەرناسیۆنال كۆمۆنیست بم و بێ خوا بڕۆم ڕاوی ماسی بكەم، یاخود دەبێت بە دڵێكی پڕ لە كەسەرەوە لێی جیاببمەوە” و جیاش بووەوە. ئەم حیكایەتە دەریدەخات كە چۆن ئایین دەتوانێت هەندێكجار بە تیغێكی تیژ و بڕندەوە تەنانەت بێتە نێو سیاسەتی پرۆلیتاریاشەوە.
دیارە ئەمە بەجۆرێك زیاتر بۆ جوتیارەكانی ئێمە ڕاستە كە سروشتی ئایینیی نەریتیی ئەوان پەیوەندییەكی نزیكی بە هەلومەرجەكانی كشتوكاڵیی دواكەوتووی ئێمەوە هەیە. ئێمە تەنها بەهێنانی كارەبا و كەرەستەى كیمیایی بۆ كشتوكاڵیی جوتیاریی دەتوانین بەسەر دەمارگیرییە ئایینییە ڕیشەداكوتاوەكاندا زاڵببین. هەڵبەت ئەمە بەو مانایە نییە كە ئێمە نابێت سوود لە هەر باشتربوونێكی تەكنیكی و هەر ساتێكی گونجاوی كۆمەڵایەتیی بەشێوەیەكی گشتیی بۆ پروپاگەندەى دژەئایینی، بۆ گەیشتن بە دابڕان و چاڵێكی بەشەكی و پارتیكولار لە ئاگایی ئایینیدا وەربگرین. نەخێر، هەموو ئەمانە وەك پێشوو زەروورین، بەڵام ئێمە دەبێت ڕوانگەیەكی گشتیی دروستمان هەبێت.
تەنها بە داخستنی دەرگای كڵێساكان، وەك لەهەندێك ناوچەدا ئەم كارە كراوە، و یان بە هەموو توندڕەوی و زیادەڕەوییە حكومییەكانەوە، نەك تەنها ناتوانین هیچ سەركەوتنێكی یەكلاییكەرەوە بەدەست بهێنین، بەڵكو بەپێچەوانەوە ڕێگاكە بۆ گەڕانەوەیەكی بەهێزتری ئایین خۆشدەكەین.
ڕاستە ڕەخنەى ئایین، بناغەى هەر ڕەخنەیەكی دیكەیە، ئەمەش ڕاستە لە سەردەمی ئێمەدا، گەیاندنی كارەبا بۆ كشتوكاڵ بناغەى لەناوچوونی خورافاتەكانی جوتیارانە. دەمەوێت لە پەیوەندییدا بە گرنگیی گەیاندنی كارەباوە بۆ كشتوكاڵ، چەند دەستەواژەیەكی بەرزی ئەنگڵس بگوازمەوە كە تا ماوەیەك پێش ئێستا نەزانرابوون.
بەم دواییانە هاوڕێ ڕازیانۆڤ بۆ یەكەم جار نامەكانی ئەنگڵسی لەگەڵ بێرنشتاین و كائۆتسكیدا بڵاوكردەوە. نامەگەلێك كە سەرسوڕهێنەرن. گرنگیی ئەنگڵسی پیر دوولایەنە، هەرچەند بابەتی زیاتر و زیاتری ئەو دەچنە بواری گشتییەوە، كەسایەتیی ئەویش زیاتر لە پێشوو هەم لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە و هەم شەخسییەوە ئاشكراتر دەبێت. من ئیقتیباسێك دەهێنمەوە كە ڕاستەوخۆ باس لە مەسەلەى گەیاندنی كارەبا و زاڵبوون بەسەر درزی نێوان شار و گونددا دەكات.
ئەنگڵس ئەم نامەیەى لە ساڵی 1883دا بۆ بێرنشتاین نووسیوە. لەبیرتان بێت لە ساڵی 1882دا، ئەندازیاری فەڕەنسی، “دوپرە” ڕێگایەكی دۆزییەوە بۆ گواستنەوەى وزەى كارەبا لەڕێگای تەلەوە. و ئەگەر هەڵە نەبم، لە پێشانگایەكدا لە میونشن – یان بەهەرحاڵ لە هەر شوێنێكی ئەڵمانیادا بووبێت – گواستنەوەى وزەى كارەبای بە پێودانگی یەك یان دوو ئەسپی هەڵمی بۆ پێنج كیلۆمەتر نمایشكرد. ئەمە، كاریگەرییەكی گەورەى لەسەر ئەنگڵس هەبوو كە بە قوڵی حەزی لە هەموو داهێنانێك كردبوو لە بواری زانستە سروشتییەكان و هتددا. ئەو بۆ بێرنشتاین دەنووسێت:
“نوێترین داهێنانی دوپرە… پیشەسازیی لە هەموو بەرتەسكبوونەوەو سنووردارێتییەكی لۆكاڵی ئازاد دەكات، تەنانەت بەكارهێنانی دوورترین توربینی ئاو دەڕەخسێنێت. و تەنانەت ئەگەر لە سەرەتادا تەنها لە شارەكاندا بەكاربهێنرێت، دواجار دەبێتە بەهێزترین هەڕەم بۆ نەهێشتنی ململانێ و ناكۆكیی نێوان شار و گوند دەگۆڕێت”.
ڤیلادیمێر ئیلیچ [لینین] ئاگای لەم هێڵانە نەبوو. ئەم نامەیە بەم دواییانە ئاشكرا بووە و دەركەوتووە. ئەم نامەیە لە ئەڵمانیا و لەنێو موڵك و ماڵەكانی بێرنشتایندا شاردرابووەوە، تا ئەو كاتەى هاوڕێ ڕازیانۆڤ توانی دەستی پێیبگات و بیدۆزێتەوە. نازانم ئایا هاوڕێیان ئێوە لەوە تێدەگەن كە لینین خووی بە چ وردبوونەوەیەكی دەقیق و چ حەزێكی بەهێزەوە گرتبوو كە لە بەرهەمەكانی مامۆستایان و پێشینانی خۆیدا، ماركس و ئەنگڵس، قوڵ ببێتەوە، و بەڵگەیەكی نوێ بۆ تێگەیشتنی ئەوان، گشتێتی و گەردوونیی بیركردنەوە و توانای ئەوان بە ڕوانگەیەكی پێشتر لە كاتی خۆی، بدۆزێتەوە. گومانم نییە ئەگەر لینین ئەم قسەیەى بینیبایە – كە ئەنگڵس تیایدا، ڕۆژی دوای خستنەڕووی میتۆد و ڕێگایەك، ئەویش لە بنەڕەتدا بەشێوەیەكی تاقیگەیی، بۆ گواستنەوەى وزەى كارەبا بۆ مەوداگەلێكی دوور و درێژ، لە داهاتووی پیشەسازیی دەڕوانێت، گوند دەبینێت و دەڵێت ئەم داهێنانە تازەیە بەهێزترین هەڕەمە بۆ نەهێشتن و لابردنی ناكۆكیی نێوان شار و گوند – ئەمەى دەكرد بە ئەكسیۆمی بیركردنەوەى حزبەكەى ئێمە. كاتێك ئەم قسەیە یان ئیقتیباسە دەخوێننەوە، وەك بڵێیت ئەنگڵسی پیر تووڕەیی دەریا (ئەو بە خواستی خۆى سووتێنرا و خاكوخۆڵەكەى ڕژێنرایە ناو دەریاوە) لەگەڵ لینین لە “مەیدانی سوور”دا دەخاتە بەرباسەوە.
هاوڕێیان! پرۆسەى لابردنی ئایین، پرۆسەیەكی دیالەكتیكییە. لەم پرۆسەیەدا، قۆناغگەلێك بە ڕیتمگەلێكی جیاوازەوە بوونیان هەیە كە هەلومەرجی گشتیی كولتووریی ئەوانە دیاریدەكات. كۆى ئەنجوومەنەكانی ئێمە دەبێت چاو و گوێی ئێمە بن. ئەوان هەمیشە دەبێت كۆمەك بە حزب بكەن تاكو ڕێگای خۆى لەم ئەركەدا پەیدا بكات، ساتێكی دروست بدۆزێتەوە یان بە ڕیتمێكی ڕاست و دروستەوە بجوڵێتەوە.
لابردنی سەرتاپای ئایین كاتێك بەدیدێت ئەگەر سیستەمێكی سۆسیالیستیی تەواو پێشكەوتوو بوونی هەبێت، واتا تەكنەلۆژیایەك لەئارادا بێت ئینسان لە هەموو جۆرە وابەستەییەكی ترسێنەرانە بە سروشتەوە ڕزگار بكات. ئەمە تەنها لەژێر پەیوەندییەكی كۆمەڵایەتییدا بەدەست دێت كە بەتاڵ بووبێتەوە لە هەموو جۆرە عیرفانێك، پەیوەندیگەلێكی تەواو شەفاف كە مرۆڤ سەركوت ناكات. ئایین، وەرگێڕانی بێ نەزمی و ناڕێكیی سروشت و ناڕێكیی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانە بۆ زمانی وێنە خەیاڵییەكان. تەنها نەمانی ناڕێكییە زەمینییەكان دەتوانێت بۆ ئەبەد كۆتایی بە ڕەنگدانەوەى ئایینی بهێنێت. ڕێنماییەكی پلان بۆداڕێژراو، ئاگایانە و عەقڵانی بۆ ژیانی كۆمەڵایەتی، لە كۆى ڕەهەندەكانی خۆیدا، هەموو جۆرە عیرفانییەتێكی ئیلاهی و خراپەكارییەكی ئەهریمەنی بۆ هەمیشە دەسڕێتەوە.

لە سایتی ئەرشیڤی ماركسیستەكان وەرگیراوە

About دیدار عثمان

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …