پێنج شه‌ممه‌ , كانونی دووه‌م 19 2017
Home / بەشی مێژووی كورد / ئیبراهیم پاشای بابان .. شه‌ڕه‌كه‌ی بناری چیای شه‌نگال .. گۆڕه‌ ونه‌كه‌ی!

ئیبراهیم پاشای بابان .. شه‌ڕه‌كه‌ی بناری چیای شه‌نگال .. گۆڕه‌ ونه‌كه‌ی!

ئیبراهیم پاشای بابان .. شه‌ڕه‌كه‌ی بناری چیای شه‌نگال .. گۆڕه‌ ونه‌كه‌ی!

%d9%a0%d9%a6-%d9%a1%d9%a9-%d9%a1%d9%a2-%d9%a0%d9%a8-%d9%a0%d9%a1-%d9%a2%d9%a0%d9%a1%d9%a7-1947856219

دڵشاد عه‌زیز زاموا
وا چله‌ی وه‌رزه‌ جوانه‌كه‌ی پایزه‌ و، ئێوارانی به‌رده‌ركی سه‌را جمه‌ی دێت له‌خه‌ڵكی شار و گه‌ڕیده‌ و ئاواره‌. پایز بۆ سلێمانی به‌هاره‌، چله‌ی پایزی ئه‌وێ رۆژێ بو ساڵی 1784 میرانی بابان بارگه‌ و بنه‌ و پایته‌ختیان هێنایه‌ ئێره‌ و، سلێمانیان كرد ئاوا. له‌ سوچێكی سه‌را ئیبراهم پاشا میرانه‌ له‌سه‌ر عه‌رشێك دانیشتوه‌ و، به‌ده‌ستێ سڵاو له‌خه‌ڵكی شار ده‌كات و عه‌ساكه‌شی به‌ده‌سته‌كه‌ی كه‌ی گرتوه‌. من، تۆ، ئه‌و، هه‌مو ئه‌م په‌یكه‌ره‌ی ئیبراهیم پاشامان بینیوه‌ و، له‌وانه‌یه‌ وێنه‌شمان له‌گه‌ڵ گرتبێت، بەڵام چ كات بیرت كردۆته‌وه‌ بچیته‌ خزمه‌تی مه‌زارگه‌ی ئیبراهیم پاشای بابان؟! بێگومان نا؟ ده‌زانم ئیتر هه‌ر ئه‌مڕۆ ده‌ته‌وێت بچیت، ئه‌چی بۆ كوێ، بۆ مه‌رقه‌ده‌كه‌ی مزگه‌وتی گه‌وره‌؟ بۆ مزگه‌وتی خانه‌قا؟ بۆ مه‌زاره‌كه‌ی مه‌حوی شاعیر؟ یان بۆ جاده‌ی ئیبراهیم پاشا؟  نانا، ته‌نانه‌ت مه‌زاره‌كه‌ی له‌ قەڵاچوالانی كۆنه‌ هه‌واری بابانیش نییه‌! خۆت ماندومه‌كه‌ له‌ هیچ شوێنێكی سه‌ر و بنی ئه‌م دنیایه‌ نییه‌!

جارێ با بچینه‌ لای ره‌شۆ، ئه‌و گه‌نجه‌ ئێزدییەی چه‌ند ساڵێكه‌ هه‌مو ئێواره‌یه‌ك دوای گه‌ڕانه‌وه‌ له‌كرێكاری له‌نزیك په‌یكه‌ره‌كه‌ی ئیبراهیم پاشا له‌گه‌ڵ هاورێكانی كۆ ده‌بنه‌وه‌، ئه‌و خه‌ڵكی شه‌نگاله‌، ده‌زانێت ئه‌مه‌ په‌یكه‌ری ئیبراهیم پاشایه‌، بەڵام قه‌ت نه‌یبیستوه‌ كه‌ ئیبراهیم پاشای بابان كۆتا رۆژی ژیانی له‌بناری چیای شه‌نگال له‌جه‌نگدا به‌سه‌ربردوه‌! چ جه‌نگ؟ جه‌نگ دژی یه‌زیدییه‌كانی ئه‌و بناره‌!

به‌ڵێ ئه‌وێ رۆژێ میرانی بابان پشت له‌ عه‌جه‌م و رو له‌ ئالی عوسمان، قەڵاچوالانی كۆنه‌ هه‌واریان چۆڵكرد، له‌لای گوندی مه‌ڵكه‌ندی، بناغه‌ی پایته‌ختی تازه‌یان لێدا. شار ناونرا، سلێمانی! (سلێمان)ی كێیه‌؟ دو بۆچون هه‌یه‌، یان به‌ناوی سلێمان به‌گی بابانه‌وه‌ ناونراوه‌، یان به‌ناوی سلێمان پاشای ئالی عوسمانه‌وه‌ ناونراوه‌ (هه‌رچه‌نده‌ هه‌ردو بۆچونه‌كان جێگه‌ی مشتومڕی مێژونوسانن).

والی به‌غدا كه‌ له‌ پیاوانی ئالی عوسمان بو، له‌گه‌ڵ ئالی بابان زۆر به‌ینی خۆشبو. ئیبراهیم پاشا و عه‌بدولڕه‌حمان پاشای بابان شان به‌شانی والی له‌ هه‌مو سنوره‌كانی ویلایه‌ت، وه‌ك میرانی بابانی نه‌قشبه‌ندی، بونه‌ سوره‌ی به‌رله‌شكری ئالی عوسمان له‌جه‌نگی دژه‌ وه‌هابی له‌ ناوچه‌كانی باشوری ویلایه‌تی به‌غدا (نزیك سنوری ئه‌مڕۆی كوێت). نه‌ك هه‌ر جه‌نگی وه‌هابییه‌كان به‌ڵكو جه‌نگی ئێزدییەکانیشیان كرد. دوای كوشتنی میری موسڵ له‌لایه‌ن گه‌نجانی ئێزدییەوە، جه‌نگی ئالی عوسمان و یه‌زییه‌كانئێزیدیەکان به‌رپابو، میرانی بابان خۆیان گه‌یانده‌ ئه‌و جه‌نگه‌ بۆ یارمه‌تی دۆستی خۆشه‌ویستیان والی به‌غدا. چیای شه‌نگال گه‌مارۆدرا، جه‌نگ به‌رده‌وام بو، ئیبراهیم پاشای بابان ئه‌وكات چوبوه‌ ته‌مه‌نه‌وه‌، باری ته‌ندروستی خراپ بو، عه‌بدولره‌حمان پاشا، ئیبراهیم پاشای له‌ بناری شه‌نگاله‌وه‌ برده‌ موسڵ، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ كه‌مێك پشوبدات، بەڵام ئه‌وه‌ كۆتا رۆژی ئیبراهیم پاشابو، میری بابان له‌ موسڵ مرد و، هه‌ر له‌وێ له‌ مه‌زاری نه‌بی یونس له‌ ته‌نیشت  نه‌بی یونس و شێخ ره‌شیدی برادۆستییه‌وه‌ نێژرا. دوای ئه‌وه‌ ئیتر كه‌س له‌ گۆڕ و مه‌زاری ئیبراهیم پاشای نه‌پرسییه‌وه‌، دامه‌زرێنه‌ری شاره‌حه‌یاته‌كه‌ به‌ بێ كه‌سی له‌وێ مایه‌وه‌، نه‌ سه‌ردانێك، نه‌ باسێكی هێنانه‌وه‌ی روفاتی بۆ شاره‌حه‌یاته‌كه‌، نه‌ به‌رنامه‌یه‌كی دۆكیومێنتاری.. هیچ له‌مانه‌ ده‌رباره‌ی میری بابان و دامه‌زرێنه‌ری شاره‌ حه‌یاته‌كه‌ نه‌كرا (هیوادارم من هه‌ڵه‌بم و شتی وا كرابێت یان ته‌نانه‌ت باسكرابێت)، هه‌تا به‌ته‌واوی گۆڕه‌كه‌ی ته‌فروتوناكرا، به‌ڵێ، له‌مانگی ته‌موزی 2014، داعش مه‌زاری نه‌بی یونسی ته‌قانده‌وه‌، له‌وێ گۆڕه‌كه‌ی ئیبراهیم پاشای بابان و، ده‌یان گۆڕی دیكه‌ به‌ته‌واوی فه‌وتان. به‌ڵێ ئه‌وێ رۆژێ له‌ 400 رۆژنامه‌و گۆڤار و ته‌له‌فزێون و رادیۆی كوردی كه‌س باسی ته‌قاندنه‌وه‌ی گۆڕی میری بابانی نه‌كرد.

بێگومان زۆر باشتر ده‌بو ئه‌گه‌ر روفاتی ئیبراهیم پاشا بهێندرایه‌ته‌وه‌ سلێمانی، بەڵام بێوه‌فایی میرانی تازه‌ی شار له‌وانه‌یه‌ به‌شێك بوبێت له‌م كه‌مته‌رخه‌مییه‌ (ئه‌م گله‌ییه‌ له‌بارێكدا ئه‌گه‌ر هه‌ر زانیبێتیان گۆڕی ئیبراهیم پاشا له‌ كوێ یه‌؟!!). مسته‌فا به‌گی كوردی، هه‌ر زو ده‌یزانی هه‌رچی له‌چاوان ونبێ له‌ دلاَنیش ونه‌، و هه‌ندێ خه‌ڵكی شار وه‌فایان نییه‌، بۆیه‌ له‌ شیعرێكدا ده‌ڵێت “كه‌ من رۆییم جه‌هه‌ننه‌م پڕمه‌كه‌ن لێم،…. سه‌رم قه‌ڵغانه‌ بۆ تیری جه‌فاتان”.

با بێیینه‌وه‌ بۆ لای ره‌شۆ، كرێكاره‌ یه‌زیدییه‌كه‌ی به‌رده‌ركی سه‌را، وا هه‌ر له‌وێیه‌، له‌ نزیك په‌یكه‌ره‌كه‌ی ئیبراهیم پاشا وه‌ستاوه‌، ئێستا ره‌شۆ ده‌زانێت ئیبراهیم پاشا جه‌نگی دژی ئێزیدیەکان كردوه‌ و گه‌مارۆی شه‌نگالی داوه‌، بۆ ره‌شۆ شتێكی زۆر نامۆ نییه‌، میرانی بابان، سۆران، له‌گه‌ڵ میرانی یه‌زیدی جه‌نگابن، ئه‌وه‌ ئه‌و جه‌نگی براكوژییه‌یه‌ كه‌ هه‌رده‌م له‌ به‌رداری میرانی كورداندا بوه‌. ره‌شۆی یه‌زیدی باش ده‌زانێت، كه‌ ئێزیدیەکان له‌ لایه‌ن براكورده‌كانیشیانه‌وه‌ به‌ چاوێكی كه‌م سه‌یرده‌كران، ته‌نانه‌ت ئه‌و له‌ شاره‌كانی دهۆك و هه‌ولێر و سلێمانی كرێكاری كردوه‌، زۆر جار له‌ ئێواره‌دا پاره‌ی كرێكارییه‌كه‌شی نه‌دراوه‌تێ، یه‌زیدی بوه‌، به‌كه‌م، به‌ پیس و چڵكن سه‌یركراوه‌، وێنای ئه‌وی یه‌زیدی وه‌ك وێنای جوله‌كه‌كانی ئه‌وروپای پێش جه‌نگی جیهانی دوه‌مه‌ له‌چاوی  ئه‌وروپییه‌كانی هاوشار و هاوزمانیان، ئه‌وانیش به‌هه‌مان ئه‌و چاوه‌ی خه‌ڵكی شاره‌ كوردییه‌كان له‌ روانین له‌ ره‌شۆی یه‌زیدی له‌ جوله‌كه‌كانی ئه‌وروپایان ده‌ڕوانی، بهڵام هۆڵۆكۆستی جوله‌كه‌ له‌سه‌رده‌ستی نازییه‌كان و هۆڵۆكۆستی یه‌زیدی شه‌نگال له‌سه‌ر ده‌ستی داعش ته‌واو دیدی ئه‌وروپی گۆڕی ده‌رباره‌ی جوله‌كه‌ و دیدی كوردی گۆڕی ده‌رباره‌ی یه‌زیدییه‌ پشتگوێخراوه‌كان، ئێستا خه‌ڵك وێنه‌ له‌گه‌ڵ ره‌شۆ ده‌گرن، رۆژنامه‌نوس چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، به‌شێك له‌ كه‌س و كاری ئه‌و له‌ له‌ كاره‌ساته‌كه‌ی شه‌نگال تیاچون.

به‌ڵێ ئاشی زه‌مانی شار هێشتا ده‌گه‌ڕێ، بهڵام میرانی تازه‌ی شار و میری شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان هه‌ر كوشته‌ی هه‌مان ده‌رده‌كه‌ی ئیبراهیم پاشا و میره‌كانی سه‌رده‌می ئه‌ون، یان مه‌حكومی عه‌جه‌من یان سوخره‌كێشی ئالی عوسمانن،ته‌نانه‌ت شێخ ره‌زای تاڵه‌بانیش كاتی خۆی زۆر باشی نه‌گوتبو ده‌باره‌ی ئالی بابان له‌ شیعره‌كه‌یدا:
سلێمانی وه‌بیرم دێ كه‌ دارولمولكی بابان بو
نه‌ مه‌حكومی عه‌جه‌م ، نه‌ سوخره‌كێشی ئالی عوسمان بو

چونكه‌ هه‌رچه‌نده‌ زه‌مانی دارولموكی بابانیش، سلێمانی مه‌حكومی عه‌جه‌م نه‌مابو، بەڵام سوره‌ی به‌ر له‌شكری ئالی عوسمان بو. مێژو خوێندنه‌وه‌ و خوێندن بۆ ئه‌وه‌یه‌ ده‌رسی لێوه‌ربگیرێت، بەڵام بۆ نه‌گبه‌تی كورد، سه‌ركرده‌كانی زۆر حه‌زیان له‌ده‌رسی مێژو نییه‌، نه‌ ده‌یخوێنن، نه‌ ده‌رسی لێ وه‌رده‌گرن، له‌كاتی تاقی كردنه‌وه‌ش هه‌ر هه‌مان پرسیاره‌كانی جارانه‌ بەڵام قه‌ت ده‌رناچن لێی بۆیه‌، چونكه‌ ئه‌وان هه‌ر وەڵامه‌ هه‌ڵه‌كه‌ی جارێ پێشو ده‌نوسنه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ر له‌ جێی خۆمان ماوینه‌ته‌وه‌ و ناچینه‌ قۆناغێكی دیكه‌وه‌.

تێبینی، بۆ زانیاری ورد ده‌رباره‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی مێژوی بابان بڕواننه‌ كتێبی (مێژوی میرایه‌تی بابان، نوسینی حسێن نازم به‌گ، وه‌رگێڕانی، حسێن حه‌سه‌ن كه‌ریم و سدیق ساڵح، بڵاوكراوه‌ی بنكه‌ی ژین، سلێمانی).

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About زريان احمد

Check Also

FB_IMG_1484405668607

ئایا بۆ کرواتیەکان کە خەڵکانێکی ئەوروپین بنەچەی خۆیان بۆ کورد و کوردستان دەگەرێننەوە؟

ئایا بۆ کرواتیەکان کە خەڵکانێکی ئەوروپین بنەچەی خۆیان بۆ کورد و کوردستان دەگەرێننەوە؟ نووسینی سۆران …