Home / مێژووى جیهان / پاشای خۆر.. خاوەنی درێژترین فەرمانڕەوایی لە ئەوروپا

پاشای خۆر.. خاوەنی درێژترین فەرمانڕەوایی لە ئەوروپا

پاشای خۆر.. خاوەنی درێژترین فەرمانڕەوایی لە ئەوروپا

1483606991706

 

لەم بابەتەدا باسی ژیان و كار و فەرمانڕەوایی لویسی چواردەیەمی پاشای فڕەنسا دەكەین كە بە پاشای خۆر ناسراوە، ئەو پاشایە لە سەردەمی فەرمانڕەوایی ئەودا شانشینی فڕەنسا گەیشتە لووتكەی دەسەڵات و پێگە و زەوی زۆری كۆنتڕۆڵ كرد و بەناوبانگترین و ناوازەترین كۆشكی له فڕەنسا دروست كرد، كە كۆشكی ڤێرسای بوو” هەروەها ڕۆڵی باڵای هەبوو لە گەشەكردنی هونەر و ئەدەب لە سەردەمی حوكمڕانی ئەودا.
لویسی چواردەم خاوەن گوتە بەناوبانگەیەتی كە دەڵێ، من لە كۆتادا دوور دەڕۆم، بەڵام دەوڵەتەكەم هەمیشە دەمێنێتەوە. لە پێنجی ئەیلوول/سێپتێمبەری 1638 لەدایك بووە و لەكاتی خاوێنكردنەوەی لە كەنیسە ناوی “لویس –دیودۆنی” لێنرا كە مانای “دیاری خواوەند” دەگەیەنێت، لویس لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە تەختی پاشایەتی فڕەنسای وەرگرت، لەو كاتەی باوكی لویستی سێزدەیەم لە ساڵی 1643 كۆی دوایی كرد.
ئەو بۆ ماوەی 72 ساڵ و 110 رۆژ حوكمی فڕەنسای كرد و تا ساڵی 1715 لەسەر تەختی پاشایەتی مایەوە، كە هیچ پاشایەكی فڕەنسا و ئەوروپاش ئەو ماوەیە زۆرە لەسەر تەختی حوكمڕانی بەردەوامییان نەبووە.
لویسی چواردەیەم لە سەردەمی منداڵیدا له نەمسا بوون ئەو كاتە نەمسا لە ژێر حوكمی فڕەنسا بوو و بە ڕاسپاردەی لویسی چواردەم یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی سەردەمی باوكی “كاردینالی ئیتاڵی جۆلیس مازرارین” كارەكانی كۆشكی پاشایەتی فڕەنسای ڕادەپەڕاند. لە سەردەمی حوكمڕانی ئەودا لویس سیستەمی شاهانەی بۆ سیستەمی ئاڵتوونی ئەدەب و هونەر گۆڕی و دادگای پاراستنی بیرۆكە تایبەت و داهێنەرەكانی لە كۆشكی ڤێرسای كردەوە و وڵاتی فڕەنسای هێندە بەهێز كردبوو كە لە ئەوروپا تەنیا فڕەنسا بەری بە لەشكركێشی دەوڵەتی ئیسلامی ئەندەلووس لە پرتوگال و ئیسپانیا گرت و لە ماوەی 1701 تا 1714 شەڕ و توندوتیژی لە نێوان هەردوولا بەردەوامی هەبوو.

لویس و شێتبوون بۆ مەزنیەتی
لە سەردەمی قۆناغی یەكەمی حوكمی لویسی چواردەم، شاژن و كاردینال مازارین سیستەمی پاشایەتییان بە تەواوی بەهێز كرد و ئەمەش تووڕەیی خانەدان و چینی ئۆرستۆكراتی لێ كەوتەوە و دواتریش بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی بەناوی  شەڕی “گەڵای خورما” لە ساڵی 1648 بەناوبانگە و دواتریش شەڕ لە نێوان ئیسپانیا و فڕەنسا دروست بووە و خانەوادەی شاهانەی فڕەنسا ناچار كران پاریس جێ بهێڵن.
مازارین بە لێهاتووی و دانایی خۆی و بە هێز توانی ئەو شۆڕش و شەڕە ناوخۆیییە لە ساڵی 1653 كۆتا پێ بهێنێ و لە كۆتای دووبارە سیستەمی پاشایەتی گەڕاندەوە و پەیماننامەی ئاشتی لەگەڵ ئیسپانیا لە هابسبۆرگ ئیمزا كرد و بەوهۆیەوە فڕەنسا دووبارە بووەوە بە یەكێك لە وڵاتە بەهێزەكانی ئەوروپا.
سەرچاوە مێژوویییەكان دەڵێن، ئەو شەڕە ناوخۆیییەی ئەو ماوە زۆرە لە فڕەنسا بەردەوام بوو، گەورەترین كاریگەری لەسەر ژیانی پاشا لویسی چواردەیەم بەجێ هێشت و داهاتووی خۆی و زۆرێك لە باوەڕەكانی لەسەر دەرئەنجامەكانی ئەو شەڕە ناوخۆیییە بنیاد نا، ئەو ئەزموونە جۆرە لویسێكی تری دروست كرد، كە كەس نەیدەتوانی بەسەریدا زاڵ بێ و لێی هەڵگەڕێتەوە و یاخی ببێ و زۆرێكیش بەوهۆیەوە پێیان دەگوت تووشی سەرشێتی مەزنی و دەسەڵات بووە.

بوون بە حاكمی ڕەهای فڕەنسا
دوای كۆچی دوایی مازارین سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی فڕەنسا لە ساڵی 1661، لویسی چواردەیەم نەریتێكی دێرینی سیستەمی پاشایەتی تێكشكاند و فەرمانی دا كە ئیتر وڵات پێویستی بە سەرۆك وەزیران نابێ و خۆی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی حكوومەت دەكات و خۆی وەك نوێنەری خواوەند لەسەر زەوی و خۆری وەك سیمبۆل و هێمای دەسەڵاتدارییەكەی ناساند و ئەو بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە فڕەنسا هێز و پایەی وەك خۆر بەهێز دەبێ و بە تەواوی دنیادا دەسووڕێیتەوە هەر دەسەڵاتی لویسی چواردەم دەبێ.
لویس بەردەوام لەكاتی بەڕێوەبردنی كارەكانی ئەو گوتەیەی دووپات دەكردەوە و دەیگوت، من دەوڵەتم و نوێنەری خواوەندم، بێگومان قسەكانیشی لە فەرمانڕەوایكردنی خەڵكدا وابوو، هەموو دەسەڵاتەكان لە دەستی ئەودا كۆ ببوونەوە و تا هەڵگیرسانی شۆڕشی فڕەنسی لە 1789 هەموو شتێك لویسی چواردەیەم بوو، كەس هیچ دەسەڵاتێكی مام ناوەندیشی نەبوو.

كۆشكی ڤێرسای
یەكێكە لە بەناوبانگترین باڵەخانە كلاسیكییەكانی فڕەنسا و دنیا بەگشتی و باشترین و داناترین وەستا و كارسازە دەستڕەنگینەكانی فڕەنسا كاریان تێدا كردووە و لە هەموو كەلوپەلێكی ناویشیدا داهێنانیان لەگەڵ مۆدەكانی ئەو سەردەم كردووە و هەماهەنگی تەواویش لە هەڵبژاردنی شوێنەكان و باخچە و ژوورەكان هەبووە.
كۆشكەكە لەسەر شوێنێكی راوچییانی ماسی لە ساڵی 1661 تا 1710 بنیاد نراوە و دەكەوێتە 12 میل باشووری رۆژئاوای پاریس. هەریەك لە ئەندازیارە بەناوبانگەكانی ئەو سەردەم “لویس لۆفاو، جۆلیز هاردوین مانساریت” لەلایەن لویسی چواردەیەمەوە ئەركی سەرپەرشتیكردنی دروستكردنی كۆشكی ڤێرسایان پێ سپێردرا تا وەك شوێنی نیشتەجێ بوونی پاشا دیاریی بكرێت. هاوكات ئەندازیار “ئەندری لۆ نۆتر” دیزاینی كۆشكەكەی كردووە و كەناڵێكی گەورەی كۆشكەكەش بە دەرگە و باخچە و پەیكەری كلاسیكی ڕازێنراونەتەوە و دوو هەزار و 400 نافورەی تێدایە و 230 هێكتاریش باخچەن.
كۆشكەكە لە سێ نهۆمی تەواو پڕ لە كەلوپەلی مانەوە و نیشتەجێبووی گرانبەها و دەگمەن ڕازێنراوە و سەرەوەی ژوورەكانی لە زێری پاك دروست كراوەن.
ساڵی 1682 لویسی چواردەم هاتە نێو كۆشكەكەی و ڤێرسای كردە بنكەی سەرەكی حكوومەت و ئامانجی سەرەكیشی لە دروستكردنی ئەو كۆشكە پێشاندانی هێزی پاشای فڕەنسا بوو كە لە خواوەندەوە هێزەكەی وەرگرتووە و زیاتر لە 60 هەزار كەس لەو كۆشكەكە نیشتەجێ بوون و كاریان دەكرد.

خۆشەویستی بۆ ئافرەت
ناوبانگی پاشا لویسی چواردەم بە دنیا بڵاو بووەوە كە زۆر ئافرەتی خۆش ویستووە، بۆیە تەواوی ماوەی فەرمانڕەوایی ئافرەتی زۆر لە دەوری لویسی چواردەیەم بوونیان هەبووە، بیانووی مانەوەشی لەگەڵ ئەو هەموو ئافرەتە ئەوەبوو كە هێزەكەی لە خواوەندەوە وەرگرتووە و پێویستی بە ئافرەتی زۆرە.
لە ساڵی 1654 لویس لە تەمەنی 22 ساڵی ئامۆزایەكی خۆی بەناوی “ماری تیریس” خواست و هاوسەرگیری لەگەڵ كرد كە كچی پاشای ئیسپانیا فیلیپی چوارەم بوو، لە هاوسەرگیری لەگەڵ ئامۆزاكەیدا شەش منداڵی هەبوو و تەنیا یەكێكیان كوڕ و لە 1661 تا 1711 ژیا. هاوكات لویسی چواردەیەم لەگەڵ ئافرەتێكی تر بەناوی فرانسواز هاوسەرگیری كرد و دواتریش لەگەڵ بێوەژنێكی شاعیر بەناوی پۆل سارۆن بەنهێنی هاوسەرگیری كردووە.
هاوكات لویس چەندان پێوەندی خۆشەویستی هەبووە و یەكەم خۆشەویستیشی ماری مانسینی بووە، كە كچی برای كاردیناڵ مازارینی سەرۆك وەزیرانی فڕەنسا بووە، بەڵام هیچ منداڵیكی لە هاوسەرەكانی تری نەبووە و لە 1661 لویسی دو لاڤاری خۆشەویستی چوار منداڵی لە لویس بوو، سێیەم خۆشەویستی لویسیش ئاسینیس دو مۆنستیبان حەوت منداڵی تری لە لویس بوو.

پاشای هونەر
لویسی چواردەیەم دامەزراوەی شاهانەی فڕەنسای كردە چاودێر بەسەر ئەكادیمیایی فڕەنسی و ڕاستەوخۆ خۆی سەرپەرشتی دەكرد، دەستپێشخەری كرد بۆ گرنگیدان بە ئەدەبی كلاسیك و بەوهۆیەوە گەشانەوەی مەزن لە ئەدەبی كلاسیكی فڕەنسا هاتە كایەوە و پارێزبەندی خستە سەر ئەو پەرتووكانەی كە قەدەغە كرابوو وەك پەرتووكەكانی “مۆلێر، راسین، لافۆنتاین” و چەندان گەورەی نووسەری تر كە پەرتووكەكانیان ناو ناوبانگێكی جیهانی گەورەی هەبوو. لویس هەر گرنگی بە ئەدەب و شیعر نەدا، بەڵكو وێنەكێشان و شێوەكاری و تەواوی هونەرەكان گرنگی و بایەخی زۆریان هەبوو و شێوەكارە گرنگەكانی لە خۆی نزیك كردەوە بەتایبەت شارلز لۆ برۆن و چەندان پەیمانگە و دامەزراوەی تایبەت بە زانست و هونەرەكانی دانا.

سیاسەتی دەرەوەی لویسی چواردەیەم و شەڕەكان
جەنگی ئەیلوول، لە ساڵی 1667 تا 1668 لویس هێرشی كردە سەر هۆڵەندای ئیسپانیا و بە میراتی هاوسەرەكەی زانی، بەڵام لە ژێر فشاری ئینگلتەرا و سوید و هۆڵەندا لویس پاشەكشەی كرد و بەوهۆیەوە تەنیا چەند شارێكی سنووری لە هەرێمی فلاندەرزی وەرگرت، ئەم ئەنجامی دڵخۆشكەر نەبوو بۆ لویس، بۆیە لە ساڵی 1672 تا 1678 جەنگی فڕەنسا و هۆڵەندا هەڵگیرسا.
داگیركاری فڕەنسا لە ناوچەكانی ئەوروپا وەك هەڕەشەیەك بۆ سەر تەواوی وڵاتانی ئەوروپا لێك درایەوە، بەتایبەت وڵاتانی وەك ئینگلتەرا و ئیمپراتۆریی ڕۆمانیا و ئیسپانیا، بۆیە لە دوای ساڵانی 1680 كۆمەڵێك لە دەوڵەتە بچووكەكان دەستیان بە گفتوگۆ و پێكهێنانی هاوپەیمانییەك كرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زاڵبوونی فڕەنسا بەسەر ئەوروپا كە بە هاوپەیمانی گەورە ناوزەد كرا.
دووەم: جەنگی جێنشینی، دوای مردنی پاشای ئیسپانیا شارلزی دووەم، لەوكاتەی پاشا شارلز لە وەسیەتنامەكەیدا كوڕی لویسی چواردەیەم فلیپی وەك جێنشینی تەختی شاهانەی ئیسپانیا دیاری كرد، بەهۆی ئەوەی خۆی هیچ كوڕێكی نەبوو، بەڵام  دۆق ئەنجۆ و بەرپرسانی تری كۆشكی شاهانەی ئیسپانیا دژی وەسیەتەكەی شارلزی دووەم وەستانەوە و لویسی چواردەیەمیش كوڕەكەی خۆی بەناوی فلیپی پێنجەم ناو برد و بە پاشای شەرعی ئیسپانیای دەزانی، بۆیە چەندان ساڵ بەوهۆیەوە شەڕ هەڵگیرسا و لە كۆتادا ئیسپانیا كەوتە دەست كوڕی لویس و فلیپی پێنجەم لەسەر تەختی شاهانەی ئیسپانیا نیشتەجێ بوو.

كۆچی دوایی لویسی چواردەیەم
پاشای شكۆمەندی فڕەنسا لویسی چواردەیەم، چوار ڕۆژ بەر لەوەی یادی لەدایكبوونی 77ەمین ساڵەی خۆی بكاتەوە، لە یەكی ئەیلوول/سێپتێمبەری 1715 كۆچی دوایی كرد و نەوەیەكی خۆی بەناوی لویسی پازدەیەم لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە تەختی پاشایەتی فڕەنسای وەرگرت.

About زريان احمد

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …